
چاکسازی و نه‌وشێروان مسته‌فا… هه‌ژار خۆشناو
نه‌وشێروان مسته‌فا ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌مڕۆ له کوردستان له‌گه‌ڵ بیستنی ناوه‌که‌ی ووشه‌ی چاکسازی به دواوه دێت. ئه‌و پیاوه ژیانی به خه‌بات و تێکۆشان تێپه‌ڕاندووه، به‌ڵام چه‌ند جارێک پارته‌که‌ی له ڕۆژی ته‌نگانه دا جێدێڵێ و دواین جاریش له نێو پارته‌که‌ی پڕۆژه‌یه‌ک ده‌خه‌سێنێ، له‌گه‌ڵ ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی خۆشی‌دا ئاشبه‌تاڵ به‌و پڕۆژه‌یه ده‌کا، که خۆی ناوی ناوبوو "چاکسازی" و باڵه‌که‌ی به هێتیمی جێدێڵێ.
دواین هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕێکخستنه‌کانی ی.ن.ک له ژێر فشاری نه‌وشێروان ئه‌نجام درا، ئه‌وه‌ش به ناو قۆناغێک بوو له پڕۆژه‌که‌یدا و پێیوابوو ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌تاپای ڕێکخستن ده‌گرێته ده‌ست و ده‌چێته قۆناغی دووه‌مه‌وه. که‌چی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن که هه‌ر چۆنێک بێت، فه‌شه‌لی به پڕۆژه‌که‌ی ناوبراو هێنا. ئه‌وه‌ی جێی تێڕامان و سه‌رنجه ئه‌و به‌رگه نه‌گرتنه‌ی نه‌وشێروان بوو، که ده‌ستی له کارکێشاوه و به خۆداچوونه‌وه‌یه‌کی نه‌کرد که‌وا بۆ نه‌یتوانی سه‌رکه‌وتن به ده‌ست بێنێ و بزانێ گۆمه‌ڵگای کوردی له چ ئاستێکدایه.
نه‌وشێروان بۆ جاری سه‌ده‌م سه‌لماندی که‌وا کار له‌سه‌ر بنه‌مای "کوردستان یان نه‌مان"ی کۆن ده‌كات و ناتوانێ به‌ره‌یه‌ک به‌رێته پێشه‌وه له هه‌موو سه‌رده‌م و کاتێکدا. بۆیه ئێستا یه‌کێتیی نابێ خۆی له سیمبۆلیزمی نه‌وشێروان مسته‌فا بگلێنێ و وه‌ک پارتێکی سیاسی یاخود ڕه‌وتێکی ناو یه‌کێتیی که ئایدلۆژیایه‌ک به‌رێته پێشه‌وه سه‌یر بکات. به‌ڵکو ئه‌ندامێکی خاوه‌ن تێکۆشان و شوێن به‌نجه‌ی دیاره و ته‌واو.
ئێمه نابێ نه‌وشێروان وه‌ک ڕیفۆڕم پێناس بکه‌ین و هه‌موو چاکسازی و دادپه‌روه‌ریه‌ک له که‌سایه‌تی ئه‌و له ده‌سه‌ڵا دا ببینینه‌وه، مرۆڤێک که نه‌یتوانی دۆڕانی چه‌ند مه‌ڵبه‌ند و کۆمیته‌یه‌ک قوت بدات، چۆن ده‌توانێ حزب و حکومه‌تێک به‌ڕێوه به‌رێ؟ که‌سێک دوای ده‌ست له کارکێشانه‌وه، ڕه‌خنه له حزب و سه‌رکردایه‌تی کورد بگرێ و هه‌موو خاڵه نێگه‌تیڤه‌کانی بخاته ئه‌ستۆی ئه‌وانیتر که تا دوێنێ له‌و په‌ڕی ده‌سه‌ڵات دا بووه، چۆن ده‌توانێ ململانێی سیاسی ناوچه‌که بگرێته ئه‌ستۆ؟ ئه‌گه‌ر ئاگاداریان نه‌کردباوه که دوێنێ له ده‌سه‌ڵات بووه، هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بوو له نووسینه‌کانی و هێرشه‌کانی بۆ سه‌ر هاوتاکانی پێشووی. ئێمه نه‌وه‌ی نوێ، ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌کی گونجاو، دوور له ململانێی کۆنی ده‌سه‌ڵات خاڵی سپی له‌سه‌ر ته‌خته ڕه‌شه‌ی کوردستان بکه‌ین و چاکسازی نه‌به‌ستینه‌وه به کاسیه‌تی و سیمبولیزم.
نه‌وشێروان مسته‌فا ده‌بێ ئه‌وه بزانێ مانه‌وه و به‌هێزی سه‌رکه‌وتنی له پڕۆژه و کۆمپانیاکانی په‌یوه‌سته به سه‌رکه‌وتن و به‌هێزی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان. ده‌بێ ئه‌وه‌ی له بیر بێت که ته‌نیا له‌ژێر سێبه‌ری ی.ن.ک دا ده‌توانێ ئه‌وا ئازادانه قسه بکات و ڕێنمایی خه‌ڵک بکات. ئه‌گه‌ر یه‌کێتیی به‌هێز نه‌بێت و له مه‌یدانه به‌ره‌و پێش نه‌ڕواو به‌ربه‌ستی بۆ دانێن، ئه‌و کاته نه‌وشێروان مسته‌فا ده‌بێ بچێته‌وه ئه‌وڕوپا، تا بتوانێ قسه‌کانی وه‌ک ئێستا بکات. بۆیه پێویسته هه‌موومان بزانین که سه‌روه‌ریمان، مانه‌وه‌مان و گه‌شه‌کردنمان به‌نده به یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه.
/ ئیتالیا
hajarkhoshnaw@hotmail.com
www.hajarkhoshnaw.net