خودی رۆشنبیر و خودی ئه‌كادیمیی
• خودی رۆشنبیر
رۆشنبیر ئه‌و كه‌سه‌یه خۆی خودی خۆی راهێناوه له‌سه‌ر بیركردنه‌وه و ئه‌م هێزه شاراوه‌یه‌ی كه عه‌قڵه و له هه‌رچی مرۆڤدا ئاماده‌گییه‌كی بۆماوه‌یی هه‌یه چالاك كردووه، چالاككردنی عه‌قڵ به تێگه‌یشتنی له خۆیه‌وه ده‌ستی پێكردووه و كاتێ ئه‌و تواناكانی خۆی پشكنیوه بۆی روونبۆته‌وه كه تاكی مرۆڤ ده‌توانێ بیر له‌وه بكاته‌وه كه ژیان پێویستی به‌وه هه‌یه ناوه ناوه جوانتر بكرێ و له بارێكه‌وه ببرێته بارێكی تر، ئه‌م جوانكارییه له ژیان هه‌م هونه‌ری هێناوه‌ته وجود و هه‌م عه‌قڵ.
جووله‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان له شێوازێكی ژیانه‌وه بۆ شێوازێكی تر هه‌مان ئه‌و ئێستاتیكییه‌ته‌یه كه له فۆڕمێكی هونه‌ریدا ده‌یبینینه‌وه. رۆشنبیره‌كان له‌سه‌ره‌تاوه ته‌نها كه‌سه بیركه‌ره‌وه‌كان بوون ، چوون هه‌ستیان به‌وه كردووه ئه‌م چالاكییه عه‌قلییه رێگه‌ی بۆ رووناك كردوونه‌ته‌وه و فێری ئه‌وه‌ی كردوون ئه‌مڕۆیان وه‌ك دوێنێیان نه‌به‌نه سه‌ر و سبه‌ینێش به شێوه‌یه‌كی دیكه بگوزه‌رێنن.
خوده رۆشنبیره‌كان ئه‌وانه‌ن هه‌ل و ده‌رفه‌تی بیركردنه‌وه‌یان بۆ خۆیان خولقاندووه و ئه‌وانه‌ی كه نه‌یانتوانیوه وه‌ك ئه‌وان بن ئه‌وا له سستی خۆیان یا له كه‌میی به‌رخورداربوونیان بووه له هێزی عه‌قڵ، كه ئه‌ویش لای خۆیه‌وه به‌ستراوه‌ی هۆكار و فاكته‌ری خۆیه‌تی.
رۆشنبیر ئه‌و خوده نییه دوای ئه‌وه‌ی له كرده‌ی بیركردنه‌وه‌دا توانی كاریگه‌ر بێ له كۆمه‌ڵگه‌دا و فۆڕمی ژیانی دیكه‌ی هه‌م بۆ خۆی هه‌م بۆ تاكه‌كانی دیكه فه‌راهه‌م كرد، ئیدی ببێ به میتامرۆڤ و به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا ببێ به كه‌ڵه‌گا. خوده رۆشنبیره‌كان ئه‌وانه‌ن كه ئه‌ركی رۆشنبیرانه‌یان رایانده‌سپێرێ تێبكۆشن هه‌مان ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه بۆ تاكه‌كانی دیكه‌ش بخولقێنن كه خۆیان به هۆیه‌وه ببن به بیركه‌ره‌وه.
له‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی رۆشنبیر یا وردتر بڵێین خودی بیركه‌ره‌وه ئه‌و حه‌قی بیركردنه‌وه‌یه ته‌نها بۆ خۆی قۆرخ ده‌كا و بوار بۆ ئه‌م ئاماده‌گییه ئیلاهییه ناڕه‌خسێنێ، ئه‌وا هه‌مان ئه‌و كۆمپرادۆر و ده‌ره‌به‌گ و سه‌رمایه‌داره‌یه كه هه‌رچی سامان هه‌یه به هی خۆی ده‌زانێ و نایه‌ڵێ كه‌سی تر لێی سوودمه‌ند بێ.
به مانا هه‌مان ئه‌و وێنه سه‌ره‌تایی و ئارچیتایپ(وێنه سه‌ره‌تایی)ه یۆنگیه‌یه كه له سه‌ره‌تای مێژووه‌وه چووه‌ته ناخی یه‌ك به یه‌كمان و هه‌میشه ئاگا یا نائاگا لێمان وه‌دیار ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌و ئارچیتایپه یۆنگیه رێك باوكه‌كه‌ی فڕۆیده كه له هۆزی یه‌كه‌می مرۆڤایه‌تیدا یه‌كه‌م پیاو بووه و هه‌رچی حه‌ز و شه‌هوه‌ت و سامان هه‌بووه به ره‌وای خۆی زانیوه و نه‌یهێشتوه كه‌س لێی بخوات خۆی نه‌بێ.
كه‌واته رۆشنبیر ده‌بێ له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێ ئه‌م ئارچیتایپه سه‌ره‌تاییه له نه‌ست و زه‌ینی خۆیدا بكوژێ و ببێ به‌و كه‌سه‌ی ئۆرگانیكیانه ئیشی ببێته درووستكه‌ر و بیناكاری خوده بیركه‌ره‌وه‌كان.
به درێژایی مێژوو رۆشنبیران یا بیركه‌ره‌وه‌كان چون له ده‌سه‌ڵاتی مه‌عریفه به‌رخوردار بوون، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌وه سه‌ركوتكراون یا له رووی فیزیكییه‌وه نه‌ماون. ئا لێره‌وه رۆشنبیر سه‌ره‌ڕای مه‌له‌كه تیژه‌كه‌ی بیركردنه‌وه‌ی بوێرییه‌كی ئه‌وتۆی هه‌بووه ئه‌و ئه‌ركه ئه‌خلاقییه‌ی خۆی وه‌رگێڕێته سه‌ر زه‌مینی واقیع و له‌وه‌شیاندا هه‌م بووه به كه‌سێكی سه‌نتراڵ و خه‌ڵكی ده‌وره‌یانداوه، هه‌م بووه‌ته ئامانجی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی بواره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی له‌به‌رده‌مدا دابخرێ .
ئه‌م سه‌نتڕاڵبوونه هه‌موو بیركه‌ره‌وه‌یه‌ك نه‌یتوانیوه له به‌رانبه‌ر چێژ و مه‌له‌ززاته‌كانیدا خۆی هاوسه‌نگ راگرێ، هه‌ر بۆیه زۆر جار بیركه‌ره‌وه چالاكه‌كان دوای ئه‌وه‌ی خۆیان دیوه‌ته‌وه كه هه‌م ده‌سه‌ڵاتی بیركردنه‌وه و مه‌عریفه‌یان هه‌یه و هه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانی تر ئه‌وا خۆیان لێبۆته كه‌سێكی تر و به فوودراویی خۆیان هاتۆته به‌رچاو و له راستیشدا ئه‌م فوودراویه كه‌سانی یا خوده مێگه‌ل و گاڕان ئاساكان بوون پێی هه‌ستاون و ناچار كه‌سه‌كه باڵا بووه به سه‌ریاندا و بووه به خواوه‌ندێك یا راسپارده‌یه‌كی خوداوه‌ند و ئا لێره‌وه‌یه كه‌سه یا خوده چالاكه‌كان له مێژوودا تووشی گرێی ئولوهییه‌ت ده‌بن و كه‌سانی خواره‌وه‌یان لێ ده‌بێ به ژماره و ته‌نها ژماره‌ی رووت.
بژارده‌ی رۆشنبیران بزوێنه‌ری كۆمه‌ڵگه بوون، هه‌م له رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه و هه‌م له رووی سیاسیشه‌وه ئه‌وانه بوون له شۆڕش و كوده‌تاكاندا ده‌سه‌ڵاتیان ده‌گرته ده‌ست و بارێكی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووریان به بارێكی تر ده‌گۆڕی.
ئه‌مانه له‌سه‌ره‌تاوه به تایبه‌ت له خۆرهه‌ڵات چوون له ئه‌ركی رۆشنبیرانه‌یان كه‌مته‌رخه‌م بوون، هه‌ر زوو وه‌رگه‌ڕانه سه‌ر بیچمه ناشیرینه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات و شه‌هوه‌تی هه‌رچی زیاتر گلدانه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی فوودان تا هێواش هێواش له ئاست خۆیانه‌وه به‌ره‌و ئاسمان به‌رز بوونه‌وه. ئه‌م فوودانه خودی ئه‌وانی نه‌خۆش خست و نه‌یهێشت ببن به‌و تۆوه‌ی به ته‌واوی سه‌رزه‌مینه‌كانیاندا بڵاوبنه‌وه.
بژارده‌ی رۆشنبیران بوون به هه‌مان خاوه‌ن ئه‌و ته‌كیه و خانه‌قایانه‌ی به گاڕان خه‌ڵك رووی تێ‌یان ده‌كرد و لێیان بووبوون به‌و نوێنه‌ره‌ی خوداوه‌ند كه له ئاسمان شه‌فاعه‌ت بۆ حاڵی په‌شێویان ده‌كا و له‌ولاشه‌وه بوون به هه‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ی ده‌یان قولغه و خاڵی پشكنین له پێش ماڵ و باره‌گانیان بوو و جاری وا هه‌بووه تا مردن كه‌سی ئاسایی پێیان نه‌گه‌یشتووه.
گرێی چێژبردن له ده‌سه‌ڵات بژارده‌ی رۆشنبیرانیشی گرته‌وه و ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له بنچینه‌دا پێیانوابوو هه‌ست به‌كه‌میكردنیان له ئاست پاشا و سه‌رۆك و به‌رپرسه سیاسییه‌كان ته‌نها بۆ ده‌سه‌ڵات بوو هه‌ر بۆیه له جیاتی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ ئه‌وه بخه‌نه دوا خۆیان تا هوشیاریان بكه‌نه‌وه، فێڵیان لێده‌كردن و بۆ مه‌رامه‌كانی خۆیان لاڕێیان ده‌كردن.
ئه‌م بژارده‌یه زۆر كه‌م خودی له‌و بابه‌ته‌یان تیا بوو رووناككه‌ره‌وه‌ی خوده‌كانی تر بێت و ئه‌گه‌ر هه‌شبوون ئه‌وا هه‌م له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ، هه‌م له لایه‌ن خۆیانه‌وه یا به فیتی هه‌ردوولا بێده‌نگ و ره‌نگ ده‌كران.
له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا بژارده تا ئێستا هه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ی بینیوه كه باسمانكرد و هه‌ر ئه‌و خوده بووه كه له خۆی هاتۆته ده‌ر و بووه به‌و كه‌سه‌ی گرێی ئولوهییه‌ت شێواندوویه‌تی و هه‌ر بۆیه‌ش به‌قه‌د ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسیی له خه‌ڵك دابڕاون یا ئه‌وه‌تا گه‌یشتوونه‌ته دۆخێك زۆربه‌یان شه‌رمیان به نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیانه و، ئه‌م شه‌رمه شه‌رمێك نییه له خه‌می نه‌ته‌وه‌وه بێ بۆ ئه‌وه‌ی به خۆیدا بچێته‌وه و بگات به‌و ئاسته‌ی خوده‌كانی ئازاد و بوێر بن، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌سته ده‌یانبات به‌ره و روانین بۆ ئومێدی دیكه له ده‌ره‌وه‌ی كیانی نه‌ته‌وه‌وه.
خودی رۆشنبیری له‌م جۆره روانینێكی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه بۆ خۆی، به جۆرێكی دیكه له خۆی تێده‌گات، خۆی زۆر خۆش ده‌وێ و عه‌شقی وێنه ساخته‌كانی خۆی بووه، ئه‌م هه‌ڵاوسانه‌ی رۆشنبیران كۆمه‌ڵگه‌ی له ئاست خۆی هێشتۆته‌وه و جگه له خوێندنه‌وه و نووسین و ده‌وركردنه‌وه‌ی ته‌لقینیانه هیچیان فێری تاكه‌كان نه‌كردووه.
دۆگمای كۆمه‌ڵایه‌تی و كوولتووریی به پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌وان لێی به‌رپرسن ئینجا ده‌سه‌ڵاته جۆراوجۆره‌كانی تر. ئه‌وان بوون به‌و كه‌سه‌ی هه‌رچی له‌ده‌وری هه‌یه ده‌بێ بۆ خۆی بێ و هه‌رچی له‌و ناوه‌ش هه‌یه بۆ ئه‌و هه‌ڵسووڕێ.
ئه‌مه‌یه گرێیه ئه‌زه‌لییه‌كه‌ی چێژبردن له ده‌سه‌ڵات، ته‌نها ئه‌ورووپییه رۆژئاواییه‌كان له زه‌مه‌نی رێنیسانس و دواتر رۆشنگه‌ریی و پاشان مۆدێرنیته توانیان تا ئاستێكی باش بیكه‌نه‌وه، تا وای لێهات له ئێستادا له خۆرئاوا روناكبیریش وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی ئاسایی به‌رهه‌مهێنێكه بۆ ئه‌و شته‌ی لێیده‌زانێ و چیتر.
له هه‌ل و مه‌رجی ئێستای خۆشمان‌دا روناكبیران له‌و گرێیه‌یان تێنه‌په‌ڕاندووه و هه‌میشه هه‌ست به كه‌میكردنه‌كه‌یان هه‌ستێكی پاسیڤ بووه، هه‌ر بۆیه له هه‌وڵه‌كانیاندا له ژێر ناو و درووشمی جیاجیادا هه‌سته‌كه‌یان بووه به گرێی خۆ به زلزانی و سه‌ره‌نجام یا بوونه‌ته دارده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی یا له به‌ره‌ی دژایه‌تیكردندا ماونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سازشكارانه برابه‌شانه ئه‌وه‌ی هه‌یه بیبه‌شنه‌وه.
تا ئێستا زۆر كه‌م ئه‌و رووناكبیره پاكیزه‌یه ده‌بینی خاوه‌ن خودێكی رووناك بێت و له ئه‌ركی مرۆڤانه‌ی خۆیه‌وه رووناككردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و خووده‌كانی ده‌وروبه‌ری مه‌به‌ست بێ.
• خودی ئه‌كادیمیست
ئه‌كادیمیسته‌كانیشمان به‌و پێیه‌ی تایپێكی رووناكبیرانن و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی جیاجیان، له‌سه‌ر لكه به‌رزه‌كان نیشتوونه‌ته‌وه و فیزیكیانه سه‌یری خواره‌وه ده‌كه‌ن، هه‌ر بۆیه تاكه‌كانی دیكه‌یان بچووك لێدیاره. خوده‌كان كاتێ به‌ره‌و لووتكه ده‌چن بۆ ئه‌وه به‌و ئاسمانه‌دا ده‌فڕن تاوه‌كو مازلۆ وته‌نی كه خۆیان وه‌دیهێنا ئیدی ببن به ناو ، ببن به‌و تیشكه‌ی خه‌ڵكی دیكه له ده‌وریان سوود له رووناكییه‌كه‌یان وه‌رگرێ.
وه‌دیهێنانی خود دوای ته‌واوی پێداویستییه‌كانی دیكه دێت و كه‌سێك بگاته ئه‌و لووتكه‌یه ئه‌وا پلیكانه‌كانی ژێره‌وه‌ی بڕیوه و چیدی خه‌می سك و به‌رسك و ئه‌من و ئاسایشی خۆیی و پێداویستییه ده‌روونیه‌كانی دیكه‌ی نییه، كه‌چی خودی ئه‌كادیمی ئێمه بۆ ئه‌وه به‌و پلیكانه‌یه هه‌ڵنه‌گه‌ڕاوه تا خۆی له رووی رۆحی و ره‌وانییه‌وه وه‌دی بێنێ، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌م خودانه بۆ وه‌دیهێنانی مه‌رامی بیۆلۆژی و فسیۆلۆژی له‌سه‌ر ئه‌و هێڵ و رێگه‌یه‌ن.
خودێك مه‌رامی هه‌رچی زیاتر كۆكردنه‌وه‌ی سامان و ده‌ستخستنه نێو كولانه‌ی ئه‌وتۆ بێ تاوه‌كو به هۆیه‌وه هه‌رچی زیاتر له چێژ هه‌یه ببات ئه‌وا ئه‌و خوده‌یه كه هه‌ر له پلیكانه‌ی یه‌كه‌مه و ئه‌و كه‌سه‌یه كه هه‌ستكردن به تێربوونی لا نییه و هه‌ر له دوا پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانه، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ ئه‌وه‌یه كه له مه‌ولا ترس له‌سه‌ر ئاینده‌ی خۆی نه‌هێڵێ و ئه‌وه‌نده كۆكاته‌وه جارێكی تر برسی نه‌بێته‌وه.
مانه‌وه له‌و پلیكانه نزمانه ئه‌و جێگیریی و مانه‌وه Fixation ی فڕۆیده و باشترین ناساندن بۆ ئه‌و جۆره خوده ئه‌وه‌یه كه گرێی ئۆدیبی هه‌یه و هاوڕێ ئه‌م هه‌ست و خووه‌ی له‌گه‌ڵدا گه‌وره بووه و نه‌یتوانیوه له قۆناغی منداڵی‌دا لێی تێپه‌ڕێ.
تێنه‌په‌ڕین له ئۆدیب لای ئه‌كادیمیسته‌كان مانه‌وه‌یانه وه‌ك ئه‌و شیره‌خۆره‌ی هه‌رچی هه‌یه هه‌ر بۆ ده‌می ده‌با و ده‌ركه‌وتووترین خه‌سڵه‌ت و خووش لای ئه‌م جۆره كه‌سانه ره‌زیلی و قرچۆكییه.
ئه‌كادیمیسته‌كان زۆربه‌یان له ئه‌ركی رۆشنگه‌ریی خۆیان دابڕاون، ئه‌وان ئه‌و وه‌ستایانه‌ن ده‌بێ له زانكۆ و سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌دا ئه‌و خودانه‌مان بۆ به‌رهه‌م بهێنن كه بوێر بن، نه‌ترس بن، ئازاد بن، كراوه بن، ئه‌وانی تر په‌سه‌ند بكه‌ن، توخمی داهێنانیان تیا بێ، دیموكرات بن، باش و خراپ له یه‌كتر جیابكه‌نه‌وه.
كه‌واته خوده ئه‌كادیمیسته‌كان رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌یه له ئێستادا له هێشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كانی له‌و ئاسته نزمه‌ی بیركردنه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنی مه‌عریفی، ئه‌وان له‌و قرچۆكیه‌یانه‌وه كه خه‌سڵه‌تێكی ئۆدیبیانه‌یه نایانه‌وێ كه‌س له‌وان تێپه‌ڕێ و كه‌س له‌وان رووناكتر و رۆشنتر ببینێ، هه‌ر بۆیه هه‌وڵیان به‌رده‌وامه له خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه.
ئه‌م خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه ماشێنێكی گه‌وره‌ی له پشته كه كۆمه‌ڵگه و ئۆرگانه‌كانییه‌تی، ئۆرگانه ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌كانی كۆمه‌ڵگه له چوارچێوه‌ی پاراستنی داب و نه‌ریت و عورف و نۆڕمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كۆمه‌ڵگه هه‌میشه له قالب ده‌ده‌ن و نایانه‌وێ له‌و به‌ند و كۆته ئازاد بێ، كه‌واته خودی ئه‌كادیمیش خودێكی دیله و ئازاد نییه هه‌ر بۆیه ئه‌م نه‌بوونی ئازادی ئه‌كادیمییه هه‌میشه جه‌سته گه‌وره‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه به شه‌پڕه لێدراویی ده‌هێڵێته‌وه.
به‌و پێیه بێ خودی ئه‌كادیمیش مه‌سلوبه و هه‌م ئایدێكی فڕۆیدیانه‌ی به‌هێزی هه‌یه و هه‌م منێكی باڵای به‌هێز، به‌هێزیی ئه‌م دوانه توانای بۆ عه‌قڵ نه‌هێشتۆته‌وه تاوه‌كو له نێوانیاندا هاوسه‌نگانه خوده‌كه به‌ڕێوه‌ببات و له‌و حاڵه‌ته‌شدا هه‌میشه له ململانێیه‌كی به‌رده‌وامدایه و ئه‌وه‌ش به ره‌فتاری زۆربه‌یانه‌وه دیاره، شڵه‌ژان له وانه وتنه‌وه و نه‌بوونی باس و توێژینه‌وه‌ی هه‌نووكه‌یی و پێویست و خۆ رۆشنبیر نه‌كردن و نه‌توانینی كاركردن له‌سه‌ر دیارده و ده‌ركه‌وته كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و كولتووری و زانستییه‌كان. ئه‌مانه‌ن ئه‌و خوده‌یان تا ئه‌و ئاسته بردووه كه هه‌ر له‌خه‌می حه‌زه‌كانی خۆیدا بێ و به‌س.
ئه‌م بێهێزییه‌ی نێوه‌ندی ئه‌كادیمیمان جیددیه و كاتێك بۆچونێكی له‌و جۆره‌ش زاڵ بێت واته بووه به قه‌ناعه‌ت و له‌و حاڵه‌ته‌شدا كه زانكۆ و نێوه‌نده ئه‌كادیمیه‌كانمان وایان لێ قه‌وما ئه‌وا مانای ئه‌وه‌یه نین و شتێك نه‌ماوه‌ته‌وه پێی بوترێت ئه‌كادیمیا به واتایه مۆدێرن و هایدگه‌ریه‌كه‌ی.
نین به بوونه فیزیكیه‌كه‌ی نا به‌ڵكو بوونه رۆحی و هه‌سته‌ییه‌كه‌یی و كاتێك زانكۆ نه‌یتوانی وا له قوتابی بكات ئه‌و بۆ زانست و مه‌عریفه هاتۆته ئه‌وێ و بۆ ئه‌وه نه‌هاتووه وه‌ك خولێكی مه‌شق و راهێنان بۆ پاره په‌یداكردن و دامه‌زراندن لێیبڕوانێ، ئه‌وا تاوه‌كو ئێستاش زانكۆكانمان له مه‌دره‌سه ئاینی و حوجره‌كانی فه‌قێیانیان تێنه‌په‌ڕاندووه، چون ئه‌وان تاكه ره‌قیبێكیان كه له‌سه‌ره‌وه‌ی خۆیان ده‌بینی خوای گه‌وره بوو و هه‌ر بۆیه‌ش هه‌م له وانه‌وتنه‌وه‌كانیان مامۆستا ئاینیه‌كان جیددی بوون و هه‌م كه فه‌قێكانیش ده‌گه‌یشتنه پله‌ی موسته‌عید ئاوا به ئاسانی ئیجازه‌ی دوازده‌یان پێ نه‌ده‌به‌خشرا.
زانكۆی ئێمه ده‌روازه‌كانی خۆی له‌سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگه و دامه‌زراوه‌كانی كردۆته‌وه و هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌روازه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر زانكۆ داخستووه، دابڕانێكی ته‌واو له نێوان كۆمه‌ڵگه و زانكۆدا هه‌یه و هه‌ر بۆیه ئه‌م سه‌كۆ گرنگه له چوارچێوه‌ی پێداویستییه ژێرخانی و سه‌رخانییه‌كانی كۆمه‌ڵگه ئیش ناكا و كه‌واشی لێهات وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی نامه‌عریفی وه‌سف بكرێ باشتره چون مه‌عریفه‌ی كوردی تیا به‌رهه‌م نایه‌ت و تایپه مه‌عریفیه‌كانیش كه له‌وێ ده‌ور ده‌كرێنه‌وه له مێژه له خۆرئاوا و دنیای پێشكه‌وتوودا له مۆزه‌ی هزری دانراون.
ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه نه‌یتوانیوه وا له نێوه‌ندی ئه‌كادیمی بكات ئه‌و به‌شه‌ی خۆی له ده‌سه‌ڵات كه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌كادیمیایه باش و راست به‌كار بهێنێ و بواری نه‌ره‌خساندووه تاوه‌كو ئازادی ئه‌كادیمی له نێو زانكۆكاندا په‌ره‌یان پێبدرێ و دواتر ئه‌م سه‌كۆیه كه عه‌قڵی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ڵگرتووه و وه‌ك سه‌ر بۆ له‌شی نه‌ته‌وه حیسابه دووچاری شه‌پڕه‌ی ده‌ماغی بووه و ئه‌گه‌ر كار وا بڕوات ئه‌وا تا دێت ئاسۆكانی به‌رده‌م گه‌شه‌ی هزری و مه‌عریفیمان لێڵتر ده‌بن.