Skip to Content

Saturday, May 28th, 2022

شێرکۆ بێکەس و تریفەی عەشق

Closed
by August 21, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

 

١ 

– قەدەری مەرگ

 

ئەفسووس مەرگ ڕێگەی نەدا جارێکی تر بتبینمەوە ، بە نیازبووم ئەمجارەیان کە بێمە لات زێتر لەلات بمێنمەوە .. بەیەکەوە ، هەندێک باسی ، نیشتیمان و عەشق و شیعر بکەین ، باسی هەموو شتێک بکەین بەس مردن نا ..! حەزمدەکرد لەگەڵ تۆدا ، پیاسەیەک بە نێو شەقامە ڕەنگینەکانی ( کازێوە و دوو سروودی کێوی و ڕووبار و دەربەندی پەپوولە و یاداشتی ماکەوێکی ڕەشپۆش و ڕۆژمێری شاعێرێک و گۆڕستانی چراکان و ئێستا کچێک نیشتیمانمە و …. ) بە ئارامی لە نێو ئەلبوومی وێنەکانت ، لە نێو خەیاڵە جوانەکانت ، لە نێو شەوە تەنیا و بێداریەکانت ، گەمە لەگەڵ وشە ناسکەکانت بکەم و تاوێکی خۆشیش بمێنمەوە .. برام شێرکۆ ، خۆت دەتزانی مردن بەرەو ماڵەکەی تۆ کەوتۆتە ڕێ ، بۆیە لەسەر بەرگی دواهەمین کتێبت نووسیت ( خێراکە مردن خەریکە بگات ) .. ئەی شاعیرەکەی نێو کەژاوەی یاخیبوون و عەشق ، ئێستا لەگەڵ مندا ، نیشتیمان خەمناکە ، پەپوولەکان خەمناکن ، ژنەکان خەمناکن ، عاشقەکان خەمناکن ، جیاکان خەمناکن ، ڕووبارەکان خەمناکن ، دار بەڕووەکان خەمناکن ، شیعر و سروود خەمناکن ، سپیدە و کازێوە خەمناکن ، زمان و وشە خەمناکن ، قەڵەمەکان خەمناکن ، تەنانەت خوداکانیش خەمناکن ، ئێمە بۆ تاهەتایە قەرزباری تۆین ، ئەی مرۆڤە جوانەکەی نێو نیشتیمانی شیعر .

 

٢

– تریفەی عەشق

 

قەسیدەکانی شێرکۆ بێکەس

هاوارێکی بەردەوام بوون

هاوارێک لەنێو هەورەوە

بانگی ڕوناکی و

بانگی برووسکە و

بانگی ئەستێرەکانی دەکرد

هاوارێک لەنێو بارانەوە 

بانگی درەخت و 

بانگی خاک و

بانگی شەپۆلەکانی دەکرد

هاوارێک لەنێو خۆرەوە

بانگئ عەشق و

بانگی مرۆڤ و 

بانگی ژیانی دەکرد

 

شێرکۆ نیشتیمانی عەشقە و

عەشقیش ئۆقیانووسی شیعر 

 

خۆر لەنێو 

شیعرەکانی شێرکۆ هەڵدێ و 

لە کەنار ڕووبارەکانی عەشقیش

ئاوادەبێ 

 

شێرکۆ بورکانی عەشقێک بوو 

تێنوێتیەکەی بە گڕ دەشکا

 

شێرکۆ ژیانی کرد بە شیعر

لە نێو دەقەکانی ژیان 

بێهودەییەکانی خۆی نووسیەوە 

نیشتیمانی کرد بە شیعر

لەنێو دەقەکانی نیشتیمان

بێهودەییەکانی ئێمەی نووسیەوە

مردنی کرد بە شیعر

لەنێو دەقەکانی مردن

بێهودەییەکانی خاکی نووسیەوە 

 

ئێستا نیشتیمانم 

لە پێشوازی کەژاوەی 

گەڕانەوەی شێرکۆ

دەست لەسەرسینگ ڕاوەستاوە 

ڕووبار بە کەمانجە شینەکەی 

سەمفۆنیای سێرنادا دەژەنێ و 

پەپوولە و باڵندەکانیش 

گشت پێکەوە 

سروودی ( خوایە وەتەن ئاواکەی ) و

دارسنەوبەرە دڵسەوزەکانیش 

ئەڵاوەیسیەکەی مەردان م 

دەڵێنەوە  

مێژووش فەرشێکی سووری ڕاخستووە

 

( ئێستا لەوێ 

لە نێو تابووتی نارنجی 

خۆرنشینی شارەکەما ) 

جەستەی مرۆڤە ئەرخەوانیەکەی شیعر

بە خەیاڵێکی ڕەنگاوڕەنگ و 

بە هەزاران خەونی ئەڤینی

بە دوو چاوی گەشی نەرم و

بە بیست پەنجەی ئاوریشمینی

وا لەوێدا ڕاکشاوە 

 

شێرکۆ 

ڕۆژمێری ڕازەکانمانە و

تەمێکی بەفرینە لە وشە

 سروودێکە لە کازیوە و

تریفەیەکە لە هەڵبەست و

توحفەیەکە لە شیعر

 

 بابڕۆین بۆ مەملەکەتی

ئەستێرە سپیەکان

لە ئێوارە کۆڕێکی سەرمەدیانە

لەژێر کەپری تریفەی عەشق

گوێ لە شیعری شێرکۆ بگرین 

 

شێرکۆ بێکەس نەمردووە 

ئێستا ئەو 

لە نێو دەربەندی پەپوولە 

لە نێو ماڵە ڕەنگینەکەی شیعردا 

خەوتووە

 

 

                                            ١٢ی ئۆگستی ٢٠١٣

  ناڵە حەسەن

 

Previous
Next