Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
تاکی کورد چڕوساوی دەستی کولتووری  پاشڤەڕۆیە!

تاکی کورد چڕوساوی دەستی کولتووری پاشڤەڕۆیە!

Closed

 

 

 

 

 

وەک بەچاوی خۆتان دەیبینن و خۆیشتان هەمان خدەتان بەکولتوور کردووە و درێژەشی پێدەدەن، بەم چلەی هاوێنە، کە گەرمای کوردستان لە چل پلەی سەدیی تێدەپەڕێنی، زۆربەی، نێرینەکانیش وەک مێینەکان، جلکی ئەستوری ئەوتۆیان لەبەردایە، زۆربەیان بۆ وەرزی زستانیش هەر ئەوانە لەبەردەکەن. ئەوەتا تۆ بنهەنگڵت لە ئارەقەدا جڵقەی دێت و بەلاجانگتدا ئارەقە دەزوولەی بەستووە. گەرما میزاجی تێکداویت، کەچی تۆ لێنابڕێی، یان پڕکێشیی ئەوە ناکەیت پانتۆڵێکی کورت، یان سێ چارەک لەبەربکەیت، یان هەر هیچنەبێ بۆ گڵدانەوەی تینی هەتاو شەبقەیەکی پووش لەسەربکەی. ڕەنگە هەندێک جاران تا ئاستی کفرکردن بێزاری لەدەست گەرمای هاوینیش دەرببڕی، کەچی بەدەست کولتووری سەقەتی خۆماڵییەوە گیرۆدەبوویت و گیرتخواردووە. تۆی هەرچەند دەکۆشی زاتناکەیت، بۆ ڕاگرتنی تەندروستی و میزاجی خۆت، وەک دانیشتوانی گۆی زوی مامەڵە بکەیت، تۆێش لەبریی ئەوەی شەرواڵ ومرادخانی یان شاڵوشەپک ، یاخود بە ملبەندەوە، قاتی خۆرئاوایی بپۆشی، نایەی تەنیا شەرواڵەکە، یان تەنیا ڕانکەکە لەگەڵ کراسێکی نیوقۆڵدا بپۆشی. تۆی تاکی کورد، وەختێ وەرزی هاوین دێت، ئیتر دادوبێدادتە لەدەست پچڕانی کارەبا، بەڵام خۆت ناجووڵێیت، تاکو نەختێک باری لەشی خۆت سووكبکەیت، بەشێک لەم هەموو پۆشاکەی کە هەتا ئاستی ئەشکەنجە، بێزارو بێخوڵکی کردووی، لەکۆڵ خۆت بکەیتەوە!

چ مەترسییەک، یان چ عەیبێکی تێدایە ئەگەر تۆ لە ئەژنۆ بەرەوخوارت ڕووت بێ؟ خۆ تۆ نێرینەی و بەپێی هەڤۆتەکانی ئاینی ئیسلامیش، پووز و بەلەک بە عەورەت حیساب ناکرێن! تۆیش وەک مرۆڤی سەر ئەم گۆی زەوییە با لە هاویناندا کراسی قۆڵکورت، یان تیشیرت بپۆشی. باڵ و باسکی پیاو بە عەورەت حیساب نین، ئیتیر تۆ بۆچی خۆت دەجەڕێنی؟ باشە برای ئازیز، چ عەیب و شەرمێکی تێدایە ئەگەر تۆیش وەک مرۆڤی دنیا، لە هاویندا پێڵاوی هاوینە لەپێبکەیت، تاکو هیچنەبێت نەختێک هەوا لەپێ و پەنجەکانت بدات؟ ناشێ نەیزانی، ئەگەر لەهاویندا پێڵاوی زستانەو گۆرەویت لەپێکرد، ئەوا ڕێژەی شێ لەپێڵاوەکانتدا هەڵدەکشێ و دەبێتە هۆی پەیدابوونی نەخۆشیی ئەکزیما لە پێیەکانتدا. ئەوحەلە بەهۆی تێکەوتنی خۆتەوە، لەبن هەژموونی کەلتووردا دەبیت بە نەخۆشی نوژدارێکی نەشارەزای پێست!

وادیارە تۆ دژی گۆڕینی وەرزەکانی! ئەگەر باوەڕت بە خودایە ئەوە کاری خودایەو تۆ ناتوانی بەرانگژی ببیتەوە، ئەگەر بە کاری سروستیشی دەزانیت، دیسان تۆ لە ئاستی گۆڕینی وەرزەکاندا دەستەوسانی! ئیتر تۆ بۆچی کارئاسانی بۆ خۆت ناکەیت؟ بۆچی بایی ئەوەندەت شلکیت (مرونە) تێدانییە، لەگەڵ وەرزەکاندا خۆت بگونجێنی، تاکو درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆت بدەی و خۆت لەبن ئەشکەنجە ڕزگار بکەی؟ پلارێکی  لەجێیە ئەگەر بڵێم: تۆ کە خۆت لەبن هەژموونی کەلتووری سەقەت پێ ڕزگار ناکرێ، دەترسم بەتەمابی گەلی کورد لە بندەستی ڕزگار بکەی!

چەمکی عەیبە، کارێکی بەم  کوردە کردووە، تاکی نێرینە لە کۆمەڵی ئێمەدا هەمیشە ئامادەباش بێت. خۆی بجەڕێنێ. توند پشتوێن ببەستێ و قۆپچەکانی تا بینەقاقای دابخات و توند قەیتانی پێڵاوەکانی گرێبدات. چونکە تاکی خێڵەکیی، یان تاکی ئاوەز خێڵەکی، ئەگەرچی دنیا شامی شەریفیش بێ، ئەو هەر وەک نێرینەیەک وا لێڕاهاتووە، هەمیشە خۆی ببەستێ و ئامادەی جەنگ بێت، وەک ئەوەی ساڵ دوانزەی مانگ شەڕ بەردەرگەی پێگرتبێ! 

تاکی خێڵەکی بەتەنگ ئەو عەیبانەوەیە کە بەبەرچاوەوەن. بەڵام دوور لەچاوی ئەوانی تر، یان بەدزیی یاساوە، ئەوەی خوا حەزی پێنەکات دەیکات و بەلاشیەوە عەیب و نەنگی نییە، چونکە کەسێک چاوی لێ نەبووە، یاسایش پێینەزانیوە، وەک ئەوەی خۆی کەس نەبێ.

دانیشتوانی ڕەسەنی سلێمانی و توێژی ڕۆشنبیری ئەم شارە ئازیزە سەربزێوە، زۆریان کەیفپێدێ بەشارەکەیان بوترێ پایتەختی فەرهەنگ. بەڵام جارێک لە جاران نەمانبینی ئەو ڕۆشنبیرانە دەستپیشخەری بکەن، بەپایسکل بەشارەدا پیاسەیەک بکەن. ئەو دیواری عەیبە و شەرمە بشکێنن کە لەخوتوخۆڕایی بەرانبەر بە پایسکلسواری لەم شارەدا هەیە. هەروەک چۆن نەمانبینی دەستپێشخەربن، ئەو ئەشکەنجەیە لەسەر خۆیان و لەسەر خەڵکی شارەکە هەڵبگرن، هاوینان بە شەبقەی پووشینی دژە هەتاو و بە پانتۆڵی کورتەوە، بە چاویلکەی دژە خۆرەوە، تاوێک لەسەر شەقامەکان، لەناو خەڵکدا دەربکەون، تاکو بەڕاستی ببن بە پێشەنگ و خەڵکەکەیش چاویان لێبکەن. لە مۆتەکەی خۆ ئەشکەنجەدان و لەو وەهمە گەورەیەی بەنای ناهەق ناویان لێناوە (عەیب) هەم خۆیان هەمیش دانیشتوانی شارەکە رزگاربکەن. تاکو هیچنەبێ ئەم لافی پایتەختی ڕۆشنبیری لێدانە، لە قسەی زلی ناوبەتاڵ و زارەکییەوە ببێ بە کردار. 

پەندێک، یان قسەیەکی باوی کوردەواری هەیە دەڵێ: (ساڵ بەساڵ خۆزگەم بەپار). ئاشکرایە، کە سوپاو پۆلیس دوو هێزی نێرانەی زبرن. دەسا شەست ساڵێک لەمەوبەر، هەم سوپا، هەمیش پۆلیسی شانشینی عیراق، جلکی هاوینەیان بریتیبوو لە پانتۆڵی خاکیی کورت و کراسی نیوقۆڵ. ئێوە کە ئێستا وەک ڕۆژی ڕەش بەدەست گەرمای هاوینەوە داماون، باب و باپیری بەشێکی زۆرتان لەم شاری سلێمانییەدا، بە پانتۆڵی کورتەوە چوون بۆ قوتابخانە! دەشێ ئێوە سەرنجی وێنەی پەنجایەکانی سەدەی رابردووی باب و باپیرانی خۆتان بدەن و بە چاوی خۆتان بیبینن. ئەوسا ئیتر ئێوەی دەستەوسان، مەگەر هەر ئەوەندەتان لەدەست بێت، خۆزیاو بریا بە رۆژگاری ئەوان بخوازن!

محەمەد فەریق حەسەن
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.