بەهیوام ئایندەی کوردستان لە دوای هەڵبژاردنەکان وەک میسری لێ نەکەن!
چینە بۆرژواکان وئەو پارتانەی هەڵگری ئەو ئایدۆلۆژیایەن، خاوەن چەمکێکن، دوور لە کۆی بەهاو ڕەوشتی مرۆڤ دۆستانە. خودی پارتە بۆرژواکانی کوردستانیش کە بریتین لە پارتی دەسەڵاتدار و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرەی ئیسلامی سیاسی، ئەو نمایندە سیاسیەن کە دەربڕی ئەو ئایدۆلۆژیا سیاسیە بۆرژوازیەن.
ئەو ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتیەی لە وڵاتانی عەرەبی هەڵگیرسا و لە وڵاتی تونسەوە دەستی پێکرد، دەرئەنجامی ئەو ژیانە پڕ لە مەرگەساتەی کە زۆرینەی کۆمەڵگای ئەو وڵاتانە پییانەوە دەیاناڵاند، بوون بە سەرەتایەک بۆ لە نێو بردنی دەسەڵاتی تاک ڕەوانە لە تونس و میسر و لیبیا و یەمەن، لەم وڵاتانەی کە ناوبرا بە هاتنی بەهاری عەرەبی، لە ڕاستیدا بوون بەو جێگایەی کە لە بری هاتنی بەهار، جەهەنم بۆ خەڵکی بەرپاکرا، ئەویش دەرئەنجامی ئەوەی کۆی لایەنە بۆرژوا لیبراڵەکان و بەرەی ئیسلامی سیاسی، کران بە خاوەنە ئەسڵیەکەی ڕاپەڕین و بەری ڕەنجی خەڵکی چەوساوە جارێکی تر خرایەوە ژێر پێی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی بەرەی بۆرژوازیەوە. وڵاتی میسر ئەو پانتایەیە، کە بنچینەی خەباتی چینایەتی تێیدا بەهێزە، دەوڵەت و دەسەڵاتداران نوێنەری چینی سەردەستی بۆرژوازین، خودی زۆرینەی کۆمەڵگای ناڕێکخراو وە نا سیاسی بە تواناو ئیرادەی خۆی کاتێک هاتنە مەیدان و ڕاپەڕینیان کرد دژی دەسەڵاتەکەی موبارەک، ئەو هێزە ملیۆنیە بوون کە تەواوی شەقامەکانیان پڕ کردبوە وە و بە شەو بە ڕۆژ لە مەیداندا مانەوە تا دوا سات توانیان دەسەڵاتەکەی موبارەک جێ لەق بکەن و خودی سەرۆک ناچار بکەن واز لە دەسەڵات و کورسیەکەی بهێنێت. بەڵام دواجار خودی جەماوەری ملیۆنی نەیتوانی بەری ڕەنجی خۆی بچێنێتەوە و ئارامی و ئاسایش وەدەست بهێنێت، دەرئەنجامی ئەو کۆ پارتە لیبراڵ و ئسلامیە سیاسیانەی کە وەک قارچکی بەهارانە هەڵتۆقین و توانیان ئەو جەماوەرە ملیۆنیە دابەش بکەن بەسەر خۆیاندا و، لە دوا ساتیشدا دیسان بە پێی پلان و پرۆژە ناعادیلانەکانی بۆرژوازی بۆ ئەوەی مەسەلە دیموکراتیەکان بکەن بە پەرچەمی ڕەوایەتی بە خۆیان، پەنایان بۆ هەڵبژاردن و مەسەلەی پەرلەمان برد. هەڵبژاردن کرا و دەنگەکان هەرچۆنێک بوبێتن لە بەرژەوەندی بەرەی ئیسلامی سیاسی شکایەوە، خودی ئەو بەرەیەی کە تەنها مەینەتی و دواکەوتویی پێبوو بۆ کۆمەڵگای میسر، لە ماوەی یەک ساڵی دەسەڵاتدارێتی بەرەی ئیخوان و سەلەفیەکاندا، هەلومەرجێک پێویستی دەخواست کە ئەو بارودۆخە بشێوێنرێت،( دیارە من لەگەڵ بەرەی ئیسلامی سیاسی نیم و بەرگری لە لیبراڵیزمی بازاڕی ئازادیش ناکەم)، لەگەڵ ئەوەشدا گەر خودی بەرەی بۆرژوازی بڕوای بە دیموکراسیەت و دەنگدان و دەزگای پەرلەمان هەبوایە، دەبێوا لێگەڕێت کە بەرەی براوە چوار ساڵەکەی خۆی تەواو بکات، نەک پێشوەخت بێت و لە بارودۆخێکی چاوەڕوان نەکراودا، لەلان سوپاوە دەسەڵات بڕوخێنرێت و خودی سوپا بەناوی کۆمەڵگاوە دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.
ئەوەی لە میسر ڕویدا، هەوڵێک نەبوو بۆ پڕ کردنەوەی خواستەکانی جەماوەری میسری، هێندەی هەوڵێک بوو بۆ تێک شکاندنی داخوازیە جەماوەریەکان کە بە شێوازی جۆراوجۆر ڕۆژانە دەڕژانە نێو شەقامەکان و داخوازی ئەوەیان هەبوو، کە خودی خواستە ڕەواکان نەکرێنە قوربانی نێو ململانێکانی بەرەی ئیسلامی سیاسی و بەرەی لیبراڵیزمی ناسیۆنالیستی بۆرژوازیانە.
لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢١/٩/٢٠١٣ ە ی کوردستانیش، بۆ هەر کەسێک بڕێک ئاگای سیاسی هەبێت، دەیتوانی ئەو خوێندنەوەیە بکات، کە لەم جارەی دەنگداندا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دۆڕاوی دەستی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت، چونکە خودی ئەو یەکێتیە بۆخۆی شکست خواردوی نێو خودی سیاسەتەکانی خۆیەتی، ئەوان نەک هەڵگری چەمکی سۆسیال دیموکراتی نین، بەڵکو هەڵگری چەمکی بازرگانانی سیاسین. گەر وانەبوایە، دەبوا لە ماوەی ئەم چەند دەیەی خەباتیاندا، نەوەیەکی وایان پەروەردە بکردایە، کەنەک بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵکو خودی پارتی دیموکراتی کوردستانیش خاوەن ئەو بونە نەبونایە کە ئێستا یەکەمی مەیدانی سیاسین لە کوردستاندا!!!!!!!!!!!! ئاخۆ گەر یەکێتی نیشتمانی لەبەرەی خەڵکی هەژراو چەوساوەی کوردستاندایە، بۆچی ئەوانی سەرەوە بوون بە ملیاردێر و لە خوارەوەش چینێکی دەستەمۆ و کۆیلەیان بەرهەم هێناوە؟ ئاخۆ کاتێک ئێوە بەخۆتان دەڵێن سۆسیال دیموکرات، چۆن ئامادە نین ڕەخنە لە بونیاتی بازرگانانەی خۆتان بگرن و تەنها خۆتان بە تاوانباری سەرەکی نێو شکست خواردویەکەی خۆتان نە زانن؟ ئایا لە نێو ئێوەی بەرەی ناسیۆنالیزمی بۆرژوازی کوردا، کام لایەنتان ئەو ئامادەیەتان تێدایە کە بەبێ گێچەڵ دروست کردن قبوڵی دەرئەنجامی دەنگەکان بکەن و ئامادە بن ببن بەبەرەی ئۆپۆزیسۆن؟ ئاخۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، تا بونی مابێت ئامادەیە ببێت بە ئۆپۆزیسۆن و قبوڵی ئەوە بکات کە زۆرینە ڕەتی بکەنەوە؟ ئاخۆ کام لە ئێوە بناخەیەکی واتان داڕشتوە بۆ کۆمەڵگا، کە خەڵکی شانازیتان پێوەبکات، گەر بە زەبری هێز نەبێت؟ ئاخۆ گەر ئەو کۆ کۆیلەیەی ژێر دەستان نەبێت ئێوە خاوەن کام بونێکن کە بتوانن ببن بەو مرۆڤ گەلەی کە جێگا شانازی کۆمەڵگاکەتان بن؟!!!!
خەڵکی کوردستان، لەوەتەی ئێوە بوون بە خاوەن پارت و خاوەن سەرۆکی، ژیانی هەر ساتەی لەبەردەم مەترسیدا بوە، چەند هێندە لەلایەن ڕژێمە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی عێراقەوە چەوسابێتەوە، بەو ئەندازەیەش لەلایەن پەروەردەی ملهوڕانەی ئێوەوە، چەوسێنراوەتەوە. لەسەردەمی شاختانەوە، کامە گوند نەبوو کە لە خزمەتی ئێوەدا نەبێت؟ ئاخۆ لە دوای ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی ١٩٩١ وە، توانیتان چی بۆ خەڵکی گوندەکان بکەن؟ کام گوند هەیە جێ دەستی ئێوەی پێوەدیار بێت، بە غەیری ئەو ڤایرۆسانەی کە هاتن و مزگەوتێکیان لە نێو ناوەندی گوندا زیندوو کردەوە بۆ ئەوەی زیاتر خەڵکی بەرەو جەوهل و نگەبەتی بەرن، لە بری چاوکراوەیی و مێشک تێر بوون بە زانستی ڕزگاری؟
ئاخۆ لە دوای ڕاپەڕینەوە، کێ بوو خەڵکی کوردستانی خستە نێو مەیدانی جەنگەوە و بە هەزاران لە کوڕی ماڵە هەژارەکانی کرد بە قوربانی؟ لە پێناو چیدا؟ ئاخۆ لە پێناو چەسپاندنی دیموکراسیدا بوو؟ ئاخۆ گەر دیموکراسی بەو شێوازە بێت شایانی ڕێزە یان شایانی فڕێدانە بۆ نێو زبڵدان؟ بەڕێزان هەموو لایەکتان بەخۆتاندا بچنەوە، کۆی ململانێ و جەنگەکانتان نە لە پێناو خەڵکی کوردستاندایە، بەڵکو کۆی دەسەڵات و دیموکراسیەت و ئازادیەکانتان، لە پێناو ئەو چاڵە نەوتیانەدایە کە پڕ لە نەوتی ڕەشە، ئەو نەوتە ڕەشەی کە بۆ ئێوەی دەسەڵاتدار بوە بە خێر و بۆ خەڵکی هەژارکراوی کوردستانیش بوە بە مایەی نەگبەتی!!!!!!!!!!!!؟ کەواتە کامتان نوێنەری خەڵکی کوردستانن؟ من دڵنیام هەر لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە تا دەگات بە یەکێتی نیشتمانی و تا دەگات بە بزوتنەوەی گۆڕان و خودی بەرەی ئیسلامی سیاسی، ئێوە نەک نوێنەری زۆرینەی خەڵکی کوردستان نین، بەڵکو ئێوە نوێنەری ئەو چینە بۆرژوازی و لیبراڵەن کە توانیوتانە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بکەن بە کۆیلە و بە ئارەزوی خۆتان دەستاو دەستیان پێبکەن و، هەرچ کاتێکیش بۆتان لە بار نەبوو ئەو خەڵکە بدەن بە گژ یەکتریدا و بیانەکەنە سوتەمەنی نێو بەرژەوەندیە چاوچنۆکیەکانی خۆتاندا!!!!!!!!!!!!! بۆیە بەهیوام ئیتر واز لە خەڵکی کوردستان بهێنن و چیتر نەیانکەن بە قوربانی نێو بەرژەوەرندیە تایبەتیەکانی خۆتان، چیتر واز بێنن لە چەمکی دیموکراسی و چەسپاندنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ؟!!! ئاستی پەروەردە و بونیاتە سیاسیەکانتان، هێندە شەڕانگێزانەیە کە تەنها ڕژێمە عەسکەرتار و دیکتاتۆرەکان لە ئاستی ئێوەدایە، ئیتر پێم ناڵێن کامە نزیکایەتیتانە لەگەڵ چەمکی دیموکراسی و سۆسیال ئەنتەرناسیۆنالیدا؟!!!
تاهیر حاجی حەسەن
٢٣/٩/٢٠١٣