Skip to Content

Sunday, June 23rd, 2024
هەڵسەنگاندێک بۆ بانگهێشتیی هەڵبژاردنەکانی کوردستان و، ئایندەی حوکڕانی کوردستان.

هەڵسەنگاندێک بۆ بانگهێشتیی هەڵبژاردنەکانی کوردستان و، ئایندەی حوکڕانی کوردستان.

Closed
by September 19, 2013 گشتی

 

 

 

 

لە سایەیی کولتووریی دەسەڵاتی سیاسیی گەندەڵ و نادادپەروەر و بێسەروبەرو بێ پلان لە هەرچ کار وکردەیەکدا کە کردویەتی لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردوودا، ئەویش بۆ گەیشتن بە مەرامە سیاسییەکانیی، کێبڕکێی حیزب حیزبێنە و کەس کەسێنە و خزم خزمێنەو گەورەبوون و زاڵبوونی پێگەی خێڵ و بنەماڵەیەتیی برەوپێداوە. هەمان کولتوور بەسەر بانگهێشتیی  هەڵبژاردنەکانیشەوە دیارە. بانگهێشتی هەڵبژاردن لە کوردستانی/عێراق دا بە گەرموگوڕییەوە دەستیپێکرد. هەروەک پێشبینیدەکرا، بانگهێشتی هەڵبژاردن لە نێوان لیستەکاندا، پڕییبوو لە دەنگە دەنگ و قەرباڵغیی و هاشوهوش و هەراوزەنای نا شارستانیانە.  

بانگهێشتی هەڵبژاردنەکانی هیچ لایەنێک، خۆی بۆ نەپارێزرا لە بێحورمەتییکرن و شکاندن و تانەوتەشەر و جنێودان و یەکتر ڕسواکردن و تومەتدانە پاڵیەکتری، تا گەیشتە خوێنڕشتن و تەقەکردن و کوشتنی چەند کەسێک و بریندارکردنی چەندین کەسی تر. هیچ لایەن و لیستێکیش ناتوانێت خۆی بێ بەری بکات لەو هەموو کارە دزێوە ناشیرینەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام یەکێتی و پارتی و دەسەڵاتە سیاسییەکەیان کە تا دوای هەڵبژاردن شەرعیەتیان هەیە بە دسەڵاتە ناشەرعیی و خۆسەپێنەکەی سەرۆکی هەرێمەوە بەرپرسی یەکەمن لەم ڕەوشە خراپەی بانگهێشتی هەڵبژاردن. چوونکە ٢٢ ساڵە تاکی کورد بە سیاسەتێک گۆشدەکرێت، کە تەنیا ئامانج زاڵبوونی حیزبە، حیزبێک کە ویستویەتی هەموو بوارەکانی ژیان قوۆرخبکات، خۆی بخاتە جێگەی کۆمەڵگای کوردستانەوە، لە جیاتی گەلی کورد و، هەندێک جار گەلانی هەر چوارپارچەکەی کوردستانیش خۆی بنوێنێت و وتاربدات.

لە نێو خەڵک بە گشتیی و، بە تایبەتیی بەشێک لە نووسەران و رۆشنبیاران و ئیلیتێک لە خەڵکی بە ئاگاو ڕەخنەگر، تەنیا باس باسی ساختەکارییە لە هەڵبژاردنەکاندا، کەس نییە دڵنیابێت لەوەی کە هەڵبژاردن بە پاکی و بێ ساختە تەواودەبێت. ئەم پێشبینییە تاڵەش لە جێگەی خۆیدایە، چوونکە مێنتالیەتی حیزبایەتی لە کوردستاندا و بە تایبەتی مێنتالێتیی هەردوو زل هێزی یەکێتی و پارتی و ئەزموونی خەڵکیش لەگەڵیاندا لە ماوەی ٢٢ ساڵدا ئەوەمان پێدەڵێت کە ناتوانرێت هەڵبژاردن بە بێ ساختە بگوزەرێت و تەواوبێت. 

ئەوەی کە دیارەو پێشبینی دەکرێت، ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لەم چەند ئەگەرە زیاتر نابێت. ئەگەری ئەوە هەیە، گۆڕان و هەردوو حیزبی ئیسلامی ڕێژەی دەنگەکانیان بگاتە لەسەدا ٥١ و، بتوانن حکومەت دروستبکەن. ئەگەری ئەوەش هەیە یەکێتی و پارتی ڕێژەی لە سەدا ٥١ی دەنگەکان مسۆگەربکەن و حکومەت دروستبکەن. بەڵام بە پێیی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی گۆران و هەردوو حیزبی یەکگرتوو و کۆمەڵ، ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچ ئەگەرێک لەم ئەگەرانە بێت، یان ئەگەرێکی تر و موفاجەئەیەکی پێچەوانە، حکومەتی بنکەفراون لە نێوان هەموو لیست و قەوارە براوەکاندا دروستدەبێت. 

با ئەگەری ئەوەش دابنێیین کە حکومەتی بنکەفراوان دروستنابێت، بەڵکو حکومەت و ئۆپۆزسوێن وەک خۆی، یان بە جێگۆڕکێوە دەمێنێتەوە. 

لە سەرکەوتنی هەر ئەگەرێک لەم ئەگەرانە، یان ئەگەرێکی کوتوپڕ و سەرسوڕهێنەر، ئەم پرسیارە لە جێگەی خۆیدایە. ئایا کێشەکانی خەڵکی کوردستان تەنیا لەسەر پاکیی و بێگەردیی پرۆسەی هەڵبژاردن وەستاوە؟ ئایا حکومەتی ئایندەی کوردستان، بە هەمان عەقڵیەتی یەکێتی و پارتی، چ خۆیان بە تەنیا دروستیبکەن، یان لەسەر بنەمای بنکە فراوان، واتا بە بەشداری هەموو لیست و قەوارە براوەکان دروستیبکەن، ئەم کێشانەی خەڵکی کوردستان چارەسەر دەکرێت، بە جۆرێک کە بنبڕ بکرێت؟

وەڵامی من بۆ ئەم پرسیارە جددییە، نەخێرە. نەخێر، هەموو ئەو لیست و قەوارە سیاسیانەی کە لە ئێستاوە نیازیان وایە حکومەتی بنکەفراون دروستبکەن، یان هەرچ لێست و قەوارە و حیزبێک لەم حیزبانە ئەگەر لە سەدا (٥١)ی کورسیەکانیش بەرێتەوە، ناتوانن دە یەکێکی ئەم کێشانە، یان بە ڕێژەی لە سەدا ١٠ی هەرکێشەیەک لەو کێشانە چارەسەربکات. 

بنەمای ئەم وەڵامەی من، وەک کەسێک کە بە دواداچوونم هەیەو واقیعەکە دەبینم و خوێندنەوەم بۆی هەیەو مامەڵی لەگەڵدا دەکەم. بە کورتی ئەم چەند خاڵەی خوارەوەیە:

یەکەم/ تایبەتمەندێتی تاکی کورد. لە وڵاتی ئێمەدا، تاکی کورد، وەک مرۆڤێکی رۆژهەڵاتیی، کامڵ نییە، خۆی نەدۆزیوەتەوە، خۆی لە نێو ژیانێکی کاتیی و ڕۆژانەدا بەسەردەبات و بیرکردنەوەی زۆر لاوازە بۆ پاشەرۆژی خۆی و نەوەکانی خۆی. هەلپەرستە، خۆپەرستە، ناشۆڕشگێڕە، نەخوێندەوارە، ڕووکەشە، دەبڵمۆراڵە(هەڵبەت ئەم قسەیەم گشگیر نییە؛ لەگەڵ ئەوەی گشتگیریش نییە، ئەو تاکانەی کە ئەم هەڵسەنگاندنە نایانگرێتەوە چەند زۆربن، لەبەر ئەوەی ئۆرگانیانە بیرناکەنەوە، یان رێکخراونیین، ئەگەر رێکخراویشبن، زۆر لاوازن، بۆیە کار و چالاکیەکانیان کاریگەریی نییە). 

تاک، ئەگەر ویستیی خۆی هەبێت، خەونی خۆی هەبێت، بزانێت چۆن پێ لەسەر ویست و خەونەکانی خۆی دادەگرێت، ئەوە هەمیشە دەکەوێتە ناکۆکییەوە لەگەڵ دەسەڵاتێکدا کە دەیەوێت تاک لەگەڵ واقیعەکەدا ڕابهێنێت و ڕامیبکات. 

تاک، ئەگەر هوشیاربێت، هوشیاریی چینایەتیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگیی بەهێزبیت، دەتوانێت چارەسەری ناکۆکیەکانی خۆی و دەسەڵاتبکات. چارەسەری کێشەی دەسەڵات و، خەڵک، پێش ئەوەی بە دەسەڵات بکرێت بە خەڵک خۆی دەکرێت، هەڵبەت لە ڕێگەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان و مانگرتن و خەباتی مەدەنیەوە. خەڵک دەتوانێت فشار بخاتە سەر دەسەڵات و دژی هەژموونی دەسەڵات بوەستێتەوە. کەواتە پێش ئەوەی سیستەمی سیاسیی گرنگبێت، تاک وەک کارەکتەرێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی هوشیار گرنگترە بۆ گۆرانکارییە بنەڕەتییەکان.

دوەم/ بوونی شێوازی پەروەردەیەکی دواکەوت و ناسەردەمیانە. لە وڵاتی ئێمەدا، پەروەردەیەکی زۆر دواکەوتوی سواویی بەسەرچوو لە جیهاندا وەک خۆی ماوەتەوە، پەروەردەیەک کە لەسەر بنەمایەک دانەڕێژاوە کە مرۆڤ دروستبکات، یان مرۆڤ کامڵ بکات، هونەری پەروەردە چ وەک پەروەردەی خێزان، چ وەک پەروردەی قوتابخانە، چ وەک پەروەردەی ڕێکخراوە سیاسیی و ئۆرگانە شارستانییەکان، لەسەر بنەمای بوونی هەردوو کارەکتەری مامۆستا و قوتابی دروستبووە. مامۆستا، لەم جۆرە پەروەردەیەدا ئەو کارەکتەرەیە کە هەموو شت دەزانێت!، بانقی زانیاریی و زانستە!، زانیاریی و زانستێک کە ڕەخنە هەڵناگرێت، گفتوگۆ لە قسەیدا ناکرێت، راستەوخۆ قوتابی دەبێت وەریگرێت و ئەزبەریبکات. واتا مامۆستا بە ناوی وانە وتنەوەوە، وەک مەلای دینی وەعز دادەدات، زانیاریی دەدات، قوتابییش دەبێت وەک توتی وەریبگرێت و، بیداتەوە. ئەم پەروەردەیە، پەروەردەیەکی دینییە نەک زانستی. بۆیە هەمیشە مرۆڤێکی ملکەچ و گوێڕایەڵ بۆ ئەمری واقیع دروستدەکات، مرۆڤێکی خۆ رادەستکار و خۆراهێنەر و خۆگونجاو لەگەڵ واقیعەکەدا،  نەک مرۆڤێکی یاخیی و پرسیارکار و رەخنەگر و ناڕازی، ناڕازی لەو واقیعەی کە بەسەریدا سەپێنراوە. کاتێکیش مرۆڤ بە گیانی یاخیبوون گۆشنەکرابێت، فێرنەبووبێت گومان بکات، پرسیاربکات، بە دواداچوونی هەبێت بە بێ ترس و سڵەمینەوە، لەم حاڵەتدا بە ئاسانی دەسەڵاتی سیاسیی چەند گۆراکاریشی تیا بکرێت، چەند سیستەمی سیاسی گۆراکاریشی تیابکرێت، بە ئاسانیی کاربەدەستانی سیاسیی و وەزیفە گەورەکانی حوکمڕانیی دەتواننن زاڵبن بەسەر تاکادا و کێشەکانی تاک و سیستەمە سیاسییەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە. 

سێیەم/ گرێیی خۆ بەکەمزانیینیی کەسایەتی تاکی کورد. تکای کورد، تاکێکی شکستخواردوە، تاکێکی ژێردەستەو ژێرچەپۆک بووە لە ژیانییدا، تاکێکە ئازادیی نە بینییوە و چێژی لێوەرنەگرتوە، تاکێکی نادیموکراتە، هەر لە ناو خێزان و گەرەک و قوتابخانەکەیەوە تا دەگات بە جێگەی کار و ئیشەکەی و، تا دەگات بە سیاستەکردنیی و،حیزب حیزبێنەکردنیی، ژێردەستەبووەو، نەیتوانیوە وەک خۆی قسەبکات و، وەک خۆی رای هەبێت و دید و بۆچوونی تایبەتی خۆی هەبێت. شکستخواردنی تاکی کورد لەمەش زیاترە،  چوونکە سەر بە نەتەوەیەکە، کە هەمیشە نەتەوەکەی بە پلە دوو دانراوە، ژێردەستەبووە، ئەگەر لە ڕێکخراوێکیشدا کاریکردبێت دژی ژێرچەپۆکیی نەتەوەکەی، بەو جۆرە نەبووە کە بۆ ڕزگاریی و ئازادی خودی خۆی و سەرجەم تاکەکانی تر خەباتیکردبێت، بەڵکو بەوجۆرە بووە خۆی یەکسان و، هاوتابکاتەوە لە دەستڕۆیشتنیدا بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤگەلێکی تر. واتا هەمان فەلسەفەی نەتەوەیی سەردەستی هەڵگرتوە، بە هەمان کولتووری چەوسێنەر گۆشکراوە و ڕاهێنراوە.  تاکی کورد، لە باشترین حاڵەتیدا، کە شۆرشکردن و سیاسەتکردن و خۆ ڕۆشنبیرکردنە، پەروەردەیەکی فەلسەفیانەی نەبووە بۆ ڕزگاریی و ئازادیی خۆیی و چەوسێنەرەکەی، بەڵکو بە گیانی تۆڵە سەندەنەوە پەروەردەکراوە، وا ڕاهێنراوە کە ئازادی بەدەستهێنا بتوانێت جێگەی چەوسێنەرکە بگرێتەوە. ئەگەر چەوسێنەر لە بەردەستا نەبوو، ئەوە رۆژانی خەبات و تێکۆشانی خۆی بفرۆشێتەوە بە میللەتەکەی خۆی، خۆی پێ باشتربێت لە هەموو کەسێکی تر، چوونکە رۆژێک لە ڕۆژان خەباتیکردوە، تەنانەت، خۆی لە هەموو نەوەی نوێ پێباشتر و کارامەتر و چالاکتر و بە ئەزموونتر و زاناتر بێت، لەو نەوەیەیی کە لەسەر دەمی شۆڕشی خەباتی ئەمدا، نەبوون لە دایک و ئەو بەختەیان نەبووە لەو شۆرشەدا بەشدارییبکەن. ئەمەش بە تەواەوەتی بە ڕافتار و کرداری حیزبە کوردییەکانەوە دیارە. 

ئایا لە گۆڕینی سیستەمی سیاسیی کوردستاندا، هەمان ئەو کارەکتەرە حیزبیانە نیین کە بە ناوی گۆرانەوە جارێکیتر دەسەڵات دەستاودەستدەکرێت لە نێوانیاندا؟ بۆیە ئەگەر گۆرانکارییش بکرێت، گۆرانکارییەکی ئەوتۆ ناکرێت. ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردنیش بە پاکی و بێ ساخەتەکردن تەواوبێت، گۆرانکارییەکی ئەوتۆ لە ئەخلاقی دەسەڵاتی نوێدا ڕوونادات. 

چوارەم/ مرۆڤی کورد، وەک مرۆڤی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان، توند و تیژ بووە لە ژیانیدا، بروای بە توند و تیژیی هەیە، بروای بە تۆڵەسەندنەوە هەیە، بڕوای بە هێزی خۆی و کەسوکاریی و بنەماڵەکەی و خێڵەکەیی و حیزبەکەی هەیە. چوونکە لە ژیانیی ئاسایی و لە ژیانیی خەبات و تێکۆشانیشیدا، وا پەروەردەکراوەو، ڕاهێنراوە کە هێزێک هەیە لەسەرو ئەمەوە، دەبێت ئەم هێزە بە توندووتیژی بڕوخێنێت و خۆی بچێتە جێگەی، فێری ئەوە نەکراوە، کە مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕەوشێکی باشی پێشکەوتووی ژیاندا پێکەوە هەڵبکەن، پێکەوە بژین، جیاوازیی نەهێڵن، لێکتێگەیشن هەبێت لە نێوانیاندا، بەڵکو فێری ئەوە کراە کە تەنیا بە توندوتیژیی دەتوانێت بەسەر بەرامبەرەکەیدا سەرکەوێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم توندووتیژیی ناو خێزان، کە یەکەم یەکەی کۆمەڵایەتییە، تا دەگات بە توندوتیژیی نێوان گەڕەک و شەرە گەرەک و شەڕي ناوچەیەتی و شار شارێنە و حیزب حیزبێنە و خێلگەرایی و تایەفەگەرایی. 

پێنجەم/ هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسیی نەیتوانییوە، عەقڵیەتی دواکەوتوویی و بیرکردنەوەی فیوداڵیەت تێپەرێنێت، بە حیزبە چەپ و ڕادیکالەکانیشەوە. بە تایبەتی حیزبە ناسوێنالیستەکان و حیزبە لیبراڵەکان، کە زۆر جار ناوی گەورە گەورەی وەک سۆسیالیستیی و سۆسیالدیموکرات و دیموکراتیەتیان لە خۆیانناوە. ئەم حیزبانە تەنیا لە پێناوی پێگەی خۆیان و دەوڵەمەندی مەعنەویی و ماددی خۆیاندا بیردەکەنەوە. ناشۆڕشگێرن، بەو مانایەیی کە نەبوون بە ڕێبازێک بۆ ڕزگاریی و ئازادیی و فەراهەمکردنی دیموکراتیەت و کردنی کۆمەڵگا بە کۆمەڵگایەکی شارستانیی و دادپەروەر. لە ماوەی ٢٢ ساڵدا جگە لەوەی ئەزموونێکی تاڵوژاڵمان لەگەڵ هەردوو زلهێزی یەکێتی و پارتیدا بردەسەر، جگە لەوەی کە ئەم دوو زلهێزە گەورەترین خیانەتیی نیشتیمانییان کرد، چەند بارە تاکی کوردیان تێکشکان، سەرەڕایی ئەمانە دەستیشیان تێکەڵ بە بازرگانانی سیاسیی دوژمنانی کورد کردوە، هەر لە ئێران و تورکیا و سوریاوە تا دەگاتە ئەو عێراقەی کە بە ناو لە دەستوردا مافەکانی گەلی کوردی تیا تۆمارکراوە. ئەمانە هەموویان پێمان دەڵێن، چاوەڕوانی هیچ ئایندەیەکی باش مەکەن لەم حیزبانە. لە لایەکتری هەموو لیست و قەوارە سیاسیەکانی هەڵبژاردن بیانەوێت یان نا بە ڕێژەیەک بەرپرسن لەو هەموو گەندەڵیی و دزییی و ناهەمواریی و نادادپەروەرییەی کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەگوزەرێت. زۆرێک لە بەرپرسانیی حیزبە ئۆپۆزسوێنەکانیش وەک بەرپرسەکانی یەکێتی و پارتی خەریکی بازرگانێتیی و گەندەڵکاریین. بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر. ئایا دەکرێت برواو متمانە بە کەسانێک بکەین کە خۆیان قاچاخچیین، خۆیان دزن، خۆیان گەندەڵن، کە لە گەندەڵیی و دزیی و قاچاخچێتیی رزگارمان بکەن؟. بۆچی یەکێتی و پارتی کە ئێستا بە هەرچوارپەلدا هاواردەکەن و دروشم و پەیامی ئاڵاووڵا و ڕەنگاوڕەنگ دەدەن بە خەڵک هەر هەمان دز و جەردەو قاچاخچیی دوێنێ نیین؟

شەشەم/ لە بانگهێشتی هەڵبژاردنەکاندا، بە تەواوەتی دەرکەوت، کە دەسەڵاتی سیاسیی زۆربەی لایەن و قەوارە سیاسییەکان، دوور لە ڕەفتار و کرداری شارستانیانە، بانگەشەیان دەکرد، لە یەکەم بەرپرسی کوردستانەوە کە سەرۆکی هەرێمی خۆ سەپێن بوو تا هەموویان توشی هستریا و خۆ گیڤکردنەوە و خۆ ڕاوەشانی خێڵەکیانە بوون. کەسیان نەما هەڕەشەی بەکارهێنانی توندوتیژی نەکات و بە گاڵتەجاڕییەوە باسی لیست و قەوارەکانی تر نەکات. کەسیان نەما درۆ نەکات و پەیامی درۆ نەدات بە خەڵک. ئەمەی خوارەوە، چەند نموونەیەکە لەو سەدان هەڕەشەو سوکایەتیی و درۆیەیی کە لایەنەکانی بانگهێشتی هەڵبژاردن دەیانکرد: 

( یەکەم هەفتە بە نەرمی، دوەم هەفتە، بە گەرمی سێیەم هەفتە داخی دەکەین)، ( لە هیچ کەسێک قەبول ناکەین، وەڵاممان پێیە بۆ هەموو کەس و لایەنێک)، ( خاوەنی جبەخانە و چەک و ئەسلەحەین)، (ئەوەی زلەیەکمان لێبدات، شەقێکی تێهەڵدەدەین)، ( ئەوەی دەڵێت مام جەلال تەندروستی باش نییە بە قوربانی مام بێت، هەموو بڵێن ئامین).

درۆدروستکردن و تۆمەتدانە پاڵ یەکتری:

(کۆمپانیایی وشە ٣٠ ملوێن دۆلاری وەرگرتوە)،(من سەرۆکی وەزیارانم، هیچ کەس و لایەنێک ١ دۆلاریش وەرنەگرتوە بۆ میدیا)،(تەنیا بە فەرمانی نەوشیروان مستەفا ئەو ٥ کورە گەنجەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوژران)، (هەموو رۆژ تەلەفوون لەگەڵ تیمی پزیشکەکانی مام جەلال دەکەم)، (ئەمڕۆ تەلەفوونم لەگەڵ مام جلال کرد)،( مام جەلال ئاگاداری هەموو ڕەوشی هەڵبژاردنی کوردستانە)،(ئەوەی دەنگ بە من بدات دڵی پێغەمەر خۆشدەکات)،(خۆت گوناحبارمەکە و دەنگ بە ئێمەی ئیسلامییبدە)،(ئەو دەستەی برا بۆ سمتم، ئەوە دەستی باوک و وەلیئەمرەکەم بوو)،(ئێمە موفاجەئە دروستدەکەین)،( ئەوەی دەنگ بە لیستەکەی ئێمە بدات دڵنیابێت هەموو کێشەکانی کوردستان لە بنەڕەتەوە چارەسەردەکەین)، (نایەڵێن کەس بێکاربێت لە کوردستاندا)،(موچە بۆ یەک بە یەکی خەڵکی کوردستان دەبڕینەوە)،(تەنیا ئێمە و لیستەکەی ئێمە دەتوانێت کێشەو گرفتەکانت چارەسەربکات)،(تەقەکەرەکە گیرا!)،(بکوژەکانی ئەو چەند کەسە بێتاوانەی ناو ئاپۆرای خەڵکی بانگهێشتکەر گیران!)،(لە کەسی قبوڵ ناکەین تەقە بکات، ئەوە تەقەی خۆشیبووە!!). 

هەرکەسێک وابیربکاتەوە کە تەنیا پاکوخاوێنیی و بێ ساختەیی پرۆسەی دەنگدا بنەمایە بۆ چارەسەری کێشەکانی خەڵکی کوردستان و گۆرانکارییە بنەڕەتییەکان، یان کاڵفامە و بە قوڵیی بیرناکاتەوە، یان کەسێکی بەرژەوەندخوازەو، لەگەڵ دەسەڵاتدایە. 

لە سەدا سەد لەگەڵ پاک و خاوێنیی هەڵبژاردنەکاندام، چوونکە ئەوە ئەخلاقێکی بەرزیی کۆمەڵایەتیی و سیاسییە، بەڵام گرنگە بزانیین کە ئەگەر حیزبەکان و لیستەکان و یەکێتی و پارتی و هەموو خەڵک ئەو ئەخڵاقە بەرزەشییان هەبێت، هێشتا پێویستمان بەوەیە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لە دەسەڵاتدا، لە حیزبایەتیدا، لە ئۆرگانە شارستانییەکاندا، ئەخلاقێکی بەرزی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بچێنین و بە یاساش بسەپێنرێت و سزایی تووندی لە پشتەوە بێت بۆ هەموو ئەوانەی کە لادەدەن لەو ئەخلاقە بەرزە. 

کەواتە پێش ئەوەی پێویستمان بە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بێت، پێویستمان بە مرۆڤگەلێکی شرۆشگێر و نەترس و بوێر و ئازا هەیە، پێویستمان بە مرۆڤگەلێکی خۆنەویست و عەقڵانیی هەیە، پێویستمان بە پەروەدەیەکی فەلسەفەیانەی سەردەمیانە هەیە لە جێگەی پەرورەدەیەکی دۆگمایی و مەلکەچکەر. پێویستمان بە عەقڵیەتێک هەیە کە بتوانێت ئەم عەقڵیەتە چەقبەستوو و دۆگمایەیە کە خەڵکی کردوە بە مێگەل تێپەرێنێت. پێویستمان بەو بیرکردنەوە و فەلسەفەیە هەیە کە مرۆڤی شکۆمەند و عەقڵ ئازاد و خاوەن بڕیار و قسەکەر و ڕەخنەگر دروستدەکات. 

تا مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگا نەبن بە مرۆڤی ڕەخنەگر، تا پەروەردە لە پەروەردەی زانایریی و زانستپێدانەوە، نەگۆڕدرێت بۆ پەروەردەیەک کە مامۆستا و قوتابیی هاوتابن. گۆڕینی پەروردە بۆ پەروەدەیەکی فەلسەفییانە لەسەر ئەو بنەمایەیی کە مامۆستا و قوتابیی دوو کارەکتەری وەک یەکن و هەمیشە پێویستییان بە دیالۆگ هەیە لەسەر هەموو پرس و مەسەلە و زانست و بابەتێک، واتا قوتابیی لە ئۆبێکتەوە بگۆڕێت بۆ سوبێکت، مامۆستا و قوتابی هەردووکیان سوبێکتبن و ئۆبێکتەکە ئەو واقیعەبێت کە دەیانەوێت بیگۆرن، یان ڕەخنەی لێبگرن و بیخەنە بەرباس و لێکۆڵینەوەو لێتوێژینەوەوە.   

ئایا هیچ حیزبێک و هیچ لیست و قەوارەیەکی سیاسیی، توانیوێتی هەموو ئەو جۆرە مرۆڤانە، لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، کە شۆڕشگێرن و خاوەن عەقڵیەتێکی گەش و پەرەسەندوون بەو مانایەیی کە بە ڕاستی خۆنەویستبێت و شۆڕشگیرانە و لە خۆبوردوانە هەوڵبدات بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی شارستانیی و دادپەروەر و دیموکرات لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و ئازادیی و یەکسانیی کە بەردەوام مرۆڤی شۆرشگێر و رەخنەگر دروستبکات؟ بە بڕوای من هیچ حیزب و بزوتنەوە و قەوارەیەکی سیاسیی نییە بە ڕێژەیەکی زۆر کەمیش توانیبێتی ئەمە بکات، هیچ حێزب و لایەنێکی سیاسیی لە کوردستاند نییە بە ڕێژەیەکی بەرز ئەوەندە شۆرشگێربێت کە بەردەوام هەوڵبدات مرۆڤی شۆڕشگێر و خۆ نەویست دروستبکات. ئایا هیچ حیزبێک لە کوردستاندا دەتوانێت عەقڵیەتیی خۆپەرستیی و ناوچەچێتیی و بنەماڵەیەتیی و خێلگەرایی و حیزب حیزبێنە و کەس کەسێنە و شار شارێنە تێپەڕێنێت و لەسەر بنەمایی هاووڵاتیی بوون، نیشتیمان و حوکومەتێک بۆ هەمووان دروستبکات؟ 

پەیام و دروشم و خواست و بانگهێشتی کاندیدەکان و لیست و حیزبەکان، هەمووی لە دەوریی ئەوە کۆدەبێتەوە، کە سیستەمی سیاسیی بگۆڕێت، یان دیموکراتیەت و یەکسانیی و دادپەروەریی زیاتر بهێنێتە ئاراوە، یان گەندەڵی بنەبڕبکات. ئاشکراشە کە هیچ کام لەمانە ناکرێت، تا تاکی کورد نەگۆڕێت بۆ تاکێکی ڕەخنەگر و چالاک و پرسیارکار و گومانکار، لەسەر هەموو شتێک کە لە ژیانی خۆی و کۆمەڵگاکەی و حکومەتەکەیدا دەگوزەرێت. 

بونیادیی تاکی کورد، زۆر گرنگتر و کاریگەرتر و بناغەییترە لە گۆڕینی سیستەمی سیاسیی. 

ئاشکرایە، کە هەرچ سیستەمێکی سیاسیی و حوکڕانییەک لە جیهاندا، مرۆڤەکان خۆیانن. مرۆڤگەلێکیش کە چەکدار نەبێت بەو هوشیارییەی کە بونیادنانی سیستەمی سیاسیی دەبێت لەسەر بنەمای گەرانەوەی ڕێز و شکۆمەندیبێت بۆ هەموو مرۆڤەکان وەک یەک ، لەسەر بنەمای  نەهێشتنی جیاوازیی و جیاکارییەکان ، لەسەر بنەمای لای کەمی کەمکردنەوەی جیاوازیی چینایەتیی، لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ، لەسەر بنەمای بە دامەزراوەکردنی حکومەت و دەوڵەت، کردنی یاسا بە سەروەر و جێبەجێکردنی بە بێ جیاوازی، دوورکەوتەنەوەی سیاسییەکان لە بازرگانێتی و قاچاخچێتی، لەسەر بنەمای بە مرۆڤکردن و کامڵکردنی مرۆڤەکان، هاوبەشییکردنی مرۆڤەکان لە هەموو کایە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی و نیشتیمانیەکاندا، گەڕانەوەی ڕێز و شکۆمەندیی بۆ ژنان وەک نیوەی کۆمەڵ و دایکی نیوەکەی تریشیی، ناتوانێت گۆرانکاریی بنەڕەتی دروستبکات، لە باشترین حاڵتدا دەتوانێت هەندێک دەستکاری سیستەمی سیاسی بکات، وەک بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەندێک شەفافیەت.. بۆ نموونە.

 ئایا هیچ حیزب و لایەنێکی سایی بە ڕاست و چەپ و لیبراڵ و ڕادیکاڵەوە لە کوردستانی عێراقدا، هەیە بیری لەم مەسەلە گرنگانە کردبێتەوە و بیەوێت لەسەر ئەم بنەمایە سیستەمی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی دامەزرێنێت. بە بروای من نەخێر، ئەگەر هەشبێت بە ڕێژەیەکی زۆر کەم. بۆیە، پاکی و بێگەردیی پرۆسەی هەڵبژاردن، بنەما نییە بۆ گۆرانکارییەکان، بەڵکو هەوڵێکە بۆ خۆ ڕاهێنان لەسەر ئەخلاقی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، کە ئەمش خۆی لە خۆیدا گرنگەو، جۆرێکە لە پەروەردەیەکی سەردەمیان و مرۆییانە. 

جیهاج موحەمەد/کوردستان

19-9-2013

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.