نووسین و ژیان قه‌ت پێكه‌وه كۆنابنه‌وه دیدار له‌گه‌ڵ ئارام کاکه‌ی فه‌لاح
* نووسینی به‌شی دوومی چیرۆکی (ژنی ژێر باران) بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه له کاتێکدا تۆ له نووسینه‌وه‌ی دڕکدا ئه‌زموونی له‌و شێوه‌یه‌ت هه‌بووه، ئایا ئه‌مه‌ت به پێویست زانی؟
ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: نووسینی به‌شی دووه‌می (ژنی ژێر باران) ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که من حه‌زم کرد به‌شێکی تریش له‌و چیرۆکه بنووسم، من پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه بنووسم هه‌ستم کرد چیرۆکه‌که له مێژه له‌رۆحی مندا نووسراوه، ئه‌وه‌ی من کردم له‌و چیرۆکه‌دا ته‌نها ئه‌وه بوو که له رۆحمه‌وه بیهێنمه سه‌ر کاغز و هیچی تر.ئیدی له چ ئه‌زموونێکی ترم ده‌چێ، زۆر گرنگ نییه. من که ده‌نووسم بیر له‌وه ناکه‌مه‌وه به‌شێکم له چیرۆکێک نووسیووه یان دوو به‌ش و رێگه به‌خۆم نه‌ده‌م به‌شی تر بنووسم. وه‌ک له شوێنی تریش وتوومه که زۆربه‌ی زۆری چیرۆکه‌کانم به‌شی تریان لێ ده‌نووسرێ و له‌و چیرۆکانه‌دا سنوور و مه‌ودایه‌ک نییه من بوه‌ستێنێ. گرفته‌که ئه‌وه‌یه خوێنه‌ر ئه‌وه نازانێ که لای نووسه‌ران هه‌ندێ جار هه‌ندێ چیرۆک هه‌ن قه‌ت ته‌واو نابن. من ده‌زانم خوێنه‌رانێک هه‌ن که هێنده به‌شی یه‌که‌می ژنی ژێر بارانیان خۆش ویست که حه‌زیان نه‌ده‌کرد به‌شی دوومی ببینن و نه‌یان ده‌ویست ته‌نانه‌ت منی نووسه‌ریش ده‌ستکاری ئه‌و چیرۆکه بکه‌م که به چیرۆکی خۆیان ده‌زانی و له خه‌یاڵیاندا سیمای جۆراو جۆریان به‌و دوو فیگوره‌ی ناو چیرۆکه‌که دابوو. به‌ڵام داوای لێ بووردن ده‌که‌م گه‌ر من بۆ نووسین ته‌نها گوێ له رۆحی خۆم بگرم، ره‌نگه رۆژێ بێته پێشه‌وه‌و به‌شی سییهمیشی بنووسم. کێ له‌ئێوه‌ی ئازیز حه‌ز ناکات بزانێت کوڕه نابیناکه‌ی چیرۆکی (گرێبه‌سته له‌گه‌ڵ تاریکیدا) چاوی چاک بۆته‌وه یان نا ؟ نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ی سه‌ری گرتووه یان نا؟ کامتان حه‌ز ناکات به‌شی دوومی بخوێنێته‌وه؟ کێ له ئێوه پێی ناخۆشه بزانێت باوکی ناو ته‌له‌فۆن ئێستا چۆنه؟ یان سه‌رسپی چیرۆکی (بلیتێک بۆ جه‌هه‌نه‌م) گه‌ڕاوه‌ته‌وه یان نا؟ کێ حه‌ز ناکات بچێ بۆلای بۆ دووکان و چایه‌کی له‌گه‌ڵدا بخواته‌وه؟ بیانوویه‌ک بۆ قسه کردن له‌گه‌ڵیدا بدۆزێته‌وه و پێی بڵێ ده‌زانی کۆمپیته‌ره‌که‌ی منیش ڤایرۆسێکی تیایه. ده‌توانی یارمه‌تیم بده‌ی؟ من ده‌توانم باسی یه‌که به‌یه‌که‌ی چیرۆکه‌کانم بکه‌م که خوێنه‌ر پێی خۆش ده‌بێ بزانێت چی ڕووده‌دات؟ تۆ باسی به‌شی دوومی ژنی ژێر باران ده‌که‌ی، ئه‌ی باشه پێت خۆش نابێت وه‌ک خوێنه‌رێک به‌شی سێیه‌میشی ببینیت و بزانیت که پاڵه‌وانه پیره‌که چی لێ هاتووه وا ژنی ژێر باران هه‌موو دونیا گه‌ڕاوه به‌شوێنیدا و نایدۆزێته‌وه؟ جارێکیان خوێنه‌رێکی به‌ڕێز بیست نامه‌ی زیاتر له‌سه‌ر یه‌ک بۆ ناردم هه‌ر داوای ئه‌وه‌ی ده‌کرد بزانێ که خووشکی کوڕه‌که‌ی چیرۆکی (من به بوکێکی گه‌وره‌وه) که فرۆکه‌که‌ی دوواکهوتبوو بۆ هه‌فته‌که‌ی تر گه‌یشته لای براکه‌ی یان نا؟ منیش هه‌ر بۆم ده‌نووسی داوای لێ بووردن ده‌که‌م نازانم .دواجار تووڕه بو وتی تۆ دیاره ناته‌وێ پێم بڵێی به‌ڕیز گیان!چۆن نازانی؟ ئه‌ی خۆت نه‌ت نووسیووه؟ وتم با خۆم نوسیومه، به‌س بڕوا بکه نازانم، ده‌بێ به‌شی دوومی بنووسم تا بزانم گه‌یشتوه یان نا ؟ ئه‌ویش نوسی، ئه‌ی ئێستا چی ده‌که‌ی؟ نوسیم نان ده‌خۆم؟ ئه‌ویش نووسی ده‌ی باشه عافێتت بێ، دوای نان خواردن بێزه‌حمه‌ت بینووسه.
* چیرۆکی ( من و کامێراکه‌م) و ( کافکا له سابونکه‌ران) که ئه‌مه‌ی دواییان چیرۆکێکی تازه‌ی بڵاونه‌کراوه‌ی ئێوه‌یه، هه‌ردوو چیرۆکه‌که به‌هه‌مان ته‌کنیکی چیرۆکی (دزینی خه‌ونه‌کان) نووسراون، گێڕانه‌وه تیایاندا پچڕ پچڕه‌و تا ڕاده‌یه‌ک وه‌کو ته‌کنیکی رۆمان نووسراون. ئه‌م جۆره له پچڕ پچڕی گێڕانه‌وه و ئه‌م ته‌کنیکه تازه‌یه له چیرۆکدا له پێناوی چیدایه؟
ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: له ڕاستیدا ئه‌م ته‌کنیکه له پێناوی ئه‌وه‌دایه که ئه‌م جۆره له چیرۆک ته‌نها به‌م شێوه‌یه و به‌م شێوازه ده‌گێڕدرێته‌وه. من له‌م سێ چیرۆکه‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌وه پێشان بده‌م که ئێمه‌ی نووسه‌ران ده‌توانین به چه‌نده‌ها شێواز چیرۆک بنووسین و به چه‌نده‌ها شێوه‌ی جیا جیا بگێڕینه‌وه.ئه‌م جۆره نه‌ک تا ڕاده‌یه‌ک به‌ڵکو ده‌توانم بڵێم ته‌واو ته‌کنیکی رۆمانه‌و من له چیرۆکدا به‌کارم هێناوه‌و ته‌کنیکه‌که‌ی وه‌ک (مینی رۆمان ) یان رۆمانی بچووک ناو ده‌نێم.به‌ڵێ ڕاسته هه‌ردوو چیرۆکی (من و کامێراکه‌م) و (کافکا له سابوونکه‌ران) به ته‌کنیکی مینی رۆمان نووسراون که پێش ئه‌وانیش من هه‌ر خۆم چیرۆکی (دزینی خه‌ونه‌کان) م پێ نووسی، به‌ڵام هه‌رسێکیان جیاوازی زۆر و به‌رچاویان له نێواندا هه‌یه و(دزینی خه‌ونه‌کان) سه‌ره‌تای ئه‌و ته‌کنیکه تازه‌یه‌م بوو که سه‌ره‌تاکانی له چیرۆکی (دره‌وشاندنه‌وه‌ی مه‌حاڵ) دا له کۆمه‌ڵه‌ی(نووسینه‌وه‌ی دڕک) دا ده‌بیندریت و له‌م چیرۆکه‌دا گه‌شه‌ی ته‌واوی خۆی ده‌کات و لام وه‌ک ته‌کنیکێکی تازه له‌دایک ده‌بێت و بۆ به‌کارهێنان ئاماده ده‌بێت. ده‌زانی من تاقیگایه‌کی نهێنیم هه‌یه که ئه‌و ته‌کنیکانه‌ی تیدا له‌دایک ده‌بن و بۆ به‌کارهێنان ئاماده‌یان ده‌که‌م. به‌ڵام ناکرێ من له‌هه‌موو چیرۆکێکمدا ته‌کنیکێکی تازه به‌کاربێنم، ناکرێ خوێنه‌ر هه‌ر چیرۆکێکی تازه‌ی بینی و بڵێ ئه‌م ته‌کنیکه‌م له چیرۆکێکی تردا بینیووه که هه‌ر هی خۆته. و ناکرێ دووباره‌ی بکه‌یته‌وه. له چیرۆکی (من و کامێراکه‌م) دا سێ گێڕانه‌وه‌ی جیاواز بۆ سێ رووداوی جیاواز دێنه ناو یه‌ک چیرۆکه‌وه، تا به‌ره به‌ره و پچڕ پچڕ بێ ئه‌وه‌ی هارمۆنییه‌تی گێڕانه‌وه له‌ده‌ست بده‌یت، یه‌که‌م و سێیه‌م یه‌ک ده‌گرن و دووم و سێیه‌م و یه‌که‌م دووه‌م به‌یه‌ک ده‌گه‌ن و به‌و پێیه به‌ره به‌ره له سێ گێڕانه‌وه‌وه ده‌بن به دوو گێڕانه‌وه‌و له دووه‌وه ده‌بن به یه‌ک گێڕانه‌وه و به‌یه‌ک چیرۆکی سه‌ره‌کی. له چیرۆکی (کافکا له سابوونکه‌ران) یشدا به هه‌مان ته‌کنیک نووسراوه به جیاوازی تره‌وه ئه‌ویش تێکه‌ڵکردنی به‌شێکی گرنگ له رۆمانی (بهرمووزن بوون) ی کافکا و من رۆمانه‌که‌ی کافکام وا ناو نا، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له‌ناو کوردا رۆمانه‌که وا هاتووه‌و بڵاوبۆته‌وه و ئه‌ویش له عه‌ره‌بی و فارسییه‌وه وه‌رگیراوه‌و من به هه‌ڵه‌ی ده‌زانم ، ده‌نا چ به ئه‌ڵمانییه‌که‌ی که کافکا رۆمانه‌که‌ی له بنه‌ڕه‌تدا پێ نووسیووه و چ به سویدییه‌که‌ی ده‌بێته (گۆڕین) واته گۆڕین له دۆخێکه‌وه بۆ دۆخێکی تر. هه‌ر چه‌نده دۆزینه‌وه‌ی وشه‌یه‌ک بۆ ناونیشانه‌که‌ی زۆر زه‌حمه‌ته. ته‌رجومه‌که‌ی بۆ مێروو بوونیش خراپ نه‌بوو، به‌هه‌ر حاڵ چیرۆکه‌که‌ی من. به رووکه‌ش وا ده‌بیندرێ که چیرۆکه‌که ته‌نها دابه‌ش کراوه به‌سه‌ر چه‌ند ژماره و به‌شێکدا، به‌ڵام له‌ڕاستیدا شتی زۆر له‌وه زیاتری تیا کراوه‌و من خۆم حه‌ز ناکه‌م هه‌مووی باس بکه‌م.
* هه‌ر له‌م سێ نـموونه‌ی سه‌ره‌وه‌دا کاری زۆر له‌سه‌ر ته‌کنیک کراوه‌و تا ئاستێک که‌مێک هه‌ست به‌وه ده‌کرێت تێمای چیرۆک خه‌ریکه ببێه قوربانی ته‌کنیک.بۆ تۆ ته‌کنیک له پیش تێماوهیه یان به پێچه‌وانه‌وه؟ یان ده‌ته‌وێت هاوسه‌نگی له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌بێت؟
ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: له‌ڕاستیدا ئه‌م جۆره له ته‌کنیک بۆ چیرۆک تازه‌یه‌و ره‌نگه خوێنه‌ر له‌یه‌ک به‌رکه‌وتنیدا له‌گه‌ڵیدا هه‌ست به‌وه بکات که تێمای چیرۆک بووه‌ته قوربای ته‌کنیک، چونکه له کاتی خوێندنه‌وه‌دا خوێنه‌ر هه‌میشه دڵ و چاوی لای شێوازه‌که‌یه که لای تازه‌یه‌و له‌وه‌و پێش له چیرۆکدا نه‌یبینیووه بۆیه.زۆر که‌سی تریش هه‌مان هه‌ستیان هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای من گرنگه ئه‌وه‌یه که من توانیبێتم به جۆرێکی تر بگێڕمه‌وه و لای من ته‌کنیک هیچی که‌متر نییه له تێما و تێما هیچی که‌متر نییه له سروشتی کاراکته‌ره‌کان و کاراکته‌ریش هیچی که‌متر نییه له زمان و زمانیش له گرێچن و گرێچنیش له شوێن و شوێن له دیاڵۆگ و…هتد، هه‌موویان پێکه‌وه پێکهاته‌ی چیرۆک دروست ده‌که‌ن، هیچ ره‌گه‌زێک نییه له‌وی تر گرنگتر بێت.گه‌ر چیرۆکێک جوان بوو، ئه‌مانه هه‌موویان پێکه‌وه جوانن و جوانیان کردووه، وه‌ک وه‌رده ئاوێنه، هه‌ریه‌که‌یان له گۆشه‌ی خۆیه‌وه سیمای چیرۆکه‌که نیشان ده‌دات. جا گه‌ر چیرۆکێک ته‌کنیکی تیا نه‌بوو، مانای وایه ئه‌و ئاوێنه‌یه تاریکه‌و هیچ پێشان نادات، گه‌ر زمانی جوان نه‌بوو ئاوێنه‌که ئه‌وه‌ش پێشان نادا و به‌ره به‌ره بایه‌خ و جوانی چیرۆکه‌که دێته خواره‌وه وێنه‌که‌ی له‌ناو خه‌یاڵی خوێنه‌ردا لێڵ ده‌بێت وزوو بیر ده‌چێته‌وه. بۆیه زۆربه‌ی زۆری چیرۆکی کوردی هێزی یه‌که‌م خوێندنه‌وه‌ی تیا نییه‌و زوو بیر ده‌چێته‌وه. گه‌ر زیاتر خۆم روون بکه‌مه‌وه بۆ مه‌سه‌له‌ی ته‌کنیک و تێما، گه‌ر باسێکی خێرای چیرۆکی (کافکا له سابوونکه‌ران) بکه‌م، ئه‌وا بۆ نموونه هیچ ته‌کنیکێکی دونیا ناتوانێ له‌وه غافڵت بکات که تێمایه‌کی سه‌ره‌کی له‌ناو چیرۆکه‌که‌دا هه‌یه، ئه‌ویش کوڕێک شه‌و ده‌نوێ و به‌یانی خه‌به‌ری ده‌بیته‌وه په‌نجا ساڵ ته‌مه‌نی به شه‌وێک زیادی کردووه. بۆیه چیرۆکه‌که‌ش به‌و هێزه‌وه له بڕگه‌ی یه‌که‌میدا داده‌به‌زێ تا تێمایه‌کی سه‌ره‌کی پیشانی خوێنه‌ر بدات و خوێنه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بزانێ تێماکه چییه و قاچه‌کانی له‌سه‌ر چی راوه‌ستاون. که تێماکهت دا به خوێنه‌ر، ئیتر تۆش وه‌ک نووسه‌رێک ده‌توانی یارییه‌کانی خۆت بکه‌یت چۆنت ده‌وێ بیگێڕیته‌وه.
* له چاوپێکه‌وتنێکی پێشتردا(که هه‌ر خۆم له‌گه‌ڵم کردووی) ده‌ڵێی پاڵه‌وانی چیرۆکه‌کان له خۆمه‌وه نزیکن.بۆ پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ش هه‌مان نزیکیان هه‌یه؟، یان چی تۆ به‌م پاڵه‌وانانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه؟
ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: شتێک لێره‌دا زۆر گرنگه، رسته‌یه‌ک که هه‌میشه به هه‌ڵه ده‌خوێندرێته‌وه، ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێم له خۆمه‌وه نزیکن، قه‌ت مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه بڵێم که پاڵه‌وانه‌که من بم. یان چیرۆکه‌که باسی من بکات، یان باسی ژیانی تایبه‌تی من بکات. به‌ڵام بێگومان نزیکه و تا ئاستێکی زۆر ترسناک نزیکه و به هه‌زاره‌ها جۆر و ته‌ونی نهێنی به منه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه. که من دوای نووسینی هه‌موو چیرۆکێک نه‌خۆش بکه‌وم ، جا بیهێنه به‌ر چاوی خۆت ده‌بێ ئه‌و پاڵه‌وانانه چه‌ند نزیک بن.شتێ که له نووسینی چیرۆک و رۆمان زه‌حمه‌ت تره باس کردنی نزیکی پاڵه‌وانه‌کانه له نووسه‌ر خۆیه‌وه.له‌م کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌شدا ڕه‌نگه به‌شی دووه‌می چیرۆکی (ژنی ژێر باران) له هه‌موو چیرۆکه‌کانی تر له منه‌وه نزیکتر بێت، نزیکییه‌کی ترسناک. تۆ ده‌پرسی چی تۆ به‌م پاڵه‌وانانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه؟ منیش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێم ئه‌ی چی نامبه‌ستێته‌وه؟(به پێکه‌نینه‌وه).
* تا چه‌ند بڕوات به‌وه هه‌یه نووسه‌ر دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی تێکستی خۆی باس له تێکسته‌که‌ی بکات و سیفاتی ره‌خنه‌گر وه‌ربگرێت؟
ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: زۆر زه‌حمه‌ته بۆ نووسه‌ر دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی تێکستێکی خۆی ببێ به ره‌خنه‌گر. من پێش ئه‌وه‌ی تێکسته‌که ته‌واو بکه‌م ره‌خنه‌گرێکی زۆر جددی خۆمم، له هه‌موو کاتێک دوودڵترم، که ته‌واویشی ده‌که‌م هه‌ر له‌و سیفه‌ته‌م دانابڕێم، به‌ڵام هه‌ر که بڵاوبووه‌وه ئیتر زۆر زه‌حمه‌ته. بۆ نووسه‌ریش داوای هه‌موو شتێکی لێ بکه ته‌نها پێی مه‌لێ بێزه‌حمه‌ت ئه‌م تێکستهت چۆنه‌و چۆنت نووسیووه؟ ئایا ده‌توانی هه‌ندێ نهێنیمان بۆ ئاشکرا بکه‌یت؟ ئه‌م پرسیاره وه‌ک گاڵته پێکردن وایه، یه‌کێکه له‌و پرسیارانه‌ی هیچ نووسه‌رێک حه‌زی پێ ناکات. نووسه‌ر ده‌توانێ هه‌ندێ شتی که‌م و گشتی باس بکات، له‌وه تێپه‌ڕێت ناکرێ نووسه‌ر هه‌م تێکستت بۆ بنووسێت و هه‌م هه‌موو لایهنهکانیت بۆ ئاشکرا بکات، ناکرێ.
* له دوای ئه‌زموونی چیرۆک‌نووسی ئێوه‌وه، پێت وایه که‌سانێکی دیکه هاتبنه بواری چیرۆکنووسینه‌وه و توانیبێتیان به جۆرێکی دیکه کار بکه‌ن؟
ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: بێگومان چه‌ند هه‌وڵێکی که‌م هه‌ن که پێویستیان به نووسینی زیاتر هه‌یه بۆ ده‌رخستن و سه‌لماندنی ئه‌زموونه‌که‌یان. ئه‌وه‌ی تر که هه‌یه، نامه‌وێ موجامه‌له‌ی که‌س بکه‌م و درۆش قه‌ت فێر نه‌بووم و نامه‌وێ فێری ببم و به ڕاشکاوی ده‌توانم بڵێم، که چیرۆکی کوردی زۆر خراپه‌و به داخه‌وه به‌بێ ناو هێنان هه‌ندێ که‌س ته‌نها به موجامه‌له‌ی هه‌ندێ نووسه‌رو براده‌ری خۆیان ده‌ژین و وا ده‌زانن باش ده‌نووسن، بۆ نه‌گبه‌تی ئه‌و درۆ و موجامهلانهیان لێ ده‌بێت به ڕاست و له خۆیان ده‌گۆڕێن و به‌ده‌نگی به‌رز ریکڵام بۆ خۆیان ده‌که‌ن ، به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه بزانن که تێکستی جوان نه ده‌نگی به‌رزی ده‌وێت و نه پروپاگه‌نده‌و ریکڵام.
* وه‌ک دیارده هیچ ژانرێکی ئه‌ده‌بی نییه بتوانێت خۆی له شیعر به‌دوور بگرێت، له کاتێکدا تۆ له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایت زمانێکی تایبه‌ت له چیرۆک بخوڵقێنیت، دوور له زمانی شیعر، هه‌ست ده‌که‌ی له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتوویت؟
ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: زۆرم پێ خۆشه که ده‌ڵێیت له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایت، چونکه من هه‌میشه هه‌ست ده‌که‌م له هه‌وڵی شتێکدام و قه‌ت ناگه‌م به ئه‌نجام و نامه‌وێ بگه‌م، ئه‌و رۆژه‌ی که ده‌گه‌م ئیدی من ته‌واو ده‌بم و شتێ نییه پێی بگه‌م. به هه‌رحاڵ هیوادارم توانیبێتم له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بم زمانێکی تایبه‌تیم به خۆم هه‌بێت، نازانم سه‌رکه‌وتووم یان نا؟ به‌ڵام گه‌ر خوێنه‌ر حه‌ز ده‌کات بزانێت، ئه‌وا با رۆژێک چیرۆکێکم بخوێنێته‌وه بێ ئه‌وه‌ی ناوی منی به‌سه‌ره‌وه بێت و له کاتی خوێندنه‌وه‌دا یه‌کسه‌ر بزانێت که هی منه، ئه‌وسا ده‌زانم سه‌رکه‌وتووم، یان نا.به‌ڵام وه‌ک وتم هیوادارم قه‌ت زمانێکی نه‌گۆڕ و ستایڵێکی دیاری کراوم نه‌بێ وه‌ک چاڵ که‌وتبمه ناوی و قه‌ت نه‌توانم لێی بێمه ده‌ره‌وه. چونکه من ده‌مه‌وێ به ستایڵی جیاواز بنووسم بۆیه هه‌میشه له خه‌ونی ئه‌وه‌دام چیرۆک به ته‌کنیکی تازه‌و جۆراو جۆر بنووسم، ئێستا دوای ئه‌زموونێکی دوور و درێژ، له‌هه‌موو کاتێک زیاتر گومانم له نووسین و زمان و ستایلی خۆمه. ئێستاش له دوای هه‌موو چیرۆکێک هه‌ست ده‌که‌م که ئه‌مه یه‌که‌م چیرۆکمه له ژیانمدا ده‌ینووسم وهه‌زار ناته‌واوی هه‌یه ، بۆیه وه‌ک وتم له هه‌موو کاتێک دوودڵترم.
*ئه‌و که‌سه‌ی بڕیاری نووسین ده‌دات هه‌ڵبه‌ته شتێک هه‌یه وای لێ ده‌کات بنووسێت. لای تۆ ئه‌و پاڵنه‌ره چییه وا ده‌کات بنووسیت؟
ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: ئه‌مه‌ش یه‌کێکی تره له پرسیاره زه‌حمه‌ته‌کان، بۆ من ته‌نها یه‌ک پاڵنه‌ر نییه، به‌ڵکو چه‌ند پاڵنه‌رێک به جیا، یان به یه‌که‌وه دێن و داگیرت ده‌که‌ن و ئینجا کاول و وێران. وه‌ک لۆرییه‌ک ده‌تکه‌ن به ژێره‌وه و هه‌ڵناستیته‌وه تا نه‌نووسیت.جاری وا هه‌یه نووسینی چیرۆکێک بۆ من وه‌ک ئه‌وه وایه که‌وتبمه ناو چه‌ند شاره زهردهواڵهیهکهوه و به سه‌ده‌ها زه‌رده‌واڵه پێوه‌م به‌ن، ئه‌وه بۆیه من هه‌میشه دوای نووسینی چیرۆک نه‌خۆش ده‌که‌وم، وه‌ک ئه‌وه‌ی له نه‌شته‌رگه‌رییه‌ک هاتبمه‌وه پێویستم به‌وه‌یه و ماوه‌یه‌کم ده‌وێ بێمه‌وه سه‌ر خۆم. به‌مه‌دا دیاره من تا زۆر مه‌جبوور نه‌کرێم نانووسم، تا له خنکان نزیک نه‌بمه‌وه مه‌له ناکه‌م. هۆکاره‌کانی نووسینیش زۆر و هه‌مه چه‌شنن. بۆ نموونه جاری وا هه‌یه غه‌درێک له که‌سێک به‌سه ده‌ست بکه‌م به نووسین و وا بزانم هه‌موو دونیا سه‌ره‌و ژێر بووه، یان سه‌یرکردنی تابلۆیه‌ک، فیلمێک خه‌یاڵێکم بۆ دێنێ، یان پێت سه‌یر نه‌بێ نووکته‌یه‌ک به‌سه بۆ نووسینی چیرۆکێکی غه‌مگین، ناته‌واوییه‌ک، ناشرینییه‌ک ده‌بنه پاڵنه‌رێکی گه‌وره بۆ نووسین. جاری وا هه‌یه درۆی که‌سێکی خۆشه‌ویست که له‌گه‌ڵتا ده‌کات و وه‌ک چه‌قۆ ده‌تبڕێت، ته‌نها نووسین فریات ده‌که‌وێ. له‌مه‌وه ده‌مه‌وێ بڵێم، که نووسین ته‌ندرووستیم تێک ده‌داو حه‌ز ده‌که‌م رۆژێ بێت و وازی لێ بێنم و ده‌ست بکه‌م به ژیان. من ئێستا رۆژ به رۆژ زیاتر بڕوام به‌وه‌یه که نووسین و ژیان قه‌ت پێکه‌وه کۆنابنه‌وه.
سازدانی: ئارام سدیق