Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چیبکرێ تاوا لە پارتی بکرێ ببێ بە پارتێ سیاسی مرۆڤدۆست؟

چیبکرێ تاوا لە پارتی بکرێ ببێ بە پارتێ سیاسی مرۆڤدۆست؟

Closed
by September 25, 2013 گشتی

 

 


بەبۆنەی یادی تراژیدیا شوومەکەی 31 ی ئابەوە

 

شاعیری هاوچەرخی فەڕەنسی رامبۆ دەڵێ:”پێویستە مۆدێرنێ ڕەها بین”،ئێمەش دەڵێین:پێویستە ڕاستگۆیێ ڕەهابین، باشتریشە بڵێین:پێویستە ڕاستگۆیێ سیاسی ڕەهابین.کە ڕاستگۆیێ ڕەهاشبووین بەمە ئێمە ڕەوشتیی دەبین و لەوەش تێدەگەین بابەتە ڕەوشتیەکان لە سیاسەتدا ئەو بابەتانەن دەکرێ نەکرێن یان بکرێن.ئەو دەمەی ناکرێن سیاسەت لە ڕە’وشت دوردەخرێتەوە،کە ئێمە ئەمە ناودەنێین لەبەڕەوشتیخستنی سیاسەت،کە دەشکرێن سیاسەت لەمڕێگایەوە بەڕەوشتاویدەکرێ.بەپێیئەوەی جۆرە نایەکسانی و هەژاری و پەشێویێ دەروونی ڕووی لە جیهانی نوێی ئێمە ناوە،دۆزی باشە،بەتایبەت باشەی سیاسی،لە خراپبووندایە و خودی خراپەش،کە شوێنی باشەی گرتۆتەوە،ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە زیادبووندایە،و ئەوەش کە بینینی سیاسیمانی تائێستا بۆ تراژیدیاکانمان دیاریکردووە کوێریێکی سیاسیبووە کە نایەڵێ تراژیدیناسبین و لەوە پشکنینکەین پشکنینیتیانەکراوە بۆیە لەو باوەڕەداین دوورکەوتنەوە لە شیکردنەوەی ڕەهەندی سیاسی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی نوێی کوردی بە زیانی وتاری سیاسیمان دەگەڕێتەوە و گفتووگۆی سرووشتی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە چۆنیەتی ناسینەوەی تراژیدیاکان نزدیکماندەکاتەوە و وێنەێکیشمان لەسەر ئەو دڵەڕاوکێ و ڕەشبینییە سیاسییە پێدەڵێ لەئێستایا لەناومانا دەخولێتەوە.

کۆڕەفتاری سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان،ئەو ڕەفتارە سیاسییەی لەئێستایا پاشەکشەی ڕەوشتی لە کۆمەڵگە چاندووە و پشتگیری لە پارەگەرای،یان دروستکردنی پارە بەهەرجۆرێک بێ،دەکا وایلێکردوین هەندێ تێڕامانی خۆمان بخەینەسەر کاغەز و لەسەر ئەو بناغەیەش کە پرۆسەی سیاسەتکاری لەسەر دەستی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان قارەمانی سیاسی لەناو کورددا دروستکردووە و بەگەندەڵیکردنی سیاسەتیش تاکە تەکنەلۆژیاێکی سیاسی دەستەبژێری سیاسی پاش ڕاپەڕینە پێمانچاکە هزری بێدەروەس و پەرت و نایەکانگیری سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان،کەلە پشت نووسینی ئەم وتارە کورتەوەیە،بەچڕی گفتووگۆکەین و ئاماژەش بۆ ئەو بەدییە سیاسیانە بکەین بەهۆی سیاسەتی بەدەوە لەناومانا لە نەشونمادایە.

هەموو هەستبەوەدەکەین لە ئێستایا مرۆڤی کورد بێزاریێ سیاسی لە پارتی دیموکراتی کوردستان پێوەدیارە و ئەم بێزارییە سیاسییەش لە پارتی دیموکراتی کوردستان وامانلێدەکا لە گۆشەنیگای جیاوازەوە چۆنیەتی کارکردنی سیاسەت لە هزری سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بخرێتەژێرپرسیارەوە و ئەوەش ڕاڤەکرێ ئاخۆ پارتی دیموکراتی کوردستان چۆن لە سیاسەتی مرۆی و سیاسەتی شارستانی تێگەیشتووە؟وچۆنیش ئەم جۆرە سیاسەتانە بە سیاسەتی نەتەوەی و نیشتیمانپەروەرییەوە گرێدەداتەوە؟بەڵام دەششێ و گرینگیشە هەرلەم سەرەتایەوە بپرسین ئایا لە سیاسەتدا مرۆڤدۆستی هەیە؟سیاسەتی شارستانی سیاسەتێ مرۆڤدۆستانەیە؟ئەی سیاسەتی مرۆڤدۆستانە سیاسەتێ شارستانیانە نییە؟بۆئەوەی ئەم لایەنانە شیکەینەوە هێمابۆئەوەدەکەین پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام دەیەوێ ئەو وێنەیەمان تیادروستکا ئەو سیاسەتەی خویپێوەگرتووە سیاسەتێ کوردپەروەرانەیە لێ واقیعی ئەو سیاسەتە شتیترمان پێدەڵێ و یەکلەو لایەنانەی ناواخنی ئەو سیاسەتە دەستنیشاندەکا ئەوەیە کەسیاسەتی ناوبراو گرفتگەلێ مرۆی زۆری پێوەیدیارە ولەڕووی مێژوویشەوە سیاسەتی پارتی بەدەست قەیرانگەلێ قووڵی مرۆییەوە تاهەنووکەش دەناڵێنێ و کاریگەری ئەو قەیرانانەش پەشێوی دەروونی و ڕەشبینی سیاسی لەناو خەڵکا دروستکردووە.

چۆن پارتی دیموکراتی کوردستان لەم قەیرانە مرۆییە بێتە(یان بهێنرێتە)دەرێ؟ئێمە پێمانوایە تا پارتی دیموکراتی کوردستان ستراتیژی سیاسی خۆی لەبنڕا نەگۆڕێ ناتوانێ قەیرانە سیاسییەکانی تێپەڕێنێ کەهەمووشی قەیرانگەلێ مرۆین.چونکە سیاسەت لەژێرسایەی پارتی دیموکراتی کوردستان دووچاری گرفتی مرۆی و بووناوی بووە.ئەو شێوازە ژیانە سیاسییەی ئێستا لەکوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیریدەکا سیاسەتێکە مرۆی لەکوردی جیاکردۆتەوە.بەس کێشەی ڕاستەقینەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمحاڵەتەدا لەوێدایە کەلەوە حاڵی نییە تا پارتێ سیاسی مرۆی نەبێ ناتوانێ ئەو پارتە پارتێ سیاسی نەتەوەی(یان کوردی) بێ.بەرزبوونەوەی ئاستی بژێویش،کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا کارێ زۆری بۆدەکا،گەرەنتی ئەوەمانناداتێ پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێ مرۆییە.نامرۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوەداخۆی چڕدەکاتەوە ماف و ئازادی تاکەکەس بۆ پارتی مانای نییە و ئەمەش دەستکاری بوونی مرۆی مرۆڤی کورددەکا و،گشت ئەو تێزانەش هەڵدەوەشێنێتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پارتێ سیاسی کوردپەروەر نیشاندا.     

مەینەتیە سیاسییەکەی کورد لەمحاڵەتەدا لەوەدایە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان جۆری ژیان،کەبابەتێ مرۆییە،نەبۆتە پرسیارێ سیاسی؟لەوەسەیرتریش چۆنایەتی ژیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕووی سیاسییەوە ئەو گرنگییەی نییە و کەموکوڕی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەمڕوەوە بە هوتاف و دروشمی نەتەوەی پەلەئامێز پینەدەکرێ.ئەمە وادەکا پارتی دیموکراتی کوردستان گشت ستراتیژی خۆی لەوەدا چڕکاتەوە چۆن مرۆڤی کورد قۆرخکا. لەگەڵکاتیشا ئەم ستراتیژە والە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکا مرۆڤی کورد بکا بە ئامرازێ سیاسی بۆ مەبەستە سیاسییە سەرپێی و خێراکانی.بەمە پێوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و کورد دەبێ بە پێوەندی نێوان شوان و مێگەل.دیاریشە پارتی دیموکراتی کوردستان دەمێکە ئیش بۆ ئەم شوانکارییە سیاسییەی خۆی دەکا و وێنەێ سیاسی ئەوتۆشی لە زەینی مرۆڤی کورد دروستکردووە کەکورد بێ ئەم شوانە سیاسیە هەمیشە هەڕەشەی نەمان و مەحفبونەوەی لەسەرە.بەدڵنیایەوە ئەو پارتە سیاسیانەی گرفتی مرۆیی لە سیاسەتەکانیانا هەیە هەمیشە پاساودانی شکست و بەدییە سیاسیەکانیان بە پرسیارە نەتەوەییەکانەوە  گرێدەدەنەوە.واتە بۆ پارتگەلێ سیاسی،بۆنموونە پارتی دیموکراتی کوردستان،هەبوونی سیاسی ئێمە سەرووی هەبوونی مرۆیمانە.ئەم تێگەیشتنە سیاسییە گرفتاویە کە بنجبەستە لە زەینی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وایکردوە کێشەکانی تاکی کورد نەبینێ و ماف و ئازادی لە شتە بنەڕەتیەکانی ژیانی ڕۆژانە نەبن.31 ی ئابیش نموونەێکی سیاسییە لەسەر ئەوی لایسەرەوە وتمان.31 ئاب هێمایە بۆ جیاکردنەوەی مرۆی لە نامرۆی.وەکیتریش 31 ئاب وانەێکە لەسەر جیاکردنەوەی سیاسەتی باش لە سیاسەتی خراپ یان  لە ناسیاسی،یان سیاسەت بە ڕەوشتەوە لە سیاسەت بەبێ ڕەوشت.چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی 31 ئابەوە زۆرترین بەدی سیاسی لە کۆمەڵگەی نوێی کوردیدا بەرهەمهێنا و ئەوەشی فێرکردین سیاسەت دەزگاێکی پراگماتیستی(بەرژەوەندیگەرا)قێزەوەنە و مشەخۆریشە لەسەر سوود و کەڵکە سیاسییەکان.بەڵام ئایا بە فیعلی سیاسەت ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان تێگەیشتوە؟یان سیاسەت دروستکەری دڵنیای جۆری و کردەی مرۆییە لە کۆمەڵگەکانا؟ 

ئێمە پێمانوایە ئەرکێ ڕەوشتی هەموانە پارتی دیموکراتی کوردستان فێری سیاسەتێ شارستانی بکەین و واشی لێکەین ڕەوشت تێکەڵبە سیاسەتکا یان لەوە حاڵیبێ سیاسەت بەبێ ڕەوشت ناکارێ بەهاکان لە کۆمەڵگە بەرهەمبهێنێ.ئەمەو ڕەوشتی پارە دروستکردن،کە ڕەوشتی نوێی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە،ڕەوشتێ نامرۆی و ناشارستانییە.کاتێکیش سیاسەت لەپشت ڕەوشتگەلێ ئەوتۆوەدەبێ سیاسەت بەپێیپێویست ناتوانێ مرۆی بێ و بەها ڕەوشتیەکانیش ئۆتۆماتیکی لەسەرەمەرگدادەبن.ئەوەش کە پارتی جیاوازی لەنێوان مرۆی و نامرۆی،سیاسی و ناسیاسی،سیاسەتی باش و سیاسەتی خراپ دا ناکا ئەم لایەنانە وادەکەن کۆمەڵگە ببێ بە زیندانێ سیاسی و دەزگایێ ئایدیۆلۆژی و،پارتی دەسەڵاتی خۆشی لەسەر دروشمی نەتەوەی بژێنێ.گومانیشیناوێ ئەمجۆرە شتانە چەپاندنی(کبت)سیاسی لە کۆمەڵگە دەگەێننە لوتکە و بەهای جوانکاری شتەکانیش ڕوو لە لاوازیدەنێن.لەوەسەیرتر ئەم جۆرە سیاسەتەی پارتی ئیشی لەسەردەکا(ئەوەی مرۆی لە نامرۆی جیاناکاتەوە)لێبووردەی سیاسی،یەکسانی کۆمەڵایەتی،ئازادی تاک و دادپەروەری وەک بەرپرسیاریێ سیاسی نابینێ و هەستێ گومڕای ئەوتۆش لە ناخی تاکەکانی کۆمەڵگە دروستدەکا کە لەڕووی نەتەوەییەوە هەستبە کەمترخەمی و بێباکیبکەن،لەکاتێکا کەمترخەمی سیاسی و بێباکی نەتەوەی بەرهەمی خودی سیاسەتی پارتییە و پارتی بەرپرسیاری ڕاستەوخۆیە لە داتەپاندنی ڕەوشتی لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی کوردیا.

لەسەرئەوبناغەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان سیاسەتێ بێگفت و بێباکانە پیادەدەکا ئەمە وایلێدەکا هیچ حیسێبێک بۆ پرسسیارە کەسی یان تاکییەکان نەکا.تائێستاش بەشێ زۆر لە ڕابەرانی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وازهێنان لە سیاسەت بە موسیبەتێ سیاسی بۆ خۆیان و بۆ کوردیش دەزانن.بەپێئەوەش پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە باوکی سیاسی کورد دەزانێ ئەمە وایکردووە بیرۆکەی وازهێنان لە سیاسەت لەناو پارتی خۆیوەک تراژیدیایێ سیاسی بۆ گشت نەتەوەی کورد نیشاندا.دەشکرێ گشت یەکێ لە ئێمە لە دەروازەی جۆراوجۆرەوە نموونەی سیاسی جۆراوجۆر لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان بهێنێتەوە کە چەند لەناو ژیانی سیاسی کورد خورپە هێنەرە و زۆربەی ئەو خورپانەش هیچ وەرچەرخاندنێکی سیاسییان بۆ کورد تۆمارنەکردووە. لەمڕووەشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لەوە بەئاگانییە کە کورد بەپێیئەوەی لەئێستایا بە تەکنەلۆژیای ژمارەی و زانیارییەوە گرێدراوە و لە جۆرە گەردوناویەتێکیشا دەژی ئەمە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و ڕەفتاری سیاسی تاکی کورد بەجێهێشتووە و بۆیە زەوتکردنی ئازادی تاک و بەهەدەربردنی داهاتی نەتەوە شتێکە فەرامۆشناکرێ و بێدەنگبوونیشلێی ئەستەمە. 

ئەو وێنە سیاسییانەی ڕۆژانە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئێمەی کورد دروستیدەکا بەزۆری لەگەڵ بەرژەوەندی سیاسی پارتیدا یەکدەگرنەوە نەک پێویستی مرۆیمان. وەکیتریش پێویستی مرۆی ئێمەی کورد لە هزری سیاسی پارتیدا پێویستیێ سیاسی پراگماتییە. بۆیە ناهزری لە سیاسەتی پارتی لە ترۆپکدایە ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەسەر ژیانی تاکەوە بە وردی بەجێهێشتووە. ئەمە کە سیاسەتێ بێباک و بێدەروەس دروستدەکا بیری سیاسی چەوتیش لەگەڵخۆی پەلەکێشی ناو ژیانی سیاسی تاک و کۆمەڵگە دەکا کە ئەم لایەنە لەوسەرەوە سیاسەتی پارتی کەمتەمەن و نەزۆکیش دەکا.بەس کێشەکە لێرە لەوەدایە چۆن ئەم هاوکێشەیە بخرێتە هزری سیاسی پارتیەوە؟هەروەها والە پارتی کرێ بێدەروەسی سیاسی و چەوتی سیاسی خۆی ببینێ؟خۆشی وەک بەرهەمی ئەو ڕەوانبێژییە سیاسییە بیبینێ پارتی ساڵەهایە کاریلەسەردەکا؟و تۆمەت بۆ ئەویتری غەیرە پارتیش دروستنەکا؟ 

زۆر گرینگە پارتی دیموکراتی کوردستان لەوە حاڵیبێ دەربازبوونی لەئێستای سیاسی خۆی ڕێگاگرتنەبەرە بەرەو ئایندە. ئایندەش پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان والێیتێبگا ئەو شتەیە کە دێ و ئەم ئایندەیەش بەدەست سیاسەت و ئابووریێ ڕاسیۆنال (عەقلانی) ەوەیە.ئەو ئایندەیەی ئێمە لێرە باسیلێوەدەکەین ئایندەی باش ژیانە.باش ژیان بە ماناێکی تر نەک بەو مانا ماتریالیەی جیهانگیری و لیبرالیزم بانگەشەی بۆدەکا کە ڕێک پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوە لەئاستێ بەربەریدا(ناشارستانیدا)لە کوردستان دووبارەدەکاتەوە.بەپێیئەوەش پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر  گەندەڵی سیاسی مشەخۆرە پارتی لەوەبەئاگانییە گەندەڵی سیاسی لایەنی تیۆکراتی(لاهوتی)و فۆندەمیتالیزم لاوازناکا کە ئەمەش دەقاودەق لە بەرژەوەندی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دایە.کەسیش گومانلەوەناکا کە پارەگەری و ئۆلیگارشییزم (دەسەڵاتی دەستەبژێری مالی)،کە ڕاستەوخۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لەپشتیەوەیە هەژاریێ نوێی لە کوردستانی تازە،کوردستانی دوای ڕاپەرین،دروستکردوە.

ئەو زوڵمە سیاسی و ئابوورییەی لە ئێستایا لە کوردستان هەیە بەرهەمی ئەو گەندەڵییە سیاسییەیە پارتی دیموکراتی کوردستان فاکتەری سەرەکییەتیایا. پێشتریش ئاماژەمان بۆ ئەوەکردووە کە گەندەڵی سیاسی دروستکەری قووربانییە و لاوان و ئافرەت و پەککەوتەکان زۆرترین پریشکیان بەردەکەوێ.گەندەڵی سیاسی کە ناڕوونی لە سیاسەت و چەوسانەوەی ئابووری لە کۆمەڵگەدا دروستدەکا درمێ سیاسی ئێستای کۆمەڵگەی نوێی کوردییە و،پارتی دیموکراتی کوردستانیش،کە لەم بوارەدا داهێنەرە،خۆیلێنەناسدەکا و واشمانتێدەگەیێنێ پارتی دیموکراتی کوردستان بە پرسیارە سیاسییە گەورەکانەوە سەرقاڵە و گەندەڵی سیاسی یان بوونی نییە و،یانیش ئەو نرخە سیاسییەی نییە لەئێستایا تاکەکانی کۆمەڵگە خۆیانپێوە سەرقاڵکردووە.

دەربازکردنی دۆزی ناهەمواری کۆمەڵایەتی ئێستای کوردستان تەنیا لەڕێگای باشترکردنی سیاسەتەوە بەئاکامی خۆیدەگا، کە ئەوەش دەبێ بەمرۆیکردنی سیاسەت کۆتای بێ.هەرلەبەرئەوە ئایندەی بەمرۆییکردن لە کۆمەڵگەی ئێمە پێویستە لەسەر بناغەی بەڕەوشتیکردنی سیاسەت خۆیبونیادبنێ و،لە ڕووبەڕووبونەوەشدابێ لەتەک بەدی سیاسی،کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندازیاریتێدادەکا. بەمجۆرە ڕەتکردنەوەی ڕەوشتی سیاسی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان ئەرکێ مرۆی هەموانە و بەشێکیشە لە هەبوونی کۆمەڵایەتیمان.لێرە و بۆکۆتایهێنان بە وتنەکانمان بۆچوونێ لە ژاک دێریداوە قەرزدەکەین،کە ناوبراو لە 2001 دا گوزارەیلێدکا کاتێ خەڵاتی ئادرنۆی وەردەگرێ.دێریدا لەو بۆنەیەدا ڕەخنە لە لۆژیکی ئەمەریکایەکان و تێگەیشتنیان بۆ سیاسەتی سەروەری دەگرێ کە چۆن ئەمەریکایەکان دەیانەوێ هەموو کەسێ وەک خۆیان بیرکاتەوە.ئەم ڕەخنەیەی دێریدا لە ئەمەریکا بەسەر پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا پێڕەودەبێ کە باشەی سیاسی یان خراپەی سیاسی ئەو باشە و خراپەیە کە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانیش باش یان خراپ بێ.

 

ئازاد حەمە

سەرنج: ئەم بابەتە بە دوو بەش لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی دا بڵاوکراوەتەوە..

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.