31ی ئاب وه‌ك ڕووداو …عه‌زیز ڕه‌ئووف
كه‌م ڕووداو هه‌یه بارته‌قای 31ی ئاب ڕووداوێك بێت كه بیرچوونه‌وه په‌ی پێنه‌بات. به‌مانایه‌كی تر كۆمه‌ڵگه‌ی كۆردی پڕه له ڕووداو به‌لام به‌ره‌و فه‌رامۆشی چوون، به‌ڵام 31ی ئاب ڕووداوێك نیه بتوانین لێی ده‌رباز بین.
به‌ته‌سه‌وری من ئه‌م ڕووداوه سه‌رباری ئه‌وه‌ی پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی جدی هه‌یه، به‌ڵام شایه‌نی ئه‌وه‌شه هه‌ڵوێسته‌یه‌كی له‌سه‌ر بكه‌ین و من له‌م نوسینه كورته‌دا دیدی خۆم له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه ده‌رده‌بڕم.
مێژووی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتداری له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پڕه له‌م جۆره ڕووداوه، به‌ڵام به‌و پێیه‌ی كورد له سه‌رده‌می حوكمڕانی خۆیدا بووه، هیچیان بارته‌قای ئه‌م ڕووداوه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی جێ نه هێشت. كه كورد ده‌ڵێت: ( كورد و پاره و خیانه‌ت) بێشك ڕابردووی ئێمه پڕه له خیانه‌ت و هێزه‌كانی ئێمه له‌پاڵ گیانبازی و ململانێ و سه‌ركێشیدا خیانه‌تیان له‌ناخی خۆیاندا شاردۆته‌وه.
لای من گرنگ نیه كه بكه‌ره‌كانی كێن، به‌ڵكو ئه‌وه گرنگه كه قسه له‌سه‌ر پێكهاته‌ی تاك و هێزه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكه‌ین بۆ قبوڵكردنی ئه‌م ڕووداوه. به‌مانایه‌كی تر هێزی ئه‌نجامده‌ر باش له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی گه‌یشتووه كه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه ڕووداو فه‌رامۆش ده‌كات، باش ده‌زانێت كه ئه‌م هه‌ڵه سیاسییه‌ی لێ قبوڵ ده‌كات بۆیه ئه‌نجامی ده‌دات.
ئه‌م ڕووداوه تاكه تاوانی سیاسییه كه ئه‌نجامده‌ره‌كه‌ی شانازی پێوه ده‌كات و به داستانی مێژوویی وه‌سفی ده‌كات. هه‌ر هێزێكی سیاسی تاوانی سیاسی ئه‌نجامدابێت شه‌رم له باسكردنی ده‌كات، لانی كه‌م به سه‌روه‌ری بۆ خۆی تۆماری ناكات، به‌ڵام بێشه‌رمی ئه‌نجامده‌ری ئه‌م هێزه گه‌یشتۆته ئاستێك كه 31ی ئاب به سه‌روه‌ری و داستانی مێژوویی تۆمار ده‌كات بۆ خۆی و بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی.
ئه‌م ڕووداوه له چركه‌ساتێكدا ڕوو ده‌دات كه كورد خۆی حوكمڕانی ده‌كات. هێنانی هێزێكی ده‌ره‌كی بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌كانی خۆت یه‌ك مه‌سج ده‌گه‌یه‌نێت كه من وه‌ك هێزێكی سیاسی ده‌بێت به‌شدار بم له ده‌سه‌ڵاتدا. ئه‌م مه‌سجه تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش زیندووه. زیندوكردنه‌وه‌ی مردوو بۆ ده‌نگدان و ته‌زویری هه‌ڵبژاردن و داگیركردنی سه‌رجه‌م پنته‌كانی ده‌سه‌ڵات پاشماوه‌ی ئه‌و مهسجهیه كه له 31ی ئابه‌وه بۆ ئێستا ئاماده‌یه و ته‌سه‌ور ده‌كه‌م تا ماوه‌یه‌كی زۆری ئایندهی ئێمه‌ش ئاماده‌بێت.
به‌ته‌سه‌وری من 31ی ئاب ترۆپكی بێبه‌هاكردنی سه‌رجه‌م شته‌كانه. دوای ئه‌م ڕووداوه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا هه‌موو شتێك وارده. دوای ئه‌م ڕووداوه ئیدی خۆمان له‌به‌رده‌م گه‌نده‌ڵی و درۆی سیاسی و داگیركردنی كوردسی ده‌سه‌ڵات بۆ نوخبه‌یه‌كی دیاریكراو، هه‌موو ئه‌مانه دهرئهنجاكی ڕووداوی 31ی ئابن و وه‌ك چۆن ئه‌م هه‌ڵه سیاسیه به ڕۆژی ڕووناك ئه‌نجام درا، به هه‌مان شێوه‌ش شێوه‌كانی تری هه‌ڵه‌ی سیاسی به ئاشكرا ئه‌نجام دران و دواجار كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پڕ بوو له‌م هه‌موو قه‌یرانه سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه كه به‌بڕوای من هه‌موو له ئنجامی خیانه‌ته گه‌وره‌كانه‌وه ڕووده‌ده‌ن كه ترۆپكی ئه‌و هه‌ڵه سیاسییه‌ش 31ی ئابه.