پێشانگای هونه ریی – دارا ئارام –
“ریزمە بێکۆتایەکان”
ئەدرێسی پیشانگا :-
Cedar Ridge Gallery October 5th – October 17th, 2013
225 Confederation Dr. Toronto, On. Canada
www.toronto.ca/culture/cedar_ridge.html
http://daraaram.webs.com
ڕۆژی نماییش و بینینی هونەرمەند :-
Sunday, October 6th, 2013. 1:00 –4:00 PM.
بۆ زانیاری زیانر ، تکایە سه یری کاردی پێشانگاکه بکه ،
_______________________________________.
کارە نوێکانم لەم پێشنگایەدا دوا پرۆژەی چالاکی هونەری ساڵی ٢٠١٣ دەبێت کەپیشانی دەدەم، کە خۆی لە ٤٤ تابلۆدا دەبینیێتەوە کە هەڵبژاردەی ساڵانی ٢٠١٢/٢٠١٣ ، بە ئەندازەی ٣٠ـ ٤٠ سم و ٢ -٢م کە بەڕەنگی ئەکریلک و ئینکاستیک لەسەر کانڤاس و بۆرد نەخشیندراون. لە رۆژی کردنەوەی پیشانگا هونەرمەندی بە توانە شەهریار جەمشیدی چەند پارچە مۆزیک رەسەنی کوردی پێشکەش دەکات بە ئامێری کەمانچە، کەساڵانێکی زۆر لە بواری موزیک کاردەکات.
بەبەراورد بە هونەرەکانی دیکە وەک شیعرو مۆسیک و سەما توانای هونەری شێوەکار لەسەر هێما لە ناخی مرۆڤ کەمترو سنووردارترە، پێم وایە تابلۆ و رەنگ ئیستاتیکایەکە رونتر ئاماژە لە رۆحی هونەرمەند دەکات، بەڵام ناتوانێت باش قسە لەگەڵ رۆحەکانی دیکە بکات، توانای لەسەر دواندنی قوڵایی مرۆڤ لەسەر هەژاندنی ناوەوەی بچوکترە.
ژیانم،تابلۆکانم قوڵتر لە گەشتێک بیۆگرافی و نۆستالۆژین کە بەخەرەندی هەردوک لە جیهانی تەمینی مندا گوزەر دەکەن. بەواتایەک کە هزرو هونەر قاڵبونەوە تێرامان لە یادگاری رۆژانەمدا ئاوێزانی یەکدی بوون وخودی خۆمیان لەکەنار ئارامی بوون وعەدەم کۆلەنگەر بوون.ئەم قاڵبوونەوەیەو رێرەو گرتنە ئاوێتەکەی جۆش بزوێن و هزرمەندانەیە کە رۆژانە بێ وێست دەبنە دیتنی بەشێک لە شاری تۆرنتۆ لەم عەردە جەنجاڵیەی تاراوگە و دواجار فرینێکی شەکەت و ماندو بۆ بەر قاپی نیشتمان، نیشتمانێک کە بۆن و بەرامەی منداڵی ویەکەمین رەنگم تێدا ناسی ویەکەمین فڵچەم تێدا لە ئامێزگرت تادەگات بەخولیاو ئارەزوە پیریەکانم و ئاوێتە بونی هەردو رەهەندە رۆحی و پانتاییە زەمینیەکەی ئێرەم کە فۆرمی بەرجەستە کراوی کوردبونێیتی لەگەڵ دەق گرتنی ئەو سروشتە ئیلاهییەی تۆرنتۆدا کە عەیامێکە شەڕی زادگەو تاراوگە لە نێوانماندیەو وەلی بۆتە هاودەمی کارە هونەریەکانی من و دۆستایەتی فرە قوڵی لەگەل پەنجەو فڵچەو رەنگمدا نەرم کردوە هەرچەندە هەموو کاڵ بونەوەیەک لە دونیای رەنگی مندا بەدوایدا شوینپی بۆ زەمەنێکی دیکە خۆش دەکات کەچی بێ ویستی خۆم رەنگە تۆخەکان لە کەناری ئارامی تابلۆکان لەنگەر دەگرنەوە لە رەنگی فڵچەکانم ماندونابن و وەک ئەوەی نەهێڵن هزرو هونەر دوانەی جاویدانی بۆ هەمیشە کاڵ ببنەوە کە سروشتی ناسک وجوانی خۆرسکی ئەم دەڤەرە(ئۆنتاریۆ)کە هەرخۆرسکانەو سروشتیانە کاریگەری بێ مەرجیان لەسەر کارەکانم داناوە،تا ئەو ئاستەی کەنەتوانم خودی خۆم بۆ پارسەنگ وساغ ببێتەوە، کە ئەوە رەنگ و سروشتە کەمەندکێشن و پەنجەکانم دەخەنە سەمایەکی ئەفسونایی یاخود خەیاڵی سۆزی ڕابووردوی نیشتیمانە سەرمەستانە لە نیوان رەنگەکاندا دەمچێنیتەوە و هەر ئەو پاڵینەرەشە بەردەوامم دەکات لە هونەری کارمدا بەردەوام بم. هەڵبەتە ژیانی تاروگەنشینی نە خۆزگەی خۆم و نە خواستی تابلۆکانیشم بوە، وەلی لەدۆخێکدابو کە ئیدی شتگەلێک بەهایان نەمابو بۆ بەیڤین بەوپێیەی کە جۆریک لە یاسای نا دادی ژیان و ستەمگەرای وگەندەڵ بون کە بۆ هەر مرۆڤێکی ئاسایی و بۆ هونەرمەند سەدان بار جێی حەسرەت و دۆشدامان بوو. خۆشبەختانە هەمیشە باجی قورسی ئەم زەمەنە سەختە بە بەرچنگێک لە قەرەبوی ئەو ئازارە خودی و مرۆییە لای من بریتی بون لە پەیوەندیە رۆحییەی کەهەر لە سەرەتادا تاکۆتای لەگەڵ ئیستاتیکا و رەونەقەکانی سروشتدا لێکم ئاڵاندون و هەرگیز لە هیچ کارێکی هونەریشمدا ئەو لایەنە گرینگ و سەبوری ئامێزەی دۆستایەتی سروشتم فەرامۆش نەکردوە.
دیاری بەندە بۆ میوانەکان وتەماشەکاران هەمیشە ئەو رەنگ و وێنەو ئاماژە هونەریانەن کە زۆرینەی جارەکان هاو گەشتیەک لە نیوان ئەوان وتابلۆکاندا، تابلۆیەکی دیکەی پشتی ئەو دۆخەیان نەخشاندوە کە سەرباری هونەرەکە خۆیان لەگەڵ ڕەزەکانی مندا دیوەتەوە ئەم جۆرە لە هارمۆنیتی و ئیستاتیکایەش جێی گەشەی هەستی من بوەو ئەو هەستەم لا قوڵتر بۆتەوە کە هەرتەماشاکارێک خۆی لە نێو تابلۆیەکدا قاڵدەکاتەوە.
رەنگ و تابڵۆ و سروشت وفۆرمە مێیەکان بەردەوام عەوداڵ بونێکی گەریدانی منەو کەمێک پشودانە لە گاڵە و هەلاکەتە رۆحیاکانی ژیانو رۆچونەوە بۆ ناو خودبون و لە دەردی سەری سەختی گوزەران دەرچون، بەکامەرنیەوە لەگەڵ زەردەپەر و هەرزاڵەکانی رەنگ قەڵبەزەی پر لە پلوسکی خۆر و سەمای کەنارەکانی ئاسودەگی دا مەودایەکی شینە باوی گەردونی هێور هێور ئاوێتەی ڕوحمان دەبێتەوە
لە کۆتایدا شادومانم کە بینەر(ریزمە بێکۆتاییەکانی) ئەم رارەوەم هەمان گەشتی بێ سنور و بێ سانسۆر و رۆتینە کاڵ بوەوکانی زەمەنی بێرۆکراتیەتی ئەم ژیانە ئاڵۆز و جەنجالەمان..بێت و ساباتێکی دیکەمان بۆ ساز بداتەوە.