Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
شێخ رەزا یەکەم شاعیری مۆدێرنیتێ  شاعیری شار

شێخ رەزا یەکەم شاعیری مۆدێرنیتێ شاعیری شار

Closed

 

 

 


“روانیم لە درزی قاپییەوە.” شێخ رەزا

 

 

ئەم لێکۆڵینەوە بۆ چەمکی مۆدێرنیتێ و شێخ رەزای تالەبانی تەرخان دەکەین. ئەگەر بە پێناسەکردنی مۆدێرنێتێ دەست بەم لێکۆڵینەوەیە بکەین، هەڵبەتە دەبێ ئەم چەمکە بە ناوەڕۆکی شارەوە گرێ بدرێ و بە زەحمەت لە گەڵ چەمکە دەستەخوشکە ئەورووپییەکەی هاوجووت و هاوتەریب رابگیرێت. لە لای روسۆ و کانت و هۆلباش هاوشان بە ئایدیالێک وابەستەیە کە شان بە شانی گەشەسەندندایە. مەبەست لە گشت ئەو خەبات و زۆرانبازیانەیە کە دژ بە حوکمی موتڵەق و ئستیبدادی شاهەنشاهی پەرپادەکرێت، ئەویش بە سەروەری چەکی عەقڵانییەت و هەر ئەویش سەرداری بکات. بە نیسبەت ئەو فەیلەسووفانەوە، مۆدێرنیتێ بە مانای شەرعییەتدان بە عەقڵ دێت لە بواری سیاسی و کەلتووری و تەنانەت رەمزیشدا ؛ ئیدی جێگای خودا و دەسەڵاتی بنەماڵەش دەگرێتەوە.

لە سەدەی بیستەمیشدا، هەڵوێستێکی توند بەرامبەر بەم چەمکە وەردەگیرێت بە هێنانەوەی پاساوی ئەوەی کە مۆدێرنیتێ لە خزمەتی ئینساندا کۆتایی نەهات، بە پێچەوانەوە بە چەوسانەوەی ئینسان لە لایەن ئینسانەوە کۆتایی هات.

لە بواری ئەدەبدا، مۆدێرنیتێ دەگەڕێندرێتەوە بۆ بۆدلێر، شاعیری رەمزییەت و شار. سەدەی نۆزدەهەم، پاریس گۆڕنگاری گەورەی بەسەردا دێت، هەنگاوی مەزن لە بواری میعمار و پانوپۆڕکردنی شەقام و بولڤارەکاندا دێنەدی، ئەندازریارێکی وەکو ئۆسمان ئەم ئەرکە دەخاتە سەر شانی خۆی و شار لە چاخەکانی ناوەندەوە بەرە و سەدەی بیستەم دەگوازێتەوە.

لە وڵاتی ئێمەش، سەدەی نۆزدەهەم، سەدەی ماڵئاوایی کردنی دوا میرنشیینە کوردەکانە و زۆر بە پەرپووتی خۆی بۆ سەدەی بیست ئامادە دەکات ؛ هێشتا بە تەواویش شار بە مانای تەواوی خۆی دروست نەبووە. هەر وەکو مەسعود مەحەمەد باسی لێوەدەکات، هەولێر لە سەدەی نۆزدەهەم تەنها ٧٠٠٠ کەسی تیا ژیاوە و شاری کۆیە ١٠٠٠٠ کەسە و شاری سلێمانی ئەو دەمە شارێکی نوێ بووە، ئاماژەکانی ریچ بەسن بۆ ئەوەی بە تەریکەرێگادا نەچین، رەنگە کەمێک لە سەرووی ١٠٠٠٠ کەسەوە بووبێت. بەڵام کەرکووک، لە سەدەی نۆزدهەمدا، ئەگەریش بە چاویکی نیسبیشەوە سەیری بکەین، ئەوە بە تەواوی لەو سەردەمە خەسڵەتی شاری هەبووە ؛ شارێکی دوورەدەستی پایتەختی عوسمانی، ئەگەریش سیغەی ئیمڕۆی بۆ بەکاربهێنین، ئەوە شارێکی مولتی رەگەز و مولتی زمان و ئاین و مەزهەب بووە ؛ کورد و تورک و جوولەکە و کلدان و تورکمان  و رەنگە تاکە تاکیش عەرەبی تیا ژیابێت.

شاعیرمان نییە لە سەدەی نۆزدەهەم هەندەی شێخ رەزا وابەستەی شار بووبێت. مەرج نییە ئەم وا بەستەبوونە لە رێگای باسکردنی شارەوە بوو بێت، بەڵکو ئاماژەکردن بۆ قەڵەباڵغی شار و رەگەز و کارەکتەرەکان، لە رێگای ناوهێنانی شەخسیات و ئادگارەکانییەوە باسی شارمان بۆ دەکات. یەکێکی وەکو نالی لە نێو شیعرییەتدا دەژی، دونیا ئەو زیهنە، تەنانەت سروشتیش لای ئەو سروشتێکی زیهنییە، مەحوی پریاسکەکەی هەڵدەگرێت و خۆی نغرۆ دەکاتە نێو ئەو کونجەی کە دەیەوێ هاوسەنگییەکی دەروونی و زیهنی ببەخشێتە ژیانی و لە جەنجاڵیی ئەو سەردەمە ناکۆکە خۆی بدزێتەوە و شەڕێکی ئاینی دژ بە زاهیدە درۆزنەکان بەرپابکات و لە گێچەڵەکانی ململانێی نێوان دوو تەریقەتەکە خۆی بدزێتەوە. ئەو دوای ئەو وێنەیە دەکەوێت کە چمکەکانی حەقیقەتی لێوە دەردەکەوێت، دەیەوێ رۆ بچێتە نێو خەونێکی ویژدانییەوە و لە رێگای زمانێکی سۆفیمەشرەبەوە و لە نێو بگرەوبەردەکانی تەریقەت و شەریعەتدا هەڵبکات و دەقەکانی بنووسێتەوە.

ئەگەر بێت و نالی لە سەر لوتکەی شیعرەوە سەیری وجوودی کردبێت، ئەوە  مەحوی لە نێو لۆچەکانی ئیشراقەوە ویستوویەتی ئاسوودەیی بۆ رۆحی بگەڕێتێتەوە. نالی دوای وێرانبوونی میرنشینی بەبە، سەری خۆی بۆ پایتەخەتی عوسمانییەکان هەڵدەگرێت و درەنگتریش مەحوی لە مزگەوتێکدا ژیان بەسەردەبات و موچەیەکی لە لایەن بابی عالییەوە بۆ دەبڕدرێتەوە ؛ هەر یەکەیان بە جۆرێک سەدەی نۆزدەهەم ئاوا دەکەن.

ئەگەر بێت و شێخ رەزا پشتی بە شیکلە حازربەدەستەکانی شیعرییەتی ستوونی بەستووبێت، بەڵام بە تەواوی داهێنەری زمانێکی نوێیە. ئەم زمانە بەرهەمی دید و بۆچوونێک و جیهانبینییەکە کە هاوشان لە گەڵ شاردا سەریهەڵداوە. شاعیر نییە لەو سەردەمە هەندەی شێخ رەزا کوڕی سەردەمەکەی خۆی بووبێت، هەر ئەمەشە وایکردووە کە “مۆدێرن” بێت، رەنگە بە بێ بوونی ئازادیش، نەکرێ مافی تەواو بدەینە چەمکی مۆدێرنیتی، لەم رووەشەوە “شێخ رەزا ” خواجە ئەحراڕ”ێک بووە بۆ خۆی. ئازادی زمان و ئازادی کۆمەڵایەتی پێکەوە گرێ داوە : ئەو زیهنییەتی شیعری دەخاتە لاوە و تەکییەی بابوباپیرانی جێدەهێڵێ و وەکو گەریدیەک بە زمانێکی نوێیە شەقێک لە عورفوعاداتە تەقلیدییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و سەیری زمان وەکو ئامێرێک دەکات، ئەگەر لە گوێزانێک تیژتر نەبووبێت، ئەوە بریقەی تیغێکی هەبووە.

رەنگە تاکو ئێستا ئاوڕ لەم چمکە زۆر تایبەتەی شێخ رەزا لە نێو ئەدەبییاتی کوردی نەدرابێتەوە. ئێمە ئەم لێکۆڵینەوەیە لە سەر سێ تەوەر دەگیرسێنییەوە :

 

یەکەم : چەمکی شار؛

 

شێخ رەزا یەکەم شاعیری کوردە کە بە تەواوی سروشت لە شیعرەکانی دەسڕێتەوە. پێش ئەو هەموو شاعیران، باسی سروشتیان کردووە، جا ئەم سروشتە زیهنی بووبێت، وەکو ئاماژەیەک بووبێت بۆ ئاووهەوای رۆح، ئیحایەک بووبێت لە بەهەشت و مێرغوزاری دەقی پیرۆز، یا وەکو وەفایی، دیمەنەکانی ئاو و رووبار، دارودەوەن و گوڵوگوڵزار پێکهاتەیەک بووبێتن لە دەقە شیعرییەکانی ؛ ئەوە سروشت ئامادەیی لە نێو دەقی شیعری سەدەی نۆزدەهەم هەبووە.

 

بەڵام لای شێخ رەزا، سروشت وجوودی نییە، ئەو بەچکەی شارە، رووی لە خەڵک و روخسار و سیماکانی شارە، ئاماژە بۆ دەموچاو و ئادگارەکانی خەڵکی شار دەکات. ئەو گوێی لێ نییە خونچەیەک دەپشکوێ یا نا، دەشتودەر و کێو و هەرد سەوزن یا نا. ئەو تەماشای گوڵێک ناکات بۆ ئەوەی گوێ بۆ نەغمەی بولبول هەڵخات، ئەو وێڵی فڕینی پەپوولەیەک نابێت و سەیری هەوری گەڕیدە ناکات و ئاسمانی ئەو لە سەر عەرزە.

 

عەقڵییەتی شێخ رەزا لە سەر ماددە دەنیشێتەوە، ئەو بیر لە زیهن و ئاووهەوای رۆح ناکات، با لێرەو لەوێ غەزەلییاتی دینی وتبێت، بەڵام بە هیچ جۆرێک چەمکی میتافیزیك بانگێشی ئەو شاعیرەی نەکردووە. تێکەڵی دونیا دەبێت و زۆر پێچەوانەی مەحوی، شێخ رەزا لە زەمانی خۆی ژیاوە. 

 

ئەو لە سەردەمێک ژیاوە کە ئیتر شیعر ئەو کەرەسەیە نییە کە بتوانێت هەموو هەواڵێک بە خیڕایی بڵاوبکاتەوە، بەڵکو سەدەی نۆزدەهەم سەردەمی سەرهەڵدانی رۆژنامەیە. بۆیە لە دەقە شیعرێکی باس لە “غەزەتە” واتە “گازێت”ی ئەو سەردەمە دەکات و وەکو ئاداتێکی دەیبینێ بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگوباس. لە شیعرێکی دا کە “هەجوی دەروێش ئەفەندی” دەکات بە ئاشکرا رۆڵی رۆژنامە بە هەند وەردەگرێت. بێگومان مەبەستی شێخ رەزا رۆژنامەی عوسمانی بووە. دەزانین شار و رۆژنامە چ دەستەخوشکێکن!

 

تحت توقیفە الندی قوی النسون کیرەتە

خلق ایچون چاهی قزان چاهە دوشر البتە

حبسە ابقا نە دیمگ بصرەیە سورمگ لازم

بصرەدەن بومبەیە، من بومبە الی کەلکەتە

ترسن ترجمەیی حالنی ثبتی غزتە

 

واتە

خرایە بەندیخانەوە با بەند بکرێت کەرەتە

ئەوەی چاڵ بۆ خەڵق هەڵکەنێت هەر خۆی تێی دەکەوێت

لە حەبس مانەوە مانای چی؟ دەبێت رەوانەی بەسرە بکرێت

لە بەسرەیشەوە بۆ بۆمبای و لەوێشەوە بۆ کەلکوتا

ئەم کردەوەی دەبێت ببێتە عیبرەت بۆ خەڵقی

تەرجەمەی حاڵی ئەم تەرەسە بخڕێتە غەزتەوە.

( بە کەمێک دەسکارییە لە تەرجەمەی موككەرەم تالەبانییەوە وەرگیراوە.)

 

لێرە تەنها ناوهێنانی وشەی “غەزەتە” بەس نییە بۆ ئەوەی ئێمە ئەوە بدەینە پاڵ شێخ رەزا، بەڵکو گوزارشت لە سنوورداریی شیعر دەکات، وەکو ئەوەی بە شێوەیەکی پەنهان پێمان بڵێ، چیدی شیعر ناتوانێت هەموو دەنگوباسەکان بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبکاتەوە. ئەم بۆچوونە زۆر نوێیە و هاوشان لە گەڵ سەرهەڵدانی رۆژنامە لە سەدەی نۆزدەهەم دەوەستێت.

 

ئەو شارەی کە شێخ رەزای تێدا دەژێ، لە توێژ و چین و کەسایەتی جیاواز پێکهاتووە. شاعیر نییە لەو سەردەمە هەندە کەسایەتی تێکچڕژاندبێتە دەقی شیعرییەوە. ئەو بە بەلزاکێکی شاعیر دەکات. بۆیە کاتێک باس لە چەمکی شار لە لای شێخ رەزا دەکرێت، دەبێ ئاوڕ لە سەرجەم ئەو کەسایەتییە جیاوازانە بدەینەوە کە سەر بە توێژ و چینی کۆمەڵایەتی جیاوازن. ئەگەر بێت و لە لای مەحوی زاهید و سۆفی وەکو روخساری کۆمەڵایەتی شیعرەکانی داگیر دەکەن، ئەوە لە لای شێخ رەزا ئەم کەسایەتییانە فرەن : قائیمقام، حاکم، ئەفەندی، میر، کوێخا، نەقیبزادە، شێخ، دز، قومارباز، نەجیب، سەردار، تاقیمی لووس، سادات، فەقیر، موفلیس، موتەسەریف، حەرامزادە، سۆزانی، یەهوودی، قەحپە، هەتیو، ئاشبەز، نانەوا هتد. لە پاڵ ئەم عینوانە، ناوی رووتیش دەهێنێتە نێو دەقەکانییەوە : وەسمان، حەبەش، حەمەشین، ئەحمەدی حاجی، وەستا غەفوور هتد

 

ئەم کەسایەتییانە سەر بە توێژێکی دیاریکراو نین، بەڵکو رەخساری تێکەڵاو و تێکچڕژاوی شارمان بۆ یەکئاڵا دەکەنەوە.

 

ئەگەر شێخ لە کۆمەڵگەی کوردستانی سەدەی نۆزدەهەم وەکو توێژی ئەروستوکراسی سەیر بکرێت، بەڵام شاعیر لەم توێژە هەڵدەگەڕێتەوە. سەرمایەی بنەماڵە فڕی دەدات و تێکەڵی دونیا دەبێت و سەرمایەی تایبەتی خۆی پێکدەهێنێت. هەڵبەتە ئەم هەڵگەڕانەوەیە خاوەن دیدێکە و ئەم دیدەش خاوەن زمانێکە.

 

لێرەوە دەتوانین بڵێین تێکەڵبوونی شێخ رەزا لە گەڵ شاردا، دۆزینەوەی زمانێکی نوێیە. زمانێکی هەند نوێیە کە هەست دەکرێت، لە سەدەی بیستویەکەمدا وتراوە. چەندین وێنەی شیعری هەن لە لای شاعیر پاساو بۆ ئەم بۆچوونەی ئێمە دەهێننەوە، وەکو ” شەهوەتم هاتۆتە جنبوش” یا ” بە تڕ گوێز ئەشکێنێت.” یا ” بۆ نەختێ ئاوی شەهوەت جەرگی بووە بە قەقنەس.” ئەو بە هۆشیارییەوە زمان بەکاردەهێنێت. زمان تەنها بۆ ئەوەی رتووشی دونیا بکات و ئارایشی شتە ناشرینییەکانمان بۆ بکات، زمانی شتەکانمان بۆ ناشارێتەوە و جیهان لە گەندەڵی پاکناکاتەوە، بەڵکو دونیامان وەکو تیغ بۆ دەبڕێت. شێخ رەزا لە دوو شوێن زیاتر باسی زمانی کردووە و بە تیغ ناوی دەبا.

 

شاعیر زمانێک دەهێنێتە کایەوە وەکو تیغ بتوانێ شت بدڕێ، کەرتی کات. 

” هەر چەندە بە میسلی خەنجەری ئەڵماسە زبانم”. ئەم زمانە تەنها لە شاردا دەهێنرێتە کایەوە. زمانی شێخ رەزا، نە زمانی غەزەلیاتەوە، وەکو نالی و کوردی، نە سۆفیمەشرەبیشە وەکو مەحوی، دەتوانین بڵێن زمانی شێخ رەزا زمانێکی واقیعییە زیاتر وەکو زمانێکی رەمزی و زیهنی بێت. واقیعی نەک بەو مەبەستەی کە واقیعمان بۆ بنووسێتەوە و کۆپی بکاتەوە، بەڵکو دەکەوێتە دژی ژیان. زمان بۆ شەڕکردن بەکاردەهێنێت زیاتر وەک بۆ ئاشتبوونەوە.

 

شێخ رەزا زمان لە جیاتی شتێکی دیکە بەکار ناهێنێت، بەڵکو خودی زمانەکە، وەکو خۆی بەکاریدەهێنێت. بۆیە دەبینین دەستەواژەکانی تەواو هاوتەریب لەگەڵ روخسار و کەسایەتییەکانی ناوشار دەوەستن : “گەواد. تەرەس، بێ دین، مونافیق، گان، کێر، ریش، مولحید، روو رەش، قورمساغ” هتد. لە پاڵ ئەم وشانەش لە فەرهەنگی باوی ئەو سەردەمە وشەگەلی وەکو ” فەلەک، خەرقە، سبحە، زەننار، سەلیب، هتد” بەکار دەهێنێت. بەڵام شاعیر فەرهەنگی شاعیرانەی خۆی بەکار دەهێنێت.

 

شێخ رەزا زمانی بوهێمییەکی هەیە، زمانێکی نوێیە، تەنانەت زۆر نوێیە بۆ سەردەمەکەی خۆت. یەکێکە لەوانەی کە پەردەی ئۆرۆستوکراسییانە لەسەر زمان هەڵدەماڵی، بەمە کۆمەڵ رووت دەکاتەوە، پێش ئەوەی خودی زمانەکە رووت کاتەوە.  ئەم رووتکردنەوەیە جووتکارە، لە لایەک کۆمەڵی پێ رووت دەکاتەوە، لە لایەکی دیکەش خودی زمانەکە رووت دەکاتەوە. ئەم دوو پرۆسەیە دەبنە هاندەری هێنانەدی زمانێکی تا رادایەک سوریالی. چونکە هەموو بەرهەمهێنانێکی نوێی زمان هەڵگری رەهەندی سوریالییە. هەرچەندە بواری هیچ بەراوردێک نییە، بەڵام هەر لەو سەردەمەشدا، رامبۆی فەرەنسا دژ بە زمانی دایک هەڵدەگەڕێتەوە و رچەیەکی قووڵ و عەجوول بۆ زمانی فەرەنسی دەکاتەوە.

 

زمانی نوێ، بەرهەمهێنەر و هاندەری ئەو وێنە سوریالیئامێزانەن. بە نیسبەت شێخ رەزاوە، زمان ئەو تیغەیە کاتێک لە کیفەکەی بۆ ماوەیەکی زۆر دەمینێتەوە، دەڕزێ و گرینگیی نامێنێ. ئەمە بۆچوونێکی زۆر نوێیە لەمەڕ زمان و بەکارهێنانەکانی زمان :

 

لوتفێ بکە با شێخ رەزا بێتەوە گوفتار

حەیفە بڕزێ تیغی موجەوهەر لە غیلافا

 

ئەمە جۆرە پاککردنەوەی زمانە لە هەموو خڵتەیەکی کۆمەڵایەتی، لە ستاتوی توێژی باڵادەست، لە نیفاقی جۆربەجۆر، رەها کردنی زمانێکە و رزگارکردنێکی لە زمانی پفدراو و لە قاڵبدراوە. ئەمە چەمکێکی نوێیە، تەنانەت زۆریش نوێیە. شاعیرانی کلاسیکی کوردی هەندەی هەوڵیانداوە، زمان لە نێو وێنەی گیر و عاسی و مێتافۆری جۆراوجۆر بئاخنێنن، بە قەد ئەوە شێخ رەزا ویستوێتی ئازادی سەرەتایی بۆ زمان بگەڕێنێتەوە. هەموو عورف و عاداتێکی شێخانە، مەلایانە، نەجیبزادانە رووت دەکاتەوە، بەڵام “زمانی” ئەوانیش بەکاردەهێنێت. بە واتایەکی دی، هەر بەو زمانە شەڕیان لە گەڵ دەکات کە خۆیان بەرهەمیانهێناوە، بەڵام زمانێکی تایبەتە و شەخسییە.

 

هەر بۆ نموونە وشەی “صەبا” لە نێو غەزەلییاتی کوردی پێگەیەکی مەعنەوی و رەمزی زۆر دیاریی هەیە، هەموومان نامەکەی نالیمان دێتەوە یاد کاتێک لە شامی غوربەتییەوە، نامە دەداتە دەستی “باد” بۆ ئەوەی بە ئەمانەتەوە بیگەیەنێتەوە شاری سلێمانی. شێخ رەزا گەمەی دێت بەم دەستەواژەیە و بەجۆڕێکی توانجئامێز بەکاری دەهێنێتەوە :

 

“لە تەرەف کێرەوە بەریدی سەبا

بۆ مودیری قزلجە نامە دەبا”

 

هەر وەکو لە سەرەوە ئاماژەمان بۆی کرد، تەنها کاتیک وێنەی سوریالی دێتە ئاراوە، کاتێک تێگەیشتنەکانمان، بۆچوونەکانمان، دیدی و جیهانبینمان واقیع تێدەپەڕێنێ، نەک هەر ناینووسێتەوە، بەڵکو هەڵیدەتەکێنێ. ئەم زمانە لە خۆڕا، بە شێوەیەکی گۆترە ئاسا ئیمکانی سەرهەڵدانی نییە، لێرەشەوە، چەمکی وێنەی سوریالی و شار جارێکی دی، بەرامبەر بە یەک دەوەستن. زۆر ئەستەمە، ئەم وێنانە لە جیهانی سروشت، لە فەزای لادێدا سەرهەڵبدەن. سوریالی هەر وەکو دەستەواژەکە ئاماژەی بۆ دەکات لە سەرووی واقیعەوەیە، بەڵام بۆ ئەوەی باسی سەروویەکمان بۆ بکرێت، دەبێ بیر لە واقیعێکی تۆکمە و تێکچڕژاوی شاریش بکەینەوە. وێنەگەلی وەکو ” ئاوازی دەهۆڵی کوزی دایکی لە حەرەمدا”، “فەوارەی موژگان”، “دەنکە جۆیەکی نیشان بدەی، تا قیامەت دێ لە دووت”، “هەر وەکو کۆمەڵە بەفرێ کە شەقی کەی بە مشار.” یا ” شەو و رۆژ چەپڵە بە کوز لێدەدەن” ئاماژەیەکی تەواون بۆ ئەو وێنە سوریالیئامێزانە. 

 

شار تەنها لە کۆی دوکان و بازار و مزگەوت و حەمام پێکنەهاتووە، بەڵکو تێکچڕژانی کەسایەتی و سیماکان و پەیوەندییەکان دروستبووە. بۆیە ئەو ئاماژانەی کە بۆ “بەڕێوەبردن”بەکارهاتوون، لە لای شێخ رەزا زۆر دووبارە دەبێتەوە. وەکو “موتەسەریف”، “مودیر”، ” قایمقام”

رەنگە یەکەمین شاعیری کوردیش بێت بە زۆری باسی شاری کردبێت.  دوو رووەکانی شار دەناسێت و دەزانێت بە وردی بڵێ :” باتینی جولەکەیە، زاهیری زوههادی هەیە” نیشان بدات.

 

دووەم : چەمکی سیاحەت ؛

 

ئەم چەمکە لە ئاستی جیهاندا نوێیە. بۆ یەکەمینجار تێرمی “توریسم” یا “توریست” لە لایەن عوسبەی ئومەمەوە بەکارهاتووە، بەڵام لە رووی مێژووییەوە، ئاماژە و ئیشاراتی زۆرهەن کە سیاحەت دەبێتە ناوەڕۆکی ئەم سیغەیە.  لە سەدەی چواردەمدا مەحەمەد کوڕی عەبدوڵای تەنجی کە بە ئیبن بەتووتە دەناسرێتەوە بە یەکەم گەڕۆکی عەرەبی دەناسرێتەوە. لە تەمەنی بیست و دوو ساڵان بە نیازی حەج، بە مەراکیش و جەزائیر و تونس و تەراوبلوس و میسردا تێدەپەڕێ. دەچێتە فەلەستین و لوبنان و سوریە و وڵاتی حیجاز. لە مەککەوە بەرەو باکوور سەفەر دەکات، دەگاتە عێراق و کوردستانیش دەبینێ. سەرجەم گەشتەکەی دەکاتە کتێبێک لە ژێر ناونیشانی ” تحفة النظار في غرائب الامصار و عجائب الاسفار”. هەروەها مارکۆ پۆلۆ سەدەیەک پێشتر لە ئیتالیاوە سەفەر بەرەو رۆژهەڵاتی دوور دەکات و سەر لە چین دەدات، تەنانەت دەگاتە خزمەتی کوبیلای خان، ئیمپراتۆری مەغوولەکان.

لە سەردەمی راپەڕینی فەرەنسیش، مۆنتێن، دادوەر و نووسەری بۆردۆ، دوو مەیتەر دەداتە دوای خۆی و سەفەر بەرەو سویسرا و ئەڵمانیا و بەشێکی زۆری فەرەنساش دەگەڕێ. هەموو یادگارییەکانی لە دوو تۆی کتێبک لە ژێر ناونیشانی “دەفتەری سەفەرەکان” بلاودەکاتەوە. سەرنج و تێبینییەکانی لەمەڕ شارستانییەتی فەرەنسا و کەلتووری ئەو وڵاتانەی کە سەفەری تیا کردووە دەنووسێ. 

دەتوانین بڵێن، سیاحەت بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەندی بە شارستانییەتەوە هەیە. سیاحەت لە دەرەوەی شارستانییەتدا نییە. چونکە سیاحەت لە زەمانی شەڕوشۆڕ و لێقەوماندا روو نادات. ئێمە ناتوانین جەغت لەسەر ئەوە بکەین کە سیاحەت لە سەدەی نۆزدەهەم لە کوردستاندا گەشەی سەندووە، ناکرێ ئەوەش بڵێن وەکو چەمکێکی بەربڵاو باسی لێوەکرابێت، تەنانەت لە بارودۆخی کوردستانێکی دوورەدەستدا، سیاحەت وجوودی نەبووە بە مانا نوێیەکەی. 

بەڵام تێرمی سیاحەت لە جوغزێکی تەسکدا بەکارهاتووە. دەبێ ئەوەش بوترێت کە زۆربەی شاعیرانی کوردستان بۆ خوێندن سەفەریان کردووە و لە لای مامۆستایەک بۆ کاتێکی دیاریکراو ماونەتەوە. سنوورەکانی نێوان سنە و سەقز و سلێمانی نەبووە بەو مانایەی کە ئیمڕۆ هەیە، یا دیاربەکر و دهۆک و زاخۆ درێژکراوەی هەمان فەزای کەلتووری و زمانەوانی بووە. 

 

بەڵام کاتێک بە وردی دەقە شیعرییەکانی شێخ رەزا دەخوێنینەوە، هەست دەکەین لە زیهنی شاعیردا ئەم تێرمە وجوودی هەبووە و تەنانەت لە چەندین شوێنیشدا بەکاری هێناوە :

 

لە شیعری ” سەر گوزەشتەی خۆی”دا دەڵێ :

 

ئەو رۆژە کە تۆرام لە کەرکووک سەفەرم کرد

مانەندی عەقارب لە ئەقارب حەزەرم کرد

 

گەردوون سینگی کردم و هێنامیە کۆی

مێوانی لە کن مامەغەفووری لەجەرم کرد

 

خواستم کە بڕۆم بۆ سەفەری رۆم بە سیاحەت

نەیهێشت دوو سەد ئەهلی عەمامەی لەسەرم کرد

 

ئەم سێ جووت دێرە زانیارییەکەی زۆرمان دەدەنێ. هەڵبەتە ئەم زانیارییانە یارمەتیمان دەدەن زۆر شتی پێ بخوێنینەوە :

یەکەم : بەکارهێنانی سیغەی “تۆران” حەمیمییەتی پەیوەندی نێوان شێخ و شار روون دەکاتەوە. رەنگە ئێمڕۆ بە زمانی کوردی ئەم سیغەیە کەمتر بەکاربهێنرێت، بەڵام ئاماژەیەکی روونە بۆ هاوپەیوەندییەکی ناوەکی، گەرموگوڕ.

دووەم : شێخ ئینسانێکی بوهێمییە بە مانا نوێیەکەی، واتە سەرجەم دراوە باوەکان دەخاتە لاوە، بەها کۆمەڵایەتییەکان پشتگوێ دەخات. پەیوەندی نێوان “ئەقاریب” و “عقارب” ئاماژەن لەم رووەوە. خزمان وەکو دەبنە دووپشک، لە پرێکدا پێتەوەت دەدەن.

سێیەم : خواستنی سەفەرکردن. بێگومان لە دەقە شیعرییە کۆنەکاندا کاتێک باسی “رۆم” دەکرێت ئاماژە بۆ شاری قوستەنتینییە دەکرێت واتە شاری قوستەنتین، ئیمپراتۆرییەتی بیزەنتە کە ئیمرۆ بە شاری ئەستەمبول دەناسرێتەوە. لێرە سنووربڕینی کەلتووری و زمانەوانی لە پێناو ناسینی ئەویتر، جێی بایەخی ئێمەیە. سەفەری شێخ نە بۆ خوێندنە، نە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکی دیاریکراوە، نە هەڵاتنیشە لە دەست جەوروستەم، بەڵکو “خواستن” ناوەڕۆکی تێرمی “سیاحەتە”، واتە فزوولییەکی تەندروست پاڵ بە کەسێکەوە بنێ بۆ ئەوەی دونیای نەدۆزراوە، دونیای نوێ کەشف بکات. لێرە هەموو ئاماژەکانی شارستانییەت چەکەرە دەکەن.

چوارەم : تێرمی “عەمامە” ئاماژەیەکی پێچەوانەیە لە گەڵ خواستی سەفەر، بەرامبەر بە یەک دەوەستن. “نەیهێشت و دوو سەد ئەهلی عەمامەی لە سەرم کرد”. عەمامە ئاماژەیەکی بۆ وەستاوی، بۆ جێگیریی، بۆ چەقبەستن، بۆ وابەستەبوون بە شوێن و کاتەوە، قەتیسبوون هتد. لێرە تێرمی “سیاحەت” تەواو بەرامبەر بە تێرمی “عەمامە” رادەوستێت. یەکەمیان ئاماژە بۆ دونیایەکی نەبزێو و جێگیر دەکات، دووەمیشیان ئاماژە بۆ جوولانەوە و بزووتنەوەیەکی ئاسۆییانە دەکات. یەکەمیان شاقوولیانە لە بەها رۆحییەکان دەگەڕێت، دووەمیان ئاسۆییانە لە لەززەتە جەستەیی و بەرجەستەییەکان دەگەڕێت.

 

شێخ رەزا پیاوێکی بویهیمییە. واتە نایەوێ لە شوێنێکی دیاریکراو جێگیر بیت، رۆژانە ژیان بەسەر دەبات. بزووتنەوەی بویهیمی لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئەورووپا سەرهەڵدەدا، جگە لەوەی بەها رۆمانسییەکان لە خۆ دەگرێت، ئاماژە بۆ ژیانێکی هەژارانە و بە بێ گوێدانە بەها کۆمەڵایەتییەکان دەکات، لە هەمان کاتیشدا ئاماژە بۆ ژیانێکی بە بێ وابەستەبوون و گەڕۆک و عەجوول دەکات. لە ئەدەبییاتی عەرەبی تێرمی ” سەعلوک” هەیە، تا رادەیەکی زۆر ئەم دوو چەمکە لە یەکتر نزیک دەبنەوە.

ئێمە بە هیچ جۆرێک بیر لەوە ناکەینەوە کە شێخ رەزا ئەم رێبازە ئەدەبییە ئەورووپییەی ناسیبێ، بەڵام شێوەی ژیان و جۆری نووسینی لەو بزووتنەوەیە نزیک دەبێتەوە، بەڵام دەبێ زۆر بە وریاییەوە ئاماژە بۆ ئەم خاڵە بکرێت، شێخ رەزا بە هێچ شێوەیەک رۆمانسی نییە، زۆر بە پێچەوانەوەی رۆمانسییەکان دەژیت، چ لە ستایلی نووسین چ لە ستایلی ژیان.

 

شاعیر لە ئازادییەک دەگەڕێ بۆ ئەوەی خۆی لە سەرجەم تەوقە کۆمەڵایەتییە باوەکان رزگار کات ؛ پەیوەندییە بەزۆر سەپێنراوەکان بەلاوەخات. ئەوەی بە لای ئەوەوە گرینگە ئەو ئازادییەیە کە بەدوویدا وێڵە، نەک ئەنجامەکانی. شاعیری دیکەمان نییە لە سەدەی نۆزدەهەم ئەوها سەبارەت بە ئازادی دوا بێت :

 

بۆچ بچمەوە کەرکووکی قورمساغ کە لە گەڵ من

ئەهلی هەموو ناسازە وەکو ئاوی حەمامۆک

 

پێمخۆشە لەبەر جەوری برا و لەومەیی ئەقوام

سەدجار لە غەریبی بکەوم موفلیس و مەفلوک

 

شاهی کە نەبی، رادەبوێرین بە فەقیریی

بۆ ئەهلی قەناعەت لە پڵاو خۆشترە داندۆک

 

هەر لە هەمان دەقدا پێداگریی دەکات لەو ئازادییە، تەنانەت خۆشی لە حەشامات جیا دەکاتەوە. شاعیر زۆر هۆشیارە لەو ئازادییەی کە دەسگیری دەبێ :

 

پاپەندی خەلایق نییە تەبعم وەکو خەڵکی

بێ کولفەتم و رەندم و سەییاحم و سالووک

 

من خواجە ئەحرارم و ئامیزشی دونیا

هێشتا کە نەمی کردۆتە بەندەیی مەملوک

 

ئاماژەمان بۆ چەمکی شارستانییەت کرد. یەکێک لە خەسڵەتەکانی شارستانییە “هونەری ژیانە” ئەم چەمکە لە لای ئەورووپییەکان، سەرەتا لە ئیتالیای سەردەمی راپەڕیندا سەرهەڵدەدا و دواتر فەرەنسییەکان سەدەیەک دواتر دەیگوازنەوە نێو کەلتووری خۆیان کە رۆژی ئیمڕۆ بە “ئار دو ڤیڤر” دەناسرێتەوە، یەکێکە لە کارەکتەرە هەرە لەبەرچاوەکانی کەلتووری فەرەنسی. 

پێش ئەورووپییەکانیش، شارستانییەتی عەرەبی ئیسلامی لەو رووەوە هەنگاوی لەبەرچاوی ناوە، هەر لە رازاندنەوەی کۆشک و تەلارەکانەوە بۆ دروستکردنی حەوز و حەوشەکان و خشڵ و جلوبەرگ و هتد.

 

راستە شێخ رەزا ئازادی دەخاتە پێش ئیمتیازە مادییەکانەوە، بەڵام چاوپۆشی لە ژیانی شارستانانەش ناکات. بڕوا ناکەم لەو زیاتر، لە سەدەی نۆزدەهەم شاعیرێکی دیکەمان هەبووبێت بەمجۆرە باس لە “حەمام” و “خەنە” و “شانە”ی کردبێت. لەزۆر شوێن حەمام وەکو شوێنێک دەترنجێتە نێو شیعرەکانییەوە ؛ جگە لەوەی شوێنێکی شەهوانییە بە ئیمتیاز، هەروەها پێکهاتەیەکی بنەڕەتیشە لە چەمکی شارستانییەت.

شیخ کاتێک ئازادی هەڵدەبژێرێت نەک لە پێناو تێروتەسەلکردنی زیهندا، بەڵکو لە پێناو ژیاندا، واتە ژیان لە لای شاعیر بە پلەی یەکەم دێت.

 

شێخ رەزا یەکێکە لەو شاعیرە کوردانەی ئەو سەدەیە کە خەون نابینێ! بەڵکو دەژێت. ئەم چەمکێکی زۆر مۆدێرنە لە لای شاعیر.

 

” دوێنێ شەو بۆ دەفعی حاجەت چوومە حەمامی غەفوور

سادە روویەکی تیابوو سمت و ساقی وەک بلوور”

 

شێخ رەزا موسافیرێکی فیعلییە، لە شوێنێک ناگیرسێتەوە، لە لایەک دەردەکرێ، دەچێتە لایەکی دی، لە شتێکی دیاریکراویش ناگەڕێ، واتە بە دوای پلەوپایەدا وێڵ نییە. نایەوێت لە تەنیشت رەهبەرێک شێخایەتی بکات، نایەوێت جببەوعەمامە بکات و ببێتە مەلا. ئەو لە شاعیر عەجوولترە.

 

سێیەم : کاریکاتێر ؛

 

کاریکاتێر وشەیەکی ئیتالییە بە مانای “بارگە” دێت و لە بواری هونەری وێنەکیشاندا ئاماژە بۆ گاڵتەجاڕی و یاریکردن بە ئادگار و سیمای بابەتێکی دیاریکرا. لە سەدەی نۆزدەهەمدا، لە گەڵ سەرهەڵدانی رۆژنامەوانی، ئیدی ئەم هونەرە رووپەلی رۆژنامەکانیش داگیر دەکات.

لە بواری هونەری تەشکیلیشەوە رۆ دەچێتە نێو ئەدەبییات کە گرینگیی بە هونەری وەسفکردن دەدات، چ کۆمێک بێت چ ساتیر. ئیمڕۆ دەکرێ باسی ئەم هونەرە لە شانۆ و سینەمان و فلیمی کارتۆنیش بکرێ.

 

لە سەدەی نۆزدەهەمی فەرەنسی هۆنۆرێ دۆمییە بە کاریکاتۆریستێکی زۆر بە ناوبانگ دەناسرێتەوە، تەنانەت بەلزاکی رۆماننووس کاتێک “باوکە گۆریۆ” دەنووسێتەوە، لە وەسفکرنی یەکێک لە کەسایەتییەکانی پەنا بۆ دۆمییە دەبات لەم هێڵکارییە ئەدەبییەدا.

ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لێرە ئەوەی لای خوارەوەیە : شێخ رەزا یەکەم کاریکاترویستی ئەدەبییە بە زمانی کوردی، بە واتاکەی دی، ئەو لە زەمانی خۆی ژیاوە، واتە لەو سەدەیەی کە لە ئەورووپاش ئەم هونەرە سەرهەڵدەدا. بە بێ ئەوەی نە باس لەو تەماسە بکەین، نا بیر لەوەش بکەینەوە کا شێخ ئاگاداری ئەو بارودۆخە ئەدەبی و هونەرییەی ئەوێ بووە، بەڵام زۆر مەعلانانە پێنووسەکەی دەخاتە گەڕ لە وەسفکردنی کەسانی ناو شار.

 

شێخ رەزا جیهان وەکو وێنەیەکی ساتیر دەبینێ. چ روخسار بووبێت “رەنگی کەر”، چ ئەندامی نێرینە بووبێت ” تا ملی غەرقە لە چەرما”، چ ئاژەڵێک بووبێت ” دەست و پا سست و سەقەت، ئەندامی هەر وەک عەنکەبووت” هتد. ئەم دیدە لە ئەدەبییاتی کوردی نوێیە. چونکە لەو سەردەمە قوتابی پێش ئەوەی لە حوجرەکان فێری خوێندن و نووسین بن، دەبوایە فێری ئاداب و رەفتاری باش بوونایە. ئەوێک سەرجەم ئەو ئەتەکێتە کۆنانە دەخاتە لاوە.

 

بە بڕوای من ئەگەر شێخ رەزا ئالوودی شار و شاعیری شار نەبوایە، مومکین نەبوو ئەمجۆرە ئەدەبەی لێبوەشایەتەوە. 

کاریکاتێری ئەدەبی پشت بە زمان دەبەستێت. لەم رووەوە شیخ نوێیە. نوێیە چونکە لە لایەک پەنا بۆ دەستەواژەی زۆر بازاری، زۆر میللی دەبات، لە لایەکی دیکەش زمان تا سنوورە هەرە دوورەکانی دەچەمێنێتەوە، هەر ئەم چەمانەوەیە کە لە هونەری تەشکلیلی نزیکی دەکاتەوە، چەمانەوەی زمان وەکو چەمانەوەی هێڵی لێدێت.

بێگومان ناکرێ باس لە چەمکی خەیاڵ نەکرێت لەم بەکارهێنانە. هەر بۆ نموونە ئەم دوو دێڕەی لای خوارەوە :

 

“دەرمانە سمتی، ئەمما نەرمانە وەک بەری دەست

کاروانی کێر بە ناویا دەڕوا هەمیشە سەربەست”

 

ئەم سەربەستی خەیاڵە بە پلەی یەکەم، سەربەستی زمانە، سەربەستییەکی رەها کە خەلقی ئەدەبی پێویستی پێیەتی. جیهانی شێخ رەزا جیهانێکی یەکدیگرە و تۆکمەیە. لە ناو جیهانبینییەک ئیش دەکات کە نوێیە : لەبەکارهێنانی زمان، لە لادانی لە راستەڕێی کۆمەڵایەتی، شەڕکردن لە گەڵ چەمکە موحەڕەماتەکان، دەیکاتە شاعیڕیکی ماددی بە پلەی یەکەم. ئەو دەبینێ ئینجا دەنووسێ، نەک لە رێگای خەونبینیی زیهنیانەوە قەڵەم دەگرێتە دەست. کەڵەشێرێک کافییە بۆ ئەوەی شیعری لەسەر بنووسێ. ” کەڵەشێرێ بە رەزا لازمە کرماشانی/زیرەک و چاپووک و دەمگەرم، دڕ و شەڕانی/ کەڵەشێرێ کە قەپی گرت لە بنا گوێی کەڵەشێر/ پڕ بە دەم بیپچڕێ وەک سەگی هەورامانی” یا حەوشەیەکی ئاسایی بووبێت :” حەوشەیەکم هەیە بە قەدەر لەپێ/ رۆژ عیلاجی ئەکەم بە شەو ئەتەپێ.”

 

چونکە شاعیری سروشت و باخچە و مێرگ نییە، دەبێ وەسفی کەسایەتی شار بکات، وەسفی ئەو ئینسانانەی کە لە گەڵیاندا ژیاوە، سەرنجی داوان. ئەو سروشتی ئینسان دەنووسێتەوە. تەبع و کارەکتەر و خوو و رەوشتیان تاوتوێ دەکات.

 

” رەنگی کەر، دەنگی بەقەڕ، هەیئەتی سەگ، خویی چەقەڵ

چاوی کوێر، مەخزەنی کێر، مەقعەدی پڕ بادی هەیە”

 

شاعیر تەنها وەسفی رواڵەت ناکات، بەڵکو دەچێتە ژێر پێستی بوونەوەرەکەوە، چونکە کاری کارێکاتێر تەنها هێڵکارییەکی دەرکی نییە، بەڵکو لایەن شاراوەکانی سایکلۆژی و خو و تەبعی کەسی دیاریکراویش دەخاتە ژێر پێنووسەکەیەوە.

 

لە دەقێکی دیکەدا :

 

“حەمەی وەستا فەتاح سەد بارەکەلا لەم سەر و ریشە

کە گوێدرێژی بە تەنها چۆن ئەبا ئەم بارە قامیشە

لە سەد باتمان خوری زیاتر ئەبێ کەمتر نییە وەزنی

سەرت چۆنی هەڵئەگرێ؟ من سەرم سوڕماوە لەم ئیشە”

 

کاتێ باسی رووتبوونەوەی زمانیش دەکەین، ئەم واتایە هەڵگری دەلالاتی زۆرە، چونکە شێخ رەزا بەو زمانە رووتە، رووی لە ناوچە حەمیمی و شاراوەکان دەکات. جوانترین وێنەی ئینسان دەکێشێت کاتێک لە گەڵ ئەندامی نێرینەدا بەراوردی دەکات.

 

“پیر بووە ناجی ئەفەندی، بووە پشتی بە کەمان

چرچ و ژاکاو و مولەوەس وەک کیری پاش گان”

 

وێنەی روخسارێک بەمجۆرە دەکێشێ :

 

“لووتی وەکو مەمکە کەنوو، چاوەی دەڵێی کونگەبووە

بەدفەساڵی وەکو نوری، نەدەبێت و نە بووە”

 

یا

” دوو گونی پێوە هەبێ وەکو جەڕەی لەیلان.”

 

سەرنجی ئەوە دەدرێ کە شاعیر لە فەزایەکی جوگرافی و کەلتووری فراواندا کاری کردووە. لە لایەک باس لە کەڵەشێری کرماشانی دەکات، باس لە سەگی هەورامانی، هەروەها بیر لە شێوەی “جەڕەی لەیلان” دەکات. ئەم فەزا جوگرافییە لە بەغداوە دەست پێدەکات تا ئیستەمبوول، بێگومان بۆ سەدەی نۆزەهەمی کوردستان جوگرافیایەکی پانوپۆڕ بووە.

 

پێش ئەوەی کۆتایی بهێنین، حەز دەکەم سەرنجی خوێنەران بۆ چەمکی زمان لە لای شێخ رەزا، جارێکی دیکە راکێشم. شێخ خۆی وا وەسف دەکات : ” من خواجە ئەحرارم”. ئەم ئازادییەی کە لە سەریشەوە ئاماژەمان بۆی کرد، چەمکێکی زۆر بنەڕەتییە بە دیدی ئێمە، بۆ ئەوەی جورئەتی ئەوە بکەین چەمکی مۆدێرنیتێ بدەینە پاڵ شاعیرێکی کوردی سەدەی نۆزدەهەم.

شاعیرانی دوای ئەو و پێش ئەو هەندەی ئەو ئازاد نەبوونە، لە لای نالی و مەحوی لە بنەڕەتدا چەمکی ئازادی بەم مانایە یشکالییەت نەبووە، هەروەها لە لای شاعیرانی سەرەتای سەدەی بیستەم و دواتریش هەندەی ئازادی مەتڵەب و داخوازی بووە، هەندە وەکو پراتیک و مومارەسە نەچۆتە نێو جەستە و زیهنی شاعیرەوە.

ئەم ئازادییە بە بێ بوونی زمانێکی رەها، ئازاد مومکین نییە. ” هەر چەند بە مەسەل خەنجەری ئەڵماسە زبانم” دەکاتە دروشمی خۆی. زۆر هۆشیارانە باسی لە زمان کردووە، ئەم زمان رەهاییە، تەنها پەیوەندی بە داشۆڕێ و جوێن و هەجووەوە نەبووە، بەڵکو ئازادە لە هەڵبژاردنی دەستەواژە و تێرم کە لە ژیانی رۆژانە هەڵیبژاردووە. شێخ رەزای تالەبانی زۆر بە وردی “تیغی دەبان و تیغی زبان”ی بەراورد کردووە. زۆر بە وریاییەوە زانیوێتی “زبان” چ کاریگەرییەکی لە ژیاندا هەیە. ئەم هەڵبژاردنەش نوێیە.

لە لایەکی دیکەشەوە، شێخ رەزا خاوەن موفرەدەی پانوبەرینە، پالێتی زمانی سەر بە هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵە. لە لایەک ئازادانە ئێدیۆمی وەکو “گورگە خەو”، ” ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە” دەخاتە نێو دەقە شیعرەکانییەوە، لە لایەکی دی سەرجەم “موفرەدە ناوەکییەکان” بەکار دەهێنێت، ئینسان بە تەواوی رووت دەکاتەوە. لە شوێنێک ئاماژەمان بۆ “حەمام” کرد کە دەکرێ لە دوو رووەوە سەیری ئەم دەستەواژەیە بکەین. ئاماژەیەکە بۆ خۆشگوزەرانی و حەوانەوە و بەخشینی کاتێکی پێویست بە جەستە، لە هەمان کاتیشدا ئاماژەیەکی بۆ ئینسان بە رووت و قووتی. ئەم رووتی و قووتییە وشە و زمانیش دەگرێتەوە.

هەروەها شێخ رەزا دەستەواژە و موفرەدەی میللیش بەکاردەهێنێ. وەکو ” کەشکەک سەلەوات”، “حیزە، لە سەرما گونم تەزی.”، “حاڵی حەلوەلا.” کە تا رۆژی ئیمڕۆمان لە نێوەندە میللییەکاندا بەکاردێت.

هەروەها بە تەوزەوە سەیری کەلەپووری شیعری زیهنی پێشخۆی کردووە. هەموو دەزانین لە لای شاعیرانی کلاسیکی موفرەدەی “سەبا” چ بارستاییەکی شیعری و چ بەکارهێنانێکی بە خۆییەوە بینیوە. شێخ رەزا باسی هیچ لەو شاعیرانە ناکات، بەڵام بە ژێر پێنووسەکەی دەخوێنینەوە :

 

” لە تەرەف کێرەوە بەریدی سەبا

بۆ مودیری قزڵجە نامە دەبا”

 

ئەم خۆی لە خۆیدا رەخنەیەکی شیعرییە، رەخنەیەکی هاوچەرخە و رەنگە بە بزەشەوە ئەمەی نووسیبێت و ویستبێتی شاعیرانی زیهن و کلاسیکی پێش خۆی بداتە بەر پەڕەمووچی رەخنەوە.

سەرنجی خوێنەر بۆ ئەم دوو دێڕەی نالی و شێخ رەزا رادەکێشم، من لەو بڕوایەم کە شێخ بە تەوزەوە، رەنگە بە شێوەیەکی ساتیرئاسا، بەڵام پەنهان گاڵتەی بە نالی کردبێت :

 

نالی دەڵێ :

شیعری خەڵکی کەی دەگاتە شیعری من بۆ نازکی!

کەی لە دیققەتدا پەتک دەعوا لە گەڵ هەودا دەکات؟

 

شێخ رەزا دەڵێ :

داخلی فەرجە لە سەر قنگ کێر بە گون دەعوا ئەکا

نانی کونەماسی ئەوخوا و باسی جڕتاوا دەکات

 

 

ئەنجام

 

شێخ رەزا شاعیری شارە، زۆر بە وردی سەرنج دەدات، زمانێک هەڵدەبژێرێ بۆ ئەوەی جیهان شەقکات، بیکاتە دوو لەتەوە. هۆشیارییەکی لە رادەبەردەری بەرامبەر بەم هەڵبژاردنە هەیە و لە چەندین شوێن دووپاتی دەکاتەوە. پشت لە شیعر زیهنی دەکات و بە توانجەوە سەیری غەزەلییاتی حوجرە دەکات. دەگەڕێتەوە لای سروشتی ئینسان، لە رواڵەتەوە ئاودیوی خوو و رەفتار و تەبعیان دەبێت، بە شێوەیەکی ساتیر دەیانداتە بەرزمان.

 

شاعیر بوهەیمی زەمانی خۆیەتی، گەڕۆکێکە و بە هەوەس سەفەر دەکات، فەزای جوگرافی نێوان بەغدا و بابی عالییە، لەو نێوەندە رۆ دەچێتە نێو وردەواڵاتەکانی ژیانەوە. شێخ رەزا یەکەم شاعیری ماددیە، خەیاڵێکی خەلاقی هەیە لە دروستکردن بیچم و شیکلی کاریکاتێرانە، مەبەستی پێکەنین نییە، بەڵکو سەرنجمان رادەکێشێ. بۆیە زمان رووت دەکاتەوە بۆ ئەوەی لەشی رووتی ئینسانەکان بنووسێتەوە.

ئەم شارستانە شیعرەکانی بە بێ تەکلیف دەگەنە لای ئێمە، لەهجەی میللی و دەستەواژەی بازاریی بەکاردەهێنێت. دەچێتە رووی شتەکان و بە گژ مەخلوقەکاندا دەچێت. یەکەم سائیحی کوردە، هەر بۆ زەوق سەفەر دەکات. شاعیری هەموو شوێنەکانە و شوێنێکی نییە. ئەو بە دوای پلە و پایەدا ناگەڕێ، لە ئەریستۆکراتەکان هەڵدەگڕێتەوە و خۆی بە “خواجە ئەحرار” ناو دەنێت. 

شێخ رەزا یەکەم شاعیری مۆدێرنیتێی کوردە. وەکو تاکێکی ئازاد هەڵسوکەوت دەکات. ئەم تاکە ئازادە زمانی وەکو “خەنجەری ئەڵماسە”. لێرەوە سێ دەستەخوشکی شاعیرانە دروست دەبن : تاک و ئازادی و زمانێکی نوێ.

ئەگەر ئاوڕێکیشی لە بابانەکان دابێتەوە، بەڵام نیشتمان و زیدی شێخ رەزا زمانە، هەر ئەو زمانەیە کە هایدگەر سەد ساڵی دیکە ناوی دەنێت ” مەنزڵ”.

 

ئەحمەدی مەلا

 

سەرچاوەکان :

– دیوانی شێخ رەزا.

– شێخ رەزای تالەبانی، د. موکەڕەم تالەبانی، ئاراس، هەولێر، ٢٠٠١.

– دیوانی نالی، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، کۆڕی زانیاری کورد، بەغدا.

– رحلة ابن بطوطة، دار الکتاب اللبناني.

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.