ئبن ڕوشد له سه‌ر حه‌قه !
گه‌وره ترین به‌ڵگه بۆ گرنگی ئێمه ئه‌وه‌یه كه بوینه‌ته سه‌نتێزی بایه‌خی جیهان ، ته‌نانه‌ت گه‌ر هه‌ندێك جاریش به شێوه‌یه‌كی نه‌گه‌تیف بێت . هیچ كه‌سێك بایه‌خ به نه‌ته‌وه‌ی مامناوه‌ندی و په‌راوێز نادات چه‌نده كارا‌و ناكارا بێت ، هیچ كه‌سێك هه‌ست به بوونی ناكات . به‌ڵام ئێمه‌ی عه‌ره‌ب و موسڵمان ، هیچ گۆڤار‌و كۆنفرانس و نووسه‌رێك نییه قسه له سه‌ر ئێمه نه‌كات و هه‌وڵی تێگه‌یشتنی بوون و كولتورمان نه‌دات . هه‌موو تیۆره نوێكانی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو به ده‌ورماندا سوڕاونه‌ته‌وه‌و ، له پێكادانی ژیاره‌كان تا دیالۆكی ژیاره‌كان ،به ده‌ر له ئیسلام و دیمۆكراسی ، یان یاخی بوونی عه‌ره‌ب …هتد . كۆی دیبه‌یته گه‌وره‌كان له چه‌رخی گڵۆبڵازه‌یشندا به شێوه‌یه‌كی گشستی یان جزئی له ده‌وری ئیسلام ده‌سوڕێته‌وه ، نه‌ك له ده‌وری بوزی یان هندۆسی یان كۆنفۆشسی سینی سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌م دینانه به سه‌دان ملیۆن بڕواداریان هه‌یه . ئێستا نموونه‌یه‌ك دێنه‌مه‌وه له سه‌ر ئه‌وه كه بریتیه له مه‌نازره‌یه‌كی فیكری كه له ئاستێكی به‌رزدا به ڕێوه چوو له نێوان لۆك فیری و ڕیمی براغ ، كه هه‌ردووكیان له گه‌وره ڕۆشبیره‌كانی ئێستای فه‌ره‌نسان . یه‌كه‌م فه‌یله‌سوفیان په‌رتووكه‌كانی به سه‌دان هه‌زار ده‌فرۆشرێت و بۆ تێكڕای زمانه‌كانی جیهان وه‌ر ده‌گێڕدرێن ، زیاد له‌وه‌ش ئه‌و وه‌زیری په‌روه‌رده‌و فێركردن بوو له سه‌رده‌می شیراك دا . به‌ڵام دووه‌میان مامۆستای فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی و یه‌هودیه له هه‌ردوو زانكۆی سۆربۆن و میونیخ . .. چۆن ئه‌م مه‌نازره بێ ئامانه‌ی نێوانیان ڕویدا گه‌ر نه‌ڵێین جه‌نگ ؟ سه‌ره‌تا كامیان ئاگری به‌ردایه ئه‌ویتریان ؟ له واقیعدا بڕیاره‌كان به‌م جۆره ده‌ستی پێكرد : ــ له سه‌ره‌تاوه یه‌كێك له ڕۆژنامه نووسه‌كان ڕێپۆرتاژێكی له گه‌ڵ وه‌زیر((لۆك فێری)) كرد سه‌باره‌ت به‌و ڕایه زاڵه‌ی ڕۆژئاوا كه پێیوایه مه‌سیحیه‌ت گونجاوه له گه‌ڵ عه‌قڵ و فه‌لسه‌فه كه چی به پێچه‌وانه‌وه ئیسلام دژیان ده‌وه‌ستێت . ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كانی من بوون و له واقیعدا سنگمی ته‌زاند ، به‌ڵام به نه‌خێر وڵامی دایه‌وه ، ئه‌م فه‌یله‌سوفه به ناوبانگه وڵامی دایه‌وه و گوتی : ـ ئه‌م قسه‌یه له بناغه‌وه هه‌ڵه‌یه چونكه ((ابن ڕوشد)) فه‌یله‌سوفی عه‌ره‌ب له‌و په‌رتووكه‌یدا به ناوی ((جیا كردنه‌وه‌ی گوتاری په‌یوه‌ندی له نێوان حیكمه‌ت و شه‌ریعه‌تدا)) بانگه‌شه‌ی بۆ فه‌لسه‌فه ده‌كرد ، ئه‌و به ته‌نها فه‌یله‌سوف نه‌بوو ته‌نانه‌ت دادوه‌ریش بوو له دادگای قڕته‌به‌دا و پیاوێكی ئایینی گه‌وره‌ش بوو . یه‌كێك پرسیاری لێ كرد‌و گوتی تا كوێ موسڵمان ده‌توانێت عه‌قڵ و فه‌لسه‌فه به كار بێنێت ؟ ووڵامی دایه‌وه : سێ گریمانه هه‌ن ، یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه فه‌لسه‌فه قه‌ده‌غه‌یه ، دووهه‌م ئه‌وه‌یه كه فه‌لسه‌فه چاوپۆشی لێ ده‌كرێت ،سێیه‌م فه‌لسه‌فه واجبێكه بۆ موسڵمان . ابن روشد ده‌ڵێت بۆ وڵامی سێیه‌م ئه‌وه‌شی بۆ زیاد ده‌كه‌م، بۆ؟ چونكه دژایه‌تیه‌ك له نێوان ڕاستیه‌كانی ئایین و ڕاستیه‌كانی عه‌قڵ و فه‌لسه‌فه‌دا نییه . لۆك فێری وای ده‌بینێت ئه‌م وڵام دانه‌وه‌یه په‌سه‌نده ، چونكه ابن ڕوشد به ته‌واوی به‌رپه‌رچی ئه‌وانه‌ی داوه‌ته‌وه كه ده‌ڵێن ئیسلام له گه‌وهه‌ریدا دژ به عه‌قڵ و گه‌شه كردنه . هه‌روه‌ها ده‌ڵێت قه‌دیس((تۆما ئه‌كوینی)) سه‌رگه‌وره‌ی بیری مه‌سیحی ئۆرپایه هه‌مان هه‌ڵوێستی ابن ڕشدی بونیاد ناو كارێگه‌ریش بوو پێی . له ڕاستیدا خوێندكارێكی هه‌ردوو ابن ڕشدو ئه‌رستۆ پێكه‌وه بوو . به‌م جۆره له‌وێدا كه ڕاستیه‌كانی ئایین هه‌ن هه‌مان ڕاستیه‌كانی عه‌قڵیش هه‌ن و هیچ دژایه‌تیه‌ك له نێوانیاندا نییه ، گه‌ر به شێوه‌یه‌كی دروست وه‌كو ابن ڕوشد له ئایین تێبگه‌ین، نه‌ك به‌و شێوه هه‌ڵه‌یه‌ی كه ڕێچكه‌ی توندڕه‌وه‌كانی ئێستایه . ئه‌مه نامه‌یه‌كی گه‌وهه‌رییه كه له لایه‌ن موسڵمانێكی ئه‌ندلوسی و مه‌غریبی بۆمان هاتووه . له لایه‌ن كولتوری په‌سه‌ندی عه‌ره‌به‌وه بۆمان هاتووه ، به‌و مانایه‌ی ڕۆشنگه‌ری لای عه‌ره‌به موسڵمانه‌كان هه‌بووه پێش ده‌ركه‌وتنی به چه‌ندین سه‌ده له ئۆرۆپا …. ئه‌مه وڵامه‌كه‌ی ((لۆك فێری )) بوو ، ئه‌ی باشه ڕه‌د دانه‌وه‌كه‌ی ((ڕیمی براغ)) چۆن بوو بۆی ، یه‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی تیشك بخه‌ینه سه‌ر دژواریه‌كان پێویسته ئه‌وه بزانین ((لۆك فێری)) علمانیه‌كی عه‌یار ته‌واوه ، له كاتێكدا ((ڕیمی براغ)) كه‌ڵكه‌ڵه‌یه‌كی مه‌سیحیانه‌ی ئاشكرای هه‌یه و قوڵایه‌كه‌شی له لاهوتیه‌تی كاسۆلیكیدایه . ڕه‌نگه ئه‌مه بڕیارێكی نامۆ بێت بۆ مامۆستایه‌كی ئه‌كادیمی كه له یه‌كێك له زانكۆ گه‌وره‌كانی ئۆرپا وانه بڵێته‌وه . ڕیمی براغ به جۆرێك له فشه‌ییه‌وه ده‌ڵێت : ـ به‌ڕێز فێری له قسه‌كه‌یدا دوو هه‌ڵه‌ی كردووه ؛ یه‌كه‌م پشتی به ته‌نها تێكستێكی ابن ڕوشد به‌ستووه كه دوو له سه‌دی ئه‌و نوسراوانه‌ی ناگرێته‌وه كه نووسیونی ، دووهه‌م به‌ڕێز فیری به جوانی له تێكسته‌كه‌ی ابن ڕوشد تێ نه‌گه‌یشتووه . ئه‌م فه‌یله‌سوفه عه‌ره‌به خه‌ڵكی دابه‌ش كردووه بۆ سێ به‌ش : ئینسانی ئاسایی یان كوڕی كۆڵان گه‌ر به‌و جۆره كوزارشتی لێ بكه‌ین ده‌كه‌وێته خواره‌وه‌ی لیسته‌كه‌وه ، دووهه‌م ئه‌وانه‌ی قسه ده‌كه‌ن ده‌كه‌ونه ناوه‌ڕاسته‌وه ، فه‌یله‌سوفه‌كان به سروشت ده‌كه‌ونه سه‌رووی لیسته‌كه‌وه . به‌م چه‌شنه فه‌لسه‌فه ئه‌ركێكه ته‌نها بۆ فه‌یله‌سوفه‌كان و له‌و دوانه‌كه‌ی دیكه قه‌ده‌غه‌یه . لۆك فیری بیری چووه ئه‌وه ڕوون بكاته‌وه ، هه‌روه‌ها به‌ڕێز فیری ئه‌وه‌شی بۆ زیاد ده‌كات و ده‌ڵێت ((تۆما ئه‌كوینی )) خوێندكاری ابن ڕوشده . ئه‌مه به ڕای ((ڕیمی براغ)) هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه ، بۆ ؟ چونكه ابن ڕوشد بانگه‌شه‌ی بۆ فه‌لسه‌فه كردووه له به‌رامبه‌ر دادگای شه‌ریعه‌تی ئیسلام دا ، له كاتێكدا ((تۆما ئه‌كوینی))ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كردوه ، بانگه‌شه‌ی بۆ لاهوتی مه‌سیحی كردووه له به‌رامبه‌ر دادگای عه‌قڵ و فه‌لسه‌فه‌دا . دواجار ئه‌م قسه بۆشانه چیین ؟ به‌ڕێز فیری ده‌یه‌وێت قه‌ناعه‌تمان پێ بكات كه به‌های عه‌قڵ له لایه‌ن ابن ڕشدو عه‌ره‌به‌كانه‌وه هاتووه بۆمان ، پێیوایه گه‌ر ئه‌وان نه‌بوایه ئێمه عه‌قڵانی نه‌ده‌بووین و نه‌مانده‌توانی ڕێنسانسی گه‌وره به دی بهێنین . ئه‌مه نا دروسته ، قه‌دیس ئه‌نسیلیم زه‌مه‌نێك پێش ابن ڕوشد كه‌وتووه‌و پێش ئه‌و ده‌ركه‌وتووه . دواجار ((ڕیمی براغ)) به توڕیه‌وه هاوار ده‌كات : براكه‌م له گۆڕه‌پانی فه‌ره‌نسادا كۆمه‌ڵێك ڕۆشنبیر هه‌ن كه ده‌یانه‌وێت شكۆی هه‌موو چاكه‌یه‌ك بگه‌ڕێننه‌وه بۆ عه‌ره‌ب له ترسی ئه‌وه‌ی تۆمه‌تی ڕه‌گه‌ز په‌ره‌ستی ڕۆشنبیریان نه‌خرێته پاڵ ! ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بووه تارمایی ئیمپریالیزم و به‌رپرسیاریه‌تی ئیمپریالیزم له سه‌ر شانی خۆیان لابه‌ن . له سه‌ر حیسابی حه‌قیقه‌ت عه‌ره‌به‌كانیان خۆش ده‌وێت . له كۆندا پێیان ده‌گوتین عه‌ره‌به‌كان هیچ شتێكیان دا نه‌هێناوه ، ئه‌مه ناڕاسته و ، ئێستاش ده‌یانه‌وێت به پێچه‌وانه‌وه قه‌ناعه‌تمان پێ بكه‌ن : كه عه‌ره‌ب هه‌موو شتێكی داهێناوه ! هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ش ناڕاسته . به‌و مانایه‌ی گواستمانه‌وه له دژێكه‌وه بۆ دژێكی دیكه ، یان له په‌ڕگیریكه‌وه بۆ په‌ڕگیریه‌كی دیكه . له كۆتایشدا ده‌بێت ئه‌و زانیاریه بزانین كه ابن ڕوشد پاش كۆتایهێنانی په‌رتووكه‌كه‌ی داوا له خه‌لیفه ده‌كات فه‌یله‌سوفه‌كان له ترۆپكی ده‌سه‌ڵاته‌وه دا‌نێت و تێكڕای پیاوه ئاینیه‌كانیش دوور بخاته‌وه ، ئه‌مه‌ش توندڕه‌ویه‌كی فه‌لسه‌فیه دژ به پیاوانی ئایینی !
ڕه‌نگه بڵێن : هه‌موو ئه‌مانه چ په‌یوه‌ندیه‌كی هه‌یه به ڕوداوه‌كانی ئێستاوه ؟ به په‌له وڵام ده‌ده‌مه‌وه : ـ گه‌ر ابن ڕوشد له خاكه تایبه‌تیه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵنه‌هاتبایه‌و ، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوایه له‌وبه‌ری ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه ، ئه‌وان ڕێنسانسیان نه‌ده‌كردو ئێمه‌ش دوانه‌ده‌كه‌وتین . ئاشكرایه ڕێنسانسی ئۆرۆپا له‌و چركه ساته‌وه هاو شێوه‌ی موشه‌ك بۆ سه‌ره‌وه ده‌ڕوات و نه‌وه‌ستاوه تاكو ئه‌مڕۆ . به‌ڵام له جیهانی عه‌ره‌ب و ئیسلامدا پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ڕویداوه . كه چی ورده ورده بن زه‌لكاوی به‌سته‌ڵۆك ده‌كه‌وین و خه‌ریكی دووباره كردنه‌وه‌و كاویژ كردن و دژایه‌تی فه‌لسه‌فه‌و ته‌كفیر كردنی فه‌یله‌سوفه‌كانین . داپۆشینی گۆڕه‌پانه‌كانی عه‌ره‌ب و ئێرانی و توركی له لایه‌ن بزووتنه‌وه‌كانی ئیسلامی سیاسیی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه ڕاسته‌وخۆ ده‌رئه‌نجامی شكستی ابن ڕوشدو ابن سیناو فارابی و مه‌عه‌ڕی پێش زیاتر له 800 ساڵ له‌مه‌و به‌ره . ئه‌و كاره‌ساته‌ی كه ئه‌مڕۆ له میسر ده‌گوزرێت به پوختی لێی تێ ناگه‌ین گه‌ر وه‌كو بابه‌تێك له مه‌ودای ئه‌و زه‌مه‌نه زۆر درێژه‌وه شرۆڤه‌ی نه‌كه‌ین . ئێمه هه‌زار ساڵه شه‌ڕ ده‌كه‌ین بۆ داڕوخان و خۆ په‌ك خستن ، نه‌ك بیست و په‌نجاو سه‌د ساڵ . گرفتار و سه‌ختی و مه‌ترسی ڕووبه ڕوو بوونه‌وه لێره‌وه‌یه چ له میسر‌و غه‌یری میسر . به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی ئیسلامی سیاسی كه‌ی ئه‌م ڕاستیه سانایه تێده‌گه‌ن : ـ هه‌رگیز ناتوانرێت له چه‌رخی جیهانگه‌ری یونۆڤێرساڵیدا حوكمی وڵاتێكی ژیاری وه‌كو میسر بكه‌ن به عه‌قڵیه‌ت و كۆت وبه‌ندی تیژی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست كه زه‌مه‌نی به سه‌ر چووه . گه‌ر ئه‌وان ته‌نها په‌رتوكێكی فه‌لسه‌فی یان فكری نوێیان بكردایه‌ته‌وه ئایا ده‌گه‌یشتینه ئه‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ پێی گه‌یشتووین ؟ له كاتێكدا ئه‌مه ده‌ڵێم زۆر غه‌مبارم بۆ ئه‌وانه‌ی بوونه قوربانی ، ته‌نانه‌ت ده‌ستم كرد به گریان له دۆخێك‌دا وێنه‌ی هه‌ندێك منداڵی جوان و خنجیلانه‌م دی له ته‌مه‌نی گوڵ بوون تێیدا چوون . به‌ڵام ئه‌و داكیر كردنه فكریه‌ی كه هه‌ژموونی كردووه به سه‌ر عه‌قڵیه‌تی ((ئیخوانه‌كان)) دا لێ ناگه‌ڕێت حه‌قیقه‌تی بڕیاره‌كان وه‌كو خۆی ببینن و ، خۆیان و تێكڕای وڵاتیش دوچاری مه‌ترسیه‌كی توند ده‌كه‌نه‌وه . ئه‌مه عه‌قڵیه‌تێكی خۆ كوژی به كۆمه‌ڵه . خودایه بۆ من و بۆ دوژمنه‌كانیشم ! له واقیعدا به توندی له تاریكی ڕابردودا نقوم بوون ، وه‌كو دۆن كیشوه‌ت دوچاری وه‌هم بوون و قۆچێك ده‌كێشن به‌م چه‌رخه‌دا و پێیانوایه ده‌توانن میلی كاتژمێر بگێڕنه‌وه دواوه ! .
و. له عه‌ره‌بیه‌وه((یاسین له‌تیف
هاشم صالح ــ الشرق الاوسگ ــ ژماره ((12681)) ـ له 17/ 8 / 2013