مەیستان … فەتاح حەسەن
Closed
مەی بۆ ( مە ) یە
ئێمەی تەنها
کە، تەنها باڵ، ماوینەوە
ئێمەی نامۆ
کە، عەوداڵین، بەدوای ( خۆ ) دا.
***
ساقی بەهانامەوە بێ
تەنهایی، پرزەی لێبڕیم
پێك لەسەر پێك، بۆمتێکە، دەی
کە سبەی یارم هاتەوە
چیمداوە من، لە پیاڵە و مەی.
***
نامۆ، لەمەیخانەی خەما
پەیتا، پەیتا، خەم نۆش دەکا.
ناخی قورسە
چون، پڕبووە، لەخڵتەی مەی.
***
لە مەیستان
هەمو شتێك، بە یاسایە
مردن .. ژیان
خۆشەویستی
لە ژێر رکێفی ( مەی ) دایە.
بە پێی یاسا
هەرچی، لە مەیستان هەیە
بە تۆشەوە، موڵکی مەیە.
***
کە تەنها نیت، کە نامۆ نیت
لە مەیستان، جێ خۆش مەکە.
جێگە چۆڵ کە
بۆ تەنهایەك، بۆ نامۆیەك
تا تینوێتی، خۆی بشکێنێت
لە جۆگەی مەی.
فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی