به‌راییه‌ک … ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له کۆڕه‌وه‌که‌ی ساڵی1991دا، ماڵی خۆمان(باوکم، دایکم، خوشک و براکانم)، وه‌ک زۆرێک له خه‌ڵکی باشووری کوردستان، هه‌ڵاتن و له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، گیرسانه‌وه. سه‌ره‌تا له گوندی مه‌نسووراغایی(مه‌سووراخا یا مه‌سووراخایی) نێوان سه‌ریاس و پاوه و دواتر له پاوه، جێگیر بوون. هاوێنی 1991، که له مه‌نسووراغایی بوون، له سوێده‌وه چوومه سه‌ردانیان و له‌وێ کۆمه‌ڵێک مامۆستا و خوێندکار و خه‌ڵکی زۆر میهره‌بان و گه‌ش و ڕووخۆش و میواندۆست و دڵسۆز و خاوه‌ن دید و بۆچوون و به‌ڕێزم ناسی و بووین به ئاشنا و دۆست و هاوڕێ. هاوینی ساڵی پاشتر 1992، جارێکی دیکه چوومه‌وه سه‌ردانیان، لێ ئه‌و جاره‌یان، ماڵیان گواستبووه پاوه. له‌وێش کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ی مرۆڤی فره‌باش و کوڕه‌خاسه و جوامێرم ناسی و دۆستایه‌تی له‌نێوانماندا دروست بوو.
یه‌کێک له‌و لاوانه‌ی، که ئه‌وده‌مه پێوه‌ندی به ماڵی خۆمانه‌وه هه‌بوو و هاوڕێی سلێمانی برام بوو، دۆکتۆر کاوه مه‌عرووف بوو. کاوه، بژیشک بوو، خه‌ڵکی قه‌ره‌ده‌ره‌ی نێزیکی که‌رکووک بوو، له شێخه‌کانی ئه‌و ده‌وروبه‌ره بوو. که‌رکووکایه‌تی و گه‌رمیانیه‌تی و کۆمه‌ڵێک یاده‌وه‌ری که‌رکووک و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری و ناوی هه‌نده‌ک خه‌ڵک، پتر له‌گه‌ڵ کاوه‌دا، لێکدی نێزیکخستینه‌وه. دواتریش به هۆی ئه‌و ناسیاوییه‌ی دۆکتۆر کاوه‌وه، ئازادی برایشیم له سوێد ناسی و تائێستاش دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تیمان، ماوه و درێژه‌ی هه‌یه. شتێکی سه‌ره‌کی و هاوبه‌ش، که دۆکتۆر کاوه و ئازاد و هه‌موو که‌سێکی ئه‌و گه‌رمێنه‌ی وڵات و منی کۆده‌کرده‌وه و کۆده‌کاته‌وه، باسوخواسی که‌رکووک بوو و که‌رکووکه.
هه‌ر یه‌کێک له ئێمه، هه‌ڵگری چه‌رده‌یه‌ک یاده‌وه‌ری خۆش و ناخۆشه، له‌باره‌ی که‌رکووکه‌وه. من بۆ خۆم تا له وڵات ده‌ژیام، ساڵانی ژیانی که‌رکووکم، خۆشترین ساڵانی ژیانم بوون. تێکه‌ڵاوییه‌کی زۆر و گه‌رمی خه‌ڵک و ناسیاو و دۆست و هاوڕێیان، له کورد و تورکمان، ده‌ستبه‌کاربوون وه‌ک کارمه‌ند و به‌هۆی کاره‌که‌یشمه‌وه تێکه‌ڵبوونی زۆرترین خه‌ڵک، به تایبه‌ت خه‌ڵکانی چینه هه‌ژاره‌کانی خوارێی پلیکانه‌ی جڤاک، وردتر تێڕوانین و تێگه‌یشتن له کێشه‌ی چینایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ستکردن به ئازاری خه‌ڵکه هه‌ژار و چه‌وساوه‌کان و ئازاری چه‌وسانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کورد، سیاسه‌تکردن و ڕێکخستن(له به‌ره‌ی چه‌پدا) به شێوازێکی کارا و به کرده نه‌ک ته‌نێ له‌نێو کوردان‌دا، به‌ڵکه له‌نێو تورکمانه‌کانیشدا، ئه‌وجا سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه، دڵداری، که ئه‌زموونێکی نوێ بوو بۆ من و له‌ته‌ک چالاکیی سیاسی‌دا، وزه‌یه‌کی خورت و پڕتین و چێژێکی خۆشیان به ژیانم ده‌به‌خشی و تا ده‌هات خۆشه‌ویستیم بۆ که‌رکووک هه‌ڵده‌کشا و دڵ و هۆش و هه‌ستمی ده‌ته‌نییه‌وه و پتر پێوه‌ی پێوه‌ست ده‌بووم. ئه‌وه دیوه‌خۆشه‌که‌ی ژیانی که‌رکووک بوو، لێ دیوه‌ناخۆشه‌که‌ی ژیانی که‌رکووک، چ بۆ من و چ بۆ هه‌ر که‌رکووکییه‌کی دیکه، باری سیاسی، عه‌ره‌باندن، به‌عساندن، ڕاگواستن و وه‌ده‌رنانی کوردی که‌رکووک، داگیرکردنی موڵک و ماڵ و سامان و زه‌وی کوردانی که‌رکووک بوو. هه‌ریه‌کێک له ئێمه ئه‌گه‌ر به جه‌سته و له‌شیش بریندار نه‌بووبێت و نه‌بێت، له ده‌روونیدا، له نه‌ستیدا، له گیانیدا، له بیرگه‌یدا، برینێکی قووڵ، گه‌لێک قووڵ، سه‌خت، فره سه‌خت هه‌یه، ناخسوتێنه‌ر، که هه‌رگیز، ساڕ‌ێژ نابێت و هه‌میشه‌ش ده‌کولێته‌وه. برینێک، هێنده‌ی که‌رکووک، له گیانی هه‌ر یه‌کێک له ئێمه‌دایه.
که‌رکووک به‌به‌رچاومه‌وه، به‌به‌رچاومانه‌وه، وه‌ک له‌شێکی تووشبووی شێرپه‌نجه، که هه‌موو له‌شه‌که‌ی گرتبێته‌وه، هه‌رڕۆژه‌و پارچه‌یه‌کی لێ ده‌بڕدرایه‌وه و لێ ده‌کرایه‌وه. هه‌رڕۆژه‌و شارۆچکه و شاره‌دێیه‌کی لێ داده‌بڕدرا و ده‌درایه ده‌م ئوستانێکی دیکه‌وه. هه‌رڕۆژه‌و ناوی چه‌ند گه‌ڕه‌کێک، جاده‌یه‌ک، کووچه و کۆڵانیک، چه‌ند خوێندنگه‌یه‌کی له کوردییه‌وه ده‌کرانه عه‌ره‌بی. هه‌رڕۆژه‌و کۆمه‌ڵێک کارگه‌ر، کارمه‌ند، خه‌ڵکی کوردی شاره‌که، وه‌ده‌رده‌نران و عه‌ره‌ب ده‌هێنرانه جێگه‌کانیان. هه‌رڕۆژه‌و ژماره‌ی کورد، که‌م ده‌کرایه‌وه و ژماره‌ی عه‌ره‌ب زیاد ده‌کرا. هه‌رڕۆژه‌و به‌شێک له بیرگه‌ی خه‌ڵکی کوردی که‌رکووک و به‌شێک له مێژووی که‌رکووک، ده‌سڕدرایه‌وه. هه‌موو که‌رکووکییه‌ک شاهیدی ئه‌و ڕه‌وشه‌یه، که مه‌گه‌ر فلستینییه‌کان، خه‌ڵکی بۆزنیا، ئیندیانه‌کانی ئه‌مه‌ریکای لاتین، ئه‌بۆریجینه‌کانی ئه‌وسترالیا یا خه‌ڵکی هه‌نده‌ک وڵاتی ئه‌فریقا لێیتێبگه‌ن!
به‌گوێره‌ی کاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که‌رکووکم له کارگێڕیی ئاماردا، ڕۆژانه ده‌روده‌شتم ده‌کرد و ده‌چوومه گوندان. به ڕێگه‌ی که‌رکووک – دووبزدا، گه‌لێک جاران ده‌چووم و گه‌لێک جاران به کار یا بێ کار، سه‌ردانی گوندی قه‌ره‌ده‌ره‌م ده‌کرد. گوندێکی دڵگیر و خۆش و جوان، که ڕۆژانه به‌به‌رچاومه‌وه ده‌عه‌ره‌بێنرا. قه‌ره‌ده‌ره، کوردبژار کرابوو و ته‌نێ یه‌ک ماڵی تێدا مابووه و منیش هه‌ر جاره‌ی ده‌چوومێ، کارم هه‌با یا نه، سه‌ردانی ئه‌و ماڵه‌م ده‌کرد. ئه‌و ماڵه ماڵی کاک “غێده” بوو. کاک غێده، وه‌رزێرێکی خه‌ڵکی ئه‌و گونده بوو، زه‌لامێکی به قڵافات و به‌خۆوه بوو، لاقێکی له ئه‌ژنۆیه‌وه بڕابووه و به دارشه‌ق ده‌ڕۆیشت. ته‌واوی زه‌ویی کشتوکاڵیی گونده‌که‌یان، عه‌ره‌ب داگیری کردبوو و عه‌ره‌ب وه‌ک دوومه‌ڵ، به‌ر لووتیانی گرتبوو. غێده، ڕۆژانه ده‌یدی چۆن قه‌ره‌ده‌ره داگیر ده‌کرێ و چۆن زه‌ویی وه‌رزێره‌کانی ده‌درێته عه‌ره‌بی هاورده و خاوه‌نه‌کانیان له قه‌ره‌ده‌ره ده‌رده‌کرێن. غێده، بووبووه دۆست و هاوده‌ردم و هه‌ر که ده‌چوومه سه‌ردانی، ئیدی پێکه‌وه تاوێکی باش ده‌رده‌ڵمان ده‌کرد و گازنده‌مان له ڕۆژگار و به‌ختی ڕه‌شی که‌رکووک ده‌کرد. ئه‌و پیاوه قاره‌مانێک بوو بۆ خۆی. هێنده وره‌ی به‌رز بوو، که به‌ڕاستی مایه‌ی دڵخۆشی و شانازی بوو. هه‌موو جارێک ده‌یگوت:”به خودای به‌و تاکه لاقه‌مه‌وه و به تفه‌نگه‌که‌مه‌وه، بۆیان داده‌نیشم و ده‌ستیان لێ ناپارێزم، ئه‌وجا یا ده‌مکوژن و به‌سه‌ر لاشه‌که‌مدا دێنه نێو ماڵه‌که‌مه‌وه و له‌و ئاواییه وه‌ده‌رم ده‌نێن، یا منیش ده‌یانتۆپێنم و تا دوافیشه‌کم وازیان لێ ناهێنم”. من خۆشه‌ویستییه‌کی تایبه‌تم بۆ غێده هه‌بوو و ئێستاش وه‌ک نیشانه‌ی ئازاره‌کانی که‌رکووک و خۆڕاگریی ده‌یبینم. غێده، گه‌لێ جار، هه‌وێنی قسه‌وباسه‌کانی دۆکتۆر کاوه و ئازاد و من بووه و ئێستاش چاوه‌ڕێم، ئه‌گه‌ر له ژیاندا بێت، ڕۆژێک بیبینمه‌وه و ئه‌گه‌ریش نه‌ماوه، یادی به‌خێر. غێده، نموونه‌ی خۆڕاگری و جوامێری بوو و هی ئه‌وه‌یه له ناوه‌ندی قه‌ره‌ده‌ره‌دا، په‌یکه‌رێکی شایسته‌ی بۆ بکرێت.
که کاک ئازاد، پێی‌گوتم، نووسینێکی له‌مه‌ڕ دووبز نووسیوه، کۆڵێک خۆشحاڵ بووم و ده‌سبه‌جێێش پێمگوت:”کورد ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر که‌چه‌ڵ سه‌ری خۆی نه‌خورێنی، هه‌رگیز که‌س سه‌ری ناخورێنێ، که‌رکووکییه‌کان، ئه‌گه‌ر خۆیان خه‌می خۆیان نه‌خۆن و تیماری ده‌رده‌کانی خۆیان نه‌که‌ن، هه‌رگیز خه‌ڵکی دیکه خه‌میان ناخۆن و تیماری ده‌رده‌کانیان ناکه‌ن”. به‌سه‌رکردنه‌وه و یادکردنه‌وه‌ی هه‌ر که‌سیه‌تییه‌کی که‌رکووک، نووسینی مێژووی هه‌ر میتره خاک و هه‌ر شوێنه‌وار و هه‌ر هۆز و هه‌ر گوند و هه‌ر کۆڵان و هه‌ر مرۆڤێکی که‌رکووک، دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر نهێنییه‌کی شاراوه و هه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ک و دواندنی هه‌ر که‌سێک و خڕکردنه‌وه‌ی هه‌ر پاشماوه و شوێنه‌واری که‌سێک یا بسته خاکێکی که‌رکووک، بێجگه له‌وه‌ی کارێکی دڵسۆزانه و پڕبایه‌خ و کوردانه‌یه، به‌رپرسیاریه‌تی و ئه‌رکێکی یه‌کجار پێویست و نیشتمانی و شؤڕشگێڕانه‌ی سه‌رشانی هه‌موو که‌رکووکییه‌کیشه. باسکردنی دووبز و ده‌وروبه‌ری له ڕووی مێژوویی، جیۆگرافی، ئابووری، فه‌رهه‌نگی و جڤاکی و خڕکردنه‌وه‌ی بڕێک زانیاری و وێنه و باسی ڕووداوگه‌لێکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، له لایه‌ن کاک ئازاد مه‌عرووفه‌وه، ده‌بێته خشتێک له ته‌لاری نووسینه‌وه‌ی مێژووی که‌رکووک و وه‌ک ئاگره‌زیندووه‌که‌ی باوه‌گوڕگوڕ، هه‌میشه زیندووڕاگرتنی کوردستانییه‌تی که‌رکووک،
07 – 07 – 2013
* ئه‌م به‌راییه، وه‌ک پێشگوتنێک، بۆ کتێبی”یادێک بۆ دووبز”، نووسینی: ئازاد مه‌عرووف، چاپی یه‌که‌م، چاپخانه‌ی مناره، هه‌ولێر، 2013، نووسراوه.