Skip to Content

Tuesday, April 30th, 2024
میدیا و تووندوتیژیی …. پۆڵا سەعید

میدیا و تووندوتیژیی …. پۆڵا سەعید

Closed
by August 30, 2013 گشتی

 

 

 

 

سه‌ره‌تا به وته‌یه‌کی ڤۆڵتێر ده‌ستپێده‌که‌م، که له‌وه‌ته‌ی بیرم بێت به هه‌ڵه‌ له‌ناو ئێمه‌ی کورددا چ ده‌گووترێت و چ له وتاری ڕۆژنامه‌ و سایته‌کانی ئینته‌رنێتدا بڵاوده‌کرێته‌وه. من وته‌که‌ی ڤۆڵتر به ئه‌ڵمانیی ده‌ناسم، نه‌ک به فه‌ڕه‌نسیی، به‌ڵام له وه‌رگێڕانه ئه‌ڵمانییه‌که له سه‌دا سه‌د دڵنیام، که واتای ڕسته‌که وه‌ک خۆی گوێزراوه‌ته‌وه، منیش لێره‌دا وه‌رگێڕدراوه ئه‌ڵمانییه‌که بۆ خۆم ده‌که‌م به کوردیی، هه‌رکه‌سێک به دروستی ده‌زانێت، ده‌توانێت به‌کاری بهێنێت، ئه‌وه‌شی نا، ئه‌وا باشتره خۆی بگه‌ڕێت، به‌دوای وته‌که‌دا، که دروست وه‌رگێڕدرابێته سه‌ر زمانێکی ئه‌وروپیی نه‌ک عه‌ره‌بیی و فارسیی و کوردیی یان تورکیی چونکه من هه‌میشه له وه‌رگێڕان له‌م شوێنانه‌دا به گوومانم. ڤۆڵتێر ده‌ڵێ: ده‌شێت نه‌فره‌ت له‌وه بکه‌م، که ده‌یڵێی، به‌ڵام ژیانی خۆم له‌پێناوی ئه‌وه‌دا داده‌نێم، که بۆت هه‌بێت بیڵێیت.

Ich mag verdammen was du sagst, aber ich werde mein Leben dafür einsetzen, dass du es sagen darfst

„Voltaire“ 

 

هه‌رگیز له‌گه‌ڵ سه‌رکووتکردنی بیروڕادا نه‌بووم، ئه‌گه‌ر دژ به خودی خۆیشم بووبێت. ده‌شێت بیروڕاکانی دژ به من له چه‌ند ساڵی ڕابوورددا زیاتر جنێو و سووکایه‌تییپێکردن بووبێت، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌کسێپتم کردووه، نه‌ک به‌وه‌ی، که په‌سه‌ندێتیی به سووکایه‌تییپێکردنم بده‌م، نه‌ک به‌وه‌ی، که لاواز بم، به‌پێچه‌وانه‌وه له به‌هێزیی خۆمه‌وه‌‌یه، چونکه هه‌تا ئێستاش دڵنیام له‌وه‌ی، که ئه‌وانه نازانن چیده‌که‌ن. چونکه دڵنیام له‌وه‌ی، که ئه‌وانه ده‌بێت ئه‌وه بکه‌ن، که ده‌یکه‌ن، چونکه ئه‌وان ئه‌وه‌ن، که هه‌ن خۆشیان نازانن بۆچیی، به‌ڵام من ده‌زانم. نه‌ کووشتنی سوکرات نه یێسووس کۆتایی پێنه‌هاتووه، ڕۆژانه سوکرات و یێسووس ژه‌هرخوارد ده‌کرێن و له‌خاچ ده‌درێن.

کۆششی من کۆشش نییه بۆ تاکه‌کان، به‌ڵکوو کۆششی مرۆڤایه‌تییه، کۆششه بۆ ژیانێکی به‌خته‌‌وه‌ر. کۆشش بۆ تاک ده‌بێته هۆی جیاکردنه‌وه، واته مرۆڤ ئاماده‌یه یارمه‌تیی مرۆڤی A بدات و مرۆڤی B په‌راوێز بکات. ئازادیی ڕاده‌ربڕیین ده‌بێت بۆ هه‌موو بێت، نه‌ک ته‌نها بۆ کۆیه‌ک.  کێشه‌که کێشه‌ی ده‌زگایه‌ک نییه، که هه‌ڵه به‌کاردێت، به‌ڵکوو کێشه‌ی که‌سایه‌تییه‌کانی ناو ده‌زگاکه‌یه، که میدیا ده‌به‌ن به‌ڕێوه. که‌سایه‌تیی تێکچووی تاکه‌کان وه‌ها ده‌کات، که میدیای کوردیی هه‌میشه به‌وشێوه‌یه‌ بێت، که هه‌یه. له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کانی کورد له باشووردا که‌سایه‌تیی تێکچووی سه‌رنووسه‌ر و ستافه‌که‌ی ده‌بینم. که‌سایه‌تیی تێکچووی نووسه‌ره‌کانی ده‌بینم.

له میدیادا به گشتیی له سه‌رتاسه‌ری دونیا ئازادیی ڕاده‌ربڕیین و ئازادیی ڕۆژنامه‌وانیی سنوردار و مه‌رجداره نه‌ک بێ سنور و بێ مه‌رج. له میدیای کوردییدا وه‌ک هه‌ر میدیایه‌کی تری خۆرهه‌ڵاتیی هه‌میشه گوێت له لایه‌ک ده‌بێت، هه‌میشه لایه‌ک ده‌خوێنیته‌وه و لاکه‌ی تر په‌راوێزکراوه، قه‌ده‌غه کراوه، ئازادیی ده‌ربڕیینی پێنه‌دراوه. میدیای کوردیی لێره‌دا به وێنه‌ی گه‌نجانی کتێب سووتێنه‌ر ده‌ستدرێژکه‌ره، بیروڕا سووتێنه‌ره. ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کانی نیشتیمانی ئێمه، ڕۆژنامه و گۆڤاری خه‌ڵکانێکن نه‌ک هی کۆمه‌ڵگایه‌ک. مه‌رجه‌کانی ئه‌م گۆڤار و ڕۆژنامانه مه‌رجی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ن، که خاوه‌نی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کانن. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، کێ خاوه‌نی ئه‌م ڕۆژنامه و گۆڤارانه‌یه؟ له دیاردا ناوی ئه‌و که‌سانه له‌سه‌ر ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کان ده‌خوێنرێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی تر نادیارن. نادیاره‌کان مانای ئه‌وه‌ نییه، که بوونیان نییه، به‌ڵکوو ئه‌م نادیارانه ده‌سته‌ڵاتی ونکردنی یاره‌کانیشیان هه‌یه.

ده‌زگاکانی چاپ و په‌خش ده‌زگاگه‌لێکی ده‌ستدرێژکه‌رن بۆسه‌ر بیروای تاک، تووندوتیژن به وێنه‌ی کتێب سووتێنه‌ره‌کان. ئه‌گه‌ر پارتێک ڕێگرم بێت بۆ سبه‌ی له ڕۆژنامه‌کاندا ده‌کرێم به ئاسترومێنتێک بۆ لێدانی لایه‌ک، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو ده‌زگاکانی چاپ و په‌خش ڕێگرم بن، ته‌قه‌ی سه‌ری هیچ که‌س نایه‌ت.

خراپتریین میدیای کوردیی ده‌توانێت ببێته باشتریین میدیای کوردیی، ئه‌ویش به‌وه‌ی، که ته‌واوی کارمه‌نده‌کانیان لابه‌ریت و سه‌رله‌نوێ چه‌ند کارمه‌نێکی ته‌ندروستی تێدا بخه‌یته‌ کار. له بچووکتریین کارمه‌نده‌وه هه‌تاوه‌کوو سه‌رنووسه‌ریان پێویسته ته‌ندروست بن، پێویسته که‌سایه‌تییان تێکنه‌چووبێت.  ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه، چونکه مه‌حاڵه کورد بیت و خاوه‌نی که‌سایه‌تییه‌کی ته‌ندروست بیت. هه‌روه‌کوو چلۆن به تێڕوانینێکی پسیشۆئه‌نالیزانه مرۆڤ له سروشته‌وه خراپه، ئاوهاش میدیای کوردیی له سروشته‌وه خراپه، چونکه مرۆڤی خراپ میدیا ده‌بات به ڕێگاوه.

تاکی کورد سادیسته خۆشیی له ناخۆشییه‌کانی به‌رانبه‌ردا ده‌بینێت. به ناوی خۆشه‌ویستیی نیشتیمان، ئازادیی، سه‌رۆک …هتده‌وه. ڕێگا به خۆی ده‌دات، ده‌ستدرێژیی بکاته سه‌ر هه‌موو که‌س. ده‌ستدرێژیی مه‌رج نییه، ته‌نها فیزیکییه‌ن پراکتیزه‌ بکرێت، به‌ڵکوو به خودی ته‌ماشاکردنێک مرۆڤ ده‌توانێت وێنه‌ی به‌رکه‌وتنی گولله‌یه‌ک ئازار بچێژێت. به چه‌ند وشه‌یه‌ک، که ڕۆڵی شمشێر ده‌بینن مرۆڤ ده‌توانێت که‌رت که‌رت بکرێت. کورد به‌س گوێی له چه‌مکی خۆشه‌ویستیی بووه، به‌ڵام نازانێت خۆشه‌ویستیی چییه! میدیای کوردیی له ڕێگای مانیپولیره‌یه‌کی ده‌روونییه‌وه، ڕۆژانه ده‌ستدرێژیی ده‌کاته سه‌ر خه‌ڵکیی، پراکتیزه‌ی تووندوتیژیی ده‌کات.

خۆشه‌ویستیی ڕه‌خنه ناگرێت، به‌ڵکوو لێده‌گه‌ڕێت ئه‌وه بیت، که هه‌یت. ئه‌وه‌ی بێزارت ده‌کات، ده‌تشێوێنێت هه‌ستێکه، که هی خۆته. هه‌ستت هه‌ڵتده‌سوڕێنێت ئه‌و شته‌ی، که هه‌یه، که ڕووده‌دات به‌وشێوه‌یه نییه، که تۆ حه‌زت لێیه یان ده‌ته‌وێت. مرۆڤی کورد د‌ه‌ڵێ: “له‌به‌رخاتری من”، مرۆڤی به‌رانبه‌ریش ئه‌و کاره ده‌کات، که داوای لێکراوه نه‌ک، که خۆی ده‌یه‌وێت. ئه‌و کاره‌که ده‌کات له‌به‌رخاتری که‌سێکی تر. که‌سه‌که‌ی تر نازانێت خۆشه‌ویستیی چییه، هه‌ربۆیه هه‌ستێک، که هه‌ڵیده‌سووڕێنێت ده‌یشێوێنێت چونکه ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات به دڵی ئه‌و نییه.

به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک وته و بۆچووندا نیم، به‌ڵام لێده‌گه‌ڕێم بگووترێن و هه‌بن. من خۆشه‌ویستیی ده‌ده‌م و وه‌رده‌گرم، سووپاسی هه‌موو بوونه‌وه‌رێک ده‌که‌م، که خۆشه‌ویستییه‌که‌م وه‌رده‌گرێت، چونکه ته‌نها به وه‌رگرتنی خۆشه‌ویستیی تاک ده‌توانێت به‌خته‌وه‌ربێت. ئه‌وانه‌ی پێیانوایه، که خۆشه‌ویستییان سنوورداره و هه‌موو که‌س بۆی نییه هه‌یبێت، نه‌خۆشن، هه‌روه‌کوو چلۆن ئه‌وه‌ی به‌دوای زین و نرخی ژیاندا بگه‌ڕێت نه‌خۆشه. نه‌بوونی زین و نرخ له ژیاندا به‌رهه‌می ئه‌قڵی پسیشۆئه‌نالیزیانه‌ی فرۆیده. نه‌بوونی زین و نرخی بیروڕا له میدیای کوردییدا به‌رهه‌می ئه‌قڵی تاکی کورده.

 

تاکی کورد پێتده‌ڵێ خۆشمده‌وێیت، به‌ڵام له‌هه‌مانکاتیشدا له‌تله‌تتده‌کات، وه‌ک په‌ڕه‌ی گوڵێک هه‌ڵتده‌وه‌رێنێت. خۆشه‌ویستیی تاکی کورد له خۆشه‌ویستیی منداڵێکی لاسار ده‌چێت، که په‌پووله‌یه‌کی خۆشده‌وێت، ئه‌و له خۆشه‌ویستییدا باڵی په‌پووله‌‌که ده‌قرتێنێت هه‌تاوه‌کوو لێی هه‌ڵنه‌فڕێت، له‌کاتێکدا ته‌مه‌نی درێژی په‌پووله‌یه‌ک هه‌ر چه‌ند کاتژمێرێک یان چه‌ند ڕۆژێکه. تاکی کورد بوونه‌وه‌رێکی خۆشده‌وێت، به‌ڵام ده‌یکووژێت، به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که ئه‌و بوونه‌وه‌رێک ده‌کووژێت، که خۆشییده‌وێت. ئیدی لێره‌وه بوونه‌وه‌رێک له‌کیسده‌دات، که خۆشیویستووه. به‌ڵام بۆچیی تاک به‌له‌کیسدانی خۆشه‌ویستێکی ئاوها خه‌مبارنابێت و پرسه‌ ناگێڕێت؟ وه‌ڵام، چونکه هه‌رگیز خۆشی نه‌ویستووه، ئه‌و توانای خۆشویستنی نییه، هه‌ربۆیه خه‌مبارنابێت به له‌ده‌ستدانی بوونه‌وه‌رێک. ئه‌وه‌ی به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی کورد درکی پێنه‌کات، بریتییه له نرخ. ئه‌وه‌ی میدیای کوردیی نایناسێت، بریتییه له نرخ. له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌ڵنه‌سه‌نگاندنی نرخ بووه‌ته ڕه‌گی گه‌وره‌ی کێشه‌کانمان. له ژیانی خۆشه‌ویستیی کچ و کوڕاندا ئه‌وه‌ی پراکتیزه‌ ده‌کرێت بریتییه له موڵکدارێتیی، هه‌ربۆیه کچه‌که کوڕه‌که به موڵکی خۆی ده‌زانێت و کوڕه‌که‌ش کچه‌که به‌ هه‌مانشێوه مامه‌ڵه ده‌کات، به‌ڵام که‌سیان گرنگیی به نرخی یه‌کتریی ناده‌ن، هه‌رئه‌مه‌شه وه‌ها ده‌کات به یه‌كتریی بڵێن، ڕۆحیشت موڵکی منه.

پارت ئه‌ندامه‌کانی به موڵکی خۆی ده‌زانێت، سه‌رۆک نیشتیمان به موڵکی خۆی ده‌زانێت، به‌بێئه‌وه‌ی هیچ کام له مانه توانای هه‌ڵسه‌نگاندنی نرخی ئه‌ندامه‌کانیان و نیشتیمانه‌که‌یان هه‌بێت. ئه‌ندامه‌کانت خۆشبوێت نه‌ک وه‌ک په‌پووله و گوڵ په‌ڕه‌کانیان هه‌ڵوه‌رێنیت، نیشتیمانی خۆتان خۆشبوێت نه‌ک وێرانی بکه‌ن.

جیاوازیی نێوان هه‌ڵکووتانێکی فیزیکیی و ده‌روونیی بوونی نییه. ئاسترومێنته‌کانی هه‌ڵکووتانێکی فیزیکیی بریتییه له “بۆکس، شه‌ق، گولله، بۆمبا …هتد.”، ئاسترومێنته‌کانی هه‌ڵکووتانێکی ده‌روونیی بریتییه له “میمیک، گێستیک”، به واتایه‌کی دی چاو و د‌ه‌م و ده‌ست. تاکی قسه‌که‌ری کورد ده‌توانێت به‌قه‌د هه‌ڵکووته‌رێکی فیزیکیی تووندوتیژ بێت و به‌رانبه‌ره‌که‌ی بریندار بکات. سه‌یر لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئێمه به‌گشتیی ته‌نها هێرشه فیزییکییه‌کان ده‌بینین و ته‌واوی هێرشه ده‌روونییه‌کان ده‌خه‌ینه لاوه و گرنگیی پێناده‌ین. ئه‌وه‌ی توانای هێرشی ده‌روونیی هه‌بێت، دووئه‌وه‌نده توانای شاراوه‌ی هێرشی فیزیکیی هه‌یه‌.

ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی میدیای کوردیی بریتییه له ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی کارمه‌ندانی. واته بۆئه‌وه‌ی تۆ له میدیای کوردیی بگه‌یت پێویسته خوێندنه‌وه له‌سه‌ر که‌ڕاکته‌ری کارمه‌ندانی بکه‌یت. ژیانی کۆمه‌ڵگای کوردیی هۆکاره له پێسیمیستبوونی مندا. له‌کوێ ترووسکه‌یه‌ک ڕووناکییم به‌دیکرد، ئه‌وسا منیش هیوایه‌کم به ئاینده ده‌بێت. هێرشێکی فیزیکیی بۆسه‌ر میدیایه‌ک کاردانه‌وه‌ی هێرشێکی ده‌روونییه. ئه‌وانه‌ی، که هێرشێکی فیزیکیی ده‌که‌نه سه‌ر میدیایه‌ک ڕاسپێردراون، ئه‌وانه پراکتیزه‌ی ویستێکی ویستراو ده‌که‌ن. ئه‌مانه فێرنه‌بوون، که به‌شێوه‌یه‌کی تر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کێشه، گفتووگۆ و ڕه‌خنه‌دا بکه‌ن. ئه‌وه‌ی میدیا ده‌یکات و ده‌یڵێ، ئه‌وه نییه، که ئه‌وان ده‌یانه‌وێت. ئه‌مه له‌کاتێکدا کرده و گووته‌ی میدیای ناوبراو ده‌شێت خه‌ڵکانێکی تر به‌خته‌وه‌ربکات، چونکه کرده و وته‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌یه، که ئه‌مان ده‌یانه‌وێت.

 

29.08.2013

Danmark

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.