Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
چەپەوانە! ….  ن/جەلال قادر

چەپەوانە! …. ن/جەلال قادر

Closed
by September 19, 2013 گشتی

 

 

 

 

بەیانییەکیان چوومە ناو باخچە بچکۆلانەکەم  تا هەرچی دڕک و توڕکی بێفەڕ هەیە بیانڕنم و نەمامەکان ئاوبدەم . لەناکاو هەستم کرد دەستی ڕاستم لەکار کەوتووە ناتوانم نەداسی پێبگرم و نە دڕکێکی پێهەلکەنم. دەستم بێهێزببوو هەر وەک  لقە دارێک نووسابوو بەلەشمەوە. دەستی چەپم تاقیکردەوە تین و توانای مابوو، بەلام نەیدەتوانی کارەکانم بۆ ئەنجامبدا. چونکە هەمیشە پشتگوێمخستووە و بەکارم نەهێناوە. 

لە بیرمە سەردەمی مندالیم لەگەڵ مندالێکی چەپەوانە بەردمان دەهاویشت بەردەکەی ئەو زۆر دوورتر دەکەوتەوە. لەو سەردەمە ئەو هۆش وبیرەم نەبوو، منیش هەولێک لەگەل دەستی چەپم بدەم. هەروەک خەلکی بێ بیرکردنەوە دەستی ڕاستم بەکار هێنا و بووم بە ڕاستەوانە.  کەسانێکش هەبوون گالتەیان بە چەپەوانەکان دەکرد دەیانگووت : كچانەن!.

لە قوتابخانەش مامۆستاکانمان ئەگەر قوتابییەک چەپەوانە بوایە بە دار دەست و پەنجەی سوور دەکردەوە. مامۆستاکەمان دەیگووت : ئامێرەکانی ژیان بۆ دەستی ڕاستە دروستکراوە و هەولدەن بە ڕاستە بنووسن.

کە گەورە بووم زۆرم شتم بینی بۆ دەستی چەپ دروستکرابوون، بەلام ئەو شتانە ناوازە و جوان بوون.

 بۆ نموونە :

 ڕۆژێکیان لەناو باخچەی شارێک  کچێکم بینی گیتارێکی لەباوەشگرتبوو بەدەستی چەپی خۆشترین مۆسیقای دەژەنی.

لاوێکم بینی دەستی چەپی لەگەردنی سپی دەزگیرانەکەی ئالاندبوو و ماچیدەکرد، گوستیلەی پەنجەی دەبریسکایەوە!. 

ئەگەر زۆربەی مرۆکان ڕاستەوانە بن، بێگومان زۆربەی تاوانەکانش ڕاستەوانەکان ئەنجامی دەدەن!.

 لەبەر ئازاری دەستی ڕاستم سەردانی پزیشکم کرد و پێمگووت کە دەستی ڕاستم لەکار کەوتووە و چارەسەرێکم بۆ بکە؟.

پزیشکەکە وتی :- پەنجا ساڵە دەستی ڕاست بەکاردەهێنی بێگوومان لەکار دەکەوێت. ئایە هەستناکەیت ئەندامەکانیتری لەشت بێهێزبووبن و گۆڕانیان بەسەرداهاتبێ؟. 

خەندەیەک کەوتە سەرلێووم.

پزیشکەکە وتی : شەرمی ناوێ دوورنییە ڕۆژێک لەخەو هەلسی ئەژنۆکانت لەکار بکەون. ئەوسا ناتوانی یەک هەنگاو هەلبڕی. ئێستا دەرزییەک لەناو لەپی دەستی ڕاستتدەدەم بۆ ماوەیەکی کەم چاکدەبێتەوە، بەلام هەرگیز وەک جارانی لێنایەتەوە….هەولدە لەمەودوا دەستی چەپ بەکار بهێنە!

– دکتۆر… لە بەر ئەوەی لە مندالییەوە دەستی چەپم بەکار نەهێناوە، لەم تەمەنەش هەرچەند دەکەم ناتوانم بەجوانی بەکاری بهێنم. 

-: پێویستی بە مەشقکردنە، ئامۆژگاری هەموو دۆست وبرادەرێکشت بکە کە مەشق بە دەستی چەپیان بکەن. 

لەوساوە مەشق بەدەستی چەپم دەکەم، لی هەرگیز لەم تەمەنی خەزانەم فریای ئەوە ناکەووم وەک گەنجێک ڕایبێنم دەست لەگەردنی یارم بکات و نامەی دڵداریم بۆ بنووسێ و هەموو شتێک واژوو نەکات!.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.