
چوار چیڕچیرۆک …. محەمەد فەریق حەسەن
قەڵەمجافی فڕیو
جه‌نابی نه‌قیب که‌مێک له‌سه‌ری وه‌ستاو ئاوا وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌می دایه‌وه: (دە خۆت بۆم بنووسه، تۆ ده‌ستوخه‌تت خۆشتره.) منیش پهڕهیەک کاغه‌زم له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی پێشم دانا‌و نووسیم: (بۆ فه‌رمانده‌یی گشتی… بابه‌ت/ به‌رزکردنه‌وی پله) من گوێم لێ گرتبوو دهیشمنووسی. ئه‌و هه‌ر ڕاژه‌یه‌کی پێشکه‌ش به سوپا کردبوو، بۆی هه‌ڵڕشتم. منیش زۆر به‌ته‌نگه‌وه بووم، بێ کەموکووڕی سکاڵانامه‌که‌ی بۆ بنووسم و ده‌قه‌که‌یش له‌سه‌ر ڕووبه‌ری لاپه‌ڕه‌که ته‌رازو بێت. که ئه‌و بێده‌نگ بوو، من ماوه‌یه‌ک چاوه‌ڕوان مام. ئه‌وجا له دامێنی چه‌پی لاپه‌ره‌که‌وه نووسیم، (داواکار نه‌قیب…) قهلهمجافهکهم بۆ دریژ کرد وتم: (فه‌رمو ناوی سیانیی خۆت بنووسه‌و واژۆی بکه.) من هێشتا قهڵهمجافهکهم بۆ ڕاگرتبوو، کاتێ ئه‌و به زمانێکی ناڕوون و ڕوانینێکی شکستخواردووه‌وه وتی: (خوینده‌واریم نییه، به‌ڵام واژۆم هه‌یه. بنووسه نه‌قیب عه‌ول ئه‌وڕه‌حیم ئه‌وره‌حمان، ئه‌فسه‌ری…)
ئه‌و قهڵهمجافهکهی لێ وه‌رگرتم و من به په‌نجه‌ی ئاماژه، شوێنی واژۆم پیشان دا. جه‌نابی نه‌قیب ڕاست و چه‌پ لێی وه‌ستایه‌وه، ئاسۆیی و قایم دوو هێڵی کاڵی کێشا، ئەوجا ستونی، سێ هێڵی تێری به‌سه‌ردا هێنان، وەها کێڕهی له کاغه‌زه‌که هه‌ڵسان، وه‌ختابوو سکاڵانامه‌که یهکاڵاکاتهوه. ورده تنۆکی ئارهقهیش ژێژ که‌پووی تهرکربوو. هه‌ر که کاکی نه‌قیب پشتپێی هه‌ڵکرد، قهڵهمجافی تاین وردە وردە جووڵا، مێزه‌که‌ی جێهێشت و له جێی خۆی حهواکهوت. فڕی فڕی تا گه‌یشه ده‌م ئه‌و تاکە په‌نجه‌ره‌یه‌ی، که به‌سه‌ر خۆرنشیندا کرابووه‌وه. ئەو له‌وێوه فجووقی کرد‌و به‌به‌ر چاوی خۆمه‌وه پشت دار کاژه‌کانی حه‌وشه که‌وت. ئه‌و فڕینه‌ی فڕی، نه‌گه‌ڕایه‌وه.
سلێمانی
٢|٤|٢٠١٣
من نایەمەوە
من و دایکی، بە تەلەفوون تکای خوێنێکمان تیاکرد، پێمان وت: کوڕی شیرینم بیرت دەکەین، چەک و بەرگی پۆلیسییەکەت تەسلیم بە حکومەت بکەرەوە و بێرەوە بەلای ڕەز و باخ بەراوەکەوە. ئەمساڵ کارێزکە تەقیوە، وەرە زەوییەکە بکە بە مەرەزە. ئێمە دوو چاوە خانوت بەرەوڕوو دەکەینەوە، لەگەڵ سێ مانگای دۆشەنی و سێ گوێرەکەدا. کەچی کوڕە تاقانە کەم نەهێنای، نە بردی، وتی: شوێنەکەم زۆر خۆشە. من لە نوژدارە موقیمەکانی ئەم نەخۆشخانەیەی، کە دەوامی لێ دەکەم مانگانەم زیاترە. من بێئەوەی ئارەق بکەوێتە ناوچاوانم، مانگایەک و گوێرەکەیەک مووچەی مانگانەمە، خوا لێتان بەزیاد کات، باوک و دایکە شیرینەکەم، من نایەمەوە!
سلێمانی
١١|٥|٢٠١٣
شلێرو شۆڕش
ئەو ڕۆژە بە ڕێکەوت، لە دەروازەی سوپەر مارکێتێکدا، خۆم و کچە ناونجییەکەم، لووتمان بە لووتی براژنم و برازایەکی خۆمدا تەقی. من و براژن هەر بە سەری لووت و بەدەم ڕێوە چۆنی و چاکیمان کرد. وەلێ برازاکەم زۆر بە گەرمی بە کچەکەمی وت: (ڕۆژ باش شلێر گیان!) کچەکەیشم بە گەرمی وەڵامی ئەوی دایەوە: (ژیانت باش شۆڕش گیان!) ئێمە بڕێک دوورکەوتبووینەوە، براژن و برازاکەیشم، خۆیان بە سوپەر مارکێتەکەدا کردبوو، کاتێک کچەکەم زار بە گلەیی وتی: (خۆ گوێت لێ بوو دایکە؟ ئەوە بۆچی شۆڕش ی مامم، منی بە شلێر بانگ کرد؟ پێم سەیرە، شۆڕش ئامۆزامە، کەچی ناوم نازانێ!) منیش بە سۆزانی کچم وت: (تۆیش ئەوت نەناسییەوە! ڕاستییەکەی ئەوەیە، نە تۆ شلیری و نە ئەویش شۆڕش بوو!)
سلێمانی ٥|٥|٢٠١٣
کوردستان یۆخ!
ئامانج گەیشتە سەر ڕاستە شەقامەکەی نزیک ماڵی خۆیان، بایدایەوە و خۆی بە یەکەم پیزەریادا کرد. ئەو داوای دوو پیزاو یەک هەمبەرگەر و دوو شاورمەو یەک جێ، فینگەری کرد. زوو زوو دیقەتی سەعاتی سەر دیوارەکەی دەدا و خەمی میوانەکانیشی بوو، کە بەتەنیا جێیهێشتبوون. ئەو بە سەیری هامشۆکەرانی سەر ڕاستە شەقامەکەوە خەریک بوو، کاتێک شیف بانگی کرد. لەو دەمەدا شێف ژەمە خواردنەکانی بۆ لە پاکەت دەنان و دەپێچانەوە، سەری هەڵبڕی و لە ئامانجی پرسی: ((کارداش تۆ خەڵکی کوێی؟)) ((من خەڵکی کوردستانم)) ئامانج بەهێمنی و بە هەستی شانازییەوە وەهای وت، کەچی پیزامان ناوچاوانی تێکنا، چاوەیلی زەق کرانەوە، بەدەنگێکی گڕ وتی: ((کوردستان یۆخ!)) ئامانج تەلەفوونە دەستییەکی لەگیرفانی قەمسەڵەکەی نا، هەردوو دەستی بە مستەکۆڵە کردن. لاقی ڕاستی لەگەڵدا هەڵبڕی، بە دەنگێکی گڕ وتی: ((کەواتە پیزاکەی تۆیش یۆخ!)) ژەمە پاکەت کراوەکانی لەوێدا بۆ پیزامان جێهێشت و پشتی تێکرد. چەند پیزامان بانگی لێ کرد: ((گێل بەبەم گگێل.. گێل کارداش گێل.. گێل گوێزم…)) ئامانج ئاوڕی لێ نەدایەوە، بەتووڕەییەوە خۆی بە نزیکترین پیزەریای هەمان ڕاستە شەقامدا کرد.
کۆبنهاون
٢٤|٥|٢٠١٣