مەڕۆ بۆ ئەوێ … بۆ جەمال غەمبار
سڵاو غەمبار!!
دەڵێن قسە یا لە شێت، یا لە مناڵ
من هەردووکیانم،
شێتم!!ڕیشم لە ڕیشی مردن سپی ترە
شەرواڵێکی پینە پینەم لە پێدایە
کە تەنها لە نەخشەی جیهانی غەدر دەچێ!!
پاڵتۆیەکی ڕەشەبام لەسەر شانەو
لە یەکێك لە شەقامە بێوەژنەکانی نیشتمانا پیاسە دەکەم
مناڵــــــــــــــم،
ڕەوڕەوەی شیعرێکم بە دەستەوەیە و
لە خۆڵی ئەم قەسیدەدا پلیکاوم
نۆبەرەی لاسارەیم و
پێشم دەڵێن”
کوڕە بچوکی گەڕەکی دوکەڵ
دەڵیم: مەڕۆ بۆ ئەوێ
چاویلکەکەت بکە چاوی مەحوی و
وەک هەموو جارێ
با سەرقافڵەی قەسیدەیەکی ئاوی بن و
با بەرنوێژی کۆڕێکی هەناریت بن..!!
لەوێ دڵنیام،
چاویلکەکەت،لە دێڕێکی دەستوورا دەتوێتەوە!!
مەرۆ…..
مەحفەزەکەت مەکە ڕەشکەی
ئەو ئیمزانەی لە جاڵجاڵۆکە دەچن
با کە دەستمان برد بۆ هێشوە شیعرێ،
شەقە لە پایتەختی هەست و سۆزمان هەڵنەسێ..
مەڕۆ…
چەند جوانە گیرفانێکی پاڵتۆکەت،
سروی سیگارەکان
بوونەتە ماڵێک لە مسۆدەی شیعر و
لەو گیرفانەکەتا
تەسبیحێکی هەزار دانەیی تیایە
کە دەیان سڵاواتت بە دیار
کۆرپەلە شیعرەکانی نالی و مەحویدا داداوە
دلنیام گەر بڕۆی
گیرفانەکانت، لەبەر سكاڵای
داس لە دار و
سپی لە ڕەش و
گویزان لە موو و
گوڵ لە ” با ” و
کورسی لە بزمار و
مێز لە پێڵاو
قژ لە بۆیاخ و
ئاگر لە پوشەڵانی ڕۆح و
ژن و کتێب لە سووتان و
گوڵە گەنم لە غروری و
لارەو سەنگی لە تەرازوو و
لەبەر سکاڵای سازان لە هەموار
ئەوەندە تەسک دەبنەوە
جێگەی دەستەکانی خۆشت ناکەنەوە..
مەڕۆ …
تو سەری قەڵا..
تو پشته چهماوهکهی گۆیژە
تو دڵی هەنارە گوشراوەکانی باوەکۆچەک
تو چاوە لێڵەکانی سیروان
تو گەرمیانی ئەنفالستان
شیعر مەبە بۆ ئەوێ
لەوێ،
نە کاپتن گوێت لێ دەگرێ و
نە کاپتن وەڵامت دەداتەوە و
نە گریانی ئامادە دەبێ،
لە حزوری دڵتەنگیا و
نە مۆمێک قژی ڕووناکی لەبەر فرمێسکەکانتا دادەهێنێ..
لەوێ،
قەسیدەیەکی تری ئەنفال
نابیتە باخێک لە باخەکانی بەهەشتی زیندوو بوونەوەی گەرمیان و
دڵی کۆپلەیەک،
گەڕووی گەرمی پەپولەیەکی عەدەم سارد ناکاتەوە
مەرۆ شیعر مەبە بۆ ئەوێ
با لە زمانی سیاسەت نە تیبگەن و نە فێر بن
با سیاسیە نا سیاسەکانمان
شیعر نەکەنە لولەی گڵۆبەڕۆژەو پاقلە
با شیعر خەوی لێ نەکەوێ و
گورگ ملی دیوانێک بشکێنێ…
با لەسەر سنگی شیعر
تاتۆی جەنگ دروست نەکرێ
با شیعر حەسرومەیدان نەکری
با شیعر لەوێ نەبێتە دارەمەیتی مایکرۆفۆنە مردوەکان
با لە باخی شیعرا، گوڵ نەکەوێتە ژێر پێی ئاو
قەڵەم نەبێتە کلیلی کەلەبچە و
گێلاسە ووشە هەڵنەوەرێ…
با بەبەرچاوی شیعرەروە،
پەنجەرەکانی ماڵی پیرە ئازادی سواخ نەدرێ!!
مەڕۆ….
تۆ لە وەرزی ترێ دا
ساڵانە،
لەوپەڕی ویژدانتەوە
بەرچینەیەک سەبووریمان بۆ پۆست بکە
لەوەرزی بێتاقەتیدا،
لەگەڵ وەرینی گەڵا زەردەکانی حەوسەڵەتدا
لەوپەڕی دونیاوە،
لەبەرگی سپی شیعرێکا وەرەوە و
هەموومان لە هۆڵی تەلار
بدە بەدەم خەیاڵی پاییزی شیعرێکەوە
تا ڕووت ڕووت دەبینەوە..
مەڕۆ…
لەوەرزی مێخۆشی هەڵەبجەدا
هەناری ئەم هەموو عەزابە داتەکینەو
بیانگوشە ناو چاڵێک زامەوە
هەتا هەموو چاڵ و چۆڵی ئازارەکان پڕ ببنەوە..
لەوەرزی خەزانی ئەنفالیشدا
بۆنی بۆکروزی گەرمیان لە خۆت بدە و
پاڵتۆیەکی خاکی لمین لەبەر بکە و
شەربەتی شیعر بگێرە..
مەڕۆ…
دڵنیام لەوێ
بەرچینەی سەبووری ناگاتە ئێمە و
بۆگەن دەبێ!!
دڵنیام لەوەرزی بێتاقەتیدا
پاییز ،هەنارەکانی چاوەروانی ئێمە
دەداتە با و
دەرگای تەلاریش دائەخرێ..
دڵنیام لەوێ
لەوەرزی هەڵەبجەدا
هەناری خەم و
ترێی شیعرت درەنگ پێدەگەن ..
لەوەرزی ئانفالیشدا
لە ڕێگای مەرگی دەرربەندیخانا
شەربەتی شیعرت دەرژێ..
مەڕۆ غەمبار..!!
گەر هەردەڕۆی،
شیعر مەبە،
با بەیانیان گیرفانی نەپشکنن
بیدە بە( با)،
با لە باخچە بچوکەکا دانیشن و،
گوڵ پاسەوانیان بێ..
مەڕۆ …. ئاخر ئەمە سەنگەر گرتنە لە شیعر
من خەمی تۆ و خەمی شیعرمە غەمبار..
لەم سەنگەرا،
لە دڵی تۆدا شیعر دەکوژرێ و
لە دڵی شیعریشا هەر تۆ..!!
لە سنووری شیعرا،
نازنازی عەشقی تۆ ووشک دەکا و
لە سنووری تۆشدا
نازنازی پەمەیی شیعر..!!
لە هەستی شیعرا
سنەوبەری ئارامی تۆ دەسووتی و
لە هەستی تۆشدا،
شەنگە بی ئارامی شیعر..!
لە دەریای ڕۆحی تۆدا
شیعر نووقم دەبێ و
لە دەریای ڕۆحی شیعریشا
گەنجی تۆ نووقم دەبێ
مەڕۆ غەمبار خەمی تۆمە…
گەر هەر دەڕۆی،
تو خۆت،شیعر مەبە
بە کابتن بڵێ:
با دەرگا لەسەر پەنجەرە ڕەشەکان بکاتەوە
ڕووناکی لە دەرەوە کوێرایی داهات،
پێی بڵێ:
لە شارێك شەڕە ئاوە و
لە شارێکش شەرە بۆ ئاو!!
پێێ بڵێ:
بیمارستانەکان پڕ بوون لە تەرمی گڵۆپ،
با ئەمر کا،شەڕی تاریکی ڕاگرن..
پێی بڵێ:
نیشتمان تاقەتی مردنی نەماوە..
پێی بڵی:
لە پێش باران فەرەنجی بکاتە بەری شار نەک دوای باران
پێی بڵێ؛ چاویلکەکەی بگۆڕێ لە دوور بۆ نزیک
لە گەورە بۆ بچوک..
نە لادێ ئەونەدە نزیکە و نە شاریش ئەوەندە گەورەیە..!!!
مەڕۆ غەمبار…
گەر هەر دەڕۆی..؟
بە پێی ئاو بڕۆ و بە هەنگاوی (با) وەرەوە..
تەنها قاوەیەك بخۆرەوە و
سەرێک لە نیشتمان بدە و
زوو وەرەوە غەمبار..
لەوێ مەمێنەوە…!!!
عومەری حاجی دەربەنی ئابی ٢٠١٣