کچانە …… ن: هێمن ئەمانی
بە بەرچاوما
هەروەک گوڵێ
لە تینوێتی داکورمابێ
هەنگاوەکانی زەوی ڕادەماڵی،
باڵای وەکوو
سنەوبەری ووشکهەڵاتوو
لەدوای جەنگێ لەگەڵ ژیان
داچەمابوو.
وێنای ئەستێرکە
لە تاریکی دا
وردە وردە بەرەو کزی
خۆی دەکێشا.
بە هێمنی ، پرسیارم کرد:
تۆ کێی؟
لە کام بیابان
لە چ سەرابستانی وڵاتێک
ئاوا ژاکاو بەرێ کەوتووی؟
کامە تۆفان
تەمو مژی پاش کام باران
سەرما و تەزووی کامە زستان
زەردە گەڵای پەیکەری تۆی
هەڵوەراند؟
زۆر بەتاسە..
بە شەرم و ترس و ماتەوە
وڵامی دا:
ماتەمی بیری پیاوێکم
هۆکاری مەرگی دایکێکم،
ئاواتی تازە لاوێک
باڵی شێعری شاعیرێکم
کە دێڕە شێعری
هەموو خوێنە.
عەیبە و بڤە و شەرم و شەرەف
لەوەرگەی چاو
خەڵوەتگەی پیرە گورگێکم
لەڕ و برسی.
تاوانبارم
بە تاوانێکی نەکراوە
بە تاوانی بێ تاوانی
لەبەر ئەوەی…
هەموو ئەوین منی دەوێ، تاوانبارم.
ڕامدەدێرن
دەمهێنن و لەولاشەوە لە بۆ ئاشتی
دەمبەخشنەوە،
هەر دیسانیش
دەمدەنەوە بە شەڕێک،
دوعام، بەنازم، مارییام، دەمکوژنەوە.
من
کانگایەکی چێژی پیاوم، تەنیا.
بەبێ بەرگ و
مزرە سێوێکی کاڵم
لەبەر چاوی هەموو پیاو و
سیاسەتمەداری ئەم دایکە زێدە.
من ئاگرم، دۆزەخم
شەیتانێکی عەقڵ کەمم
………………بە قسەی ئەوان.
هەموو عەرشی خواوەندەکان
لە هێزی من، لە بیری من
لە تین و کڵپەی جەستەی من
دەلەرزێن و
بە ترسەوە دادەڕمێن.
ئەتۆش پیاوی..
وەکوو هەموو ئەوانەی وڵاتی من
ئەتۆش پیاوی…
پرسیاری چی لە من دەکەی
ئەمن کەس نیم
من…؟ نا..!!!
ئەو پەردەیەی شاراوەیە و
هەموو چاوی ئەو زەوینە لەسەریەتی
شەرەفە، ژیانە، حەیایە،
هێمای پاکی و نەجابەتە.
ئەبێ بگریم..؟
پێ بکەنم؟
نازانم…!
بەڵام من.. ڕەگەزم کچێتیەکی پیاوانە و
زمانیشم پیاوانەیەکی کوردیە.
١٣/٠٩/٢٠١٣