خه‌سڵه‌ته‌كانی زمانی شیعری كوردیی هاوچه‌رخ
(لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شیكاری ڕه‌خنه‌یی پراكتیكییه)
د. عادل گه‌رمیانی
پێشه‌كی
زمان باشترین كه‌ره‌سه‌ی ده‌ربڕینه به‌لای مرۆڤه‌وه به تایبه‌تی لای ڕۆشنبیر و ئه‌دیبه‌وه، شیعریش به‌حوكمی ئه‌وه‌ی زیاتر بۆ هه‌ست و سۆزی ناخه‌وه‌ی په‌یاموه‌رگره‌كه‌ی داده‌ڕێژرێت و ده‌نووسرێت، زیاتر له‌ڕێی جۆره زمانێكی هه‌ست ده‌رخه‌ری واتاداره‌وه كاریگه‌ریی خۆی به‌سه‌ر خوێنه‌رانی ڕاده‌گه‌یه‌نێت. هه‌روه‌ها زمان بۆ شیعر كرۆك و ناخه، یان جلوبه‌رگه به‌هۆیه‌وه خۆی ده‌ڕازێنێته‌وه و، سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشێت، بۆیه له فۆرمی شیعریدا زمان گرنگیی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه.
ساده‌ترین پێناسه‌ی ئه‌ده‌ب زمانه، چونكه باشترین كه‌ره‌سه‌كانی ڕازاندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی زمانه، شیعریش وه‌ك به‌شێكی زۆر گرنگی ئه‌ده‌ب ڕاسته‌وخۆ به زمانه‌وه خۆی ده‌ڕازێنێته‌وه. هه‌روه‌ها ساده‌ترین پێناسه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌ربڕینێكی جوانه له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنی زمانێكی كاریگه‌ر بۆ ڕاگه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ی به په‌یاموه‌رگری ده‌قه‌كه‌یدا. له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌قنووس وه‌ك په‌یامنێرێك هه‌وڵده‌دات كه‌ره‌سه‌ی له‌بار هه‌ڵبژێرێت بۆ ڕاگه‌یاندنی بیر و بۆچوونه‌كانی له‌نێو ده‌قه‌كه‌یدا ئه‌ویش زمانه، كه‌وا به بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كیی ئه‌ده‌ب داده‌نرێ.
پێناسه‌ی زمان له زانستی زماندا ئه‌وه‌یه : كه‌ره‌سه‌یه‌كه بۆ ده‌ربڕین و هۆیه‌كه بۆ لێكتری گه‌یشتن، هه‌روه‌ها له‌م زانسته پێناسه‌ی زمان به‌وه‌ش ده‌كرێ كه‌وا دیارده‌یه‌كی مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تییه. كه‌واته له‌م جۆره پێناسانه ئه‌رك و خه‌سڵه‌ته‌كانی زمان ڕوون كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له بواری زانستی ئه‌ده‌بدا چه‌ندین پێناسه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگ بۆ زمان كراوه و، زیاتر له بواری شیعردا جۆراوجۆریی ئه‌رك و خه‌سڵه‌ته‌كانی زمان خراونه‌ته ڕوو.
وه‌ك ده‌وترێ ” شیعر هونه‌رێكه شاعیر له ڕێگای زمانه‌وه به شێوازێكی ڕێك و ته‌كنیكی هونه‌ری مامه‌ڵه‌كردنی هونه‌ره‌وه، له پانتایی فه‌رهه‌نگی زماندا ده‌سته‌به‌ری ده‌كات “(1).
هاوكێشه‌ی نێوان شیعر و زمان كاریگه‌ریی خۆی ده‌بێت له‌و كاته‌ی هۆنیار زمانێكی باڵا هه‌ڵده‌بژێرێ بۆ نواندنی كاریگه‌ریی خۆی به‌سه‌ر په‌یاموه‌رگره‌كه‌یدا، جیاوازبوونی خۆی هه‌یه له‌گه‌ڵ زمانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكیدا، چونكه ” شاعیر به زمانێكی زۆر باڵا و پڕ له ده‌سه‌ڵات بۆ بابه‌ت و ناوه‌رۆك ده‌ڕوانێت “(2). زمان وه‌ك دیارده‌یه‌كی مرۆڤایه‌تی له گۆڕاندایه به پێی ڕۆژگاری ئه‌ده‌بی هه‌ندێ وشه‌ی تازه‌تر دروست ده‌بێت، یان هه‌ندێ وشه سواو و بێ كه‌ڵك ده‌بێت، ئه‌م جۆره دیارده زمانه‌وانییه زیاتر له‌نێو هه‌ردوو جۆری شیعری كلاسیكی و شیعری نوێ به‌رچاو ده‌كه‌وێت. ئه‌مه‌ش به حوكمی ئه‌وه‌ی ژیان له گۆڕاندایه و، زمانیش وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌میشه له گۆڕاندا ده‌بێت.
زمانی ده‌قی شیعری ده‌بێ جیاواز بێت له زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی له‌ڕووی به‌كارهێنانی وشه‌ی فه‌رهه‌نگیی واتادار و كاریگه‌ر، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی خاوه‌ن ئیدیۆمی تایبه‌ت و، به‌كارهێنانی ڕسته‌ی سه‌رنجڕاكێشی پڕ له ئه‌ندێشه‌ی هونه‌ری، به پێچه‌وانه‌ی ئاخاوتنی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی كه‌وا پڕه له وشه‌ی ساده و ده‌سته‌واژه و ڕسته‌ی خاوه‌ن واتای ڕاسته‌وخۆ، به‌ڵام هۆنیار ده‌بێ جۆره زمانێكی پاراو له‌نێو ده‌ربڕینی ده‌قه شیعرییه‌كه‌یدا به‌كار بهێنێ، هه‌روه‌ها ده‌بێ جۆره زمانێكی ڕازێنراو به‌كاربهێنێ بۆ به‌خشینی كاریگه‌ری به په‌یامی ده‌قه شیعرییه‌كه‌یدا، چونكه ” شیعر پارستایێكی زمانه، كاریگه‌ریشی زۆر له زمانی ئاسایی پتره، ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌م تێڕوانینه بڕوانین، ده‌بینین زمانی شیعر به ڕێگای هه‌مه جۆر ڕێكخراوه، كاتێك كه لێكۆڵینه‌وه‌ی زمانه‌وانی له‌سه‌ر شیعر پراكتیك ده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بنه‌مای ئه‌و ڕاستییانه ده‌ستده‌كه‌ون، كه ده‌بنه جیاوازیی نێوان بونیاتی ڕێزمانی شیعر و زمانی ئاسایی (ڕۆژانه)”(3).
میتۆدی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه زمانه‌وانی شیكاری هه‌ڵبژارده‌یییه و، پێكهاته‌ی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه بریتییه له پێشه‌كی و دوو ته‌وه‌ره و ئه‌نجام و لیستی سه‌رچاوه‌كانه، له‌گه‌ڵ كورته باسێكی لێكۆڵینه‌وه‌كه به هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی. ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌ممان بۆ چه‌مك و پێناسه‌ی زمانی شیعری ته‌رخان كردووه و، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌ممان بۆ لێدوان به وردی له‌باره‌ی خه‌سڵه‌ته‌كانی زمانی شیعری كوردیی هاوچه‌رخ ته‌رخان كردووه. هیوادارین به‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه كه‌لێنێكمان له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی هاوچه‌رخمان پڕ كردبێته‌وه..
ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م :
چه‌مك و پێناسه‌ی زمانی شیعری
زمان لایه‌نێكی گرینگ و بنه‌ڕه‌تییه له شێوازی ئه‌ده‌بیدا، چونكه زمان و مۆسیقا و وێنه‌ی هونه‌ری سێكوچكه‌ی بنه‌ڕه‌تیی شێوازی ئه‌ده‌بین و، له بواری شیعریشدا زمانی شیعر گرنگترین به‌شه‌كانی شێوازی شیعرییه، به هۆیه‌وه هۆنیار ده‌توانێ جوانی و كاریگه‌ریی شێوازه شیعرییه‌كه‌ی پێشكێش بكات، هه‌ر لایه‌نی زمانی شیعری بووه‌ته جۆره جیاكردنه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان شێوازی كلاسیكی و شێوازی نوێی شیعر نووسیندا. به‌م شێوه‌یه ده‌توانین بڵێین زمانی شیعری ده‌كرێ ببێته كه‌ره‌سته‌یه‌كی له‌بار بۆ تۆژینه‌وه‌ی سیمانتیكی له نێوان هه‌ردوو بواری تۆژینه‌وه‌ی زمانی و تۆژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی، چونكه به جوانی له بواری شیعردا ئاسته‌كانی زمان له بواره‌كانی فۆنۆلۆژی و مۆرفۆلۆژی و سینتاكسیدا خۆی ده‌نوێنێت، چونكه ده‌نگی پیته‌كان ڕۆڵی خۆیان هه‌یه له به‌خشینی مۆسیقای شیعری، هه‌روه‌ها جۆری وشه‌كان له‌ڕووی بڕگه‌سازییه‌وه ڕۆڵی خۆیان هه‌یه له به‌خشینی كێشناسی به شیعره‌كه و، لایه‌نی ڕسته‌سازی ڕۆڵی خۆی هه‌یه له به‌خشینی واتای شیعری. به‌م شێوه‌یه ده‌توانین بڵێین زمانی شیعر ده‌چێته خانه‌ی زمانی باڵاوه (میتازمان) كه‌وا جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ زمانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكیدا وه‌ك چۆن زمان‌ناسی به‌ناوبانگ دی سۆسێر جیاوازی له‌نێوان هه‌ردوو جۆری زمانی نووسین (language) و زمانی ئاخاوتنی (speak) خه‌ڵكی دیاری كردووه، هه‌رچه‌نده ” زمانی شیعر به به‌شێك له پێشكه‌وتنی زمانی ئاسایی داده‌نرێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌شی له به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و فۆلكلۆری كارێكی ئاسایی و زیندووه به گۆڕانی شێوازیش داده‌نرێت”(4). به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له شیعری كوردیدا دیارده‌ی ڕه‌نگدانه‌وه و به‌كارهێنانی شێوه‌زاری كوردی به‌دی ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت لایه‌نی دیالێكت ڕۆڵی مێژوویی خۆی هه‌یه له دیاریكردنی قۆناغه مێژوویییه‌كانی شیعری كوردیدا، كه‌وا سه‌ره‌تا به زاری لوڕی نووسراوه وه‌ك هۆنراوه‌كانی (بابه تاهیری هه‌مه‌دانی) و پاشتر به زاری گۆران نووسراوه وه‌ك له هۆنراوه‌كانی بێسارانی و صه‌یدای هه‌ورامی، پاشتریش به زاری كرمانجیی سه‌روو وه‌ك له هۆنراوه‌كانی مه‌لای جزیری و ئه‌حمه‌دی خانی به‌دی ده‌كرێت، پاشتریش به شێوه‌زاری كرمانجیی ناوه‌ڕاست هۆنراوه‌ی كوردی نووسراوه وه‌ك له هۆنراوه‌كانی :(نالی و سالم و حاجی قادری كۆیی و مه‌حوی و گۆران و كامه‌ران موكری و جه‌لالی میرزا كه‌ریم و شێركۆ بێكه‌س و قوبادی جه‌لیزاده) به‌دی ده‌كرێت.
دیارترین لایه‌نه‌كانی زمانی شیعری له‌وه‌دایه هۆنیار (شاعیر) به ئه‌نقه‌ست هه‌ندێ ڕسته و ده‌سته‌واژه‌ی نێو ده‌قه‌كه‌ی هه‌ڵده‌بژێرێ له‌ڕووی سه‌رسوڕمان و پرسیاركردن و ئه‌رێ و نه‌رێ و ڕسته‌ی واتادار و جۆره‌كانی ڕسته‌وه، هه‌روه‌ها هۆنیار وه‌ك ده‌قنووس له‌نێو زمانی ده‌قه‌كه‌یدا سوود له هه‌ندێ لایه‌نی ده‌نگسازی وه‌ك هێز و بڕگه وه‌رده‌گرێت، جگه له سوود بینینی له لایه‌نه‌كانی وشه‌سازی و ڕسته‌سازی بۆ به‌خشینی جۆره كاریگه‌رییه‌ك به زمانی ده‌قه‌كه‌ی. لێره‌دا پێویسته بڵێین هه‌رچه‌ند باری زمان گرانتر بكرێت له كاتی نووسینی ده‌قی شیعردا له‌ڕووی به‌كارهێنانی لێڵی و ته‌مومژی له بواری واتاسازی و ده‌سته‌واژه و ئیدیۆمی ناڕوون، هه‌روه‌ها له بواری به‌كارهێنانی جۆره ڕسته‌یه‌كی شیعریی درێژداده‌ر، ئه‌وه‌نده باری تێگه‌یشتن له چێژی ئه‌م جۆره زمانه لای خوێنه‌ری ده‌قه‌كه گرانتر ده‌بێت.
له توانای زمانی شیعریدا هه‌یه خوێنه‌ر بباته نێو ناخی ژیانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی، یان دووری بخاته‌وه له ڕاستیی ژیانی خۆی، به‌پێی ئه‌و جۆره زمانه شیعرییه له‌نێو جیهانی هۆنراوه‌كه به‌كارهاتووه، واته زمانی ده‌قێكی شیعریی سه‌ر به قوتابخانه‌ی كه‌توارییه‌ت (ڕیالیستی) جیاواز ده‌بێت له زمانی ده‌قێكی شیعریی دیكه‌ی سه‌ر به ڕێبازی ڕۆمانتیكییه‌ت یان سوریالیزم. واته هه‌رچه‌ند زمانی هۆنراوه‌كه ساده و بێ لێڵی بێت ئه‌وه‌نده زۆربه‌ی خوێنه‌رانی ده‌قه شیعرییه‌كه ده‌كه‌ونه به‌ر كاریگه‌ریی زمانی شیعره‌كه. ئه‌م بۆچوونه‌مان مانای ئه‌وه نییه زمانی هۆنراوه‌كه ڕاسته‌وخۆ بێت، یان دوور بێت له هه‌ندێ لایه‌نی چۆنێتی به‌كارهێنانی هونه‌ریی زمانی شیعری، كه‌وا ڕۆڵی خۆی هه‌یه له به‌خشینی چێژی ده‌ق و پێكه‌وه‌نانی وێنه‌ی هۆنراوه‌یی و شێواز و ئه‌ندێشه‌ی هونه‌ریی و چۆنێتی پێشكێشكردنی بابه‌ت و بیری هۆنراوه‌كه. ئه‌ركی گه‌وره‌ی زمانی شیعری زیاتر لایه‌نی باوه‌ڕ پێهێنانه به خوێنه‌ری ده‌قی شیعره‌كه، چونكه كاری باوه‌ڕهێنان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی نووسه‌ری ده‌ق به‌رانبه‌ر خوێنه‌ری ده‌قه‌كه‌ی ئه‌مه‌یش زیاتر له‌ڕێی په‌یامی ده‌قه شیعره‌كه‌وه ده‌بێت. له‌م بواره‌شدا زمانی شیعری ڕۆڵی كاریگه‌ریی خۆی هه‌یه، چونكه ” ئامانجی سه‌ره‌كیی زمانی شیعر، گه‌یاندنی بایه‌تی (Theme) شیعره، له‌م هه‌ڵوێسته‌دا شیعر نه‌ك ئاكام، بگره ڕێگاشه، ئه‌گه‌ر وه‌ك مه‌به‌ست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شیعر كرا “(5).
هه‌موو ڕێباز و قوتابخانه و شه‌پۆله‌كانی ئه‌ده‌ب بایه‌خێكی تایبه‌ت ده‌ده‌ن به زمان له‌بواری داڕشتنی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كاندا، هه‌رچه‌نده زۆر به‌داخه‌وه له‌م ڕۆژگاره‌دا جۆره ئه‌ده‌بێكی ناوچه‌یی كوردی په‌یدا بووه بایه‌خ به زمانی ناوچه‌یی ده‌دات نه‌ك به زمانی كوردیی یه‌كگرتوو له بواری نووسینی ئه‌ده‌بیدا، مه‌ودای كاریگه‌ریی ئه‌م جۆره زمانه خۆماڵییه زۆر فره‌وان نابێ، چونكه بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌یه‌ك زیاتر ده‌شێت و، خه‌ڵكی ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌وانه‌یه به ئاسته‌نگ لێی تێبگه‌ن.
ئه‌م جۆره كێشه‌یه به زه‌قی له‌نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا له‌م ڕۆژگاره‌دا به‌رچاو ده‌كه‌وێ، هه‌ر ئه‌و كێشه‌یه له بواری زمان وه‌ك كه‌ره‌سه‌یه‌كی ده‌ربڕین كاریگه‌ریی خۆی هه‌یه له‌نێو به‌رهه‌مه كوردییه ئه‌ده‌بییه‌كاندا، چونكه زمانی ستانده‌ر زیاتر ده‌توانێ ئه‌م جۆره كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات. خه‌می نووسین به زمانێكی ئه‌ده‌بیی یه‌كگرتوو یه‌كێكه له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌موو نووسه‌رێك له كاتی داڕشتنی ده‌قی ئه‌ده‌بیی خۆیدا.
هه‌رچه‌نده شیعر له‌ڕووی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه كۆنترین ڕه‌گه‌زه‌كانی ئه‌ده‌به له جیهاندا، به‌ڵام وه‌ك مۆسیقا نه‌بووه‌ته خاوه‌ن زمانی تایبه‌تی یه‌كگرتووی جیهانیی خۆی، كه‌وا له په‌یمانگا میۆزیكییه‌كانی جیهاندا مرۆڤ له هه‌ركوێ هه‌بێت ده‌توانێ فێری ببێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شیعر خاوه‌ن جۆره زمانێكی هه‌ست ده‌ربه‌ره ته‌نیا ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن هه‌ستی جوانن ده‌توانن به‌كاری بهێنن یان لێی تێبگه‌ن. ئه‌م بۆچوونه وامان لێده‌كات بڵێین هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ی (زمانی شیعر) و (زمانی شیعری) دروستن، چونكه له هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌كه دیارخه‌ر (زمان) و دیارخراو (شیعر) هه‌یه، بۆیه ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه نین كه ده‌ڵێت ” زمانی شیعر بوونێكی به‌رجه‌سته‌ی نییه و ڕامانێكی زه‌ینییه وه‌ك (تابلۆی شیعر، سه‌مای شیعر، وێنه‌ی شیعر،…)، كه هیچ كامیان ئاماژه بۆ دیارده‌یه‌كی زانستی ناكه‌ن و ده‌ربڕینی خوازه‌یین، بۆیه ده‌سته‌واژه‌ی (زمانی شیعری) زانستیتره و له لێكۆڵینه‌وه‌دا ده‌كه‌وێته ژێر تیشكی یاسا زمانییه‌كان “(6).
به حوكمی ئه‌وه‌ی شیعر كۆنترین جۆره‌كانی ئه‌ده‌به تا ئه‌م ڕۆژگاره پانتایه‌كی گه‌وره و فره‌وانی له جیهانی ئه‌ده‌بدا داگیر كردووه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند هۆیه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی شیعر زمانی ویژدان و سۆزی مرۆڤه، هه‌روه‌ها ئاسانیی له‌به‌ركردنی شیعر و كاریگه‌یی داڕشتن و بایه‌خی شیعر له هه‌ندێ بۆنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاریدا جگه له‌وه‌ی شیعر وه‌ك ده‌قێكی ئه‌ده‌بی پێویستی به ژماره‌یه‌كی زۆرتر نییه له وشه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌نێو چیڕۆك و ڕِۆماندا به‌دی ده‌كرێت، هه‌روه‌ها جوانیی وشه و كاریگه‌ریی سیماكانی له نێو شیعردا زیاتر به‌رچاو ده‌كه‌وێت و، پێویستی هۆنیار به جۆره فه‌رهه‌نگێكی زمانه‌وانی له نێو شیعردا زیاتر ده‌كه‌وێته به‌رچاو، هه‌روه‌ها پێناسه‌ی زمانی شیعری به‌وه‌ش ده‌كرێ كه‌وا زمانی شیعری جلوبه‌رگی ڕازێنراوی ده‌قی شیعرییه.
زمان له شیعردا وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك له بواری گێڕانه‌وه و وێنه‌كاری و دانووساندنی شیعری به‌كاردێت، هه‌روه‌ها بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی بیری هۆنیاریش له‌نێو ده‌قه‌كه‌یدا به‌كاردێت و، به‌م شێوه‌یه به‌هاكانی زمان له‌نێو شیعردا به‌رجه‌سته ده‌بێت.
زمانی شیعری له‌نێو هه‌ردوو جۆری شیعری كلاسیكی و هاوچه‌رخدا هه‌ندێ جیاوازی به خۆیه‌وه ده‌بینێ، بۆ نموونه له شیعری كلاسیكیدا به حوكمی ئه‌وه‌ی ده‌بێ هۆنیار لایه‌نی ڕه‌وانبێژی ڕه‌چاو بكات بۆیه ده‌بینین هۆنیاری كلاسیكی تووشی هه‌ندێ گیر‌و گرفتی زمانه‌وانی ده‌بێت، چونكه هۆنیاری كلاسیكی ده‌بێ خه‌می هه‌ڵبژاردنی هه‌ندێ وشه‌ی یه‌ك سه‌روا بخوات بۆ به‌كارهێنانی له كۆتایی به‌یته‌كانی هۆنراوه‌كه‌ی. هه‌روه‌ها ده‌بێ هۆنیار هه‌ندێ وشه‌ی فه‌رهه‌نگی به واتای ڕه‌وانبێژی له بواره‌كانی لێكچوواندن و دركه و خوازه و خواستن به‌كاربهێنێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زمانی شیعری له هۆنراوه‌ی كلاسیكیدا توانای شیعریی هۆنیار ده‌رده‌خات له به‌كارهێنانی جۆره زمانێك به هۆیه‌وه جیا ده‌كرێته‌وه له هۆنیارانی دیكه و، له هۆنراوه‌ی كلاسیكیدا هۆنیار بۆ ده‌رخستنی لێهاتوویی توانای شیعریی خۆی نه‌ك ته‌نیا به زمانی زگماكیی خۆی شیعر ده‌نووسێت، به‌گره به چه‌ند زمانی دیكه‌ش شیعر ده‌نووسێ.
له شیعری نوێ و په‌خشانه شیعردا سروشتی زمان ده‌قاوده‌ق وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌نێو شیعری كلاسیكیدا نییه، چونكه به حوكمی ئه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شیعری نوێ به جۆره نوێكردنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌وتی شیعر داده‌نرێ. هه‌روه‌ها له‌دایكبوونی په‌خشانه شیعریش له‌م ڕۆژگاره‌دا به هه‌نگاوێكی تازه‌تری نوێكردنه‌وه‌ی شیعر داده‌نرێت، بۆیه زمانی شیعری له هه‌ردوو جۆری شیعری نوێ و په‌خشانه شیعر ئه‌ركه قورسه‌كه‌ی لایه‌نی ڕه‌وانبێژی به‌سه‌ر كۆڵییه‌وه ئاسانتر بووه‌ته‌وه و، زمانی شیعری له‌م دوو جۆره شیعره‌دا زیاتر به نواندنی ده‌قی شیعری هه‌ڵده‌ستێ و هه‌وڵده‌دات وه‌ك جلوبه‌رگێكی تازه‌ی ده‌قه شیعرییه‌كه خۆی بنوێنێ. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی وه‌ك شیعری كلاسیكی زمانی شیعر له هه‌ردوو جۆری شیعری نوێ و په‌خشانه شیعر به ئه‌ركه‌كانی به‌رجه‌سته‌كردنی بیر و وه‌سف و وێنه‌كێشانی حاڵه‌ت و ناوه‌ڕۆك و بابه‌ته‌كانی شیعر هه‌ڵده‌ستێ له‌گه‌ڵ ڕۆڵ نواندنی له هه‌ردوو بواری گێڕانه‌وه و دانووساندنی شیعری كه‌وا له شیعری نوێ و په‌خشانه شیعردا زیاتر به‌كار هاتوون.
زمانی شیعری له په‌خشانه شیعردا هه‌ندێ ئاڵۆزی و بارگرانی به خۆیه‌وه ده‌بینێ، چونكه زمانی شیعریی په‌خشانه شیعر زیاتر وه‌ك زمانێكی هێمایی خۆی ده‌نوێنێ به حوكمی ئه‌وه‌ی ده‌قی په‌خشانه شیعر زیاتر ده‌قێكی مه‌عریفییه هه‌وڵده‌دات چه‌ندین لایه‌نی ئه‌فسانه‌یی و سیمبولی و مه‌عریفی و ڕۆشنبیری پێشكێش بكات و، زمانی شیعریی په‌خشانه شیعر له‌نێوان هه‌ردوو زمانی سۆز و عه‌قڵ داده‌نرێت. بۆیه په‌خشانه شیعر به ئاسانی له‌به‌ر ناكرێت، به‌ڵكو زیاتر بۆ خوێندنه‌وه‌ی مه‌عریفی ده‌نووسرێت و ئه‌م لایه‌نه كێشه‌ی كه‌متر كاریگه‌ری و بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌نێو خوێنه‌رانی شیعردا به خۆیه‌وه ده‌بینێت.
ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م :
خه‌سڵه‌ته‌كانی شیعری هاوچه‌رخی كوردی
زمانی ده‌قی شیعری كلاسیكیی كوردی زیاتر مۆركی ڕه‌وانبێژی به‌سه‌ریه‌وه زاڵ بوو له‌ڕووی ڕه‌گه‌ز دۆزی و له‌ف و نه‌شر و خواستن و خوازه و ئیدیۆمه‌وه به‌شێوه‌یه‌ك خوێنه‌ر پێویستی به جۆره شاره‌زایییه‌كی ڕۆشنبیری هه‌یه تا له واتای شاراوه‌ی هه‌ندێ وشه‌ی نێو هۆنراوه‌كه تێبگات. بۆ نموونه نالی له به‌یته شیعرێكدا ده‌ڵێت :
برۆت هه‌ر چین و په‌رچه‌م چین له‌سه‌ر چین
ئه‌مه‌نده چینه، قوربان، پێم بڵێ چین ؟!(7)
ئه‌م جۆره زیره‌كییه نالی له‌بواری ڕه‌گه‌ز دۆزی نواندوویه‌تی له به‌كارهێنانی وشه‌ی (چین)، هه‌روه‌ها له به‌كارهێنانی پێچ و په‌خش (له‌ف و نه‌شر) له‌م به‌یته‌ی خواره‌وه به‌ڵگه‌ن گه‌واهی ده‌ده‌ن بۆ وه‌ستایی نالی له گه‌مه‌ی زمانی نێو ده‌قه شیعرییه‌كانی به‌شێوه‌یه‌ك تا ئێستا هیچ هۆنیارێكی دیكه نه‌یتوانیوه تێپه‌ڕی بكات:
یا توربه‌تی یا غوربه‌تی (بارێ) بشكێنن
هه‌ر مونته‌زیره نالی ئه‌گه‌ر مرد و ئه‌گه‌ر ما
لێره‌دا هه‌ردوو وشه‌ی (توربه‌ت و مرد) و (غوربه‌ت و ما) جۆره پێچ و په‌خشن له ڕێی هه‌ڵبژاردنی هه‌ندێ وشه به ئه‌نقه‌ست له لایه‌ن هۆنیاره‌وه كراوه. به ڕاستی نالی باشترین هۆنیارانی كلاسیكی كوردییه توانیویه‌تی زمانی هۆنراوه‌كانی به‌چه‌ندین وشه‌ی كوردیی په‌تی بڕازێنێته‌وه و، له گه‌مه‌ی زمانی شیعریی خۆیدا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش بیانمه‌زرێنێ، بۆیه ده‌كرێ ئێمه‌یش بڵێین نالی ” وه‌ك په‌پووله و هه‌نگێك بووه، به‌ناو گوڵزاری وشه‌ی جوان و ڕه‌سه‌نی كوردی كه‌وتووه و له‌هه‌ر گوڵه هه‌ڵاڵه‌ی شیرینی وه‌رگرتووه و هه‌نگوینی شیعره‌كانی پێ دروست كردووه “(8). ئه‌م جۆره لایه‌نانه له زمانی شیعری كلاسیكیمان به‌رچاو ده‌كه‌وێت به حوكمی ئه‌وه‌ی زیاتر بۆ ده‌رخستنی توانای شیعریی هۆنیار به‌كار ده‌هێنرێت، به‌ڵام له شیعری كوردیی نوێ كه‌متر لایه‌نی شانازی به‌رچاو ده‌كه‌وێت به‌حوكمی ئه‌وه‌ی شیعری نوێی كوردی زیاتر خاوه‌ن په‌یامی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاریی خۆیه‌تی. شیعری هاوچه‌رخیش زیاتر شیعری مه‌عریفییه زمان ده‌كاته ئامرازی خۆنواندن.
زمانی شیعری نوێی كوردی له‌سه‌ر ده‌ستی گۆران و هاوه‌ڵه‌كانی زیاتر ئاسانكاری بۆ تێگه‌یشتنی خوێنه‌ری ده‌دا، چونكه خودی هۆنراوه‌كه خۆی به خاوه‌ن په‌یامێك ده‌زانی بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی كێشه‌یه‌كی سه‌رده‌می هۆنراوه‌كه. بۆ نموونه گۆران له هۆنراوه‌ی (حوزنی په‌چه) هه‌وڵده‌دات كێشه‌ی ئافره‌تێكی چه‌وساوه و لێقه‌وماومان بۆ به‌رجه‌سته بكات، بۆیه ئه‌م جۆره زمانه ساده و ساكار و ئاسانه‌ی له‌نێو هۆنراوه‌كه‌ی به‌كارهێناوه :
ژنێكی شۆخ له چاوی به‌ڵه‌ك به مه‌ئیووسی
خلی ئه‌كرده‌وه هۆن هۆن دڵۆپی مرواری
به ئاو ئه‌بوو دڵی به‌ردین له ئاه و ئه‌فسووسی،
به ئاوی ساردی په‌تی نا، به ماییعی ناری!
وتم: فیدایی جه‌ماڵت بم ئه‌ی په‌ری شێوه!
ئه‌وا توایه‌وه هه‌ستم به سۆزشی گریه‌ت :
چییه كه هه‌یكه‌لی مه‌ڕمه‌ڕ، غوباری وا پێوه،
قه‌مه‌ر شكات و سكاڵا ئه‌كا له هه‌وری خه‌فه‌ت ؟
سه‌ری به عیشوه له‌قان و به له‌هجه‌یه‌كی حه‌زین
وتی : بچۆوه بپرسه له جینسی پیاوی برات،
كه كه‌وته گۆشه‌یی گیرفان گوڵێكی ئاوریشمین
چییه ته‌فاوتی بوون و نه‌بوونی، قیمه‌تی لات؟(9)
شێخ نووری شێخ ساڵحی هۆنیار و هاوه‌ڵی گۆران، به‌هه‌مان شێوه‌ی گۆران زمانێكی ساده و ڕه‌وانی له هۆنراوه‌ی (په‌چه) بۆ خستنه‌ڕووی كێشه‌ی ئافره‌ت له ڕۆژگاری خۆیدا له‌گه‌ڵ په‌چه بۆ داپۆشینی ڕوخسار، واته زمانی شیعری كراوه‌ته كه‌ره‌سه‌یه‌ك بۆ ده‌ربڕینی بیروڕا:
گوێم له ناڵینی كچێ بوو، دوێنێ ئه‌یلاوانه‌وه
وا به ته‌ئسیر و به سۆز ئه‌یوت، دڵی ئه‌توانه‌وه
ده‌نگ و ڕه‌نگی وا نه‌بیستراوه و نه‌بینراوه له كه‌س
كۆنه قه‌تماغه‌ی برینی ناو دڵی ئه‌كولانه‌وه
ئه‌یوت، ئه‌م ڕووپۆشه ته‌نیا ڕووی نه‌پۆشین و به‌س
ڕووبه‌ڕووی خۆمان، حقوقی ناینه ناو نسیانه‌وه
قه‌ت نه‌بوو ڕۆژێ به سه‌ربه‌ستی حه‌قێ داوا بكه‌ین
بۆ به‌شی خۆمان بچینه ساحه و مه‌یدانه‌وه
ئه‌وه‌ڵ و ئاخر، خه‌تای ئه‌م ڕوو ڕه‌شه‌ی ڕووپۆشه بوو
بوو به مه‌نعمان نه‌چووینه كۆمه‌ڵی پیاوانه‌وه
دایگرن توخوا فڕێی ده‌ن، بیخه‌نه ته‌نووره‌وه
حه‌یفه ڕۆژی ڕوو، ئه‌نێنه ناو شه‌وی ده‌یجووره‌وه(10)
شیعر هه‌رچه‌ند زمانه‌كه‌ی ناسكتر بێت و له‌گه‌ڵ هه‌ستی ناخه‌وه‌ی مرۆڤدا بدوێ ئه‌وه‌نده زمانی ئه‌م جۆره به‌رهه‌مانه ده‌بێته خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی خۆی. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بڕوانینه زمانی ئه‌م كۆپله شیعره‌ی بێسارانی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ند زمانه‌كه‌ی ناسك و كاریگه‌ره :
گیانه له پرخه‌ی خه‌وی خه‌ومدا
پێ بنێ وه‌بان هه‌ردوو چاومدا
مه‌ڵێ برژانگت تیژه وه‌ك چقڵ
ئه‌چه‌قێته پێی ناسكتر له گوڵ
من به‌و برژانگه بۆیه خۆش حاڵم
خاكی به‌ر پێی تۆی پێ ئه‌ماڵم
ئه‌م جۆره زمانه ساده و ساكار و ئاسانه له شیعری كوردیی هاوچه‌رخدا به‌هه‌مان شێوه‌ی جارانی نه‌ما، چونكه شیعری كوردیی هاوچه‌رخ زیاتر شیعری مه‌عریفییه، زیاتر تێیدا هۆنیار كۆمه‌ڵێك هێما و ڕه‌مزی ئه‌فسانه‌یی به‌كارده‌هێنێ. له‌م حاڵه‌ته جۆری زمانه‌كه‌ش بووه‌ته خاوه‌ن جۆره ته‌مومژییه‌ك و، به‌ئاسانی له‌به‌ر ناكرێت، باشترین نموونه‌ش هۆنراوه‌كانی (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر و هاشم سه‌ڕاج و ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی و جه‌لال به‌رزنجی و دڵشاد عه‌بدوڵڵا….. تاد). له ساڵانی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا. مه‌سعوود محه‌مه‌د، بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد له سه‌ده‌ی بیسته‌هه‌م، له‌باره‌ی لێڵی و ته‌مومژیی زمان و واتای نێو شیعری كوردیی هاوچه‌رخ، ده‌ڵێت ” هی وایان تێدایه، بێ موباله‌غه، كه‌س تێ‌یان ناگا. تاك تاكه‌یان تێدایه، هێنده هێمایی و ده‌روونی و (تجرید) بن له‌وانه‌ن به‌لای خاوه‌نه‌كانیشیانه‌وه واتایێكی یه‌كجاره‌كی (نهائی)یان نه‌بێ و به‌پێی گۆڕانی باری نه‌فسی و زیهنی و ده‌وروبه‌ری خۆیانه‌وه (تصور)یان بۆ واتای ئه‌و تاك تاكانه بگۆڕێت “(11). بۆ نموونه خوێنه‌ری ئه‌م پارچه شیعره‌ی هۆنراوه‌ی (دیداری خوداوه‌نده ناكامه‌كان)ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر به ئاسانی له واتا شاراوه‌كانی پشت وشه و دێڕه‌كان تێ ناگات، به‌ڵكو زۆر جار وه‌ك ده‌وترێت خوێنه‌رێك له دۆڵێك سه‌ری ته‌قه‌ی دێت و هۆنیار مه‌به‌ستی دیكه‌ی هه‌یه :
زه‌وی مه‌یی خانه‌دانی خواردووه‌ته‌وه
قسه‌ی دڵم ده‌زانێ و هه‌میشه تاجی بیركردنه‌وه و پشوودانیم
پیاڵه‌یه‌ك مه‌یم له زه‌ویی خانه‌دان وه‌رگرت
له ڕۆژێكی نزیكدا دێت
ده‌ستی سێبووری و پڕختووكه‌ی له‌سه‌ر دڵم داده‌نێ
به ترپه‌ی ده‌ڵێت پشوو بده ماندووی(12)
وه‌ك ده‌زانین زمان كه‌ره‌سه‌یه‌كی زۆر گرینگی وێنه كێشانی شیعرییه له هۆنراوه‌ی كلاسیكی كوردیدا، چونكه وێنه شیعرییه‌كه به جۆره زمانێكی سه‌رنجڕاكێش خۆی ده‌ڕازێنێته‌وه، تا به هۆیه‌وه كاریگه‌ریی خۆی هه‌بێت به‌سه‌ر خوێنه‌رانیدا. بۆ نموونه نالی به‌م جۆره زمانه شیعرییه وێنه‌ی جلوبه‌رگ و سنگی كچه سه‌رنجڕاكێشه‌كه‌یمان بۆ ده‌كێشێت :
له دوگمه‌ی سوخمه دوێنێ نوێژی شێوان
به‌یانی دا سفیده‌ی باغی سێوان
له خه‌وفی گهلعه‌تی ڕۆژ هه‌روه‌كو شێت
به ڕوو زه‌ردی هه‌ڵات و كه‌وته كێوان(13)
ئه‌م جۆره بایه‌خدانه به زمان له‌نێو وێنه‌ی هۆنراوه‌یی هاوچه‌رخیشدا به‌رچاو ده‌كه‌وێ به‌شێوه‌یه‌ك نه‌ك ته‌نیا زمانی شیعریی ده‌بێته كه‌ره‌سه‌یه‌كی گرینگی وێنه هۆنراوه‌یییه‌كه، به‌ڵكو ده‌بێته جلوبه‌رگێكی جوان بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی هۆنراوه‌كه، بۆ نموونه شێركۆ بێكه‌س وه‌ك هۆنیارێكی ناوبانگی شیعری كوردیی هاوچه‌رخ زۆر به جوانی و سه‌رنجڕاكێش زمانی شیعری ده‌كاته كه‌ره‌سه‌ی وێنه‌كێشانی ئه‌م حاڵه‌ته ده‌روونییه‌ی نێو هۆنراوه‌كه‌ی :
رائه‌كشێم
په‌توویه‌ك ئه‌ده‌م به شه‌وما
له په‌توودا وێنه‌ی پڵنگێكی تیایه
ئه‌و درێژ و پڵنگ درێژ
تل ئه‌ده‌م و ئه‌ویش له‌گه‌ڵمدا تل ئه‌دا
له ژێره‌وه سه‌رنج ئه‌ده‌م
كه‌ڵبه‌كانی له‌سه‌ر ملمن
ترسی خه‌ت خه‌ت لێم ئه‌نیشێ
هه‌ردوو چاوم ئه‌نووقێنم
هه‌تا خه‌وم لێ ئه‌كه‌وێ
((له ده‌شتێكدام
خۆم ئه‌بینم بووم به مامز
پڵنگه‌كه به‌دیم ئه‌كا و دوام ئه‌كه‌وێ
رائه‌كه‌م و ڕائه‌كه‌م و پڵنگ هه‌ر دێ
دێت و دێت و هه‌تا سێبه‌رمان تێكه‌ڵ ئه‌بێ
دێت و دێت و له پشته‌وه
بستێك ماوه بمگرێ
له پڕێكدا
دائه‌چڵه‌كم
ئاره‌قێكی سارد ده‌رئه‌ده‌م
په‌توو له‌سه‌ر خۆم لائه‌ده‌م
ماڵه‌وه‌یه؟!
ورد ئه‌بمه‌وه
پڵنگ له‌به‌ر قاچه‌كانما
تێكشكاوه و گه‌مۆڵه‌یه!
له شیعری نوێ و په‌خشانه شیعردا وشه‌ی شیعری جۆره بارگاویێكی واتایی به خۆیه‌وه ده‌بینێت، ئه‌مه‌ش له‌ڕێی به‌خشینی مۆركێكی سیمبۆڵی و واتایه‌كی ڕه‌مزی به وشه شیعرییه‌كه، یان له‌ڕێی دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌كه له نێو دێڕه شیعره‌كه، یان دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه شیعرییه‌كه و ڕسته شیعرییه‌كه له چه‌ند شوێنێكی ناو هۆنراوه‌كه. ئه‌مه‌ش له پێناو دروستكردنی حاڵه‌تێكی ده‌روونی لای خوێنه‌ر و گوێگری هۆنراوه‌كه‌یه به هۆی جه‌ختكردن له‌سه‌ر ئه‌و جۆره وشه هه‌ڵبژێراوانه كه‌وا له ئه‌نجامدا ڕۆڵی كاریگه‌ریی خۆیان هه‌یه له به‌خشینی جۆره واتایه‌ك به ده‌قه شیعرییه‌كه له‌نێو زمانی شیعریدا. هۆنیار هه‌ندێ وشه بۆ هه‌ندێ ئه‌ركی واتایی هه‌ڵده‌بژێرێت، بۆ نموونه له زمانی شیعریدا هه‌ندێ وشه وه‌ك (ئاسا، چۆن، وه‌ك، وه‌كو، میسل، مانه‌ند ) به ئه‌ركی لێچواندن هه‌ڵده‌ستێت، چونكه ئه‌م جۆره وشانه به ئه‌وزاری لێچواندن له‌نێو ڕه‌وانبێژی كوردیدا هه‌ڵده‌ستن و، ئه‌م جۆره وشانه ده‌بنه مایه‌ی دروستكردنی وێنه‌ی لێكچواندن له‌نێو بابه‌تی شیعریدا. هه‌رچه‌نده له زمانی شیعری كلاسیكیدا ئه‌م جۆره دیارده‌یه به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام هۆنیاری هاوچه‌رخیش پێویستی به مه‌زراندنی وێنه‌ی لێكچواندن هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی داهێنان و توانای شیعریی خۆی بخاته ڕوو، له‌گه‌ڵ هه‌وڵدانی بۆ به‌خشینی جۆره چێژێكی شیعری به هۆنراوه‌كه‌ی.
زمانی شیعری كوردیی هاوچه‌رخی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك زیاتر چڕ كراوه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك هۆنیار ژماره‌یه‌كی كه‌م له وشه هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ بینای ساختمانی واتای هۆنراوه‌كه و وێنه هۆنراوه‌یییه‌كه‌ی، كه‌وا له ڕووی زاراوه‌ی ڕه‌خنه‌یییه‌وه پێی ده‌وترێت پۆسته‌ره شیعر. ئه‌م جۆره پۆسته‌ره شیعره‌ی لای خۆمان جیاوازه له شیعری وێنه‌یی ئیزرا پاوه‌ند و هاوه‌ڵه‌كانی له قوتابخانه‌ی وێناكاری له شیعری ئینگلیزیی پاش جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، هه‌روه‌ها جیاوازه له شیعری هایكۆی ژاپۆنیی پاش جه‌نگی دووه‌می جیهانی. لێره‌دا ئێمه‌یش وه‌ك د. ئازاد ئه‌حمه‌د مه‌حموود ده‌ڵێین ” قه‌سیده تا كورتتر و خه‌ستتر بێت، زمانی شیعری بۆ دۆزینه‌وه‌ی چه‌قی واتا و ئاشكرابوون بێ ئه‌ركتر ده‌بێت. تێكستی شیعری كورت له به‌راییدا، ماوه‌یه‌كی سنووردار بۆ چالاكیی خۆی ده‌ستنیشان ده‌كات، پاش له‌دایكبوونی له ئاقارێكی بچووك و تایبه‌تدا، زمانی شیعر ده‌لاله‌ت و ئێستێتیكای خۆی ئاشكرا ده‌كات “(14).
سامی شۆڕش، عه‌بدوڵڵا په‌شێو و قوبادی جه‌لیزاده و تا ڕاده‌یه‌ك شێركۆ بێكه‌س باشترین هۆنیارانی پۆسته‌ره شیعری كوردیی هاوچه‌رخن. بۆ نموونه قوبادی جه‌لیزاده له هۆنراوه‌ی (مه‌مك) ده‌ڵێت :
ئێسته مه‌مكت..
دوو پشیله‌ی خڕی ماڵین.
هه‌تا زێتر،
ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌را بێنم
پتر چاوی حه‌ز لێك ده‌نێن.
كه‌چی دوێنێ،
دووباره كه‌وی كێوی بوون
هه‌تا شاباڵیم هه‌ڵكشان
سه‌د ده‌نووكیان دا له ده‌ستم !!(15)
هۆنیار له‌م پۆسته‌ره شیعره‌یدا زۆر به جوانی به‌و چه‌ند وشه‌یه مه‌به‌ستی پێكاوه و، وێنه‌یه‌كی هۆنراوه‌یی سه‌رنجڕاكێشی پێشكێش كردووه، به‌ڵام له هۆنراوه‌یه‌كی دیكه‌دا به‌ناونیشانی (زبڵ) به‌و چه‌ند وشه‌یه نه‌یتوانیوه وێنه‌یه‌كی هۆنراوه‌یی سه‌رنجڕاكێشی پێشكێش نه‌كردووه :
زبڵ… زبڵ
ده‌سته‌كانم ترسنۆكن،
هه‌ردوو ده‌ستی خۆی بڕییه‌وه و
نایه هه‌گبه‌ی زبڵ ڕێژێك!(16)
شیعری تاك دێڕی شاعیری نوێخواز (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) هێناویه‌ته ناو شیعری كوردی و به‌كاری هێناوه. بڕوانه ئه‌م شیعره تاك دێڕییه له گۆڤاری كاروان، ژماره (8)ی ساڵی 1993، (ته‌رمێك له‌سه‌ر شۆسته پاكه‌ت ده‌فرۆشێ). به‌ڵام (عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف) زیاتر كاری له‌سه‌ر ئه‌و داهێنان و بنه‌ڕه‌ته‌ی (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) كردووه وه‌ك شێوه و شێوازێك په‌ره‌ی پێدا و ناساندی. عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف، وه‌ك هۆنیارێكی خاوه‌ن ئه‌زموونێكی باش له شیعری كوردیدا، ده‌یه‌وێ له‌ڕێی چه‌ند وشه‌یه‌كی نێو تاك دێڕه شیعرییه‌كانی، وه‌ك شێوازێكی نوێی داڕشتنی شیعری كوردیی هاوچه‌رخ، واتای هۆنراوه‌یه‌كی ته‌واو به‌كۆڵ به‌سه‌ر هۆنراوه تاك دێڕه‌كانی بدات، بێ ڕه‌چاوكردنی توانای دیاركراوی وشه بۆ به‌خشینی واتای فه‌رهه‌نگی. واته كه‌میی ژماره‌ی وشه‌كانی نێو هۆنراوه تاك دێڕه‌كانی زۆر جار بووه‌ته بارگرانی به‌سه‌ر زمانی ئه‌م جۆره هۆنراوانه، به‌مه‌ش ئه‌م جۆره هۆنراوه تاك دێڕانه زیاتر له قسه‌ی نه‌سته‌ق نزیك ده‌بنه‌وه و، له‌وه دوور ده‌كه‌ونه‌وه بتوانن به چه‌ند دێڕ و به‌یتێك هه‌ستی ناسكی ناخه‌وه‌ی مرۆڤمان بۆ به‌رجه‌سته بكه‌ن، ته‌نانه‌ت زمانی شیعریی ئه‌م جۆره هۆنراوه تاك دێڕانه له خه‌سڵه‌ت و ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان بێ ناز ماونه‌ته‌وه، بۆ نموونه:
• كامیان بخه‌مه نێو كه‌وانه‌وه، ئێره یا ئه‌وێ یان ئێره‌وێ.
• چاوم شازاره، وێنه خۆرێكی بێهاوتایه.
• نووسایكۆیه، بنهۆشی بنهۆشه و ناخه‌كه‌شی ئه‌تڵانتسه.
• شاعیر بم ده‌نووسم، په‌پووله له ئه‌ژدیهایه، داروینیش بم ده‌نووسم : له گوڵه.
• له گرژگه ڕایكرد، دوور دوور بوو، به تیشكه ده‌نگ گرژتر كرا.
• ماسییه… له كلكه‌وه به قولاب بگیرێ، تریتۆنه !
ئه‌وه‌ی لێره‌دا شایانی وتنه، هه‌ندێ له‌م جۆره هۆنراوانه‌ی له سنووری تاك دێڕی ده‌رده‌چن و ده‌بنه دوو دێڕ، وه‌ك له‌م نموونانه‌ی خواره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت :
• قڕقڕاگه‌ی سه‌ت مرۆڤ لێكبه‌ستی ده‌بێته پیره عه‌نته‌رناشێك و تڕه‌تڕ تێمانده‌گه‌ینێ هه‌ر خۆی په‌یكه‌ری په‌یكه‌رانه.. هه‌رخۆی ده‌نگی ده‌نگانه!
• پۆستكۆڵنیالیزمه، له مێژه ئافره‌تێكی شه‌بقه له‌سه‌ر شۆرتله‌به‌ر هات و نوشته‌كانی داپیرمی برد، بڵێ ئه‌مڕۆ بمداته‌وه ؟
• كه پێیحه‌سا به‌سه‌ر له‌شیدا، له شوونی قه‌مچیی نچچه و خامۆشی رلكه ده‌گه‌ڕێم، لۆ سالۆمی هستریانه قیژاندی: ده‌رچه…هه‌ی مڵۆزمه‌ی مێمڵی سه‌ر جه‌سته!!!(17)
هه‌روه‌ها هاشم سه‌ڕاجیش له‌ڕێی شیعری نانۆ ده‌یه‌وێت باری زمانی شیعره‌كانی گرانتر بكات به‌شێوه‌یه‌ك چه‌ند وشه‌یه‌كی زۆر كه‌م ژماره‌یان له ژماره‌ی په‌نجه‌كانی ده‌ست تێناپه‌ڕن ببێته باشترین كه‌ره‌سه بۆ ده‌ربڕینی هه‌ندێ بۆچوونی كورتی خۆی، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م جۆره هۆنراوه‌یه نه له‌سه‌ر شێوازی هۆنیارانی قوتابخانه‌ی وێنه‌یی نێو شیعری ئینگلیزی‌دا داڕشتێنراوه، كه هۆنراوه بریتی ده‌بێت له (14) وشه وه‌ك له شیعره‌كانی ئیزرا پاوه‌ند و هاوه‌ڵه‌كانی به‌رچاو ده‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها هۆنراوه‌ی (نانۆ)ی هاشم سه‌ڕاج له داڕشتنی شیعری (هایكۆ)ی ژاپۆنیش ناكات.
• شیعری هایكۆ ” نه‌ریتی ژاپۆنییه حه‌ڤده بڕگه‌ی هه‌یه، كه له سێ دێڕی (5،5،7) بڕگه‌یی ده‌نووسرێت، شیعره هایكۆیییه‌كان كورت و زۆر ڕوون و دره‌وشاوه‌ن. هایكۆ بریتییه له وێناكردنی ته‌واو و كه‌ماڵی ساته ئه‌زموونییه‌كانی شاعیر. له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تری هایكۆ، زمانی ساكار و بێ پێچ و په‌نا وه‌رز و واژه‌یه، كه باس له یه‌كێ له وه‌رزه‌كانی ساڵ ده‌كات. هایكۆ پێشتر ناوی (هۆككو) بووه و، هایكۆ نه كێشی هه‌یه و نه سه‌روا، هه‌روه‌ها جوانكارییه كه‌لامییه‌كان تێیدا به ده‌گمه‌ن به‌كار دێن، ده‌وروبه‌ری دوو هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هایكۆ به‌شێك بووه له فۆرمێكی شیعریی (31) بڕگه‌یی به ناوی (تانكا)، كه شاعیران به شێوازی پرسیار و وه‌ڵام ده‌یانهۆنییه‌وه و به‌شی یه‌كه‌می تانكا حه‌ڤده بڕگه‌ی هه‌یه و به‌شی دووه‌م چوارده بڕگه. هایكۆ ده‌بێت شایه‌رانه بێت و ساكار و دژوار، ژیری و ناژیری تێیدا بێت و، سه‌راپای هایكۆیه‌ك ده‌بێت به یه‌ك نه‌فس بخوێنرێته‌وه و، زۆر جار هه‌ر سێ دێڕه‌كه‌ی هایكۆ ڕسته‌یه‌كی ته‌واو ساز ناكات، بۆ نموونه :
• گوڵه سپییه‌كان
• له كه‌لێنی دیواره‌وه
• به‌هار دێ
• زه‌ربه‌كانی ته‌ور
• بۆنی شوولی كاج،
• سووته‌مه‌نی زستان(18)
هه‌رچۆنێك بێت زمانی شیعریی هۆنراوه‌ی (نانۆ)ی هاشم سه‌ڕاج زیاتر و زۆرتر به ئه‌ركی وه‌سف هه‌ڵده‌ستن بۆ په‌یاموه‌رگره‌كانی نه‌ك به ئه‌ركی به‌رجه‌سته‌كردنی هه‌ست و سۆز و هزری ناخه‌وه‌ی په‌یاموه‌رگره‌كانی، واته له بارگاویی واتای فه‌رهه‌نگی و واتاسازی بێ به‌ش ده‌بێت، بۆ نموونه :
• شێوه‌ت
له وێنه‌ی هه‌وره‌كان ده‌كا
• نیڤیا
لیكی ده‌می تیمساحه
• زمان
كه‌ره‌سته‌ی ختووكه‌دانه
• مه‌رگ
درزی نێو بوون
پڕ ده‌كاته‌وه
• كونجی
پیتی هه‌ڵڕژاوی ده‌فته‌ری نانه(19)
ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره دێڕانه‌ی هۆنراوه‌ی (نانۆ) به‌شێوه‌ی ئاسایی بنووسینه‌وه، ئه‌وسا به هه‌مان شێوه‌ی هۆنراوه‌ی تاك دێڕی لێدێته‌وه، لێره‌دا بۆمان هه‌یه بڵێین هه‌ندێ لێكچوون هه‌یه له‌نێوان هه‌ردوو جۆری شیعری هایكۆ و نانۆ له ڕووی كه‌میی ژماره‌ی وشه‌كان و، نه‌بوونی كێش و سه‌روا و هه‌بوونی سێ دێڕ هه‌ندێ جار له شیعری نانۆدا، به‌ڵام له چه‌ند لایه‌كی دیكه‌وه جیاوازن، وه‌كو نه‌بوونی حه‌ڤده بڕگه له شیعری نانۆ و، باس نه‌كردنی وه‌رزه‌كان له شیعری نانۆدا و، هه‌بوونی فۆرمی ڕسته له شیعری نانۆدا.
به‌مه‌ش ئه‌م دوو هۆنیاره له هه‌وڵی بێوچانن بۆ له‌دایكبوونی هه‌ندێ خه‌سڵه‌تی تازه‌ی زمانی شیعری كوردیی هاوچه‌رخ، لێره‌دا پێویسته بڵێین ئه‌م دیارده تازه‌یه نه‌یتوانیوه له‌نێو هۆنیارانی كوردی هاوچه‌رخ ته‌شه‌نه بكات.
هه‌ندێ جار وشه‌ی نێو زمانی هۆنراوه‌ی هاوچه‌رخی كوردی خاوه‌ن واتای ڕوونی تایبه‌تی خۆیه‌تی، به‌ڵام هۆنیار به‌ئه‌نقه‌ست به‌شێوه‌یه‌كی ئاڵۆز واتای وشه‌كانی نێو هۆنراوه‌كه‌ی ده‌چنێ، له ئه‌نجامدا خوێنه‌ر سه‌ری لێ ده‌شێوێت به ئاسانی له واتای گشتیی هۆنراوه‌كه تێناگات. بۆ نموونه ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی گه‌مه‌ی ئاڵۆزكردنی واتای وشه‌كانی نێو هۆنراوه‌ی (كافر شا) به شێوه‌یه‌ك كردووه ڕوونیی واتای هه‌ندێ وشه‌ی وه‌ك (قه‌مبوور) و (ته‌مبوور) له‌نێو هۆنراوه‌كه بزر ده‌بێت :
قه‌بره قه‌مبووره‌كانی له‌شكری
قه‌مبوورم به ته‌مبوور دا
له پاشان ته‌مبوورم
بۆ ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی
ژنیان له‌ناو باده‌دا لێ دا
قه‌بره قه‌مبووره‌كانی
له‌شكری قه‌مبوورم
به ته‌مبوور دا
له پاشان ته‌مبوورم
بۆ كافرشا لێ دا
گۆرانیبێژه‌كانی كافرشا
قه‌بره قه‌مبووره‌كانی له‌شكری قه‌مبووریان
له گا نا
له گای ناو
ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی
ژنیان له‌ناو باده‌دا(20)
ئه‌م جۆره گه‌مه زمانییه جۆره لادانێكه له یاساكانی فه‌رهه‌نگسازی، لادانی زمانیش نه‌ك ته‌نیا له بواری واتاسازی و فه‌رهه‌نگسازیدایه، بگره له بواری ڕسته‌سازیش له‌نێو هۆنراوه‌ی كوردیی هاوچه‌رخ به‌رچاومان ده‌كه‌وێت، بۆ نموونه له بینای ئاسایی رسته‌ی زمانی كوردیدا بكه‌ر ده‌كه‌وێته سه‌ره‌تای ڕسته‌كه‌وه، به‌ڵام له هه‌ندێ ڕسته‌ی شیعریدا كار كه‌وتووه‌ته سه‌ره‌تای ڕسته و بكه‌ر كه‌وتووه‌ته كۆتایی ڕسته‌كه‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ندێ هۆنیار له بواری لادانی شیعری له به‌كارهێنانی وشه‌ی نوێباو ده‌ستڕه‌نگینیی خۆیان نواندووه، بۆ نموونه بورهان ئه‌حمه‌د له هۆنراوه‌ی (من به خه‌زان شاره‌زام، به گریان عاریفه‌م) هه‌ندێ وشه‌ی كردووه‌ته هاوشان وه‌كو (چاوی دیوار) و (قومی ڕه‌نگ) و (ڕیشی فڵچه‌كان) :
كانزاكان قه‌واره‌یه‌كم پێ نابه‌خشن ڕووی به‌ردێك بریندار بكه‌م
چاوی دیوارێك هه‌ڵبكۆڵم
به‌ر له‌وه‌ی بگه‌مه به‌ر ئاوێنه‌ی ڕه‌نگه‌كان
ڕیشی ویقاری فڵچه‌كان سووتاو بوون
كاكۆڵی زه‌ردیان كاڵ ببوونه‌وه، سمێڵی ڕه‌شیان با بردبوونی
پێش ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌م و سومبه‌ی تاشین
له گیرفان پاڵتووی په‌یكه‌رێكی دێریندا بدۆزمه‌وه
به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست به‌رم بۆ قومێك ڕه‌نگ
په‌یكه‌ره‌كان تاشرابوون، تابلۆكان تێر ببوون(21)
به‌م شێوه‌یه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه لادانی واتای زمانی یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته به‌رچاوه‌كانی شیعری هاوچه‌رخی كوردی، چونكه ” لادانی واتایی شكاندنی یاساكانی دیوی ناوه‌وه‌ی زمانن، پێوه‌ندییه‌كی پته‌ویان به گۆڕینی مه‌به‌ست و واتا و تێگه‌یشتنه‌وه هه‌یه، واتا نه‌ك هه‌ر واتای سه‌رده‌م ده‌گۆڕن بگره ده‌بنه بار و ئه‌رك بۆ گوێگریش “(22).
ئه‌وانه‌ی به لایانه‌وه پێناسه‌ی (ئه‌ده‌ب زمانه) بۆچوونیان ڕاست و دروسته، چونكه ده‌قنووس له‌ڕێی جۆره زمانێكه‌وه به پرۆسه‌ی داڕشتنی ده‌قه‌كه‌ی هه‌ڵده‌ستێ. زمانی ئه‌ده‌ب – به تایبه‌تی زمانی شیعر – به زمانی باڵا ( meta language) داده‌نرێت(23)، چونكه جۆره زمانێكی ستانده‌ر و دانسقه‌یه جیاوازه له زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی (speak)، كه‌وا دیارده‌ی شێوه‌زاره‌كانی پێوه دیاره. لێره‌دا پێویسته بووترێت هۆنیار خاوه‌ن په‌یامی خۆیه‌تی و ده‌یه‌وێت له‌ڕێی چه‌ندین وشه و ده‌سته‌واژه و ڕسته‌ی زمانی هه‌ڵبژێرراوی خاوه‌ن واتای كاریگه‌ر ڕۆڵی كاریگه‌ریی خۆی بنوێنێ به‌سه‌ر بیر و هه‌ستی خوێنه‌رانی ده‌قه‌كه‌یدا، ته‌نانه‌ت له‌م بواره‌دا ڕۆڵی زمان له‌به‌رچاوه له به‌خشینی نه‌مری به ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كه و نووسه‌ره‌كه‌ی، واته زمانی باڵای شیعر یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته‌كانی شیعری هاوچه‌رخی كوردی. هۆنیار، وه‌ك ڕۆشنبیرێكی پایه به‌رز، په‌نا ده‌باته به‌ر زمانی یه‌كگرتووی میلله‌ته‌كه‌ی نه‌ك شێوازی ناوچه‌كه‌ی بۆ سوود وه‌رگرتن له ڕۆڵی زمان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆری خوێنه‌راندا. كاتێك كه ده‌ڵێین شیعر یان ئه‌ده‌ب زمانه، مه‌به‌ستمان لایه‌نی ده‌ربڕینی ئه‌ده‌بییه، چونكه زمان كه‌ره‌سه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی په‌یامی ده‌ربڕینه بۆ خستنه‌ڕووی بیر و بۆچوونه‌كانی هۆنیار. ئه‌م لایه‌نه‌ی ده‌ربڕین به‌های خۆی هه‌یه، چونكه نووسه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ڕێی جۆره ده‌ربڕینێكی جوان و سه‌رنجڕاكێشه‌وه كاریگه‌رییه‌ك به ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی ببه‌خشێت، واته ئه‌ركی ده‌ربڕینی جوان و كاریگه‌ر یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته‌كانی شیعری هاوچه‌رخی كوردی.
كه‌واته هۆنیار مرۆڤێكه له‌نێو ژینگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ژێ، هه‌مان شێوه‌زاری ئه‌وان له ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆی به‌كارده‌هێنێ، به‌ڵام بۆ نووسین و داڕشتنی هۆنراوه‌كانی په‌نا ده‌باته به‌ر زمانێكی یه‌كگرتووی ستانده‌ر بۆ فره‌وانكردنی بازنه‌ی تێگه‌یشتنی خوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بۆ ده‌قی شیعره‌كانی. هه‌روه‌ها زمانێكی شیعریی باڵا به‌كارده‌هێنێ بۆ زیادكردنی كاریگه‌ریی زمانی شیعره‌كانی له هزر و بیری خوێنه‌رانی. بۆیه ده‌كرێ بڵێین ” جیاوازییه‌كی ڕیشه‌یی له‌نێوان زمانی قسه‌كردنی ڕۆژانه و زمانی ده‌قه شیعرییه‌كاندا هه‌یه، ئه‌م جیاوازییه له‌و ئه‌رك و كاته‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه شاعیرێك پێویستییه‌تی تا شیعره‌كه‌ی به‌رهه‌م دێنێ، له كاتێكدا قسه‌كه‌ری ئاسایی هیچ پێویستی به ئه‌رك و كات نییه بۆ ڕێكخستنی قسه‌كانی و به‌بێ هه‌ڵوه‌سته‌كردن هه‌رچی بیه‌وێ ده‌یڵێ “(24).
زمانی ده‌قی شیعری كوردیی هاوچه‌رخ هه‌ندێ لایه‌نی لادانی زمانه‌وانی تێدا هه‌یه له ڕووی به‌كارهێنانی وشه‌ی فه‌رهه‌نگیی تازه و واتادار و كاریگه‌ر، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی خاوه‌ن ئیدیۆمی تایبه‌ت و په‌نابردنه به‌ر به‌كارهێنانی ڕسته‌ی شیعریی زۆر كورت یان زۆر درێژی سه‌رنجڕاكێشی پڕ له ئه‌ندێشه‌ی هونه‌ری، به پێچه‌وانه‌ی ئاخاوتنی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی كه‌وا پڕه له وشه‌ی ساده و ده‌سته‌واژه و ڕسته‌ی خاوه‌ن واتای ڕاسته‌وخۆ، چونكه ” لادانی واتایی شكاندنی یاساكانی دیوی ناوه‌وه‌ی زمانن، پێوه‌ندییه‌كی پته‌ویان به گۆڕینی مه‌به‌ست و واتا و تێگه‌یشتنه‌وه هه‌یه، واتا نه‌ك هه‌ر واتای سه‌رده‌م ده‌گۆڕن بگره ده‌بنه بار و ئه‌رك بۆ گوێگریش “(25). واته لادانی شیعریش یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته‌كانی شیعری هاوچه‌رخی كوردی، بۆ نموونه (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر و ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی) به ناوبانگترین هۆنیاری هاوچه‌رخن له بواری لادانی شیعریدا، بۆ نموونه ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی له هۆنراوه‌ی (شا لالش) نه خاڵبه‌ندی هه‌یه، نه دێر و ڕسته شیعرییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی نووسراون، نه وشه‌كانی به‌شێوه‌ی ئاسایی نووسراون :
فۆرمه كافره‌كانی
له‌شكری عه‌با
شه‌رابم دا
ئه‌سپه سفر
خۆره‌كانی
ژنێكی ئۆپێرا
شا
لا
لش
شا
گۆسكه‌كانی له ئه‌سپه
سفر خۆره‌كانی
له‌شكری عه‌با
شه‌راب نا
ژنێكی ئۆپێرا
فۆرمه كافره‌كانی
هاویشته گۆسكه‌كانی
شا لالش شا
ئه‌م جۆره گه‌مه زمانییه له زۆربه‌ی هۆنراوه‌كانی ئه‌م هۆنیاره به‌رچاو ده‌كه‌وێت وه‌ك شه‌قڵێكی تایبه‌تی شێوازی هۆنراوه‌كانی، واته له‌تكردنی بڕگه‌كانی هه‌ندێ له وشه‌ی نێو هۆنراوه‌كانی و، ته‌واو نه‌كردنی دێڕه شیعره‌كانی و، دیارنه‌بوونی سنووری ڕسته‌ی شیعریی نێو هۆنراوه‌كانی و، لێڵی و ته‌مومژیی واتای هه‌ندێ له وشه‌كانی، ئه‌مانه سیمای سه‌ره‌كیی داڕشتنی زمانی نێو هۆنراوه‌كانی ئه‌نوه‌ر مه‌سیفییه، كه‌وا زۆربه‌ی خوێنه‌رانی له‌به‌ر ئه‌م جۆره زمانه و تێنه‌گه‌یشتن له ناوه‌رۆكی هۆنراوه‌كانی زووتر نابنه لایه‌نگری هۆنراوه‌كانی. ئه‌م جۆره گه‌مه‌یه له بواری زمانی شیعریدا لای (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) دوو ئاراسته‌ی دیكه‌ی هه‌یه : یه‌كه‌میان گه‌مه‌ی دووباره كاری له زمانی هۆنراوه‌كه به شێوه‌یه‌كی ئه‌ستوونی تا به‌هۆیه‌وه جۆره كاریگه‌رییه‌كی ده‌روونی به وشه و ده‌سته‌واژه دووباره‌كراوه‌كه بدات، وه‌ك له‌م نموونه‌ی خواره‌وه ده‌رده‌كه‌وێ :
باز له گه‌رمایی ئاگری پیس نه‌بوو فامی كرد بۆنی ڕیایی له ده‌نووكی سڕی
پڕ له سۆز به‌ته‌واوی ڕازه‌كانی براده‌رایه‌تیت له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستێ
كتێبی چاره‌نووس داده‌گیرسێ ده‌روونت ده‌گا به دره‌وشانه‌وه
پڕ له بێگه‌رد به‌ته‌واوی ڕازه‌كانی براده‌رایه‌تیت له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستێ
كتێبی چاره‌نووس داده‌گیرسێ ده‌روونت ده‌گا به دره‌وشانه‌وه
پڕه له به‌نده ناس به‌ته‌واوی ڕازه‌كانی براده‌رایه‌تیت له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستێ
كتێبی چاره‌نووس داده‌گیرسێ ده‌روونت ده‌گا به دره‌وشانه‌وه
پڕ له جه‌ربه‌زه به‌ته‌واوی ڕازه‌كانی براده‌رایه‌تیت له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستێ
كتێبی چاره‌نووس داده‌گیرسێ ده‌روونت ده‌گا به دره‌وشانه‌وه
منداڵی به‌ره‌و ئاگری پیس نه‌بوو هه‌نگاومان پێ هه‌ڵده‌هێنێ
چاره‌نووس به‌ره‌و ئاگری پیس نه‌بوو هه‌نگاومان پێ هه‌ڵده‌هێنێ
شكۆ به‌ره‌و ئاگری پیس نه‌بوو هه‌نگاومان پێ هه‌ڵده‌هێنێ(26)
دووه‌میان له ئاقارێكی تازه‌ی شیعری كوردیی هاوچه‌رخدا هه‌موو فه‌رهه‌نگی هۆنراوه‌كه بریتییه له ته‌نیا به‌كارهێنانی وشه‌ی (بۆ) بۆ (100) جار :
بۆ
بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ بۆ
بۆ بۆ
بۆ (27)
هۆنیار ده‌بێ جۆره زمانێكی پاراو له‌نێو ده‌ربڕینی ده‌قه شیعرییه‌كه‌یدا به‌كار بهێنێ، هه‌روه‌ها ده‌بێ جۆره زمانێكی ڕازێنراو به‌كاربهێنێ بۆ به‌خشینی كاریگه‌ری به په‌یامی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كه‌یدا. پ. د. محه‌مه‌د مه‌عرووف فه‌تاح له‌باره‌ی تایبه‌تیی زمانی شیعره‌وه ده‌ڵێت : ” به‌پێچه‌وانه‌ی زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانه زمانی چیڕۆك و زمانی زانسته‌كان، زمانی شیعر دیارده‌یه‌كی ته‌واو ئاڵۆزه، چونكه نه كات (مێژوو)، نه شوێن (جوگرافیا) نه ڕێزمان، نه یاساكانی واتاسازی، نه ڕێنووس سنووری بۆ ناكێشن و له ده‌سته‌ڵاتی كه‌م ناكه‌نه‌وه “(28). هۆنیار وه‌ك مرۆڤێكی خاوه‌ن هه‌ستێكی ناسك له‌نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌یدا، هه‌روه‌ها وه‌ك كه‌سێكی داهێنه‌ری خاوه‌ن جۆره توانایه‌كی باش له داڕشتنی هۆنراوه‌كه‌ی، ده‌بێ توانا و شاره‌زایی هه‌بێ له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و وشانه‌ی له‌نێو زمانی باڵای هۆنراوه‌كه‌ی به‌كاری ده‌هێنێت. كه‌واته له‌نێوان هۆنیار و مرۆڤی ئاسایی نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ی جیاوازی هه‌یه له‌ڕووی به‌كارهێنانی زمانه‌وه” ئه‌گه‌ر مرۆڤی ئاسایی ته‌نیا توانای ڕه‌سه‌نایه‌تی تێدابێ، ئه‌وا شاعیر دوو توانای دراوه‌تێ: توانای ڕه‌سه‌نایه‌تی كه توانایه‌كه له هه‌موو ئاخێوه‌رێكدا هه‌یه و له پیاده‌كردنی ته‌واوی یاساكانی زمانه‌كه‌وه دێ، توانای داهێنان كه به‌زۆری له شاعیردا هه‌یه له به‌زاندنی یاساكانی زمانه‌وه دێ”(29).
ده‌كرێ بڵێین ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، كه‌وا خۆی به نه‌وه‌ی هه‌فتاكانی شیعری كوردی داده‌نێت، هۆنیارێكی به‌ناوبانگه له‌بواری گه‌مه‌ی زمانی شیعری ، له‌بواری لادان له زمانی شیعری خاوه‌ن داهێنانی تایبه‌تیی خۆیه‌تی. بۆ نموونه، جگه له‌وه‌ی به هیچ شێوه‌یه‌ك خاڵبه‌ندی له‌نێو هۆنراوه‌كانی به‌كار ناهێنێت كه‌وا گرینگیی خۆی هه‌یه له‌بواری ڕسته‌ی شیعریدا. ده‌ستێكی باڵای هه‌یه له ده‌ستكاری واتای شیعری له‌ڕووی فه‌رهه‌نگی و وشه‌سازییه‌وه. بۆ نموونه له‌نێو هۆنراوه‌كانیدا چه‌ندین وشه‌ی تازه و نوێباوی هێناوه‌ته جیهانی هۆنراوه‌كانییه‌وه، له‌وانه‌یه هه‌ندێ له‌م وشانه كه‌سانی گونده‌كه‌ی خۆی یان خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی به‌كاری بهێنن، به‌ڵام پێشتر له‌نێو شیعری كوردیدا به‌رچاومان ناكه‌وێت. بۆ نموونه وشه‌ی لێكدراوی (خۆر باران)، كه ناونیشانی هۆنراوه‌یه‌كیتی له‌نێو یه‌كه‌م كۆشیعری ئه‌م هۆنیاره به‌هه‌مان ناونیشان له ساڵی 1978 چاپی كردووه، له شێوه‌زاری هه‌ولێریدا به واتای (خۆڵ باران) دێت كاتێك با و تۆزێكی زۆر هه‌ڵبكات و پاشتر بنیشێته‌وه دروست ده‌بێت، به‌ڵام له فه‌رهه‌نگۆكی (جارێكی تر خۆر باران)، كه‌وا ناونیشانی دووه‌م كۆشیعریه‌تی له ساڵی 1984 چاپی كردووه، واتای خۆرباران به‌م شێوه‌یه لێكده‌داته‌وه ” خۆر باران دوو واتای هه‌یه :
1- خۆڵ باران
2- به‌هاران جاروبار له‌و كاته‌ی كه به‌شێكی زۆری ئاسمان هه‌ور دای ده‌گرێ ته‌نیا شوێنێك نه‌بێ له‌وێش ڕۆژ ستوونی دێته خوارێ. من ئه‌و شوێنه‌م مه‌به‌سته”.
هه‌روه‌ها وشه‌یه‌كی وه‌ك (غه‌ره) كه‌وا به‌لای خه‌ڵكی كاتێك ده‌ڵێن (ناوچاوانی غه‌ره) واتای (خراپ یان نانبڕه)، كه‌چی ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی به‌واتای (مه‌رقه‌د، گۆڕی پیاو چاكان، كه‌ڵه‌كه به‌رد) به‌كاری ده‌هێنێ.
له بواری ئه‌ده‌بدا دوو جۆری ئه‌ده‌بی سه‌رزاری و نووسراو هه‌یه، ئه‌ده‌بی سه‌رزاری واته ئه‌ده‌بی فۆلكلۆری كه‌وا زۆر نزیكتره له زمانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی، به‌ڵام زمانی ئه‌ده‌بی نووسراو ئه‌گه‌ر خاوه‌ن فۆرمێكی هونه‌ری بوو ئه‌وسا زمانه‌كه‌ی جیاواز ده‌بێت له زمانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی، جیاوازییه‌كه‌ش له ڕووی به‌كارهێنانی شێوازه‌كانه، هه‌روه‌ها له‌ڕووی گه‌ڕانه به‌دوای وشه‌ی فه‌رهه‌نگی و ڕه‌وانبێژی كه‌وا ده‌بێته لایه‌نێكی گرینگ له جۆری زمانی نێو ئه‌م جۆره به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییانه. لێره‌دا هه‌رچه‌ند زمانی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كه ناسكتر بێت و له‌گه‌ڵ هه‌ستی ناخه‌وه‌ی مرۆڤدا بدوێ – وه‌ك شیعر – ئه‌وسا زمانی ئه‌م جۆره به‌رهه‌مانه ده‌بێته خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی خۆی. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بڕوانینه ئه‌م دوو كۆپله هۆنراوه‌ی گۆران ده‌رك به‌وه ده‌كه‌ین چه‌ند زمانه‌كه‌ی سه‌رنجڕاكێش و ناسكه و به ئاسانی له‌به‌ر ده‌كرێت :
له‌ژێر ئاسمانی شینا،
له‌پاڵا لووتكه‌ی به‌فرینا،
كوردستان گه‌ڕام،
دۆڵاو دۆڵا پێوام،
نه له شار و نه له دێ،
نه‌مدی كه‌س
وه‌ك تۆ جوان بێ !
تۆیت و به‌س(30)
هه‌روه‌ها گۆران له هۆنراوه‌ی (له درزی په‌چه‌وه) هه‌مان شێوازی له بینای زمانه‌كه‌ی به‌كارهێناوه به شێوه‌یه‌ك خوێنه‌ر و گوێگره‌كه‌ی هه‌ست ده‌كات گۆران جلوبه‌رگێكی جوانی وه‌به‌ر ئه‌م جۆره وشانه‌ی كردووه بۆ وێنه‌كێشانی تابلۆیه‌كی تایبه‌تی ژیانی خۆی له حاڵه‌تێكی تایبه‌ت و ناسكدا :
جاده چۆڵا و سێبه‌ر بوو، كاتی به‌یانی،
ئه‌ڕۆیشتم خه‌یاڵاوی ئه‌مڕوانی :
بۆ سه‌وزایی ده‌وروپشتم، بۆ ئاسمان،
بۆ شاخی به‌رز، خانووی تازه، دنیای جوان..
لێره‌دا ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ین زمانی په‌خشان زمانی لۆجیك و ئه‌قڵه زیاتر له‌نێو ده‌ستووری زمانی نه‌ته‌وه‌كه پێڕه‌و ده‌كرێت، به‌ڵام زمانی شیعر زمانی هه‌ست و سۆزه هۆنیار هه‌ندێ جار له‌م ده‌ستووره ده‌رده‌چێت له حاڵه‌تی سازدانی كێش و سه‌روای هۆنراوه‌كه، ئه‌مه‌ش له ڕووی پێش و پاش خستنی به‌شه‌كانی ڕسته (بكه‌ر و به‌ركار و كردار) بۆیه له زمانی عه‌ره‌بیدا ده‌وترێ (یجوز للشاعر ما لا یجوز لغیره – بۆ هۆنیار هه‌یه ئه‌وه‌ی بۆ كه‌سانی دیكه نییه).
زمان ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یییه و ئه‌ده‌بیش به‌رهه‌مێكی سه‌رخانی زمانی نه‌ته‌وه‌یه پێویستی به‌م جۆره زمانه هه‌یه، هه‌روه‌ها زمان ئامرازی ئه‌دیبه بۆ ده‌ربڕینی بیر و بۆچوونه‌كانی له‌نێو په‌یامی به‌رهه‌مه‌كه‌یدا، زمانیش ده‌بێته جلوبه‌رگ و قاوغێك بۆ بیری نێو په‌یامی ده‌قه‌كه. واته زمان بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی بیره‌كه ده‌بێته جلوبه‌رگێكی قه‌شه‌نگ بۆ ئارایشكردنی بیره‌كه و به‌خشینی لایه‌نێكی جوانی‌و ئێستێتاتیكی به ده‌قه‌كه. زمان وه‌ك به‌شێكی شێوه‌ی (Form) ده‌قی ئه‌ده‌بی كاریگه‌رترین لایه‌نه بۆ به‌خشینی جوانی به شێوازی هونه‌ریی ده‌قنووسه ئه‌ده‌بییه‌كه. زمان به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی له بواری وشه‌ی واتادار و ده‌لاله‌ته‌كانییه‌وه بووه‌ته یه‌كێك له لایه‌نه گرینگه‌كانی شێوه و شێوازی هه‌موو به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی، هه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ش وه‌ها له ئه‌ده‌ب ده‌كات به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ببێته خاوه‌ن سیمایه‌كی هیمایی.
توانای داهێنانی هۆنیار له بواری زماندا له‌وه ده‌رده‌كه‌وێ وشه‌یه‌ك به‌كاربهێنێ بتوانێ زیاتر له واتا و ده‌لاله‌تێك ببه‌خشێ له‌ڕووی ڕه‌گه‌زدۆزی شوێنی دیاری هه‌بێ، هه‌روه‌ها هۆنیار توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ دوو وشه‌ی دژ یه‌ك له‌نێو وێنه هۆنراوه‌یییه‌كه‌ی بۆ خزمه‌تی بیر و ئامانجی سه‌ره‌كی هۆنراوه‌كه و وێنه بابه‌تییه‌كه‌ی كۆبكاته‌وه. كه‌واته پێویسته هۆنیار له ڕوانگه‌ی ته‌قلیدی و لاساییكردنه‌وه دوور بكه‌وێته‌وه له‌كاتی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵا زمانی هۆنراوه‌یی كه به‌هونه‌ری وشه‌یی داده‌نرێت.
زمانی نێو وێنه‌ی بابه‌تیی به‌هۆی لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی وه‌ك وشه و فرێز و ڕسته‌كانه‌وه ڕۆڵێكی واتاداری و ده‌لالی ده‌نوێنێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌م بایه‌خدانه به پیته پێكهێنه‌ره‌كانی وشه هه‌ڵبژێراوه‌كان له‌ڕووی فۆنه‌تیكی و ده‌روونییه‌وه، هه‌روه‌ها بایه‌خدانی هۆنیار به وشه و فرێز و ڕسته پێكهێنه‌ره‌كانی زمانی وێنه هۆنراوه‌یییه‌كانی له‌نێو زمانی گشتی وێنه بابه‌تییه‌كه قه‌ت وه‌ها له زمان ناكات ببێته ڕازاندنه‌وه‌یه‌كی نه‌قشكاری.
بیركردنه‌وه ڕووی ناوه‌وه‌ی وێنه‌ی بیر و چه‌مكه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام نووسین ڕووی ده‌ره‌وه‌ی وێنه‌ی بیر و چه‌مكه‌كه‌یه‌تی و، له هه‌ردوو ڕووه‌كه‌وه جۆره زمانێك بۆ ده‌ربڕینی بیره‌كه به‌كارده‌هێنرێت پێویسته توانای كاركردنی له جۆری بیركردنه‌وه‌ی په‌یاموه‌رگره‌كه هه‌بێ له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنی چه‌ندین وشه‌ی واتاداری كاریگه‌ر، كه جیاواز بێ له‌زمانی ئاخاوتنی ( Speak) ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی. كه‌واته زمانی نووسین باڵاتر و كاریگه‌رتر و نه‌مرتره له زمانی ئاخاوتن.
واته زمان له‌نێو هۆنراوه‌دا پێویسته وه‌ك ئامرازێك نه‌ك ئامانج مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێ، چونكه زمان ئه‌گه‌ر بووه ئامانجی هۆنراوه‌كه ئه‌وسا هۆنراوه‌كه و وێنه بابه‌تییه‌كه‌ی ده‌بێته قاوغێكی زمانه‌وانیی بارگران به‌سه‌ر په‌یاموه‌رگره‌وه، بۆیه ڕێبازی بونیادگه‌ری – Structuralism نه‌یتوانیوه هۆنیار و چیڕۆكنووس و شانۆنامه‌نووس دروست بكات، به‌ڵام توانیویه‌تی چه‌ند لێكۆڵه‌رێك له‌م بواره‌دا دروست بكات به‌دوای چۆنێتی ڕیزكردنی فۆنیمه‌كانی هه‌ر مۆرفیمێك بگه‌ڕێن‌و، به‌دوای ژماره‌ی فۆنیمه‌كان، یان مۆرفیمه‌كان له‌نێو ڕسته‌دا بگه‌ڕێن‌و، له سروشتی بینای زمانه‌وانیی هۆنراوه‌كه و ڕسته و ده‌سته‌واژه‌كانی بكۆڵنه‌وه تا لایه‌نی سیسته‌می زمانه‌وانی هۆنراوه‌كه و وێنه‌كانی بۆ هۆنیار و خوێنه‌رانی شیته‌ڵا بكه‌نه‌وه. لێره‌دا پێویسته ئه‌وه ڕوون بكه‌ینه‌وه زۆری به‌كارهێنانی یه‌ك فۆنیم، یان مۆرفیم له‌نێو ڕسته‌كانی هۆنراوه‌كه ده‌لاله‌تی ئاره‌زوویه‌كی دروستكه‌رانه‌ی هۆنیار له‌م بواره‌دا ڕاناگه‌یه‌نێ هه‌روه‌ك چۆن كه‌میی به‌كارهێنانی فۆنیمێك، یان مۆرفیمێك ده‌لاله‌تی شه‌ره‌فداری و زۆر بایه‌خی ئه‌م فۆنیم و مۆرفیمه ڕاناگه‌یه‌نێ، به‌ڵكو ده‌توانین له‌ڕووی ده‌لاله‌تی ده‌روونییه‌وه واتای ئه‌و مۆرفیمانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، چونكه هه‌ندێ وشه‌ی وه‌ك (ئاسمان، ئه‌ستێره، خۆر، ئاو، ژیان، به‌هار) ده‌لاله‌تی خۆشی به‌خشن له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێ وشه‌ی دیكه‌ی وه‌ك (تاریك، ئازار، به‌ندیخانه، نه‌خۆشخانه، مردن) ده‌لاله‌تی ناخۆشی به‌خشینن له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه. ئه‌م جۆره وشانه ڕۆڵی كاریگه‌ریی خۆیان هه‌یه له بینای وێنه ده‌روونییه‌كاندا. لێره‌دا پێویسته هۆنیار لایه‌نی وشه‌بازی نه‌كاته دوا په‌یام و ئامانجی هۆنراوه‌كه‌ی، چونكه هۆنیاریش ئه‌ركی ئاسانكردنی تێگه‌یشتنی هۆنراوه‌كه‌ی له‌سه‌ره به‌رانبه‌ر كۆششی خوێنه‌ر و په‌یاموه‌رگر بۆ چێژوه‌رگرتن له ده‌قی هۆنراوه‌كه و، نه‌مریی هۆنراوه له یادی خوێنه‌ردا پابه‌نده به‌جۆری زمانی هۆنراوه‌كه و وێنه بابه‌تییه‌كه‌ی.
داهێنان له بواره‌كانی زمانی شیعری هه‌میشه فاكته‌رێكی گرینگی نوێبوونه‌وه‌ی شیعری كوردی بووه له كۆنه‌وه تا ئه‌م ڕۆژگاره، لێره‌دا ده‌كرێ پێناسه‌ی داهێنانی شیعری به‌وه بكه‌ین ” توانایه‌كی تایبه‌ته، به زۆری له زمانی شیعردا ده‌بینرێ و پێویست ده‌بێ ئه‌گه‌رچی ده‌كرێ له هه‌ندێ شێوازی تری ئه‌ده‌بدا هه‌بێت “(31). هۆنیار بۆ داهێنان و نوێكردنه‌وه‌ی زمانی شیعریی هۆنراوه‌كانی سوودێكی باش له بواری كێڵگه‌ی زمانی ڕه‌سه‌نی كوردی وه‌رده‌گرێت، چونكه نوێكردنه‌وه‌ی زمانی شیعری پێوه‌ندییه‌كی زۆری به زمانه ڕه‌سه‌نه‌كه‌وه هه‌یه. كه‌واته ” تا ڕه‌سه‌نایه‌تی نه‌بێ، داهێنان نایه‌ته كایه‌وه، واته تا شاعیر شاره‌زایی له یاساكانی زمانه‌كه‌دا نه‌بێ، ناتوانێت له‌م یاسایانه لابدات یان بیانبه‌زێنێ “(32).
داهێنانی شیعری زۆر جار به واتای به‌كارهێنانی شتی تازه‌ی نوێباو دێت كه‌وا پێشتر به‌كار نه‌هاتبێ، به‌كارهێنانی وشه‌ی تازه‌ی هه‌ڵبژێراو له گه‌نجینه‌ی زمانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی هۆنیار یه‌كێكه له به‌ڵگه‌كانی هه‌بوونی داهێنانی شیعری. له‌م باره‌یه‌وه پ.د. محه‌مه‌د مه‌عرووف فه‌تاح ده‌ڵێت : ” به‌كارهێنانی وشه‌ی نوێباو له شیعری كوردیدا دیارده‌یه‌كی نوێ نییه و هه‌ر له كۆنه‌وه تا ئێسته به‌رده‌وامه، هه‌ندێ جاریش لادانه‌كه له‌وه‌دایه كه یاسایه‌كی وشه‌ڕۆنان ده‌گشتێنرێ. واتا شێوه‌یه‌كی بڵاوتری ده‌درێتێ و به‌سه‌ر وشه‌دا پیاده ده‌كرێ كه له‌وه‌پێش له‌سنووری ئه‌و یاسایه‌دا نه‌بووه “(33).
هه‌وڵدانی هۆنیار بۆ زۆركردنی ژماره‌ی هۆنراوه نه‌مره‌كانی له یادی خوێنه‌راندا ئه‌ركێكی پیرۆزه له‌ڕێی زمانێكی قورس و ڕه‌مزی نایه‌ته دی، بگره له‌ڕێی زمانێكی ڕه‌وان و باوی نێو خه‌ڵكییه‌وه دێته دی، هه‌روه‌ها ئه‌م جۆره زمانه ڕه‌وان و باوه‌ی نێو خه‌ڵكی ڕۆڵی خۆی هه‌یه له به‌خشینی مۆركێكی واقیعی به‌جیهانی هۆنراوه‌كه.
هه‌موو هۆنراوه‌یه‌ك له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه له چه‌ند ڕسته‌یه‌ك پێكدێت، هه‌رچه‌ند ڕسته‌ی هۆنراوه‌یی كورت بێ ئه‌وه‌نده ئاسانتر له‌به‌ر ده‌كرێ و له یادی خوێنه‌ردا به نه‌مری ده‌مێنێته‌وه، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه ئه‌نجام ڕووده‌دات ئه‌گه‌ر هۆنیار كه‌مته‌رخه‌می كرد له بواری بایه‌خدان به جۆری ڕسته‌كانی نێو هۆنراوه‌كه و په‌نای بۆ هه‌ندێ ڕسته‌ی درێژ برد.
له‌نێو ڕسته‌كانی هه‌ر هۆنراوه‌یه‌ك جۆره وه‌ستان و پشوویه‌ك هه‌یه خوێنه‌ر ده‌ركی پێده‌كات، به‌ڵام له‌نێو دێڕه‌كانی ڕسته‌ی هۆنراوه‌ییشدا جاروبارێك ئه‌و جۆره وه‌ستان و پشووه به‌دی ده‌كرێ و، له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ژماره‌ی جاره‌كانی وه‌ستان و پشوودان پابه‌نده به‌شێوازی زمانه‌وانیی هۆنیاره‌كه له بینای ڕسته‌كانی نێو هۆنراوه‌كه‌ی. له‌م ڕۆژگاره‌دا وشه‌كانی یه‌ك ڕسته‌ی شیعری به‌سه‌ر چه‌ند دێڕێكی پۆسته‌ره شیعرییه‌كه دابه‌ش ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له‌نێو هۆنراوه‌ی هه‌ندێ هۆنیاردا سنووری نێوان ڕسته‌كان نازانرێت له‌به‌ر فه‌رامۆشكردنی لایه‌نی خاڵبه‌ندی له‌نێو دێڕه‌كانی هۆنراوه‌كه، به‌ڵام ئه‌م دوو دیارده‌یه له‌نێو هه‌ندێكی دیكه‌ی هۆنراوه‌ی كوردی هه‌بوونی نییه.
ئه‌نجـام
1- ئه‌گه‌ر زمانی كوردی ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییی مرۆڤی كورد بێت، ئه‌وا زمانی شیعریش ناسنامه‌یه‌كی داهێنانی شیعرییه به‌های هونه‌ریی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه.
2- زمانی شیعری وه‌ك زمانێكی باڵا جیاوازه له زمانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی.
3- زمانی شیعری وه‌ك بوونه‌وه‌رێك له ئۆرگانی شیعری خاوه‌ن هه‌ندێ خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی خۆیه‌تی.
4- دیارترین لایه‌نه‌كانی زمانی شیعری له‌وه‌دایه هۆنیار (شاعیر) به ئه‌نقه‌ست هه‌ندێ ڕسته و ده‌سته‌واژه‌ی نێو ده‌قه‌كه‌ی هه‌ڵده‌بژێرێ له‌ڕووی سه‌رسوڕمان و پرسیاركردن و ئه‌رێ و نه‌رێ و ڕسته‌ی واتادار و جۆره‌كانی ڕسته‌وه.
5- له توانای زمانی شیعریدا هه‌یه خوێنه‌ر بباته نێو ناخی ژیانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی، یان دووری بخاته‌وه له ڕاستیی ژیانی خۆی، به‌پێی ئه‌و جۆره زمانه شیعرییه له‌نێو جیهانی هۆنراوه‌كه به‌كارهاتووه.
6- زمانی شیعری له‌نێو هه‌ردوو جۆری شیعری كلاسیكی و نوێ‌دا هه‌ندێ جیاوازی به خۆیه‌وه ده‌بینێ، زمانی شیعری له هۆنراوه‌ی كلاسیكیدا توانای شیعریی هۆنیار ده‌رده‌خات له به‌كارهێنانی جۆره زمانێك به هۆیه‌وه جیا ده‌كرێته‌وه له هۆنیارانی دیكه، به‌ڵام ئه‌م دیارده‌یه له شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا هه‌بوونی نییه، بگره زیاتر له‌بواری شێوازی داڕشتنی شیعریدا ڕۆڵی گرینگیی خۆی هه‌یه.
7- له شیعری نوێ و په‌خشانه شیعردا سروشتی زمان ده‌قاوده‌ق وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌نێو شیعری كلاسیكیدا نییه، چونكه به حوكمی ئه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شیعری نوێ به جۆره نوێكردنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌وتی شیعر داده‌نرێ.
8- هه‌ندێ جار وشه‌ی نێو زمانی هۆنراوه‌ی هاوچه‌رخی كوردی خاوه‌ن واتای ڕوونی تایبه‌تی خۆیه‌تی، به‌ڵام هۆنیار به‌ئه‌نقه‌ست به‌شێوه‌یه‌كی ئاڵۆز واتای وشه‌كانی نێو هۆنراوه‌كه‌ی ده‌چنێ، له ئه‌نجامدا خوێنه‌ر سه‌ری لێ ده‌شێوێت به ئاسانی له واتای گشتیی هۆنراوه‌كه تێ ناگات.
9- زمانی ده‌قی شیعری كوردیی هاوچه‌رخ هه‌ندێ لایه‌نی لادانی زمانه‌وانی تێدا بێت له ڕووی به‌كارهێنانی وشه‌ی فه‌رهه‌نگیی تازه و واتادار و كاریگه‌ر، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی خاوه‌ن ئیدیۆمی تایبه‌ت و په‌نابردنه به‌ر به‌كارهێنانی ڕسته‌ی شیعری زۆر كورت یان زۆر درێژی سه‌رنجڕاكێشی پڕ له ئه‌ندێشه‌ی هونه‌ری.
10- هه‌موو هۆنراوه‌یه‌ك له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه له چه‌ند ڕسته‌یه‌ك پێكدێت، هه‌رچه‌ند ڕسته‌ی هۆنراوه‌یی كورت بێ ئه‌وه‌نده ئاسانتر له‌به‌ر ده‌كرێ و له یادی خوێنه‌ردا به نه‌مری ده‌مێنێته‌وه، ئه‌م جۆره دیارده‌یه زیاتر و زۆرتر له ڕێزمانی شیعری كوردیی هاوچه‌رخدا به‌رچاو ده‌كه‌وێت.
———————————————-
په‌ڕاوێزه‌كان
• د. ئازاد ئه‌حمه‌د مه‌حموود – بونیاتی زمان له شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا، چ/2، له بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی ژماره (188)، چاپخانه‌ی حاجی هاشم، هه‌ولێر،2012، ل17
• هه‌مان سه‌رچاوه، ل10
• هه‌مان سه‌رچاوه، ل144
• هه‌مان سه‌رچاوه، ل149
• هه‌مان سه‌رچاوه، ل136
• محه‌مه‌د عه‌بدولكه‌ریم ئیبراهیم – پێكهاته‌ی زمانی شیعری له ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی نوێوه، چاپخانه‌ی حاجی هاشم، هه‌ولێر، 2012، ل 19
• دیوانی نالی – مه‌لا خدری ئه‌حمه‌دی شاوه‌یسی مكایه‌ڵی، لێكۆڵینه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس و فاتح عه‌بدولكه‌ریم / محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم ئه‌ندامی یاریده‌ری كۆڕی زانیاری كورد پیاچووه‌ته‌وه، چا/3، تهران، 1379ی فارسی، ل346
• كه‌ریم شاره‌زا – نالی و زمانی یه‌كگرتووی كوردی، چاپخانه‌ی الادیب، 1984، ل27
• دیوانی گۆران، چاپی دووه‌م، تهران، 1385 فارسی، ل49
• دیوانی شێخ نووری شێخ ساڵح – چاپی دووه‌می بژاركراو، به‌رگی یه‌كه‌م، ئازاد عه‌بدولواحد كۆی كردووه‌ته‌وه و ساغی كردووه‌ته‌وه و له‌سه‌ری نووسیوه، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، هه‌ولێر، 2008، ل 587
• مه‌سعوود محه‌مه‌د – چه‌پكێك له گوڵزاری نالی، چا/3، چاپخانه‌ی ئاراس، هه‌ولێر، 2010، ل52
• سه‌باح ڕه‌نجده‌ر – كۆشیعری سروودی زه‌وی، هه‌ولێر، 2012، ل38
• دیوانی نالی، ل320-321
• د. ئازاد ئه‌حمه‌د مه‌حموود – بونیاتی زمان له شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا، ل142
• قوبادی جه‌لیزاده – دیوانی (شه‌هید به ته‌نیا پیاسه ده‌كات)، چ/2، چاپخانه‌ی ئاراس، 2007، ل23.
• هه‌مان سه‌رچاوه، ل28
• عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف – تاككلی جمزێ و په‌نجا تاكدێڕی تر، گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ، ژ/59، كانوونی دووه‌م، 2013، ل179-185
• هایكۆ چییه؟، وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه : محه‌مه‌د ته‌ره‌غه، گۆڤاری هه‌نار، ژ/83، دیسمبر 2012، ل129-144
• هاشم سه‌ڕاج – شیعری نانۆ، گۆڤاری نه‌وشه‌فه‌ق، ژ/90، كانوونی دووه‌می 2013، ل91-96
• ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی – كۆشیعری (شه‌یتان)، هه‌ولێر، 2003، ل 35
• بورهان ئه‌حمه‌د – كۆشیعری (هه‌ڕه‌شه‌كانی ژنێك)، چاپخانه‌ی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2008، ل36
• پڕۆفیسۆر د. محه‌مه‌د مه‌عرووف فه‌تاح – لێكۆڵینه‌وه زمانه‌وانییه‌كان – كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردنی شێروان حوسێن خۆشناو و شێروان میرزا قادر، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2010، ل418
• به‌لای ڕۆمان یاكۆبسنه‌وه (1896-1982) زمانی باڵا ئه‌و زمانه‌یه كه بۆ قسه‌كردن له‌باره‌ی زمانه‌وه به‌كاردێت، زمانی ئاساییش كه بۆ قسه‌كردن له‌باره‌ی شته‌كانی ده‌وروبه‌ر به‌كاردێت.. بڕوانه : محه‌مه‌د عه‌بدولكه‌ریم ئیبراهیم – پێكهاته‌ی زمانی شیعری له ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی نوێوه، ل 20
• محه‌مه‌د عه‌بدولكه‌ریم ئیبراهیم – پێكهاته‌ی زمانی شیعری له ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی نوێوه، ل 15
• پڕۆفیسۆر د. محه‌مه‌د مه‌عرووف فه‌تاح – لێكۆڵینه‌وه زمانه‌وانییه‌كان، ل418
• سه‌باح ڕه‌نجده‌ر – كۆشیعری (خه‌ون وا خۆی گێڕایه‌وه )، چ/ئاراس، هه‌ولێر، 2004، ل59
• سه‌باح ڕه‌نجده‌ر – كۆشیعری ساڵی سفر، چاپخانه‌ی كه‌مال، سلێمانی، 2010، ل145
• پڕۆفیسۆر د. محه‌مه‌د مه‌عرووف فه‌تاح – لێكۆڵینه‌وه زمانه‌وانییه‌كان، ل401
• 29- هه‌مان سه‌رچاوه، ل 401
• 30- دیوانی گۆران، ل28
31- پڕۆفیسۆر د. محه‌مه‌د مه‌عرووف فه‌تاح – لێكۆڵینه‌وه زمانه‌وانییه‌كان، ل401
32- هه‌مان سه‌رچاوه، ل402
33- هه‌مان سه‌رچاوه
سه‌رچاوه‌كان
• 1- د. ئازاد ئه‌حمه‌د مه‌حموود – بونیاتی زمان له شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا، چ/2، له بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی ژماره (188)، چاپخانه‌ی حاجی هاشم، هه‌ولێر، 2012
• 2- ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی – كۆشیعری (شه‌یتان)، هه‌ولێر، 2003
• 3- بورهان ئه‌حمه‌د – كۆشیعری (هه‌ڕه‌شه‌كانی ژنێك)، چاپخانه‌ی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2008
• 4- كه‌ریم شاره‌زا – نالی و زمانی یه‌كگرتووی كوردی، چاپخانه‌ی الادیب، 1984
• 5- دیوانی گۆران، چاپی دووه‌م، تهران، 1385 فارسی.
• 6- دیوانی شێخ نووری شێخ ساڵح – چاپی دووه‌می بژاركراو، به‌رگی یه‌كه‌م، ئازاد عه‌بدولواحد كۆی كردووه‌ته‌وه و ساغی كردووه‌ته‌وه و له‌سه‌ری نووسیوه، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، هه‌ولێر، 2008
• 7- دیوانی نالی – مه‌لا خدری ئه‌حمه‌دی شاوه‌یسی مكایه‌ڵی، لێكۆڵینه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس و فاتح عه‌بدولكه‌ریم / محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم ئه‌ندامی یاریده‌ری كۆڕی زانیاری كورد پیا چووه‌ته‌وه، چا/3، تهران، 1379ی فارسی
8- سه‌باح ڕه‌نجده‌ر – كۆشیعری (خه‌ون وا خۆی گێڕایه‌وه)، چ/ئاراس، هه‌ولێر،2004
9- سه‌باح ڕه‌نجده‌ر – كۆشیعری ساڵی سفر، چاپخانه‌ی كه‌مال، سلێمانی، 2010
• 10- سه‌باح ڕه‌نجده‌ر – كۆشیعری سروودی زه‌وی، هه‌ولێر، 2012
11- قوبادی جه‌لیزاده – دیوانی (شه‌هید به ته‌نیا پیاسه ده‌كات)، چ/2، چاپخانه‌ی ئاراس، 2007
• 12- عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف – تاككلی جمزێ و په‌نجا تاكدێڕی تر، گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ، ژ/59، كانوونی دووه‌م، 2013
• 13- هاشم سه‌ڕاج – شیعری نانۆ، گۆڤاری نه‌وشه‌فه‌ق، ژ/90، كانوونی دووه‌می 2013
• 14- محه‌مه‌د عه‌بدولكه‌ریم ئیبراهیم – پێكهاته‌ی زمانی شیعری له ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی نوێوه، چاپخانه‌ی حاجی هاشم، هه‌ولێر، 2012
15- د. محه‌مه‌د مه‌عرووف فه‌تاح – لێكۆڵینه‌وه زمانه‌وانییه‌كان – كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردنی شێروان حوسێن خۆشناو و شێروان میرزا قادر، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2010
• 16- مه‌سعوود محه‌مه‌د – چه‌پكێك له گوڵزاری نالی، چا/3، چاپخانه‌ی ئاراس، هه‌ولێر، 2010
• 17- هایكۆ چییه؟، وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه : محه‌مه‌د ته‌ره‌غه، گۆڤاری هه‌نار، ژ/83، دیسمبر 2012، ل129-144