Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
مەکتەب …   نەوزاد بەندى

مەکتەب … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

-1-

مەکتەب کرایەوە ..

کۆمەڵێ کارگوزارى پیر ، 

بە فڵچە و ماسیحەى کۆن ،

بەردەرگاى مەکتەبەکانیان شێواند ..

 

-2-

هەموو دنیا لۆمەم  بکەن ،

جانتاى چاوە پشیلە ئەکەمەوە پشتم و

ئەچمەوە بۆ مەکتەب ..

 

-3-

مەتارەیەکى پڕ لە سەهۆڵاو ،

ئەکەمەوە  ملم

 

-4-

فورسەى دەرسى دووەم

تەمەر هند ئەکڕم

فورسەى دەرسى چوارەم : قاورمە ئەکڕم ،

پێى ئەڵێم ، پڕ پڕى بکا لە کەوەر ..

 

-5-

پیتى دال ،

ڕووى لە گۆیژەیە ..

 ژمارە دوو ،

ڕووى لە هەزار مێرد.. 

ئەمە ئەگەر خۆم ڕووم لە قڕگە بێ ..

(لێم تێک ناچێ )

 

-6-

پیتى نون  ،

مەنجەڵەکە یەک کفتەى تیایە ..

پیتى با ، مەنجەڵەکە کون ئەبێ و کفتەکە ئەکەوێتە خوارێ ..

پیتى تا ، دوو کفتەى تیایە ..

پیتى یا ، دوو کفتەکە ئەکەونە خوارەوە ..

پیتى پا ، کفتەکان ئەبن بە سیان ..

(لێم تێک ناچێ )

 

-7-

هەموو دنیا لۆمەم بکەن ،

بەیانى زوو ،

نینۆکەکانم ئەقرتێنم ..

قەڵەم و لاستیک و قەڵەمدادەر و ڕاستە ..

دەستەسڕِەکەم چوار قەد ئەکەم ..

جانتاى چاوە پشیلە ئەکەمە پشتم ..

جا مەتارەکە لە فرێزەرى سەلاجەکە دەردێنم..

تەنها ڕیپۆقى چاوم لا ئەبەم ،

تاقەتى دەم و چاو شوشتنم نییە .. !

ئەڕۆم بۆ مەکتەب ..

 

-8-

قەیچێکا ، با مامۆستایش بە دار لێم با ..

با گوێچکەم سوور –سوور کاتەوە ..

با تۆزى تەختەسڕ بکاتە پشت ملم ..

قەیچێکا ،

با مامۆستاى چاودێر ،

بمانکاتە ساحەکە ،

کە یەک پەنجا فلسى سێبەرى تیا نیە ،

قەیچێکا ..

با مامۆستاى وەرزش بڵێ : تراکسود بێنن ..

بە باوکم بڵێم : تراکسود –

نەهێڵێ تەواوى بکەم و بقیڕێنێ : پارەم لە کوێ بوو ..

قەیچێکا ..

با دەرسى پێنجەم ،

مەڵحەم بکەنە چاوم ..

قەیچێکا با ئاودەستخانەکان پیس بن ..

با هەرگیز بەلوعەکانى ئاویان پیا نەیەت ..

قەیچێکا ..

با پۆلەکان سارد و سڕ بن ..

با کورسیەکان خوار و خێچ بن ..

با بۆگەنى دەمى مناڵەکان کاسم کەن ..

قەیچێکا ..

با مناڵە هارەکان لێم بەن..

با دایکم بە سەرما بتەقێتەوە ،

کە دەرئەژنۆى پانتۆڵەکەم دڕاوە ..

کە جلەکان لە تۆز و خۆڵ هەڵکێشراوە ..

قەیچێکا ..

با مناڵە دەوڵەمەنەکان هەر ڕۆژەى جلێکیان لەبەردابێ و

لە هەموو فورسەکانا ،

پارە خەرج بکەن ..

قەیچێکا ..

با من هەر یەک پانتۆڵم هەبێ ..

کونێکیشى تیا بێ ..

کراسەکەم ئوتو نەکرابێ ..

کونەکەیش بە دەزوویەکى جیاواز داخرابێ ..

بنى پێڵاوەکەم قاش بوبێ ..

گۆرەویەکانم تەڕ بووبن ..

هەر یەکەیشیان ڕەنگێ بن ،

یەکێکیان جوت ئەسپ و

ئەوەى تریان کەڵەشێر بێ ..

قەیچێکا

من هەموو ڕۆژێ دە فلسەکەم ،

ئەکەم بە دوو بەشەوە :

پێنج فلس : بۆ تەمەر هندى فورسەى دووەم

پێنج فلسەکەى تر  بۆ  قاورمەى فورسەى دەرسى چوارەم،

پێى ئەڵێم :

پڕ پڕى بکا لە کەوەر ..

قەیچێکا ..

 

-9-

لە ڕێى مەکتەب ،

سەد فلسییەک بدۆزمەوە ..

دایکم پێم بڵێ : بیبە بۆ مزگەوت ،

با جاڕێکى بۆ بدەن ،

ئێستا خاوەنەکەى بۆى ئەتلێتەوە ..

منیش بڵێم : جا کوا جاڕ بۆ سەد فلس ئەدەن ؟

 

-10-

کە دوو – دوو مەکتەب جێدێڵین ،

سەمونفرۆشەکە ،

بە خۆى و پاسکیلە گەورەکەیەوە ،

سەلەیەکى پڕ لە سەمونى 

گەرم – گەرم 

نەرم – نەرم ..

لەبەردەم قوتابخانە ڕابوەستێ ..

ئاخ ! ڕۆژانەکەم خەرجکرد ..

بڕوخێ تەمەر هند ..

بڕوەخێ قاورمە .. !! وا ئیفلاسیان پێکردم ..

ناتوانم دانەیەک بکڕم ..

 

-11-

هەر لەو ڕێیە ..

بە دواى پەپولەیەکا چەند کۆڵانێ ڕائەکەم ..

هەتا لە دیوارێکى بەرزەوە ،

ئەچێتە باخچەى گەورە پیاوێ ..

 

 

 

-12-

لەم وڵاتەدا ،

هەزارەها مناڵ ڕۆڵى پیاو ئەگێڕن و

لە بەیانیەوە تا ئێوارە ، ئیش ئەکەن ..

بۆ ئەوەى جێى باوکیان بگرنەوە ،

کە لە ڕێى یۆنان خنکا ..

یان لە پێشبڕکێى براکوژیدا گلا ..

یان  شێرپەنجە لەگەڵ خۆى بردى ..

یان لە داخى زەمانە خۆى کوشت ،

یان شێت بوو ..یان لە زیندانێکى نهێنیدا ،

بە نهێنى حوکمى بیست ساڵ درا ،

بەبێ تەمیز ..

قەیچێکا ،

با یەک کەسى تەمەن چل و پێنج ساڵیش ،

ڕۆڵى مناڵ بگێڕێ و

بڕواتەوە پۆلى یەکەم ..

لقى / ب

قوتابخانەى ئەیوبى سەرەتایى کوڕان ..

قەیچێکا .. !

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.