Skip to Content

Thursday, January 27th, 2022

هه‌ڵبژاردن لەناو کەلتورێکی سیاسی داخراو و نادیمۆکراتدا

Closed

 

 

 

هەڵبژاردن وەک یەکێک لە کایە گرنگەکانی دیمۆکراسی بەتەنیا بریتی نییە لە دەنگدان و ئاڵوگۆڕپێکردنی ئەندامانی پەرلەمان. وەتەنانەت بەشداربوونی چەند حزبێکی سیاسی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا دیمۆکراتی بوونی پرۆسەکە مسۆگەر ناکات. ئەوەی گرنگە بۆ مۆدێلی حکومڕانی دیمۆکراتی کە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا ڕەچاوی بکات، قووڵکردنەوە و پراکتیزەکردنی هەندێ چەمک و پرۆسیجەری دیمۆکراتییە کە لەم نووسینەدا بەکورتی هەندێکیان بەسەر دەکەینەوە. بۆ ئەوەی هەلبژاردن لە سیستەمێکی حکومڕانیکردندا پێی بوترێ کراوەو دیمۆکرات پێویستە: (یەکەم) ئەو کەسانەی کە خۆیان هەڵدەبژێرن پێویستە یان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ناوخۆی حزبەکانیانەوە، یاخوود لە ڕێگەی کۆمەڵێ ستاندارتی دیاریکراو و ڕۆشن و ئاشکراوە بپاڵێورێن، (دووەم) بەرنامەی حزبەکان فاکتەری سەرەکی بن بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکان، (سێیەم) پێویستە کاندیدەکان کە بەشدارن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، سەرچاوەی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆیان هەیە خەرجی کەن لەپرۆسەی بانگێشەکردنەکاندا ئاشکرا بێت. بێگومان زۆر چەمکی تر هەن کە پێوەر و پرۆسیجەری گرنگن و پێویستە ڕەچاو بکرێن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، بەڵام بەسەرکردنەوەی ئەم سێ چەمکە گرنگەی هەلبژاردن لەم نووسینە کورتەدا ڕەنگە بەسبێت بۆ ئەوەی نادیمۆکراتی و داخراو بوونی کەلتووری سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا پیشان بدەین.

چەمکو پرۆسیجەری یەکەم کە زۆر گرنگە بۆ هەر سیستەمێکی سیاسی کراوە و دیمۆکرات ڕەچاوی بکات لە هەڵبژاردنەکاندا، قووڵکردنەوەی پرەنسیپەکانی دیمۆکراسییە لە چۆنێتی دەستنیشانکردنی کاندیدەکان لەلایەن حزبەوە. چۆنێتی هەلبژاردنی کاندیدەکان بۆ پەرلەمان لە سیستەمە دیمۆکراتییەکاندا زۆر گرنگە چونکە حزبەکان بەتەنها ئامراز نین بۆ حکومڕانیکردن یاخوود ئۆپۆزسیۆن بوون، بەڵکو ئەوان لەلایەک نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن، لەلایەکی تریشەوە کەناڵی پەیوەندی نێوان خەڵک و سیستەمی حکومڕانین. بۆیە بۆ دەوڵەمەندکردن و کرانەوەی زیاتری کلتوری دیمۆکراسی، حزبەکان لەسیستەمە دیمۆکراتیەکاندا پێویستە بایەخی زۆر بە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بدەن.  پێویستە ئەوان ئەو کەسانە هەلبژێرن کە نەک بەتەنها پاڵپشتی ئەندامانی حزبیان بەدەستهێناوە بەهۆی دلسۆزی و چالاکبوونیان لەئەنجامدانی کارەکانی حزبدا ، بەڵکو بەهرەمەندن لە پاڵپشتی فراوان لەو ناوچە یاخوود بازنەی هەڵبژاردندا کە تێیدا ئەژین. 

 

کەچی لە بری قووڵکردنەوەی ئەم چەمکەی دیمۆکراسی لە ناو حزبدا و دوای زیاتر لە دوو دەیە لە حکومڕانیکردنی دەستەڵاتی کوردی، لە کلتوری سیاسی حزبەکانی هەرێمی کوردستاندا بەگشتی و لە هەڵبژاردندا بەتایبەتی، لانی کەمی ئەم چەمکانە ڕەچاونەکراون. بۆ نموونە، چونکو سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا لەرێگەی کۆنستچیونس (Constituancy)  یاخوود بازنەیەکی هەڵبژاردنی دیار و چەند کاندیدێکی دیاریکراو بەو بازنەیە نوێنەر هەڵنابژێردرێت، حزب مافی ئەوەی هەیە ناوی کاندیدەکان بەشێوەیکی مەرکەزی دیاری بکات، وە تاکی پاڵێرراویش ئەو چانسەی هەیە کە لەڕێگەی حزبەوە و بەهۆی دەنگهێنانی لە ڕیزبەندی لیستی حزبدا،  بەشێوەیەکی کراوە لەسەرتاسەری کوردستان دەنگ کۆ بکاتەوە. نادیمۆکراتی بوونی ئەم جۆرە لە کاندیدکردن و دەنگ کۆکردنەوە لەوەدایە کە لەبری ئەوەی دەنگبدرێت بە خەڵکانێک کە سەر بەناوچەیەکی دیاریکراون و ململانێ بۆ نوێنەرایەتی کردنی دانیشتوانەکەی ئەکەن، دەنگ دەدرێت بە کەسانێک کە حزب دەستنیشانی کردوون. ئەم جۆرە لە دەنگدان ، لە دوو لاوە کۆسپ و تەگەرە ئەخاتە بەردەم گەشەکردنی فەرهەنگی دیمۆکراسی. لە لایەک چانس ئەدا بە کۆمەڵێ دڵسۆز و گوێڕایەڵی حزب کە بێچگە لە حزب هیچ میکانیزمێکی تر نییە گرنتی ئەوە بکات کە ئەوان ڕاستگۆ دەبن لەبەرامبەر  ئەو  وەعد و بەڵێنانەی کە پێش هەڵبژاردن بە کۆمەڵگەی دەدەن. لەلایەکی ترەوە  ئەم دەستنیشانکردنە لەلایەن حزبەوە دەبێتە بەربەست لەبەردەم درووستبوونی پەیوەندیەکی دیمۆکراتیک لە نێوان دەنگدەر و ئەو تاکانەی کەئارەزووی ئەوە دەکەن لە بڕیاردانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا بەشدار بن و ببن بە نوێنەری دانیشتوانی ناوچەیەکی دیاریکراو.

 

شیوازی پێشنیارکردنی بەرنامە و ململانێی هێزە سیاسییەکانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنەکاندا، دەکرێت گوزارشتێکی باش بێت بۆ  تێگەیشتن لە ڕادەی دیمۆکراتی بوونی هەر کەلتورێکی سیاسی. بۆ نموونە، لەو ووڵاتانەی کە خاوەنی کەلتووری سیاسی کراوە و دیمۆکراتن، حزبە سیاسیەکانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنەکاندا سەرقاڵی ووردکردنەوەی بەرنامە و شێوازی حکومڕانیکردن یاخوود بەڕێوبردنی ووڵاتن بۆ ئەوەی دەنگی دەنگدەران بەدەست بهێنن. سەرقاڵی ووردکرندەوەی چاکسازی و ڕیفۆرمەکانن سەبارەت بە خەرجییەکانی ووڵات و چۆنێتی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان بە شێوەیەکی کاراتر و کەم مەسرەفتر. لە گشت ئەمانەش گرنگتر، کاندێدەکان لە بانگێشەکانیاندا خەریکی ڕۆشنکردنەوەو ئاشکراکردنی پلانەکانی خۆیانن لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لە گەڵ گرفتە هەنووکەیەکانی ئەو هەڕێمە یاخوود ئەو ووڵاتە، وە پەیمانی چارەسەرکردنیان دەدەن کە ئەگەر متمانە و دەنگەکانی هاونیشتیمانیان بەدەست بهێنن.

 

کەچی بە پێچەوانەی ئەو جۆرە پرۆسیجەرە سادانەی سەرەوە، لەهەرێمی کوردستاندا، بەهۆی نەبوونی کەلتوورو ژینگەیەکی سیاسی کراوە، هێزە سیاسییەکان سەرقاڵی کۆمەڵێ ترس و گومانن لەبەرامبەر یەکتردا. ترس لە فێل و ساختەکردنی هێزە دەستەڵاتدارەکان لە گۆڕینی ژمارەی دەنگەکاندا، ترس لە نەبوونی ئازادی بۆ بانگێشەکردن لەو جێگایانەی کە بە (eavenSafe H) ی حزبە دەستەڵاتدارەکان دەژمێردرێن. ترس لە ناسەربەخۆبوونی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و گوێنەدانی ئەو بە گلەیی و گازندەی لایەنەکان بە شێوەیەکی یەکسان. بوونی ئەم جۆرە لە گومان و ترس، ئەو بەربەستانەن کە رێگرن لەبەردەم سەرهەڵدانی کەلتورێکی کراوەی سیاسی، کە تێیدا کێبڕکێکەران چانسی یەکسانیان هەیە بۆ پیشاندانی مۆدێلێکی پێشکەوتووی حکومڕانیکردن لە ڕێگای پلانی جیاواز و بەرنامەی جیاواز و توانای جیاوازوە. لەبری هەبوونی چانسی یەکسان و ململانێ کردن لەسەر باشی و خراپی بەرنامە و پلانە جیاوازەکان، هەر لە ئێستاوە زۆربەی حزبەکانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنەکاندا خەریکی قووتکردنەوە و زیندووکردنەوەی کاریزماکانیانن. خەریکی یاریکردنن بەسۆز و عاتیفەی خەڵکی دەنگدەر لە ڕێگەی پیشاندانی ئەو ئازاروو و نەهامەتییانەی کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتوون لە ڕابردوودا. بەشێک لە هێزە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن خەریکی گەڕانەوەی خەڵکن بۆ ڕابردوو لەڕێگەی”پیشاندانی ڕۆژە سەختەکانی خەباتیان لە شاخ”، لەڕێگەی پیشاندانی شەڕی چەکداری و چەلاکییەکانیان لە شاخ. دیارە هەر هێزێکی سیاسی مافی خۆیەتی کە شانازی بە میژووی خۆیەوە بکات، بەڵام هەوڵ و تەقەلای هێزە سیاسیەکان کاتێک ئەچێتە خزمەت فراوانکردنەوەی کەلتوری دیمۆکراسی و کردنەوەی زیاتری سیستەمی سیاسی کە بەرنامە و پلان بۆ ئایندە ببێتە پێوەری سەرەکی بانگێشەو هەوڵەکانیان. باسکردن لەخەباتی شاخ و داواکردنی پاڵپشتی لە خەڵک لە ڕێگەی جوڵاندنی هەست و سۆزەوە، دەبێتە مایەی ڕاگرتنی ئەو کەلتورە داخراوە سیاسییەی ئێستا کە لەگەڵ کۆڵی گرفتی گەورەدا دەرگیرە. گرفتی هێشتنەوەی کۆمەڵی ڤێترەنس (Vetrans) ی پەککەوتە کە بوونەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم سەرهەڵدانی توانای تازە و کەسانێک کە پرۆفیشناڵن لە بوارەکانی بەڕێوبردنی ووڵاتدا. لە بری باسکردن لە بەرنامەی تایبەت لە سەر بنەمای لێکۆڵینەوەی زانستی بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی کوردستان، هەرچییەک تاکو ئێستا دەوترێت بریتیە لە گازەندەی ڕۆژ و ڕەتکردنەوەی سیاسی و کەسایەتیی و ڕەنگەکان. هیچ یەک لە لایەنە بەشداربووەکان خاوەنی بەرنامەی تایبەت و پشت بەستوو نین بە لێکۆڵینەوەو کۆمەڵێ داتای تۆمارکراو کە لە لایەن ناوەندێکی پرۆفیشناڵ و بێلانی ڵێکۆڵینەوە ئەنجامدرابێت. لەبری پەنا بردن بۆ ڕۆشنکردنەوەی بەرنامەو پرپۆزەڵی کاندێدەکان بۆ کاراکردنی پەرلەمان و مۆدێلی حکومڕانیکردن لە کوردستان، کەلتوری سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دەرگیری شەڕە پەڕۆ و شەڕە ڕەنگە. 

مەرجێکی تر بۆ رچاوکردنی پرەنسیپەکانی دیمۆکراسی لە هەڵبژاردندا، دیاریکردنی سەرچاوە و ڕێژەی ئەو بڕە خەرجیەیە کە تاکی پاڵێرراوە بۆی هەیە خەرجی کات لە هەڵبژاردنەکاندا.  کۆنترۆڵکردنی ئەم پرسە ئێستا زۆرێک لەو ووڵاتانەی کە خۆیان بەسەرقافڵەی دیمۆکراسی دەناسێن سەرقاڵ کردووە. سەرباری بوونی هەندێ مەرج لەسەر چۆنێتی دەستڕاگەیشتنی پاڵێراوان بە پارەو خەرجییەکان لەکاتی هەڵبژاردندا، زۆرێک لەو ووڵاتانە پێیان وایە پێویستە ڕێگە و پرۆسیجەری تووندتر بگیردرێتە بەر بۆ ئەوەی توانایی و لێهاتووی و دەستپاکی تاکی پاڵێرراو ببێتە بنەما بۆ هەڵبژاردنی دەنگدەران. ئەم چەمکە گرنگی لەوەدایە کە هەلی یەکسان بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ بەرنامە و  ئەجنداکانیان، بۆ ئەو ڕێگە چارانەی کە ئەوان پێشنیاری دەکەن بۆ پێشخستنی ووڵات. دیاریکردنی خەرجیەکان بەشێوەیەکی یەکسان بۆ پاڵێراوان، بەربەستێکی کارایە لەبەردەم دەنگ کڕیندا، ڕێگە گرتنە لە قۆرخکردنی پرۆسەی دیمۆکراسی بۆ بەرژەوەندی تایبەت لەلایەن دەستەیەکی پارەدارەوە. 

کەچی لە هەرێمی کوردستاندا نەبوونی یاسایەک بۆ سنوردارکردنی خەرجییەکانی پاڵێرراو لە هەڵبژاردنەکاندا ئەوە دەسەلمێنێت کە پاڵێراوان چانسی یەکسانیان نییە. دەکرێت نەبوونی ئەم چەمکە کە نایەکسانییەکی زۆری خستووەتەوە لە هەڵبژاردنەکاندا لە چەند دیاردەیەکی ناشریندا بخەینە ڕوو. بۆ نمونە، هەندێ حزب کەوتوونەتە شێواندنی جادە و ڕێڕەو و شوێنەگشتییەکان بە پۆستەر و پەڕۆ، وە لەڕێگەی ئەو پارە و پوول و دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە لەبەردەستیاندایە، گشت چانسێکیان بۆ پاڵێراوەکانی خۆیان فەراهەم کردووە،  ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێ پاڵێرراو بە بودجەو دەرماڵەیەکی زۆر کەمەوە بەشدارە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بێ بەشە لە لانی کەمی ئەم چانسانە. دەکرێت بۆچونێک پێی وابێت کە دەنگدەر لە هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی ڕاشناڵ دەنگ نادات و بۆی هەیە کەمی و زۆری خەرجییەکان ڕۆڵێکی گرنگ نەگێڕێت لە ئاڵوگۆڕپێکردنی دەنگی دەنگدەراندا. بەڵام نەبوونی چانسی یەکسان بۆ بەهرەمەند بوون لە پێداویستیەکانی بانگێشەکردن دەبێتە مایەی بەڕێکردنی پرۆسەیەکی ناڕاشنالی هەڵبژاردن کە تێیدا کۆمەڵێک دەم و چاو یاخوود عەقڵییەت خۆی دووبارە دەکاتەوە لە ڕێگەی ئەو خەرجی دەرماڵە زۆرەی کە حزب یاخوود هەر سەرچاوەیەکی تر دەیخاتە بەردەستی. بۆیە زۆر گرنگە هەمووان چانسی یەکسانیان هەبێت بۆ بەشداری بوون لە پرۆسەیەکی هەڵبژاردندا.

 

لە کۆتایدا، سەرباری دەستخۆشی کردن لە هەندێ دەنگی پۆزەتیڤ و ئازا کە بەشدارن لە پرۆسەی هەلبژاردن و دەیانەوێت ئاڵوگۆڕ لە کەلتووری سیاسی هەرێمی کوردستاندا بکەن، تاکو ئێستا هەڵبژاردن لەم هەرێمەدا دوورە لە هەندێ ستاندارت و پرنسیپی سادەی دیمۆکراسی. لەکەلتوری سیاسی هەرێمی کوردستاندا، لەبری ڕەچاوکردنی پێشمەرجەکانی دیمۆکراسی لە دیاریکردنی پاڵێراواندا، حزب بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەبێ گەڕاوەنەوە بۆ پایەی کۆمەڵایەتی پاڵێراوەکانی لە ناوچەی نیشتەجێ بوونیان، پاڵێرراوکانی دیاری دەکات. لە بری بەرنامە و پلانی ڕۆشن بۆ کێشەکان و پێشخستنی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ووڵاتانی پێشکەوتوو، ووروژاندی سۆزی خەڵک لە ڕێگەی پێشاندانی ڕابردوویان لە شاخ و ڕشتنی فرمێسک بۆ قوربانیانی دەستی داگیرکەرانی کوردستان داوا لە خەڵک دەکەن دەنگیان پێ بدەن. لە بری پێداگرتن لە بەهرەمەند بوونی تەواوی پاڵێراوان لە دەرماڵەی پێویست بۆ بانگێشەکردن و شانازیکردن بەوەی کە دادپەروەری پەرچەمی سەرەکیە لە نێوان ئەو کاندێدانەی کە دەیانەوێت بەشداربن لە بڕیاردان لە بەڕێوەبردنی ووڵاتدا، زۆرێک لە حزبەکان وەک تەندەرەێک تەماشای پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن و ئامادەن زۆرترین خەرجی بخەنە بەردەست پاڵێراوانیانەوە. نەبوونی ئەم جۆرە چەمکانە و نەگرتنەبەری ئەو پرۆسیجەرانەی سەرەوە باشترین بەڵگەن بۆ نادیمۆکرات بوون و داخراو بوون یاخوود (سووڕانەی لە بازنەیەکی کەلتوری سیاسی داخراودا)  لە هەرێمی کوردستان.

 

 

 

 

کاوه‌ حه‌سه‌ن

 kawa2010@gmail.com

September 2, 2013

هه‌ولێر  ‌ 

 

Previous
Next