ڕۆمان و ئایدیۆلۆژیا* له گۆشه‌نیگای سۆسیۆده‌قیه‌وه
زاراوه‌ی (سۆسیۆده‌قی) وه‌کوو ڕه‌وتێکی ڕه‌خنه‌یی ڕۆمان له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ریه‌ک له (میخاییل باختین) و ( پییه‌ر زیما) دروست بوو. بێگومان پێشتر له بواری ڕه‌خنه‌ی ڕۆمان و توێژینه‌وه له ڕۆمان، به‌تایبه‌ت له‌به‌ر ڕۆشنایی سۆسیۆلۆژیا ڕه‌وتگه‌لی دیکه هه‌بوون. وه‌کوو پڕۆژه‌ی (سۆسیۆڕۆمانی)ی هه‌ریه‌ک له (جۆرج لۆکاتش) و (لۆسیه‌ن گۆڵدمان). بێگومان ئه‌مانه شیکردنه‌وه و ڕاڤه‌یه‌کی سۆسیۆلۆژیانه‌یان بۆ ئایدیۆلۆژیا له‌نێو ده‌قی ڕۆماندا ده‌کرد. ئه‌م بزووتنه‌وه سۆسیۆلۆژییه له گه‌شه‌کردندا بوو. به‌رانبه‌ر ئه‌و ڕه‌وته، ڕه‌وتێکی ڕه‌خنه‌یی دیکه له بواری ڕۆماندا بۆ ده‌رخستنی پێوه‌ندی ڕۆمان به ئایدیۆلۆژیاوه په‌یدابوو، ئه‌ویش ڕه‌وتی ڕه‌خنه‌یی (سۆسیۆده‌قی)، یان ( سۆسیۆلۆژیا ده‌قی ڕۆمان).
(میخاییل باختین) به کاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی مادییه‌ت و ڕه‌وتی فۆڕمالیسته ڕووسه‌کان و بونیادگه‌ره‌کان بۆچوونه تیۆریی و ڕه‌خنه‌ییه‌کانی له‌باره‌ی ڕۆمانه‌وه په‌ره‌پێدا، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی زیده‌ڕۆیی به‌م کاریگه‌رییه‌وه دیار بێت. بۆچوونه‌کانی له هه‌ردوو کتێبی (مارکسیه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ی زمان) و (شعرییه‌تی دیستۆیفسکی) له ساڵی 1929 نووسی. تا ده‌یه‌ی شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ئه‌م کتێبانه‌ی باختین جێی بایه‌خی توێژه‌ران نه‌بوون. ئه‌م ڕه‌خنه‌گره بۆچوونه‌کانی زێتر پراکتیکی بوون، به‌تایبه‌ت له شیكردنه‌وه‌ی بۆ پێوه‌ندی نێوان ده‌قی ڕۆمان و ئایدیۆلۆژیا، ئه‌مه‌یشی به ڕوونی له کتێبی (مارکسیه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ی زمان) خۆی وه‌دیار ده‌خات. له‌م کتێبه‌دا پێداگری له پێوه‌ندی پته‌وی نێوان زمان و ئایدیۆلۆژیادا ده‌کاته‌وه. (( ئه‌م پێوه‌ندییه پته‌و و به‌ڵگه‌داره‌ی نێوان زمان و ئایدیۆلۆژیا، ڕاسته‌وخۆ ئه‌ده‌بی له بواره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری نزیک کرده‌وه، ئه‌وه‌یش نیشتیمانی ئایدیۆلۆژیایه.))1 لێره‌وه تێده‌گه‌ین ئاماده‌یی شێوه‌ی کۆمه‌ڵگا له ڕۆماندا فره‌یی له بۆچوون و هوشیاری به‌رانبه‌ر دیارده‌کان به‌رهه‌م دێنێت. واتا له‌نێو کۆمه‌ڵگادا ئێمه به‌ر بیرکردنه‌وه‌ی جودا، ئایدیۆلۆژیای جودا، شێوه‌ی ئاخاوتنی جودا ده‌که‌وین، هه‌مان شێوه له ڕۆمانی فره‌ده‌نگدا به‌ر ئه‌م شێوانه ده‌که‌وین.
پێوه‌ندی نێوان زمان و بونیادی کۆمه‌ڵگا و گوزارشتکردن له هوشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌لاله‌تی بوونی ئایدیۆلۆژیایه. به واتای له یه‌که‌مدا ئه‌مه دیارده‌یه‌کی هه‌ستیاری کۆمه‌ڵایه‌تییه، هه‌موو بوونه‌وه‌رێک و گۆڕانکارییه‌ک له‌وێدا ڕێپێدراوه، چونکوو له کۆمه‌ڵێک بیروبڕوا و هوشیاری جوداواز پێکهاتووه. ئه‌م بیروبڕوا و هوشیارییه جوداوازانه به‌ریه‌ک ده‌که‌ون و کار له یه‌ک ده‌که‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی له ده‌قی ڕۆمانی فره‌ده‌نگدا تاکه ئایدیۆلۆژیایه‌ک زاڵ بێت، یان تاکه ده‌نگێک زاڵ بێت. هه‌ر ئه‌مه‌یشه باختین پێداگری له‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، که (( ناتوانین شیکردنه‌وه‌یه‌کی قووڵ و ڕاست بۆ وشه وه‌کوو نیشانه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بکه‌ین، تاکوو له شێوه ئیش‌کردنی وه‌کوو ئامرازێکی هوشیاریی تێنه‌گه‌ین. وشه به‌هۆی ئه‌م ڕۆڵه‌ی وه‌کوو ئامرازێکی هوشیاریی ده‌توانێت ببێته ڕه‌گه‌زێکی بنه‌ڕه‌تی و ناوه‌ندێک بۆ داهێنانی هه‌موو ئایدیۆلۆژیایه‌ک.))2 تاک به‌رهه‌مهێنه‌ری وشه‌یه، که‌واته هوشیاریی تاک واقیعیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایدیۆلۆژیه. لێره‌دا وشه ده‌بێته دیارده‌یه‌کی ئایدیۆلۆژیی له چوارچێوه‌ی بونیادی زمانی، که وه‌کوو سیمبول و دالێک بۆ بارودۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تی گوزارشته. به بۆچوونی باختین هه‌ر ئه‌ندازه‌یه‌کی فکری له‌نێو ده‌قدا ناتوانێ خۆی به‌رجه‌سته بکات، مه‌گه‌ر بارگاوی به ئایدیۆلۆژیایه‌ک بێت. جوڵانه‌وه‌ی زمانیش وه‌کوو ڕه‌گه‌زێک له زۆرترین باردا پێوه‌ندی به فکرێک، ئایدیۆلۆژیایه‌که‌وه ده‌کات. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌لاله‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئایدیۆلۆژی بۆ چینێک، کاره‌کته‌رێک له نێو ده‌قی ڕۆماندا ببه‌خشێت. بۆیه‌یش توێژینه‌وه له هه‌ر ده‌قێکی ڕۆمان، سه‌ره‌تا له وشه‌کانه‌وه ده‌ست پێده‌کات، بێگومان وشه‌کانیش هه‌ڵگری ده‌لاله‌تی ڕاسته‌وخۆن. لێره‌دا توێژینه‌وه‌ی زمانی بۆ ده‌قی ڕۆمان، ته‌نێ توێژینه‌وه‌یه‌کی ڕووتی زمانی نییه، به‌ڵکوو له هه‌ر وشه‌یه‌ک، یان زمانی ده‌قه‌که ڕه‌هه‌ندی فکری و کۆمه‌ڵایه‌تیان به شێوازی ڕۆماننووس له پشته. بۆیه‌یش گوتاری ڕۆمان به هۆی فره‌یی له کاره‌کته‌ر و ئایدیۆلۆژیاکان فره‌جۆره. ئه‌مه (نه‌سه‌قی ئایدیۆلۆژی) پێده‌ڵێن. له‌م ڕۆمانانه خوێنه‌ر به‌ر فره‌یی له زمان و ده‌نگ ده‌که‌وێت. (( ڕۆمان ته‌نێ یه‌ک زمان نییه، ببێته هۆی توێژینه‌وه‌یه‌کی ڕووتی زمانی، به‌ڵکوو له یه‌که‌ی پته‌و و پێوه‌ست به‌یه‌که‌وه پێکهاتووه وه‌کوو چه‌ند زمانی و چه‌ندده‌نگ و شێواز.))3 ئه‌م ده‌نگ و شێوازانه به‌ریه‌ک ده‌که‌ون و کارلێک ده‌که‌ن. به‌شیوه‌یه‌ک واقیعێک له‌نیو ڕۆماندا دروست ده‌بێت، قه‌ناعه‌ت به خوێنه‌ر ده‌کات.
باختین ڕامانێکی ڕه‌خنه‌یی جوداوازی بۆ پێوه‌ندی نێوان ڕۆمان و ئایدیۆلۆژیای به‌رانبه‌ر ڕه‌خنه‌ی سۆسیۆلۆژی سه‌رده‌م بۆ ڕۆمان، که پێیوابوو ده‌قی ڕۆمان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی واقیعه دروست کرد. ئه‌م ڕه‌خنه‌گره له تێگه‌یشتنی بۆ ئێستاتیکای سۆسیۆلۆژیا شێوازی نووسینی ڕۆمانی، بۆ دوو شێواز دابه‌ش کرد. هه‌ریه‌ک له‌م شێوزانه‌یش، شێوازی تایبه‌ت به خۆیان بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زی ئایدۆلۆژیادا هه‌یه. ئه‌وانیش (( ڕۆمانی تاکده‌نگی –مه‌نه‌لۆگی- و ڕۆمانی فره‌ده‌نگی- دیالۆگی-))یه.4 هه‌ریه‌ک له‌مانه به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت هه‌وڵی مه‌زراندنی ئایدیۆلۆژیا ده‌دات. هه‌رچی ڕۆمانی تاکده‌نگه، هه‌ڵگری یه‌ک بیره. یه‌ک ده‌نگ تێیدا بوونی هه‌یه. ڕێ به بیر و فکره‌ی دیکه نادرێت گوزارشت له خۆی بکات. به مه‌رجێک ده‌نگی دیکه له هێندێک باردا ڕێیان پێده‌درێت ده‌نگ هه‌ڵێنن، که خزمه به ده‌نگی سه‌ره‌کیی بکات. جیهانبینی ڕۆماننووس ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ته‌واوی جیهانبینی و فه‌زای ڕۆمانه‌که‌دا هه‌یه. هه‌موو ده‌نگێک له خزمه‌تی ده‌نگی وه‌گێڕی سه‌ره‌کییه، ئه‌ویش نوێنه‌ری ڕۆماننووسه. ده‌نگه‌کانی دیکه‌ی نێو ڕۆمانی تاکده‌نگ ئه‌گه‌ر جاروبارێک ده‌رکه‌ون، ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌یه ئایدیۆلۆژیا و جیهانبینی ڕۆماننووس په‌ره‌پێبده‌ن، یان بیسه‌لمێنن. واتا له‌م شێوازه‌ی نووسینی ڕۆمانه‌دا ڕێ به ململانێی ئایدیۆلۆژی نادرێت، تاکوو فره‌یی له ده‌نگ و بیرکردنه‌وه‌ی جودا دروست نه‌بێت. بۆیه‌یش کاره‌کته‌ره‌کان ناتوانن گوزارشت له خۆیان بکه‌ن، ناتوانن به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ وه‌کوو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن. هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کان وه‌کوو کۆیله ده‌بێ خزمه‌ت به ئایدیۆلۆژیا و بیرکردنه‌وه‌ی ڕۆماننووس بکه‌ن، بۆیه‌یش تاکگوتاری له‌م شێوازه ڕۆمانه‌دا دێته‌کایه‌وه.
شێوازی دووه‌م، که ڕۆمانی دیالۆگییه، یان ڕۆمانی فره‌ده‌نگییه. ئه‌م شێوازه پشتی ته‌واو به ده‌نگی جوایه‌ز، ڕه‌نگی جوایه‌ز، بیرکردنه‌وه‌ی جوایه‌ز ده‌به‌ستێت. ئه‌م شێوازی فره‌ده‌نگه، تیۆری سه‌ره‌کیی باختینه له بواری توێژینه‌وه‌ی له ڕۆمان، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕۆمانه‌کانی دیستۆیفسکی پراکتیکی کرد. هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کان لێره خاوه‌ن ده‌نگی خۆیانن، خاوه‌ن جیهانبینی و چیرۆکی خۆیانن. ئازادن به چ شێوه‌یه‌ک گوزارشت له‌و چیرۆکه‌یان ده‌که‌ن. ڕۆماننووس ناتوانێت ده‌ستبخاته کاروباری کاره‌کته‌ره‌کان، یان خوێنه‌ر بۆ یه‌ک ئایدیۆلۆژیا ئاراسته بکات، به‌ڵکوو به‌هۆی فره‌یی له کاره‌کته‌ره‌کان فره‌یی له ئایدیۆلۆژیا هه‌یه. به‌هۆی ئه‌و ململانێیه‌ی به شێوه‌یه‌کی ئازاد له‌نێوان کاره‌کته‌ره‌کان هه‌یه، کرانه‌وه‌ی جیهانبینی و گوزارشتکردن له ئایدیۆلۆژیا په‌یدا ده‌بێت. هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کان ده‌بنه خاوه‌ن هوشیارییه‌ک، لێره‌وه‌یه خوێنه‌ر ئازاده چۆن ئه‌م کاره‌کته‌ر و ئایدیۆلۆژیایانه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ. لێره‌وه ڕۆمانی فره‌ده‌نگ له‌و شێوازه ڕۆمانه جوایه‌زه، که ده‌ڵێت: ((هوشیاری و ئایدیۆلۆژیا له ده‌قی ڕۆماندا گوزارشتن له هه‌ستی ڕۆماننووس، وه‌گێڕیش جێبه‌جێکاری ئه‌و هه‌سته‌ی ڕۆماننووسه.))5 له ڕۆمانی دیالۆگی (فره‌ده‌نگی) فره‌یی له ئایدیۆلۆژیا له‌نێو ده‌قدا هه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس ده‌سه‌ڵاتی له ئاراسته‌کردنی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایانه‌دا هه‌بێت. شێوازێکی دیموکراسی له‌نێو ده‌قدا شێوه ده‌گرێت.
دیدی سۆسیۆده‌قی (پییه‌ر ڤالێری زیما)، له دیدی سۆسیۆزمانی باختین نزیک ده‌بێته‌وه. واتا نزیکی له‌نێوان ئه‌م دوو ڕه‌خنه‌گره‌دا هه‌یه، هه‌رچه‌نده هه‌ریه‌که‌یان ناوێکی له دیدی خۆی بۆ سۆسیۆلۆژیای ڕۆمان داناوه. ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌خنه‌گره بۆ سۆسیۆده‌قی پێداگری له‌سه‌ر ده‌کات، بوونی سۆسیۆزمانی لای باختینه. باختین زۆر گرینگی به زمانی کۆمه‌ڵایه‌تی کاره‌کته‌ره‌کان ده‌دا، ناوی ئه‌م بۆچوونه‌یشی هه‌ر له‌وه‌وه هاتووه. ئه‌م ڕه‌خنه‌گره‌یش (زیما) پێداگری له‌سه‌ر پێویستی (زمانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان) ده‌کاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه واتای ئه‌وه نییه، (زیما) دیدی سۆسیۆزمانی باختینی تێپه‌ڕ نه‌کات. به‌ڵکوو دیدی سۆسیۆڕۆمانی باختینی، که پێیوایه بونیادی ده‌قی ڕۆمانی له چه‌ند هه‌ڵوێستێکی ئایدیۆلۆژی پێک دێت. ده‌قیش له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه هه‌ڵویستێکی ئایدیۆلۆژی ڕوونه و له‌گه‌ڵ هه‌موو ئایدیۆلۆژیا چه‌سپاوه‌کانی دیکه‌ی نێو ده‌قی ڕۆمان له ململانێدایه.
به بۆچوونی ئه‌م ڕه‌خنه‌گره له سۆسیۆلۆژیا ڕۆماندا، پێویسته شیکردنه‌وه‌ی ده‌ق له ڕێی بونیاته‌کانی گێڕانه‌وه بێت. هه‌روه‌ها په‌یبردن به ده‌لاله‌ته زمانییه‌کان و پێوه‌ندکردنیان به ڕه‌هه‌ند کۆمه‌ڵایه‌تی و فکری به‌بێ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ی هه‌ڵگریه‌تی.
حه‌مه مه‌نتک
—————————————
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌کان:
*مه‌به‌ستمان له ئایدیۆلۆژی ته‌نێ واتا فه‌لسه‌فی و قووڵه‌که‌ی نییه، به‌ڵکوو زیاتر مه‌به‌ستمان دید و تێڕوانینی کاره‌کته‌ره له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌ت، سیاسی، ئایینی، فه‌لسه‌فی…تاد. واتا کاره‌کته‌ر هه‌ڵگری چ شێوه بیرکردنه‌وه‌یه‌که له هه‌ر له‌م بوارانه، یان چۆن له هه‌ریه‌ک له‌م بوارانه ده‌روانێت.
1. النظریه الادبیه المعاصره، رامان سلدن، ترجمه:جابر عصفور، جار قباء للنشر والتوزیع، القاهره، 1988، ص38.
2. المارکسیه و فلسفه اللغه، میخائیل باختین، ترجمه: محمد البکری و یمنی العید، دار توبقال للنشر، 1986، ص25.
3. اسلوبیه الروایه، حمید الحمیدانی، مطبعه النجاح الجدیده، دار البیضاء، 1989، ص71.
4. سه‌رچاوه و لاپه‌ره‌ی پێشوو.
5. شعریه دیستویفسکی، میخائیل باختین، ترجمه: جمیل نصیف التکریتی، دار توبقال للنشر، بغداد، 1986، ص19.