Skip to Content

Monday, May 20th, 2024
میرنشینی کوردستان و ئاسۆی هەڵبژاردنەکانی

میرنشینی کوردستان و ئاسۆی هەڵبژاردنەکانی

Closed
by September 7, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

کوردستان وەک ناوچەیەکی ژێر دەستەی ووڵاتە دکتاتور و کۆنەپەرستەکانی ناوچەکه ، هەمیشە لە ئاستێکی ئابوری و زانستی و کۆمەڵایەتی و هەروەها سیاسی نزمدا و لە خوارەوە ڕاگیراوە، و ڕێگەی هەر جورە گەشەکردنێکی ئابوری و زانستی لێگیراوە بەدرێژایی قۆناغێکی دورو درێژی مێژوویی.

ئەم هەلومەرجەش کارێکی وایکردوە کە کۆمەڵگایەکی دواکەوتو و ابەستە بە دیانەت و ڕەوشت و نەرێتی عەشایەری و تایەفە گەری  بەرهەم بهێنێت، بەمەش زەمینەو بواری سیستەمی ژیانی مەدەنی یانە بەشێوەیەکی بەرچاو تەنگەبەر کراوەو مەودای سەرهەڵدانی پێشکەوتنخوازی و هەڵسوڕاوانی ئازادیخوازی بەرتەسک کردۆتەوە، وەلە پێناو مانەوەی ئەم سیستەمە عەشیرەتگەری یە دژایەتی یەکی سەرسەختی هەرجۆرە بۆ چونێک و تێڕوانێکی ئازادیخوزانە ئەکرێت ، وەلە ڕیزی پێشەوەی هەموو ئەمانەش  بیروبۆچونی کۆمۆنیستانەیە.

ئەم ڕێگریانە تەنها بە دژایەتی مێدیاو و مزگەوت ونەرێتی عەشایەریانە نەوەستاوەتەوە ، بەڵکە پەنا براوەتە بەر کوشتن و پاکتاو کردنی گیانی هەر هەڵسوڕاوێکی ئەم مەیدانانە.

دوای ئازادبونی بەشی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی حوکومەتی بەعثی عێراقی لە ساڵەکانی ١٩٩١ بەدواوە، هێزە ناسیۆنالیستە کوردی یەکان و پارتەکانیان ، وەبە پشتیوانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی کەوتنە بنیات نانی دامودەزگاو دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانیان ، بۆ ڕاگرتنی ئەم ناوچەیە لە ژێر چاودێری ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ، دواتریش کەوتنە کۆپی کردن و لاسایی کردنەوەی سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانتاریزمی  بۆرژوایی لەو ناوچەیەدا  بەڵام بە شیوەیەکی زۆر ناتەواو تەزویر کاری، وە هێنانی تەواوی ئەو داب و نەرییەتانەی کە لە میرنشینەکانی ووڵاتە عەرەبی یەکاندا هەیە، وەک هێنانی هێزێکی کاری هەرزانی زۆر لە ووڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیاوە، وچەوساندنەوەیان لە لایەن کۆمپانیا هاوبەشەکانەوە، وە زیندوکردنەوەی نەرێتی بەکرێ گرتنی ژنانی کارگەری ئەو ووڵاتانە بۆ خزمەتکاری لە ناو ماڵدا، دروستکردنی شوققە و هۆتێل و ڤێلای زۆر مەزن لە چەشنی میرنشینی دبی ، گرنگی دان بە ڕو کەشی ناوچەکە بۆ حەساندنەوەی دەسەڵاتداران و چینێکی دیاریکراو ، وە پشتگوێ خستنی خزمەتگوزاری یە کۆمەڵایەتی یەکانی تر بە هەمووجۆرەکانی یەوە، کە تیایدا زۆربەی هەرە زۆری خەڵک کە بریتین لە کارگەران و زەحمەتکێشانی ئەو ناوچەیە لێ ی بێ بەشن.

هەلومەرجی سیاسی ئەم ناوچەیە وەک ئەڵتەرناتیڤە سیاسی یەکان تائێستاش لە باشترین حاڵەتیدا لە ڕیفۆرمیزمی چەپ و لێبرالیزمی ئۆپۆزیسیۆن تێ ناپەڕێت و بەولاوەتر ناچێت. وەلێبرالیزمی ئۆپۆزیسیۆن هیچ کارێکی تری لە سەر شان نی یە تەنها درێژە دان نەبێت بە هەمان سیستەمی هەڵبژاردنی بۆرژوازیانەی زۆر دواکەوتوو لە کوردستان، وەبۆ هەڵمژینی ناڕەزایەتی کارگەران و زەحمەتکێشانی کوردستانە ، کە بتوانن هیچ نەبێت بۆ ماوەی بیست ساڵی تر ئابڕوی زڕاو ناشیرنی دیموکراتی یەتی بۆرژوازی و هەڵبژاردنی هێزە دواکەوتو و حیزبە کۆنەپەرستەکانی کوردایەتی  لە مەرگی ڕاستەقینە ڕزگار بکەن و هەندێک جوانکاری ڕوکەشی تێدا دروست بکەن بەناوی حوکومەتی تکنۆقراطی یەوه. 

نە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن و نە چونە ناو سندوقەکانی دەنگدانەوە ناتوانێ چارەنوسی سیاسی ئەم ناوچەیە  لە ڕێشەوە بگۆڕێت،  ئەوە کارێکی باشە کە ئەمڕۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان کە بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە درۆزنانەی بۆرژواکانی کوردستانیش بکەن، بەڵام ئەوە ئەو پەڕی ئینتهازیی یەتی ووردە بۆرژوایانەیە کە بڵێێن هەڵبژاردنی پارلەمانتاریستی لە کوردستان بایکۆت ئەکەین ، بەڵام لە شوێنەکانی تری دنیا دیمۆکراتی یەتی ڕاستەقینەیەو بەشداریان تێدا ئەکەین، بەم جۆره بەناوی کرێکارو مارکسیزمەوە ڕوحی یەتی شۆڕشگێڕانەی مارکسیزم بەلاڕێدا ئەبەن و ئەیمرێنن، سیاسەتی دروستی مارکسیستی یانە ئەوەیە کە هەرجۆرە هەڵبژاردنێکی پارلەمانتاریستانە لە هەرکوێ یەک لە دنیادا بە سیاسەتێکی هەڵخەڵەتێنەرانە و درۆزنانە هەڵبسەنگێنێت و بیناسێنێت وە ڕای بگەیەنێت کە؛ بەم هەڵبژاردنانە هیچ گۆڕانکاری یەکی ڕیشەیی لە کۆمەڵگادا ڕوو نادات تەنها گۆڕینی دەم و چاوەکان نەبێت، کە  دواتر هەموو دەم چاوە جیاوازەکان  ئەبێ لە خزمەت مانەوەی بەرژەوەندی خاوەنداری یەتی تایبەتی و دەسەڵاتی سەرکوتگەردا بن. 

 ئەم ناوچە میرنشینەو و گەلێک شوێنی تری دنیا هەن کە مومکین نی یە گۆڕانکاری ڕیشەیی تێدا بێتە ئاراوە تەنها بە پشت بەستن بە هێزە ناوخۆی یەکانی خۆی ، ئەگەر هەژاندنێکی تری دە(١٠) ڕۆژی تر بنکەو سەرچاوەی ئەم سەرمایەداری یەی جیهانی نە هەژێنێت، وەک لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ڕویدا ، چونکە ئەم ناوچەیە باشترین زەمینەو هەلومەرجی گەشەکردنی سەرمایەی تێدایە و شوێنێکی گونجاوە بۆی، وە سەرمایەش ئەگەر  لە ژێرچاودێری یاسادا نەبێت بە باشترین شێوە گەشە ئەکات، هەروەک چۆن باکتریاو ڤایرۆس لە شوێنی پیس و نەخۆش و لاوازدا ئەژین و بەشوێنی دا ئەگەڕێت و تێایدا گەشە ئەکات ، سەرمایەش سیفەتی باکتریایی هەیە وە لەسەر بنەمای هێزی کاری هەرزان ، چەوساندنەوەی هێزی کاری کرێکاری ناوخۆو بێگانەو ،  و سەروەت و سامانی دەوڵەمەند و نەبونی چاودێری بەڕیوەبردن ، دواکەوتووی..فەسادی ئیداری.، . هتد، گەشە بە کەڵەکەبوون و ئیحتکاراتی خۆی ئەدات، چونکه ڕیشەی ئابوری و سیاسی میرنشینە کۆنەپەرستەکانی کوردستان لە قوڵایی ڕەگ و ڕیشەی ئیحتکارات و سەرمایەی ئەمریکی و جیهانی دایە. 

دیموکراتی یەتی بورژواکان و سیستەمی پەرلەمانتاریزم : 

هەڵبژاردنەکانی پارتە بۆرژوازی یەکان ناتوانێ ببێتە مایەی سازکردنی زەمینەی بەرفراوانی دیمۆکراتی تا وەکو تیایدا  زۆربەی هەرەزۆری کرێکاران و زەحمەتکێشان بەشداری تێدا بکەن، چونکە تەنها لە ڕێگەی نمایەندەیی ڕاستەوخۆی خۆیانەوە لە گەڕەک و کارگەو شارەکانەوە توانای بەشداری کردنیان لە کۆمیتەو کۆڕوکۆمەڵەکانیان   هەیە دواتریش لە بڕیاڕدانی سیاسی دا  ، لە بەرئەوەی  کاندیدەکان چ ئەندامی پارتە بۆرژوازی یەکان بن یان نەء ، ئەبێ بەگوێرەی ئەو داب و نەریە تی یە یاسایی یەی دەوڵەتی سەرمایەداران بڕۆن بەڕێوە کە ئەبێ پارێزگاری لە خاوەندارێتی تایبەتی هۆیەکانی بەرهەمهێنان بکات و جێگەی  ڕەزامەندی ئەو پارتە بۆرژوازی یانە بن . هەر بۆیە  ئەو کاندیدانە ناتوانن ببنە جێگەی ڕەزامەندی  زۆربەی هەرە زۆری کرێکاران و زەحمەتکێشان ، بەم شێوەیە دەنگ نادەن بەم کاندیدانەو دواتریش لە دەرەوەی سندوقەکانی دنگدان دا ئەمێننەوە، هەروەها بە هۆی میکانیزمی دەنگدانی پارلەمانتاریزمی بۆرژوازی یەوە ، کە لە سەر بناغەی کۆی ئەو دەنگانە دێتە دی کە لەناو سندوقەکاندا کۆکراونەتەوە ئەگەنە دەسەلاتی سیاسی . وە ئەو زۆرینە زۆرەی کە نائومێد ماونەتەوە لە هەر گۆڕانگاری یەکی ڕیشەیی کە ئەم دەوڵەت و دەسەڵاتدارە بۆرژوازی یانە بتوانن پێ ی هەڵسن  ناچنە پای دەنگدانەکان و بەشداری تێدا ناکەن ، هەر لە بەر ئەم بێ بڕوای یەشە بە بۆرژوازی و سندوقەکانیان دەنگی ئەم بەشە لە زۆرینەی خەڵک پشتگوێ ئەخورێت وەلائەنرێت ، کە  لە دوا ئاکام دا  ئەبێ ملکەچی بڕیارەکانی دەوڵەتی سەرمایەداران بن.  

کەمایەتی یەکی کەمی کۆمەڵگا کە بریتین  لە سەرمایەداران و کۆمپانیاکانیان  وە بە پشت بەستن بەهێزی ڕێکخراوو پڕ چەکی دەوڵەت  و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی ترەوە دەستیان گرتوە بەسەر هۆیەکانی بەرهەم هێنان و زۆربەی هەرە زۆری قازانجی ڕەنجی هێزی کاری کرێکاران بۆ خۆیان ئەبەن ، لە بەرامبەر کرێ یەکی کەم بۆ کرێکاران  کە مەمرەو مەژی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان پێ بەڕێوە ئەبەن، بەم شێوەیە ئەو دیمۆکراتی یە تەی کە دام و دەزگا دەوڵەتی یەکانی بۆرژوازی و پارتە سیاسی یەکانی و ڕاگەیاندنەکانیان باسی لێوە ئەکەن ، هەر ئەوەندە بڕ ئەکات تا ئەوکاتەی کە کرێکاران بێ دەنگ و ئارام بن و بەو ژیانە کۆیلەتی یە ڕازی بن کە سەرمایەداران پێ یان ڕەوا ئەوا ئەبینن و نەکەونە دژایەتی کۆمپانیا بۆرژوازی و دەوڵەتەکانیان.

بژی دەسەڵاتداری یەتی شورایی

ڕسوایی بۆ دیمۆکراتی یەتی بۆرژوایی و ئەو هێزه ئۆپۆرتۆنیستانەش کە ئەبنە لایەنگری

و.صابر

7.9.2013

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.