فریشته‌کان ئاسمان تاقی ده‌که‌نه‌وه!
فریشته‌کان کۆچیرۆکی (جلال محمود علی) یه، ده چیرۆکه، ساڵی ١٩٨٩ چاپ بووه. هونه‌رمه‌ند دارا محمد علي بۆ هه‌ر یه‌کێک له‌و ده چیرۆکه به ڕه‌ش و سپی وێنه‌یه‌کی کێشاوه. له‌سه‌ر به‌رگی کتێبه‌که ئاماژه به ناوی وێنه‌کێش نه‌دراوه. ئه‌وه‌نده هه‌یه، وه‌ها که به‌جوانی بخوێنرێته‌وه، دارا محمد علي هاتووه، ناوی خۆی له دامێنی هه‌ر که‌ڤاڵێکدا نووسیوه. هه‌ر وێنه‌یه‌کیش لاپه‌ڕه‌یه‌کی داگیرکردووه. وێنه‌کان ئه‌گه‌رچی بێ خه‌وشن، وه‌لێ تاکه وێنه‌یه‌ک چه‌ند جوان و ئاستبه‌رزیش کێشرابێ، هێشتا هه‌ر ناتوانێ ته‌واوی ڕووداوه‌یلی چیرۆکێک بگێڕێته‌وه. وێڕای ئه‌وه‌ی منداڵ متووی وێنه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگه.
دارا له‌ته‌ک ناوی خۆیدا، به‌رواریشی له‌یادنه‌چووه. که‌م جاران ڕووده‌دات وێنه‌کێش له‌پاڵ واژۆی خۆیدا به‌رواری له‌بیربچێ. به‌ڵام هیچ ده‌قێکی ئه‌م کۆچیرۆکه به‌رواری نووسینی له‌سه‌ر نییه. دارا هاتووه وێنه‌ی به‌رگه‌که‌ی به‌ره‌نگی سوور له‌سه‌ر بێجی کێشاوه، که ڕه‌نگێکی گه‌رمه‌و له دووره‌وه سه‌رنجی منداڵ و خوێنەر ڕاوده‌کات. ناونیشانی کۆچیرۆک و ناوی نووسه‌ریش هه‌ر به ڕه‌نگی سوور نووسراون.
مام زۆراب، کەسێکی نه‌کرده‌ی زۆرخۆره. دارا هاتووه ئه‌و گرته‌یه، یان ئەو خەسڵەتەی مام زۆرابی به که‌ڤاڵ کردووه، که لەوێدا زۆراب خە‌وی لێ که‌وتووه و مشک سمێڵ و ڕیشه چه‌وره‌که‌ی ده‌قرتێنێ. ئه‌م دیمه‌نه کاتێک ئاشکرا ده‌بێ، که ژنه‌که‌ی لێفه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه. دیاره دارا، ئه‌م دیمه‌نه‌ی به گرنگرتین ڕووداوی چیرۆکه‌که زانیوه. به‌ڵام ئه‌و، وێنه‌ی ژنه‌که‌ی زۆرابی نه‌کێشاوه.
له یه‌که‌م چیرۆکدا، په‌ڕه‌سێلکه‌کان به‌رگری له زید و هێلانه‌ی منداڵیی خۆیان ده‌که‌ن. ئاغایش سێ جاران هێلانه‌که‌یان تێکده‌دا، به‌ڵام ئه‌وان دیسان دروستی ده‌که‌نه‌وه. ئاغا سه‌ره‌تا پێیوایه، که ئه‌و باڵندانه، (ده‌عبان، حه‌ز له چاره‌یان ناکه‌م، جڕوجانه‌وه‌رن…تاد) وه‌لێ دواجار، کاتێک په‌ڕه‌سێلکه‌کان کۆڵناده‌ن و بنیاتی ده‌نێنه‌وه، ئاغایش ددانی پێدا ده‌نێ: (به‌ڕاستی ڕاسته نیشتمان خۆشه‌ویسته، تۆ بزانه چیم پێ نه‌کردن، که‌چی کۆڵ‌یان نه‌دا. ده باشه به‌ڕاست خۆ ده‌نگیشیان خۆشه.)
وێڕای خۆشه‌وستی بۆ زێد، نووسه‌ر ده‌یه‌وێ به منداڵان بڵێ، کۆڵنه‌دان و سووربوون له‌سه‌ر هه‌ر کارێک، سه‌رکه‌وتن ده‌سته‌به‌ر ده‌کات. کاره‌که‌ر‌ه‌که‌ی ئاغا، که خۆی ژنێکی چه‌وساوه‌یه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ په‌ره‌سێلکه‌کاندا هاوسۆزه، به‌ڵام ئاغاژن نقه‌ی له خۆی بڕیوه. چیرۆکێکی بێ که‌لێن و ناونیشانێک، که سه‌رنجی منداڵ بۆ لای خۆی ڕاده‌کێشێ، بێ ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆکی ده‌قه‌که ئاشکرا بکات. ده‌قێک به زمانێکی ئاسان، به ڕسته‌ی کورت و دروست نووسراوه. منداڵ چه‌ندێک له نامه‌ی ئه‌م ده‌قه‌وه فێر ده‌بێ، ئه‌وه‌نده‌یش سامانی زمانی ئه‌وی پێ هه‌ڵده‌کشێ.
نووسه‌ر به سه‌رکۆنه‌کردن ده‌ست به‌گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی مام زۆراب ده‌کات: (پیاوێک بوو ناوی مام زۆراب بوو، تابڵێی ته‌مه‌ڵ بوو، زۆرخۆر و چه‌په‌ڵ بوو، ساڵ دوانزه‌ی مانگ هه‌ر شوێنێک بگه‌یشتایه، ته‌وه‌زه‌لانه لێی پاڵ ده‌که‌وت…ل/١٣) وێرای ئه‌و وشه ناجۆرانه، خوێنه‌ر له دوو دێڕی یه‌که‌مه‌وه، مام زۆراب ده‌ناسێ، که ده‌بوو له ڕێی کرداره‌کانییه‌وه مام زۆراب بناسێ و ، به په‌رۆشه‌وه شوین ڕووداوه‌کان بکه‌وێ.
پێموایه ده‌کرا ئه‌م چیرۆکه له‌وێوه ده‌ستی پێ بکردایه، که خاوه‌ری ژنی پێی ده‌ڵێ: (پیاوه‌که ده ڕاسته‌وه‌به که‌مێک خۆت بڕه‌نجێنه، کارێک بکه، به‌س وه‌ک زه‌ڕنه‌قووته ده‌م بکه‌ره‌وه…ل/١٣)
ئه‌م چیرۆکه پێمان ده‌ڵێ، ئامۆژگاری که‌ڵکی نییه. له‌م ڕووه‌وه نووسه‌ر ئامانجی پێکاوه. ئه‌وه‌تا زۆراب هیچ کارێک به قسه‌ی خاوه‌ری ژنی ناکات، که نزیکترین و دڵسۆزترین که‌سی خۆیه‌تی. (وه‌ک قسه‌کان بابێت و به‌لای گوێیدا بڕوات، هه‌ر خۆیشی نه‌ده‌کرد به خاوه‌نی.) وه‌لێ به‌سه‌رهاتێک، که له سۆنگه‌ی ئاکاره‌کانی خۆیه‌وه به‌سه‌ریدا دێ، ژیانی ئه‌م پیاوه نه‌کرده، چه‌په‌ڵه زۆرخۆره، (وه‌ک له ده‌قه‌که‌دا هاتووه) له‌ڕه‌گه‌وه ده‌گۆڕێ. واته ئه‌زموون و به‌سه‌رهات ژیانی مرۆڤ ده‌گۆڕن نه‌ک ئامۆژگاری.
به‌یانییه‌ک کاتێک خاوه‌ر لێفه له‌سه‌ر زۆرابی مێردی لاده‌بات، قاقا پێده‌که‌نێ. خاوه‌ر له‌ته ئاوێنه‌یه‌ک ده‌داته ده‌ستی. زۆرابیش وه‌ختایێ ڕووی خۆی له ئاوێنه‌دا ده‌بینێ، تێده‌گا، که مشک لایه‌کی ڕیش و سمێڵی بۆ قرتاندووه. لێره‌دا دیمه‌نێکی پێکه‌نیناوی چێده‌بێ، که منداڵیش وه‌ک گه‌وره، بگره زیاتریش که‌یفی پێ دێ. مام زۆراب به‌و حاڵه‌وه له‌ڕووی نایه‌ت ماوه‌ی مانگێک له‌ماڵ ده‌ربچێ. له‌و ماوه‌یه‌دا به‌خۆیدا ده‌چێته‌وه‌و بیر ده‌کاته‌وه، تا ده‌گاته ئه‌م بڕیاره گرنگه: (بڕیار بێت ئیتر پیاوانه بژیم!) لێره به‌دواوه مام زۆراب ده‌بێ به شوانی ئاوایی. هه‌م چالاک ده‌بێت، هه‌میش به ڕه‌نجی شانی خۆی ده‌ژی و نانی بێ منه‌ت ده‌خوات.
هه‌رچی چیرۆکی جۆگه‌له بچکۆله‌که‌یه، ئاوازێکه بۆ یه‌کگرتنی هێزه‌یل، بۆ یه‌کگرتنی نه‌ته‌وه و گه‌لان، بۆئه‌وه‌ی جۆگه‌له بگات به ده‌ریا. حیکایه‌تبێژ یه‌کسه‌ر ده‌چێته سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی ڕووداو. (له درزی تاشه‌به‌رده گه‌وره‌که‌وه ئاوێکی ڕوون و ساف هاته ده‌رێ. چاوێکی به‌ملاو به‌ولای خۆیدا گێڕا‌و جۆگه‌له‌ی به‌ست…ل/١٨) جۆگه‌له‌و زه‌ردیوه‌لی، که مه‌لێکی ڕه‌نگینی گچکه‌ی ژینگه‌ی کوردستانه، کاره‌کته‌ری ئه‌م چیرۆکه‌ن. جۆگه‌له‌که بێهێزه. زۆر شت ڕێی پێ ده‌گرێ. بۆیه به‌م دۆخه‌یش سه‌غڵه‌ته. زه‌ردیوه‌لییه‌ک وتی: (ئاسانه، له ڕێگه‌تدا له‌گه‌ڵ جۆگه‌له‌کانی تر تێکه‌ڵ به، ده‌بن به‌چه‌م، ئه‌وسا به‌هێز ده‌بن.) له‌ڕێ چاوی به جۆگه‌له‌یه‌کی بێهێزی وه‌ک خۆی که‌وت و تێکه‌ڵ بوون. زه‌ردیوه‌لی ده‌ڵێ: (تا تێکه‌ڵ به چه‌می تر نه‌بن و نه‌بن به ڕوبار ئاواته‌کانتان نایه‌ته دی.)
هه‌رچی چیرۆکی که‌روێشکه هه‌ڵفریواوه‌که‌یشه، پێمان ده‌ڵێ، گورگ و که‌روێشک نابن به دۆست و دراوسێ. دایکه که‌روێشک به‌گوێی بێچووه زیته‌ڵه‌که‌ی خۆی ناکا و ته‌فره‌ی گورگ ده‌خوات. بۆیه ده‌گوێزێته‌وه پاڵ کونی گورگه‌که. ئه‌ویش، وه‌ختایێ بێچووه‌کان تاک ده‌بنه‌وه، یه‌که یه‌که ده‌یانخوات، تا ده‌گاته سه‌ر بێچووه زیته‌ڵه‌که، که له قافدا گورگ ده‌گرێ و هه‌واڵه‌که به دایکی خۆی ده‌گه‌یه‌نێ. دایکیشی به‌خۆیدا دێته‌وه و به‌دزییه‌وه بۆ کونه‌که‌ی خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
ئه‌وه‌ی که له‌م چیرۆکه‌دا جێی سه‌رنج بێ ئه‌وه‌یه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، بێچووه زیته‌ڵه‌که ده‌رک به نه‌خشه‌ی مام گورگ ده‌کات. ئه‌و به بریسکه‌ی چاو و به لیکی ڕژاوی لمۆزیدا تێده‌گات، که گورگ نیازی خراپه. ڕوونتر بڵێین، ئه‌و به زمانی جه‌سته‌دا له نیازی گورگ حاڵی ده‌بێ. که‌م جاران ڕێکده‌که‌وێ چیرۆک‌نووسی کورد زمانی جه‌سته بخاته کار. مرۆڤ ده‌توانێ به زمان درۆ بکات، به‌ڵام زمانی جه‌سته ناتوانێ نیازی دڵی خاوه‌نه‌که‌ی بشارێته‌وه، به‌ڵکو ئاشکرای ده‌کات.
له سه‌رێکی تره‌وه وه‌رگر، یان خوێنه‌ری چیرۆکی کوردی، لێ ڕاهاتووه و خده‌ی به‌وه‌وه گرتووه، که دایک بێچووه‌کانی خۆی له وه‌زه‌نی گورگ، یان هه‌ر دڕنده‌یه‌کی دیکه ئاگادار ده‌کات، وه‌لێ بێچووه‌کان به نه‌فامیی خۆیان تێده‌که‌ون. که‌چی ئه‌م چیرۆکه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستووره باوه ناڕوات.
زۆر جاران له سه‌متی چیرۆکی منداڵدا سیفه‌تی (مام) ده‌درێته پاڵ ڕێوی و گورگ و ورچ. پێموایه ئه‌مه بۆ حیکایه‌ته میللییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه. ڕه‌نگیشه سیفه‌تی مام نیشانه‌ی پڕئه‌زموونی ئه‌م گیاندارانه بگه‌یه‌نێ. ئه‌گه‌رچی له‌کن ئێمه بووه به باو، گورگ و ڕێوی له چیرۆکی فۆلکلۆر و نوێشدا، فێڵ و غه‌در له گیاندارانی تر ده‌که‌ن.
له سێیه‌م چیرۆکدا، (ئاسمان تاقی ده‌که‌نه‌وه) یه‌کسه‌ر ده‌چێته سه‌ر گێڕانه‌وه. هه‌ڵۆ له‌گه‌ل کۆمه‌ڵێک منداڵی وه‌ک خۆیدا به‌سواری ئه‌سپی قامیشه‌وه له‌دێ ده‌ته‌قنه‌وه، به‌و نیازه‌ی گوایه (چه‌ند خۆش ده‌بوو ده‌ستمان له ئاسمان بدایه، له‌و شوێنه‌دا که به شاخه‌که‌وه نووساوه.) به‌ڵام ئه‌وان ناگه‌نه مه‌به‌ست و ناشتوانن شه‌وه‌کی بۆ ئاوایی بگه‌ڕێنه‌وه. ئه‌م چیرۆکه گیانی که‌شفکردن و موغامه‌ره، ئاشنابوون به زه‌وی و ئاسمان، له‌گه‌ڵ گیانی پڕکێشی و گه‌ڕان، پشکنین و فێربوون له‌لای منداڵ ده‌جووڵێنێ.
شه‌و منداڵان ده‌چنه سه‌ر داربه‌ڕوویه‌ک تاکو له وه‌زه‌نی دڕنده به‌دوور بن. دواجار له‌و ده‌مه‌دا، که ورچ له پارێزدایه و به‌نیازه زیانیان پێ به‌گه‌یه‌نێ، خه‌ڵکی ئاوایی به‌ده‌م کێوماڵه‌وه ده‌یاندۆزنه‌وه. هه‌ڵۆ، که ئێستا گه‌وره بووه، به پێکه‌نینه‌وه ئه‌م به‌سه‌رهاته ده‌گێڕێته‌وه. پێموایه نه‌ده‌بوو له کۆتاییدا، نووسه‌ر ئه‌م چیرۆکه جوانه‌ی خۆی به‌م ڕستانه خه‌وشدار بکات: (دوایی منداڵه‌کان په‌شیمان بوونه‌وه و تۆبه‌یان کرد، که ئیتر به‌بێ پرسی دایک و باوکیان هیچ نه‌که‌ن و بۆ هیج شوێنێک نه‌چن.) چونکه نووسه‌ر به‌م وشانه، گیانی که‌شف کردن و پڕکێشیی نێو ده‌قه‌که ده‌کوژێ.
جێی ئاماژه پێدانه، ئه‌گه‌رچی جلال محمود علي، خۆی ده‌ستپێشخه‌ریی کردووه و ئیدیۆمی زمانی کوردیی کۆکردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌رکی به‌و ڕاستییه‌ش کردووه، که زارۆ به ئاسانی له واتای هێندێک ئیدیۆم حاڵی نابێ. بۆیه له‌سه‌متی ئه‌م چیرۆکانه‌دا خۆی له به‌کارهێنانی ئیدیۆمی گران به‌دوور گرتووه.
ئه‌م چیرۆکه ڕۆژگارێکمان بێرده‌خاته‌وه، که منداڵ وه‌ک ئێستا خاوه‌نی چه‌ندان جۆر یاری نه‌بوو. ئه‌و ده‌مه منداڵی نێرینه قامیشێکی ده‌خسته نێولنگی، به‌و حیسابه‌ی گوایه ئه‌و سواری ئه‌سپ بووه. خۆی غاری ده‌داو ئاره‌قه‌ی ده‌ڕشت، که‌چی ده‌یگوت ئه‌سپه‌که‌م غارده‌دا!
چیرۆکی شا دارگوێزه‌که‌یش، به‌رگه‌گرتن و خۆڕاگرتن له ڕۆژی ته‌نگانه‌و کاره‌ساتدا، به زمان و شێوازێکی ئاسان، وه‌ها بۆ منداڵ شیاو بێ به‌رجه‌سته ده‌کات. هه‌رچی چیرۆکی که‌رو گاکێوییه، له‌ڕێی گێڕانه‌وه‌یه‌کی به تاموچێژه‌وه، کاره‌کته‌ره‌کانی گورگ، گاکیوی، که‌ر و ڕێوی، دوور له زمانی په‌ندو ئامۆژگاری، چیرۆکێک به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، منداڵ فێرده‌کات هاوڕێی وریا‌و زیره‌ک هه‌ڵبژێرێ. چونکه هاوڕێی خراپ له‌وانه‌یه تووشی کاره‌ساتی بکات. هه‌روه‌ها پێیان ده‌ڵێ، زۆر تاک هه‌ن وه‌ک که‌ری نێو ئه‌م چیرۆکه وان. کاتێک قه‌ڵه‌و ده‌بن و ده‌که‌ونه نێو ژیانێکی خۆشه‌وه، ئاوه‌ز له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
چیرۆکی گوێزستان، دوور له دروشمبازی و ڕاسته‌وخۆیی ده‌ست له‌سه‌ر لایه‌نی په‌روه‌رده و هه‌ستی نیشمانی و به‌رگری داده‌گرێ. کاکۆڵ زێڕین و ددان مرواری، دوو کاره‌کته‌ری ئه‌م چیرۆکه‌ن، که شێوه‌ی حیکایه‌تی میللیی به‌خۆیه‌وه گرتووه. وه‌ختایێ کاکۆڵ زێڕین ده‌داته باریکی و بنێسی، پزیشکێکی پیری کوێستانی، داوا ده‌کات خواردنی سروشتیی بده‌نێ. میرزاده‌ی نه‌خۆش وه‌ختایێ شیری مانگای زه‌رد و گوێزی کوێستان و هه‌نگوینی سپیی هه‌نگی کوێستان ده‌خوات، ئیفاقه‌ی بۆ دێت و میریش نوژداری پیر خه‌ڵات ده‌کات. وه‌لێ نوژدار داوا ده‌کات (میر فه‌رمان بدات زیاتر به‌ته‌نگ دار‌و دره‌خته‌وه بن.) میریش بڕیار ده‌دات هه‌موو کوێستان بکه‌ن به دارگوێز. ئه‌م چیرۆکه به‌ته‌نگ سه‌وزکردنی ژینگه‌وه‌یه، له زه‌مانێکدا که ژینگه‌ی وڵات له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه کاول ده‌کرا. به‌م شێوه‌یه، به‌لای پیری حه‌کیمه‌وه، سه‌وزکردنی ژینگه به دره‌ختی گوێز، که به‌رداره، باشترین خه‌ڵاته.
ده‌شێ بڵێم له‌م زه‌مانه‌شدا سه‌وزکردنی وڵات بیرۆکه‌یه‌کی شارستانی و نوێیه، که نووسه‌ر کاتی خۆی له‌م چیرۆکه‌دا به‌گه‌ڕی خستووه. بیرۆکه‌ی وه‌ها که‌متر له چیرۆکی منداڵدا به‌رچاوده‌که‌وێ. به‌و شێوه‌یه کویستان، که هه‌ر ده‌کاته‌وه کوردستان، ده‌بێ به وڵاتی گوێزستان. چیرۆکێک به میر و میرژن و میرزاده‌و ناوه‌کانیانه‌وه، به‌دارگویز و پیری خه‌مخۆری ئه‌م عه‌ردو بوومه‌وه، بۆنوبه‌رامه‌ی کۆمه‌ڵی کورده‌وارییان لێ دێ.
هه‌رچی چیرۆکی باخه‌وانیشه، مام وه‌یسه، دوای ئه‌زموونێکی تاڵ، ئه‌وجا له سیروانی منداڵه‌وه فیری ئه‌وه ده‌بێ به‌ده‌ست و دڵ بێت و قه‌ڵه‌می گوڵه‌کانی به خه‌ڵکی ئاوایی بدات. به‌و شێوه‌یه گونده‌که‌یان ده‌بێ به گوڵستان. جارێکی تر مینا چیرۆکی که‌روێشکه هه‌ڵفریواوه‌که، گه‌وره له گچکه‌وه فێر ده‌بێ. منداڵ خاوه‌نی ئاوه‌زه. بیرده‌کاته‌وه و ده‌رک به زۆر شت ده‌کات، له کاتێدا هه‌ندێک جاران له‌لای ئێمه، له ده‌قی چیرۆکدا منداڵ وه‌ک نه‌فام و بێ ئاوه‌ز وێناکراوه. به‌ڵام جلال محمود علي، که خۆی شاره‌زاو په‌روه‌رده‌کاره، له‌م بواره‌دا خاوه‌نی ده‌یان ساڵ ئه‌زموونه، ده‌رکی به‌م ڕاستییه کردووه.
له حیکایه‌تی میللی و شێوه میللییه‌وه، منداڵ فێری ئه‌وه ده‌بێ، که ئه‌و ڕه‌گی به‌نێو قووڵایی میژوودا ڕۆچووه و خاوه‌نی پاشخانێکی ده‌وڵه‌مه‌نده، له ئه‌ده‌بی زاره‌کی. بۆیه منداڵ شانازی به گه‌ل و به باوانی خۆیه‌وه ده‌کات. هێندێک له‌م چیرۆکانه‌یش ده‌چنه‌وه سه‌ر حیکایه‌تی میللی.
له چیرۆکی خاوه‌رو کاوه‌وه، منداڵ فێری ئه‌وه ده‌بێ، که مرۆڤدۆستی و چاکه‌خوازی به هه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی نییه. یه‌ک له‌باری منداڵ، بۆی هه‌یه داراو نه‌دار ببن به هاوڕێ. ئه‌م چیرۆکه، کڵ نانه‌وه دێنێته‌وه یادی منداڵانی ئه‌مڕۆ، که هه‌م هونه‌ر بوو هه‌میش پیشه‌سازییه‌کی سه‌ره‌تایی. حاڵی حازر نه‌ک هه‌ر منداڵان به‌ڵکو گه‌وره‌کانیش ناچنه‌وه سه‌ری و لێی بێ ئاگان.
خاوه‌ر داوا له دایکی خۆی ده‌کات، یارمه‌تیی بدات، تاکو پێکه‌وه له‌گه‌ڵ کاوه‌دا کڵ بنێنه‌وه. کاوه‌و خاوه‌رو دایکی کاوه، به هاوکاریی گۆزه‌گه‌رێک فێری پیشه‌سازی، یان فێری هونه‌ره‌که ده‌بن. لێره‌وه ژیانی ماڵی کاوه خۆش ده‌بێ. ئه‌م چیرۆکه هونه‌رو جۆره پیشه‌سازییه‌کی میللی دێنێته‌وه یاد، که له سوود و چیژوه‌رگرتن خاڵی نییه. هه‌روه‌ک هاریکاریی نێوان چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵی به گرنگ گرتووه. کارێکی ئاسانیشه ئه‌گه‌ر خۆیان به‌ته‌نگه‌وه بن و مه‌یلیان لێ بێ.
ئه‌م کل نانه‌وه‌یه، نهۆ گه‌شه‌ی کردووه و بووه به هونه‌ری سیرامیک. ئه‌مڕۆ له‌بریی ته‌پاڵه، بۆ سوورکردنه‌وه‌ی ده‌فره‌کان فرنی کاره‌بایی به‌کارده‌هێنرێ. وه‌لێ کڵ نانه‌وه ده‌فری جۆراوجۆری سه‌ره‌تایی وه‌ک، گۆزه، دیزه و سوێنه‌ی سوورده‌کرده‌وه، که ئه‌و ده‌مه بۆ ژیانی رۆژانه پێویست بوون. ئه‌و ده‌فرانه تێکه‌ڵ به نه‌خشی میللی ده‌بوون. هه‌رچی سیرامیکی ئێستایشه، زیاتر گرنگی به به‌های جوانی ده‌دا و بۆ ڕازاندنه‌وه به‌کاردێ. پاژێکیشه له هونه‌ری شێوه‌کاری.
دوا سه‌رنج ئه‌وه‌یه، ئه‌م کۆچیرۆکه ئه‌گه‌رچی ناوی (فریشته‌کان)ه، به‌ڵام هیچ کام له ده‌قه‌کان ئه‌م ناوه‌یان هه‌ڵنه‌گرتووه. ده‌شێ وشه‌ی فریشته، بۆ بێ گوناهی و به‌رائه‌ت نما بێت. منداڵیش بوونه‌وه‌رێکی پاک و بێوه‌یه، بۆیه ده‌شێ نووسه‌ر مه‌به‌ستی پێ توێژی منداڵان بێت. زێده‌گۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێم، ئه‌م چیرۆکانه‌ی نووسه‌ر، کۆمه‌ڵی کورده‌واری به منداڵان ده‌ناسێنێ و نیشتمانیشیان له‌لا خۆشه‌ویستتر ده‌کات.