Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
ساڵى دۆڕان

ساڵى دۆڕان

Closed

  عەزیز ڕەئووف…..
 نابىَ باسى مێژوو بكەین، دەبىَ بیر لە داهاتوو بكەینەوە
                                       كۆندۆلیزا ڕایس
 ئەم كۆتەیشنەى وەزیرى دەرەوەى ئەمریكا چەند ناكۆكە لەگەڵ هەڵدانەوەى نەخشەى كۆنى كەركوك لە ئەنجومەنى حوكم  لەلایەن مام جەلالەوە. سەیركەن ئەوەى كە كورد لە مێژە خەباتى بۆ دەكات و بەشێكە لە ڕەمزى نەتەوەیەك كەچى خانمە ڕەشەكەى كۆشكى سپى پێمان دەڵێت لەبیرى بكەن باشترە.
 ئەم قسەیەى وەزیرى دەرەوەى ئەمریكا هێندە ترسناك و پشتشكێنە كە بەنسبەت منەوە ترسناكترین كۆتەیشنە كە سیاسیەك سەبارەت بەم هەرێمە دركانبێتى، بەجۆرێك كە ئەم قسەیەى ڕایس لاى من یەكێكە لە قسە ترسناكەكانى ئیدارەى سەرۆك بوش كە لە كۆتاییەكانى 2007دابەرامبەر بە ئەزموونى كوردى. بۆیە ئاساییە گەر بڵێم ئەن قسەیەى خاتوو ڕایس خراپترین و پشتشكێنترین قسەى ساڵى ڕابردوو دژ بە كورد و ئەزموون و مێژووەكەى كە مێژوویەك لێوانلێوە لە خوێن و قوربانى.
 ئەم كۆتەیشنەى خانمە ڕەشەكەى كۆشكى سپى ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت كە دەبێت سەركردایەتى سیاسى كوردستان ئەو خەیاڵە لە زاكیرەى خۆیدا بكوژێت كە هاوپەیمانى ئەمریكا تاسەر دەبێت. ئێمە ئەزموونێكى دوورودرێژمان لەگەڵ بێبەڵێنى سیاسەتى دەرەوەى ئەمریكادا هەیە كە دیارترین و كاریگەرترینیان تێكشانى شۆڕشى كوردى بوو لە ناوەڕاستى ساڵى حەفتاكانى سەدەى ڕابردوو.
 كاركردن لەسەر بەخشینى ئومێد و ئایندەیەكى گەش خەسڵەتى زۆرێك لە بزوتنەوە سیاسەكانى كۆمەڵگەى ئێمە بووە. هیچ شۆڕشێكى كوردى لە دنیادا شكنابەین كە سەركردایەتیەكەى بە ئاشكرا پێمان بڵێت سیاسەتى دەرەوەى زلهێزەكان سەبارەت بە كورد سیاسەتێكى نێگەتیڤە. بەڵام كەم ساڵ شك دەبەین هێندى ساڵى 2007 كە خەڵكى كوردستان بە مژدە و هیوا بژێت و كەم ساڵیش شك دەبەین بارتەقەى هەمان ساڵ كە كورد خۆى لەبەردەم كۆمەڵێك دۆڕانى گەورەدا ببینێتەوە.
 دیارترین كێشە كە پەیوەندى بە زۆرێك لە دروشمى پارتە كوردیەكانەوە هەیە كێشەى شارى كەركوكە. دەبوو لە كۆتایى ئەمساڵدا كێشەى ئەم شارە چارەسەر بكرایە، بەڵام نەك هەر نەكرا بەڵكو ئەمریكا لەڕێى سیاسەتى دەرەوەیدا داواى دواخستنى مادەى سەد و چلى تایبەت بە كەركوكى كرد.
 چارەسەرنەكردنى كێشەى كەركوك تەنها پەیوەندى بەو شارەوە نیە، بەڵكو پەیوەندى بە كۆى ستراكچەرى سیاسى و كۆمەڵایەتى ئێمەوە هەیە، چونكە كەركوك لە ماوەى زیاد لە چل ساڵ لە خەباتى ناسیۆنالیزمى كوردی لە عیراقدا دروشمى سەرەكى پارت و گروپە سیاسیەكان بووە. لە چركەساتى ئیستەماندا كە باس لە دواخستى ماددەى سەد و چل دەكەین تەنها باس لە جێهێشتنى شارێك ناكەین، بەڵكو بەو ڕاستیە ئاشنا دەبین كە جێبەجىَ نەكردنى ئەم ماددەیە چ شپازلەیەكى لە بناگوێى ناسیۆنالیزمى كوردى وەشاند. ئیدى دواى جێبەجێنەكردنى ئەم ماددە دەستوریە و نەگەڕانەوەى كەركوك هیچ سیمبولێك نەما كە كورد شانازى پێوە بكات و خەباتى لەپێناودا بكات.
 ساڵى 2007 ناشرینترین و پڕكۆسپترین ساڵ بوو بۆ كورد. لەم ساڵەدا كورد نەیتوانى هیچ كام لە دەستكەوتەكانى لە عیراقدا بێنێتەدى . لە مەسەلەى نەوت و پێشمەرگە و فیدرالى و بودجەى هەرێمەوە تا دۆڕاندنى متمانە بە سەركردایەتى سیاسى عەرەبى بە سوننە و شیعەوە كۆمەڵێك دەركەوتەبوون كە لە ساڵى 2007دا وەك ڕۆژى ڕوون بۆمان ئاشكرابوون.
 بەڵام دیارترین ڕووداوى سیاسى كە لە ساڵى 2007دا ڕویدا هەڕەشەكانى توركیا كە بەڕاستى بۆ ئەزموونى كوردى لە كوردستانى عیراق هەڕەشەگەلێكى تەواو پشتشكێن بوو. پێش ئۆپراسۆنى توركەكان سەرۆكى هەرێم هەڕەشى ئەوەى لە توركەكان كرد گەر بێنە هەرێمى كوردستانەوە ئەوا ئەم وڵاتەیان لێدەكەن بە گۆڕستان. هەرچەندە زۆرێكمان سەبارەت بەم قسانەى سەرۆك گۆمانمان هەبوو، بەڵام زۆرێك ئومێدى خۆمان خستە سەر قسەكانى. كەچى دواى ڕوودانى ئۆپراسیۆن بێدەنگیەكانى سەرۆك هێندە كاریگەر بوو كە گومانى لاى هیچ كەس نەهێشتەوە بەوەى كە پێشمەرگە ناتوانىَ ئەم هەرێمە  بپارێزێت.
 ئەزموونى ساڵى ڕابردو پێى وتین كە مامەڵەكردنى سیاسى ناكرێت تەنها لە ڕاگەیاندنى سەركردەكانەوە كورت بكرێتەوە كە لێوان لێوە لە مژدە و ئایندەیەكى باشتر و هیچ كام لەو مژدانەش بۆ یەك چركەش نایاتە دى. ساڵى ڕابردوو ئەو ساڵەیە كەدەبوو زۆرێك لە كێشە سیاسى و كۆمەڵایەتى و ئابووریەكانى تێدا چارەسەر بكرایە، بەڵام نەك هەر نەكرا بەڵكو بە هەموو ئەو كێشە و پرۆژە تەواو نەكراوانەوە خۆمان فڕێدایە ساڵێكى نوێوە.
 لە ساڵى نوێدا كورد تەنها چانسى ئەوەى هەیە سور بێت لەسەر ئەوەى كە بڕیار و ڕاسپاردەكانى ساڵآ ڕابردووى جێبەجىَ بكرێت، چونكە كورد گەر نەتوانێت كێشەكانى ڕابردووى چارەسەر بكات، بێشك چانسى ئەوەى نابێت لە ساڵى نوێدا پرۆژەگەى تر پێشنیار بكات، چونكە هەر پرۆژەیەك كە پەیوەندى بەم هەرێمەوە هەبێت بێشك پێویستى بەوەیە لە سنورى دروشم و وشەى"دەبىَ بەزوترین كات جێبەجىَ بكرێت" بچێتە دەرەوە، چونكە كۆمەڵانى خەڵك گوێچكەیان تەواو ڕاهاتووە بە دروشمگەلێك كە جێبەجىَ ناكرێت.
 ساڵى 2007 ساڵێك بوو لانى كەم هوشیارى كردینەوە لەوەى كە دەسەڵات لەم هەرێمەدا چانسى ئەوەى نەبوو كێشەى ئاو و كارەبا چارەسەر بكات كە لە كێشە سەرەتاییەكانى مرۆڤن، ئیدى چۆن چانسى ئەوەى دەبێت كێشە سیاسى و ئابوورى و كۆمەڵایەتیەكان چارەسەر بكات، كە چارەسەركردنیان پێویستیان بە عەقڵیەتێكى نوێ هەیە كە دەسەڵات لەم هەرێمە تۆزقاڵێك كارئاسانى بۆ نەكردووە.
 Azizrauf2003@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.