Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بانەگەشەی هەڵبژاردن وانابێ!

بانەگەشەی هەڵبژاردن وانابێ!

Closed

 

 

 

 

 

ئەمەی ئێستا لە کوردستانی باشوور ڕوودەدات، بە بەراورد لەگەڵ کولتووری هەڵبژاردن لە دنیای نوێ، فڕی بەسەر بانگەشەی هەڵبژاردنەوە نییە. ئەمەی وا ڕوودەدا، وێڕای تێکدانی سلمی ئەهلی و نانەوەی ژاوەژاو، تێکدانی سیستمی هاتوچۆ، پیسکردنی ژینگە، فراوانکردنی درزە کۆمەڵایەتییەکان، نانەوەی ترس و ڕاڕایی و ئاژاوە، بەفەرمیکردن و بەکولتوورکردنی شەڕەجنێویشە. کە دەکاتە جەنگی ساردی نێوان لایەنەکان. ئەمەیش لەڕێی دۆزینەوەی ئاشقەوماشقە بۆ یەکتری و بەباکردنی کای کۆن و لەنوێ بەتەنافداهەڵواسینی جلکە پیسەکانی یەکتری. تێوەگلاندنی نەوەی نوێیشە بەم کولتوورە دزێوە. بەهۆی ئەم جەنگە ساردەوە، شیمانە هەیە، لە هەر هەناسەیەکدا، جەنگی ڕاستی بەرپابێت و هەموو کوردی تێوەبگلێ، ئەم دیاردە ناشارستانییە، سەردەکێشێتە لەلای جەنگی نەپساوەی نێوان خێڵە ناکۆکە بەشەڕهاتووەکان، کە بەدرێژایی مێژوو لەبەر شەڕی نێوان خۆیان، نەیانپەرژایە سەر ئەوەی بیر لە پێکەوە ژیان و وەدەرنانی بیانی و چێکردنی ستاتێک بکەنەوە.

بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڕێکردنی کاراوانی ئوتومبیلی سیخناخ بە خەڵکی دەمبەهاواری لەسەرچزی بۆ چییە؟ ئێوە دەبوو کەڵک لە هۆیەکانی ڕاگەیاندنی بیستراو و بینراو، کاغەزین و ئەلکترۆنی ببینن، تاکو بڕگە بڕگە، بەرنامەی خۆتان لەوێوە شیبکەنەوەو بە خەڵکی بناسێنن. ئێوە دەبوو دوور لە هاتوهاوارو زێدەگۆیی، باسی پرۆژەکانی داهاتووی خۆتان بۆ خەڵک بکەن. دەبوو فێری دیبەیت ببوونایە و کەسی یەکەمی حزبەکان لە بەرنامەی تیڤیدا ئامادەبوونایە. لەوێوە ڕووبەڕوو، گەنگەشەی پرۆژەی خۆیان و بارودۆخی وڵاتیان بۆ هاووڵاتییان بکردایەوە. ڕۆژنامەوانێکی کردەیش دیبەیتەکەی بەڕێوەببردایە. ئەو حەلە لەبەر ڕۆشنایی وتەکانی ئەوان، خەڵک دەیانزانی دەنگ بە کێ بدەن. بەڵام ئەفسووس کولتووری هەڵبژاردنی دنیای نوێ لە دۆڵێکەو هی کوردستان لە دۆڵێکی ترە. ئەم دواکەوتنە ژیارییە، بەو ئاستە ترسناکە، زیاتر نەوەی نوێ باجەکەی دەدات. خوا سەبووریی کەسوکارمان بدات. 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.