گۆشتی هیندی بە ئەمبولانس دەگوازرێتەوەنەک نەخۆش لەهەولێر
لە بەرنامەی زوم ئین کوردستان تیڤی رۆژی ١٩/٨/٢٠١٣ چەند دیمەنێکم بینی کە لەم چەند دێڕەدا کۆیان دەکەمەوە :
گۆشتی هیندی قەدەغەکراو لە بازگەکەوە بە ڕێگەی ئەمبولانس تێدەپەڕێندرێت بۆ ناو هەولێر . کەسێک کە بەو کارە هەستا بوو گیرا بوو خۆی لە ڕێگەی شاشەی کوردستان تیڤییەوە دەیگێڕایەوە کە ئەوان ئەو گۆشتە دەهێننە ناو هەولێر و ناشی فرۆشن بە خەڵک واتا بەکیلۆ کیلۆ بەڵکو دەیدەنە چێشتخانەکان بە کۆ و ئەوان بەکاری دێنن ، هەروا ووتی کە حکومەت ناتوانێ هێنانی ئەم گۆشتە قەدەغە بکات چونکە هەر لە فەرمانبەرانی حکومەت و پیاوانی ئاسایش و پۆلیس یارمەتییان دەدات و ووتی من بۆ دەرباز کردنی ١٢٠٠ کیلۆ ١٣ گەڵام داوە . پێشکەش کاری بەرنامەکە کە لە شوێنی دەست بەسەردا گرتنی ئەو تاوانبارە بوو ووتی ئێستا تۆ پێت خۆشە گیراوی ؟ ووتی بۆ ئەگیرێم ئێستا بەر دەدرێم کەسێک لە ئەندامانی لیژنەکەش ئەوەی دوپات کردەوە کە بەڵێ هەندێ شتی تیادایە کە هاندەرە بۆ تووش بوون بە سەرەتان .
پرسیار ئەوەیە ئایا حکومەتی هەرێم ناتوانێ بە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵێت ؟ لە کاتێکدا کە گۆشتەکە لە پاکەت خراوە و لەسەری نووسراوە کە لە هیند دروست کراوە و بەرواری لەسەرە بۆیە باشتر وایە دەزگا پەیوەندی دارەکانی هەرێم بەو کارانە هەستێ ئەوکات پێویستیش ناکات قاچاخچیەکانی گۆشتی هیندی بە هاوکاری کەسانی نەفس سووک لە دام و دەزگاکاندا بیخەنە ناو ئەمبولانس و بە بازگەکاندا تێپەڕی کەن جا ئەگەر ئەوە کرابێت ئیتر چۆن ناتوانن کەسێکیش بکوژن یان ترۆریستێک بێن و بیبەن بەو جۆرە ، پێویستە پۆلیس و ئاسایش بە شوێن ئەو کەسانەدا بگەڕێن و دەست گیریان بکەن ، ئەوەی دانی پیادا ناوە لە خۆیەوە قسەی نەکردوە با لە ڕێگەی ئەوەوە بیان دۆزنەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا هەندێک پۆلیس دەچنە سەر چەند کەسێک لەدەرەوەی شار دانیشتوون دەخۆنەوە ، زۆر بە ووشەی ناشرین ئیهانەیان دەکەن و سەردەکەنە سەریان . ئەمە لە کاتێکدا کە ئەوکەسانەی دەخۆنەوە پێویستە زۆر بەنەرمی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و ئازاری دەروونی نەدرێن پێم وابێ ئەمە رای پزیشکە دەروونیەکانیشە لە یاسادا ، ئەفسەرەکە پێیان دەڵێت یەکی سندوقێک بیرەتان خواردوەتەوە و یەکی سندوقێکیش میز دەکەن بۆگەنی میزتان لێ دێت ، هەر چەند ئەوان داکۆکی لە خۆیان دەکەن و دەڵێن ئێمە زیانمان بۆ کەس نیە و بۆ خۆمان دوور لە خەڵک دانیشتووین بەڵام ئەوان هەر بۆ جۆرە رەفتارە بەردەوام دەبن . بە شۆفێرەکە دەڵێن چۆن تۆ دەخۆیتەوە و دوایی ئۆتۆمبیل لێ دەخوڕێت ، لەسەر ئەوە ئەم سەر و ئەو سەری لەگەڵ دەکەن و تەریقی دەکەنەوە ، لە دواییدا پێێ دەڵێن تۆ تاوانباری بەوەی بە سەر خۆشی ئۆتۆمبیل لێ دەخوڕێت ، ئەو دەڵێ بەڵی من لێی دەخوڕم بەڵام لێی نەخوڕیوە و دانیشتوە ، کێ دەڵێ لە سەر ئەو دانیشتنە نامرێت یان نەخۆش ناکەوێت ؟ لەبەر ئەوە پۆلیس هەقی نیە هیچی بەرامبەر بکات . بەڵکو کاری پۆلیس ئەوەیە لە کاتی لێخوڕیندا پشکنینی بۆ بکات و بیگرێت .
پێویستە ئەو پۆلیسانە بەو جۆرە رەفتار نەکەن و دەست لە ئازادیەکانی تاک وەرنەدەن و لە کاتی روو بە روو بونەوەشیان بۆ شتێکی ئاوا بیدەنە دەست یاساو خۆیان نەبن بە دادوەر و لیکۆڵەرەوە و ئیهانەی کەس نەکەن ،گەر پۆلیسی هەولێر ئەو شێوازە کارە بەسەرکەوت و دەزانن باشەوانە خۆیان بکەن بەیانەکانی هەولێرداو دەرگای یانەکە داخەن، هەرکەسێک ئۆتۆمبیلی پێ بو یەکسەرسزای بدەن. پۆلیس دەبێت پۆلیس بێت نەک دادوەر
بەشێکی دیکەی بەرنامەکە لە نەخۆشخانەی هەولێرە و منداڵێکی سێ ساڵانە کەهەموو سەرو چاوی بەستراوە و لە رووداوی سیارەدا باوک و دایکی مردوون و هەر خۆی ماوە ، ئەوانیش بەدیارییەوە باس لەرووداوە کە دەکەن و زوو زوو دەڵێن ئەم منداڵە باوک ودایکی مردوون و هەر خۆی ماوە ، هەر وا ژنێکی ناسیاویان بە هەمان شێوە هەر باس لە مردنی ئەو دایک و باوکە دەکات و منداڵەکەش چاوی بۆ لای دەمیان دەگێڕێت .
پرسیار بۆ پزیشک و یاسای نەخۆشخانە ئەوەیە ئایا دەگونجێت بە دیار ئەو منداڵەوە کە خۆشی بریندارە باس لەوە بکرێت کە باوک و دایکی ئەم منداڵە ئاوایان بەسەر هاتوە ، ئایا ئەم ووشانە کارتێکەری خراپی نابێت بۆ سەر تەندروستی بە تایبەت دڵی ئەو منداڵە ؟ ..
لێرەوە سوپاسی بەرنامەی زوم ئین و پیشکەش کار و ستافەکەی دەکەم هیوادارم هەر سەرکەوتوو بن و هەڵەکانیشیان چاک بکەن و بە دڵێکی خۆیان ئاسا فراوانەوە رەخنەکان وەر بگرن ( ئەوەی کە پەیوەندی بەوانەوە هەیە ) .
awaolives@yahoo.com
.facebook awaolives
کارزان کۆیی
بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤاری ڕێچکە