
هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم…
له دیموكراسیدا شكستخواردووش ده‌توانێ ده‌رس بڵێته‌وه.
دیموكراسی وه‌ك پراكتیك تۆڕێكی ره‌فتارییه سه‌ره‌نجام ده‌بێته پێوه‌رێكی به‌هایی هه‌رچی ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌كانی تاكێك یا كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه به خۆیان بڵێن دیموكراسی له‌به‌ر ده‌پێورێ.
دیارترین دیارده له دیموكراسیدا وتووێژی ئازادانه و گوێگرتن و بێده‌نگییه له به‌رانبه‌ر قسه و راكانی به‌رانبه‌ر تاوه‌كو سه‌ره‌نجام لێكحاڵیبوونێك بێته ئارا، به‌و مانایه‌ی دواتر كه‌سی دووه‌م یا ئه‌وه‌كانی تریش هه‌مان مافی قسه و گوێگرتن و بێده‌نگیان بۆ شۆڕبوونه‌وه به ریتمی ده‌نگه‌كانی به‌رانبه‌ر بۆ بلوێ.
دیموكراسی ململانێ نییه بۆ له زه‌ویدانی یه‌كێك بۆ ئه‌وی دیكه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی جووڵه و ئه‌زموونێكی جه‌ده‌لیانه‌یه هه‌ر ده‌مه ره‌نگێك زاڵی سه‌ر ئه‌وی دیكه و ده‌نگێك له‌وه‌ی تر دلێرتر ده‌رده‌خا و ناوه ناوه‌ش شوێنگۆڕكێ به كاراكته‌ره‌كانی نێو ئه‌و فه‌زایه ده‌كا.
دیموكراسی شه‌ڕ یا جه‌نگ نییه تاوه‌كو به‌ره‌یه‌ك به‌ره‌یه‌كی تر له‌به‌ین ببات یا وێران و خاپووری بكا به‌قه‌د ئه‌وه‌ی زمانێكه له پێشبڕكێكه‌یدا ده‌نگ و ره‌نگی زاڵ ئه‌وه‌ی تری لاواز یا كه‌وتوو یا دۆڕاو ئاگادار ده‌كاته‌وه یا تێیده‌گه‌یه‌نێ كه ئه‌وه‌نده‌یه توانا و هێزت و ئیدی ئه‌و لاوازه ده‌كه‌وێته خۆ بۆ ئه‌وه‌ی ورد هۆكاره‌كان ده‌ستنیشانكا تاوه‌كو له ململانێ جه‌ده‌لییه سرووشتییه‌كه بمێنێته‌وه.
ئا ئه‌مه رێك جوانییه‌كانی دیموكراسییه و هه‌رگیزیش له دیموكراسیدا كه‌س یا لایه‌نێك به كه‌س یا لایه‌نه‌كه‌ی تر ناچێ و وه‌ك ئه‌ویش ده‌رناكه‌وێ ، جوانی دیموكراسی له جیاوازییه‌كان و له بوونی زۆر و كه‌م و به‌هێز و بێهێزدایه.
له هه‌ڵبژاردنه‌كانی شه‌ممه‌ی رابردوو(21/9) ی په‌رله‌مانی كوردستاندا یه‌ك دووه‌ك سه‌ركه‌وتن و یه‌ك دووه‌كی دیكه‌ش وه‌ك جاران نه‌مانه‌وه ، به‌مانا كه‌میان ده‌نگ پێكۆكرایه‌وه و له‌م ئه‌زموونه نمره‌ی باشیان نه‌هێنا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن به فۆڕمه دیموكراسییه‌كه‌ی له هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه‌دا دیارده و ده‌ركه‌وتێكی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر به خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت به حزب و رێكخراوه سیاسییه‌كانیش نامۆیه، هه‌ر بۆیه نه سه‌ركه‌وتوو و نه ژێركه‌وتووش نه‌یانتوانی خۆشی و ناخۆشییه‌كانی پرۆسه‌ی دیموكراسی ئه‌زموون بكه‌ن، سه‌ركه‌وتوو نێرانه و سالارانه به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی خوار خۆی ده‌خوڕێ و ژێركه‌وتووش وه‌ك ئه‌وه‌یه كۆستێكی گه‌وره‌ی كه‌وتبێ و له ئه‌نجامدا كه‌وتبێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌م كۆسته و وه‌ك شۆك له دۆڕان بنواڕێ.
له دیموكراسیدا چه‌نده بوار بۆ سه‌ركه‌وتوو هه‌یه پراكتیزه‌ی پرنسیپه‌كانی دیموكراسی و مافه‌كانی خه‌ڵك و به‌رنامه‌كه‌ی خۆی بكات، ئه‌وه‌نده‌ش بوار له‌به‌رده‌م شكست خواردوو یا دۆڕاو هه‌یه ئه‌خلاق و ره‌فتاری دیموكراسیانه بنوێنێ تا ئه‌و ئاسته‌ی به قبووڵكردنی شكست جوانترین و مانادارترین وانه‌ی دیموكراسی به هه‌وادارانی خۆی و ئه‌وانی دیكه‌ش ده‌ڵێته‌وه و به‌م ره‌فتاره دیوه‌كه‌ی دیكه‌ی دیموكراسی كه جه‌ده‌لی به‌هێز و بیهێز یا تۆ و ئه‌وانی ترن ته‌واو ده‌كا.
هه‌وڵدان بۆ گۆڕین و ونكردنی ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ره‌فتارگه‌لێكن هێزی خراپه له ده‌روونی لایه‌ن و تاكه‌كان هه‌ڵیدایسێنێ جا ئاگا یا نائاگا له بنه‌ڕه‌ته‌وه بنه‌ما و سه‌ره‌تا تازه ده‌ركه‌وتووه‌كانی دیموكراسی له‌م هه‌رێمه‌دا له‌به‌ین ده‌با چوون خاوه‌نانی ئه‌م جۆره بیركردنه‌وانه ناتوانن رووه‌كه‌ی دیكه‌ی دیموكراسی ببینن كه تاوێ به‌رز ده‌ركه‌تن و تاوێكیش نه‌ویده‌ركه‌وتنه، ئه‌م به‌رز و نه‌وییه له گه‌مه جه‌ده‌لییه‌كانی دیموكراسیدا هه‌میشه به تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن یه‌كێ سه‌رده‌خا و ئه‌وه‌كه‌ی تر نه‌وی و پاشان جێگاكان وه‌ك خۆیان نامێنن و ئاڵوگۆڕده‌كرێن.
قبووڵكردنی نه‌ویكه‌وتن و نزم نیشتنه‌وه و نه‌ویفڕین هه‌لێكی زۆر شارستانیانه‌ی دیموكراسیانه‌یه و هه‌قه ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی به‌سه‌ر دێ، به‌ر له‌وه‌ی خه‌ڵك ئه‌م ده‌رسه‌ی بۆ دادا خۆی بۆ هه‌موو ده‌وروبه‌ر رایگه‌یه‌نێ كه پیرۆزبێ له سه‌ركه‌وتوان و ئیدی ئه‌مه‌یه قه‌ده‌ری دیموكراسی ، كه ئه‌مه‌ی كرد ئیدی له‌و ره‌فتاره‌وه سه‌ره‌تایه‌كی دیكه بۆ یه‌كتر قبووڵكردن و دان به تواناكانی یه‌كتر ده‌ڕه‌خسێ.
تۆ بڵێی هه‌ردوو تای ته‌رازووه‌كه‌ی خه‌ڵك له‌م هه‌رێمه‌ی خۆماندا واته سه‌ركه‌توو و ژێركه‌وتوو له‌م وانه دیموكراسییه حاڵی بن ؟
باوه‌ڕ ناكه‌م چوون سایكۆلۆژییه‌تی تاكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه ئه‌گه‌ر گه‌یشتبێته ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌وه‌ی جیاواز له خۆی قبووڵكا، ئه‌وا له جیاتی پلیكانه‌یه‌ك ده‌یان پلیكانه‌ی له په‌یژه‌ی سه‌ركه‌وتن بۆ دیموكراسی بڕیوه!!!.