
سیمای شیعریی نه‌وه‌ی کۆن، له‌لای نه‌وه‌ی نوێ …2
دیدێکی ڕه‌خنه‌ییانه له‌باره‌ی وتاری ( سیماکانی شیعری نه‌وه‌ی نوێ)ی (سه‌دیق سه‌عید ره‌واندزی)یه‌وه
به‌شی دووه‌م
به بۆچوونی نووسه‌ر ( بێهوده‌یی و غه‌مگینی) یه‌کێکه له سیما تازه‌کانی شیعری نه‌وه‌ی نوێ. تاکه پێوه‌ریش له‌کن نووسه‌ر به ڕه‌شی له دنیا ڕوانینه. ئایا بێئومێدی و به ڕه‌ش بینینی ژیان، واتای بێهوده‌یی ده‌گه‌یه‌نێ؟ چه‌مکی بێهوده‌یی و غه‌مگینی له ڕووی فیکرییه‌وه چی ده‌گه‌یه‌نن؟ ئایا ڕه‌شبینی ئه‌م نه‌وه‌یه له ئه‌نجامی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیانه‌یه؟ به واتایه‌کی دیکه پشتخانێکی فیکرییانه‌ی هه‌یه؟ بێگومان نووسه‌ر بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو چه‌مکه هیچ قسه‌یه‌کی له ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه نه‌کردووه. بۆ نموونه تێڕوانینه‌کانی شۆبنهاوه‌ر بۆ چه‌مکی ڕه‌شبینی، یان تیڕوانینه‌کانی کامۆ بۆ پووچگه‌رایی. له‌باره‌ی نه‌وه‌ی پێشووه‌وه ( مه‌به‌ستمان له پێوه‌ری نووسه‌ره بۆ نه‌وه) بۆ چه‌مکی بێهوده‌یی ده‌ڵێت: (( گوتاری شیعری ئه‌و نه‌وه‌یه, ته‌ژیه له ڕه‌شبینی و نائومێدبوون له ژیان. له كاتێكدا له ئه‌زموونی نه‌وه‌ی پێشووتردا, ئه‌و ڕه‌شبینی‌و غه‌مگینییه بوونی نه‌بووه به‌و شێوه‌یه.)) من ده‌پرسم مه‌به‌ستی له کام شێوه‌یه؟ ئه‌گه‌ر واقیعبینانه بین، نه‌وه‌ی پێشوو له‌ژێر چه‌پۆکی سیسته‌مێکی سیاسیی دیکتاتۆرانه ده‌ژیان، بۆیه‌یش ده‌یان نموونه‌ی شیعریی ڕه‌شبینی و بێئومێدی له ده‌قی نه‌وه‌ی پێشوودا هه‌یه. ده‌قه شیعرییه‌کانی (ڕه‌فیق سابیر) به‌تایبه‌ت له به‌رگی یه‌که‌می دیوانه شیعرییه‌کانی ( به ته‌نیا جێی مه‌هێڵن!) چه‌ندان ده‌قی بێئومێدی تێدایه، به‌ڵام ده‌قگه‌لێک به باکگراوندێکی فیکرییانه‌وه. ئیش‌کردن له‌باره‌ی هه‌ر چه‌مکێکه‌وه ته‌نێ به وشه‌ی (به‌و مانایه) ئیشێکی کامڵ نابێت. نووسه‌ر له‌م نووسینه‌یدا هه‌میشه ڕای دژواز به یه‌کتری ده‌رده‌بڕێت. له‌لایه‌ک (ڕه‌شبینی) به سیمایه‌کی تازه داده‌نێت، له‌لایه‌کی دیکه ئاماژه به‌وه ده‌کات، نه‌وه‌ی نوێ داهێنانی له ده‌ربڕین و کارکردن له نێو ئه‌م چه‌مکه‌دا نه‌کردووه. وه‌کو ده‌ڵێت: ((وه‌لێ مه‌به‌ستمانه ئه‌وه بڵێن: كه ڕوانینی نه‌وه‌ی نوێ بۆ نیشتمان و چه‌ندین بابه‌ت و چه‌مكی دیكه‌ی ژیان, جیاوازه له‌گه‌ڵ تێڕوانینی شاعیرانی پێشووتر. ئه‌م جیاكاریییه گه‌رچی نه‌گه‌یشتۆته ئاستی داهێنان و شوناسێكی شیعریانه‌ی سه‌ربه‌خۆ, له ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌وه, وه‌لێ ئه‌مه‌ش به‌و مانایه نایه‌ت, كه ئه‌زموونی ئه‌و نه‌وه‌یه هه‌مان ئه‌زموونی نه‌وه‌ی پێشووتر بێت, یاخود جیاوازی نه‌بێت له دنیابینی شیعریان.)) ئیش‌کردنی نه‌وه‌ی نوێ ئه‌گه‌ر خۆ جوداکردنه‌وه له ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆکه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی پێشوو نه‌بێت، چ خۆ جودا کردنه‌وه‌یه‌که؟ ئاخر نه‌وه‌ی نوێ واتا داهێنان، چونکوو ئه‌گه‌ر داهێنانمان نه‌بوو، که‌واته نه‌وه‌ی نوێمان نییه. ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی نووسه‌ر به‌رباسی ده‌دا تێڕوانینی بۆ ژیان نه‌گه‌یشتبێته ئاستی داهێنان و شوناسێکی شیعرییانه‌ی سه‌ربه‌خۆ به قه‌ولی نووسه‌ر، چ جوداوازییه‌ک له دنیابینی شیعریی ئه‌و نه‌وه‌یه‌دا هه‌یه؟ ده‌بینین له‌م ڕایه‌ی نووسه‌ردا زۆر په‌یڤی دژواز به یه‌کتری هه‌یه. ده‌کرێ بڵێین ئه‌م نه‌وه‌یه ڕشبینییه‌که‌ی کامڵتر و قوڵتره له نه‌وه‌ی پێشوو، چونکوو نه‌وه‌ی پێشوو هێنده‌ی خه‌ریکی کاری سیاسیی بوو، هێنده‌ی ئایدیۆلۆژیای حیزبی و سیاسی داگیریکردبوو، هێنده به واتا قوڵ و مه‌عریفییه‌کی کار له‌باره‌ی تێڕوانینه‌کانی خۆیه‌وه بۆ ژیان نه‌ده‌کرد. واتا نه‌وه‌ی پێشوو له دیدێکی سیاسییانه‌وه له ژیانی ده‌ڕوانی. نه‌وه‌ی نوێ زۆر که‌متر ئه‌و دیده سیاسییه‌ی هه‌یه، به‌ڵام ئایا نه‌وه‌ی نوێ توانیویه‌تی هێزێکی وه‌های هه‌بێت، شێوه ژیانێکی دیکه بخولقێنێت؟ به بڕوای من نه‌خێر. ته‌نێ له شیعرێکدا خۆ ڕه‌شبینی نیشاندان، واتای ئه‌وه نییه، دیدێکی جواداواز هه‌یه. نه‌وه‌ی نوێ ده‌بێ له واقیعدا ئه‌و هێزه ڕه‌شبینییه پراکتیک بکات.
نووسه‌ر بۆ ڕاڤه‌کردنی ده‌قه‌کان، ته‌نێ هه‌وڵیداوه، به نووسین(وه‌کوو په‌خشان) واتای دێڕه شیعره‌کان لێکبداته‌وه. به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی شیکردنه‌وه‌ی وشه میتافۆڕییه‌کان، ئالیگۆره‌کان بدات. به‌بێ ئه‌وه‌ی به دوای ده‌لاله‌ته‌کانی پشت هه‌ر په‌یڤێک بگه‌ڕێت. هۆی سه‌ره‌کیی ئه‌مه‌یش وه‌کوو له سه‌ره‌تاوه باسم کرد، نه‌بوونی مێتۆدێکی کارکردنه، چونکوو کارکردن به هه‌ر مێتۆدێک، که‌ره‌سه‌یه‌کمان له‌به‌ر ده‌ستدا ده‌بێ بۆ ڕاڤه‌کردن و ڕاسته‌وخۆ به‌ره‌و ئامانجمان ده‌بات.
( هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی وشه و گه‌مه‌کردن به زمان) یه‌کێکی دیکه له‌و سیمایانه‌یه نووسه‌ر ده‌یخاته پاڵ شیعری نه‌وه‌ی نوێ. دیسان به‌بێ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر پێمان بڵێت: هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی وشه چییه؟ گه‌مه‌ی زمانی چییه؟ به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆ بونیادگه‌ره‌کان بگه‌ڕێته‌وه، ته‌نێ چه‌مکی گه‌مه‌ی زمانی به کار هێناوه. بونیادگه‌ره‌کان بۆ ڕاڤه‌ی ده‌ق ته‌واو پشتیان به زمانی ده‌ق ده‌به‌ست، ته‌نێ له نێو زمانی ده‌ق کاریان ده‌کرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق بگه‌ڕێنه‌وه. پێیانوابوو زمان هه‌موو شتێکه. به کورتی ده‌ق واتا زمان. ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییان پێوه‌ست به زمان ده‌کرده‌وه. به بۆچوونی (بارت) به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی (( له ڕێی زمانه‌وه دروست ده‌بێ، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییش به هۆی زمانه‌وه دێته به‌رهه‌م، به‌ڵام بابه‌ته‌که‌ی دۆزینه‌وه‌ی زمانه.))2 نووسه‌ر ده‌نووسێت :
(( گه‌مه‌كردن به زمانی نووسین و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی وشه, له‌و ستراكتۆره بابه‌تی‌و زمانه‌وانییه‌ی هه‌یه‌تی, دیارترین خه‌سڵه‌تی دیكه‌ی ئه‌زموونی شیعری ئه‌و نه‌وه‌یه‌یه، كه جیایان ده‌كاته‌وه, له ئه‌زموونی نه‌وه‌كانی پێشووتر. له كۆی ئه‌زموونی شیعری نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕیندا, له هه‌ندێكیان گه‌مه‌یه‌كی زمانه‌وانی ئاڵۆز ده‌بینین، كه تیایدا وشه چیتر هه‌مان ئه‌و وشه دیاریكراوه نییه، له ڕووی واتاوه. وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر له شیعری كوردیدا ده‌یبینین.)) له‌م په‌ره‌گرافه‌دا به‌ر بۆچوونی سه‌یر و نازانستی ( به واتا ئه‌کادیمییه‌که‌ی ناڵێم) ده‌که‌وین. من پێم سه‌یره چۆن ڕایه‌کی ڕه‌های وه‌ها ده‌نووسێت، که وشه چی تر له ڕووی واتاوه ئه‌و وشه دیاریکراوه نییه، وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشتر له شیعری کوردی‌دا ده‌یبینین. نووسه‌ر لێره‌دا کۆی شیعری کوردی پێشتر به جۆرێک پێناسه ده‌کات، که وشه له شیعری نه‌وه‌ی پێشوودا بۆ هه‌مان ده‌لاله‌تی خۆی به کار هاتووه. لێره‌دا ده‌پرسین ئایا شیعری کلاسیکی کوردیی، هه‌ر له جزیرییه‌وه تاکوو نالی و سالم و مه‌حوی…تاد وشه‌یان بۆ هه‌مان ده‌لاله‌تی وشه‌که‌ی خۆیان به کار هێناوه؟ ئه‌دی ئه‌و هه‌موو گه‌مه زمانییانه‌ی ئه‌وان له شیعردا ئه‌نجامیانداوه چییه؟ چ شاعیرێک وه‌کوو ئه‌وان هونه‌ره‌کانی ڕه‌وانبێژی به‌و شێوه هونه‌رییه‌ی له شیعره‌کانیاندا هه‌یه به کار هێناوه؟ ئایا وشه، که له شیعردا به کار هات، ڕاسته‌وخۆ ئه‌و واتا مه‌دلووله‌ی، که به بۆچوونی سۆسێر کۆمه‌ڵ له‌سه‌ری ڕێککه‌وتوون له ده‌ست نادات؟ شیعر واتا زمان. نووسه‌ر کاتێک ئاماژه به هونه‌ریی گه‌مه‌ی زمانی ده‌کات، به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆمان ڕوون بکاته‌وه، ئه‌و گه‌مه‌یه له‌کن ئه‌و نه‌وه نوێیه چۆن ئه‌نجامدراوه؟ له‌سه‌ر کام ئاستی زمانه‌وانی، چونکوو ده‌زانین مادام شیعر زمان بێت، ئه‌و گه‌مه زمانییه له‌سه‌ر هه‌ر یه‌ک له ئاسته‌کانی: ده‌نگسازی، وشه‌سازی، ڕسته‌سازی و واتاسازییدا ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌موو شاعیرانی کلاسیک باسی (گوڵ) ده‌که‌ن، به‌ڵام ئایا واتای ئه‌م وشه‌یه هه‌مان ئه‌و واتایه‌یه، که له واقیعدا ئێمه ده‌یبینین. شاعیران بۆ به‌رهه‌مهێنانی شیعرییه‌تی شیعر په‌نا وه‌به‌ر گه‌مه‌ی زمانی ده‌به‌ن ( بێگومان ئاستی ئافراندنی ئێستاتیکی و شیعرییه‌ت له‌کن هه‌ر یێکه‌یان جوداوازه، هه‌یانه داهێنانی تێدا کردووه، و هه‌یانه نه‌یتوانیوه داهێنان بکات.) نووسه‌ر ته‌نێ هاتووه، یێک دوو نموونه‌ی هێناوه‌ته، که ئه‌م شاعیرانه وشه‌ی (شار) یان به کارهێناوه، به‌ڵام ده‌لاله‌تێکی دیکه‌یان پێبه‌خشیوه. ئه‌گه‌ر شاعیر له به کار هێنانی هه‌ر وشه و ده‌سته‌واژه‌یه‌ک هه‌مان ده‌لاله‌تی وشه‌که خۆی پێ ببه‌خشێ، که‌واته شیعرییه‌ت و ئێستاتیکا له کوێن؟ (( چۆنیه‌تی ره‌فتارکردنی نووسه‌ر له‌گه‌ڵ زمان و جۆری ئاوێته بوونی ڕه‌هه‌نده‌کانی شیعرییه‌ت و ئیستاتیکای ده‌ق دێنێته گۆڕین.))3 که‌واته ئاستی گه‌مه‌کردنه‌که ده‌که‌وێته سه‌ر ئاستی هونه‌ریی و داهێنان و توانای نووسه‌ر.
((كه‌واته زمان له شیعری ئه‌و نه‌وه‌یه‌دا له‌گه‌مه‌یه‌كی به‌رده‌وامی وشه و ده‌سته‌واژه و رسته‌كاندایه. چیتر زمانی ئاماژه‌و گه‌یاندنی واتا نییه به ته‌نیا, به‌ڵكو زمانی سه‌رله‌نوێ پێدانه‌وه‌ی ئاماژه‌یه‌كی جیاوازه له ئاماژه‌كانی پێشووتر.)) له‌م په‌ره‌گرافه‌یش بۆچوونی عه‌نتیکه ده‌بینین. ئاخر له شیعردا چۆن ده‌بێ وشه هه‌مان واتای خۆی هه‌بێ. ئه‌دی شیعر خولقاندنی دنیایه‌کی دیکه‌ی جوداواز له‌و واقیعه‌ی تێیدا ده‌ژین نییه؟ هێنانی هێڵێکی ڕاست و چه‌پ به‌سه‌ر کۆی شیعری کوردی پێشوو، هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه. ئایا ده‌کرێ بڵێین له کۆی شیعری ( شێرکۆ بێکه‌س)دا گه‌مه‌ی زمانیی نییه؟ به‌م بۆچوونه بێ، شێرکۆ له کۆی شیعره‌کانییدا هیچ ئاماژه‌یه‌کی جوداوازی له ئاماژه‌ی پێشتری وشه‌کان به وشه‌کان نه‌به‌خشیوه. ئه‌دی ( ئه‌نوه‌ر قادر جاف، ڕه‌فیق سابیر، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، هاشم سه‌ڕاج، عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف، به‌ڕۆژ ئاکره‌یی…تاد). ئایا (ڕه‌فیق سابیر) له ده‌قی ( لاوکی هه‌ڵه‌بجه)دا چۆن باسی ئه‌و شاره ده‌کات؟ ئایا ئه‌و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ی (ڕه‌فیق سابیر) له ده‌قه‌که‌یدا باسی ده‌کات، هه‌مان ئه‌و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌یه، که له واقیعدا هه‌یه؟ ( عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف) له شیعرێکدا ده‌ڵێ:
(( که چوومه ژێر ڕه‌شماڵه‌وه
به یه‌کجاره‌کی، شارم ته‌ڵاق دا و
به یه‌کجاره‌کی، بووم به ره‌وه‌ند)) 4
ئه‌و شاره‌ی شاعیر لێره‌دا به‌رباسی ده‌دا، هه‌مان ئه‌و شاره‌یه، که هه‌یه. بێگومان نه‌خێر، لێره‌دا ده‌لاله‌تێکی دیکه‌ی له وشه‌ی (شار) خولقاندووه. مه‌به‌ستی من لێره‌دا ئه‌وه نییه، بڵێم نه‌وه‌ی نوێ ( به پێوه‌ری ئه‌و سیمایانه‌ی نووسه‌ر دیارکردوون، نه‌وه‌یه‌کمان نییه، به ناوی نه‌وه‌ی نوێ)، ده‌قی نوێی نییه. به‌ڵکوو ئه‌و سیمایانه‌ی نووسه‌ر له‌م وتاره‌دا بۆ شیعری نه‌وه‌ی نوێی دیاریکردوون، سیماگه‌لێکن له شیعری نه‌وه‌ی پیشوودا زۆر به زه‌قی هه‌ن. ده‌کرێ توێژه‌رێک له ڕێی به‌راورد کردنه‌وه، گه‌مه‌ی زمانی له هه‌ر چوار ئاسته‌که‌ی زمان، له ده‌قی نه‌وه‌ی پێشوو و ده‌قی نه‌وه‌ی نوێ به‌راورد بکات، بزانێ ئایا نه‌وه‌ی نوێ توانیویه‌تی شیعری نه‌وه‌ی پێشخۆی تێپه‌ڕ بکات، یان نا. لێره‌وه ئێمه ده‌توانین سیمای شیعری نه‌وه‌ی نوێ دیاری بکه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ی نووسه‌ر بێ، ئه‌وا ده‌یان و سه‌تان نموونه‌مان هه‌ن، که نه‌وه‌ی پێشوو، هه‌ر له کلاسیکه‌وه، تاکوو ڕاپه‌ڕین ( ڕاپه‌ڕین وه‌کوو زه‌مه‌ن له‌کن نووسه‌ر نه‌وه‌ی نوێی پێ جودا کردۆته‌وه) چ وه‌کوو سیمبول، چ وه‌کوو ڕیتم له ده‌قدا کاریان کردووه.
له دیدی نووسه‌ر (وێنه‌ی سوریالیی) سیما و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دیکه‌ی شیعری نه‌وه‌ی نوێیه. له به‌رباسدانی ئه‌م سیمایه‌یش نووسه‌ر له چه‌ند دێڕی سه‌ره‌تای قسه‌کانیدا، دژوازی له بۆچوونه‌کانی ده‌بینرێت. نووسه‌ر ده‌نووسێت: ((تایبه‌تمه‌ندیه‌كی دیكه‌ی شیعری ئه‌و نه‌وه‌یه, كه ده‌كرێ وه‌ك هێمایه‌كی جیاكاره‌وه له شیعری نه‌وه‌ی پێشووتر سه‌یری بكه‌ین, به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه‌ی سوریالییه له شیعردا. ئه‌مه به‌و مانایه نییه له ئه‌زموونی نه‌وه‌ی پێشووتر وێنه‌ی سوریالی له شیعردا بوونی نه‌بێت.)) لێره‌دا من جه‌خت له ده‌سته‌واژی (هێمایه‌کی جیاکه‌ره‌وه) ده‌که‌مه‌وه. کاتێک ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به کار ده‌هێنین، واتا شیعری ئه‌م نه‌وه‌یه، به هۆی ئه‌م سیمایه‌وه شیعریی نه‌وه‌ی پێشووی تێپه‌ڕاندووه. که‌واته ئه‌م نه‌وه‌یه داهێنانیان کردووه، به‌ڵام دواتر ده‌بینین ئه‌م بۆچوونه‌ی خۆی ڕه‌تده‌کاته‌وه، کاتێک ده‌نووسێت (( ئه‌مه به‌و مانایه نییه له ئه‌زموونی نه‌وه‌ی پێشووتر وێنه‌ی سوریالی له شیعردا بوونی نه‌بێت.)) ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی نووسه‌ر له‌وه‌دا بێت، که نه‌وه‌ی نوێ ئه‌م سیمایه‌ی هێناوه‌ته نێو شیعریی کوردی و نه‌وه‌ی پێشوو، ته‌نێ له نائاگایییه‌وه وێنه‌ی سوریالی له شیعردا خولقاندووه. ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌کی زانستی و مێژووییه، چونکوو پێش ئه‌م نه‌وه‌یه، که‌سانی وه‌کوو: عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف، ئه‌حمه‌دی مه‌لا، فه‌رهاد پیرباڵ، هاشم سه‌ڕاج، ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، ئیسماعیل به‌رزنجی. له ژێر کاریگه‌ری ڕێبازی سوریالیی ئه‌ورووپا، ده‌قی سوریالییان نووسیوه. به‌تایبه‌ت کاتێک (فه‌رهاد پیرباڵ) له ساڵی (1994) له ئه‌ورووپا ده‌گه‌ڕێته‌وه، گۆڤارێکی سوریالی به نێوی (وێران) بڵاوده‌کاته‌وه. له‌وێدا زۆرێک له‌و شاعیر و نووسه‌رانی ناومان هێنان، له خۆی کۆده‌کاته‌وه. که‌واته پێش ئه‌م نه‌وه نوێیه، ده‌قی سوریالی له نێو شیعری کوردی‌دا هه‌بووه. ته‌نانه‌ت ( فه‌رهاد پیرباڵ و ئه‌حمه‌دی مه‌لا) یێکه‌م که‌سانێک بوون، شیعریان به شێوازی ئۆتۆماتیکی، که شێوازێکی نووسینی ده‌قه له‌کن سوریالییه‌کان، نووسی. ئه‌وه‌ی جێی سرنجه ئه‌م شاعیرانه به کاریگه‌ری سوریالییه‌تی ئه‌ورووپا ده‌قی سوریالییان ده‌نووسی. لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستییه‌ی، ئه‌گه‌ر (وێنه‌ی سوریالی) سیمایه‌کی شیعری نه‌وی نوێ بێت ( به بۆچوونی نووسه‌ر)، ده‌توانین بڵێین ئه‌م نه‌وه‌یه نه‌یتوانیوه نه‌وه‌ی پێش خۆی تێپه‌ڕێنێ، که‌واته ئه‌م نه‌وه‌یه به نه‌وه‌یه‌کی نوێ هه‌ژمار ناکرێ، به‌ڵکوو به نه‌وه‌یه‌کی لاساییکه‌ره‌وه هه‌ژمار ده‌کرێت، چونکوو ئه‌گه‌ر وه‌ها پێڕه‌وی له شێوازێک، که پێشتر تاقیکراوه‌ته‌وه بکه‌ین، داهێنانی ئه‌وان و نوێخوازی ئه‌وان له کوێدایه؟ من ده‌زانم ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی نووسه‌ر به‌رباسی ده‌دا، شتی تازه‌یان پێیه، تا ڕاده‌یه‌کی زۆریش له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان خۆیان جوداواز به ده‌ق خۆیان نیشان بده‌ن، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌و سیمایانه‌ی نووسه‌ر باسیان ده‌کات، سیمای ئه‌و نه‌وه‌یه نییه.
( به خودکردنی شیعر) یه‌کێکی دیکه له‌و سیمایانه‌یه، که نووسه‌ر باسی ده‌کات. ڕاسته نه‌وه‌ی ساڵانی دووهه‌زار له ده‌قدا گوزارشت له خودی خۆیان ده‌که‌ن. زۆر ده‌مێکه (فرۆید) له ڕێی ده‌روونشیکارییه‌وه هه‌وڵی ڕاڤه‌کردنی ده‌قی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی داوه. ته‌نانه‌ت له ڕێی ده‌روونشیکارییه‌وه، خوێندنه‌وه‌ی سایکۆلۆژی بۆ که‌سایه‌تی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان کردووه. له‌وانه: دیستۆیفسکی، داڤنشی، مالارمێ. به بۆچوونی فرۆید هه‌موو ئه‌و غه‌ریزانه‌ی له نائاگایی نووسه‌ردا کۆده‌بنه‌وه، کاریگه‌ریان له‌سه‌ر به‌هه‌مهێنانی ده‌ق هه‌یه. که‌واته نووسه‌ر هه‌موو ئه‌و شته خودییانه‌ی له ئه‌زموونی ژیانی خۆیدا به‌سه‌ری هاتوون، کاریگه‌ریان له داهێنانی ده‌قدا هه‌یه. ته‌نانه‌ت ده‌ق وه‌کوو نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونی داده‌نێت. لێره‌وه ده‌توانین بڵیین هه‌موو شاعیرێک کاریگه‌ری ژیان و ئه‌زموونی ژیانکردنی خۆی به سه‌ره‌وه‌یه، به‌ڵام ڕاسته تاکوو دوای ڕاپه‌ڕین زۆربه‌ی شاعیران شیعریان وه‌کوو که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ ده‌ربڕینی ئه‌و چه‌مکانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی خودن، وه‌کوو ئازادی، نیشتیمان، ته‌نانه‌ت ئایدیۆلۆژیا به کار ده‌هێنا. کاتێک تاکی کورد ( شاعیر و نووسه‌ریش وه‌کوو تاکێک) ئازادی و نیشتیمانیان بۆ فه‌راهه‌م ده‌بێ، ناچار خه‌م له شته خودییه‌کانی خۆیان بخۆن و به که‌ره‌سه‌ی شیعریی بکه‌ن. ده‌کرێ ئه‌مه وه‌کوو سیمایه‌ک هه‌ژمار بکرێت، به‌ڵام ئیش‌کردن له‌باره‌ی ئه‌م سیمایه‌وه به‌و شێوه ساده و ساکاره نییه، که نووسه‌ر یێک دوو نموونه‌ی بێنێته‌وه.
به شێوه‌یه‌کی گشتی لێره‌وه ده‌توانم به چه‌ند ئه‌نجامێک له‌باره‌ی ئه‌و وتاره‌ی ( سه‌دیق سه‌عید ره‌واندزی) بگه‌م:
1. ئه‌و سیمایانه‌ی نووسه‌ر، وه‌کوو سیمای شیعری نه‌وه‌ی نوی دیاریکردوون، له ده‌قی نه‌وه‌ی پێشتردا بوونیان هه‌یه و به وردیش کاریان له‌باره‌وه کراوه. که‌واته به پێوه‌ری نووسه‌ر، ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌وه‌یه سیمای شیعریان ئه‌و سیمایانه بێت، به بڕوای من نه‌وه‌یه‌کی لاساییکه‌ره‌وه‌ن، نه‌ک نوێخواز.
2. وتاره‌که بۆچوونی دژواز به یه‌کتری زۆری تێدایه، ئه‌مه‌یش له‌گه‌ڵ توێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌یی ته‌با نایته‌وه. توێژه‌ر کار له‌باره‌ی هه‌ر چه‌مکێکه‌وه بکات، ده‌بێ ئاگه‌داری بۆچوونه‌کانی بێت زۆر کۆنکرێت و ورد بێت، ده‌نا ده‌که‌وێته نێو هه‌ڵه‌ی زانستی (دیسان به واتا ئه‌کادیمییه‌که‌ی نا) و مێژوویی.
3. له ڕاڤه‌کردنی ده‌قه‌کان، سه‌رپێیانه ڕاڤه‌ی ده‌قه‌کانی کردوون. واتا نه‌چۆته نێو ورده‌کاری مه‌دلوولی وشه‌کان، ده‌سته‌واژه‌کان، به‌ڵکوو ته‌نێ واتای ده‌قه‌کانی لێکداوه‌ته‌وه. بۆیه‌یش زۆر به‌ر وشه‌ی ( مه‌به‌ستی شاعیر) ده‌که‌وین. به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگه‌داری ئه‌وه بێت، کێ ده‌ڵێ شاعیر مه‌به‌ستی له‌و واتایه‌یه؟ یان که‌واته نووسه‌ر و شاعیر ڕێککه‌وتنێک له‌نێواندا هه‌یه و شاعیر پێی گوتووه مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه. ئه‌مه‌یش بۆ بێ مێتۆدی وتاره‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه.
4. له‌م وتاره‌دا ده‌یان هه‌ڵه‌ی ڕێنووس هه‌ن. بۆ نموونه زۆربه‌ی ڕسته‌کان کار(فعل)یان له نێوه‌ڕاستدا هاتووه، له ڕێزمانی کوردیی کار ده‌که‌وێته کۆتایی ڕسته، له هه‌ر شوێنێک نوخته دانرا، واتا ڕسته‌که کۆتایی هاتووه. بۆ نموونه له‌م په‌ره‌گرافه‌دا ((ئه‌م بابه‌تانه دیارترین كه‌ره‌سته‌و بابه‌تی شیعری بوونه, له ئه‌زموون و دنیابینی شاعیرانی ئێمه‌دا. واته، شاعیرانی كورد به جیاوازی روئیا و ئه‌زموونی شیعریانه‌وه, به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئه‌م بابه‌تانه‌یان به‌رجه‌سته‌كردووه له شیعردا. به درێژایی ئه‌زموونه‌كانی شیعری كوردی له كلاسیكییه‌وه، تاكو زه‌مه‌نی دوای راپه‌ڕین, نیشتمان دیارترین بابه‌تی شیعری بووه له دنیابینی شاعیرانی ئێمه‌دا. هیچ شاعیرێكی كورد نییه, شیعری بۆ نیشتمان نه نووسیبێت. هه‌مووشیان دواجار له‌وخاڵه‌دایه‌كده‌گرنه‌وه، كه وێنای نیشتمانێكی داگیركراو, جوان‌و خۆشه‌ویست له دنیابینی ئێمه‌دا ده‌نه‌خشێنن. له كاتێكدا ده‌كرێ له نیشتمان جه‌للادیش هه‌بێت.)) ئه‌و وشانه‌ی هێڵمان به ژێردا هێناون، کاری ڕسته‌کانن و له نێوه‌ڕاستی ڕسته‌کانن. چه‌ندان په‌ره‌گرافی له‌م شێوه هه‌ن. له ده‌یان شوێن (ی) ئامرازی پێوه‌ندیی نه‌نووسراوه. به تایبه‌ت له‌و وشانه‌ی کۆتایی‌یان به دوو(ی) دێت.
حه‌مه مه‌نتک
————————————–
په‌ڕاوێز و سه‌رچاوه‌کان:
1. هونه‌ری شیعر، هۆراس، و: حه‌مید عه‌زیز، کتێب‌فرۆشی سۆران، هه‌ولێر، چاپی دووه‌م، 2005. ل19.
2. پێکهاته و ڕاڤه‌ی ده‌ق، بابه‌ک ئه‌حمه‌دی، و: مه‌سعوود بابایی، کتێبی دووه‌م، سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی فیکری و ئه‌ده‌بی نما، هه‌ولێر، 2005، ل62.
3. شیعرییه‌تی چیرۆکی کوردی، هێمن عومه‌ر خۆشناو، وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری/ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ولێر، هه‌ولێر، 2010، ل28.
4. کلکی کتکی پرسیاره، عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر،2007،ل 91.