ژن لە سیوپێنج تابلۆی شیعریدا … فەتاح حەسەن
-١-
خۆشترین سات
ئەو ساتانەن
کە، باس لە جیهانی ژن دەکەم.
-٢-
سبەینان
لەبری بتهۆڤن
گوێبیستی ژنێك دەبم.
-٣-
پەرچەمی ژن
ئاڵای
مەملەکەتی دڵمە.
-٤-
چەندین ساڵ بوو
لە خودی خۆم بزر بووبووم
ژنێك هاتو دۆزیمیەوە.
-٥-
ژنێك، پاسپۆرتەکەی دڕاندمو،
دڵی خۆی
کردە پێناسەم.
-٥-
گڵۆپی ماڵەکەم بکوژێتەوە
تابلۆی ژنێك
هەڵدەواسم.
-٦-
چاوەکانم کزبوون، ئەوە هەورە ؟
یا، چارشێوی ژنە
بەئاسمانەوە ؟
-٧-
مەیگێڕ واوە بڕۆ
ئەمشەو،
من بەبۆنی ژنێك مەستم.
-٨-
سۆمای چاوی من ژنێکە
باران پرسی پێدەکات
کەی ببارێ.
-٩-
نازی ژنێك، بۆ نەکێشم ؟!
کە ( سۆز ) ی
کردۆتە گەردانە.
-١٠-
وا هەستدەکەم
چەقی بازنەی، بوون و نەبوون
کەوا ژن بێ.
-١١-
تەپڵی شەڕ، هەرگیز
بەپەنجەی ژن،
لێنادرێ.
-١٢-
باشترین تێشوو
بۆ رێگەی دوور
خەندەی ژنە.
-١٣-
نیگای ژن،
وەك مۆسیقا
زمانێکی جیهانییە.
-١٤-
بڵێی لە ژن میهرەبانتر
لەسەر زەوی
بوونی هەبێ ؟
-١٥-
ئاسەواری ژین نەمێنێ
گەر ژن
نەبێتە پەرستگای.
-١٦-
دنیا بێ ژن
وەرزی هیچە ..
کە کۆتایی وەرزەکانە.
-١٧-
سەرنج راکێشانی ژنێك
بەهێزترە
لە هێزی کێشکردنی زەوی.
-١٨-
چیا دەبێت:
سەری نزمی بڵندبکا
تاماچ بکا، تەوێڵی بەرزی ژن.
-١٩-
هەورەتریشقە
دەنگی تووڕەبوونی ئاسمانە
کە، زوڵم لە ژنێك دەکرێ.
-٢٠-
شەوی یەڵدا،
شەوگاری بەهارە
ئەودەمەی ژن، هاودەمت بێ !
-٢١-
گوڵ و خونچەش، گەر بپشکوێ
بێ بوونی ژن
بەهار نایە.
-٢٢-
گوڵ و رێحانە، ئیرەیی بە
جوانیو بۆنخۆشی،
ژن دەبەن.
-٢٣-
تۆ بڵێی فریشتە
گرەوی جوانی
لە ژن بباتەوە ؟!
-٢٤-
لە ژن جوانتر
ئەگەر هەبێ
دەبێ ژن بێ.
-٢٥-
ئاوێنە
روخساری خۆی
لە چاوی ژنێکدا، دەبینێ.
-٢٦-
هەبێ و نەبێ
تریفەی مانگەشەو
بریسکەی چاوی ژنێکە.
-٢٧-
کانییە روونەکان
ژنان
تریفەیان بۆ دێنن.
-٢٨-
خۆر
لەگەڵ چاوی ژنا هەڵدێو
بەکوشتنی ئاوا دەبێ.
-٢٩-
گەواڵە هەور
کە ئەشکی ژنێك دەبینێ
باران، لەباریخۆیدەبا.
-٣٠-
کە بەفر، دەبێت بە تەرزە
پێش بارینی
داوای بووردن، لە ژن دەکا.
-٣١-
چاوم لێبوو
روبار ئاوی، خۆی خواردەوە
تا بوار خۆشکا، بۆ پەڕینەوەی ژنێك.
-٣٢-
روبار، دەڕژێتە ناو دەریا
دەریا، دەڕژێتە ناو زەریا
دواهەواری، زەریاش، ژنە.
-٣٣-
هەر کەشتییەك
کاپتنەکەی ژن بێ
بەئاسانی، لەنگەردەگرێ.
-٣٤-
چڵە گوڵەباخی ژن
لەسەر گڵکۆ،
لە رۆژی حەشرا، سیس دەبێ.
-٣٥-
بەهەشت، دەرگاوانی
ئەگەر هەبێ
دەبێ ژن بێ.
……………………
فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی