ناردنی موجاهیدە کوردەکان بۆ سوریا چ کارەساتێکی لێدەکەوێتەوە؟
لە دوای داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە لە ١٩٧٨، رەوانەکردنی موجاهید لە وڵاتە ئیسلامییەکانەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئیسلامی وەک دیاردەیەک سەریهەڵدا. ئەم باسە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، بۆ پەیبردن بە هەموو رەهەندەکانی ئەم دیاردەیە واچاکە توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیو زانستیانەی بۆ بکرێت، ئێمە ناتوانین لە وتارێکی کورتی وەک ئەم بابەتە پەنجە بۆ هەموو رەهەندەکانی درێژبکەینو هەڵیانبسەنگێنین. ئەوەی لێرە هەوڵدەدرێت بخرێتەڕوو ئەوە ئەو وانانەن کە کوردستانیان دەبێت لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە فێریانبن کە موجاهیدیان رەوانەدەکرد بۆ وڵاتێکی دیکە یان بەشێوەیەک لە شێوەکان پشتیوانیان لێدەکردن. پرسیاری سەرەکی ئەم بابەتە ئەوەیە داخۆ ئەم وڵاتانە لە ناردنی موجاهیدەکان چیان دەستکەوت، بە واتایەکی دیکە لە ئاکامی ئەم کارەیان چیان دوورییەوە؟ دوای ئەمە دێینە سەر ئەوەی داخۆ کوردستانیان لە ناردنی موجاهید بۆ ئەفغانستان چیان بۆ بەجێماو لە ناردنی ئەوانەی ئێستا واخەریکە بۆ سوریایان رەوانەدەکەن چ دەدوورنەوە. لە خوارەوە زۆر بە کورتی ئاماژە بە کارەساتو دەرئەنجامە گەورەکان دەکەین.
ئەمریکا یەکەم پشتیوانیکەری موجاهیدەکانی ئەفغان بوو، کەچی دوای سەرکەوتنی موجاهیدەکان لە ئەفغانستان یەکەم وڵات کە موجاهیدەکان بەگژیداچوونەوە ئەوە ئەمریکا بوو. موجاهیدەکان کۆمەڵێک کاری تیرۆرستیان لە دژی نیشانە ئەمریکییەکان ئەنجامدا تا لە یازدەی سێپتێمبەر کارەساتە گەورەو ناسراوەکەی نیۆیۆرکی لێکەوتەوە. وەک دەرئەنجامی ئەمەش ئەمریکا تووشی، یان خۆی تووشی، دوو شەڕی خوێناوی کرد کە بێجگە لەو ماڵوێرانییەی بۆ گەلانی عێراقو ئەفغانستانی بەدوای خۆیداهێنا، ئەوە بووە مایەی لە دەستدانی دەیان ترلیۆن دۆلار لە خەزێنەی ئەمریکا لە شەڕەکانو کوژرانی هەزاران سەربازو سەقەتبوونی دەیان هەزاری دیکە.
پاکستان دووەم پشتیوانیکەرو نێرەری موجاهیدەکانی ئەفغان بوو. دوای سەرکەوتنی موجاهیدەکانی ئەفغان، ئەوانەی پاکستانی بوون گەڕانەوە بۆ پاکستانو لە دژی هەمان ئەو رژێمەی کە ئاسانکاریو پشتیوانیلێدەکردن، ئەمجارە، شەڕیان هەڵگیرساند. شەڕێک کە تا ئێستا بەردەوامە. لە ئاکامدا پاکستان بەشێکی زۆری لە ناوچە سنورییەکانی لەگەڵ ئەفغانستان لە دەستدا بە وەزیرستانەوە لەگەڵ دروستبوونی شاخەی تاڵیبانی پاکستان. بە ئیزافەی ئەمانە لەماوەی چەند ساڵی رابردودا بەهۆی گەڕانەوەی موجاهیدە پاکستانییە رەوانەکراوەکان بۆ ئەفغانستان ئەوە پاکستانە پشتیوانکەرەکە هەزاران هەزار تەقینەوەیەی دووریەوە. ئەمە بێجگە لە دروستبوونی ئەو دووبەرەکییەی نێوان شیعەکانو سوننەکانی پاکستان لەگەڵ تیرۆکردنی سەدان سەرکردەی سیاسیو کەسایەتی رۆشبیری ئەو وڵاتە بەدەستی موجاهیدە گەڕاوەکانو هاوکارە نوێکانیان. بۆ پاکستان ئەمانە مشتێکن لە خەوارێک.
سوریا ئەو وڵاتە بوو کە زۆربەی ئەو موجاهیدانەی دەهاتنە عێراق بۆ شەڕی شیعەکانو ئەمریکا لەوێوە بۆی دەهاتن. لەسەر سوریا پێویستیمان بە بەڵگەو قسەکردن لەسەر پێشهاتو کارەساتەکان نییە چونکە کوردستانیان لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشەکەنو باش دەزانن کە سوریا چۆن بۆتە بەحری خوێن بە دەست هەر ئەو موجاهیدانەی کە خۆی رەوانەی عێراقی دەکردن یان لانیکەم ئاسانکاری بۆ دەکردن. لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەو ١٠٠ هەزار کەسەی کە لە سوریا کوژراون ئەگەر نیوەی بەدەستی سەربازەکانی ئەسەدی خوێنمژ کوژرابن ئەوە نیوەکەی دیکەی بە دەست موجاهیدە خوێنڕێژەکانی ئەو وڵاتەو ئەوانەی لە وڵاتانی دیکەوە رەوانەی ئەوێ کراون، کوژراون.
لیبیاو یەمەن سەرچاوەیەکی دیکەی رەوانەکردنی موجاهید بوون هەم بۆ ئەفغانسان لە حەفتاکانو هەشتاکانو نەوەتەکان هەم بۆ عێراق لە دوای داگیرکردنیەوە لەلایەن ئەمریکا. موجاهیدە گەڕاوەکان لە عێراقو ئەفغانستان بۆ لیبیاو یەمەن ئەو دوو وڵاتەیان ئێستا کردوە بە قەندەهارو کابولی نەوەتەکانو خەڵتانی خوێنیان کردون. هەردوو وڵات هیچ کاتێک ئەوەندە ناسەقامگیریان بەخۆیانەوە نەدیوە ئەوەندی ئەو ناسەقامگیرییەی کە لە هەردوو وڵاتدا هەیە لەوەتەی موجاهیدە رەوانەکراوەکان چوونەتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. هەردوو وڵات ئەگەری دابەشبونیان هەیە. یەمەن بووە بە گەورەترین سەنتەری قاعیدە لە دنیا. لیستەکە تەواو نابێت ئەگەر کارەساتەکان بژمێرین.
هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان لە هەشتاکانەوە تاکوتەرا موجاهیدیان بۆ ئەفغانستان رەوانەکردوە. لە نەوەتەکان ئەم تاکوتەرایە تا رادەیەک دەبێت بە دیاردە تا وای لێدێت بەشێکی زۆر لە چەکدارەکانی هێزە ئیسلامییەکان ئەگەر بۆ شەڕیش نەچووبن بۆ ئەفغانستان ئەوا بۆ راهێنانو تەلقیندان چوون بۆ ئەوێ. دەرهاوێشتی هەرە سەرەکی لە ناردنی موجاهیدە کوردەکان بۆ ئەفغانستان رادیکالتربوونی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بوو. ئەوە بوو لە کۆتایی نەوەتەکانو سەرەتاکانی ئەم سەدەیە کۆمەڵێک گروپی توندڕەو دروستدەبن، لەوانە جوندولئیسلام، ئەنساروئیسلام، کەتائیبی نەقشبەندییەکان. دروستبوونی ئەم گروپانە بوو بە مایەی دروستبوونی هەرێمێکی دیکە لەپاڵ هەرێمە زەردەکەی پارتیو هەرێمە سەوزەکەی یەکێتی. ئەوە بێجگە لەو هەموو شەڕو پێکدادانە ناوخۆییە لەنێوان هێزەکانی یەکێتیو موجاهیدە کوردەکانی ئەنسارو جوندولئیسلام، کە زۆربەیان لە ئەفغانستان گەڕابوونەوە.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا نەبوایە ئەو بوئرەیەی لەو ناوچەیە سەریهەڵدابوو لەوانەبوو تا ئێستا هەر وشکی نەکردباو چەندین کارەساتی لەوەی خێڵی حەمەی لێدەکەوتەوە. وەک گوتم مەبەست لەم بابەتە قوڵبوونەوە نییە بۆ ناو هەموو ئاکامەکان بەڵام ناکرێت ئەوە لەبیربکەین کە دەیان رۆڵەی گەنجی کورد لە ئاکامو ئەنجامو دەرئەنجامەکانی ناردنی موجاهیدەکان بۆ ئەفغانستانو دروستبوونی شاخەی ئەو موجاهیدانە لە کوردستان لەناوچوون.
ئێستا ماوەی دوو ساڵ دەبێت هێزە ئیسلامییو سەلەفییەکانی کوردستان هەندێکیان بە ئاشکراو راستەوخۆ هەندێکیشیان بەدزیو ناراستەوخۆ هانی گەنجانی کوردستان دەدەن یان تەجنیدیان دەکەن بۆ ئەوەی بچن بۆ سوریا لەگەڵ موجاهیدەکانی سوریا شەڕی سوپای سوریاو حکومەتە عەلەوییەکەی بەشار ئەسەد بکەن. من یەکێک بووم لەو کەسانە، وەک زۆر کەسی دیکە، کە هەر لەسەرەتاوە ئیدانەی کارە سەرکوتکەرییەکانی بەشار ئەسەدم کرد، هاوکاتیش، خەڵکو خوێنەرانی خۆم لەو ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامییەی سوریا ئاگادارکردەوە بەوەی کە ئەم ئۆپۆزسیۆنە لە دوارۆژ لە ئەسەد زیاتر دوژمنی دیموکراسیو کورد دەردەچن. راستی ئەم تێگەیشتنە ئەگەر تا ماوەیەک پێش ئێستاش روون نەبووبێت ئەوە ماوەی چەند مانگێکە بۆ هەموو کەس روونبۆتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە موجاهیدەکانی قاعیدەو جەبهەت ئەلنوسرە ئیعلانی شەڕی کورد کوژیان راگەیاندو سەدان کوردیان کوشتو هەزارانیان ئاوارەکرد. ئەمە بێجگە لەو دیارە کۆمەڵایەتییە ناشایستەو نادیموکراسیانەی کە دژایەتی لەگەڵ هەموو بەها مرۆییەکان دەکەن وەک نیکاحی جیهادو منداڵ کوشتنو ئیعدامکردنی نەیاران بێ دادگایکردن، کارهایەک کە بەشار و حافزی باوکی بەو هەمەجیەتە نەیانکردوە. موجاهیدە رەوانکراوەکان لەلایەن هێزە ئیسلامیو سەلەفییەکانی کوردستان ئا بەشدارن لەم هەموو کارە قێزەونو ماڵوێرانییانە.
بێجگە لەوەی ناردنی موجاهیدەکان هەر ئێستاکە کارەساتێکی گەورەی ناوەتەوە، ئەگەری ئەوەش هەیە کە دوای نیشتنی تۆزی گەردەلولەکانی سوریاو گەڕانەوەی موجاهیدەکان بۆ کوردستان ئەوا جارێکی دیکە چەندین گروپی توندڕەو لە چەشنی جەبهەت ئەلنوسرە لە منداڵدانی موجاهیدە گەڕاوەکان لە دایکببن.
لێرە دەبێت ئەوەش بڵێین کە موجاهیدە گەڕاوەکان، بە رای من، نەک هەر کارەساتێک بۆ گەلی کوردستانو هەرێم دەنێنەوە بەڵکو پێش هەموو کەسو لایەنێک بەگژ ئیسلامییەکانی کوردستاندا دەچنەوە، بەتایبەتی میانڕەوەکانیان. ئەو دەردەی کە ئەمریکاو سوریاو لیبیاو یەمەن لە ناردن یان بێدەنگیکردن لە ناردنی موجاهیدەکان دییان ئەوە گەلی کوردستان لە چەند ساڵێکی دیکە دەیبینێت، مەگەر هەر ئێستا هەموو لایەنەکانی کوردستان بە ئیسلامییەکانەوە هەنگاوی عەمەلی بنێن بۆ رێگرتنو بنبڕکردنی ئەم پێشهاتە کە خەریکە ببێت بە دیاردە.
بە کورتییەکەیو بە کوردییەکی ناردنی موجاهیدە کوردییەکان بۆ سوریاو تەلقیندانیان، چ لێرە چ لە سوریا، لەسەر کوشتنی عەلەوییەکانو کوردەکانی رۆژئاوا، کە وەک ئەوان بیرناکەوە، تاوانە، هاوکات بێدەنگبوون لێیشی هەر تاوانە.
شێرکۆ کرمانج
مامۆستای زانکۆ، زانکۆی ئوتارا مالیزیا
———————————-
بۆ ئاگاداری ئەم بابەتە لە رۆژنامەی هاوڵاتی رێکەوتی ١٩-٢-٢١٣ بڵاوبۆتەوە.