Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
شێرکۆ بێکەس: خوێندنەوەی شیعریی دەنگیی و جەماوەریی

شێرکۆ بێکەس: خوێندنەوەی شیعریی دەنگیی و جەماوەریی

Closed
by September 13, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

دوای ماڵئاوایی کردنی شێرکۆ بێکەس، نووسینگەلێکی پەخشانیی، ستنوونیی، پرسەنامەیی و … تاد لە راگەیاندنە جیاوازەکانی کوردییدا بڵاوکرانەوە. ئەڵبەت، بۆ ئەوەی نەڵێین هەمووی، لێ زۆرینەی ئەو نووسینانە هەستەکیی بوون نەک رەخنەیی؛ قسەی کاتی سەرەخۆشیی بوون نەک ئەدەبیی. مایەی سەرنجدانە، رەنگە هیچ زمانێک لە جیهاندا ئەوها وەک زمانی کوردیی لە ئاستی هەستەکیی، نارۆشنبیرییدا، قسە لەسەر پێشهاتی مردنی نووسەر و شاعیرانی خۆی نەکات. هەروەها رەنگە ئەو نەریتە لە هیچ زمانێکی  تردا بێجگە لە نەریتی زمانی کوردییدا نەبێ، کە خوێنەری ئاسایی یان رۆژنامەنووس یان کەسانی نانووسەر، ببن بە رەخنەگر و دەمڕاستی پلە و پایە دیاریکردن بۆ شاعیر و نووسەران. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو دیاردەیە، پەیوەندی بە کولتووری باڵادەستی حەشامات، ئاپۆرەی خەڵکەوە هەیە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا. بۆیە کاتێک بەشێک لە مێدیای بێ بابەت و نانووسەر و نووسەرانی کورد بە کۆمەڵیی بابەتێک یان رووداوێک یانیش نووسەر و شاعیرێک دەکەن بە مەتەڵ و ئەفسانە، ئیتر کەم کەس دەمێنتەوە نەکەونە دوای حەماسی ئاپۆرەی خەڵکەوە. کولتووریی ئاپۆرەش بیرکردنەوە خامۆش دەکا و هەستی بە کۆمەڵییش جۆشدەدا. ئەمەش مانای ئەوەیە، هێشتا لە ژیانی رۆشنبیریی کوردییدا دۆخی بیرکردنەوەی سەربەخۆ و تاکەکەسی ئازاد لە دایک نەبوونە یان ئەگەر لە دایکیش بوو بن، بێ کاریگەرن. تشتێکی نوێ ناڵێم کە دەڵێم، نووسەر و تاکەکەسی خوێندەوار لە جڤاکی کوردستاندا لە زارد گۆڕاون نەک لە ئاوەزدا.

 بۆیە وەک چۆن لە ئاستی سیاسیی و جڤاکیدا سیستەمی مجگێز کۆی بوارەکانی ژیان ئاراستە دەکا، بە هەمان شێوەش سیستەمی مجگێز  بواری کولتووریی کورد دەڕەتێنێت. وەک چۆن لە ژیانی سیاسییماندا نەریتێکی جێگیر بۆ بە ئەبەدییکردنی سەرۆکی حیزبەکان هەیە، بە هەمان شێوەش لە ناوەندی رۆشنبیریی کوردییدا شەیدابوونێکی مەست هەیە بۆ بە ئەبەدییکردنی چەند سەرۆکێکی ئەدەبیی. لە ئاکامی ئەمەشدا نەک هەر رەخنەیەکی کارامان نییە، بەڵکو چەند نووسەر، شاعیر و ئەدەبێکی نەگۆڕیشمان هەیە. ئەوە نییە، وەک چۆن  چەند بەرپرس و سەرۆکمان هەن کە نیو سەتەیە بواری سیاسیی بەڕێوە دەبەن، بە هەمان شێوەش چەند نووسەر و شاعیرمان هەن نیو سەتەیە خۆیان بەسەر کولتووریی کوردییەوە سەپاندووە. 

لێرەوە کێشەکە هەر ئەوەندە نییە کە زۆر جار نانووسەر و ناڕەخنەگرەکان بڕیار دەدەن کێ نووسەر و شاعیری “گەورە”ن، بەڵکو تێدامانەکە لەوەدایە کە ئەوانەی خۆیان بە نووسەر و رەخنەگریش دەزانن، بە هەمان مجگێزی باوی سیاسییەوە پلە و پایە بە دەق و نووسەر دەبەخشن.

ئاشکرایە مردنی نووسەر و شاعیر، مردنی ناسیاو یان جیران و … تاد نووسەران نین، بەڵکو هاوپیشەن لە بواری رۆشنبیرییدا، بۆیە کە نووسەر یان شاعیرێک ماڵئاوایی دەکا، گەرەکە لە لایەن نووسەرانەوە خوێندنەوە و راڤە بۆ ئەزموون و ژیانی ئەو نووسەر و شاعیرەوە بکرێن نەک قسەگەلی تازیمانەیی.

***

لێرەدا لەناو ئەو لێشاوی پیاهەڵدانگەلەدا کە خەڵک خۆیان بە دەمڕاستی حەقیقەت و شیعرناسیی دەزانن، منیش دەمەوێ  دیمەنێک لەو حەقیقەتەی کە من لەسەر ئەزموونی شیعری شێرکۆدا هەمە رایبگەینم.  لێرەوە ئەم نووسینە هەوڵدەدا بە خوێندنەوەی بەشێکی بەرچاوی ئەزموونی شیعریی شێرکۆ بێکەسەوە، ئاسۆیەکی تر بۆ بیرکردنەوەیەکی ئەدەبیی لەسەر ئەزموونی شیعر بە گشتیی و بەتایبەتیش شیعریی ئەودا ئاوەڵا بکاتەوە. 

من دەزانم، شێرکۆ کۆمەڵێ کۆشیعریی هەیە کە زیاتر بابەتی جوانیی و ژیانین، لێ، بە رای من، قووڕسایی ئەزموونی شیعریی شێرکۆ، لە کۆشیعرە سیاسییەکانی، یان دروستتر بێژم، لایەنگرییە سیاسییەکانیدا بەرجەست دەبێتەوە. بۆیە من بە خوێندنەوەیەکی خێرا، دیمەنێک لەو ئەزموونە شیعرییە سیاسییەی ئەو وێنە دەکەم، خوێنەری تریش دەکارێ، دیوە جیاوازەکەی تری ئەو بخوێنێتەوە. دەشزانم لەم رۆژگارەدا بە هۆی گواستنەوەی تێکستگەلێک لە نووسەرانی ئەوروپاوە نەک کۆنتێکستگەلێک، بۆ نموونە گوتنێکی وەک: نابێ باسی خودی نووسەر بکەین، بەڵکو دەبێ باسی دەق بکەین، لەناو نووسەرانی کورددا بۆتە مۆدە. بەڵام ئەوەندە بەسە نووسەری کورد بیزانن، پارساڵ کە نووسەری چینییMo Yan کە لە ٢٠١٢ خەڵاتی نۆبلی ئەدەبیی وەرگرت، بە هۆی ئەندامبوونی ئەو لە  حیزبی کۆمونیستی چیندا، لە ناوەندی رۆشنبیریی و ئەکادیمیی سوێدییدا گفتوگۆیەکی فرە ساز بوو. بەشێک لە نووسەرانی سوێد پێیان وابوو، ئەو هەڵبژاردنە سیاسییە و بێلایەن نەبووە، چونکە یەكێک لە لێژنەی ئەکادیمیی سوێد هاوڕێی مو یان بوو، بۆیە ئەو هەڵبژاردنەیان بە نائەدەبیی و  لایەنگرانە لە قەڵەم دا. هەروا سەبارەت بە کێشەی نێوان ژیانی  شاعیر و شیعر،  ئەگەر کەسێک بیەوێ فرەتر و کراوەتر بیربکاتەوە، دەتوانێ سەیری فیلمی”-Il postino (1994   Postiljonen، Writers: Antonio Skármeta. Director Michael Radford” بکە، کە تایبەتە بە ژیان و کارگەریی شیعری پابلۆ نیرۆدا. ئەو فیلمە باسی ئەو ماوەیە دەکا کە پابلۆ نیرۆدا چۆن لە دەست رژێمی فاشی لە شیلی دا دەچیتە ئیتالیا و لەوێش چۆن ژیان بەسەر دەکا. لەو فیلمەدا نیرۆدا لە دوورگەیەکی دڵفڕیندا لەگەڵ ژنە جوانەکەیدا، ژیانێکی شاهانە بەسەر دەبا. لەوێدا تەتەرێکمان نیشاندەدا کە کەسێکی سادە و ساکارە و فڕی بە سیاسەت و شیعرەوە نییە، کەچی بە هۆی ئەوەی رۆژانە نامە بۆ نیرۆدا دەهێنێ، ئاشنای نیرۆدا دەبێ. ئەو تەتەرە کە دەزانێ نیرۆدا لە دەست رژێمی فاشیی لە وڵاتەکەی هەڵهاتووە، سەرسامی شیعر و خۆشی دەبێ. ئەمەش وایلێدەکا لە خۆنیشاندانێکی گەورەدا دژی فاشیزمی ئیتالیا بەشدار بێت، دواجاریش ئەو کوڕە سافیلکەیە لەو خۆنیشاندانەدا دەکوژرێت، کەچی هاوکاتیش پابلۆ نیرۆدا لە ماڵێکی رازاوەی دوورگەیەکدا ژیانێکی لوکس و  خۆش بەسەر دەبا.

***

بەڵێ، منیش، کە هەرچەندە نە شێرکۆ بێکەس لە نزیکەوە دەناسم و نە لە کتێب چاپکردن و نە رۆژێکیش بۆ داواکردنی کۆمەکییەک سەردانیم کردووە، لێ غەمگین بووم بە ماڵئاوایی کردنی.  لێرەوە من سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خێزانەکەیان دەکەم. هیوادارم خودا سێبوورییان بدات. وەک دەزانین، چاکبوو کە کاکە شێرکۆ بە هۆی ئەوەی هاووڵاتی سوێد بوو و ‌حیزب و حکومەتیشی لە پشت بوو کە کۆمەکیی ماددیی و مانەوەیشی بکەن، بۆیە لە باشترین خەستەخانەی سوێددا هەوڵی چارەسەریی درا، کەچی مخابن وادیارە هیچ چارەیەک بۆ وەرەمەکەی سینگی، کە ئەمەش بەدکاری جگەرەیە، بە هانای نەهاتووە. 

هەموو خوێنەرێکی ئاساییش دەزانێت کە شێرکۆ بێکەس لە زمانی کوردییدا بوونی خۆی هەیە، بۆیە پێویستی بەو شین و وێنە دانانە رووکەش و کاتییانەوە نییە کە خوێنەرەکانی دەیکەن.  شێرکۆ بێکەس پێویستی بە خوێندنەوە و وێنەکردنییەتی وەک خۆی، نەک وێنەکردنی وەک دوا شاعیری کورد. ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی کە کۆشیعری زۆر و فرەرەنگی هەبووە، چونکە وەک دەزانین، لە کورد و نەتەوەی تریشدا شاعیرمان هەن بە کۆشیعرێک داهێنانییان کردووە، بۆ نموونە:”نالەی جوودایی”ی هێمن و “وەرزێک لە دۆزەخ”ی رامبۆ، بەڵکو لەبەر ئەوەی شێرکۆ خاوەن شێوازێکی زمانیی داهێنەرانەبوو.  بە دڵنیاییەوە بە ماڵئاوایی کاک شێرکۆ، شیعر، زمانی کوردیی بێکەس نامێنێتەوە، وەک زۆرێک لەو خەڵکە  شینگێڕانە بە قسە سۆزگرییەکانەوە دەریدەبڕن. ئەگەر زمانی کوردیی بە ماڵئاوایی شاعیر و نووسەرێک، بێداهێنان و بێکەس بمێنێتەوە، کەواتە ئەو زمانە دەمێکە، کە شێرکۆ بێکەسیش لە ژیاندا بوو، مردووە. لە مێژووی ئەدەبی کوردییدا سەتان شاعیر و نووسەری داهێنەرمان مردن، کەچی دوای ئەوانەشەوە ئەدەبی کوردیی، زمانی کوردیی لە داهێنان نەکەوت و بێکەسیش نەمایەوە. بۆیە ئەو شین و راگەیاندنە لە گۆترانەی کە لە سایت و فەیسبووکدا بە ناوی ئەدەبەوە لە لایەن زۆرینەی ئەوخوێنەرگەلەوە  کە دوای مەرگی شێرکۆ دەگوترێن، سەردەمی پێشمەرگایەتیم دێننەوە بیر؛ ئەوکاتیش کاتێک بەرپرسێکی پیشمەرگەی ئازا و نائازا پێشمەرگەیەکی دلێر و ئاساییش شەهید دەبوون، لە راگەیاندنەکانی حیزب و لە ناو پێشمەرگەکاندا، وەک هەنووکە دەیانگوت، گەلی کورد چیتر پێشمەرگە و سەرکردەی ئەوها ئازای دەست ناکەوێتەوە. سەیر ئەوەیە، ئەوکاتیش، وەک ئەوەی کە ئێستا دوای مردنی شێرکۆ بێکەس دەگوترێت، بەر لە شەهیدبوونی ئەو بەرپرس و پێشمەرگە ئازایانە ، کە هەندێ جاریش زێدەگۆیی لە ئازایەتیان دەکرا، بەرپرس و راگەیاندنی حیزبەکان ئەوها باسییان نەدەکردن، بەڵکو زۆر جار لە لایەن پێشمەرگە بەرپرسەکانەوە، قسەیان بۆ هەڵدەبەسترا.  کەواتە ئەو کولتوورە مردووپەرستییە، کولتووری کۆمەڵگەیەکی گۆڕ هەڵکەن و دیوەخانییە نەک ژیانخوازیی  ئەدەبخوازیی.

 زمانی هەموو نەتەوەیەک زناوە، بێوەستانە، بۆیە  نەزانییە ئەگەر بگوترێ بە مەرگی نووسەرێک هەتیو و بێکەس دەمێنێتەوە. ئەگەر لە کن ئەو لەشکرە نووسەرگەل، شاعیرگەل و مردووشۆرگەلەی کورد شێرکۆ بێکەس ئەو شاعیرەیە، هەرنا لە بەر بەرهەمەکانی وی، نەدەبوو ئەو قسە  بە گۆترانە بکەن. چونکە بەرهەمە شیعرەکانی وی نامرن، بەڵکو دەبن بە ئەزموون لە خاکی زمانی کوردییدا. بۆیە ئەگەر ئەو ئەو لەشکرە نووسەرە مردووشۆرە غەمییان نەمریی زمانی کوردییە، ئێستا دوای مەرگی شێرکۆ بێکەس، دەتوانن بەرهەمەکانی بە روانگەی جوودا بخوێننەوە، تا ئەزموونە شیعرییەکەیی و زمانی کوردییش لە جووڵە و ژیاندا لە مەرگ بە دوور بن.

***

دیارە تێگەیشتنی شێرکۆ بۆ شیعر و شاعیریی لە سەردەمی شەست و حەفتایەکانی رابردوودا سەرچاوەی هەڵگرتبوو. لەو رۆژگارەدا شیعر و شاعیربوون لە ئاستی جیهان و کوردستانیشدا، بە شۆڕش و شۆڕگێرییەوە گرێدرا بوون، بۆیە شاعیر بوون لە لایەن بەشێکی فرەی نەتەوەوە، بوونەوەرێکی مەیلە و پیرۆز یان رۆمانتیکیی بوو. لێرەوە گرینگە خوێنەری کورد ئەوە تێبگات، مادام شیعر و شاعیربوون بە شۆڕش و شۆڕگێڕییەوە گرێدرابن، کەواتە لەو کۆنتێکستەدا گەرەکە شاعیر شیعر بکات بە کردەیەک لە ژیاندا نەک تەنێ شیعراندنی شۆڕش و شۆڕگێڕیی.  ئەڵبەتە شێرکۆ بێکەس پڕ بە گەرووییەوە هەوڵیدا خۆی بکا بە لەرینەوەی کۆستی نەتەوەیی قەدەری کورد.  لێ ئەوەی جێگەی سەرنجە، شێرکۆ وێڕای ئەوەی کە زۆر بە شاعیر بوونی خۆیەوە ئاوێزان بوو، کەچی قەت شیعری نەکرد بە شێوازێک لە ژیان، بە کردە. بە دەربڕینێکی تر، شێرکۆ بێکەس نەیتوانی لەگەڵ شەپۆڵی جەماوەر نەبێت؛ بە پێچەوانەی شەپۆڵە باوەکان بێت، بەڵکو لە تەواوی ژیانیدا هەمیشە بە دوای ئاپۆرەی جەماوەرەوە بوو، کە ئەمەش خەسڵەتێکی زۆرینەی شاعیرانی ئەو کۆمەڵگەیانە بوون کە لە دۆخی شۆڕشدا دەژیان.

 پرسیار ئەوەیە: ئاخۆ ئەدەب بە گشتیی و بە تایبەتیش شیعر، واقیع یان شۆڕش وەک خۆی دەنووسێتەوە یان ئەمدیوی واقیعی شۆڕش:  دۆخی ناوەکیی و نادیاری  ئەمدیویی واقیعی شۆڕش و ژیان کە بۆ ئێمە نەبینراوە رۆشندەکاتەوە و نیشان دەدا؟! ئەگەر هونەری شیعر، نووسینەوە و گوازتنەوەی قسەی سەرزاری خەڵک بێت وەک خۆی، ئەدی داهێنانەکەی لە چی دایە؟  گوتنێکی نوێ نییە کە بڵێم، شێرکۆ بێکەس لە تەواوی ژیانیدا، نەیتوانی بێ پابەندن بوون بە حیزبە جەماوەریی و باڵادەستەکانەوە بژیت، ئەمەش دەکرێ وەک تایبەتمەندیی و ئازادیی شاعیر بخوێنییەوە، بۆیە هەمیشە لە ماڵی حیزبدا، بە گوێرەی سیاسەتی ئەو حیزبە دەستەڵاتدارانەی کوردستانەوە بە گشتیی، کە ئەمەش خەسڵەتی خۆی بوو نەک داخوازی ئەو حیزبانە، زۆر جاریش وەک کەسە نزیەکانی خۆی باسی دەکەن،  هەرچەندیش زۆر شیعری بە هۆی داواکردنی خەڵکانی نزیک خۆیەوە نووسیوە،  بە شیعرەکانییەوە هاوسۆزی خۆی بە رێگەی شیعرەوە بۆ قەدەری کورد،  هێزێکی تری بەشەکانی تری کوردستان، شەهید و کەسایەتییە سیاسییەکانەوە و… تاد، دەردەبڕی.  

بۆیە شێرکۆ تا مرد قەت بێدەستەڵات نەبووە، بەڵکو هەمیشە بەشێک بووە لە دەستەڵات،  هەروەک قەت بێکەسیش نەبووە و دوای مەرگیشی نە خۆیی و نە شیعری کوردییش بێکەس نابن. دیارە ئەمەش، ئەوەندەی من بیزانم، بە پێچەوانەی باوکی، فایەق بێکەسی شاعیر بوو، کە تا حەز بکەی بە پێچەوانەی شەپۆڵی باوی جەماوە و نەریتە داڕزاوەکانی وەک “عانە پەرستیی” و دەستەڵات بوو، کە لە کن ئەو، ئەو “عانە-پارە پەرستی”یەی کورد، وەرەمی گەورەی کورد بوو. (” داخی گرانم كورد گەورە و بچوكی شەیدای عانەیە.” فائق بێكەس) ئەوەندە بەسە شیعری ” بیست و حەفت ساڵ”ەکەی وی بە یادی خۆمان بهێنینەوە.

لێرەوە، بە رای من، وەسییەت  و دوا شیعرە کورت و دروشمییەکەشی بۆ کوردانی خۆرئاوا، لە هەمان سەرچاوەوە هەڵقووڵاون، واتە تا لەگەڵ شەپۆڵی جەماوەریی دانەبڕێت. شێرکۆ لە وەسییەتەکەیدا، بە پێچەوانەی زۆر شاعیر  و نووسەر، یان خەسڵەتی شاعیرانە، وێڕای ئەوەی کە دەڵێ بە هۆی ئەوەی حەزی لە قەڵەباڵغی نییە، بۆیە حەز ناکا لە گرد و گۆڕستانە قەڵەباڵغەکاندا بنێژرێت، کەچی خودی وەسییەتەکەی ئەوەمان پێدەڵێ کە زۆر رقی لە تەنیاییە، حەزی لە قەڵەباڵغییە. چونکە “پارکی ئازادی” شوێنی قەڵەباڵغە نەک چۆلەوانیی و تەنیایی. راستت دەوێ زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵێم، رەنگە شێرکۆ بێکەس لەو شاعیرە دەگمەنانە بوو کە حەزی لە تەنیایی نەبێت. بۆیە شێرکۆ لە هەموو ژیانیدا وەک چۆن حەزی دەکرد هەمیشە کۆڕە شیعرییەکانی قەڵەباڵغ بن، ئەوهاش حەزی لەوە بوو لە دوای ژیانیشدا لەناو قاڵەباڵغی بێت.  پێشکەشکردنی شیعر بۆ زۆر کەسی ناسراوی سیاسیی و ناسیاسییەکانیش، پەیوەندی بەو سروشتی حەز کردن بە قەڵەباڵغی ئەوەوە هەبوو. ئەو حەزی دەکرد، دڵی کەس بێکەس نەبێت. 

***

بەهەمە حاڵ، لەو دیدگەی سەرەوە دەکرێ ئەوها گەوهەر یان بەشێکی گرینگ لە ئەزموونی شیعریی شێرکۆ بێکەس وێنە بکێشرێت: 

 شیرکۆ بێکەس لە سەرەتای شەستەکانەوە دەبێتە لایەنگر یان ئەندامێک لە “کاژیک”دا و وزە و ئومێدە سیاسییەکانی لە روانگەی ئەو حیزبەوە چڕ دەکاتەوە. دیارە  ئەو قۆناغە شیعریی و سیاسییە زۆر کاریگەر نەبوو لە ناساندنی ئەزموونی شیعریی شێرکۆدا، چونکە  لە ئەزموونی سەرەتای شیعریی و تەمەنییدا بوو. دیارە وەک ناسییاوەکانی ئەوکاتی ئەو باسی دەکەن، زووش واز لە “کاژیک” دەهێنێت. لێ سەرەتای شیعری وی کە بە “تریفەی هەڵبەست” و “کەژاوەی گریان” دەست پێدەکا، کە لەو دوو کۆشیعرەدا لایەنگریی سیاسیی وەک ئەزموونەکانی دوایی زەق و راستەخۆ پەیوەندی بە لایەنگریی حیزبێکەوە نییە.

 بەڵام لە “من تینوویەتیم بە گڕ ئەشکێ”، کە لە سەرەتای حەفتایەکاندا لە نێوان ١٩٧٤-٧٥ بڵاویکردەوە، کە لەوێدا شیعرێک پێشکەشی بارزانی دەکا، نەک هەر خۆی دەکا بە هاوڕەوتی ئەوخەباتە چەکدارییە جەمارەوەرییەوە کە پارتی، بە تایبەتیش خوا لێ خۆشبوو، مەلا مستەفا بارزانیی سەرکردایەتی دەکرد، بەڵکو هەموو قەدەری کورد بە پارتیی و بە تایبەتیش بە خودی رەحمەتی مەلا مستەفا بارزاییەوە دەبەستێتەوە.  هەموومان دەزانین ئەوکات دروشمی سەر زاری جەماوەری کوردستان بریتی بوو لە: “پێشڕەوی کورد پارتییە، سەرکۆمان بارزانییە”، شێرکۆش لە شیعرەکەیدا هەمان دروشم دەڵێتەوە، نەک گوتنێکی شیعریی جیاواز.  

دەبا کۆپلەیەک لەو شیعرەی ئەو بۆ بارزانی بخوێنینەوە: 

” خۆشمان ئەوێی

بەقەد ڕقی شمشێری ناو چاوی ئەوان 

خۆشمان ئەوێی 

بەقەد كینەی گولە تۆپ و

كۆیرە بۆمبای فڕۆكەكانیان…” (من تینوویەتیم بە گڕ ئەشکێ) 

 

دوای ئەوەی ئەو خەباتە جەماوەرییە لە چاوترووکانێکدا هەرەس دەهێنێت و جەماوەری نامێنێت، شێرکۆ بێکەسیش، وەک زۆرێک لە لایەنگرانی ئەو خەباتەوە دوور دەکەوێتەوە و ماوەیەکیش، وەک زۆرێک لە خەڵکی کوردستان، دوای هەرەسی ئەو خەباتە بۆ شوێنە عەرەبنشینەکان دەگوازرێتەوە. دوای ئەو راگواستنە بۆ ناوچە عەرەبنشینەکان، کۆشیعری “کۆچ”ی نووسی. ئەو کۆشیعرە لە فۆرمێکی نوێدا، نووسینەوەی شکستی ئەو خەباتە و کۆچکردنە بوو. پاشان کۆشیعری “کازیوە”، لە ١٩٧٨دا دەنووسێت، کە یەکێکە لە ئەزموونە شیعرییە چێژدارەکانی وی، چونکە لەوێدا کار لەگەڵ بابەتە شیعریی و جوانناسییەکان دەکا.

***

 کاتێکش لە کۆتایی و سەرەتای هەشتایەکاندا “شۆڕشی نوێ”،  کە کۆمەڵەی رەنجدەران-  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رابەرایەتی دەکرد، جێگەی خەباتی هەرەسهێنراوی پێشووی گرتەوە و بوو بە جەماوەریی،  ئەویش لە دیوانی “هەڵۆی سوور”دا،  کە بە نازناوی جوامێر نووسیبوویی و  لە ١٩٨١ دا  راگەیاندنی یەكێتیی بۆی چاپکرد، خۆی دەکا بە دەنگی شیعریی ئەو “شۆڕش”ە و لەوێشدا هێرشێکی تووند دەکاتە سەر پارتیی و سەرکردایەتییەکەیی و زێدە خۆشبینیش پەسنی ئەو “شۆڕشە نوێ”یە دەکا.  ئەڵبەتە من کە ئەوکات لەناو شاردا ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران بووم و دواجاریش کە لە ١٩٨١دا لە رێکخستنی ناو شار ئاشکرا بووم، چوومە چیا، بۆیە ئەو کۆشیعرە لە روانگەی سیاسییەوە زۆر لام جوان بوو.

 لەوەش گەڕێ، کە راستییەکەی هیچێک لەو رابوونانەی کورد نەبوون بە “شۆڕش”، بەڵکو تەنێ لە ئاستی خەباتی چەکدارییدا قەتیسمان، چونکە هیچێک لەو “شۆڕش”انە، وێڕای مەرگەساتەکانیشیان، بونیاتی جڤاک و قەدەریی بندەستی کورستانییان نەگۆڕی. ئەمەش بابەتێکی ترە، غەمی ئەم نووسینە نییە.

 لێ جیگەی سەرنجە، شێرکۆ بێکەسیش  وەک سروشتی هەمیشەی کورد، کە لە بری دابڕان لە ئەزموونی رابردوو، هەمان ئەزموون دووبارە دەکاتەوە، دوای هەرەسهێنانی ئەو “شۆڕش”ەی کە بە بە سەرکردایەتیی پارتیی بوو و ئەویش “من تینوویەتیم بە گڕ ئەشكێ”ی بۆ نووسی بوو، لە جیاتی ئەوەی بە هەناسە دانێک لە بیرکردنەوەی شیعریی بەو ئەزموونەی خۆیدا بچێتەوە، بۆ ئەوەی  بە سوود وەرگرتن لەو هەرەسەی “شۆڕش”ەی رابردووەوە بتوانێت لە داهاتوودا هەم خۆشیی و هەمیش کورد تووشی هەمان بێئومێدیی نەبنەوە، کەچی بە هەمان حەماسەوە بە دژی ئەو “شۆڕش”ەی رابردوو دەوەستێتەوە و بە دوای حەماسی “شۆڕش”ێکی تر دەکەوێت. 

دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی هەشتایەکان شێرکۆ بێکەسیش دێتە شاخ و ماوەیەکی کورت لە لای یەکیتی نیشتمانییدا ماوەیەوە، دواجاریش وابزانم لە ساڵی ١٩٨٦یدا یەکێتیی دەینرێن بۆ ولاتی سوێد. وەک گوتم، چونکە شێرکۆ بێکەس حەزی نەدەکرد تەنیا بێ و دوور جەماوەر ی شیعری خۆی بژیت و لە سوێدییشدا وێڕای ئەوەی “خەڵات”ی وەرگرت، کە ئەو خەڵات بەخشینەش بە شێرکۆ بێکەس، وەک ئاشکرایە لەسەر قوربانی کوردانی باکوور بوو. چونکە هەمان ساڵ، لە ٢٨ی  ١٩٨٦ سەرۆکی ئەوکاتی سوێد، ئۆلۆف پالمێ لە ئێوارەیەکی درەنگدا لە لایەن دەستێکی نادیارەوە تێرۆر دەکرێ، یەکسەر پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەلبەتە تورکیا لە پشت ئەو تۆمەت هەڵبەستانە بوو، بە کوشتنی ئۆلۆف پالمێ تۆمەتبارکرا. لە ئاکامی ئەمەشدا پۆلیسی سوێد بە هەڕەمەکیی دەستیکرد بە گرتنی چەندین کورد و چاودێری کردنی ماڵ کوردانی باکوور. بەمەش سۆسیال دەیمۆکراتە حکومڕانەکان بەو رەفتارەوە، بێ بوونی هیچ بەڵگەیەک، زوڵمێکی زۆریان لە کورد کرد.  ئەو رۆژگارە شێرکۆ بێکەسیش تازە هاتبوو بۆ سوێد و لەناو کوردی باکووریشدا، شاعیری ناسراو لە سوێددا نەبوو کە شیعریشی بە سوێدیی هەبێت، دیارە ئەو رۆژگارە چەند نووسەر و رۆژنامەنووسی باکوور لە سوێددا ناسراو بوون. 

بەمجۆرە چەند کەسێک، لەوانە عومەر شێخ موس کە ئاشنایەتی لەگەڵ سۆسیال دیمۆکراتەکاندا هەبوو، خۆشی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی بوو، کۆمەڵێ شیعرێکی شێرکۆی کرد بە سوێدیی و بە گرینگترین شاعیری کوردیی ناساند. هەمان کاتیش شێرکۆ بێکەس، وەک سروشتی خۆی،  شیعرێکی بۆ ئۆلۆف پالمێ نووسی. ئەوکاتیش کە نووسەرانی سوێد شارەزایەکی سەرەتاییشیان لەسەر ئەدەبی کوردیی نەبوو، بۆیە دەستەڵاتدارانی سۆشیال دیمۆکراتی سوێد کە ئەوکات حوکمڕان بوون، وەک دڵدانەوە و داوای لێبووردن، خەڵاتی “Tucholskystipendium Pennklubbens” یان  بە شێرکۆ  بێکەس بەخشی، کە خەڵاتێکی ئەدەبی بایەخداریش نییە. 

***

لە ١٩٩١ دا خەڵکی کورد رادەپەڕێ و حکومەتی کوردستان ساز دەبیت و شێرکۆ بێکەسیش کە لە ١٩٨٦ەوە لە سوێددا دوور لە قەڵەباڵغی کۆڕە جەماوەرییەکانەوە وەک هەر پەنابەرێک دەژیا، زوو بە خۆیی و دەستنووسی “دەربەندی پەپوولە”وە، کە دیوانێکی چاکی ئەوە، چونکە لە ژێر فشاری پەراوێزبوون و تاراوگەی تەنیاییەوە نووسیبووی، دەگەڕێتەوە کوردستان و  دەبێتە یەکەم “وەزیری رۆشنبیریی” ئەو حکومەتە.  هەر دوای سالێک لەو حکومەتە کوردستانەی کە گوایە بەرهەمی ئەو “شۆڕشی نوێ”یە بوو، نەک هەر لە لایەن دەستەڵاتداری ئەو حکومەتەوە ژێرخان و ژیانی کوردستان تاڵاندەکرێن، هەرچی سەرمایەی ژێر خانی کوردستانە ئاودیوی ئێران دەکرێ، بەڵکو هەژەندهێنەرتین شەڕی خۆکوژیی هەڵدەگیرسێت. ئیتر دوای ماوەیەک، کە لێرەدا بوار نییە وردەکارەکانی ئەو هۆکارانە روونبکەمەوە، شێرکۆ بێکەس واز لە پۆستەکەی دەهێنێت و دێتەوە سوێد. شێرکۆ کە هاتەوە سوێد، هەروەک پێشتریش، بۆ ئەوەی وەک شاعیرێک لە سوید بناسرێت، زۆر هەوڵیدا شیعرەکانی بکرێن بە سوێدیی، بە رادەیەک خۆی رووی لە هەموو ئەو کەسانە دەکرد کە دەیزانی دەمێکە لە سوێددا دەژین. هەرچەند ئەوکات لە سوێددا نووسەری سوێدییزان بە دەگمەن هەبوون، لێ دواجار کاک خەبات عارف کۆشیعری “کۆچ”ی بۆ کرد بە سوێدیی، کە ئەوکات کچە هاوڕێیەکەی من، لیسا کۆمەکییەکی باشی زمانە سوێدییەکەی بۆ کرد و بێئەوەش داوا بکا ناویشی وەک کۆمەککاری زمانە سوێدییەکە بنووسرێت.

هەر چۆنێک بێت، ئەوەندەی من بیزانم، دوای هەوڵێکی زۆری خودی کاک شێرکۆ بێکەس و هاوڕێیەکانی لە سوێددا، هیچ چاپخانەیەکی سوێدیی ئامادە نەبوو، ئەو دیوانە “کۆچ”ی بۆ چاپبکەن، بۆیە دواجار “عەلی ئاپک” کە چاپخانەیەکی کوردییە، بۆی چاپی کرد. دیارە هەر بە هەوڵی خودی خۆشییەوە نووسەرێکی کارکەنار (موتقاعد)ی سویدیی  کە لە نێوان ساڵانی لە شەست و حەفتایەکاندا بەڕێوەبەری بەشی کولتوویی رۆژنامەی “داگس نێهێتەر”بوو، پێشەکییەکی بۆ ئەو کۆشعرە نووسی. هەرچەند چەند رۆژنامەنووس کە هاسۆزی دۆزی کوردن، چەند نووسینی رۆژنامەییان لەسەر شیعرەکانی شێرکۆ نووسی، ئەو نووسینانەش زیاتر باس لە لایەنی چەوساندنەوەی کورد دەکەن لە شیعرەکانی ئەودا. لێ بە داخەوە ئەو کۆشیعرە لە ناوەندەی رۆشنبیریی سوێدییدا ئەو پیشوازییە گەرمەی لێنەکرا کە کاک شێرکۆ خۆی چاوەڕێی دەکرد. هۆکاری ئەو پێشوازیی نەکردنەی رەخنەگرانی سوێدییش پەیوەندیی بە باش و خراپی ئەو کۆشیعرەوە نەبوو، بەڵکو پەیوەندی بە خودی سیاسەتی کولتووری سوێدییەوە هەیە، چونکە نووسەر و رەخنگرانی سوێدیی، بە هەمان سیاسەتی دەرەوەی سوێد، خەسڵەتییان ئەوهایە:  ئەوکاتە پێشوازی لە شاعیر و نووسەرێک دەکەن، بە تایبەتیش ئەگەر ئەو شاعیر و نووسەرە خەڵکی وڵاتانی خۆرهەڵات بن، ئەگەر کوردییش بێت خراپتر،  کە پێشتر لە زمانە ناسراوەکانی ئەوروپا ناسراو بوو بێت، ئەگینا خۆیان بە دەگمەن نەبێت، ئەگەر تۆ بە زمانەکەی خۆت باشترین نووسەریش بیت، بایەخت پێنادەن. بەڵام بۆ نووسەری خۆرئاوایی ئەوها نین.

***

بەهەمە حاڵ، بۆیە شێرکۆ هەستی نامۆیی و بێزاربوونی لە شەختەبەندانی سوێد قووڵتر دەبێتەوە. هاودەمیش لە کوردستاندا بە هۆی ماڵوێرانی شەڕی نێوان پارتیی و یەکێتییەوە، هەرچی لایەنگری ئەو دوو حیزبانە بوون کەوتبوونەوە بەر لۆمەی خەڵکەوە. هەروەک بە هۆی ئەو ئەو شەڕە ماڵوێرانەی کە لە کوردستاندا هەبوو، خەڵک لەبەر نەداریی و قۆڕەی سک و هاواری برسییەتی گەدەیانەوە، بیریان لە شیعر و ئەدەبییات نەدەکردەوە. بۆیە شێرکۆ بێکەس لەو دۆخەدا هەست بە بێجەماوەریی و بێکەس خۆی دەکا. ئەو دۆخە غەمینە، شێرکۆ هەراسان دەکا. چونکە لە سوێددا وەک هەر هاووڵاتییەکی ئاسایی کورد سەیر دەکر. لە کوردستانیش بە هۆی ئەو شەرەی کە لە کوردستاندا دەگوزەرا، خەڵکی کورد زۆر گرینگی بە شیعر نەدەدا، بۆیە کاتێک دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦ەوە کە دوو ئیدارە و حکومەت دروست بوون، شێرکۆ بێکەس گەرایەوە کوردستان و دەستی کرد بە کۆڕ گێڕان. وەک گوتم، شێرکۆ حەزی لەوەیە لەناو خەڵکێکی زۆر شیعر بخوێنێتەوە، بۆیە کە گەڕایەوە کوردستان بوو بە بەشێک لە دەستەڵات و هەموو دەرگەی دەزگەی راگەیاندنەکانیش بۆ ئەو لەسەر پشتبوون، ئەمەش ئەو تەنیایی و نامۆیی و بێکەسییەی کە لە سوێددا تووشی بوو بوو رەواندەوە.

***

شێرکۆ بێکەس بە درێژایی ئەو ماوەیە لە کوردستاندا سەرقاڵی “بڵاوکراوە و پەخشی سەردەم” بوو و هەر ئەو ماوەیەش کۆی بەرهەمە شیعرەکانی بە توانایەکی تێر و گرانبەها لە چەند بەرگێکدا چاپکردەوە.  دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ ەوە گەندەڵیی بوو بە وشەیەکی باو، لە ئاکامی بێزاری خەڵک لە گەندەڵیی حیزبەکان و  دروسبوونی “بزووتنەوەی گۆڕان” لە لایەن بەشێک لە بەرپرس و کادیرانی جیابووەوە لە یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان و … تاد، ١٧ شوباتی ٢٠١١ی لێکەوتەوە. لەو خۆنیشاندانەی ١٧ سوباتدا کە ئاپۆرەی جەماوەر بە دژی دەستەڵاتی کوردستان و یەکیتیی نیشتمانییەوە چەندین مانگ لە “سەرای ئازادی”یدا خۆنیشاندانییان کرد و و پایەی جەماوەری یەکێتییش لە سلێمانی دادەبەزی، بۆیە کاکە شێرکۆ بێکەسیش  بۆ ئەوەی لە لایەن جەماوەر و نووسەرانی سەر بەو رەوتەوە پەراوێز نەکرێت یان هەست نەکا لە دوای کاروانی جەماوەرە، زوو شیعرێک دەنووسێت و بەرەو سەرای ئازادیی دەچێت، کە ئەوکات هەرچی دەهات مایکرۆفۆنی دەگرت و دەیشعراند،  سەرپەرشتکارانی ئەوخۆنیشاندانەش پێشوازییەکی گەرمیی لێدەکەن و ئەویش شیعرەکەی دەیخوێنتەوە. لێ دوای ئەوە بۆ ئەوەی ئەو خۆنیشاندانە، بەلای کەمییەوە، بۆ خۆیی و یەکیتیی بە سەلامەتی کۆتایی پێبێت، چەند کەسێک لە دەمڕاستەکانی ئەو خۆنیشاندەرانە دەباتە لای مام جەلال. ئاکامی ئەو چوونەش هەر چییەک بوو بێت، من نایزانم. 

دوای ئەمەش دیوانی “ئێستا کچێک نیشتمانمە” دەنووسێت. لێ سەیر ئەوەیە، شێرکۆ بێکەس دوای ئەو هەموو ئەزموونە لە شیعر نووسین، بەر لەوەی ئەو کۆشیعرە بڵاو بکاتەوە و بۆ چەند هاوڕێی دەنێرێت و داواشییان لێدەکا رای خۆیان لە چۆنییەتی ئەو شیعرە و چاپکردن و نەکردنییان بۆ بنووسن! هەندێک لەوانە هی ئەوە نین، بزاننن شیعریش چییە، چجای هەڵسەنگاندنی شیعر. هەر چۆنێک بێت، دوای ئەوەی ئەوانە بە خەستی بەو کۆشیعرەیان هەڵگوتبوو، کە گوایە ئەو کۆشیعرە، وەرچەرخانێکی نوێیە لە ئەزموونی شیعری ئەودا. راستییەکەی، ئەگەر کەسێک کەمێک شارەزایی لە  شیعر و خەسڵەتی شیعریی کاک شێرکۆ هەبێت، دەزانێت، وەک ئەوەی من لە سەرەوە ئاماژەم بە  وێستگەکانی شیعریی ئەو کردووە، ئەو کۆشیعرەشی بەردەوامی هەمان ئەزموونی شیعریی و  سیاسی پێشوویەتی.  جیاوازی “ئێستا کچێک نیشتمانمە”  لە کۆشیعرەکانی پیشووی، تەنێ بابەتی شیعرە نەک وەرچەخانێکی هزریی و هونەریی. بە کورتی،  شێرکۆ لەو کۆشیعرەدا لە بری ئەوەی باسی خۆشەویستیی خۆی بۆ نیشتمان و حیزبێک بکا و دژی داگیرکاران بێت، باسی ناشیرینی نیشتمان و ناشیرینی حکومڕانەکانی کوردستان دەکا، کە باسکردنی ئەم بێزارییەش لە نیشتمان و حیزبەکان، لە خودی ئەو حیزبەی کە کاک شێرکۆش لایەنگریی بوو، زۆر دەمێک بوو کەس نەمابوو باسی نەکا، رەنگە شێرکۆ بێکەس دوا کەس بووبێت. 

کەواتە ئەوە کام وەرچەرخانی هزریی و هونەرییە لەو کۆشیعرەدا هەیە، کە ئەو مامۆستا و هاوڕێیانەی کاک شێرکۆ باسی دەکەن؟  بەڵێ، کاک شێرکۆش وەک هەمیشە دەستی کرد بە خوێندنەوەی ئەو کۆشیعرە لە کۆڕ و تەلەفزیۆنەکاندا.  بزووتنەوەی گۆڕانیش هەوڵیدا سوودێک لەو کۆشیعرە وەربگرێت، لێ وابزانم سوودەکەی زۆر نەبوو!  دوای ئەو  بە دەنگ خوێندنەوانە،  چاپی کرد. دیارە شێرکۆ لەو کۆشیعرەدا بێئومێدییەکی شیعریی نیشاندەدا نەک هەڵوێستێکی کردەیی بەرانبەر ئەزموونی رابردووی شۆڕش و حیزبەکەشی. بەڵام دوای ئەوەی کە ئەو خۆپیشاندانەی “سەرای ئازادی” لە دەڤەری سلێمانی قەتیس دەمێنێت و دواجاریش بێ ئاکام کۆتایی پێدێت، لێ ئەمجارە کاک شێرکۆ بێکەس، بە پێچەوانەی قۆناغەکانی رابردووی خۆیەوە، هەر وەک لایەنگرێکی یەكیتیی نیشتمانیی  و بەشێک لە دەستەڵاتی کوردستان دەمێنێتەوە. 

***

ئەمەی  گوتم، دیمەنێک بوو لە ئەزموونی شیعریی کاک شێرکۆ. هاوکاتیش، ئەوەندەی من بیزانم، نە لە رابردوو و نە لە ئێستاشدا هیچ شاعیر و نووسەرێکی دوور لە دەستەڵاتی حیزبەکان، وەسییەتی لەم جۆرەی کاک شێرکۆی نەنووسیوە. چونکە وەک دەزانین لە دوای نەوەدەکانەوە ناوی شەقام و پەیکەرەکان لە شارەکانی کوردستاندا، بەسەر پارتیی و یەکێتییەوە دابەش بوونە. بۆیە ئەوە ئەو دوو حیزبەیە کە بڕیار دەدەن شەقام بە ناوی کام شەهید بکرێت و  نووسەر و شاعیرانیش لە کوێ بنێژرێن.  کەس نییە نەزانێ، دەیان پێشمەرگەی پاڵەوان و نووسەری نەمرمان هەن، کەچی چونکە حیزبێکی دەستەڵاتدارییان لە پشت نییە، بۆیە نەک هەر پەیکەر و ناوی شەقامییان بەناو نەکراوە، بەڵکو لە یادەوەریی زمان و شۆڕشگێرییشدا فەرامۆشکراون! ئەمەش بابەتێکە و نووسینی تایبەت دەخوازێ.

 لێرەدا دەکرێ بپرسین: ئاخۆ بەرهەمی  شاعیر و نووسەرگەڵێکی وەک مەلا عەبدولکەریم مودەریس، جەلالی میرزا کەریم، کامەران موکریی،  مەسعود محەمەد و دەیان نووسەر و شاعیری تر، لە هی شێرکۆ کەم بایەخترن؟ ئەدی بۆ نە ئەو نووسەر و شاعیرە ناسراو و داهێنەرانە نە داوایان کرد بوو پەیکەریان بۆ بکرێت، نە داواشیان کردووە خەڵاتییان بە ناویانەوە ببەخشرێت، نە داواشییان کردووە لە باغچەی گشتی بنێژرێن و کەفێتریاشیان لە نزیک گۆڕەکانییانەوە بۆ درەست بکرێت؟! ئاخۆ بەرهەمی نموونەی وەک مامۆستا عەبدولکەرم مودەریس و مەسعود محمەد، زیاتر خزمەتی زمانی کوردییان کردووە یان هی شێرکۆ؟ 

 بەڕاست، نابێ هێمن موکریانی لە یاد بکەین، کە خۆی حەزی دەکرد تەنیا بە هێمن بناسرێت. لێ لەو کۆنتێکستەدا بێ ناوبردنی هێمن، بە رای من، نووسینەکە بۆشایی تێدا ساز دەبێت. هێمن لەو شاعیرانەیە کە وەک چۆن زمانی کوردیی لە دڵەوە زرینگاندەوە و پەیڤی کوردییشی لاواندەوە، ئەوهاش، بە واتای هایدیگەر، شاعیرانە لەسەر ئەم زەوییە بە قەدەر گەمارۆدراوەی کوردستاندا ژیا. هێمن ئەو شاعیرە بوو کە هەر کاتێک مرۆڤ لە رەقی جیهان و ئاوابوونی ناسکۆێژی بێهوودە دەبێ، دەتوانێ بۆ دڵدانەوەی خۆیی و زمانەکەیەوە هانای بۆ ببات. هێمن هەر زمانێکی شیعریی نەبوو، بەڵکو ژیانێکی شاعیرییش بوو. شیعرە هەرە سادەکانیشی، وەک خۆی سادە و راستگۆ بوون. ئەو مرۆڤە شاعیرە، وەک “کوێستانی کورد” دڵفڕێن بوو.  ئەو مرۆڤە کۆچەریی، بێماڵە لی جێنیشنە لەناو شەپۆلی زمانەدا، بە دەستێک شیعری کلاسیکیی و فۆلکلۆری لە زمانی هەنووکەدا موتربە دەکرد و بەدەستێکیشی زمانی کوردیی نوێدەکردەوە.

هێـمن بە کردەی شیعریی وەک شێوازێک لە ژیان، وێنەیەکی راستینە لە شاعیریی، جوانپەرستیی و شۆڕگێڕیی  بەرجەستە کردەوە. شیعر لە زمانی هێنمندا تەنێ جێنیشینی نییە لەسەر زەویدا، بەڵکە گەڕیدەییشە، تاکوو زایەڵەی ناوەکیی سروشت و جوانی کیژی ئازا و زامی ژیانەکەی خۆیی و نەتەوەکەشی کۆبکاتەوە و بیانچڕێت. بۆیە زمانی هێمن کەرەسە نییە، بەڵکە رووحێکی زناوە. هێمن ئەگەرچی وا دەنوێنێ کە”دێم و دێم”ەکەی لە شیعری “ناڵەی جودایی”دا بەرەو مەوتەنەکەیەتی، لێ ئەو “دێم و دێم”ەی ئەو بۆ ناو نیشتمانی زەمەنێکی نادیارە.  بۆیە ئەگەرچی لەبەر پێڕگریی و مجگێزی رەخنەی کوردیی، بێباکی نووسەرانی هاوزمانەکەیەوە نادیارە، تەنێ لە ئاستێکی هەستەکیی و خەڵکیدا نەبێ دیارە، لێ ئەو دیاردەیەکی شیعریی نامۆ و نەوازەی شیعریی سەتەی بیست، بە تایبەتیش هەشتایەکانی کوردیییە. هێمن ئەگەرچی بە هۆی کۆستی نەتەوەکەیەوە غەم و پەژارە چارەنووسی بوو، کەچی دڵ و رووحەکەی، قەرەجێکی شیعریی جوانپەرست بوو، بۆیە تا مرد ئەڤیندارێکی شەیدا بوو. هێمن وێڕای شیعریی گۆرانیی، دانسقەترین بنووسی چامەی شیعریی و پەخشانیش بوو. بۆیە هێمن ئەگەرچی موکریانیی بوو، کەچی دەگمەنترین شاعیری سەرمەستی ئەمدیوی کەوشەنەکان بوو. هێمن حەزی لە کیژ و مانگەشەو بوو، چونکە خۆی تریفەدزی مانگەشەو بوو.

ئەدی ئەحلام مەنسووری یاخیی؟ ئەحلام وەک ژنێکی زۆر دەگمەن لەناو ئاپۆرەی ئەو ئەدەبە پیاوسالارییەی کوردییدا، دیت و لە کۆی نەریتەکانی نووسین و بێدەنگیی ژنی کورد یاخی دەبێت. لەوەش زیاتر، ئەحلام وەک چۆن وشەی کرد بە ژیان؛ نووسین لە کن ئەحلام هەر نووسین نەبوو، بەڵکو بەر لە هەموو تشت، ژیان و هەڵوێست بوو، بۆیە لە دواجاردا ئەو راستبێژیی و یاخییبوونە نەک هەر بێکەسی دەکا، بەڵکو تەنیاشی دەکا. ئەحلام رەنگە یەکێک بێت لەو نووسەرە جوانانەی کورد کە نەک هەر وەک زۆرێک لە نووسەر و شاعیران نەیتوانی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی بچێتە ئەوروپا، بەڵکو لە سەرەمەرگیشدا کەس نەبوو سەردانی بکا. کە بە تەنیاش دەمرێ، نەک هەر وەسییەتەکەی، کە وەک دەڵێن لە داخی گەندەڵیی لە حیزبەکان و بێزاربوونی لە نووسەرانیش، داوایکردبوو لە قەندیل بنینێژن، نەک بۆی جێبەجێ کرا، بەڵکو هیچێک لەو نووسەرە پیاو و ژنە فێمێنیستە زارقەڵەباڵغانەش لە ناشتنی بەشدارییان نەکرد.

لە کۆتاییدا حەق بپرسین: ژنگەلێکی کورد هەن کە زۆر بە فێمێنستووبنییان ناز دەکەن و هەمیشەش باسی پیاوسالاری دەکەن، کەچی بۆچی ئەو شین و شەپۆڕە، قسە گوتراوانەی کە بۆ مەرگی شێرکۆ بێکەسی دەیکەن، کە دیارە لەشکرێک لە نووسەری پیاو و راگەیاندنیشی لە پشتە، هەمان شین شەپۆڕییان بۆ مەرگی ئەحلام مەسنوور نەکرد. ئاخۆ ئەو تەرزە فێمێنیزمە لە زار قەتیسماوەی ژنی کورد، مایەی خستنە ژێر پرسیار نییە؟

***

 من کە دەزانم بەشێک لە ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەس ئەستێرەیەکی گەشە،  نەک دوا تاکە ئەستێرە لە ئاسمانی یادەوەریی زمانی کوردییدا، لێ هاوکاتیش بۆ چاکەی زمان و نەوەی داهاتوو ناکرێ ئەو لایەنەش لە ئەزموونی شێرکۆدا شرۆڤە نەکرێت، ئەمەش، وەک باوە لە کولتووری ئێمەدا، نابێ وەک لۆمەکردن و کەمکردنەوە لە ئەزموونی شێرکۆ بێکەس بخوێنرێتەوە، بەڵکو گەرەکە  وەک ئاماژەیەک بۆ چاکە  بەخشین بە نەوەی هەنووکە و داهاتووی شاعیر و نووسەری کورد بخوێنرێتەوە، کە لە کوردستاندا خۆ بەستنەوەی نووسەر و شاعیر بە حیزبێک و شەپۆڵی جەماوەر، شاعیر هەر لە ئاستی شیعر و نووسەر، لە ئاستی دەقدا نامێنتێەوە، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە گرفتەکانی ئەو حیزبانە و حەماسی جەماوەریی، وەک ئێستا دەیبینین.  

شێرکۆ بێکەس  لای وابوو شییعرەکانی زۆر لە خەباتی چەکداریی و قوربانیی خەڵک گرینگترە، بۆیە هەرچی لە توانای دابوو دەیکرد تا شیعرەکانی بۆ زمانەکانی جیهان وەربگێردرێن و لە ئاستی کوردستانیشدا بڵاو بکرێنەوە، هەروەک ئەگەر هەموو جیهان و کوردستان بە شیعرەکانی ئەو و خۆی ئاشنا بوون، ئەوە قەدەری کورد بە جیهانی دەبێت و رزگار دەبێ، ئەمەش لە خەونێک زیاتر هیچی تر نەبوو!  هەر بۆیە،  وەک لە دەمی نووسەرانەوە دەیبیستین و دەیخوێنینەوە، کەم شاعیر لە کوردستان و جیهان هەن کە وەک شیرکۆ بێکەس بە رەخنەگرتن لە خۆیی و شیعرەکانی تووڕە و بێتاقەت بن. چونکە لە خەونێکی شیعرییدا دەژیا، کە پێی وابوو خۆیی و شیعرەکانی لە هەرچی خەوشە بێبەریین.

  شێرکۆ لەو شاعیرانەیە کە خوێندنەوەی شیعر بە دەنگی خۆیەوە، لە خوێندنەوەی بێدەنگیی کاریگەرتر بوو، بۆیە هەمیشە زۆر جار بەر لە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی، حەزی دەکرد لە کۆڕێکی رێکخراو و جەماوەرییدا بیخوێنتەوە، ئەمەشی هەمیشە بۆ رێکدەخرا. بەراستیش لە خوێندنەوەدا، لەگەڵ شیعرەکانیدا دەسووتا. بۆیە ناچاری دەکردی، لەگەڵیدا بسووتێی. کەواتە ئەوەی وایدەکرد شێرکۆ لە رۆژەڤێدا بمێنتەوە نوێکاری نەبوو لە شیعرەکانیدا، بەڵکو خوێندنەوەی بە دەنگی خۆیەوە بوو.

***

لێرەوە، وێڕای خەختکردنەوە لە ئەزموونی شیعریی  شێرکۆ، هەروا پیشکەشکردنی شیعرەکەی بۆ کوردانی خۆرئاوا و وەسییەتەکەیشی کە لە دوای خۆیەوە خەڵاتی شیعری بە ناوی بێکەس و قاوەخانەیەک لە نزیک گۆڕەکەیەوە دروست بکرێت، – هەرچەند لە کوردستاندا خەڵاتی شیعر و ئەدەبیشمان یەکجارە زۆرە،  هەر ساڵێ پار ئەو رێژە خەڵاتەی کە لە کوردستاندا بەسەر شاعیراندا دابەشکرا، رەنگە  وڵات هەبێ بە چەندین ساڵ بە قەد ساڵی پاری کورد، خەڵاتی شیعریی نەبەخشیبێت.  لەوەش گەڕێ، کە هەنووکە  لە کوردستاندا هیچ تشتێک هێندەی شیعر سووک سەیر ناکرێت، بەڵام، وێڕای ئەمەش دەکرا دەزگەی سەردەم ئەو خواست و خەونانەی بۆ کاک شێرکۆ بە واقیع بکا، خۆزگە خۆی لە سەرمەرگدا، یان هەنووکە خێزان و منداڵەکانی وەسییەت  دەکەن کە بەو میراتەی کە لە دوای خۆیەوە بەجێهێشتووە، خەستەخانەیەکی چاکی وەک سوێد بەناوی بێکەسەوە لە سلێمانی دروست بکرێت، تا لە داهاتوودا ئەو هاووڵاتیی و شاعیر و نووسەرانەی کە کەم دەرامەت و بێ پشت و پەنان، لەوێ خۆیان چارەسەر بکەن. هەروا لەگەڵ ئەو دوا کورتەی شیعرەی کە بۆ کوردانی لێقەوماوی خۆرئاوا نووسیویەتی، وەسییەتی کردبا کە بەشێک لەو میراتەی بۆ زارۆک و ژن و دایکە ئاوارەکانی ئەوێ تەرخان بکرێت.  چونکە وشە ئەوکاتە کارایە، کە دەبێ بە کردە. کەواتە غەمخۆری بۆ ئەنفالی کورد و کوردستان هەر شیعر و دروشم نییە. 

 کەواتە ئەگەر ئەو سووتانە شیعرییەی کە شێرکۆ، وەک کۆی شیعرەکانی تری، کە بۆ کوردانی سوریا و  دۆزی کورد نووسیبووی بوو بووایە بە کردە، ئەوکات ئەوە دەبوو بە شیعرێکی جوانی هەمیشە تەواو نەبووی ئەو. 

 

2013.8.5

هەندرێن ستۆکهۆلم

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.