بازرگانیکردن بە مەرگی ئەویترەوە
ڕووننییە”ئێمە خەڵکی چ ئەستێرەێکین و چۆنیش هەموو لێرە یەکمانگرتۆتەوە”،هەمانە پێکەنینی بە مەرگ دێ و هەمانە لە مەرگ دەترسێ و هەشمانە بازرگانی بە مەرگەوە دەکا.سەیرە ئێمە سەرباقی گشت گەندەڵیەکان داهێنانمان لە جۆرێتر لە گەندەڵیدا کردوە:گەندەڵیکردن بە مەرگی ئەویترەوە.ئەمە دیاردەێ بێئەندازە شەرمهێنەرە.شەرمهێنەرە چونکە لێناگەڕێن مەرگ،ئەم دیاردە زێدە میتافیزیکییە،وەک خۆی تێپەڕێ کەچی ئێمە بەپێچەوانەوە بەرۆکی مەرگ دەگرین و بەشمەکیدەکەین.بەشمەکبوونی(بەکاڵابوونی)مەرگ،کە ڕووداوی مەرگی شێرکۆ بێکەس لە زەینمانا بەرجەستەیکرد،لە بەئێرۆنیکردنی(بەگاڵتەجارکردنی)مەرگ زیاتر شتێ ئەوتۆ ناگەێنێ.باشە چۆن جورەئەتدەکەین گاڵتەجاری بەمەرگەوە بکەین؟پرسیارە ڕیشەییەکە لێرە ئەمە نییە بەڵکو ئەمەیە:مەرامی ئێمە لە بازرگانیکردن بە مەرگی ئەویترەوە،کە لێرە مەبەست مەرگی شێرکۆ بێکەسە،چیدەگەێنێ؟تۆ بڵێی بۆ ڕاڤەکردنی ئەم کردە قێزەوەنە پێویستمان بە تێخوێندنەوەی تێکڕای میراتی فەلسەفەی سێمیۆلۆژی(نیشانەناسی)و هێرمینۆتیک(لێکدانەوەناسی)بێ تا لە زناک(نیشانە)و مانای ئەو بازرگانیکردنە بگەین؟یان چاترەوایەبە سایکۆلۆژیای ناساغ و دەردەداری مرۆڤی کوردەوە خۆمانسەرقاڵکەین؟ئێمە پێمانوایە باشترین شتێک بۆ شرۆڤەکردنی ئەو کردە شەرمهێنەرەی لایسەرەوە هێمامانبۆکرد وەستانە لەسەر دەروونبیماری کەسی کورد کەلەوێڕا شوێنێک بۆ شەڕانگیزی ئەم کەسە لەتەک خۆیا دەدۆزینەوە.ئەوی ئەو کەسە لە بازرگانیکردن بە مەرگی ئەویترەوە دەیکا تەنیا ئاماژەنییە لەسەر گلان بە کۆمەڵگەی بەرخۆرییەوە یان تێنەگەیشتن لە بەمرۆیبوون بەڵکو”جیهان بۆ ئێمەی مرۆڤ بریتییە لە قەیران و فۆبیای بوارە داخراوەکانیش هەڕەشەێ ڕاڕائامێزن و بە گرژبوونەوەی هیوا میتافیزیکیەکانیشمان جیهان گرژتردەبێتەوە”.دیارە بەبازرگانیکردنەکە شێوەی وەرگرتوە،هەیە ویستویەتی نازناوی بێکەس هەڵگرێ یان بقۆزێتەوە،هەشە خەمی گەورەی ئەوەبووە چۆن لەو بۆنەیە دەرکەوێ و وتنی هەبێ و یان لە فرمێسک ڕژەکانبێ،هەشبووە….، هەموو ئەوانەش ئەو بەهایەی بۆ ئەم چەند ووتنەی ئێمە نییە و وەڵامیش نیین بۆ پرسیاری بۆ بازرگانیکردن بە مەرگەوە؟ئەوەی پتر لەگشت ئەوانە شوێنی تێڕامانی ئێمەیە ئەوەیەکە چۆن ئێمە توانیمان بەو ئاستەبگەین چێژ لە مەرگی ئەویتر وەرگرین و ئەم مەرگەش وەک شمەک ببینین؟
گشت ئەوانەی بەشداری لە پرۆسەی بازرگانیکردن بە مەرگی ئەویترەوە دەکەن لەوە حاڵینین ئەو جوانکاریەی لە مەرگدا ،ئەڵبەتە جوانکاریەکە لە ماتەمینیەکەی پاش مەرگدایە،ئامادەیە هیچکات لەگەڵ بەشمەکبوونی مەرگا یەکناگرێتەوە. چونکە بازرگانیکردن ئیشکردنە لەسەر بەشمەککردنی شمەک لێ بازرگانیکردن بە مەرگەوە ئیشکردنە لەسەر قێزەوەنکردنی ڕۆح.بێماناشە هەواڵی مەرگی ئەویتر،کە شڵەژان و پەشێویمان تیادروستدەکا،بۆ مەبەستی کۆمەڵایەتی بەکارببرێ و ئەو جوانکاریەی لە ماتەمینی مەرگی ئەویتردایە مەرامیلێوەوەبەربهێنرێ.ئەمە خەڵەتاندنە،پێشەئەوەی خەڵەتاندنی ئەویتری مردووبێ خەڵەتاندنی ڕۆحی خۆمانە،خۆمان …ئەو شتەی ئێمە بیرمانچۆتەوە هەیە و،نازانین بە گاڵتەکردنەکانمان بە مەرگی ئەویتر لە خۆمان کەمدەکەینەوە.بەس لەحاڵەتیوادا گاڵتەکردنەکان نۆرموەردەگرن (خۆهەڵواسینەبە مردوەوە،خۆکردن بە دۆستی هەرەنزدیکی مردوو،…).چ بلیمەتیێکیشە ئەم دەستەبژێرەی پێیدەڵێن دەستەبژێری ڕوناکبیری کورد دەستێ باڵای لە بەمرۆیکردنی خەڵەتاندندا هەبێ و زۆر بێباک و هەستساردانەش بەشداریلە کردەی بازرگانیکردن بە مەرگی ئەویترێکەوە بکا کەتا دوێنێ هاوکار و هاوڕێی ئەدەبی و یان ناسیاوی بووە.لەوە بەددتر ئەوەیە کەمتازۆر کار بۆئەوەشکرا بەڵگەی ڕەوشتی و بەهای کۆمەڵایەتی بۆ سازاندنی ئەو کردەیە ئامادەکرێ(ئۆپۆزیسیۆن،خزمەکانی،ئەو خزمانەی ناوی مەرگ مردووەکەی بیرخستنەوە،ئەو هاوڕێ شاعیرانەی بەبەردەم سەردەمدا تێدەپەڕان و نەدەچوونەسەرەوە سڵاوێ لە هاوڕێکەیانکەن).کێشەکە لێرە کۆتاینایێ چونکە ئەم شێوە مامەڵەیە لەتەک مەرگی ئەویتردا مرۆڤی پیرۆز دروستدەکا لەکاتێکا بە جەستە ئەم مرۆڤەمان نییە و،وەکیتریش مرۆڤی پیرۆز زیندووە تا مردوو بەڵام خۆهەڵواسینی ئێمە بە مەرگی ئەویترەوە لەڕیشەدا خۆهەڵواسینە بە کەسێکەوە نییە،یان گەڕانەوەی مردووە بۆناو ژیان ئەمەش کاتێک ڕوودەدا پێویستمان بەو گەڕانەوەیە هەبێ.ترسناکی ئەم لایەنە لەوەدایە ئێمە بە ویستەوە دەستنیشانی مەرگ دەکەین واش لە مەرگ دەکەین بیگەڕێنینەوە ناو ژیان.ئەمەی ئێمە دەیکەین مەرگدۆستی ئێمە نیشاننادا بەڵکو ئەو ویستە نەزۆکە لە ئێمە نیشاندەدا بۆ بە قێزەوەنکردنی مەرگی ئەویتر تیامانایە.ئێمە لە فورسەتی ئەوە دەگەڕێین ئازیزێکمان بمرێ و لە پرسەکەیدا وتنی خۆمان هەبێ،وتنێک ئێمە تیایا دەرکەوین،ڕوخسارمان بناسرێ.کەواتە ئێمە ئێستا لەناو کولتوورێکداین مەرگی ئەویتر بۆ جەغتکردن لە هەبوونی خۆمان بەکاردەبەین.ئەمە چ کولتوورێکە مەرگ دەکا بە مۆدەیێ سیاسی یان ڕوناکبیری؟ئێمە کە تائێستا نەمانتوانیوە جیاوازی لەنێوان ژیاندۆستی و مەرگدۆستیدا بکەین ناشتوانین لەوە تێبگەین مەرگ بلانشو وتەنی”ئەو شتە ناپایانە بێمانایەیە ناگا بەهیچ شتێک.بەواتاێ تر،لای بلانشو”مەرگ هەوڵدەدا بمێنێتەوە،بمێنێتەوە وەک سەرچاوەی هێز،ئەو هێزەی بێهێزە”.بۆیە لە ئاگای ڕەوشتیمانا پێویستمان بە پاکسازیێ ڕەوشتییە تا لەوەتێبگەین چەند شەرمهێنەرە بازرگانیکردن بە مەرگەوە،خەریکبوو شارچیەتی(سلێمانیزم)تێکەڵبە مەرگی ئەویترکرێ،هوتافدان لە ڕۆژی مەرگی ئەویترا گەیشتەترۆپک.هەرلەبەرئەوە لێرەپرسیارە ئیتیکییەکان تایبەت بە مەرگی ئەویتر و چۆنیەتی ڕەفتاری “من” لەگەڵ ئەویتری مردوودا ئەمانەن:بۆنەتوانین بێدەنگی ناوەوەی خۆمان بە ئیتیکی بکەین؟بۆدەبێ گەڕانەوەی موڕال بۆ ناو ژیان پێویست نەبێ؟بۆدەبێ موڕال خۆی وەک شتە ئەستەمەکان بۆ بەشێکمان و بۆ بەشێکیدیشمان خۆی وەک شتێ پووچ نیشاندا؟
خۆشبەختانە لە 30 ساڵی ڕابردووا تیۆری بیۆپۆلیتیک Biopolitics بەکۆششی هەندێلە لە بیریاران لەوەیحاڵیکردین چۆن سیاسەت کەوتۆتە ناو ژیانی سروشتی مرۆڤەوە،مەرگ بە سیاسیکراوە،جەستە پیرۆزکراوە و ژیانیش بە سیاسیکراوە.تەنانەت ئەوەش کەچۆن شکۆدارکردنی جەستە قۆرخکردنی جەستە بەرهەمدێنێ.واتە ئێمە جەستەمان موڵکی خۆمان نییە و ئەو دەمەشکە دەمرین مەرگمان بوارێکە بۆ یاری و نیشانەی سیاسیش دەبەخشێ.لێرە مەبەستی ئێمەلە بەسیاسیکردنی مەرگ کۆی ئەو هێزە ڕوناکبیرییەیە لە شارا دەکەوێتەگەڕ بۆ پێشوازیکردنلە مەرگی شێرکۆ بێکەس.کاتێکیش هێزە ڕوناکبیرییەکان لە شارا جێی سیاسەتکردن دەگرنەوە سیاسەت لەگشت وەختێ زیاتر شایانی لێکدانەوەیە.ئەڵبەتە ئەو بەسیاسیکردنەی ڕوناکبیران بە مەرگەوە دەیکەن نیشانەی جوانکاری و کولتووریش وەردەگرێ و گشت ئەوانەش ویستێ پڕلە نمایش و بێبەهای تیادەڕسکێ.لێرە ناچارین لەدەمی بیرمەندێ ئیتاڵیەوە، ئەگامبێن،جەغتلەوەبکەین”گشت وتارێ لەسەر ڕەوشت سەرچاوە لەوەوەدەگرێ کەئەو وتارە پێشینەێ مێژووی یان ڕۆحی نییە و هیچ ئەزموونێ ڕەووشتیش مانای بۆ ئەو وتارە نابێ”.بۆیە مرۆڤ لە حاڵەتی وادا ئارەزووناکا بمرێ،یان ئارەزووناکا لەم شارە بمرێ،یاخودیش ئارەزووناکا ئەم هاوڕێیانەی هەبێ چونکە بە مردنت تۆیان بیردەکەوێتەوە،بێ تۆییان پێوەدیارە و کارلەسەر بەئەفسانەبوونیشتدەکەن.سەیرە..!سەیرە کەئێمە بە مەرگمان شیریندەبین،هەین و بەشێکیشین لە زیندووەکان.
سەرنج: لە دوا ژمارەی هەفتەنامەی ڕەخنەی ئەدەبی چاودێر دا بلاوبۆتەوە..
ئازاد حەمە، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
azadhama500@yahoo.fr