Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
مێزگردی پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی   ڕێكخراوی یەكێتی بێكاران لە كوردستان

مێزگردی پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ڕێكخراوی یەكێتی بێكاران لە كوردستان

Closed
by August 30, 2013 کتێبخانە

 

 


(ئەزموونی خەباتی جەماوەریی ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨)


چاپی یەكەم ئۆگوستی ٢٠١٣

 

دەستپێك

خوێنەرانی ھێژا، چالاكان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی بێكاری لە ھەر شوێنێك ھەن، وەك بەخۆتان ئاگادارن، لە نۆڤەمبەری ٢٠١٠دا ئێمە (گۆران عەبدوڵڵا، سیروان عەلی و ئاكۆ محەمەد ) دەستبەكاری پرۆژەی كۆكردنەوە و نووسینەوەی مێژوو و  ئەزموونەكان و بەڵگەنامەكانی (یەكێتی یەكێتی بێكاران لە كوردستان ) بووین و بەو بۆنەوە باگەوازێكمان بڵاوكردەوە و  ھاوكات وەك بەسەركردنەوە و ھێناگۆ و گیڕانەوەی بەسەرھات و ئەزموونەكان، كۆمەڵە پرسیارێكمان ئاراستەی گشت چالاكانی ئەوسای یەكێتی بێكاران [تا ئەو جێیەی كە ئیمەیل ئەدرەس و ژمارە تەلەفۆنی ئەو ھاوڕێیانەمان ھەبووبێت] كردن. بەداخەوە بێجگە لە دوو ھاوڕێ [عەبدوڵڵا سلێمان و كاوە حەسەن]، كەسی دیكە بە دەم بانگەواز و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانەوە نەھات. بەڵام ئەمە نەبووە ھۆی ساردبوونەوە و وەستانی ئێمە لەو پرۆژە و ئەو ئامانجەی كە لەپێش خۆمانمان داناوە و وەك درێژەی كارەكەمان و ھاوكات وەك بوارڕەخساندن بۆ ئەو ھاوڕێیانەی، كە ئیمەیل ئەدرەس و ژمارە تەلەفۆنیانمان نەبووە، تاوەكو پرسیار و پرۆژەكەیان بۆبنێرین، بەخۆمان لەنێوان خۆماندا وەك ھەر چالاكێكی دیكەی یەكێتی بێكاران لەنێوان ساڵانی ١٩٩٢ – ١٩٩٨، مێزگردێك كراوەی ئینتەرنێتیمان ڕێكخست و سەرەنجام ئەم دیالۆگەی لێكەوتەوە، كە لێرەدا بە ئامانجی بانگەوازكردنەوە و ڕاكێشانەی ھاوڕێیان، چ ئەوانەی كە وەڵامی پرسیارەكانیان داوەتەوە و چ ئەوانەی لە كاتی خۆیدا بە ھەر ھۆیەك و ڕێگیرییەكەوە، بواریان بۆ نەڕەخساوە، تاوەكو بەشداری بكەن و ڕەخنە لە بۆچوون و گێرانەوە و لێكدانەوەكانی ئێمە و ئەو دوو ھاوڕێیەی كە وەڵامیانداوەتەوە، بگرن و لەوێدا كە بیرەوەری ئێمە بواری گێڕانەوە و گەڕانەوەی بۆ سەر ھەموو لایەنەكانی ئەو ئەزموونە خەباتكارانەی بێكاران نەدابێت، ئەوان درێژەی پێبدەن و جارێكی دیكە بە گیانێكی ھاوڕێیانە و بەرپرسیارییەوە، پێكەوە درێژە بە مشتومڕ و توێژینەوەی ئەو ئەزموونە جەماوەرییە درێژخایەن و خەباتكارانەی سەردەمە تاریكەكانی ئابڵۆقەی ئابووریی و جەنگی نێوخۆ و ھێرش و ھەڕەشە و مەترسی دەوڵەتانی دراوسێ بۆ ھەرێمی ناجێگیری ئەوسای كوردستان، بدەین.

ھاوڕێیان ڕەخنە و ڕاستكردنەوەی ئێوە لە گێڕانەوە  و تۆماركردن و لێكدانەوە و پێداچوونەوەكانی ئێمە، تەنیا مەرج و مسۆگەركەری زیندووراگرتنی پرۆژەی پێداچوونەوە و  نووسینەوەی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستانە و ھاوكات درێژەپێدەر و پوختەكەر و ڕزگاركەری مێژوو و ئەزموونەكان و لایەنە دەرنەكەوتەكانی خەباتی ئەو ڕێكخراوە جەماوەرییە و بزووتنەوەكەیە لەو ڕۆژگارەدا، كە بە جۆرێك ئێوەش تێیدا بەشدار و چالاك بوون.

 

دەقی بانگەوازی پرۆژەكە

 

نامەیەكی گشتیی بۆ چالاكان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی بێكاران

هاوڕێیانی هێژا، ئەندامان و چالاكانی (یەكێتی بێكاران لە كوردستان)، وێڕای ڕێز و سڵاو و خۆشەویستیمان، هەواڵتاندەپرسین لە هەر كوێیەك هەن  …

هاوڕێیان، هاوكاران و دڵسۆزانی بزووتنەوەی بێكاری لە كوردستان، لەبەر دەستڕانەگەییشتنمان بە ئیمەیل ئەدرەس و ژمارەتەلەفۆنی هەمووتان، نەمانتوانی ڕاستەوخۆ پەیوەندیتان لەتەكدا بگرین و پەیام و پرسیارەكانیان ئاراستە بكەین و لە دەستپێكردنی پرۆژەكە ئاگادارتان بكەینەوە، بەدروستمانزانی، كە لێرەوە پەیام و پرسیارەكانتان ئاراستەبكەین و داواتانلبكەین، كە بە هەر شێوەیەك و بە هەر ڕێگەیەك و بەهەر زمانێك بۆتان دەلوێت، بەشداریبكەن و لە بۆچوون و پێشنیاری خۆتان ئاگادارمانبكەنەوە و پرۆژەكە بە زانیاری و دۆكومێنتەكانتان فروانتر  و پشتئەستوور بكەن.

تكایە لەتەك وەڵامەكانتاندا كورتەیەك وەك ناساندن لەمەر خۆتان بنێرن؛ بەتایبەت نازناوی ناسراو یا ناوی سیانیتان و ئەگەر بۆشتان گونجاوبوو وێنەیەكی بچووكی خۆتانی ھاوپێچبكەین.

ئێمە (سیروان عەلی، گۆران عەبدوڵڵا، ئاكۆ موحەمەد) وەك دەستەیەك لە ئێوە و بەشدارانی ڕێكخراوی (یەكێتی بێكاران لە كوردستان) لەو ڕۆژگارەدا، لەو بڕوایەداین، كە ڕێكخراوی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و مێژووەكەی بەشێكە لە ڕابوردووی هەر یەكە لە ئێمە و هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی و پاراستنی لە فەوتان و فەرامۆشی، ئەركی سەرشانی هەر یەكە لە ئێمەیە، هەر ئەم بڕوایەشە كە ئێمەی لە دەوری ئەم پڕۆژەیە كۆكردووەتەوە و بە‌هەمان شێوەش لەو بڕوایەداین، كە بەبێ ئامادەیی و هاریكاری و بەشداری چالاكانەی ئەنگۆ، پڕۆژەكە ناتەواو دەمێنێتەوە و سەركەوتوو نابێت.

لەسەر هەمان بنەما رێگە بە خۆمان دەدەین و كۆمەڵێك پرسیار وەك كلیلی كردنەوەی دەرگەی باسەكان و بەشدارییەكان ئاراستەی هەر یەكە لە ئەنگۆ دەكەین. چونكە لەو بڕوایەداین، بەبێ شڵەقاندنی گۆمی مەنگی بێدەنگی، هەستان بەو كارە ئەستەمە و هەموو كارێكیش لە خاڵێك و لە ساتێكدا و لە كەسانێكەوە دەستپێدەكات. هەڵبەتە نەوتراو نەمێنێتەوە، كە ساڵانێكە ئێمە بیرمان لەم پڕۆژەیە كردووەتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی نەبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و نەبوونی كاتی پێویست و گرفتی ڕۆژگارەوە بۆ ئێستا ماوەتەوە.

لێرەدا ماوە بڵێین، ئامانج لەم پەیامە تەنیا بەسەر كردنەوە نییە، بەڵكو بانگەوازە بۆ بەشداری و هاریكاری و باشتركردنی پرۆژەكە و سەرخستنی بە گەلكاری و كاری خۆبەخشی هەموولایەك، چونكە لەو بڕوایەداین بیركردنەوەی كۆمەلێك لە هی تاكەكەسێك فراوانتر و كاری كۆمەڵێك لە هی كەسێك سەركەوتوو تر و تێروتەسەلتر دەبێت.

 

بە هیوای بەشداری و هاریكاری چالاكانەی هەموو خەباتكاران

 

دەستەی ئامادەكار : گۆران عەبدوڵڵا، سیروان عەلی، ئاكۆ محەمەد

 

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….

Previous
Next