چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ (هێمن خورشید) …3
په‌یوه‌ندیی نێوان زیكر و فیكر*
(ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی ئاوه‌ز و مه‌عنه‌وییه‌ت له ژیاری ئیسلامییدا)
پ: ئه‌و هۆكاره‌ی وای كرد شارستانێتی ئیسلامی تێكبشكێت و بڕووخێت، په‌راوێزخستنی (فیكر) بوو یان دووركه‌وتنه‌وه بوو له (زیكر)؟
وه‌ڵام: داڕوخانی شارستانه‌تی ده‌ره‌نجامی یه‌ك هۆكار نییه, كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر ده‌ست له‌ناو ده‌ست یه‌ك ده‌نێن و كۆده‌بنه‌وه, دیارترین و هه‌ره كاریگه‌رترینیان زه‌مه‌نه, ڕوونتر بڵێم ته‌مه‌نی ژیارهكهیه. وه‌ك (شپینگله‌ر) ده‌ڵێت: “شارستانهتییش چه‌شنی بنیاده‌م, سه‌ره‌تا گه‌نجه و به‌هێزه و به‌توانایه و ورده ورده پیر ده‌بێت و ده‌مرێت”.
شارستانه‌تیی ئیسلامی‌یش وه‌ك هه‌ر ژیارێكی تر، سه‌ره‌تا به‌خێرایی گه‌شه‌ی سه‌ند و فراوان بوو, له چوار سه‌ده‌ی یه‌كه‌می كۆچی‌دا زانسته‌كان گه‌یه‌نرانه لوتكه, بنه‌مای زۆر یاسا داڕێژران, زۆر زانست كه له‌وه‌و پێش له هیچ كوێی دونیادا بوونیان نه‌بوو په‌یدا بوون, وه‌ك (اصول الفقه، علم السند و الجرح و التعدیل) و…هتد.
بزاوتی وه‌رگێڕان له سه‌ده‌ی دووه‌مدا و به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می خه‌لیفه (مأمون)ی عه‌بباسیدا هێنده تینی سه‌ند, هه‌رچی كه‌له‌پووری یۆنان هه‌یه، كرایه عه‌ره‌بی.
به‌ڵام له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی پێنجه‌مه‌وه, ورده ورده ڕه‌وتی به‌ره‌وپێشچوونی شارستانهتییهكه خاو بوویه‌وه, له‌مه‌شدا هۆكارگه‌لێكی زۆر ده‌ستیان هه‌بوو, به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ داگیركاریی ده‌ره‌كی و به‌شێكیشی بۆ له‌تبوون و دابه‌شبوونی ناوخۆیی.
له‌ناوخۆدا زۆرێك له خه‌لیفه‌كان، مه‌عنه‌ویه‌تیان وه‌لا نا و باوه‌شیان به دنیادا كرد, دارولخولهفا پڕكرا له كه‌نیزه‌ك و شه‌و تا به‌یانی گۆرانیوتن و سه‌ما و شیعرخوێندنه‌وه‌ی بێپه‌رده به‌سه‌ر كیژی ناسكۆڵه و كوڕی لووسكه و عه‌ره‌قخواردنه‌وه به‌رده‌وام بوو، پاره‌ی به‌یتولمال ته‌خشان و به‌خشان ده‌كرا، جاری وابووه خه‌لیفه‌یه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعرێكی به دڵی ئه‌م هۆنیوه‌ته‌وه، شاعیرێكی زێرباران كردووه.
بارودۆخی ناوخۆیی بریتی بوو له كه‌رتبوون و دروستبوونی دهوڵهتۆچكهیهلێك له‌ناو جه‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌تدا.
هێرشی ده‌ره‌كییش هۆكارێكی تر بوو، په‌لاماردانی ته‌تار و مه‌غۆل له‌لایه‌ك و هێرشی خاچپهستهكانیش له‌لایه‌كی تره‌وه ئارامییان له مسوڵمانان بڕیبوو. په‌لاماردان و داگیركردنی به‌غدا له (ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 4ی سه‌فه‌ری ساڵی 656ی كۆچی, ی10 فێبرایه‌ری 1258ی عیسایی) له‌لایه‌ن (هۆلاكۆ)ه‌وه گه‌وره‌ترین گورز بوو له هه‌ناوی ژیاری ئیسلامی درا.
ده‌ره‌نجامی هاتنی مه‌غۆل ته‌نها سته‌م و خوێنڕێژی نه‌بوو, به‌ڵكو له‌گه‌ڵ خۆیدا جه‌هل و نه‌خوێنده‌واری و پیسی و پۆخڵی به‌دیاری هێنا، ئاخر مه‌غۆل هۆزێكی ده‌شته‌كی و ناحاڵی بوون و فڕیان به‌سه‌ر ژیانی شاره‌وه نه‌بوو.
هۆكارێكی تر فراوانیی چوارچێوه‌ی جوگرافیای شارستانهتییهكه بوو, خه‌ریكه بڵێم زۆربه‌ی سه‌رزه‌وی ئه‌و وه‌خت له ژێر ڕكێفی خه‌لافه‌تی ئیسلامی‌دا بوو, كۆنترۆڵكردنی ئه‌و ڕووبه‌ره به‌رفراوانه زۆر زه‌حمه‌ت بوو. بۆیه ورده ورده له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شایه‌وه و ده‌وڵه‌ت و ئهمارهتگهلی جیاوازی تێدا دروستبوون. ئه‌مه حاڵی هه‌موو ئیمپراتۆریایه‌كی گه‌وره‌یه, یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌و ده‌رده چوو و بڕوام وایه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش هه‌مان چاره‌نووس چاوه‌ڕێی ده‌كات.
له جه‌سته‌یه‌كی ساغدا, هه‌موو ئه‌ندامێك كاری خۆی ده‌كات و هاوسه‌نگیی كار ڕاگیراوه, وه‌لـێ له‌شی نه‌خۆش هاوسه‌نگیی تێكده‌چێت و هیچ ئۆرگانێك به ڕێكی ئیشی خۆی ناكات.
له سه‌ده زێڕینهكاندا هه‌م مه‌عنه‌ویه‌ت (زیكر) گرنگی پێده‌درا و هه‌م ئاوه‌ز (فیكر). ئه‌گه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو هه‌ڵده‌یته‌وه زۆر كه‌سایه‌تیی گه‌وره‌ت به‌رچاو ده‌كه‌ون له ژیاری ئیسلامی‌دا، كه هه‌ریه‌كه‌یان جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌كی هه‌بووه و جوداوازیی گه‌یشتووه‌ته ڕاده‌یه‌ك له‌سه‌ر ماهییه‌تی خودا‌ش كۆك نه‌بوون كه كرۆكی باوه‌ڕی دینییه, كه‌چی هه‌موویشیان به كوڕی ژیارهكه زانراون و به جیاوازییه‌كانیان ژیارهكهیان ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه, هه‌ر هه‌وڵدانێك بۆ ناونانی شارستانه‌تیی ئیسلامی به (شارستانه‌تیی عه‌ره‌بی) یان ته‌نانه‌ت كورتكردنه‌وه‌ی بۆ ژیارێكی (ئایینی)یش، ناههقیكردنێكی ئاشكرایه ده‌رهه‌ق به‌و ژیاره‌ی چه‌ندین سه‌ده سه‌روه‌ری سه‌رزه‌وی بووه، ئاخر زۆرینه‌ی زانا و ئه‌دیب و زمان‌ناس و عاریف و فه‌یله‌سووفانی ژیاری ئیسلامی غه‌یره عه‌ره‌ب بوون. له‌ناو ئه‌و ژیاره‌دا ڕاسته له‌لایه‌ك عارفی مه‌زنی وه‌ك (عهبدلوقادری گه‌یلانی) هه‌یه، وه‌لـێ له‌و لایشه‌وه كه‌سی چه‌شنی (ئیبنولڕاوهندی) تێدایه كه باوه‌ڕی ته‌نانه‌ت به زاتی خوداوه‌ندیش نه‌بووه, ڕاسته (غه‌زالی) هه‌بووه، به‌ڵام (جابری كوڕی حه‌ییان) و (ئه‌بو به‌كری ڕازی)یش هه‌بوون، ئه‌مه‌ی دواییان ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه خودا مرۆڤێك بكاته په‌یامبه‌ری خۆی و بینێرێت بۆ لای خه‌ڵكی, ئه‌و پێی وا بووه ئه‌قڵ تاقانه په‌یامبه‌ری خودایه.
له سه‌ده‌كانی سه‌ره‌تادا هه‌ر شتێك له شوێنی خۆیدا كاری ده‌كرد و مانای ده‌دا, وه‌لـێ له سه‌ده‌كانی دواییدا _ چونكه ژیارهكه له قۆناغی داڕووخاندا بوو_ بابهتهكان تێكه‌ڵبووبوون و بێئاگایی ده‌ستی به‌سه‌ر كۆی فه‌زا گشتییه‌كه‌دا گرتبوو. ڕه‌نگه به هێنانه‌وه‌ی نموونه‌یه‌ك مه‌به‌سته‌كه‌م زیاتر ڕوونبیێتهوه، له ساڵی 750دا كه نه‌خۆشخانه له شاری به‌غدا دروستكراوه، به‌شی تایبه‌ت به نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كانی تێدا كراوه‌ته‌وه، ساڵی 873یش له میسر. له ساڵی (800)دا له دیمه‌شق سه‌نته‌ری تایبه‌ت به‌و نه‌خۆشییانه كراوه‌ته‌وه، ساڵی 1365، نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان، له‌لایه‌ن (محه‌مه‌دی پێنجه‌م)ه‌وه له شاری (غه‌رناته) دروستكراوه، كه‌چی بۆ یه‌كه‌مجار له سه‌ده‌ی سێزده‌دا له وڵاته‌یلی وه‌ك فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا و سویسردا به‌شی تایبه‌ت به نه‌خۆشیی ده‌روونی له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كاندا كرانه‌وه، یه‌كه‌م سه‌نته‌ری تایبه‌تی به‌و نه‌خۆشییانه ساڵی 1409 له شاری ڤالێنسیای ئیتاڵیادا دروستكرا، ئه‌ویش به ئیلهاموه‌رگرتن له مسوڵمانان.
پزیشكانی موسڵمان له كاره‌كانیاندا پشتیان به به‌كارهێنانی ده‌رمانی گیایی و میوزیك و گوڵاو و چاره‌سه‌ری ده‌روونی وه‌ك ئامۆژگاریكردن ده‌به‌ست, چه‌ندین سه‌ده دوای ئه‌وه له ئه‌وروپادا چاره‌سه‌ری ده‌روونی هاته ئاراوه، كه‌چی له قۆناغی پاشه‌كشه‌كردنی ژیارییدا خه‌ڵك گه‌ڕانه‌وه بۆ باوه‌ڕه‌كانی پێش ئیسلام, سیحر و جادوو سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه و، هه‌ندێ كه‌سیش به ناوی ته‌سه‌ووفه‌وه قوڕه‌كه‌یان خه‌ستتر ده‌كرده‌وه، ده‌هاتن كتێبیان ده‌نووسی له باسی ژنهێنانی جنۆكه و نانخواردن له‌گه‌ڵا دێوودرنج و ئه‌و جۆره توڕههاتانهدا, ئه‌گه‌ر كتێبی (لگائف المنن واڵاخلاق فی بیان وجوب التحدپ بنعمه الله علی الإگلاق)ی (عه‌بدولوه‌هاب ئهلشهعرانی) (898 ك – 973 ك) بخوێنیته‌وه، كه گوایه له‌باره‌ی (سۆفیگه‌رێتی و هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌وشت)ه‌وه نووسیویه‌تی، هێڵنجت دێت له‌و هه‌موو درۆیانه‌ی كۆیكردوونه‌ته‌وه و ده‌رخواردی خوێنه‌ری داوه و، خه‌ڵكه‌كه‌ش خوێندوویانه‌ته‌وه و هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌كیان له‌هه‌مبه‌ری ده‌رنه‌بڕیوه، به مه‌رجێ شه‌عرانی زانایه‌كی زۆر گه‌وره بووه و سۆفییه‌كان نازناوی (قوتبی ڕه‌ببانی)یان به‌سه‌ریدا بڕیوه. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر لێی تێبگه‌ن، وه‌رن با هه‌ندێ په‌ره‌گرافی كتێبه‌كه‌ی له باسی جنۆكه‌دا پێكه‌وه بخوێنینه‌وه، “جنۆكه‌یه‌كی ژن له ماڵماندا بوو، هه‌روه‌خت لێم نزیكده‌كه‌وته‌وه هه‌رچی مووی له‌شم هه‌بوو ڕاست ده‌بوونه‌وه، یادی خودام ده‌كرد یه‌كڕاست دوورده‌كه‌وته‌وه…”، “كه‌ڕه‌تێكی تر جنۆكه‌یه‌ك هاته ماڵه‌كه‌م و مایه‌وه، هه‌موو شه‌وێك له شێوه‌ی بزنێكی زلدا ده‌رده‌كه‌وت، ده‌چوو یه‌كه‌مجار چراكه‌ی ده‌كوژانده‌وه و پاشان به ناو ماڵدا ته‌راتێنی ده‌كرد, ماڵ و مناڵه‌كه‌م وه‌خت بوو زه‌نده‌قیان ده‌چوو له ترساندا، جارێكیان له‌ژێر ڕهفهیهكدا خۆمم لێی مه‌ڵاسدا و وه‌ختێ به‌وێدا ڕه‌تبوو لاقێكیم گرت، ده‌ستیكرده هاوارهاوار، پێم وت: تۆبه ده‌كه‌یت؟ وتی: به‌ڵـێ! قاچیم ئه‌وه‌نده له‌نێو ده‌ستمدا هێشته‌وه تا هێنده‌ی تاڵه موویه‌كی لێهات، به‌رمدا و ڕۆیشت, له‌و ڕۆژه‌وه ئیتر نه‌مانبینییه‌وه”، “شه‌وێكی تاریكی زستان، چوومه ناو شوێنی ده‌ستنوێژگرتنه‌وه له مزگه‌وتی غهمریی شاری قاهیره، دێوێكم لـێ په‌یدابوو، به قه‌ده‌ر گامێشێك ده‌بوو، خۆی هه‌ڵداوه ناو مهسینهكهی بهردهستمهوه، ئاوی نێو مه‌سینه‌كه به قه‌ده‌ر نیو باڵا له ئاستی مه‌سینه‌كه به‌رزبوویه‌وه، پێم وت: لێم دووركه‌وه‌ره‌وه تا ده‌ستنوێژه‌كه‌م ده‌گرم، گوێی پێنه‌دام، پشتوێنێكم به‌سته ناوقهدمهوه و خۆم بۆی هه‌ڵدا و كه‌وتم به‌سه‌ریدا، لهژێرمدا زریكاندی و به په‌له بۆی ده‌رچوو و ڕای كرد”. (بڕوانه: د. زكی مبارك/ التصوف فی ا‌لدین واڵاخلاق/ 1/ 349- 350).
هه‌ڵبه‌ته ئه‌و و ده‌یانی تری وه‌ك ئه‌ویش لای خۆیانه‌وه ئه‌و كارانه‌یان بۆ خزمه‌تی ئایین و سۆفیگه‌رێتی و له پێناو به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندیی خوداوه‌نددا كردووه.
ئه‌و داڕووخانه شارستانییه تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی من و تۆی تێدا ده‌ژین به‌رده‌وام به‌ره‌و قووڵبوونه‌وه ده‌چێت. تۆ ته‌ماشاكه له سه‌ده‌ی سێیه‌م و چواره‌مدا نه‌خۆشیی ده‌روونی به ڕێگه‌ی زانستی چاره‌سه‌ر كراوه و مامه‌ڵه‌ی له ته‌كدا كراوه, كه‌چی ئێستا كه سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌مه تازه به تازه كه‌سانێك به ناوی مه‌لا و شێخ و مهشایهخهوه بازاڕیان كردووه‌ته‌وه و ڕۆژانه خه‌ڵك داركاری ده‌كه‌ن و گیرفانیان ده‌ڕووتێننه‌وه، به‌ناوی جنۆكه ده‌رهێنانه‌وه، بێئه‌وه‌ی پیتێكیان له زانستی پزیشكی خوێندبێت، خۆیان ده‌كه‌ن به پزیشك و لافی ئه‌وه لێده‌ده‌ن هۆكاری نه‌خۆشیی ده‌روونی چوونه‌ژووره‌وه‌ی جنۆكه‌یه بۆ ناو له‌شی بنیاده‌م و… ئه‌م جۆره وڕێنانه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه نیشانه‌ی داڕوخان و پاشه‌كشه‌ی شارستانه‌تی نه‌بێت ده‌بێ ناوی چی لـێ بنێین؟
زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی مه‌یلی ده‌روونی و ئاره‌زوو، هه‌میشه یه‌كسانه به پاشه‌كشه‌كردنی ئه‌قڵا و لاوازبوونی مه‌عنه‌وییه‌ت. ئه‌و سێ لایه‌نه به‌رده‌وام له كێشمهكێشدان, وه‌ختێ هاوسه‌نگییه‌كه تێكده‌چێت و یه‌كێكیان زاڵده‌بن, ئاماژه‌یه بۆ تێكچوونی دۆخه‌كه.
له سه‌ده سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیاری ئیسلامی‌دا حه‌زه جه‌سته‌یه‌كه كۆنترۆڵی به ده‌سته‌وه نه‌بوو, بۆیه هاوكێشهكهیش به جۆرێكی دیكه بوو, ئه‌گه‌ر بیرت بێ له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی پێشوتردا وتمان مه‌عنه‌وییه‌ت ئه‌و لایه‌نه‌یه كه جڵه‌وی ئه‌قڵا و ده‌روون ده‌كات, وه‌لـێ هه‌ندێجار جه‌سته زاڵا ده‌بێت و جڵه‌وی هه‌ستی مه‌عنه‌وی و ئه‌قڵا ده‌گرێته‌ده‌ست, هه‌ڵبه‌ت به لای منه‌وه ئه‌م دووانه‌ی دوایی هیچیان هه‌ستی ڕاسته‌قینه نین، به‌ڵكو سێبه‌ری ئه‌وانن. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه كه‌ی مه‌عنه‌وییه‌ته كابرایه‌ك هانبدات به ناوی زوهد و له خواترسانهوه بچێته كونجی ئه‌شكه‌وتێكه‌وه و ساڵێك ده‌رنه‌چێت و له‌و ساڵه‌دا كه‌س نه‌بینێت و قسه نه‌كات و ئاو به‌ر جه‌سته‌ی نه‌كه‌وێت؟ یاخود ئه‌وه چی ئهقڵێكه كه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كه‌سێكدا پلان بۆ له ناوبردنی هه‌زاران كه‌س داده‌ڕێژێت؟ ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه هه‌ر خودی ده‌روونه به ناوی ئه‌و دوانه‌ی تریشه‌وه بڕیار ده‌دات و هه‌نگاو ده‌نێت، وه‌لـێ به‌رگی ئه‌وانی دی له‌به‌رده‌كات!
كورته‌ی مه‌به‌ست: هۆكاری داڕوخانی ژیاری ئیسلامی زۆر بوون و له‌وانه‌یش وه‌لانانی ده‌غده‌غه‌ی ئه‌قڵگه‌رایی و هه‌ستی زانستخوازی و هه‌روه‌ها دووركه‌وتنه‌وه له مه‌عنه‌ویه‌ت. له به‌رانبه‌ریشدا زاڵبوونی شه‌هوه‌ت و ئاره‌زووپه‌رستی و خۆنیشاندانی له شێوه‌ی جودا جودادا, له‌وانه‌یش بێدینی و زێدهدینداری, كه هه‌ردووكیان دوو دیوی یه‌ك دراو بوون، چونكه هه‌ردووك لادان بوون له ڕێڕه‌وی ڕاسته‌قینه!