دنیا هێشتا خێر و خێرخوازی لێ نه‌بڕاوه
بۆ سه‌ردانێکی یه‌ک شهووڕۆژیی، واته 24 سه‌عاتێک، به‌ره‌ک ئۆباما، سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا، به یاوه‌ری شاندێکی یه‌کجار زۆر و ههمهجۆر، که 700 که‌سێک ده‌بوون و به فڕۆکه‌ی تایبه‌ت و بژیشکی تایبه‌ت و ئۆتۆمبیلی گولله‌نه‌بڕی تایبه‌ت و سه‌دان پاسه‌وانی تایبه‌تی خۆی و هه‌زاران پۆلیسی سوێدی و به هه‌یت و هووت و به‌کاربردنی نوێترین ده‌سگه‌ی چاودێری و پاراستن و ئاماده‌ییه‌کی زیاد له پێویست و ڕووماڵکردنی ئه‌و 24 سه‌عاته‌ی مانه‌وه‌ی له سوێد، خوڵکه به خولکه و چرکه به چرکه، به هه‌موو ورده‌کارییه‌کانییه‌وه، له لایه‌ن میدیای سوێده‌وه، 4ی سێپته‌مبه‌ری 2013، هاته ستۆکهۆڵم. ئۆباما له‌گه‌ڵ سه‌رۆکوه‌زیرانی سوێد، نوروێژ، دانمارک و سه‌رۆکی فینلاند، کۆبووه‌وه و له پشتی په‌رده و ده‌رگای داخراوه‌وه، وتوبێژی له‌گه‌ڵیاندا کرد. باسی چی‌یان کرد و چی چووه نێوانیانه‌وه، ئه‌وه بۆ خه‌ڵکانێکی ئاسایی وه‌ک ئێمه، کارێکه، په‌ی پێ نابه‌ین و نایزانین.
ڕۆژێک پێش هاتنی ئۆباما بۆ ستۆکهۆڵم، به فڕۆکه‌یه‌کی زه‌لامی ئه‌مه‌ریکی و له ئه‌مه‌ریکاوه، چه‌ند دانه هێلیکۆپته‌ری جه‌نگیی، گه‌یێنرانه ستۆکهۆڵم. کاتی گه‌یشتنی ئۆباما و دابه‌زینی له فڕۆکه‌خانه‌ی ئارلاندا (Arlanda) یشاری ستۆکهۆڵم و پێشوازیکردنی له لایه‌ن کارڵ بیلت(Carl Bildt)ی وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی سوێده‌وه، ده‌وروبه‌ری شوێنی نیشتنه‌وه‌ی فڕۆکه‌که‌ی و شوێنی پێشوازیکردنه‌که‌ی، له‌وانه‌ی پێشوازییان لێ ده‌کرد و له پاسه‌وان و پیاوانی خۆیان زیاتر، ڕێگه به یه‌ک که‌سی دیکه نه‌درا، که لێی بێ. ته‌واوی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی له فڕۆکه‌خانه‌که‌وه تا ده‌گاته هوتێل گراند(Grand Hotel) ی‌نێو شاری ستۆکهۆڵم، که جێی مانه‌وه و حه‌وانه‌وه‌ی ئۆباما بوو، که 35 کیلۆمیتره و پتر له 30 کیلۆمیتری شاڕێ”ڕێگه‌ی سه‌ره‌کی، Motor Way”ه، له ئۆباما و که‌ژاوه‌ی ئۆتۆمبیل و پاسه‌وان و ئه‌وانه‌ی به‌وه‌وه پێوه‌نددار بوون، زیاتر، هیچ که‌س و هیچ ماشێنێکی دیکه بۆی نه‌بوو، له‌و ناوه‌دا بێت. ته‌واوی ئه‌و مۆبایل و دهسگانهی، که له ده‌رێی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی ئۆباما، به ده‌ست خه‌ڵکانێکی ڕۆژنامه‌نووس و میدیاکاره‌وه بوون و ده‌یانویست، وێنه له ماشێن و که‌ژاوه‌که‌ی ئۆباما بگرن، به کاریگه‌ریی ده‌سگه‌ی دژهتیشک و ئامێری پێشکه‌وتووی دیکه، له کار ده‌خران و هیچیان پێ نه‌ده‌کرا. سه‌ربانی هۆتێله‌که‌ی، که ئۆبامای لێ بوو، دۆشکه و چه‌کی دیکه‌ی قورس و پێشکه‌وتووی، له‌سه‌ر دامه‌زرابوو و پاسه‌وانی ئه‌مه‌ریکی بۆ خۆیان له‌و بانه بوون. بێجگه له چه‌ندین هه‌زار پۆلیسی سوێدی، که له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ڕاوه‌ستابوون، سه‌دان چه‌کداری ئه‌مه‌ریکی و پاسه‌وانی تایبه‌تی ئۆباما، سه‌ر جاده‌کانیان گرتبوو و ئه‌وان بوون فه‌رمانیان به پۆلیسی سوێدی ده‌دا.
ئه‌وه‌ی له‌و 24 سه‌عاته‌ی مانه‌وه‌یدا له ستۆکهۆڵم، بۆ ئۆباما کرا، له مێژووی سوێددا، بۆ هیچ که‌سێکی دیکه نه‌کراوه. ته‌واوی ئه‌وه‌ی بۆی کرا، پێشێلکردن و لادانێکی یه‌کجار گه‌وره و له‌به‌رچاو بوو، له ته‌واوی ئه‌و نه‌ریت و قانوون و ڕێسایانه‌ی، له سوێد، له ماوه‌ی سه‌دان ساڵدا، پێڕۆ کراون. ئه‌وه‌ی کرا، به‌زاندنی سنووری دیموکراتی و بێلایه‌نی و ساده‌یی و یه‌کسانی و هه‌موو ئه‌و به‌ها مرۆڤایه‌تی و ئارامی و کۆمه‌ڵگه‌ی خۆشگوزه‌رانیی و جوانییه بوو، که سوێد پێی ناسرابوو و شانازی پێوه ده‌کرد و له زۆرێک له وڵاتانی دیکه‌ی جیهانی جودا ده‌کرده‌وه.
ئۆباما، وه‌ک مرۆڤ و وه‌ک تاکێک، ڕه‌نگه که‌س ڕقی لێ نه‌بێته‌وه و که‌س کێشه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت و بگره خه‌ڵک سۆز و خۆشه‌ویستیشی بۆ هه‌بێ، لێ وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وه‌یان باسێکی تره. ئۆباما نوێنه‌ری سیاسه‌تی وڵاتێکه، که ئه‌مڕۆ تاکه وڵاتێکی زلهێزی ئیمپریالیزمه له جیهاندا. ئه‌مه‌ریکا، ئه‌مڕۆ، چڕبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داریی جیهانی و نوێلیبرالیزم و بازاڕی ئازاده و نوێنه‌رایه‌تی سیاسه‌تی داگیرکردن، کوشتن، سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و قووتدانی هه‌موو جیاوازی و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خه‌ڵک و گه‌لان ده‌کات. ئه‌مه‌ریکا، که هه‌ر له بنه‌مادا بۆ خۆی به داگیرکاری و زه‌وتکردن و سڕینه‌وه و له‌به‌ینبردنی خه‌ڵک، دروست بووه، ته‌واوی مێژوویشی، داگیرکردن و کوشتنی گه‌لان بووه. مه‌زنترین تاوان، که له جیهاندا ئه‌نجامدرابێت، ئه‌مه‌ریکا کردوویه‌تی. هیرۆشیما و ڤیێتنام و کووبا و ئه‌مه‌ریکای لاتین و ئه‌فریقا و فلستین و ئه‌فغانستان و عیراق و لیبیا و…تۆپه‌ڵێک په‌ڵه‌ی ڕه‌ش و شه‌رمهێنه‌ر و خوێناوی و دژه مرۆڤن، له مێژووی ئه‌مه‌ریکادا. ئۆباما، ئه‌گه‌ر بۆ خۆیشی، به‌شداریی له‌و تاوانانه‌دا نه‌کردبێ، ئه‌و که‌سی یه‌که‌م و نوێنه‌ری ته‌واوی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکایه. ئه‌وه، ئه‌مڕۆ درێژه به‌و مێژووه دزێو و نامرۆڤانه‌یه‌ی ئه‌مه‌ریکا ده‌دات و هه‌ڵپه‌ی سه‌رکوتکردنی هه‌موو نه‌یارێکی ئیمپریالیزم و سه‌رمایه‌داری ده‌دات. ئه‌وه به درۆن(Drone)ه‌کانی، ئه‌و فڕۆکه جه‌نگییانه‌ی، که نه شۆفێری هه‌یه و نه که‌سیشی تێدایهUAV (Unmanned Aerial Vehicle)، له وڵاته هه‌ژار و به‌له‌نگازه‌کان، سه‌دان مرۆڤی بێ‌تاوان، ده‌کوژێ. ئۆباما سه‌رداری وڵاتێکه، که ده‌سگه‌ی سیخۆڕی(CIA) و پێنتاگۆن و کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کان و سه‌رمایه‌داره نه‌هه‌نگه‌کان، به‌ڕێوه‌ی ده‌بن و ئه‌و، نه‌خشه و دید و فیلۆسۆفییهکانی ئه‌وان، جێبه‌جێ ده‌کات.
بۆ پێشاندانی ڕق له ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌تی نامرۆڤانه‌ی ئه‌مه‌ریکا و هاتنی ئۆباما بۆ سوێد و باسکردنی جه‌نگی دژ به سووریا و لێدانی و سیاسه‌تی دووڕوو و مهراییکارانهی سوێد، پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه‌ی ئۆباما گه‌یشته ستۆکهۆڵم، 4ی سێپته‌مبه‌ر، خۆپێشاندان و ڕێپێوانێکی یه‌کجار مه‌زن و فراوان، له ناوه‌ندی شاری ستۆکهۆڵم ساز کرا. سه‌عات 5ی پاش نیوه‌ڕۆ له مه‌یدانی گه‌وره‌ی مێدبۆریهر پلاتسن(Medborgarplatsen)، هه‌زاران که‌س، جوان و پیر، کچ و کوڕ، ژن و پیاو، سپی‌پێست و سیاپێست، سۆسیالیست، کۆمیۆنیست، سه‌ندیکالیست، ئه‌نارکیست، ده‌یان جۆره خه‌ڵکی چه‌پ، خه‌ڵکی دژ و سه‌ر به کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆمیۆنیستی کارگه‌ری ئێرانی و عیراقی، خه‌ڵکانی دژ و سه‌ر به ڕێژیمی سووریا، خه‌ڵکی شیعه، خه‌ڵکی سوننه، خه‌ڵکی دژ و سه‌ر به ڕێژیمی عیراق، موسوڵمان، جووله‌که، مه‌سیحی، کچ و ژنی له‌چکدار، خه‌ڵکی ئه‌فریقا، ئه‌مه‌ریکای لاتین، فلستینی، سوێدێ، عه‌ره‌ب، ئه‌وروپایی، خه‌ڵکی هه‌موو قوژبنێکی جیهان، هه‌موو ئه‌مانه و زیاتریش له‌و مه‌یدانه‌دا خڕبوونه‌وه و به گوتار و دروشمی جۆراوجۆر و هاتوهاوار و مۆسیقا و بڵاوکراوه، ده‌نگی ناڕه‌زایی و دژایه‌تی خۆیان له‌هه‌مبه‌ر هاتنی ئۆباما و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا به‌رز کرده‌وه. خۆپێشاندانه‌که، پاش سه‌عاتێک بوو به ڕێپێوان و به سه‌ر جاده‌یه‌کی که‌ونه شاری ستۆکهۆڵمدا، به ده‌م گوتنی بڕووخی ئیمپریالیزمی ئه‌مه‌ریکا و نا بۆ لێدانی سووریا و نا بۆ سیاسه‌تی دژه‌مرۆڤانه‌ی ئه‌مه‌ریکا و سه‌دان دروشمی دیکه‌وه، ڕێچکه‌ی به‌ست و کشا به‌ره‌و مینت تۆریه‌ت(Mynttorget ، که مه‌یدانێکه له‌نێوان کهونهکۆشکی شای سوێد و ته‌لاری په‌رله‌ماندایه. پۆلیسی سوێدی ئه‌و ناوه‌ی ته‌نیبوو. له‌وێ ڕێپێوهکان ڕاوه‌ستان و ده‌یان خه‌ڵکی ناسراوی سوێدی گوتاریان خوێنده‌وه و تووڕه‌یی خۆیان و خه‌ڵکه‌که‌یان دژ به ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌ته‌کانی ده‌ربڕی. له‌و خۆپێشاندانه‌دا، به‌شێکی زۆری ئه‌و خه‌ڵکانه دهبیرانهوه، که له هه‌موو ئه‌و جۆره خۆپێشاندان و ڕێپێوانانه‌دا هه‌ن. له ساڵی 1981ه‌وه، سه‌دانم له‌و ده‌موچاوانه دیتووه، که 4ی سێپته‌مبه‌ر به‌شداریی ئه‌و ڕێپێوان و خۆپێشاندانه بوون، ئه‌وان بۆ من ئاشنا بوون و له هه‌موو ئه‌م جۆره کار و کاردانه‌وانه‌دا، ئێمه هاوڕێ و هاوسۆز بووینه و شان به شانی یه‌کدی جووڵاوین و تووڕه‌یی خۆمان ده‌ربڕیوه. ئه‌وه‌ی بڕێک وه‌ک جیاوازیی ده‌بینرا یا ساڵ له دوای ساڵ ده‌بێنرێ، زیادبوونی هه‌ندێ مووی سپی سه‌ر و ڕدێن و لۆچی ڕوومه‌ت و ده‌موچاوه، له‌کن هه‌ندێک له‌و خه‌ڵکه، ده‌نا گیانه یاخی و شۆڕشگێڕ و عه‌داله‌تخواز و حه‌قخواز و یه‌کسانیخواز و مرۆڤانهکه، هه‌ر هه‌وه و هه‌رگیز گڕ و تین و جۆش و کڵپه‌ی، خامۆش نابێته‌وه. پیره‌ژنێکی ته‌مه‌ن 85 ساڵ و زیاتر، که له سه‌دان خۆپێشاندانی دیکه‌دا دیومه، به چه‌رخه‌که‌ی(عه‌ره‌بانه)یه‌وه، که به ده‌یان نووسین و دروشم و ئاڵا و وێنه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره ڕازاندبوویه‌وه و له سه‌ر دانه‌یه‌کیان له بری ئۆباما نووسرابوو “بۆمباما”، شان به شانم ده‌له‌نگی و ده‌ڕۆیشت و هه‌موو بوون و سیمای تووڕه‌یی بوو له ئه‌مه‌ریکا و هاوار بوو بۆ جیهانێکی بێ جه‌نگ و ئاسووده و یه‌کسان و بێ چه‌وسانه‌وه. هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه، که ئێستا دژی جه‌نگی دژ به سووریا‌ن، پێشتریش دژی جه‌نگی دژ به ڤیێتنام، ئه‌فغانستان، عیراق بوون. هه‌موو ئه‌مانه، له‌گه‌ڵ کووبا و لاتین ئه‌مه‌ریکا و ئه‌فریقا، دژ به ئه‌مه‌ریکا بوون. هه‌موو ئه‌مانه، مرۆڤگه‌لێکی ڕادیکاڵن، که هه‌میشه هاواریان بۆ مرۆڤایه‌تی کردووه و ده‌که‌ن.
له‌نێو ته‌واوی ئه‌و عه‌شاماته‌دا، که پتر له هه‌شتهه‌زار که‌س ده‌بوون، تاکه نیشانه‌یه‌کی کوردیی، که هه‌بوو، تاکه یه‌ک ئاڵای “په‌که‌که” ده‌بینرا، ئیدی مه‌گه‌ر تاکه تاکهیهکی کوردی، من ئاسا، که هه‌میشه ڕێبواری ئه‌م ڕێگه‌ی هات و نههاتهن و له هه‌موو ئه‌م جۆره چالاکییانه‌دا هه‌ن و به ئه‌رکێکی ده‌زانن، ده‌نا بێجگه له دانه دانه‌یه‌ک کوردی دیکه‌ی نێو حیزبه کۆمیۆنیسته ئێرانی و عیراقییه‌کان، ئیدی بۆ ده‌رمانیش، گرۆیه‌کی کورد یا تاکێکی کورد نه‌ده‌بینرا. حیزبگه‌لی کوردستان، ئه‌مڕۆ بێ جیاوازی، له بازنه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکادا ده‌خولێنه‌وه و ئه‌مه‌ریکا به فریادڕه‌س ده‌زانن! ئه‌وان، ئیدی له بازنه‌ی خه‌ڵک و بزاڤی دژه‌ئیمپریالیزم و دژه‌سه‌رمایه‌داریدا نه‌ماون و له‌به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکادان. هه‌ڵوێستی ئه‌وان هه‌رچۆنێک بێت و ئه‌وان و سه‌دانی وه‌ک ئه‌وانیش له خانه‌ی ئه‌مه‌ریکادا بن، به‌ره‌ی دژ به ئیمپریالیزم، هێشتا به‌هێزه و مرۆڤی دڵسۆز و مرۆڤدۆست و حه‌قپه‌رست و عه‌داله‌تخواز و دژهچهوسانهوه، هێشتا هه‌ن و خه‌ڵکی خێرخواز و ئازادیخواز، هێشتا ده‌نگیان بڵنده و به‌ره‌و بانه‌ڕۆژێکی گه‌ش و ڕوون و پڕ خێر و به‌ره‌که‌ت، هه‌نگاو ده‌نێن. مرۆڤ به‌وه دڵخۆشه و ده‌توانم بڵێم، دنیا هێشتا خێر و خێرخوازی لێ نه‌بڕاوه.
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
10 – 9 – 2013