Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
هیچتان لێ ون نەبووە ؟؟ … نەوزاد بەندی

هیچتان لێ ون نەبووە ؟؟ … نەوزاد بەندی

Closed

 

 

 

 

 

-0-

بیرتان ئەکەم :

تۆزى تەباشیر ..

کەرى نانە وردە ..

عەرەبانەى تریشقە ..

بیرتان ئەکەم ..

دانولە ..

ئیزاعەى بەغدا ..

سەمونى ناو تورەکەى سپى ..

گۆرانیەکەى دیموقرات تەها : ڕاڤە جوتیار ..

بیرتان ئەکەم ..

بۆنى قەرەخەرمانى ماڵان ..

دەنگى لێدانى دوو هەڵمات ..

ژەنگى عەمودى کارەبا ..

تەمسیلى شەوى چوار شەممان ..

چەقۆى ئەبو ئەڵقە 

کاسێتى سلڤەر .. فلێبس ..

کەل و پەلى قاچاخ لە شانێرى و قەڵاچوالان ..

گۆرانى : چەخماخ لێیدە ..

چراکەم هەڵنەکردووە  

کەوشم بۆ یار کڕیبوو ،

تاکێکیم ونکردووە ..

بیرتان ئەکەم 

کامیل دەباغ ،

ئەلعیلمو لیلجەمیع ..

موئەیەد ئەلبەدرى ، ریازە فی ئسبوع ..

زنجیرەى ڕۆهاید ..دوخانولبەنادیق ..

بیرتان ئەکەم ..

بۆنى شلە و برنج و پیازى قرچاوى ،

ڕاڕەوەکانى بەشى ناوخۆیى ..

قیژ و قاژى ڕیشۆڵەکان ..

شەڕى نێوان ڕەهێڵەى و ڕەشەباى ،

نیوە شەو و

بارانى تێکشکاو ،

بە پەنجەرەى ژوورەکەمانەوە ..

بیرتان ئەکەم ..

هەژاریى ..

پانتۆڵە پینەکراوەکانم ..

پێڵاوە دڕاوەکانم ،

کە نەیانئەتوانى نە ڕێگا لە باران بگرن ..

نە داواى ناسنامە لە چڵکاوى شەقام بکەن ..

ئەهاتنە ژوور ..

بیرى ئەو ئێوارەیە ئەکەم ،

کە پانتۆڵەکەم ،

بە درێژایى ئوتوەکانى ، ڕزین .. دڕان ..

بەڵام بیرى ئەو ڕۆژە ناکەم کە زانکۆم تەواو کرد ..

بیرى ناکەم .. نا ..

چونکە ئەو ڕۆژە خواحافیزیم لە خەون و

لە عیلم و

لە یار کرد ..

ئەو ڕۆژە تابلۆیەک لە ناخما گڕى گرت ..

ئەو ڕۆژە پێنوس و

هۆڵى پڕ لە عەترى زانکۆ ..

گۆڕا بۆ چەکێکى ژەنگاوى و

دەشتێکى سوتاوى پڕ لە سەگ ،

بە ناوى مەعەسکەر

 

-1-

ماندوو بوم ..

پێویستم بە ئیسراحەتە ..

کەى بیًَژەرەکە ئەڵێ :

(بینەرانى بەڕێز ..لێرەدا هاتینە کۆتایى

بەرنامەکانى ئەمشەو .. تاکو سبەی ئێوارە بەیەک ئەگەینەوە ،

بە خواتان ئەسپێرم .. خواتان لەگەڵ ..)

ئینجا داڵەکە و سڵاوى کۆماریى ..

 

-2-

جاران ئەمنە سوورەکە ئەیترساندین ،

کە لێى نزیک ئەکەوتینەوە ئەمانوت :

تۆبە ..ئەستەغفیرەڵڵا ، خوایە گیان ڕێمانى تێنەکەوێ ..

ئێستایش خەستەخانەى هیوا ئەمانتۆقێنێ

کە لێى نزیک ئەکەوینەوە ئەڵێین :

تۆبە .. ئەستەغفیرەڵڵا ..خوایەگیان ڕێمانى تێنەکەوێ ..

 

-3-

لەو دیو دەرگاى حەوشەوە ،

مەرکانەیەک ماندبونەبونى لێئەکردى ..

جامێکى فافۆنى ئەدایە دەستت ،

پرٍِ-پڕ لە ئاوى سازگار ..

سێپاى مەرکانەکەیش ،

وەک مناڵێکى سێ ساڵان ،

بە چاوى مۆلەقەوە ، تەماشاى ئەکردى ..

 

-4-

دوو بێژەرى کچ هەبوون : 

نەسرین مەحمود و پەروین مەحمود ..

دوو بێژەرى پیاو هەبوون :

هاشم و حەمەومین ..

سێ ئەکتەرى دیار هەبوون :

مەکى عەبدوڵڵا و عومەر چاوشین و ئیسماعیل بەرزنجى ..

بو بون بە بەشێک لە ئەندامى خێزان ..

شەوێک نەمانبینینایە ،

بیرمان ئەکردن ..

 

-5-

بلۆکى هەموو خانوەکان دیار بوون ،

بەڵام خەم و خەفەت بە هیچ ڕوخسارێکەوە دیار نەبوو ..

دیاریش بووایە ،

دراوسێکان بۆیان دائەپۆشى و

ماکیاجى پێکەنینیان بۆ ئەکرد ..

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.