ڕاستە … نەوزاد بەندى
-1-
ڕاستە هێشتا ماوین ..
بەڵام زۆر شتمان مردوون ..
ڕزیون ..
شى بونەتەوە ..
وەکو دەفتەر و
کتێبەکانى سەرەتایى
ناوەندیى
ئامادەیى و زانکۆ ..
(بەرگى نایلۆن و
بەرگى کاغەز و
بەرگى سەرەکى ئەلف و بێى نوێ ..مردن ..
مێوژى مام زۆراب کەڕوو لێى دا ..
کۆلارەکەى دارا کەوتە خوارەوە ..
ون بوو .. ڕزى ..)
-2-
هەروەها ..
( ناو : نەوزاد ئەحمەد حسێن
پۆل : یەکەم
لق: ب
قوتابخانە: ئەیوبیەى سەرەتایى کوڕان )
ون بوو .. ڕزى ..
-3-
گۆرانیەکەى مائیدە نەزهەت و محەمەد قەدرى ،
( ئێمە هەڵاڵەى شادین )
هەروەها ، مرد ..
-4-
کلارنێتەکەى شەوکەت ڕەشید..
فیاتە پۆڵسکییەکەى مامۆستا غەریب ،
باوکى هۆرێن ..
گڵۆپەکانى منارەى مزگەوتى گەورە ،
کە کاتى بانگى ئێوارەى ڕەمەزان دادەگیرسان ..
هەروەها ، مردن .. ڕزین ..
-5-
هاوڕێکانمان ،
زۆربەیان سەفەریان کرد ..
جیاوازى نێوان سەفەر و مردن ،
یەکەمیان بە فڕۆکە و
دووەمیان بە تابوت ..
هەردووکیان یەکسانن بە ون بوون ..
-6-
گەشتیارانى ناو سنەوبەرەکانى کارێزى وەستا شەریف ..
3 بۆرییە ئاوە سپیەکەى کارێزى وەستا شەریف ..
سەدان هەزار پەلەوەرى ناو درەختەکانى کارێزى وەەستا شەریف ..
ون بوون ڕزین ..
چەقۆى ڕەشى شەقامێ ،
گەردنى سنەوبەرەکانى وەستا شەریفى بڕى ..
هاوینە هەوارێکى سەربڕاو ..
مەلەوانگەیەکى لە تینووا خنکاو ..
گۆڕەپانى (سەروو)ى زیندەچاڵکراو ..
ئەمانە بەشێکن لە تاوانى جینۆساید ،
بەرامبەر بە مێژوو ..
بەرامبەر بە بیرەوەرییەکان ..
بەرامبەر بەشێک لە درەختەکانى شار..