Skip to Content

Sunday, June 16th, 2024
ئەو دۆزەخەی ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە..

ئەو دۆزەخەی ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە..

Closed
by August 26, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

 

قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بریتی نییە لە یەکێک و دووان، و کێشەیەکی ئاڵۆزو گەورەی پڕ لە پارادۆکسە. سنووری شتەکان چونەتە ناو یەکترو هیچکامیان بەڕەنگی خۆیان نین.  بۆ لەحزەیەکیش چییە لەئاڵوگۆڕ ناوەستێت. بەڵام یان قۆناغەکان خۆیان دووبارەدەکەنەوە، یانیش لەخراپەوە بۆخراپترو، و لەپەرتگەیەکەوە بۆ پەرتگەیەکی تر. و ئەوەی لەم ناوەدا کەمترین تیشکی گۆڕانی بەردەکەوێت، مێشک و بیری بەشی هەرەزۆری مرۆڤەکانی ئەم دەڤەرەیە. کە سیستەمگەلێکی شاراوەی دەمامکدار، و هەندێکی تری ڕووهەڵماڵڕاو، بەڵام سەرسەخت و بێڕەحم و پاشڤەڕۆ… هێشتا لە هەرچی بڵندترکردنی دیواری نێوان تاریکی و ڕوناکی ، مەرگ و ژیان، جوانی و دزێوییدان… و لە خواستی بەندکردنی خۆرو ئازادی و ژیاندان.

ململانێیەکە لە نێوان خراپ و باش، خراپ و خراپ، باش و باش… مرۆڤ وەک پەلەوەر دەکوژن و دەکوژرێن و سەردەبڕدرێن و سەردەبڕن.. بێئەوەی دەستکەوتێکی بەدواوەبێت.. تاک تاک، یان گروپ گروپ، بەخەواڵوویەوە خۆلەجێگایەکدا دەبیننەوە کەشوێنی ئەوان نییە. قوربانییەک دەدن کەبۆ بارەگای شەیتان دەڕوات و خۆبەخشانە باجێک دەدەن بەهای ئەو چەکەیە کەڕووی لەخۆیانە و سەنەدێک واژۆدەکەن کەحوکمی مەرگی خۆیانە. 

لەشوێنی خۆیدایەتی بپرسین، چما ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەردەمی کۆڵۆنیالیزمەوە، هەرگیز ئارامی بەخۆیەوە نەدیتووە..؟ و پێشتریش ئەوە هەرباس ناکرێت..؟ لەبەرچی ئەم هەموو ئایدۆلۆژیاو بیروباوەڕو مێتۆدە جۆربەجۆرانەی حوکم تاقیکرانەوەو هەموو لەهەموو شکەستیان هێنا..؟ لەبەرچ هۆکارێک، دیموکراسی ئەو درەختە نامۆیەیە کە لەکێڵگەی ڕۆژهەڵاتدا شین نابێت..؟ و بۆچی ئەخلاقی مرۆڤایەتی لای ئێمە کۆچیکردووەو بێباوەڕی و دوودڵی لەهەرشت جێگای گرتۆتەوە..؟  بۆ چ موعجیزەیەک بگەڕێین تا لەم گێژەڵوکە تاریکە دەرمان بێنێت..؟

وەڵامی ئەم پرسانە، هێندە ئاسان وسادەنییە. هۆکارەکان کەڵەکەبووی چەندان سەدە لە ستەم و زۆرداریی مەزهەبی، وسیاسی…، دەستێوەردانی دەرەکیی، و  ململانێی بەرژەوەندییەکانە، کەڕەنگە بتوانرێ تائاستێک لەچەند خاڵدا خڕبکرێنەوە:

١- ئۆتۆریتەی مەزهەبی: یەکێک لەهۆکارە هەرەسەرەکییەکانی قەیران، هەبوونی ئۆتۆریتە(مرجع) ێکی ئیسلامییە کە لەسەر بنەمای فتوا دەست لە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی وردەدات و خاوەنی هیچ پرۆژەیەکیش نییە. بەڵکو ئامانج لەکاروکۆششیدا مرۆڤ و مرۆڤایەتی نییە. بەقەدەر ئەوەی دەسەڵاتی سیاسیی و ژیانەوەی دیرۆکێکی لەدەست دەرچووی ساختە بەدەستبخاتەوە. و لە روئیاو خەیاڵیکدا گینگڵ دەخوات، کە لەنێوخۆشیدا هەمووان یەکناخات و ئەفسانەگەلێک دادەتاشێت کە مێشکی مرۆڤ لەکاری داهێنان پەکدەخات و دەیکاتە بوونەوەرێکی بێدەسەڵات، کەوەک بووکەڵەی یاری، بەوپەتانەوە پەیوەستە بووە، کەبەدەست سیحربازانێکەوەیە. سیحربازانێک کە نەک لەتەلاری سیحربازیدا، بەڵکو لەمزگەوت و تەنانەت کۆشکی پادشاکان و سوڵتان و میراندا نیشتەجێن و ئارەزووی خۆیان دەکەنە خواستی خواوەندیی و ڕۆژی هەزارجار ئەخلاقی مرۆڤایەتی تیرباران دەکەن و سروشتی شەڕانیی مرۆڤ دەکەنە ئەو تابلۆ پیرۆزەی لەگەڵ هەر بانگی (اللەاکبر)ێکدا لەبەرگی فریشتەیەکی ساختەدا دەردەکەوێت.

ئەم ئۆتۆریتە ساختەبازە، تەنیا کۆمەڵێک لەپیاوازی ئاینی مەندیل بەسەر نین بەڵکو وڵاتی بەتواناو دەستڕۆیشتووی وەک عەرەبستانی سعودی، سەرقافڵەیانە.

عەرەبستانی سعودی کە زۆربەی هەرەزۆری سەرەپەتەکانی لەدەستدایەو لەگەڵ دەستپێکردنی هەر گۆڕانکارییەک بەدەمامکی جیاوازەوە بە قورسایی ماڵی و ئایینی نەریتیی خۆی دەکەوێتە گۆڕەپانەکەو ڕێڕەوی ڕەوتەکە بەلایەکی تردا لەوەی دەخوازرێت دەبات. عەرەبستانی سعودی مەکۆی تێرۆر تاریکپەرستی و بیروباوەڕی تێکوپێکدانە… بەبەراوردکردن لەگەڵ ئێراندا مەترسیەکەی لەوەدایە کە توانای ڕاکێشان، یان بێدەنگکردن، یان بێکاریگەرکردنی ڕای گشتی جیهان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیەو بەحوکمی فراوانیی و ئاستی بڵندی پەیوەندییە دیپلۆماتیکییەکانی و ڕۆڵی لە سەر ئاستی ئابووری و سیاسیی جیهان و پەیوەندی توندوتۆڵی بەئەمەریکاو ڕۆژئاوا، و کاریگەرییە نەریتییەکەشی لەوەی میراتگری خەلافەتی ئیسلامییە، لەڕیزی هەرە پێشەوەی ئەو مەترسیانەدا دادەنرێت کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوەو لەژێر کاریگەریی ئەم وڵاتەدا هەر گۆڕانکارییەکی باش دەبێ بەکۆسپی بڵندو فلتەری ئەم وڵاتە پاشڤەڕۆیەدا ڕەت بێت. 

٢- سیستەمی سیاسیی جیهان: دوابەدوای هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریای عوسمانی، دەوڵەتانی زلهێزی ڕۆژئاوا، بێ بەربەست، بۆ چنینەوەی دەسکەوتی مادی و سیاسیی ستراتیژیی، کەوتنە گیانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەک خۆراکی سەر سفرەیەک کەوتنە دابەشکردنی. و لەمیانی ئەو پرۆسە ستەمکارو نامرۆڤانەیەدا بەوجۆرەی کە بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەیخواست، چەندان دەوڵەتی ساختەیان دامەزراند. کە تەنیا ڕیکەوت، نەوەکو هیچ پێویستییەکی دیرۆکیی بووە هۆکاری درووستکردنیان. و بەهەوای شان سنووری نێوانیان کێشانەوەو لەشوێنێک خاک و مرۆڤی یەک کۆمەڵگای وەک کوردستانییان لەتوپەت کرد. و لەشوێنێکی تر تاکەخێڵیکیان لەشێوازی خێڵنشینەکانی کەنداو کردە دەوڵەت و لەجێگایەکی تریش نەتەوەیەکیان لەهەندارانەوە خڕکردەوەو دەوڵەتێکی زۆردارو ملئەستووریان دامەزراندو ناویان نا ئیسرائیل. و بنەماکانی دامەزراندنی ئەم دەوڵەتەش لەسەر دیرۆکێکی ساختەی، ساختەتر لەوەی موسوڵمانان ، و بەپشبەستن بە چەند تێکستی بەناو پیرۆزی درۆینەی، درۆتر لە وەی موسوڵمانان..! و بەبەهانەی پاراستنیان لە پاکتاوکردن، کەوتنە پاکتاوکردنی نەتەوەیەکی ترو داگیرکردنی خاکێک کەهی ئەوان نییەو لەمەش خراپترو بێ ئابڕوانەتر دەسەڵاتێکی ئایینی بەناو سکولاریان دامەزراند و بەچەکی مەزهەب، لەوەی نەتەوەی هەڵبژێردراوی خواوەندن و لەهەوڵی بەدەستهێنانەوەی خاکێکن کە خواوەند پێی بەخشیون، ! وەکو کوللە بەربوونە گیانی ڕۆژهەڵات. و لەبەرپەرچدانەوەی ئەم دەستدرێژیە زاڵمانەیەشدا سەدان موسوڵمانی ناوچەکەو جیهان وایانزانی  بۆ داکۆکی لەخۆکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەلامارە هەمەلایەنە بێ ئەمانەدا جگە لەچەکی مەزهەب شتێکی تر لەتوانادا نییە. و لەبەر ئەوەش کە پارسەنگی هێزی دوولا لەڕووی سیاسیی و تەکنیکی نیزامییەوە هاوسەنگ نییە، بێهیوایی باڵی بەسەر موسوڵمانان و عەرەبدا کێشا، و بڕیاری خۆکوشتنیاندا. لەمرۆڤی ئاساییەوە بوونە کێوێک لەڕق و کینەو بێ بەزەیی، و خۆلیاو شەیدای تۆڵەسەندنەوەو تەواوی ئابڕوو، و شکۆمەندیان لەمزگەوتی ئەقسادا بەندکرا و دروشمێک پەیڕەوکرا: یان دەبێ ئێمەش ئابڕوومەندانە بژین، یان جیهان و مرۆڤایەتی بە ئێمەوە بمرێت. ئەمەش ئەم بارودۆخەیە کە ئەمڕۆ دەبینین و بەلای ئەم بێهیوا خۆکوژکانەوە گرنگ نییە لەگەڵ خۆتەقاندنەوەو مەرگی ئەواندا کێ و بەچ ژمارەیەک ژیان لەدەستدەدەن..! ئیتر چەندان نەفش لەمرۆڤی ئەم هەرێمە کە لەکینەو دڕندەییدا گەورەبوون، هێشتا بەباشی نازانن چی بەچییە، ڕێگای بەهەشت بەهۆی ئەو بەلەمەوە دەگرنەبەر کەبەدەریای خوێندا ڕەتدەبێت.

بەرەی ئەملاش کە بەناو جیهانی مۆدێرن و ئازادیخوازە، بەدوو دەمامکی جیاوازو دژ بەیەکەوە، ڕۆژێک پشتیوانی تێرۆردەکات و بەڵکو درووستی دەکات. و ڕۆژێکی تر لەدژی دەجەنگێت و دەبێ لەگەڵ ئەویشدا جیهان بجەنگێت. ئەودەوڵەتەی لایەنگری ئەوان بێت، دەتوانێ جەنگ هەڵگیرسێنێت و چەکی کۆمەڵکوژی هەبێت و بەکاری بهێنێت و بەکۆمەڵ ناڕەزایانی لەداربدات. و ئازادییەکان بخنکێنێت. ئەوەش کەلەبەرەی ئەواندا نەبێت، تەنانەت بوونی ناڕەواو نەشیاوە. 

هەربۆیە مرۆڤی ئەم هەرێمە، ناتوانێ سیمای دۆست و دوژمنەکانی خۆی لەیەکتر جیاکاتەوە. سەرلێ شێواوانە هەر ڕۆژە بەدوای دروشمێکەوەیەو بۆتە ئەو ڕانەمەڕەی هەرڕۆژەی شوانێکی درۆینە بەگورگانخواردووی دەدات. 

٣- ڕژێمەکانی پێشوو، وئەڵتەرناتیڤەکان: کاتێک ڕژێمە کۆنەکان دەڕۆن، میراتێک لەگەندەڵی و گرفت لەهەموو بوارەکاندا جێدەهێڵن. ئەو هێزو لایەنەی پاشان دێتە سەرکار لەباشترین حاڵەتدا، کات، توانای بەڕێوەبەرایەتیی، توانای ماڵی… زۆری پێویستە تا کاروبارەکان بخاتەوە سەر ڕێچکەی ئاسایی خۆی. و لەبەر ئەوەی ئەم سێ فاکتەرە بەزەحمەت و دەگمەن پێکەوە لەبەردەستاندا دەبن، زوو خەڵک بێهیوادەبن و جارێکی تر ناڕازیبوون سەرهەڵدەداتەوە. بەڵام هێشتا ئەمە گرفتە سەرەکییەکە نییە. بەڵکو لەبەرئەوەی دامودەزگاکانی ئەو ڕژێمانە لەسەر بنەمای دیموکراسی دانەمەزراون، لاوازو گەندەڵ و سەربەیەک دەسەڵاتی دیارییکراو بوون، لەگەڵ ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە گشت ئەو دامودەزگایانەش هەرەس دەهێنن. و ئیتر تا ماوەیەک وڵات بێ دامودەزگای دەوڵەوتیی بەسەردەبات و لەوبۆشاییەدا هەرلایەنە بەپێی ئەزموون و توانای ڕیکخستن و مرۆیی خۆی هێز بۆخۆی دەخوڵقێنێت. هەر حزب و خێڵ و ماڵباتێک… بۆخۆی دەبێتە خاوەن دەسەڵات و لەسەر پارچە زەویەکی بچوک یان گەورە ڕۆڵی دەوڵەتۆکە دەگێڕێت. و دەبێتە خاوەن مێلیشیای چەکدارو زووش پشتیوانێکی دەرەکیی لەپێناو ئەجێندایەکی تایبەتدا بەدستدەخات و دەبێتە ئامرازی جێبەجێکردنی پرۆژەیەک کە هی خۆی نییە. ئیتر دەوڵەتی نێوەندیی لەقاوغێک بەولاوە شتێکی لێ نامێنێتەوە. کەشوهەوایەک درووست دەبێت، کە شەڕی نێوخۆو شەڕیی تایەفی دەبێتە واقیعێکی حاشاهەڵنەگر. و نموونەی ئەمە زۆربەباشیی لە عێراقی دوای سەدام و لیبیای دوای قەزافیی دەبینین و سووریاش بەرەو ڕەوشێکی وەهاو خراپتریش دەڕوات.

ئەو ڕژێمانە، تەنیا لەسەردەمی بوونیاندا کارەساتساز نین بەڵکو دوای لەناوچوونیان کارەسات بەمیرات جێدەهێڵن. 

ئەوان لەسەردەمی حکومەتکردنیاندا ڕێگایاننەداوە هێزی بەرهەڵستکار بەشێوازیی سروشتیی و لەئاکامی پرۆسەیەکی دیموکراسیەوە درووست بێت و گەشەبکات. هەمیشە دەسەڵات و سەرۆک بێ ئەلتەرناتیڤ دەهێڵنەوەو بۆئەوەی کەس زاتی ئەوەنەکات ئەوانە لەسەر کار لابەرێت. قەدەری هەمووان بە مانەوەی یەک کەسیاتیی و یەک دەسەڵاتەوە گرێدەدرێت. ئیتر کاتێک ئەو سیستەمە هەڵدەوەشێتەوە، دەبێ هەموو شت سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوەو هەرکەس خۆی دەکاتە ئەڵتەرناتیڤ. و ئەو هێزە کاریگەرەی خەڵک کە عەفەویانە ڕاپەڕیوەو بەهێزو توانای ئەو ڕژێم ڕووخاوە، لەبەر نەبوونی ئەزموون، و هێزیی ڕێکخستن… دەسەڵاتی لەدەست دەردەهێنرێت و بەڵکە دووردەخرێتەوە. و نموونەکانی میسرو تونس لەمڕووەوە جێگای سەرنجن.

ئیتر هەر ئەلتەرناتیڤێک دێتەسەرکار لەبری پرۆژەی چارەسەریی، سەرەتا بە پرۆژەی قۆرغکردنی دەسەڵات و سەپاندن و سڕینەوەی دژبەرەکان و تۆڵەسەندنەوە لە دەسەڵاتدارانی پێشوو… دەستپێدەکات. و دوای ماوەیەکی کەم بێ شایستەیی ئەو هێزە لەبەرانبەر چارەسەریی کێشەکاندا دەردەکەوێت و خەڵکێک کە سەرەتا خوازیاریی گٶڕانکاریی بوون و پێیانوابووە هەر ڕژێمێک بێت لەوەی پێشوو باشتر دەبێت و لەبیردەکەن کە خراپیی لەحوکم و دەسەڵاتدا سنووری نییە. زۆرزوو بێهیوادەبن. و کەش و هەوایەکی وا قەیراناوی دێتە ئاراوە کەس لەکەس ڕازی نابێت و هیچکامیش لەلایەنەکان باوەڕو متمانە بەوەی تر ناکات. و لەوبارودۆخانەدا ئەگەر دەجاریش ڕەوتە ئیسلامییەکان تاقیکرابنەوەو فەشەلیان هێنابێت، لەکۆمەڵگایەکی نەریتیی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێشتا خەڵک ڕوو لەوان وەرناگێڕن. چونکە بێهیوایی دەگاتە ئاستێک کەتەنیا موعجیزەو توانای غەیبیی، بە فریادڕەس وپەناگە دەزانن. لەبەر ئەوەی هێزە مەزهەبییەکان بانگاشەی وەها توانایەک و هەبوونی پشتیوانەی خواوەندی دەکەن، هێشتا توانایەکی زۆری ڕکێفکردنی جەماوەریان لەدەستا دەمێنێتەوە.

ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی کە بۆخۆی لەژێر ستەمدا بووە، وەک چارەسەری خواوەندیی خۆی پێشکەش دەکات و پشت بەدیرۆکێکی ساختە لەوەی نموونەیەکی بێوێنەی خواوەندیی ڕابردوو زیندودەکاتەوە، دەبەستێت کەهەبوونی نییە. و کاتێکیش دێت و بێ هەبوونی هیچ پرۆژەیەک پەنا بۆ ڕستەو دەستەواژەی ئامادەکراوی ناو شەریعەتی ئیسلام دەبات لەفەشەل بەولاوە ئاکامێکی نابێت. بەڵام زێدە مایەی ئازارە کە هێشتا خەڵک ئەم هەموو نموونانە بەچاوی خۆیان دەبینن کەچی هێشتا پێیانوایە، فەشەل لە کەس و لایەنەکاندایە نەک لە ئایدیۆلۆژیاکەوە کە هیچکات خاوەنی دیرۆکی سەرکەوتن لەپێناوی مرۆڤایەتیدا نەبووەو ناشبێت. مرۆڤی بەختڕەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەحکومە بە هەڵگرتنی ئایدیۆلۆژیایەک کە هیچی پێ نییە جگە لە روئیاو خەیاڵاتێک کە لەخەوندا هەبوونیان دەبێت. ودەبینین قاعیدەو تالیبان قبوڵدەکات و پاشان ڕەتیدەکاتەوەو بەڕەوتی سەلەفیەت جێگاکەی پڕدەکاتەوەو کاتێک ساختەبوونی ئەویشی بۆدەردەکەوێت، پەنا بۆ ئیخوان دەباتەوەو… لەبازنەیەکی داخراودا گیری خواردوەو توانای دەربازبوونی ئەو بازنە تاریکەی وەها لێ سەلب کراوە، کە چاوەڕوانی هەڵهاتنی خۆری ڕۆشنگەریی و بێداری لەخەون و سڕبوونی ئەفیونە هێشتا لەهیچ ئاسۆیەکەوە دیار نییە. 

٤- پرۆسەی کۆپیکردن:  مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بوونەوەرێکی خواست زەوتکراوە، ئەومرۆڤەیە کە لە ئەفسانەدا چاوهەڵدەهێنێت، و لەئەفسانەشدا لێکیدەنێت.

نەفشێک دەڕوات و یەکێکی تر دێت، هەمووشتێک کۆپیکراوی یەکترە. باوک دەخوازێت کوڕ وەک باوکی بچێت نەکەمترو نەزۆرتر. و کچیش وەک دایکی: لاواز، بێدەسەڵات، دواکەوتوو، داپۆشراو،حساب بۆنەکراو…کەس بۆی نییە باوەڕی مەزهەبیی هەڵبژێرێت چونکە ئایینیی باوک ڕاسترین و خواوەندیترین ئایینە. هەرکەس سەر بەڕەسەنترین نەتەوەو ئابڕوومەندترین خێڵ، و نەجیبترین بنەماڵەو، کوڕی جوامێرترین باوکە… پیاوی باش و عاقڵ، ئەوەیە لەهەمووان ملکەچتربێت. گەورە فیرعەونەو بچوک کۆیلە.. کولتوور، خوو، و نەریتی باوک و باپیر .. چۆن هاتووە هەردەبێ وابێت. کەس بۆی نییە تۆزقاڵیک بیگۆڕێت ولێی لابدات.. باوک زۆردارو بێ بەزەیی و نالێبووردە. کوڕیش هەروەک باوک. پیاوی پیاو دڵڕەق و هەوەسبازو بەنامووس.. نامووسیش بریتییە لەژن..! هەموو شکۆمەندن، هەموو عاقڵ، هەموو دیندارو خواناس…، عەقڵیش بریتیە، لە شەهادە، تەزویریش بێت گرنگ نییە. بریتییە لەسامان هی دزیش بێت، کێشە نییە. بریتییە لە مەنسەبێک، بەکڕنۆش، و خۆفرۆشیش بەدەستهاتبێت، عەیبێک نییە…! هەموو جیهان بسوتێنە، هێند بکوژە، تەرمی مرۆڤ وەک لیژنەدار بەسەریەکتردا هەڵچنە…  یەکجار بڵێ بۆ وڵاتە، تەواو دەبێت، بێتاوانی.

هەموو عاقڵین، بەڵام توانای درووستکردنی حەبێکی ژانەسەر، خشتەیەکی ناو دیوارێک، یەک لاپەڕەی کتێبێک، کە هی عەقڵی خۆمان بێت، بورغویەکی سادە، و تەنانەت دوگمەی کراسێکمان نییە… جا بۆچی هەمان بێت، بۆچی عارەق بڕێژین. ئێمە گرنگ ئەوەیە پارەمان هەبێت، بەبەردەستان، لەخزمەتکارو نۆکەر دەورەدرابین.. بە پێی مۆدێل، ئۆتۆمبێل و  مۆبل و هەرچی زۆرتر خانووبەرەو زەوی و زارمان بەناوکرابێت.

ئێمەی ڕۆژهەڵاتیی، پێناسەمان بۆ چەمکی ژیان نییە. و واشدەزانین، هەرگیز نامرین چونکە منداڵەکانمان کۆپیکراوی خۆمانن، و هەزارساڵ بەرلەئێستا چ جۆرێک بووین ئێستاش هەرواین. 

*****

ئێستا، بێگومان، هەرکەس ئەم پرسیارە بەمێشکیدا گوزەردەکات، کە: چ شتێک کۆتایی بەسەردەمی ئەم دۆزەخە دێنێت، و کەنگین دەبێت..؟ بەڵام وەڵامەکەی لەتوانای نووسیندا نییە. چونکە گەرچی زۆربەئاسانی دەتوانین بڵێین بەنەمانی ئەو فاکتەرانەی لەسەرەوە باسکران و بێکارییگەرکردنیان کارەساتەکانیش کۆتاییان دێت. بەڵام ئەمە چ دەردێک دەرمان دەکات کە هێشتا میکانیزمەکانمان لەبەردەستاندا نەبێت..؟ و پێویستە پرسیارەکان هەمیشە بەدوای ئەمەدا بگەڕێن کە میکانیزمەکانی وەرچەرخان کامانەن…؟

مرۆڤ کە خواردنێکی ژەهراوی خواردو پێی نەخۆشکەوت جارێکی تر نایخواتەوە، و ئەگەر بەڕێگایەکدا ڕۆیشت و بەرەو پەرتگەی برد دەگەڕێتەوەو بەشوێن ڕێگایەکی تردا دەگەڕێت… بەڵام ئەو هێزەنەریتیانەی چەندان سەدەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک باکتریا، جەستەی کۆمەڵگاکان ئیفلیج دەکەن، و وەک مۆرانە مێشکی مرۆڤ گەندەڵ دەکەن و ژەنگ دەکەنە ناو خوێنی… کەچی هێشتا بەملیۆن شان ئامادەیە بکرێتە پەیژە تاسەرکردەیەکی تووشبووی شیزۆفرینیا، چەقاوەسوویەکی بێشەرمی درۆزن، قەسابێک کەلەقەسابخانەکەیدا ڕۆژانە مرۆڤ سەردەبڕدرێن… بەرزکاتەوەو  لەعەرشی هەڵچنراو بەکەللەسەری مرۆڤ و ڕەنگراو بەخوێن و داپۆشراو بە ڕەنج و ئازار… خواوەندیی بکات..!

چەندان سەدەیە، شەووڕۆژ، لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە، لە دووتوێی پەڕتووکە ساختەکانەوە، لەڕادیۆو تەلەفزیۆنەکانەوە، لەزاری دەرباریی و ماستاوکەرانەوە… باسی خواوەند دەکرێت. ئەو خواوەندەی ژیان و مەرگی بەدەستە، ئەوخواوەندەی ڕۆژێک میهرەبانەو ڕۆژێکی تر ڕقئەستوور، ئەوەی مرۆڤ لەبەرانبەریدا کۆیلەیەکی هەرزەو بێدەسەڵات و بێ بایەخە… ئەمانە ئەوانەن کە هەمیشە گوتراون و گوتراونەوە، تائیتر شوێنێک نەماوە تێدا بنوسرێت و کاتێک نەماوە تێیدا بگوترێت. بەڵام هێشتا گەلێکی تر ماون لەسیفاتەکانی خواوەند کە نەگوتراون: ئەوەی کە ڕۆژێک پادشایەو ڕۆژێک سەرکۆمار، ڕۆژێک پۆلیسەو ڕۆژێک ئەفسەر، ڕۆژێک موخابەراتە و ڕۆژێک زیندانوان، ڕۆژێک مەلایەو ڕۆژێک سەرۆک خێڵ، ڕۆژێک سەرکردەیەکی تالیبانەو ڕۆژێکی تر سیا (CIA)، ڕۆژێک بەعسیەکەو ڕۆژێکی تریش پاراستن…

گۆڕانکاریی لە دامودازگاو یاساو ڕێساو شێوازی حکومەتدا تێری ئەم هەموو قەیرانە ناکەن و تاگۆڕانکاریی لەعقڵی گشتیدا بەدی نەیەت، هیچ چارەسەرییەک تیشکی سەرکەوتن نابینێت و بەدیهاتنی ئەم گۆڕانکارییەش کاری هەرەسەخت و دژوارو ئاڵۆزو درێژخایەنە. کە بە سکورالیزم دەستپێدەکات. بەدڵنەرمی ولێبووردەیی و توانای تەحەمولی یەکتردا ڕەتدەبێت. و بە ئازادیی ودادوەریی ، بەردەوام دەبێت. و بەداهێنان و گێڕانەوەی شکۆمەندیی بۆ عەقڵ و بیر، وتووڕدانی لاسایی و شوێنپێکەوتنش دەچەسپێت.

جیهان لەوکاتەوە کە مرۆڤ بەردێکی کردە ئامرازی بەرهەمهێنانی تا ئەمڕۆ، هەر بەدەست و عەقڵی خۆی هەرپەرەسەندنێکی بەدیهێناوە. لێرەبەدواش جگەلەخۆی شتێکی تر چارەسەریی بۆ ناهێنێت. و ئەو ڕۆژگارەش هەردەبێ بێت..!

 

    دارا مەحمود

          darachimen@hotmail.com    

25/08/2013

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.