Skip to Content

Wednesday, December 4th, 2024
لە دەفتەرى بەرباخەڵما … نەوزاد  بەندی

لە دەفتەرى بەرباخەڵما … نەوزاد بەندی

Closed

 

 

 

( )

 

-1-

خۆشەویستى تۆ ،

منى تەقاندەوە ..

ئێستا هەر پارچەیەکم

بە دەست کچێکەوەیە ..

 

 

-2-

 کە گەڕامەوە بۆماڵەوە ،

جا پێم  زانى نیوەى لێوم لاى تۆ بەجێهێشتوە

 

-3-

دواى چەند ساڵ ،

ئینجا پێم زانى بە بێ ئیجازە ، من خۆشەویستى ئەکەم ..

 

-4-

زۆر جار لە بەرامبەر تۆدا ،

قسەکردنم لە بیر چۆتەوە ..

 

-5-

زۆر تێمڕوانى ،

هیچ هەڵەیەکى تیا نەبوو ،

شایانى ئەوە بێ بکرێ بە نهێنى ..

خۆشەویستى من و تۆ ..

 

-6-

بە تەنیشت دیوارەکاندا ئەڕۆیشتم ..

ئاوەچۆڕى گوێسەبانەکان ، ئەڕژایە پشت ملم ..

لە ترسى ئەوەى نەبادا خۆشەویستى بمشێلێ ..

 

-7-

ئێستایش بە گومانەوە ئەڕوانم 

بۆ هەموو شتێک ..

(لە دنیایەکدا خۆشەویستى ئەوەندە خەتەر بێ ،

ئەبێ چ ئومێدێکمان بەوانى تر بێ .. ؟! )

 

-8-

هەموویان بە قەد و باڵاى مردوویەکا هەڵیان ئەدا ..

خۆشەویستیش وەک هەنجیر ،

لە ژێر پێڵاوەکانیاندا ، ئەفلیقایەوە ..

 

-9-

دواى چەندەها ساڵ ،

کە گەڕامەوە بۆ لات ..

نە تۆ لەوێ مابووى ..

نە خۆم ..

 

-10-

زۆر باسى خۆشەویستى ناکەم ،

ئەترسم کافرم کا ..

 

-11-

خێرا  خێزان دروست ئەکەین ،

بۆ ئەوەى نەوەکانمان ،

یارى بە خۆشەویستیەکەمان بکەن …

وەک سەگ ،

لەبەردەرگا ئەیبەستینەوە ..

وەک دز ، دواى نیوە شەو ،

دەست ئەهێنین بە ڕوخساریا ..

 

-12-

من پێم وایە مرۆڤ بە بێ خۆشەویستى ،

کەمئەندامە ..

 

-13-

لە وڵاتى مندا ،

شەڕ بە ئاشکرا ئەکرێ و

خۆشەویستى بە نهێنى ..

 

-14-

ئەو خەڵکە بۆیە زۆربەیان ناشیرینن ،

نازانن خۆشەویستى بەرى چ دارێکە ..

بۆیە حیزبەکان گاڵتەیان پێ ئەکەن ..

بۆیە دانەکانیان زوو ئەکەون ..

بۆیە زۆربەیان ورگیان ،

وەک هەویر شۆڕ بۆتەوە ..

ئەوان خۆشویستییان ون کردووە و 

لە ڕویان نایەت لە مزگەوت ، جاڕێکى بۆ بدەن ..

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.