Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
بانگه‌شه‌و به‌ڵێن … سه‌لام عومه‌ر

بانگه‌شه‌و به‌ڵێن … سه‌لام عومه‌ر

Closed
by September 19, 2013 گشتی

 

 

 

 

بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌ر چه‌ند كاتژمێرێكی ماوه‌و ئیدی شاره‌كان ئارام ده‌بنه‌وه‌، شه‌ڕه‌ په‌ڕۆو كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی شه‌وانه‌ نامێنن و جه‌نجاڵی شه‌قامه‌كان ئاسایی ده‌بێته‌وه‌، واته‌ سه‌ر پرده‌كه‌و (عه‌یب نه‌بێ‌) ژێر پرده‌كه‌ی چواڕیانی زه‌عیم و شه‌قامی سه‌هۆڵه‌كه‌ له‌ نه‌ڕه‌نه‌ڕی هه‌وادارانی پارته‌ زه‌به‌للاحه‌كان خاڵی ده‌بێته‌وه‌.

هه‌رچه‌ند كاتژمێرێكی دی ، كاندیده‌كان دڵیان به‌ته‌په‌ته‌پ ده‌كه‌وێ‌ و لیسته‌كانیش ده‌چنه‌وه‌ نێو باره‌گاكان ، بیر له‌ به‌ڵێنه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ دووباره‌ن و له‌یه‌ك ده‌چن، كۆمسیۆن ده‌ڵێ‌: ئه‌گه‌ر چه‌ند رۆژێكی دیش له‌یه‌ك دابڕێین ئه‌وه‌ دوای ناوبڕێك بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌یه‌ك ده‌گه‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌گوترێ‌: كارنامه‌ی كاندیده‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا زۆر گران ده‌بێ‌، چونكه‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كاندیدانی په‌رله‌مان له‌كارنامه‌كانیان خستیانه‌ رو، هیچی بۆ ئه‌وان نه‌هێشتۆته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ك جاره‌كه‌ی دی به‌مردوویی له‌ دایك ده‌بن.

هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن چه‌ند كاتژمێرێكی دی ماوه‌ ، واته‌ چه‌ند رۆژێكی دی ناوی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ ده‌رچووه‌كان ئاشكرا ده‌بن، زۆر نابا حكومه‌تێكی دی درووست ده‌بێ‌، زۆر زۆر ناباو له‌به‌رگێكی دیدا ئۆپۆزۆسیۆن درووست ده‌بێته‌وه‌ ، هێنده‌ی پێناچێ‌ ته‌پڵ لێدان و بایكۆت كرد ن و شه‌ڕه‌ بوتڵو ئه‌وده‌ستوده‌ست كردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كان  ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌، هه‌ر كه‌مێكی دی دوای ئه‌وانه‌، به‌ڵێنه‌ خه‌یاڵیه‌كان ئاشكرا ده‌بن ، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ حزب نابێت هه‌یمه‌نه‌ به‌سه‌ر حكومه‌تدا بكاو ده‌بێ‌ حكومه‌ت له‌ خزمه‌تی هاوڵاتیدا بێ‌، بۆیه‌ زۆر نابا كاندیده‌كان چونكه‌ كادیری حزبین له‌نێو ئیمتیازاته‌كاندا نقوم ده‌بن و كارنامه‌كانیان له‌بیر ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ش كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ به‌راستی به‌ڵێنه‌كان جێبه‌جێ‌ بكه‌ن كه‌مینه‌ن و زۆرینه‌ قوتیان ده‌دا، پێموانیه‌ زۆر بخایه‌نێ‌ كاندیدی دڵسۆزو مشه‌خۆر پارتی رابردوو پاكو ناپاك ، ئاشكرا ده‌بن و خه‌ڵكیش وه‌كو چاودێر سه‌رنج له‌كارو كارنامه‌كانیان گیرده‌كه‌ن ، ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان داوه‌ به‌رهه‌میان ده‌وێو كاندیده‌كانیش ئه‌گه‌ر بێده‌نگی هه‌ڵبژێرن ، ئه‌وه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕێی ته‌واوی ئه‌گه‌ره‌كان بكه‌ن ، چونكه‌ باله‌بیرمان نه‌چێ‌ نه‌وه‌ی نوێ‌ رابردووی نه‌دیوه‌ ، به‌ڵام گۆڕانكاریه‌كانی ئاینده‌ له‌ده‌ستی ئه‌وان دایه‌ ، واته‌ ئه‌وانن له‌ شه‌قامه‌كاندا په‌ڕۆ ره‌نگاو ڕنگه‌كانیان هه‌ڵگرتوه‌و هه‌ر ئه‌وانیش ده‌توانن فڕێی ده‌ن، فڕێدانیش به‌شێوه‌ زاری ئه‌ولا تووڕدانه‌.

Previous
Next