Skip to Content

Sunday, June 16th, 2024
تڕومبێلە فاشیستەکان: تاعونی کولتووریی

تڕومبێلە فاشیستەکان: تاعونی کولتووریی

Closed
by August 26, 2013 گشتی

 

 

 

 

 بەکارهێنانی چەمکی فاشیزم لە ناو ئەدەبی جیهانییدا، زیاتر بۆ هەژموونی فیکریی و ئایدیۆلۆژیی، کۆمۆنیزم، دەگەڕێتەوە. پاش کارەساتە  سیاسیی و عەسکەریی و مرۆییەکان،  کە لەسەر دەستی بزاوتی ئایدیۆژیای فاشیزم روویاندا، داینەمۆی پروپاگەندەی کۆمۆنیزم، هەرایەکی گەورەی نایەوە و هەزاران ئینتێڵەجێنسیای، لەسەرانسەری دنیادا، تەجنید کرد. بەکارهێنانی ئەم چەمکە لە ئێستادا، بەتایبەت بۆ ئەوکەسانەی، لە ئەنجامی توڕەیی و حەماسەوە بێت، یان لەئەنجامی عینادیی فیکریی  و گەلۆریی ئەکادیمییەوە بێت، ئەوەیان پێوە دیارە، کە ئایدیۆژیا   چەند و چۆن جڵەوی کردوون؟

 راستییەکی مێژوویی و کولتووریی و سیاسیی هەیە، کە  فاشیزم ، خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی(destruction) کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم تەرخانکرد. لێرەوەیە، ئەو باکگراوندە فیکریی و ئایدیۆلۆژییەی، زۆرکەس، پەنای بۆ دەبەن و دزێوییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردیی، بە فاشیزم دەچوێنن، لە کولتوور و میراتی کۆمۆنیزمەوە، ماوەتەوە. بەواتایەکی تر، هێشتا، خۆیان لە شەبەحی ئایدیۆلۆژیا هەڵنەواردووە، کەچیی، بەهۆی بێئاگایی فیکرییەوە، دەسترێژیی بۆ سەر فیکر و کولتووری کوردیی دەکەن و تەنانەت، دژ بە چەمکی ئازادیی و ئازادیی گەنجانی کوردیش، دەوەستنەوە.  

نووسەر(بەختیار عەلی)، لە  وتارێکدا بە بەناوی ( ماشێنە فاشیستییەکان)، کە لە ڕۆژنامەی”باس”دا بڵاوبووەتەوە، دۆ و دۆشاوی تێکەڵ کردووە. دەتوانرێ بگوترێ، لاوازترین وتاری فیکریی نووسەرە، تا ئێستا لە رەهەندی فیکرییدا  نووسرابێت. هەر سەردێڕی وتارەکەی، هەڵەیەکی فیکریی و زمانەوانیی گەورەی تێدایە. ئەمجۆرە داتاشین و بیرازکردنە، لە زمانی کوردییدا( فاشیستیی)، بوونی نییە، بەڵکو دەبووایە(ماشێنە فاشیستەکان، یان ماشێنە فاشییەکان) بنووسرایە. هەروەک ، ناکرێ، بڵێی، مارکسیستییەکان و ئیسلامیستییەکان، بەڵکو، دەبێ مارکسییەکان و ئیسلامییەکان، بنووسرێن. تەنانەت، دەکرێ لە فۆنەتیکە لاتینییەکانەوە، مارکسیستەکان و ئییسلامیستەکانیش، بنووسرێن، بەڵام، هەرگیز نابێ ، فاشیستییەکان، ئیسلامیستییەکان…تاد بنووسرێن. 

ئەمە بەڵگەی ئەوەیە، نووسەر، لە زماندا، خاکەسارە. لە دەربرینی چەمکە فیکرییەکانیشدا، لاوازیی پێوە دیارە. زمان و فیکریش لەیەکتر جودا ناکرێنەوە. وتارێک، لەباری زمانەوانییەوە، زۆر کێماسیی، پێوە دیارە. سەرەڕای ئەوەی، زمان،  رۆحی هەموو وتارو توێژینەوە و کتێب و تێکستێکە، کەچیی، کەمترین بایەخی پێنەدراوە.  دەیان زمانناسی جیهانیی، جەختیان لەوە کردووەتەوە، هەرکەسێ زمانی باڵای نەبێ، هەرگیز ناتوانێ فیکری باڵا بەرهەم بهێنێ. بەهەر زمانێکی جیهانیی، وتارێک بنووسرێ و سەردێڕەکەی، لە رووی زمانیی و کولتووریی و چەمکی فیکرییەوە، تەواو نەبێ، بە دەموچاوی خاوەنەکەیدا دەدرێتەوە. یەکێک لە هۆکاری ناونانی ئەم وتارەش بە ” ترۆمبێلە فاشیستەکان” لەوێوە هاتووە، کە ترۆمبێل، لەزمانی عەوامەوە، لە ئۆتۆمۆبیلەوە وەرگیراوە و تێکەڵ بە چەمکی ” فاشیست” نەک “فاشیستیی” کراوە. 

هەنووکە، ئەگەر ئەم وتارەی بۆ زمانی ئینگلیزیی، وەربگێڕدرێت، پێشەکیی، دەبێ سەرلەبەر و دووبارە، بە کوردیی بنووسرێتەوە ( re-writing)  و وپاکسازییەکی باش بکرێ و ستراکتۆری وتارەکە، بەتەواویی دەستکاریی بکرێت. ئەمەش خەجاڵەتییەکی گەورەیە لە دنیای نووسیندا، کە ئەوەندە زمان بێبایەخ سەیر بکرێت. وتارێک، تێروپڕ لەوشە و چەمکی ناپێویست (Wordy )، زۆربڵێیی و زار قەڵەباڵغیی”قەرەباڵغیی”( Loquacious and garrulous)ەکی بێئەندازە ناپێویست و ناپێوەندییداری non relevant تێدایە. کۆمەڵێ زانیاریی نا تیۆریی، نا ئەکادیمیی و ئێکسپایەر و ناعەقڵانیی، وێڕای ئەوەی، کۆمەڵێ ناوی فەیلەسوف و ئایدیۆلۆژیستی مارکسیستیی تێدایە، لە دنیای مۆدێرندا، جێگەی نوکتەو کۆمێدیین، بۆ توێژینەوە، یان وتارێکی فیکریی، کەڵک لە ئارگیومێنتەکانیان وەربگیردرێ. سەرەڕای ئەوەی، سەرجەم ئارگیومێنتەکان، بەمیتۆدێکی زۆر سەفسەتییانە، تێکەڵکراون. تەنیا بۆ گەورەکردنەوەی قەوارە و نیشاندانی بازووی  ئەستور نەبێت، خوێنەری جدیی، بە هیچ رۆخێکی، نە دڵنیایی و نە گومان، ناگەیەنێت. 

 

نووسەر، بۆچیی وا دەکات؟ بۆچیی ئەم عینادە فیکرییەی، گرتووەتە بەر و دەیەوێ بە خوێنەری بسەلمێنێت، کە فاشیزمێکی شاراوە ودەرکەوتە، لەناو جڤاکی کوردییدا، بوونی هەیە؟ بۆچیی، دەیەوێ بیسەلمێنێ، کە فاشیزم لەو کۆنتێکستانەی ئەودا، دروستن و لەو هەلومەرجەی Milieu  ئەو بەکاریان دەهێنێ، هیچ کێماسییەکی فیکریی وسیاسیی و کولتووریی نییە؟ ئەی بۆچیی ئەوانەی داکۆکیی لێدەکەن، زۆربەیان لە چەپە جۆراوجۆرەکان و شاعیرەکانن یان لەو هەوادارانەن، نووسەر، بڵێ، رەش، سپییە و، سپییش، رەشە، هەر ” ئامین”ی بۆ دەڵێنەوە؟ ئەم وتارە هەوڵدەدات، وەڵامێکی کورتی ئەو پرسیارانە بداتەوە و هەندێ لە ئارگیومێنتەکانی وتارەکەش، پووچەڵ بکاتەوە و ناوەڕۆکی ئەو دەستدرێژییە فیکرییانەش، بتەزێنێت و رەوتی ئارگیومێنتەکانی نووسەر، بمەیێنێت.

دیارە، هەندێ نووسەر و رۆشنبیری کورد، وردتر  لە بەختیار، لەسەر “فاشیزم” قسەیان کردووە. دەکرێ، فاشیزم، لە زۆر تەوەرە و ئارگیومێنتی فیکریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا، بەکار بهێنرێرێت، بەڵام ئەم بەکارهێنانەی نووسەر، زیاد لە پێویست فەناتیکانەیە، وێڕای ئەوەی لە کۆنتێکستی تیۆرییشدا، کەموکوڕیی زۆری پێوەیە.  لە وتاری (کاتێ، حەماقەت، جێگەی فیکر دەگرێتەوە)، چەمکی ” حەماقەت و ئەحمەق”م بە ئەنقەست و بەمەبەست و بە ئەجێنداوە، وەک دوو چەمکی فەلسەفیی( نەک جوێن و سووکایەتیی)، بۆ Stupid and stupidity  زۆر بەکارهێنا و زۆر دووبارەم کردنەوە. ئەمانەش، بۆ بەرەنگاربوونەوەی، ئەو بۆچوونانەی  پێیانوایە، بە زۆر گوتنەوە و بەکارهێنانی “فاشیزم و نازیزم”، دڵ  و دەروونی  پڕ لە ئایدیۆلۆژیایان، زیاتر دەخوسێتەوە. دیارە ئەو زۆر بەکارهێنان و زۆر دووبارەکردنەوەیەی چەمکێک، یان چەند چەمکێک، پێی دەگوترێ semantic satiation ، واتە تێرکاریی واتایی، یان بەعەرەبیی و فارسیی، پێی دەگوترێ، ئیشباعی مەعنایی، یاخود ئیشباعی دەلالیی. ئەمەش لە دووبارەکردنەوەی زۆردا، پێی دەگوترێ verbal satiation ، واتە بە تێربوونی کەلامیی، یان ئاوسانی چەمکیی دەناسرێن. کەواتە، زۆر بەکارهێنانی ئەم فاشیزمە، ئەم لاساریی عینادییە، بەو رادە زۆرە، پێویستی، بەوە هەیە، سەرچاوەکەی بدۆزرێتەوە، کە گەلۆریی ئایدیۆلۆژییە.

شتێکی زۆر سادە و ساکار، لە زمانناسییدا، ئەوەیە، هەر کێڵگەو مەیدان و بوارێک، زمان و چەمک و دەربڕینی تایبەت، بەخۆی هەیە. بەکارهێنانی چەمکی”فاشیزم”  لەیەک کاتدا، بۆ شیعر و رۆمان و وتارو توێژینەوە و …تاد، دروست  نییە و پێویستە رێز لە باکگراوندی فیکریی، سیاسیی، کولتووریی، کۆمەڵایەتیی وتەنانەت رەهەندی ئایدیۆلۆژیی چەمکی” فاشیزم” بگیردرێت. لە سیاقی( کۆنتێکست) گشتییدا، ئەم چەمکە، دەکرێ بۆ ( رژێمە سیاسییە لاسارەکان Rogue  ، سەرکێشەکان Belligerent ، دیکتاتۆرەکان، بۆچوونە راسیستەکان، ئایدیا شۆڤینیستەکان، ئۆتۆکراتییە تاغوتییەکان Tyrannical  ، نەتەوەپەرستە شۆڤینیستەکان، ناسیۆنالیستە سۆشیالیستەکان و رژێمە تۆتالیتاریییەکان …تاد) بەکار بهێنرێت، بەڵام  هەڵەیەکی زۆر گەورەی فیکریی و ئایدیۆلۆژییە، بۆ مۆتیڤی شەخسیی هەندێ گەنجی توڕە و تۆراوی کوردستان، توڕە لە دەبڵ مۆڕاڵیی و دوالیزمی نووسەرە خۆشەویستەکانی دوێنێی خۆیان، بەکار بهێنرێت. 

George Orwell ، سۆشیال دیمۆکراتی بریتانیی، رەخنەگرێکی زۆر سەرخستی فاشیزم و تۆتالیتاریانیزم بوو. لە ناوەڕاستی چلەکانی تەمەنیدا، مردووە. ئەو زۆربەجوانیی، باسی ئەم بەرەڵایی و سەرگەردانییەی بەکارهێنانی چەمکی فاشیزم دەکات. لەسەردەمی ئەودا، بەتایبەتیی چەپەکانی چەرخی رابردوو، بۆ بازرگانە بچووکەکان، ماسیی-فرۆشەکان، راوچییەکان، دوکاندارەکان و ..تاد بەکاریان دەهێنا.  بەهەمان میتۆدی نووسەر، کە چۆن تیۆرایزی ئەم چەمکە بەسەر گەنجانی کوردستاندا دەکات؟ جۆرج ئەو هەموو بەکارهێنانە ئایدیۆلۆژییانەی” زۆر بێمانا” لە قەڵەم دەدا. ئێستا، هەندێ لەچەپەکانی کوردستان و شاعیرەکان و نووسەرە عاتیفییەکان و خوێنەرە ناجدییەکان، دەروێشە بێفیکرەکانی نووسەر،  بۆ ٦٠ تا٧٠ ساڵ لەمەوبەری ئەوروپامان دەگێڕنەوە. لەکاتێکدا، ئەم چەمکی فاشیزمە، بەهەموو ستاندەردە نێودەوڵەتیی و عەقڵانیی و ئەکادیمییەکان، دەقاودەق، شایانی ئەو سیستمە تۆتالیتارییە کۆمۆنیزمە بوو، کە دوو ئایدیۆلۆژیستی وەک لێنین و ترۆتسکیی( دواتر خۆی بوو بە قوربانیی سیاسەتەکانی ستالین) بناغەکەیان داڕشت و ستالینی قەسابیش، لایەکی دنیای خەڵتانی خوێن کرد.

 

 ئەو سیستمە تۆتالیتارییەی ستالین، داینەمۆی ئەو عەقڵیەتە بەربڵاوەیە، کە تا ئێستاش،  چەمکی فاشیزم لە کۆنتێکستی زۆر نادروستدا بەکار دەهێنن. نووسەر، پێدەچێ بە ئایدیۆلۆژیستێکی وەک ترۆتسکی  زۆر موعجیب بێت، کاتێ باسی هەژموونی فاشیزم، لە ناو کوردستاندا دەکات. تڕۆتسکی لە کتێبی( فاشیزم، چییەو چۆن بەگژیدا دەچیتەوە-Fascism: What it is and how to Fight it ) لەسەر فاشیزمی ئاڵمانیی، پێیوایە، بە تێداچوونی هیتلەر و دوایین سەنگەری ئەو، فاشیزم کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو وەک میرات بۆ سەرمایەداریی ماوەتەوە و ئەمڕۆش هەموو کونوقوژبنێکی ئەم دنیایەی گرتووەتەوە. ئەو لێکدانەوە کۆمۆنیستانەیە، کە خاڵیی خاڵییە لەهەموو لێکدانەوەیەکی فیکریی،نووسەریش بەهەمان میتۆد، بەڵام بە شێوازێکی جیاوازتر، کە زیاتر خۆی لە رەنگاڵە و تێکەڵکردنی هەندێ چەمک سیاسیی و شیعرییدا دەبینێتەوە، هەمان لێکدانەوەو ئەنجامگیریی هەیە.  

 

ئەم بەکارهێنانی “فاشیزم”ە بۆ شکاندن و تۆقاندن و تێرۆرکردنی گەنجانی یاخیی کورد، رێکوڕەوان، هەمان مێنتاڵیتیی و عەقڵیەتی ئایدیۆلۆژیی چەپەکانە، کاتێ  بۆ مارگرێت تاتشەر و رۆناڵد رێگان، فاشیست و نیۆفاشیستیان بەکار دەهێنا. هەمان عەقڵیەت و عەنتەریات و لووتبەرزیی جۆرج دەبلیو بوشە، کە ئیسلامییەکانی  بە ” فاشیست” لەقەڵەمدا! هەرچەندە، دەسگای هەواڵگری ئەمێریکا، لە سەردەمی دەسەڵاتداریی خۆی و باوکی و رێگاندا کۆمەکی ئەو ئیسلامییە فاشیستانەیان! دەکرد. سەرەڕای ئەوەی، دەوڵەتی  ئەمێریکا، خۆی پەروەردەی هێزە تێرۆریستە ئیسلامییەکانی، لەچەشنی ئەلقاعیدە و تاڵیبانی دەکرد. هەروەها لە رابردوودا، بە گڵۆپی سەوزی ئەمێریکا، هێزە ئیسلامییە رادیکاڵ و فەندەمێنتالیستەکان، هەموو  سنوورەکانی تێرۆریزم و فاشیزمیان بەزاندووە، بەڵام ئەم گشتاندنە( تەعمیم)، بۆ هەموو ئیسلامییەکان، بە فاشیست ناوببرێن، هەرزەییەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە، تا بە کامڵبوونێکی فیکریی و سیاسیی دەگات. 

چۆن دەشێ، فیکری فاشیزم، کە  لە رۆحییەتی توندۆڕۆیانە و ئایدیۆلۆژییانەی ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیستە سۆشیالیستەکان و بزوتنەوە فەندەمێنتالیستە دینیی و دیکتاتۆرییە راستڕەوەکانەوە، سەرچاوە دەگرێ، کە دەسەڵاتی “تۆتالیتاریی” و حکومەتی ئیستیبدادیی، نەژادپەرستییەکی کوێرانە، یان میلیشیای چەکداریی و مافیای سیاسیی  بەڕێوەیان دەبەن، لەگەڵ رۆحییەتی شاعیرانە و یاخییانە و هەرزەکارانەی مەحرومترین گەنجانی  هەرێمی کوردستاندا، بەراورد بکرێن؟ 

رۆبەرت( رۆبێڕت) پاختن Robert Paxton  لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، لە “ژۆرناڵی مێژووی مۆدێرن”ی زنجیرە ٧٠ ی ژمارە  ١ ی   ساڵی ١٩٩٨ دا، بەمشێوە سادەیە، باسی فاشیزم و شۆڤینیزم دەکات، ” لە یەکەم نیگاوە،  هیچ شتێ لە ناسینەوەی فاشیزم ئاسانتر نییە. خۆی لە فۆرمێکی خاو، وێنەیەکی سەرەتایی، نەشئەو حەماسی دیماگۆجی demagogue و مێگەلییدا دەبینێتەوە، ئەوسا  کۆمەڵێ گەنجی دیسپلینکراو، تی شێرت لەبەری یەکجۆر و میلیتانتیی، بە شەق و تێڵا، سەروگوێلاکی کەمینەکان دەکوتنەوە.  پاشەکشەی کۆمەڵگە، سووکایەتیی و قوربانیی سەرهەڵدەدەن،  نۆکەرایەتیی زیاد دەکات و خوێنە پاک و پیسەکان جیا دەکرێنەوە و توندوتیژییەکی سەرانسەریی شەپۆل دەدات”. ئەمانە بۆ ئارگیومێنت دروستکردن، لێکدانەوەی “فیکریی” و  “ئەکادیمیی”ان پێ دەگوترێ و چەندین فاکت و دژە ئارگیومێنت بەکار دەهێنرێن. لە کاتێکدا، نووسەر،  سەرپێییانە  و بەهەوای سەرگەرمی خۆی، “فاشیزمی کوردیی” بەکار دەهێنێت، پێویستە پێی بگوترێ، بێزەحمەت، ئەو جۆرە لێکدانەوانە، زیاتر لەسەفسەتە دەچن، تا بەلێکدانەوەی فیکریی بچن.

 

 ئەگەر بە وردیی سەیر بکرێ، پاختن، چەمکی کەمینە minority ی بەکارهێناوە. لێرەدا، کەمینە، دەکرێ، نەتەوەیی، ئێسنیکیی، دینیی، تائیفیی، نەژادیی و ناوچەگەرایی، یان گرووپێکی سیاسیی و میلیتانتیی و ….تاد ” بێت. ئایا، ئەمجۆرە فاشیزمەی نووسەر، کاری لەسەر دەکات، لە ناخ و رۆحی کوێی ئەو گەنجە کتێب سوتێن و کتێب بەئاودەرانەدا، بوونی هەیە؟ ئایا ئەم گەنجانە وەک کەمینەیەک، خۆیان رێکخستووە و ئۆرگانێکی سیاسیی یان ئایدیۆلۆژییان، پێکەوە ناوە، بۆ ئەوەی سەرکوتی کەمایەتییە جۆراوجۆرەکانی تر بکەن و لەوێشەوە، سەرکوتی، زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردیی بکەن؟ ئایا بەڕاستیی، ئەم بەراوردکارییە، نالۆژیکیی و ناکامڵیی و ناتەبایی فیکریی و ناعەقڵانییەتی (سیاسیی وکولتووریی ) زۆریان پێوە دیار نییە؟

 

لەزۆربەی ئەگەرەکاندا، کۆمەڵگەی فاشیی، جڤاکێکی شۆڤینیی، یەخسیری یەک حیزبی قائیدە. نموونەکانی ستالین، مۆسۆلۆنی، هیتلەر، سەدام حوسێن، کەمال ئەتاتۆرک، پینۆشێ،  ئەمپراتۆرییەتی ژاپۆنی ساڵانی سییەکانی چەرخی رابردوو……..تاد. ئەوە وێڕای ئەوەی چەمکی فاشیی، زیاتر ئەوانە بەکاری دەهێنن، کە ئالوودەبوونە بە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم، زیاتریش بۆ ناشیرینکردنی نەیارە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆیان بەکاریان هێناوە. لەڕاستییدا، کەس بەئەندازەی ستالین، بە خودی مۆسۆلینیشەوە، ئەوەندە  فیکر فاشیست و کردار فاشیست، نەبووە. هیچ سیستمێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییش بەئەندازەی کۆمۆنیزم، دژ بە نەتەوە جیاوازەکان و کەمینە جۆراوجۆرەکان و تەنانەت دژی کرێکارە یاخیی و رابەرە کرێکارییە نا-بەڵشەفییەکان، فاشیی نەبووە. ئەی خێرە جوێنە ئایدیۆلۆژییەکانی خەراباتی کۆمۆنیزم بەکار بهێنرێنەوە، بۆ ئارگیومێنتکردن و خۆڕاوەشاندنی  فیکریی و کولتووریی و سیاسیی، وەک نووسەر، دەیکات؟ 

 

بەکارهێنانی چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی nation state بە جیاکراوەیی و بێ پێکەوەنووسان( دەوڵەت-نەتەوە)، نیشانەی ئەوەیە، کە نووسەر، کەم و زۆر لە دۆخ و ستراکتۆر و پرۆسێسی سیاسیی و مێژوویی، دەوڵەتی نەتەوەیی ناگات! دەکرێ، بە جیا دابنرێن، بەڵام،لای کەم، دەبێ جارێک ( لە یەکەم بەکارهێناندا) وەک خۆی، ئاماژەی پێبدرێت. ئەمەش دەردی زمان و فیکرە، کە نووسەر، لەهەموو ژیانی نووسینیدا، گرینگیی پێنەداوە.  هاوکات، تێکەڵکردنی کەیسی کەمالی سەیید قادر، تەنیا ترشوخوێکردنی بابەتەکەیە، هۆکارەکەیشی لەڕوودامان و باڵانسکردنی ئەجێنداکانیەتی، بۆ ئەوەی بە خوێنەر بسەلمێنێت، کە لە رۆژنامەیەکی دەسەڵاتەوە، رەخنەی ئەو سەرکوتکارییەی دژی کەمالی سەیید قادر کرا، دەکات. 

خوێندنەوە بۆ فاشیزم، بەو چەمک و دیدە کۆنە سیاسیی وکولتوورییە ترادیسیۆنییانە ناکرێ، کە ئەنسرۆپۆلۆجیست و فەیلەسوفی فڕانسیی  Georges Bataille بە میتۆدێکی زۆر کلاسیکیی، قسەی، لەسەر فاشیزم کردووە. ئەو پێیوابووە، فاشیزم جۆرە جوانناسییەکە لە خوێندنەوەی سیاسییدا بۆ پێوەندییەکانی نێوان سەردار و رەعیەت، بۆ نێوان دیکتاتۆرەکان و گاڕانەکان…تاد بەکار دەهێنرێت. خوێندنەوە بۆ فاشیزم بە دیدی نوێ، دەکرێ. بە دیدی کولتووریی، کۆمەڵناسیی و مرۆڤناسیی( ئەنسرۆپۆلۆجی) دەکرێ. Joel Krieger لە کۆلێژی Wellesley پێیوایە، چەمکەکانی وەک لیبراڵیزم، فاشیزم و دێمۆکراسیی کۆمەڵایەتیی، کارێکی زۆر قەبەو گەورەیە، ئەگەر تەنیا بە میتۆدی سکۆلاریی، وردیان بکەیتەوە. ئەمانە،  پێویستە لە نێوان سیاسەتی کلاسیک و تیۆرییە مۆدێرنەکاندا، بە لێکۆڵینەوەی مێژوویی وکۆمەڵناسیی و مرۆڤناسیی، بەرباس و لێکۆڵێنەوە بدرێن. بەپێچەوانەوە، نووسەر، نەک دیدی ترادیسیۆنیی بە بۆچوونەکانیەوە دیارە، بەڵكو زەحمەتی نەکێشاوە، لەدیدی تیۆرییە مۆدێرنەکانەوە، بۆ فاشیزم و رەهەندە سیاسیی و کولتوورییەکانی، بڕوانێت. 

 

نووسەر، لەوتاری( ماشێنە فاشیستییەکان) دا دەڵێ ” فاشیزم لە هەرێمی ئێمەدا ، لەو جۆرە قاڵبە نادرێت. فاشیزمی ئێمە رۆح و بنکەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرینتری هەیە. یەک دەموچاوی نییە، یەک دەمامکی نییە،  لای ئێمە فاشیزم تەنیا سیستمێکی ئایدۆلۆژیی فیکریی نییە، تەنیا حوکمڕانییەکی دیکتاتۆریی توندوتیژ نییە، بەڵکو فاشیزمێکی هەم سیاسیی و هەم کولتوورییە – لای ئێمە فاشیزم تەنیا سیستمێکی ئایدیۆلۆژیی فیکری نییە….{دەستکاریی، داڕشتنەکەی کراوە }. ئەم خوێندنەوە سادەیە، ئەم دووبارەکردنەوەیەی بیریارانی رۆژئاوا، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ سەرچاوەیەک بدرێ و بە هەڵێنجانی فیکریی خۆت ئەژماردی بکەیت، پلەیجەریزم( دزینی تێکست و فیکر) و  تەحقیرکردنی pejorative خوێنەرە، پێش ئەوەی هیچ مەعریفەیەکی نوێ وەربگرێ. کاتێ نووسەر، دەڵێ، فاشیزمی کوردیی… فاشیزمێکی سیاسیی و کولتوورییە، جگە لە داڕشتنەوەی سادەترین بۆچوونە ئەنسرۆپۆڵۆجیی و سۆسیۆکولتووریی و سۆسیۆلۆژییەکان، شتێکی نوێی نەگوتووە و نەکردووە. تەنیا ئەوە نەبێت چەمکی پێکەوەگرێدراوی ” سیاسیی-کولتووریی” بەجیا نووسیوەتەوە و بەزمانێکی زۆر خراپی کوردییش ( هەم سیاسی و هەم کولتووری) دایناوە. 

 

سیاوەش گۆدەرزیی و هەندرێن، وتارێکیان بەناوی” سوتاندنی کتێب لە دۆخی بە کاڵابوونی نووسەردا”  نووسیوە، ئاماژەیەکی روون بەوە دەدەن، کە نووسەرانێک  لە کورددا پەیدابوونە، تەنیا بۆ ئەوەی نیشانی خوێنەری کوردی بدەن، کە شارەزاییان هەیە، ئاماژە بە کۆمەڵێ ناوی فەیلەسوف و رۆشنبیری جیهانیی دەدەن. راستە، خوێندنەوەی پانوپۆڕ لە ئەدەب و رۆشنبیریی گەلانەوە، نیشانەی پتەویی و تۆکمەیی نووسەر لە رەهەندی فیکرییدا دەگەیەنێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، خەریکە ئەم باسە، وەک مۆدێکی بازرگانیی، خۆهەڵکێشانی لێ بێت، ئەوەندەی تەوەرەیەکی فیکریی بێت. هەندرێن و گۆدەرزیی دەڵێن” ئەو نووسەر و شاعیر و فێمنیستە ئۆپۆزیسیۆنە دیجیتاڵییەی کورد، کە فێربوون، هەموو تشتێک، هەموو دیاردەیەک، کە لە کوردستاندا ساز دەبێت، بە کۆمەڵێ گوتەی حازربەدەستی فەیلەسوفانی رۆژئاواوە لە قاڵبدەن و پێناسەی بۆ بکەن و بەناوی زاناییەوە بەسەر خەڵکدا بیبەشنەوە، هەقە جاروبار پەنجەرەیەکی چکۆڵە لە ویژدان و ئاوەزی سڕکراویان، بە گواستنەوەی گوتەی فەیلەسوفان و ئەزموونی فاشیزم و نازیزم، ئاوەڵا بکەنەوە و ئەوجا بیرێک لەوە بکەنەوە کە ئەو رۆحی فاشیزم و نازیزمەی کە خەریکە بە سوتاندنی کتێب لە لایەن گەنجانی رۆح ئەنفالکراوی کەلارەوە دەستپێدەکا، لە خۆڕا نییە، بەڵکو هۆکارە بنەڕەتییەکەی، خودی ئەو نووسەر و شاعیرە خۆ بە پیرۆزکار و خۆ بە فریادڕەسانەیە کە لەو وادە و پەیامە پیرۆزانەی کە بە خوێنەرەکانیان داوە پەژیوان دەبنەوە”{ داڕشتنەکە، داڕشتنی هەندرێن و گۆدەرزییە}. 

ئێستا، ئەم مۆدەی، ئەو دوو نووسەرە، باسیدەکەن، دەقاودەق خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، کە زۆر نووسەرو رۆشنبیری کورد، بە کاڵیی و بە کوڵاویی، ناوی ژیژەک و لاکان، دەخەنە نێو نووسینەکانیانەوە. ئەگەریش بیانگریت و پێیان بڵێی فەرموو دوو پارەگرافی حیسابییم لەسەر فیکری ئەوان بۆ بنووسن، جگە لەهەندێ ریتۆریکی رۆژنامەنووسیی و ستوونی هەڵبزڕکاوی بێفیکر، هیچ توانایەکی مەعریفییان بەسەریاندا ناشکێ. ئەوەی جێگەی وردبوونەوەیە، نووسەریش ناوی لاکانی خزاندووەتەوە، ناو باسی گەنجە کەلارییە فاشیستەکانەوە! کە لە دوور و نزیکەوە، پێوەندیی بە باسەکەوە نییە. ئاخر مەرج نییە، ئەوەی فەیلەسوف بوو، لەهەموو قازانێکدا کەوچک بێ و مەعریفەی لەسەر هەموو دیاردە و فیکرێک هەبێت؟ هەموو فەیلەسوفەکان و موفەکیر و سکۆلارە ناسراوەکانی دنیا، لەسەر کۆمەڵێ تەوەرەی تایبەت، قاڵ دەبنەوە و لەهەندێ تەوەرەی گشتییشدا، قسەوباسیان دەبێت، بەڵام هەرگیز لەهەموو بوارێکدا، پێچەوانەی توانستی ئینسان، ئەسپی تەروادەی خۆیان تاو نادەن. 

کاتێ قسە لەسەر چەمکی فاشیزم دەکرێت، کە دیارە  لەیەک کاتدا، چەمکێکی زۆر رۆشن و هەندێجاریش ناڕۆشنە(Vaguest )، پێویستە قسە لەسەر کارێکتەرە باوەکانی common characteristic   بزوتنەوەی فاشیزم و فۆرمۆلەبوونەکەی بکرێ. فۆرمەلەی فاشیزم لەسەر بناغەی نکۆڵییکردن negations و ئەجێندا و ئایدیۆلۆژیای هاوبەش لەهەندێ تەوەرەدا، لەگەڵ هەندێ خاڵی تایبەت بەخۆڕێکخستن و  شێوازی مێنتاڵ میلیتانتیی، دروست دەبێ. ئەم فۆرمەلەیە، لەناو کورددا، نە بوونی هەیە و نە ئاییندەیەکیش بۆ ئەمجۆرە لە فاشیزم، ئاسۆیەکی هەیە. ئەگەر لەباری فیکرییەوە، کەمێک ئەمە وردتر بکرێتەوە، بەمجۆرەی لێدێت:-  نکۆڵییکردن، وەک وەستانەوە و ئەنتیبوون بە ئازادیی و  دژ بەهەموو جۆرە بزوتنەوە  سیاسییی و کۆمەڵایەتییەکانی تر، مۆتیڤی سەرەکیی بێت. 

لەڕاستییدا، لە شوێنێکی وەک کوردستاندا، ئەجێندا و ئایدیۆلۆژیا بەگەڕخستن، وەک ناسیۆنالیزمی شمولیی، کۆمۆنیزمی فەناتیک و ئیسلامی سیاسیی،  لە سەندیکاوە بۆ رێکخستنی چینە جیاوازەکان و سێکتە کۆمەڵایەتییە پانوپۆڕەکان،  سەرەنجامیش، شێوازی سیمبۆڵیی لە کۆبوونەوەکانیاندا، کەمپەینی حەماسیی و مۆبەڵایزکردنی خەڵک، بۆ جەمبوون لە دەوری ئەجێنداکانیان، سەرەتای فاشیزم رۆدەنرێ و پەلوپۆ دەهاوێ. بەراوردکردنی ئەم بۆچوونانە، بە لێکدانەوە شیعرییەکانی نووسەر، لەسەر فاشیزم، بە جیاوازییەکانی، دنیای میکانیکی کوانتەم و دنیای دینە ئیبراهیمییەکان، دەچێت.  

 

چەمکی فاشیزم، پێوەندییەکی راستەوخۆی بە رادیکاڵبوونەوە و فەناتیزمی  سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و بەتایبەتییش توندڕۆیی ناسیۆنالیزمەوە هەیە، بەدیاریکراویش بە نەتەوەییە سۆشیالیستەکانی ئەوروپاوە، گرێدراوە. ئەو گەنجانەی کتێبیان سوتاند، هیچ مۆتیڤێکی ناسیۆنالیستانەیان نەبووە، جگە لە پەرۆشییەکی نیشتمانیی لە خەیاڵدانی خۆیاندا، ئەویش دوور لە هەر رێکخراوبوونێک، بووە. ئەم بەراوردکارییەی نووسەر، لە  لێکدانەوەی، ئەو جۆرە چەپانە دەچێت، کە فاشیزم، بە بەرهەمی ئیمپیریالیزم دەچوێنن! دیارە ئەمجۆرە لێکدانەوەیە، هەرچییەک بێت، پێوەندییەکی بە دنیای فیکر و لێکدانەوەی ئەکادیمییەوە نییە، تەنیا حەماسێکی ئایدیۆلۆژیی و لاوازیی فیکریی چەپەکان دەگەیەنێت.

سەرمایەی کولتووریی: سەرمایەی ماددیی

ئەگەر بە تێڕوانینەکەی بۆردیۆ( پییەر بۆردیۆ) بۆ سەرمایەی کولتووریی cultural capital  بڕوانین، ئەوکات تێگەیشتن لە نووسەر، ئاسانتر دەبێت. بەختیار( نووسەر) لە تێکستەکانیدا، لە کتێبەکانیدا،  خاوەنی سەرمایەیەکی کولتووریی گەورەیە.  هەرچەندە بۆردیۆ، ئەم چەمکەی لە زۆر رەهەندی فیکرییدا بەکارهێناوە و کاری قووڵی لەسەرکردووە. بەتایبەتیی لە”زمان”دا، تەواو بۆ باکگراوندە هەمەجۆرەکانی، شۆڕبووەتەوە، بەڵام لێرەدا، بۆ ماندووبوون و هەوڵە زۆرەکانی نووسەر، بەمەستی  سامانی کولتووریی، بەکار دەهێنرێت. پرسیاری سەرەکیی، هەموو خوێنەرێکی جدیی، ئەوە دەبێت، بۆچیی نووسەر، غەمی ئەو هەموو سامانە کولتوورییەی خۆی ناخوات؟ بۆچیی ناتوانێ دڵی کۆمەڵێ گەنجی تۆراو و توڕە لەهەموو شتێک (لە دەسەڵات و رۆشنبیرە سیاسییەکان و داوەشاوییەکانی ئۆپۆزیسۆن) بداتەوە؟ 

هەر هیچ نەبێ، وەک لایەنێکی مۆڕاڵیی و ویژدانیی، بایکۆتی رۆژنامەیەک بکات، کە نزیکە لەدەسەڵاتەوە و گەنجە کتێب سوتێن و کتێب بەئاودەرەکان، داوای لێدەکەن و  بەزمانێکی بەریئانەی گەنجانە، پێی دەڵێن، قودسیەتت هەبوو، سیمبۆڵمان بوویت، بەگیرفانی بەتاڵەوە کتێبەکانتمان دەکڕیی، بەڵام تۆ هەر بەردەوامیت لەنووسینەکانت لە رۆژنامە حیزبییەکاندا! بۆیە ئێمەش سزای ویژدانییت دەدەین، پێی دەڵێن، ئێمە دەستڕێژت لێدەکەین، بە شەپۆلی ئاوی سیروان، بەڵام، نووسەر، دەیانداتە بەر رێژنەی جۆرە تەقەمەنییەک، کە لە جبەخانەی “فاشیزم” دا، داگیراونەتەوە.  

تاعونی کولتووریی (الطاعون الثقافي- Cultural plague ) 

داگیرکردنەوەی شاری هەولێر لەلایەن سوپای بەعسەوە، لە ٣١ی ئابدا، هەر باڵادەستیی و هەژموونی عەسکەریی و ئابووریی و سیاسیی،  پارتیی دیموکراتی کوردستانی لێنەکەوتەوە، بەڵکو تاعونێکی سیاسیی و کولتووریی و مۆڕاڵییشی بەدوای خۆیدا هێنا. تاعونە کولتوورییەکەی، لەهەموویان کاریگەرتر و بەژانترە. ئەم تاعونە کولتوورییە، وای لە  ئینسانی کورد کرد، وای لە مرۆڤە رۆشنبیر و خاوەن فیکرەکانی کورد کرد، ئاسایی بێت، لەگەڵ دەسەڵاتدا مامەڵە بەهەموو شتێکەوە بکرێ. لەکاتێکدا، لەسەردەمی بەعسدا، وەک لایەنی مۆڕاڵیی، ئەمە وەک تابوو، ئەژمارد دەکرا. 

تاعونی کولتووریی کە لە ٣١ی ئابەوە، برەوی پەیداکرد، ئیتر جاشایەتیی و جەیشی شەعبیی و بەعسیبوونی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان، وەک ناوگەلێکی قێزەون، کاڵبوونەوە، چونکە دەسەڵاتی کوردیی، وای لە تاکی کورد کرد، بۆ هەموو شتێ سوجدە بەرێت! رۆشنبیرانی  “کورد”یش بەر ئەم عیللەت و تاعونە کەوتن و نزیکەی ١٧ ساڵیشە، ئەم درمە، بڵاو دەبێتەوە. بەشدارییکردن و هاوکارییکردنی هەندێ نووسەری خاوەن شۆهرەت، بۆ رۆژنامەکانی دەسەڵات  بە گشتیی و ماستەرمایندی ٣١ی ئاب بەتایبەتیی، هەر مێکیاژکردن و پڕفرۆشیی و ئیعتیباری بڵاوکراوەکانی حیزب نییە، بەڵکو ئالوودەبوونە بەو تاعونە کولتوورییەی، خەریکە زۆرینەی تاکی کورد دەگرێتەوە.    

لە کۆتاییدا، پێویستە ئەوە بگوترێ، نووسەر لە وەسفێکی جواندا، پارلەمان بە حەمامێک دەچوێنێ کە سیاسییەکانی کورد بە جلەوە، خۆیانی تێدا دەشۆن. باشە، جیاوازیی چییە، لەنێوان ئەو عینادە فیکرییەی خۆی و ئەو هەموو سمکۆڵکردنە لەسەر ئارگیومێنتی بەفاشییکردنی ئەو دیاردەی کتێب سوتاندن و کتێب بەئاودانەدا، لەلایەک، بەبەراورد، لەگەڵ ئەو هەموو  تەماع وهەڵپەو نەوسنیی و خۆهەڵکێشان وفشەفش و سەفسەتەیەی هەندێ لە کاندیدەکانی  ئەو حەمامە سیاسییەدا، بۆ ئەوەی دەستیان لە ئیمتیازاتەکانی ئەندام پارلەمانیی گیر بێت، ئامادەن،  هەموو ساختەکارییەک، لە سی ڤی و پرۆفایلەکانیاندا، پێش دەستپێکردنی کەمپەینی هەڵبژاردن بکەن؟  ئایا  بۆ هەردوولایان( نووسەر و کاندیدەکانی پارلەمان) مەسەلە ماددییەکە، سەرمایە ماددییەکە  نییە، کە تەبریر بۆ خۆیان دەهێننەوە؟ بەکورتییەکەی، لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا، دنیایەک ئاڵوگۆڕی سیاسیی و کولتووریی و ئایدیۆلۆژیی بەسەر سێکتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردیی و دەسەڵاتی کوردییدا هاتووە، خێر بوو لەهیچ یەکێک لەو رووداو و دیاردانەدا، نووسەر، جورئەتی نەکرد، فاشیزم بەو بێدەربەستییە فیکرییە بەکار بهێنێت، بەڵام بۆ فاشیستبوونی! هەندێ گەنجی کەلاریی، بۆ قازانجی ماددیی لە رۆژنامەیەکی حیزبییدا، بێبەزەییانە و ئایدیۆلۆژییانە بەکاری هێناو ئێستاش بۆ تەعمیمکردنی، خەریکی تیۆرایزی بابەتەکەیە لەئاستێکی بەرینتردا؟ ئایا ئەم ترۆمبیڵە فاشییە، لەناو قوڕولیتاوی تاعونە کولتوورییەکەی ٣١ی ئابەوە، خراپ نەچەقیوە؟

کامیار سابیر
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.