Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
ڕۆڵى لاوان بەرەو گۆڕان …!

ڕۆڵى لاوان بەرەو گۆڕان …!

Closed
by May 20, 2008 گشتی

  سەروەركەریم……

  (( شتەسەیرو سەمەرەكانى جیهان زۆرن ، بەڵام هیچیان هێندەى ئینسان
 سەیرو سەمەرەنین ))     ئەنتیگۆنا……

 
 لاوان ئەوخوێنە گەرمەى هەموو كۆمەڵگایەكن ، كەدەتوانن ببنە ژیلەمۆى پێشكەوتن و گۆڕانكارى و ئایندەى ژیان بنەخشێنن ، ژیانێك كەشایستەى خواست و خولیاو ئاواتەكان بێت . بۆیەناكرێت لاوان لەبەرامبەر گۆڕان و خواستەكان بێدەنگ ببن ، ئەگەرنا ئەو خوێنە دەمەێت و كۆمەڵگایەك لەبێدەنگى و بێمافى بوون دەبێت و لاوانیش بۆخۆیان ، لەنیگەرانى و نائاسودەیدا ژیان دەگوزەرێنن ، واوەتریش ئەوكۆمەڵگایە هەرچى ماكەكانى زیندوێتى هەیە لەدەستى دەدات و لاوانیش بۆخۆیان دووچارى بێهودەیى دەبن . بەدرێژایى مێژوو لاوان ئەو توێژە بوون ، كەلەپێشەوەى هەنگاونان بوون بۆگۆڕان و وەلانانى عەقڵیەتى كۆنخوازى و مانەوەى پەیوەندیە كۆمەڵایەتیە كۆنەكان . زۆر ناگەڕێینەوە بۆ مێژوویەكى دوور ، بەڵكو دەگەڕێینەوە بۆدواى كۆتایى هاتنى جەنگى جیهانى دووەم و هەوڵە فكریەكانى بەشێك لەبیرمەندان و ڕۆشنبیران و هەوڵدانیان ، بۆدەرچوون لەوپاشاگەردانى و بێدەربەست بوونەى لاوان ، لەبەرامبەر ژیان و ئاسۆكانى گۆڕانكارى ، كەبەهۆى كاریگەرى سلبى جەنگى جیهانى یەوە لەسایكۆلۆژیەتى تەواوى كۆمەڵگادا جێگیر بوو بوو .بیرمەندانى وەك ( میشل فۆكۆ – سارتەر – كاڕل پۆپەر- ماركۆزە … هتد ) ، كەڕوویان كردەلاوان و هانیاندان لەبەرامبەر ئەو دۆخەنالەبارەى ژیان و گوزەران و ژێرپێ خستنەكانى خواستەكانیان یاخى ببن دەست بۆگۆڕان بەرن ، هەڵبەتە مەبەستى ئەوان لەیاخى بوون ، نانەوەى ئاژاوەو پەشێوى نەبوو ، بەقەدەرئەوەى داواى گۆڕانكاریان دەكرد لەتەواوى پێكهاتەكانى كۆمەڵگاداو دابین كردنى ژیانێكى شایستە بەلاوان و سەرجەم كۆمەڵگا . بەردەوام بوونى تێزە فكریەكانى ئەو ڕۆشنبیرو بیرمەندانە بۆیاخى بوون ، توانى ببێتە فاكتەرێكى گرنگ و پڕبایەخ ، لەلاى لاوان و خۆیان ئامادەبكەن بۆگۆڕان . سەرئەنجام گەیشتن بەخۆپیشاندانەكانى ( 68 ) ى خوێندكارانى زانكۆ لەفەڕەنساوە تادەگات بە چین … هەژموونى فكرى ئەو بیرمەندانە ، گەرچى خاڵى نەبوو لەڕەخنەو كەموكوڕى ، بەڵام بووە پاڵپشتى گرنگ بۆلاوان ، بۆئەوەى لەوپاشاگەردانى و ژێردەستەییەى پەروەردەو فێركردنە نالۆژیكیەى ناو زانكۆكان و ملكەچ پێكردنى لاوان بۆئەودەسەڵاتەى كەدوور بوو لەهەر جۆرەماف و ئازادیەك یاخى ببن . یاخى بوونى لاوانى خۆرئاواو هاتنە ئاراوەى ڕەوتێكى نوآ ، كەئەوكاتە ئەو فكرانە زیاتر بەفكرى ( 68 ) ناسرابوون ، توانیان لاوان بەئاگابهێننەوەو یاخیان بكەن ، تائەوەى جۆرێك لەدروشم ببێتە خواستى لاوان ، وەك ( مامۆستا ئامادەنین عەقڵمان كۆنتڕڵ بكەن ، ئێمە خۆمان بڕیار دەدەین ) ،  گەرچى سەرئەنجامى ئەویاخى بوونە ڕووبەڕووى توندوتیژى بوەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ، بەڵام دەروازەى داخراوو چەق بەستوى هەژموونى دەسەڵات و فكرى دەسەڵاتى لەرزان و چیتر دەسەڵات نەیدەتوانى بەوشێوەیە بمێنێتەوەو گۆڕانكارى قبوڵ نەكات .
 لەخۆرئاوابەگشتى ، لەژێركاریگەرى خۆپیشاندانەكاندا ، دەسەڵاتەكان كەوتنە گۆڕانكارى جدى لەناوكۆمەڵگاو سیستمى خوێندن و باشكردنى ژیانى لاوان ، كەدیارە ناتوانین بڵێن بەتەواوى گۆڕانكارى كرا ، بەڵام هەرنەبآ دنیاى بەستەڵۆك و چەق بەستوى دەسەڵات هەژێنراو جۆرێك لەگۆڕانكارى هاتەبوون و بووە ئیلهامى خەباتى دواترى لاوان ، بۆزیاتر باشكردنى ژیان و گوزەران و سیستمى خوێندن . ئەوگۆڕانكاریانە ئیمكانى نەدەبوو ، ئەگەر بیرمەندان وڕووناكبیران لەپشتیەوەنەبوونانەیە و ڕێنوێنیان نەكردایە ، ئەگەر بیرمەندێكى ، وەك ( سارتەر ) لەپێشەوەى خۆپشاندانەكاندا نەبووایە . كەواتە زۆرگرنگە ، لەئێستادا ڕۆشنبیرانى كۆمەڵگاى ئێمە هەڵى ڕۆشنكردنەوەى ڕێگاكانى یاخى بوون نیشانى لاوان بدەن وپێشڕەوى كارى گۆڕانكارى بگرنە ئەستۆ ، چونكە لاوانى كۆمەڵگاى كوردستان ، ئێستا لەهەلومەرجێكى تەواو ناخۆشدا ژیان دەگوزەرێنن و تەواوى ماف وخواستەكانیان بەبآ هودەیى سپێردراوە . لاوان خۆشیان لەبێهودەیى و ناڕۆشنى تەواودان سەبارەت بەگۆڕانكارى و باشكرنى ژیان هیچ ئاسۆیەك شك نابەن ، سەربارى ئەوەى دەسەڵاتى كوردى تائەپەڕى دژى هەرنەخێرێكى كۆمەڵگایە بەگشتى و لاوانە بەتایبەتى و بەئارەزووى خۆى لاوانى دابەش كردووە بەسەر ڕەنگەكاندا ، لەولاشەوە بەجۆرەها بەڵێنى سەوزو سوور فریوى داون ، ئەوانیش دووچارى نەزانى و نەناسینى ماكەكانى یاخى بوون و گۆڕاكارى بوون … ئەمە خراپترین دۆخى ژیانى لاوانى ئێمەیە . ئەگەر ژیانى لاوان بەم ئاڕاستەیەى ئێستادا گوزەربكات ، ئاكامى خراپتر چاوەڕوانى ژیانیانە . سەیرنى یە لاوانى كۆمەڵگاى كوردى پەراوێزترین توێژى كۆمەڵگابن ولەدەرەوەى تەواوى ڕووداوەكان ژیان بگوزەرێنن وچاوەڕوانى هیچ ئاسۆیەك نەكەن بۆباشكردنى ژیانیان و خۆیان داوەتە دەست ڕەحمەت و قەدەرى كۆچ و دەسەڵات . لەولاشەوە دەسەڵات خەریكى پاوانكردنى سامانى ووڵات و خۆدەوڵەمەندكردن و بەرزكردنەوەى كۆشك و تەلارەكانى یەتى بەرەو هەورەكان . بوونى سیستمێكى خراپى پەروەردەو فێركرن و پەیوەندیەكى كۆمەڵایەتى زۆرخراپ وكەلتورێكى عەشائیرى و خێڵەكى زۆركۆنەپەرستانە سیماى كۆمەڵگاى كوردیەو دەسەڵات لىَ بێباكەو ، ناشیەوێت بەهیچ جۆرێك دەست بەردارى بێت بەرەو گۆڕانكارى . گۆڕانێك ، كەشایستە بەژیانى ئینسان بەگشتى و لاوان بەتایبەتى بێت . چاوەڕوانكردنى لاوان بۆ ڕەحمەتى دەسەڵات ئەوپەڕى بێدەربەست بوونە بەگۆڕان ومافەكان . لاوان دەبێت ، لەئێساوە بیربكەنەوە ، چونكە قەوانى كۆنى ئەم دەسەڵاتە بەسەر چوو ، كەپێشتر دەیانووت دەسەڵاتەكەمان ساوایە ، ئەزموونەكەمان لەمەترسى دایە ، دەبێت هاوڵاتیان ڕیعایەتى ئەوزروفەى ئێمەبكات … بەڕاستى ئەوپاساوانە بەسەر چوو . ئەوان ( 17 ) ساڵە حكوم ڕانى دەكەن و كەڵەكەى سامان دەكەن ، ئەوان ئێستا ملیۆنەرەكانى كۆمەڵگاى كوردین و هەموو ئەو پاساوانەى ڕابووردووشیان بۆ ئەوەبووببنە ملیۆنەر ، بۆیەناكرآ چیدى گوآ بۆپاساوەكانى دەسەڵات بگرین وژیانى ئینسانى خۆمان لەبەین بەرین و هەڵى گۆڕانكارى نەدەین ، ئەو عەقڵیەتەى دەسەڵات پیر بووە ، ئیدى بوارى مانەوەى نەماوە . ئەو عەقڵیەتە بەماوەى ( 17 ) ساڵ نەتوانێت بچوكترین گۆڕاكارى بكات بەرەو بەمەدەنى كردنى كۆمەڵگاو لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەى تەواویى سیستمى عەشیرەتى و خێڵەكى و بوون بەحكومەتى دامەزراوەیى و حكومەتى مەدەنى . تازە دەست بۆئەوكارەنابات ولەبەرژەوەندیشى دا نى یە ئەوكارەبكات ، چونكە ئەودەسەڵاتە مانەوەى خۆى بەویەكانەوە دەپارێزىَ ، لەوەش واوەتر ئامادەیە بۆبەرزوو پیرۆز ڕاگرتنى خۆى جۆرەها چیرۆكى ڕابورووى خۆى بكاتە تەمسیلى و ملیۆنان دینارى تیا سەرف بكات ، بۆئەوەى بەم نەوەیە بڵێت تۆ دەمت دابخە ، ئەوەى ئێستا هەیە من پێمبەخشیون و ئێوەش دەبێت بەپیرۆزى سەیرى بكەن و نابێت لەیاساكانى ملكەچ بوون و پیرۆزى و سەروەریەكانم دەربچن … ئەمەیە عەقڵیەتى دەسەڵاتى كوردى ، بۆیە دەبێت یاخى ببین ، لەپیرۆزیەكانى ئەم خوڵقێنەرانەو ژیانێكى تر بەخواستى خۆمان بخوڵقێنین . تائەو جێگایەى بەشوین خوڵقاندنى ژیانێكى ترەوە نەبین ، گەمەكانى پیرۆزى دەسەڵات بەردەوام دەبێت و ئێمەش ڕۆژەكانمان ، وەك ئێستا بەڕێدەكەین . بۆئەوەى ببینە فاكتەرى گرنگى گۆڕان دەبێت دەست بۆ پیرۆزیەكان بەرین و ڕەخنەى جدیان ئاڕاستە بكەین و یاخى ببین و پێیان بڵێن مامۆستایان ئێمە ئامادەنین گوآ بۆپیرۆزیەكانتان بگرین ، ئێمە خۆمان بڕیار لەسەر چارەنووسى خۆمان دەدەین . ئەم نەخێرەیە ، كەدەبێتە سەرەتاى سەرهەڵدانى بیرۆكەى گۆڕان . گۆڕانێك تەواوى سیستمى خوێندنى چەپاندن و پەیوەندیە كۆمەڵایەتى یە چەپێنراوەكان لەگەڵ خۆیدا ڕاماڵآ . لاوان ئەوتوێژەن ، یان ئەو خوێنەگەرمەن ، كەدەتوانن بەكارى گۆڕان هەستن و دەستى بۆبەرن و یەكەمین نەرآ بەڕووى ئەم دنیایەى ئێستادا بدەن و هەوڵى هەڵوەشاندنەوە عەقڵیەتى ئەم خوڵقێنەرانە بدەن و ملكەچى گۆڕانیان بكەن ، بۆژیانى شایستە بەئینسانەكان .
 
Sarwar_kareem@yahoo.com
 Sarwar_kareem@hotmail.com
 
 سلێمانى
 12/5/2008
 تێبینى :
 هیچ ڕۆژنامەو گۆڤارێك بەبىَ پرسى نووسەر بۆنییە بۆجارى دووەم بڵاوى بكاتەوە
 

Previous
Next