بۆچی هه‌موومان قه‌رزاری شێركۆ بێكه‌سین …؟
( خه‌مێكی باڵابه‌رزم
برین له كوێ بێ ئه‌یبینم
ئازار له كوێ بێ ئه‌مبینێ )
ئه‌مه كۆپله‌یه‌كی بچووكی شیعری نێو هه‌زاره‌ها كۆپله شیعری شاعیری گه‌وره‌و ئینسان دۆست ( شێركۆ بێكه‌س ) ن , به‌ڵام قووڵ و واتادار , هه‌ڵگری مانا‌و ئه‌و ده‌لالاتانه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ئینسانی چه‌وساوه‌و زوڵملێكراو له‌هه‌ر شوێنێكی ئه‌م گوێ زه‌وییه‌دا هه‌بن , ئه‌م كۆپله‌یه هه‌ڵگری هیچ خه‌سڵه‌ت و ئه‌دگارێكی ئه‌تنی و ره‌گه‌زی و نه‌ژادی نییه , ته‌نیا بۆ ئینسان نووسراوه , ته‌نیا وه‌ك خه‌مێكی باڵابه‌رز ده‌ڕوانێته برین و ئازاره‌كانی دونیا‌و ده‌یانبینی وبه‌شدارییان ده‌كات و له‌گه‌ڵیاندا حه‌سره‌ت ده‌كێشێ , لێره‌وه شیعری ( شێركۆ ) یی یان ستایلی ( شێركۆ ) یی سیما‌و خه‌سڵه‌تی خۆی له‌ئاویته‌كردنی ژیانی تایبه‌ت و ژیانی شیعری ده‌ست نیشان و دیاری ده‌كات , ئه‌م ئاوێته‌كردنه‌ش وه‌ك چۆن له‌سه‌ره‌تاوه شیعری خۆی له‌سه‌ر بونیاد نا , وه‌كو حاكمێكی دادپه‌روه‌رله‌سه‌ر كورسی و عه‌رشی شیعریدا تا دووایین چركه‌كانی ژیانی نه تووانی لێی لابدات , نه تووانی نادادی و خیانه‌تی لێبكات . ئه‌مه‌یه وامان لێده‌كات هه‌میشه خوولیاو مه‌یلی ئه‌وه‌مان هه‌بێت له‌پاڵ خوێندنه‌وه‌ی شیعری شاعیران بۆپێوانه‌كردنی شیعروو هه‌ڵوێستیان له‌تای ته‌رازووی راستگۆییدا شتێكیش ده‌رباره‌ی ژیانی تایبه‌تییان بزانین . ئه‌وه‌ی سه‌رنج بداته شیعری ئه‌م شاعیره مه‌زنه هه‌میشه وه‌ك گه‌شتیاروو دۆزه‌ره‌وه‌یه‌كی گه‌وره له‌نێو زمانی كوردیدا ( ماجه‌لان ) ئاسا به‌جوگرافیاو شوێنی نه‌دۆزراوه‌و وشه‌ی ناوازه ئاشنامان ده‌كات , ئه‌مه‌ش خاڵێكی دره‌وشاوه‌ی تری شیعره‌كانی ئه‌وه , كه ده‌كرێ بۆ ئاینده له‌چوارچێوه‌ی قه‌واره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و زمانی ستانداری كوردی سوودیان لێوه‌ربگیرێ .
شوێن پانتاییه‌كی گه‌وره‌ره‌ی له‌فه‌زای شیعری شێركۆدا داگیر كردووه , له‌ناو ئه‌و فه‌زایه‌دا وه‌ك چۆن ئاگامان له ترپه‌ی دڵی خه‌ڵكی مه‌هابادوو دیاربه‌كروو قامیشلی و فه‌له‌ستین و برسییه‌كانی خووارووی ئه‌فریقایه , هه‌ر ئاوهاش به‌ته‌نیشت هه‌ناسه‌ی كه‌ركوكییه‌كانه‌وه به‌بێ جیاوازی هه‌ناسه‌ی ده‌داو ده‌ژیا , وه‌ك چۆن له گه‌ڵ عه‌لی مه‌رداندا گۆرانی ده‌ووت , هه‌ر ئاوهاش له‌گه‌ڵ قۆریاتی توركمانی سترانی ده‌چڕی , گۆزه‌و شه‌ربه له شیعری ئه‌ودا یه‌ك خه‌م و یه‌ك قووڵپه‌ی پێكه‌نیتیان هه‌یه, له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م شێوازه شیعرییه‌دا شێركۆ بێكه‌س پێشنییارێك ده‌خاته به‌رده‌ست پێكهاته‌كانی ئه‌م شاره به‌وه‌ی پێكه‌وه ژیان له‌م شاره‌دا قه‌ده‌رێكی ئه‌زه‌لییه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت ده‌ستكاری بكرێت , هه‌موو ئه‌مانه له‌لای ئه‌و له‌خه‌مێكی قووڵی ئینسانی و جوانییه‌كانییه‌وه به‌رهه‌می ده‌هێناو ده‌یئافراند , كاتێك به‌رگری له ئینسانی زوڵملێكراوی كورد ده‌كرد مانای ئه‌وه‌ی پێ ده‌به‌خشی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌رگری له‌ماف خووراو و به‌ش مه‌ینه‌تانی جیهان ده‌كات , چونكه تاكی مه‌زڵوومی كورد نموونه‌یه‌كی روون و به‌رجه‌سته‌كراوی به‌رده‌م دیدگاكانی ئه‌و بوو , كه رۆژانه‌و به‌رده‌وام , به‌درێژایی نیو سه‌ده له‌ژیانی شیعری ئه‌و ته‌ماسی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بوو , وه‌ك جۆگایه‌ك ده‌ڕژانه رۆحی ئه‌وه‌وه‌و تینووتی یه‌كتریان ده‌شكاندو یه‌كتریان پاراو ده‌كرد, له‌هه‌مان كاتدا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی وه‌ك به‌شیێكی دانه‌بڕاوه له‌كۆی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ته‌ماشا ده‌كرد , ئه‌م روئیا‌و دیدگا شیعرییانه‌ی ئه‌و ده‌مانخاته سه‌ر بڕوا‌و قه‌ناعه‌تی ئه‌وه‌ی بڵێین كه له‌هه‌موو قۆناغێك و زه‌مه‌نێكدا شیعری ئه‌و به‌رگریكارێكی سه‌رسه‌خت بووه له‌ئازادی و دژی هه‌موو جۆره سته‌مكارییه‌كیش بووه به‌هه‌موو ماناكانییه‌وه , كه‌واته شێركۆ بێكه‌س له‌میانه‌ی به‌رگری له‌تاكی كورد به‌رگری له سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی كردووه .
شیعری شێركۆ له‌كوێوه بووه خاوه‌نی ئه‌م سه‌رمایه گه‌وره‌یه‌ی مرۆڤایه‌تی , له‌كوێوه ئه‌م سامانه گه‌وره‌یه‌ی له‌خۆشه‌ویستی و ئه‌ڤینه‌ی به‌ركه‌وت , كێ ئه‌م عه‌شقه مه‌زنه‌ی پێ به‌خشی ..؟
ئه‌ی چی كردی به‌شاعیرێكی جیهانی و ئه‌و هه‌موو خه‌ڵات و مه‌دالیایانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا پێ به‌خشرا …؟
چونكه له‌ناو بورجی ئازاره‌كانی تاكی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆیه‌وه رووانییه ئازاره‌كانی جیهان , دوور له‌رتووش و ده‌ستكردی , خاوه‌نی حیكایه‌تی راسته‌قینه‌ی خۆی بوو , ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕی راستگۆیی له‌گواستنه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌دا پێ به‌خشی , هه‌روه‌كو ( حه‌مزاتۆف ) خه‌می لۆكاڵی و ئازاری خۆماڵی به‌په‌یژه‌كانی به‌جیهان بووندا سه‌ری خست .
شێوازی خوێندنه‌وه جوانییه‌كانی شیعر ده‌كاته دوو هینده و جوانییه‌كی تریان ده‌خاته سه‌ر , ئه‌و ستایله‌ی ئه‌و له‌خوێندنه‌وه‌ی شیعردا هه‌یبوو شێوازێك بوو تایبه‌ت به خۆی , سرووت و ته‌قسێكی جیاوازی پێ ده‌به‌خشی , كه له‌شێوه خوێندنه‌وه‌ی شاعیرانی تری جیاده‌كرده‌وه , چون پیت و وشه‌كانی له‌قووڵایی قووڵاییه‌كانی هه‌ستییه‌وه ده‌رباز ده‌بوون و به‌سه‌ر خوێن و ئێسكییه‌وه گوزه‌ریان ده‌كردوو له‌ده‌رگای په‌رده‌كانی گوێچكه‌ی ئێمه‌یان ده‌داو ده‌گه‌یشتنه ناخی ناخمان .
شێركۆ ماڵئاوایی لێكردین و ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه له ئاسمانی شیعری هاوچه‌رخی كوردی ئاوا بوو , حیكایه‌تخوانێكی راستگۆ جانتاكه‌ی هه‌ڵگرت و رۆیشت , ئیتر كێ چیرۆكی ژنانی خه‌ڵتان به‌خوێنی كۆبانی و منداڵه گوڵ به‌ده‌سته‌كانی قه‌راغ جاده‌كه‌ی دۆكانمان بۆ بگێڕێته‌وه , ئیتر كێ به شه‌قامه‌كانی سنه‌و دیاربه‌كردا پیاسه‌مان پێ بكا , كێ به‌نێو هاژه‌ی شه‌پۆله‌كاندا ده‌ستی هه‌ستمان به‌ره‌و ئیمرالی ده‌گرێ . كێ شه‌ربه له‌ئاو خاڵییه‌كانی كه‌ركوك و گۆزه لێو وشكه‌كانی گه‌رمیان ده‌هێنێته قووڵپه‌ی پێكه‌نین .
ئێمه‌ش ده‌بێ چاوه‌رێی حیكایه‌تخوانێكی وه‌ك تۆ بین , كه‌ره‌نگه زۆر دره‌نگ بێت یاخوود هه‌ر نه‌یه‌ت , ئیمه چاوه‌ڕوانین و ….. به‌شی ئێمه‌ش له‌ئه‌زه‌له‌وه هه‌ر چاوه‌ڕوانییه ………..
بنوو شێركۆی نیگه‌ران له‌ره‌وشی مرۆڤایه‌تی و له‌باروودۆخی كورد , له‌دونیاكه‌ی تردا ئارام و هێور به , له‌دونیای ژێره‌وه‌دا چیتر ناحه‌قی و ناعه‌داله‌تی تووڕه‌ت ناكه‌ن , له‌وێدا چیدی بۆ كاره‌سات و مه‌ینه‌تی و نه‌هامه‌تی و كه‌م و كووڕییه‌كانی ئێمه‌دا هه‌ڵناچیت و ناورووژێی . بنوو ئه‌وێ شوێنێكی ئارامه .
بورهان ئه‌حمه‌د
13/8/2013