چەمکی [[بۆشایی رۆشنبیریی]] وەک تیۆرییەک بۆ لێکدانەوەی مێژووی هاوسەردەمی کورد
کورتەی وتارەکە:
مەبەست لە بۆشایی رۆشنبیریی ئەو بۆشایی یە هزریی و کەلتووریی و لەئەنجامدا سیاسییەیە کە لە ئەنجامی داگیرکردن و بەستنەوەی گەل یان کۆمەلگایەک بە دەسەلات و زمان و کەلتوورو دامەزراوەکان و ئابووریی و ستراکتووری سیاسیی دەولەتێکی تری سەردەستەوە دێتە ئاراوە بە تایبەتی کە ئەو دەولەتە داگیرکەر بێت و بە پلان و هێز نەخشەی تواندنەوەی زمان و کەلتوور و بیری سەربەخۆویی و رەوتی میژوویی خۆکردی گەلی ژێر دەست دابرێژێت. ئەم باسە ئەوە دەردەخات کە لە دوای شەری جیهانی یەکەمەوە ئەم پرۆسەیە کە نووسەر بە پرۆسەی مێژوویی سەرەوەیی یان سەر-مێژوویی ناو دەبات بە سەر کوردا فەرز کراو ئایدیۆلۆجییەتی دژەنەتەوەیی و کەلتوور و ستراکتوری دەسەلات و بەرژەوەندی مەرکەزەکانی دەسەلاتی داگیرکەر بە سەر کوردا فەڕز کراو کۆمەلگای کوردی لەو ولاتانەدا بوون بە کۆمەڵگایەکی رۆخیی پەراویێزیی کە بەرە بەرە تویژێکی بۆرجوازیی یان کۆنەپەرست و بەرژەوەندیی پەرستیی سەر بە مەرکەزو دامەزراوەکانی و ئایدیۆلۆجیاکەی دروست کرد و تا ئێستاش هەول دەدات لە ژێر پەردەی ئایدیۆلۆجییەتی دینیی، مارکسیی، یان کۆسمۆپۆلۆتی دا هەستی نەتەوایەتی و خواستی نەتەوەبوون و نەتەوەیی بوون لای کورد لاواز بکاو بیکاتە نیچێرێکی کەوئاسایی ئاسان بەدەست هێزە داگیرکەرەکانەوە.
بۆشایی رۆشنبیریی واتە دابرانی کۆمەلگای کوردیی و نەوەکانیتی لە بناغەرەسەنەکانی زمان و ئەدەبیات و کەلتووریی دەولەمەندی کوردەواری، ئەدەبی کوردیی، هەستی نەتەوەیی، کەسیتیی سەربەخۆی کورد، ئامانجی سەربەخۆیی و یەکیتی نەتەوەیی و پیکەوەژیانی ئاشتیی و یەکسان لەگەڵ نەتەوەکانی تردا.
(١)
کورد‌و دەرفەتە مێژوویی یەکان
پرسی مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و پرسه‌یه که ده‌بوو کورد له ماوەو دوای شه‌ری جیهانی یه‌که‌م، که جیهانێک رووخا‌و رۆژهه‌لاتێكی ناوه‌راستی نوێ دروستکرا، ساغی کردبایهوهوه سه‌رکه‌وتوو با تێێدا. ئه‌گه‌ر نا، دوای شه‌ری جیهانی دووه‌م که جیهان دابه‌شکرایه‌وه و سیستمێکی جیهانیی دووقوتبیی نوێ هاته کایه‌وه، گه‌ر نا له شه‌سته‌کاندا که بزوتنه‌وه‌ی کورد هاوکاتی ڤێتنام و جه‌زایرو گه‌لانی ئاسیای ئه‌مریکای لاتین، (بەلام بە رێکەوت و خێڵەکییانەو بێبەرنامەو فەلسەفە) ده‌ستی پێ‌کرد، و مافی چاره‌نووس له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتۆکانه‌وه به مافێکی ئاسایی گه‌لانی کۆلۆنیالی داده‌نراو به ده‌یان نه‌ته‌وه سه‌ربه‌خۆ بوون، یان له 1990 به دواوه دوای هه‌ره‌سی سۆڤیەت و بەرەی رۆژهه‌لات و دروستبوونی ده‌یان ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی تر که که‌م نه‌ته‌وه له جیهاندا مانه‌وه، گه‌وره یان بچووک، که ولات و ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان به‌ده‌ست نه‌هێنن، یان دوای شه‌ڕی کوێت و دروستبوونی هه‌رێمی ئارامی کوردستان و ئاماده‌بوونی ناتۆ له کوردستان و دروستکردنی هەواری هێمن و ئەنجامدانی یەکەمین هەلبژاردنی دیمۆکراتی لە باشووری کوردستان، یان دوای رووخانی ده‌وله‌تی عیراق و مانه‌وه‌ی کورد وەک تاکە هێزی بە پێوەماوو سه‌روه‌ری عیراق و خاوەن پەرلەمان و حکومەت و هێزی پێشمەرگەو ١٢ ساڵ حوکمرانی سەربەخۆی خۆی!!
دەربارەی دوا دەرفەت: “نه‌وشیروان مسته‌فا لهوتارهێكدا له‌كۆنفرانسه ناوخۆییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌شاری سلێمانی كه تایبه‌ت بوو به‌ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت: “كاتێك باسی ئه‌وه ده‌كرێت تا چه‌ند سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردی له داڕشتنی ستراتیجێكی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ركه‌وتو بوه، یان به هه‌ر پێوانه‌یه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌كرێت، ده‌بینین بۆیه‌كه‌مین جار له مێژوی كورددا، هه‌لێكی مێژویمان ده‌ستكه‌وت له دوای روخانی رژێمی به‌عس بۆ گه‌ڕانه‌وه ئه‌و ناوچانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه كه سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد كه له حه‌قیقه‌تدا دوو سه‌ركرده‌یه ئه‌و هه‌له مێژوییه‌یان له ده‌ست میلله‌ته‌كه‌ماندا و دیسانه‌وه چاره‌نوسی ئه‌و ناوچانه‌یان خسته گه‌روی نه‌هه‌نگێكی نادیار و ماده‌ی ١٤٠ه‌وه”.
http://www.xendan.org/dreja.aspx?Jmara=56736&Jor=1
ئەم ئێستگانەی گۆرانەکانی جیهان و هەلومەرجی سیاسیی نوێ، نیشانی دەدەن کە دەرفەتی دەرەوە کەم یان زۆر لە زۆر قۆناغی مێژوویی‌دا هاتۆتە پێشەوە تەنانەت هاتۆتە ناو ماڵیشت، بەلام خاوەن مال یان خەوتووو بووە، یان بەسەرداکەتووەو ئەوەندەی خۆ ئامادەنەکردووە ناو ماڵی خۆی بۆ میوانداریی و رووداو و ئەرکی نوێی نەتەوەسازیی ریك بخات یان هەر ئەو فەلسەفەو ستراتیج وخواست و رێبەرایەتییەی نەبووەو نەیویستووە.
وه‌نه‌بێ له‌م ئێستگانه دا کورد هه‌ر ىێ ناو‌و بێکار بووبێ به‌لام ئاماده‌ییه‌کی زۆر لاواز‌و بێ پەیمانی نەتەوەیی و ده‌ستوورو نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ستراتیج و زانین و تێگه‌یشتنی پرۆسه‌ی مێژوویی و جیهانیی هه‌بووه. جگە لەمەش سەرکردایەتی نەتەوەیی خاوەن پەیمانی نەتەوەیی و متمانەی بەکۆمەلی خەلک و بەشە جیاوازەکانی کوردستانی نەبووە.
(٢)
سێ بزاڤی مێژوویی هاوتەریب لە کوردستاندا
لە وتارێکی زووی ساڵی ١٩٨٤ دا باسی دوو جۆرە پرۆسەی مێژوویی کوردستانم کردووە کە ناوم ناون بزاڤی ناوەوەیی مێژوو – و بزاڤی دەرەوەیی مێژوو. مەبەستم لە بزاڤی ناوخۆیی: هەلومەرجی سروشتیی دروستبوون و مانەوەی کۆمەلگاکانی کوردییە لە ناوچە شاخاویی و دۆڵ و دەشتەکانییدا کە کورد بە [کوردەواریی] ناویان دەبات. ئەم کۆمەلگایانە زیاتر ئابووریی و کەلتووریی بوون لەوەی سیاسیی بن واتە سیستمی سیاسی مۆدیڕنی خۆبەرێوەبردنیان هەبێت جگە لە میرنشینییەکان و سیستمی خۆ-بەرێوەبردنی دێهاتیی لە سەر بنەمای ژیانی ئابووریی-کەلتووریی هاوبەش کە بووە هۆی بەرهەمهێنانی نەریت و عادەت و شێوەژیانیكی تایبەت بە کورد و فۆلکلۆرو ئەدەنیاتێکی زاریی یەکجار دەولەمەندو رەنگاورەنگ لە هەموو وهەرێم و ناوچەو گوندێکی کوردستاندا. بەراستی کوردەواریی ناوەرۆکی شارستانی نەتەوەیی کورد‌و هێزی مانەوە و بزاڤی کوردایەتییەکەیەتی.
بەلام لە بەر شوێنی جوگرافیای سیاسیی کوردستان هەرگیز ئەم [بزاڤە یان پەرەسەندنە ناوەوەییە کوردەوارییانەی میژوو] ریگەی بەردەوامبوونی سروشتی پێنەدراوە. ئەویش بە هۆی بزاڤی مێژوویی ترەوە کە لە سەرەوە و لە دەرەوەی کۆمەلگای کوردییەوە لە کاردابوون. واتە لیرەدا دەکرێ باسی دوو بزاڤی مێژوویی تر بکەین:
1. بزاڤی سەرەوەیی مێژوو ٢. بزاڤی دەرەوەیی مێژوو
مەبەستم لە بزاڤی سەرەوەیی کاریگەری ئەو دەولەتە ئیمپراتۆرییانە و داویی مەرکەزییانەیە کە لە سەرەوە یان لە مەرکەزی دەسەلاتەوە دەیانتوانی و تا ئیستاش دەتوانن چ لە رێگای پێوەندی سیاسیی و سەربازییەوە، چ لە رێگای رێکخستنی ئیداریی و فاکتەری ئابووریی و هێزەوە، کاربکەنە سەر رەوتی سیاسیی میژووی کوردستان. ئەم دامێنەی میێژوو هەمیشە لایەنی چاک و خراپی هەبووە: چاکییەکەی هەستاندنی میرو تیرەکانی کورد بووە لە خەوی بێباکیی و راتەکاندنی سستی بزاڤی مێژووی ناوخۆیی یان تەنانەت چەقبەستنی. بە هۆی فاکتەری سەرەوەیی ئەو دەسەلاتانەوە هەستی خۆناسینی نەتەوەیی و هەولی یەکگرتن بەرامبەر ‘ ئەوی دی’ دروست دەبوو. [هەر وەک چۆن ناکۆکیی و دووبەرەکایەتیش بە هاندانی ئەوان دروست دەبوو].
لە لایەکی ترەوە ریكخستنە ئیداریی و چاکسازییەکان و هەولی دروستکردنی جۆری پێوەندیی رێکخراویی نێوان مەرکەزو هەرێمەکان، دیسانەوە ناسنامەو کەسێتی و ئامانجێکی نەتەوەیی یەکگرتووی بە میرنشینییەکان و هەرێمەکانی کوردستان دەدا. بەتایبەتی دوای ئەوەی کوردستان لە سەدەی شازدەدا بوو بە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئەم فاکتەرەی سەرەوەیی مێژوو: واتە کاری سەنتەری عوسمانی لەسەر کوردستان، دەورێکی یەکجار کاریگەری لە سەر دیاریکردنی پرۆسەی ناوخۆیی مێژووی کوردستان هەبووە هەر وەک چۆن کوردستان هەمیشە دەورێکی بەرچاوی لە کاروباری سەنتەری عوسمانی لە ئەستەمبول و دوایی لە پێکهێنانی دەولەتی نەتەوەیی نوێی تورکیا دا هەبووە. گەر پرۆسە مێژووییەکە لەو ئاستەدا مابایەوە : واتە دایەلیکتیکی مێژوویی ناوەوەیی و مێژووی سەرەوەیی ئیمپراتۆری عوسمانیی، کورد دەیتوانی بزاڤە ـمێژووییە ناوخۆییەکەی بەهێز بکات و دەسکەوتەکانی لە هەرێمەکانی کوردستاندا لە رووی نەتەوەسازییەوە فراوانتر‌و درێژخایەنتر بکات.
بەلام هەموو نەتەوەیەک بە خۆی بزانێت یان نا لە دنیادا دەژی و دنیا بە مانا فراوانەکەی رۆژێک بە خۆشی یان ناخۆشی لە دەرگای دەدات.
(٣) بزاڤی مێژوویی کورد لە ناو دەولەتی عوسمانییدا
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەولەتێکی فراوانی ئاسیایی ئەوروپایی بوو، جگە لە کێشەکانی سەنتەرو سەڵتەنەت، دەبووایە دەسەلاتی مەرکەز بە سەر هەریم و ولات و رۆخە بەرفروانەکاندا کە لە ئەساسدا بە داگیرکردن ببوونە بەشێک لەو بپارێزێت، دوای شۆرشی فەرەنسا، ئەوروپایەکی نوێ لە پرۆسەی لەدایکبووندا بوو. دەولەتی عوسمانی نەیدەتوانی خۆی هەم لە بەربەرەکانییە سەربازییەکان هەم لە ئالوگۆرە ئایدییایی و رووناکبیریی و سیاسییەکانی بپاریزێت، بۆیە لە پەراوێزو رۆخی جوگرافی ئەوروپایی ئیمپراتۆریەتەکەوە پرۆسەی [بزاڤێکی مێژوویی دەرەوەیی] بەرامبەر خودی دەولەتی عوسمانیی و ئەوساهەموو پێکهاتە نەتەوەیییەکانی بە زمان و دین و کەلتووری جیاوازەوە، دەستییپێکردو تەوژمێکی وای وەرگرت کە وەستاندنی مەحاڵ بێت.
لەم قۆناغەدا بوو ئەوەی لە کوردستان بەدی دەکرا:
1. بزاڤێکی مێژووی ناوخۆیی سست و لێکدابڕاوو دووپەرێز
2. وابەستەبوونی مێژوویی و سیاسیی و دینی ئەم بزاڤە بە [بزاڤی سەرەوەیی مێژوو] واتە سیاسەت و نەخشەی سەنتەری عوسمانی لە ئەستەمبول
3. لە ڕێگای ئەو [بزاڤە سەرەوەییەی مێژوو] دەبوو لەگەل [بزاڤی دەرەوەیی ئەوروپایی مێژوو] تێکەڵ بێت و شوێنی خۆی تێدا بکاتەوە. ئەمە بەلای تورکەکانەوە کە خۆیان نەک هەر لە ئەوروپادا بوون بەلکو داگیرکەرو حاکمی چەند ولاتێکی ئەوروپایی بوون بە تایبەتی لە بەلقان، و توێژێكی بیرۆکراتی و سەربازیی و سیاسیی و رووناکبیریی ئەوروپایی یان درودستکردبوو، کارێکی قورس نەبوو کە هەم لە بزاڤەکە تێبگەن و هەم هەلوێستك لە ئاستیا وەرگرن کە بەرژەوەندی نەتەوەییان بپارێزێ و هەم بتوانن هەنگاو بە هەنگاو مامەلەی لەگەڵدا بکەن.
کوردیش دەبوو بە هاوکاری لە سەرەتاوە و بە چاولێکردن ومونافەسەکاری لە دواییدا، کەڵک لەم تواناسازییەی تورکەکان وەک نێوبەندێک لە نێوان بزاڤی نیوخۆیی خۆی [کە سست و وابەستەی بزاڤی سەرەوەیی سەنتەریی عوسمانیی بوو] و بزاڤی میژوویی دەرەوەیی واتە بزاڤی سیاسیی رووناکبیریی و سەربازیی جیهانسازیی ئەوروپا وەربگرێت.
بۆ کورد ئەمە بازدانێکی گەورە بوو، لە دوای کۆتایی دەسەلاتی ئیمپراتۆریی ئەییووبیی سەلاحەددین – ەوە کورد پێوەندیی و دایەلۆگی سیاسیی یان رووناکبیریی لە گەڵ ئەوروپادا نەمابوو. دیارە ئەوساش وەک دایەلۆگێکی دینیی [ئیسلامی-مەسیحیی] و بەربەرەکانییەکی جەنگیی بسیاسییکراو بوو.
لە لایەکی دیکەوە کورد قەت ئامادەیی بۆ پرۆسە سیاسییە جیهانگیرەکان نەبووە. چونکە ئەوەی کورد بە دڕیژایی مێژوو ویستوویەتی تەنیا ئەوە بووە لە خاکی خۆیدا وازی لێ بێنن و بژیات و وئیدارەی سەربەخۆی کوردەواریی خۆی بدات، نەک ببێتە بەشێک لە هیچ کام لە پرۆسە داگیرکاریییەکانی رۆژهەلاتی نێوەراست و جیهان.
بەلام نێوەندی مێژویی و شوێنی کورد لە پێتەختی عوسمانی‌دا واتە ئەستەمبول لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا و خڕکردنەوەی بەرێکەوت یان بە ئەنقەستی دەستەیەکی سەرکردەی سیاسیی رۆشبیری پایەبەرزی کورد لە ئەستەمبول لە لایەن سولتان عەبدولحەمەدەوەو دروستکردنی سوارەی حەمیدییە، وەک لایەنیێکی پرۆسە سیاسیە ئیدارییە جاکسازییە جددییەکەی بۆ سەنترالیزەکردنی دەسەلات و رازیکردنی کورد وەک هێزیكی سەربازیی وسیاسیی و دینیی کاریگەر، ئەو هەلومەرجەشی بۆ کورد دروست کرد کە لەو قۆناغە هەستیارەدا بێکەس نەبێت و کەسی چاوساغ و دنیا بین و رۆشنبیری گەورەی لە ئەستەمبول و لە نێو ئیدارەی عوسمانییدا هەبن کە بتوانن ببنە بەشێک لە دایەلۆگی رٶشنبیریی سیاسیی لەگەڵ ئەوروپای تازەو پرۆژە ئیمپریالیستییە نەتەوەسازییەکانیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوین .
له رێگای ئەو دەستە رووناکبیر‌و سیاسییانەوە بوو وکە لە پرۆسه‌ی تێکەلبوونی مێژووی ناوخۆیی-سەرەوەیی – دەرەوەیی دوا دوو دەیەی سەدەی نۆزدەم و دوو دەیەی سەرەتای سەدەی بیستدا، کورد چ وەک سەرکردەو رووناکبیری تاک، چ وەک کۆمەلەی رووناکبیریی و وەک رێکخراوو ستراتیجی سیاسیی دروست، تێکەلی پرۆسە جیهانییەکە بوو. لە ئەنجامی ئەمەشدا بوو کە مافی چاره‌نووس و دامه‌زراندنی ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ کورد وه‌ک به‌شێک له په‌یمانی سیڤه‌ر تۆمار کرا.
هه‌ر له‌وکاتدا بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی شێلگیر‌و به پرینسیپی شێخ مه‌حمودی نه‌مر به سه‌ر ئینگلزیدا سه‌پاند ماوه‌یه‌ک حکومه‌تی سه‌ربه‌خۆی کورد له ئیداره‌ی سلێمانیدا قبوڵ بکات دوایی به مه‌رجی ئۆتۆنۆمی کورد و به پێی بڕیاری هه‌یئه‌ی نه‌ته‌وه‌کان کوردستانی خواروو بخرێته سه‌ر عێراقی تازه دروستکراو. دیاره ئه‌مه داوای شێخ مهحموودو بزوتنه‌وه‌ی کورد نه‌بوو، شێخ و بزاڤه‌که‌ی سوور بوون له سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی و نه‌چوونه ژێر ده‌ستی عه‌ره‌ب و هیچ که‌سێکی تر ته‌نانه‌ت ئینگلیزیش. به‌لام سه‌پاندنی ئۆتۆنۆمی کورد به سه‌ر ده‌وله‌تی عیراقدا له ئه‌نجامی خه‌باتی شێخ مه‌حمود، چاره‌سه‌رێکی مامناوه‌ندی بوو له لایه‌ن ئینگلیزه‌وه به دانانی بناغه‌یه‌کی یاسایی ده‌ستووریی بۆ چۆنێتی هه‌بوونی گه‌لی کوردستانی باشوور له ناو چوارچێوه‌ی ده‌وله‌تی عیراقی تازهدروستکراودا.
گرنگیی ئه‌م ئه‌م دوو ده‌سکه‌وته یاسایی یه نێونه‌ته‌وه‌ییه گه‌وره‌یه له دوو به‌شی گه‌وره‌ی کوردستاندا، له وهدا بوو که کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن مافی چاره‌نووس مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵ پرۆسه سیاسییه‌که‌ی جیهاندا ده‌کردو ره‌وشێکی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌بوو. به‌لام به داخه‌وه به بێ ئه‌وه‌ی ته‌واو له پرۆسه‌و هاوکێشه‌ی سیاسییه‌کانی جیهان بگا و ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه نه‌ته‌وه‌ییه‌و ئه‌و فه‌لسه‌فه‌و ئایدیا‌و دامه‌زراوه و رێکخراوه نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی هه‌بن که حیساب بۆ ئه‌گه‌ره‌کان بکاو له ئاستێکی درێژخایه‌ندا پرۆسه‌که به‌رده‌وام بکاو به‌ڕێوه‌ی به‌رێ.
دواتریش لەگەڵ سەرنەگرتنیشیاندا، ده‌کرا ئه‌م دوو ده‌سکه‌وته یاساییه جیهانییه ببنه بناغه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی رۆشنبیریی یاسایی سیاسی ئاشتیخوازی به‌رده‌وامی گه‌لی کوردستان له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ندا، بۆ هێشتنه‌وه‌ی جیهانیبوون و شه‌رعییه‌تی یاسایی پرس و پرۆسه سیاسییه‌که. بۆ نموونە بە کارکردن بۆ مانەوەی ناوەرۆکی سیڤەرو هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی لۆزان. به‌لام که وه‌ک بناغه‌یه‌کی یاسایی جیهانی نه‌خرانه کار‌و ئه‌و جۆره بزوتنه‌وه‌یان له سه‌ر بنیاتنهنرا، له ئه‌نجامی لاوازی ده‌وری توێژی سیاسی رۆشنبیری کورد و دابرانی له جیهان و رۆشنبیری سیاسیی ئه‌وروپیی و دوایی به عێراقییکرنی ئه‌و هێزه بوو له جوارچێوه‌ی عێراقدا و داپهلۆسین و له ناوبردنی نزیکه‌ی هه‌موو سه‌رکرده نه‌ته‌وه‌ییه دینیی و رۆشنبیره‌کانی کورد بوون له ده‌وڵه‌تی خوێناوی تورکیای تازه‌دا.
بە پێچەوانەی دەولەتی عوسمانی یەوە لە ناو ئێران‌دا کورد قەت وەک قەوارەیەکی سەربەخۆی نەتەوەیی و تەنانەت عەشایریش نەناسراوە لە بەر ئەوە و لە بەر هۆکاری ئەوەی ئێران لە ئەوروپادا نەبووە بۆ خۆشی کێشەی گونجاندنی مێژووی ناوخۆیی خۆی لەگەل پرۆسەی مێژووی دەرەوەیی ئەوروپاو رۆژاوادا هەبووەو هەیە، قەت کورد نەینتوانیوەو ناتوانێ تاران وەک مەرکەزیکی رووناکبیریی و سیاسی کوردیی بەکاربێنن. مەگەر ئێران ببێتە دەولەتێکی کراوەی تەواو دیمۆکراتیی و رکەبەریی ئەوروپا لەم بوارەدا..
بۆیە کورد لە ئێران‌دا ئەو نێوبەندەی مەرکەزی بۆ مامەلەکردن لەگەل جیهاندا یان تێکەلکردنی بزاڤی مێژوویی ناوەوەیی خۆی نەبووەو دەبوو بۆ ئەکتەرێکی دەرەوە چاوەڕێ بکات.
ئەوەبو و له شه‌ڕی جیهانی دووه‌مدا، سهربژاردهیهکی رۆشنبیری که‌می کوردی رۆژهلات که‌ڵکیان له‌و که‌لێنه سیاسییه وه‌رگرت که له ئه‌نجامی بهبهرهکانییه جیهانییه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه‌دا له ئێران دروست بوو، له مه‌هاباد حکومه‌تێکی کوردی بچووک به‌لام هه‌لگری ئاوات و پرینسیپه مه‌زنه‌کانی کوردستانێتیی و مافی چاره‌نووس دامه‌زرا، سه‌رۆکه دلسۆزو شه‌هیده‌که‌ی و بنەمالە رۆشنبیرەکەی و هاورێیانی ئازایانه‌و ئازادانه کۆماری کوردستانیان وه‌ک کۆماری هه‌موو کورد راگه‌یان. گه‌رچی مستەفا بارزانی له بنه‌ره‌تدا وه‌ک په‌نابه‌ر چووه ئه‌وێ ئه‌وه دلگهورهیی یهکنهتهوهییخوازیی و کوردستانێتی قازی نه‌مر بوو که به هیچ شێوه‌یه‌ک باشوور و باکوور‌و عێراق و ئێرانی نه‌ده‌زانی، کوردستانی به یه‌ک مالی کورد‌و هه‌موو کوردی به که‌سوکاری خۆی ده‌زانی، بۆیه ده‌ورێکی سه‌ربازی سه‌ره‌کی به بارزانی دا‌و وه‌ک به‌شێکی جیانهبۆوهی هیزی کۆماری مه‌هاباد دایمه‌زراند.
بەلام راستیی کۆماری مەهاباد و بزاڤەکەی لە کەڵكوەرگرتنێکی خێرا‌و بێ ئامادەیی هەلومەرجی بنسازی حوکمرانی و بە پێوەوەستانی ناوخۆیی، و بە هاندانی یەکیتی سۆڤیەت، ئەم هەنگاوە ناکامەیان نا، دواییش کە هۆکاری دەرەوەیی نەما، کۆمارەکەش بە قوربانییەکی زۆرەوە کۆتایی هات. جگە لە لاوازی ناوخۆیی، یه‌کێک له خاله لاوازه سه‌ره‌کییه‌کانی کۆماری مه‌هاباد نه‌بوونی هیچ پالپشتێکی یاسایی مافی چاره‌نووس و پشتگیرییه‌کی جیهانی بوو. هه‌روه‌ها به له سێداره‌دانی قازی و هه‌موو رێبه‌ره گه‌وره‌و رۆشنبیره‌کانی ئه‌وێش ده‌سته‌یه‌کی رۆشنبیری ڕێبه‌ر نه‌مایه‌وه و دوایش دروست نهبۆوە، که ئایدیۆلۆجییهت و ئاقاری کوردستانیزم دوای رووخانی بهێڵێته‌وه‌و فه‌لسه‌فه و ستراتیجێکی نه‌ته‌وه‌یی له سه‌ر بنیاتبنێ. له‌وێشدا بیری کوردستانێتی له سه‌ر ده‌ستی توێژی رۆشنبیری لاواز‌و راراو به‌رژه‌وه‌ندیخوازی کورد، به‌ره‌و ئێرانچێتی و ناوچه‌گه‌ریی رۆێشت.
له لایه‌کی تریشه‌وه گه‌رچی بوونی نه‌ته‌وه‌یی کورد له عێراقدا له ئه‌نجامی پێشێنه‌ی مێژوویی و که‌لتووریی و خه‌باتی قاره‌مانانه‌ی شێخ مه‌حموود دا به به هێزیی مایه‌وه، عێراقیبوونی خێرای تویژی رۆشنبیری سیاسیی کورد له عێراقدا چ له چوارچێوه‌ی عێراقچێتیی و پاشکۆیی بیری نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ره‌بی [که دوایی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە هەردوو باڵەکەیەوە نوێنه‌رایه‌تی کرد] و چ له چوارچێوه‌ی ئه‌و شێوه مارکسیزمە و ئایدیۆلۆجییه چینایه‌تییه ستالینیسته رووکه‌شه‌ی حیزبه کۆمۆنیسته‌کانی گه‌لانی سه‌رده‌ست سه‌پاندبوویان، کارێکی زۆر سه‌لبی له سه‌ر پرۆسه‌و پاشه‌رۆژی نه‌ته‌وه‌ی گه‌لی کوردستان هه‌بوو.
له کاتێکدا کۆمۆنیسته‌کان و مارکسیسته رووکه‌شه‌کان ده‌وله‌ته ئیمپریالییه دروستکراوه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و ده‌سه‌لاتی مه‌رکه‌زی کۆلۆنیالیی دیکتاتۆری ئه‌وانیان قبووڵ بوو، کوردی‌یان هه‌ر به نه‌ته‌وه دانهدهناو بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کوردی‌یان، وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی خه‌لکیش، به بزوتنه‌وه‌یه‌کی دژهکۆلۆنیالی رزگاریخواز نه‌ده‌ناسی و به دژایه‌تیکردنی بزوتنه‌وه‌ی چینایه‌تی و خه‌باتی چینی کرێکاریان بۆ دروستکردنی به‌هه‌شتی پرۆلیتاریا و روخاندنی سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیزم له هه‌موو جیهاندا دادهناو ته‌نانه‌ت دروستبوونی حیزبی کۆمۆنیستی کوردیشیان قبوڵ نه‌بوو. به‌مه گه‌لی کوردستان له‌وه بێبه‌شکرا که وه‌ک گه‌لانی ئاسیا‌و ئه‌فریقاو ئه‌مریکای لاتین مارکسیزم وه‌ک ئایدیۆلۆژیه‌تێکی رزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی به‌کاربێنێ، و له لایه‌کی تریشه‌وه له ئاستی که‌لتووریدا ئه‌مه، له‌گه‌ڵ کارکردنی بیری نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ره‌بی و به عیراقیبوونی ده‌سته‌ی رۆشنبیری سیاسیی تازه‌ی کورداو دامەزراندندنی ستراکتوری دامەزراوەیی دەولەتی داگیرکەر، به ته‌واوه‌تی دابران و بۆشاییه‌کی رۆشنبیری نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ی دروستکرد، که هه‌ولی تاک و لاواز‌و پهراویێزیی و بێ بیر‌و ستراتیجی و ستراکتوری کاژیکه‌کان له رووی سیاسییه‌وه، نه‌یتوانی به هیچ جۆرێ گۆشەیەکیشی پڕ بکاته‌وه.
گه‌ر سه‌رنجی ئه‌و هه‌ست و سۆزه کوردستانییه به هێزو بهکوڵه بده‌ی که له هاواری پشتگیریی و هاوفرمێسکیی و هاوده‌ردیی کهڵهشاعیرانی سلێمانی وه‌ک پیره‌مێردو ئه‌حمه‌د موختار جاف و حه‌مدی و زێوه‌رو سه‌لام ، هتد له‌گه‌ڵ براو که‌سی باکووریان و قوربانیانی شۆڕشه‌که‌ی ١٩٢٥ یشێخ سه‌عیدی پیران دا به‌رجه‌سته بووه و به‌راوردیان بکه‌ی به ئێستا، قووڵیی هه‌ست و بیری کوردستانێتی و یه‌کنه‌ته‌وه‌یی ئه‌وسا که له سه‌ر بنچینه‌ی بیری خۆمالی و ره‌سه‌نی کوردایه‌تی و که‌لتوورو شارستانێتی کۆنی کوردیی و قوتانخانه‌ی بیری نه‌ته‌وایه‌تی ره‌سه‌ن و مۆدێرنی ئه‌حمه‌دی خانی و حاجی قادری کۆیی دامه‌زرابوو، ده‌رده‌که‌وێ.
راستی پیره‌مێرد ، کە بەرهەمی هەر سێ ژینگەی رۆشنریی و سیاسیی کوردیی و عوسمانیی و ئەوروپایی بوو، [واتە هەر سێ ئاستەکانی مێژووی کورد] ، تاقه رۆشنبیرێکی مه‌زن بوو که تاقهسواره، خانی و حاجی ئاسایی، له روانگه‌ی بیریكی کراوه‌ی زانستی مۆدیرنی رۆژاواییه‌وه فه‌لسه‌فه‌و که‌لتوورو ته‌نانه‌ت سیستمێکی ته‌واوی ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و پیشکه‌وتنی کۆمه‌لایه‌تی له سه‌ر بنچینه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی ژیاندنه‌وه‌ی که‌لتووری نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زراند (ژیاندنه‌وه‌ی مهم و زینی خانی، دوازده سواره‌ی مه‌ریوان، ژیاندنه‌وه‌ی نه‌ورۆز، په‌ندی پێشینان، چیرۆک و ئه‌فسانه‌ی خۆماڵی، گۆرین و ستانداردکردنی ئه‌ده‌بیاتی گۆران/ئه‌رده‌لان، و دامه‌زراندنی رۆژنامه‌گه‌ریی نوێ، کردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی زانستی، ده‌ورێکی گه‌وره له پێشخستنی پرس و ده‌ورو به‌شداری ژنان، نووسین به کوردی په‌تی و به‌کارهینانی وشه‌ی هه‌موو دایه‌لێکته‌کان به‌ره‌و دروستکردنی زمانی نه‌ته‌وه‌یی ستاندارد ،ژیاندنه‌وه‌ی شانازییه‌کانی مێژووی کورد، هتد). به‌م کاره مه‌زن و به‌رده‌وامانه پیره‌مێرد هه‌ولێکی گه‌وره و به‌رده‌وامی دا بۆ به‌رده‌وامکردنی ئه‌و بزوتنه‌وه رۆشنبیرییه کوردستانییه تهمهنکورتهی که جه‌معیه‌تی ته‌عالی و ته‌ره‌قی کورد له ئه‌سته‌مبول ده‌ستیان پێ‌کردبوو-و خۆشی ده‌ورێکی گه‌وره‌ی تێدا بینیبوو، له هه‌موو ئه‌مانه‌دا پیره‌میرد به بیر‌و بۆچوون مۆدێرن و ئه‌وروپایی بوو، به رۆح و ناوه‌رۆک کورده‌واریی بوو، وه‌ک سیاسه‌تیش، به سروشتی و به دڵ و گیان، کوردستانی بوو. بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌نده به‌سه دوو نموونه‌ی شیعری پیره‌میرد بێنینه‌وه که هه‌لوێستی کوردستانی ئه‌و له‌لایه‌که‌وه‌و هه‌لوێستی به‌رامبه‌ر عیراقچێتیی له لایه‌کی تره‌وه روون ده‌کاته‌وه.
ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی به ناوی هاتن شه‌هیده‌کان بۆ شینی شێخ سه‌عید و هاورییانی له باکوور نووسیوه:
هاتن شه‌هیده‌کان به جلی سووری خوێنه‌وه
دایکی وه‌ته‌ن، ده هه‌ڵسه سڵاویان بسێنه‌وه
شێخ قادره له پێشه‌وه، سه‌ر قافڵهیی ئه‌وان
چه‌ند جوانه، خوێن و ریشی سپی، پیرو نه‌وجه‌وان
سه‌یری ئه‌مانه که، که هه‌موو کوردی سه‌ف شکه‌ن
رۆحیان فیدا ئه‌کردو ئه‌یان وت: بژی وه‌ته‌ن
قوربانی تۆن به ریزه، که تۆ غه‌م له‌به‌ر نه‌بی
بۆ ئێمه مردنه، ئه‌گه‌ر ئازاده سه‌ر نه‌بی
مه‌گری، مهناله، با به‌خه‌فه‌ت دڵشکت نه‌بن
نه‌ختێ له لات ئه‌مێننه‌وه و بۆ به‌هه‌شت ئه‌چن
توخوا له باتی ئێمه به چاویکی روونه‌وه
فه‌رموو که، خوا ئه‌زانێ له بیرمان نه‌چوونه‌وه
ئاخۆ له فرسه‌تێکی ترا به‌ختیار ئه‌بین
ئێسته‌ش وه‌کو ئه‌وان له دڵی میلله‌تا ئه‌ژین
من وام ئه‌وێ که حه‌شر ئه‌کرێم خوێن به به‌رگه‌وه
به‌و عه‌شقی میللییه‌وه، به کزه‌ی سۆزی جه‌رگه‌وه
ئه‌و ئاگره‌ی له دڵمه‌وه به‌ربێته کفنه‌که‌م
تا دوژمنم نه‌کا به زوخاڵ، شه‌رته پف نه‌که‌م!
ئه‌مه و ده‌یان هۆنراوه‌ی تر بۆ شه‌هیدانی باکوور و ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش بۆ ئه‌و ئه‌شرافه عیراقچییانهی که دوای خۆنیشاندانی شه‌شی ره‌شی ئه‌یلولی به‌رده‌رکی سه‌را (1930) و ته‌قه‌کردن له خه‌لک و کوشتنی هاووڵاتییان و گرتنی مامۆستایان و خوێندکاران، وه‌ک وه‌فدی کورد ده‌چنه به‌غدا:
وه‌فدی کوردستان، میلله‌ت فرۆشان
هه‌رزه وه‌کیلی شاری خامۆشان
چه‌پکێ له گوڵه‌که‌ی به‌رده‌رکی سه‌را
که به خوێناوی میلله‌ت ئاودرا
ببه‌نه به‌رده‌م عه‌رشی عێراقی
بڵین یار باقی، هه‌م سوحبه‌ت باقی
په‌رده‌و تارای سوور به‌رن بۆ ئه‌میر
بڵین پاش کوشتار هێشتا تۆی دڵگیر؟
ده‌ک خه‌جاڵه‌ت بن له رووی مه‌حشه‌را
ئێمه خاکی خه‌م ئه‌که‌ین به سه‌را
ئێوه‌ش ئه‌و عه‌رشه‌ی به خوێن گولرهنگه
سه‌جده‌ی بۆ ئه‌به‌ن، هیچ ناڵێن نه‌نگه
کورد نه‌مردووه، خه‌یاڵیان خاوه
به‌راتی نه‌جات به خوێن نووسراوه
من ره‌نگی سوورم بۆیه خۆش ئه‌وێ
مژده‌ی شه‌فه‌قی ڵی ده‌ر ئه‌که‌وێ.
سه‌رنجی هه‌ر دوو هه‌لوێسته بده‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆ و ئه‌م زه‌مانه‌دا به‌رواردی بکه‌ن:
1. پیره‌مێرد ئه‌وه بۆ وه‌فدێ ده‌نووسێ که دوای شه‌هیدبوونێ چه‌ند کوردێ له خۆپیشاندانه‌که‌ی شه‌شی ره‌شی ئه‌یلولدا ده‌چن بۆ به‌غدا، سه‌رانی ئه‌مڕۆ دوای زینده‌به‌چال کردنی 182000 کورد، دوای هه‌له‌بجه، دوای وێرانکردنی سه‌رتاسه‌ری کوردستان، چوون ئه‌و عه‌رشه‌ی له سه‌ر خوێن و ئێسقانی کورد دامه‌زراوه به هه‌موو هێزو سووپای ئه‌نفالچی و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌کانیه‌وه دروست بکه‌نه‌وه و دروستیشیان کرده‌وه. ئه‌مجار له کوردستانیش زۆر له به‌عس خراپتر به‌رامبه‌ر مرۆڤی کورد ره‌فتار ده‌که‌ن. جگه له دزی و تالان و داگیرکردنی زه‌وی و سامان و دامه‌زراندنی خه‌لک له سه‌ر بنچینه‌ی حیزبایه‌تی و گه‌نده‌ڵی و خانه‌نشینکردنی حیزبییه‌کان به پله‌ی وه‌زیر، ئه‌وه‌تا به پێی یاساکانی ئه‌و عه‌رشه خوێناوییه، و یاساکانی سه‌ددام و به‌عس که ئه‌و جێنۆسایدهیان کرد، مامه‌له له‌گه‌ڵ خه‌لکی کورد و ئازادی بیر و نووسین له کوردستان ده‌کرێ و به چاولێکه‌ری ئه‌و داگیرکه‌رانه یاسای دژی خۆپیشاندانی خه‌لک ده‌رده‌کرێ. ئه‌ی کوان پیره‌مێرده‌کان؟
2. له کاتێکدا پیره‌مێرد ئاوا پێشوازی له شه‌هیده‌کانی باکوور ده‌کاو ئاوا بزوتنه‌وه‌ی کورد به خوێنی یه‌ک جه‌سته ده‌زانێ، له ژێر ده‌سه‌لاتی سه‌رانی ئه‌مڕۆی کوردا، سه‌ره‌ڕای دۆراندنی کوردستانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، عه‌رشه‌که‌ی خۆشیان که له‌سه‌ر خوێن و لاشه‌ی ئه‌نفالکراوان و شه‌هیدان دامه‌زراوه، هه‌موو رۆژێ له لایه‌ن ئێران و تورکیاوه بۆردوومان ده‌کرێ، که‌چی به‌دوای هه‌موو بۆردومان و کوشتن و ئاوارهکردنێکی کوردا، به هه‌ر جۆرێ بێ په‌نا ده‌به‌نه‌وه به‌ر رژێمی ئێرانیی و تورکی و له‌لایه‌کی تریشه‌وه، له جیاتی به‌کارهێنانی 150000 چه‌کداره‌کانیان بۆ دیفاع له کوردستان و خه‌لکی کورد، دێن ڕێگه به رۆژنامه‌نووسانیش ناده‌ن که ئه‌و تاوان و وێرانکارییانه راپۆرت بکه‌ن، یان ئاوێنه‌و رۆژنامه‌نووسێکی ئاوێنه ده‌ده‌نه دادگای به‌عسییانه [که به پێی یاسا‌و عه‌قلییه‌تی به‌عس کار ده‌کا) چونکه زۆر به ناسکی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و راستییه کردووه که سه‌رانی کورد شێری ناوه‌وه و رێوی ده‌ره‌وه‌ن، واته راستییه‌ک که وه‌ک خۆر ئاشکرایه‌و به بیژنگی یاساکانیان به‌ری ناگیرێ. یا له شه‌رێکدا که قه‌ت هی ئێمه نه‌بووه ، شه‌ری سوننه‌و شیعه‌و تێرۆریزم، ئه‌وه چه‌ند ساڵه هێزی پێشمه‌رگه به‌کار دێنن و دوایی وه‌ک له جه‌له‌ولاو سه‌عدییه‌و و قه‌ره‌ته‌په، روویدا که کاریان پێ نه‌مان ده‌ریان ده‌که‌ن و ئیهانه‌یان ده‌که‌ن و خه‌لکی هه‌ژاری کورد ئازار ده‌ده‌ن و ده‌ربه‌ده‌ریان ده‌که‌نه‌وه به بێ ئه‌وه‌ی سه‌رانی کورد نووزه‌یه‌کیش بکه‌ن.
3. له به‌ر ئه‌م سیاسه‌ته ئێستا ره‌وشی کورد له هه‌موو پارچه‌کاندا خراپتر بووه، به تایبه‌تی له سوریا و ئێران که دوو باوه‌ش و په‌نای ئه‌و سه‌رکردایه‌تییانه بوون، به درێژایی بوونیان رۆژێ نه‌مانبیستووه به یه‌ک وشه‌ش باس هه‌ر له بوون و مافی کورد له سوریا و ئێران بکه‌ن نه‌ک دیفاعیان ڵێ بکه‌ن دژی تاوانی زمان قههدغهکردن و گرتن و کوشتن و له سێداره‌دان و خاک و ماڵ داگیرکردن و بێ ره‌گه‌زنامه کردن یان ته‌نانه‌ت وه‌ک پرسێکی ئینسانیش هه‌ستێکیان به‌رامبه‌ر ده‌ربڕن. که‌چی له ستایش و پێدا ههلگوتنی به‌رده‌وامی ئه‌و دوو رژێمه دۆسته‌دا خه‌ریکه ببنه شاعیری ده‌ربار.
(٤)
دابڕانی رۆشنبیریی و بۆشایی رۆشنبیریی
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بیلێم ئه‌وه‌یه که هۆکاری گه‌یشتنمان به‌م وه‌زعه و ته‌سلیمکردنی سه‌رکردایه‌تی کورد به سه‌رانێکی له‌م جۆره، ئه‌نجامی ئه‌و وابوونه [واقیعه) یه که ناوی ده‌نێم: دابڕانی رۆشنبیری و بۆشایی رۆشنبیری که له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه ده‌ستی پیکردووه به‌رده‌وام بووه‌و له ژێر ده‌سه‌لاتی حیزبیی هه‌رێمدا گه‌یوه‌ته لوتکه.
دابڕان و بۆشایی رۆشنبیریی
مه‌به‌ستم له دابڕان وه‌ستاندنی یان په‌راوێز کردنی ره‌وتێکی پێشکه‌وتنی مێژوویی کوردیی و کوردستانی ره‌سه‌ن و جێگرتنه‌وه‌یه‌تی به ره‌وتیکی تری نامۆ و پێچه‌وانه‌ی سروشت و تایبه‌تمه‌ندی و ئامانجه خۆییه‌کانی. ئه‌و دابرانه ئه‌م لایه‌نانه‌ی گرتۆته‌وه:
1. دابڕانی سهربژاردهی رۆشنبیری کورد له میراتی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانی و له خه‌ت و قوتابخانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خانی و حاجی قادر و له چوارچیوه شارستانی و که‌لتوورییه‌کانی میرنشینیهکانی بۆتان و سۆران و بابان و بادینان و له ئه‌نجامدا له هه‌موو بنه‌ما زمانیی و که‌لتوورییه ره‌سه‌نه‌کان و پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆبوونی نه‌ته‌وه‌یی
2. سه‌رنه‌که‌وتنی سهربژاردهی رۆشنبیری کورد له تێگه‌یشتنی گرنگیی و په‌ره‌پێدانی بنچینه‌و ناوه‌رۆکه به‌هێزه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردی له قوتابخانه‌ی خانی/کۆیی دا‌و، مانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی کورد به بێ فه‌لسه‌فه‌و بیری نه‌ته‌وه‌یی کوردیزم و کوردستانیزم.
3. دروستبوونی بۆشاییه‌کی رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یی که به ئایدیۆلۆجیای ده‌ره‌کی و رۆشنبیریی گه‌لانی سه‌رده‌ست و توانه‌وه‌ی سیاسی پرکراوه‌ته‌وه که دابرانهکهی سیتماتیکی تر و ده‌زگایی کردووه‌و قوولتری کردۆته‌وه, ، بە تایبەتی وەرگرتنێکی جاهیلانەو سەخیف و زیانبەخشی رووکەشییەکانی بیری مارکسیزم وجیاوازی چینایەتیی
4. دابرانی رۆشنبیری کورد له کێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و ئازار‌و خه‌می رۆژانه‌ی مرۆڤی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستاندا.
5. له ده‌ستدانی ده‌وری رێبه‌رێتی فیکری و سیاسیی له لایه‌ن سهربژاردهی رۆشنبیرانی کورده‌وه و بوونیان به پاشکۆی گه‌لانی سه‌رده‌ست یان حیزبه ناوچه‌گه‌رییه به‌ناو-نه‌ته‌وه‌یی و ناوه‌رۆک نانه‌ته‌وه‌ییه‌کان و ‘سه‌رۆکه’ نارۆشنبیرو ببێناوهرۆکهکان
6. سوود وه‌رگرتنی هێزه‌کانی داگیرکه‌ر له ئه‌م وهزعهو دروستکردنی دوکانی سیاسی حیزبی جۆراوجۆر بۆ داروده‌سته‌ی دروستکراوی خۆیان بۆ قوولکردنه‌وه‌ی دابهشدابهشی کورد و زیادکردنی هۆکاری ئایدیۆلۆجی و سیاسی درێژخایه‌ن بۆ دابرانه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان.
7. ده‌رکه‌وتن و قبولکردنی چه‌مکی ‘چوارچێوه’ ، وه‌ک پرسی کورد له چوراچیوه‌ی عێراقدا، ئێران‌دا، تورکیادا، سوریادا. به‌گشتی له چوراچێوه‌ی ده‌وله‌تانی داگیرکه‌ردا به‌لام له چوارچێوه‌ی کوردستان خۆیدا ناو، به‌کارهێنانی ئه‌و چوارچێوه‌یه بۆ ره‌چاوکردن و پاکانه‌کردن بۆ کاری یه‌کلایه‌نی ناکوردستانییانهو ته‌نانه‌ت دژه-کوردستانیییانهش و ده‌رکه‌وتنی ئامانجی بیناوهرۆک و بێئه‌نجامی ئۆتۆنۆمی ناوچه‌یی وه‌ک دروشمی ئه‌و چوارچێوهگهرییه.
8. دروستکردنی کاره‌سات و تراژیدیا و جینؤساید بۆ گه‌لی کوردستان و له‌ناو بردنی دێهاتی کوردستان وه‌ک دڵی کورده‌واری و لانکه‌ی زمان و که‌لتووری ره‌سه‌ن و سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و هێزی مرۆیی و ژیانی رۆحیی و کۆمه‌ڵایه‌تی کورد، به هۆی به‌رپاکردنی شه‌ری چه‌کدارانه‌ی شاخیی ئۆتۆنۆمیخوازی بێهووده‌ی بێ فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ستراتیجی سه‌ربه‌خۆیی و نوێنه‌رایه‌تی ده‌ستووری دیمۆکراتی خه‌لک و ناوه‌رۆکی کۆمه‌لایه‌تی و بنچینه‌و چوارچێوه‌ی زانستی له لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی دابراوو نارۆشنبیرهوه.
9. به حیزبیی کردنی هه‌موو شتێک و پشتگوێخشتنی ده‌وری زمان و که‌لتوورو فۆلکلۆری نه‌ته‌وه‌یی و رۆشنبیریی و زانست و لێکۆلینه‌وه‌ی زانستی له پرۆسه‌ی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی وکوردستانیدا و دۆڕاندنی به‌ها نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌لی و ئه‌خلاقییه‌کان.
10. نه‌مانی رێکخراوو ده‌زگاو میدیای نێوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رانسه‌ری (پان-کوردستانی) و له‌مه‌وه میکانیزم و تۆڕی پێوه‌ندی و پێکسازی (کۆ-ئۆردینهیتهکردنی) سیاسه‌تی پانکوردستانی ته‌نانه‌ت له ئاستی زمان و ئه‌ده‌بیات و زانیاری و که‌لتووریشدا چ له ناوه‌وه‌و چ له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان.
ده‌توانین بلێین هه‌وله‌کانی پیره‌مێرد دوا هه‌ولی به‌رنامه‌یی کراوی ده‌سته‌ی سهربژاردهی روناکبیری دوو-نه‌وه‌یی (ڤێتیران) و خواروو-ژووریی کورد بوو بۆ دامه‌زراندنی پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی پانکوردستانی که بنه‌ماو ناوه‌رۆکه به‌هێزو ره‌سه‌نه‌کانی زمان و که‌لتوورو مێژووی نه‌ته‌وه‌یی بن و سه‌رۆکه کوردستانییه شه‌هیده‌کانی باکوور بکاته رێبهرو ره‌مزی نه‌ته‌وه‌یی پرۆژه‌ی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی. بیر‌و کاره‌کانی پیره‌مێرد له گرنگیی و گشگیرییان دا ده‌توانرێ به بیر‌و کاره‌کانی پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی که‌مال ئه‌تاتورک به‌روارد بکرێن. به‌لام له کاتێکدا که‌مال ئه‌تاتورک نه‌ته‌وه‌یه‌کی خه‌یاڵی تورکی له پاشماوه‌ی میراتی تێکه‌لی عوسمانلی به زه‌بری ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و عه‌قڵی ئه‌وروپایی و هێزی سه‌ربازیی و بریاری سیاسیی و ئایدیۆلۆجی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌پاندنی ده‌ستووریی، دروستکردو له‌و پرۆسه‌دا دیپلۆماسییه‌ت و درۆ‌و ده‌له‌سه‌و تاوانی به‌کار هێناو میلله‌تێکی ئه‌رمه‌نی ئیباده کرد‌و میلله‌تی کوردی خسته ناو چوارچێوه‌ی تواندنه‌وه‌و که‌لتوور و پێشینه‌ی ئیسلامیی ده‌وله‌مه‌ندی عوسمانی به ئه‌نقه‌ست دابڕی و خنکاندی، پیره‌مێرد ئه‌وه‌نده‌ی به‌س بوو گوێ بۆ نه‌وای مه‌قام و حه‌یرانی کوردی رادێرێ و سه‌یری شاخه‌کانی هه‌ورامان بکاو لاپه‌ره‌کانی مێژوو ههلبداتهوهو سه‌یری دیمه‌نی پیرۆزی سه‌روریشی سپی شێخ قادر و شێخ سه‌عید به سێداره‌ی تورکه‌وه بکا، تا گوێی له ده‌نگی یه‌زدان بێ و رۆحی هه‌ست به ره‌گه‌کانی ژیان و سه‌ره‌تاکانی شارستانێتی و شانازییه‌کانی مێژوو بکا. کورد هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وێ چاوی دلی بکاته‌وه‌و خۆی بناسێ و دانه‌بڕێ و نه‌دۆڕێ و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی بیپارێزێ و به‌نرخی بزانێ. خۆ تاوانه‌کانی ئه‌تاتورکیش به ئه‌به‌دی له هۆنراوه‌کانی پیری کوردان‌دا تۆمار کراون. به وردی سه‌رنجی ئه‌م کورته هۆنراوه‌ی پیره‌مێرد بده‌ن که له سالێ 1926 دا بلاوی کردۆته‌وه:
ئێمه که کوردین له لامان وایه
زوبانی کوردیی، زۆر بێ هاوتایه
لاوکی کوردی ده‌نگی زه‌بووره
(جه‌ننه‌تولمه‌ئوا) له شاره‌زووره
صه‌لاحه‌ددین و که‌ریم خانی زه‌ند
بابا شه‌ره‌فخان، شای کۆی ده‌ماوه‌ند
قاره‌مان (قادر)، فیدایی (فوئاد)
له ڕێی وه‌ته‌ندا، به جه‌ننه‌ت بوون شاد
گه‌وره‌ی هیچ قه‌ومێک وه‌ک گه‌وره‌ی کوردان
له ڕێی وه‌ته‌ندا نه‌بوون به قوربان
فیکری میللیهتیان ئیحیا کرده‌وه
قه‌دری وه‌ته‌نیان ئه‌علا کرده‌وه
شادین ئه‌ی میلله‌ت بۆ ئه‌و گه‌ورانه
فه‌خری ته‌ئریخ، لایق به وانه
ناویان ون مه‌که‌ن، به خاس و به عام
تاکو ده‌سکه‌وێ، رۆژی ئینتیقام
بێنه جووڵه‌جووڵ، با رۆحیان شاد بێ
پێی میلله‌ته‌که‌م له به‌ند ئازاد بێ
کچانمان له ژێر به‌یداخی ره‌شدا
چاو هه‌ڵنه‌هێنن، به خوێنی گه‌شدا
به خوێنی لاوان وه‌ته‌ن نه‌جۆشێ
میلله‌ت بۆ وه‌ته‌ن، سیا نه‌پۆشێ
هه‌زاری وه‌ک من، هه‌تا نه‌کوژرێ
به قه‌ڵه‌می خوێن، شیوه‌ن نه‌نووسرێ
ئه‌م میلله‌ته‌ی کورد، رزگاری نابێ
ىێ شک ئه‌م ئیشه ئه‌بێ هه‌ر وابێ.
ئه‌و شیوه‌نه‌ی پیره‌مێرد بۆ شه‌هیدانی نه‌مری باکوور ده‌یکا گه‌ردوونییه. هه‌روا له رۆژنامه‌ی ژیان له 1926 دا ئه‌م هۆنراوه‌یه بلاو ده‌کاته‌وه [ئه‌مه چه‌ند دیڕێکن]:
ئه‌ستێره به‌رزه‌کان ئه‌دره‌وشێنه‌وه به شه‌و
وه‌ک من به داخهوهن نه سره‌وتیان هه‌یه نه خه‌و
دوێ شه‌و به‌ری به‌یان بوو، ده‌گریان به سه‌ر منا
منیان که‌ساس ئه‌بینی، له ناو دۆست و دوژمنا
(با) م راسپارد؛ بڵێ که خه‌فه‌ت بۆچ ئه‌خۆن ئه‌وان
وه‌ک ئێمه نین، نزیکتری لای باره‌گای خودان
راسپێرییان نووسیبوو، به شه‌ونم ، له سه‌ر گیا
تا ئاسمان، پڕیشکی به‌دی ئه‌وان هه‌ڵپژا
هاواری کورده‌کانی سه‌روو گه‌ییه ئاسمان
به‌و دووکه‌لی هه‌ناسه‌یه، ئاو دێ له چاومان.
به‌لام به‌هێزترینی شیعری پیره‌میرد بۆ شه‌هیدانی باکوور هۆنراوه به‌رزه‌که‌یه‌تی به ناوی شیوه‌نی شه‌هیدانی سه‌روو ، به راستی له‌و هۆنراوه‌دا یه‌که‌م تاوانی گه‌وره‌ی سه‌ده‌ی بیست به‌رامبه‌ر به کورد به پشکۆی ئاگری دڵ تۆمار ده‌کا و داوا له کورد ده‌کا رۆژی 24 ئه‌یار هه‌موو سالی بکاته رۆژی شه‌هیدان:
له‌م عه‌سری بیستهمهی مه‌ده‌نییه‌ت، له ئاخرا
هه‌ر لایێکی قه‌ناره بوو، بۆ کورد هه‌ڵخرا
ئێسته‌ش له که‌لله، قولله ده‌که‌ن دوژمنانمان
زکیان دڕا به سوننیه‌وه، تیفلی بێ زمان
هه‌رچی ره‌ئیسی کورد بوو، به سێداره داکرا
باقی به ماڵی خواشهوه، سووتان له ئاگرا!
کێ دی به غه‌یری میلله‌ته‌که‌م له‌م قه‌باره‌دا
ئینشادی شیعری میللی، له پایه‌ی قه‌ناره‌دا
‘کیم در بزی من‌ع حیله‌یه جه‌ک باغی جناندن
میراتی پدر در گیرهرس خانه پزم در”
شادین و فه‌خری پێوه ده‌که‌ین به‌م حه‌مییه‌ته
مردن، که بۆ ژیانی وه‌ته‌ن بی مهزییهته
سه‌رده‌فته‌ری شه‌هیدی وه‌ته‌ن ناوی (خالید) ه
وه‌ک ناوی خالیده، ئه‌به‌دی خۆیشی خالیده
(شێخ قادره) ره‌ئیسی هه‌موو خانه‌دانی کورد
میراتی جه‌ددی (کوڕ بوو به‌ڵابوو) به ئیرسی برد
دایکی زه‌مانه جارێکی دی نایهێنێته دی
له‌م کورده‌دا غه‌زه‌نفه‌ری وه‌ک (سه‌ید محه‌ممه‌دی)
خۆ (شێخ سه‌عیدی) گه‌وره، که ماددی و مه‌عنه‌وی
نه‌بووه به عه‌زم و ره‌زمه‌وه، پیرێکی وا قه‌وی
(یوسف ضیا) ضیایه بوو، ئاه زوو کوژایه‌وه
گه‌وره‌ی که‌مالی رێ‌و بوو ئه‌و به‌لایه‌وه
(دکتۆر فوئاد)، که رۆژی ئه‌زه‌ل، عه‌شقی کوردی بوو
تا مرد، له حه‌سره‌تی وه‌ته‌ن، ئاهی سه‌ردی بوو
دوو عاشقن، (که‌مال) و (فوئاد) هه‌ردوو بێ میسال
ئه‌و عه‌شقه‌یان گه‌یاندبووه مه‌رته‌به‌ی که‌مال
(قۆچ زاده)، وا بووه قوربانی میلله‌تی
سه‌د ئافه‌رین، له عه‌زم و سه‌بات و مه‌تانه‌تی
زاته‌ن شه‌هید، (شه‌ریف)ی شه‌ریف یش شه‌هید کرا
رۆژی قڕان بوو، قڕ له وه‌زیع و شه‌ریف خرا
له‌م قافڵه‌ی موباره‌که‌دا شاعیریش هه‌بوو
بۆ وه‌زنی شیعریان بوو، ئه‌گینا خه‌تای نه‌بوو
ناوی ئه‌مانه، لازمه، بیکه‌ینه به‌ر، هه‌موو
تههییجی حسسی میللییه، بۆ ئینتیقامی زوو
ئه‌و خوێنی کورده، هه‌ر وه‌کو خوێنی سیاوه‌شه
هه‌قی نهسێنرێ، هه‌ڵده‌قوڵێ، دائیمه‌ن گه‌شه
بۆ ئێمه لازمه هه‌موو ساتێک هه‌تا ده‌ژین
ئه‌م رۆژی 24 ی ئایاره، بکه‌ین به شین
رۆژێکه رۆژی مردن و ژینه براده‌ران
فه‌رزه غه‌زا، مه‌قلوبه نه‌قدی دڵ و زوبان.
سەیر کەن رژێمی فاشی تورک چۆن بە جارێک سەرکردەو رێبەرە بەرزو پیرۆزەکانی کوردی قران کردن. رژێمی تارانیش هەمان تاوانی دەرهەق بە بنەماڵەی قازی و قارەمانانی مەهاباد کرد. لە عێراق ئەنفال تەواوی خاک و نەتەوەو مێژوو-و کەلتوورو شارستانی کوردی بە یەک پرۆسەی ئەنفال جینۆساید کرد.
پیرەمێرد ، هەم هەستی نەتەوەیی و رۆشنبیریی رەسەن هەم ناسینی شەخسی خۆی بۆ یەک بە یەکی ئەو قارەمانانە لە ناخەوە هەژاندوویەتی و ئەم شیوەنە نەتەوەیی یە مەزنە بۆ قارەمانە نەتەوەییەکان دەکات. ئیستاش بەداخەوە زۆڵە کوردانێک هەن بە ناوی دینەوە، یان لە ژێر پەردەی جاشحیزبایەتییەکی خیانەتاوییەوە، یان مارکسیزمێکی کۆسمۆپۆلیتی بۆشی ىێ ناوەرۆکەوە، گەوادیی بۆ داگیرکەارن دەکەن و دەبنە قۆندەرەی ئۆ‌ردۆگان و دوژمنایەتی قارەمانانی خوێنبەخش و خۆبەخشی نەتەوەی خۆیان دەکەن.
دوای پیرەمێردی نەمر، مەسعودی مەلای گەورەی کۆیە گەورەترین و زاناترین رۆشنبیر‌و بیرمەندی رەسەنی کوردە کە بە دڵ و عەقڵی بەرجەستەی قوتابخانە کوردەوارییە کوردایەتییەکەی خانی و حاجی قادر‌و خوێنی شەهیدەکانی باکوور‌و باشوور‌و رۆژهەلاتی دەکرد. هاواری مەسعودی مەلا لە ئەشکەوتی بۆشایی رۆشنبیریی دا بێ دەنگدانەوە بوو، یان لە ناو هەراو زەنای بیری پووچ و نارەسەنی بێگانە پەرستیی و عێراقچێتیی و ئەنفالچێتییدا وەک سیاسەت و زمان و کەلتوور، بە خنکێنراوی مایەوە.
بەلام ئێستا کاتی پێداچوونەوەی مێژوو – و هەستانەوەی بیر‌و بنەما رەسەن و پتەوەکانی نەتەوەسازیی کوردین. سوورانەوەی سەدساڵەی میژوو لە باکووری کوردستاندا جارێکی تر ئەو دەرفەتە بە کورد دەدات لە رێگای ئەستەمبوڵەوە دایەلۆگێکی چاوروونترو دووربینتر لەگەڵ ئەوروپاو جیهاندا دابمەزرێنێت، یان بە راپەرینی ملیۆنیی ئەستەمبول بهەژنێت و ببەزێنیت و خاک و زمان و مێژوو- و کەسێتیی و کەلتووریی نەتەوەیی خۆی بستێنێتەوە.
پیرەمێرد ١٨٧٦-١٩٥٠