Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
وه‌ختێ له‌ساییه‌ی جیهاد دڵپاک دونیا خۆش بوو

وه‌ختێ له‌ساییه‌ی جیهاد دڵپاک دونیا خۆش بوو

Closed
by September 29, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

با بچینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ڕێیانه‌ی دڵپاک پێدا ڕۆیشت. له‌ کوێوه‌ هات، له‌ کوێوه‌ تێپه‌ڕی، له‌ کوێوه‌ سه‌ریهه‌ڵدا و له‌ کوێدا کوژایه‌وه‌؟

دیاره‌ بۆ هونه‌رمه‌ندێکی وه‌ک ئه‌و کوژانه‌وه‌ نییه‌، ئه‌و له‌و جۆره‌ پرۆژیکتورانه‌یه‌ که‌ کاتێ ده‌شکوژێته‌وه له‌ یاده‌وه‌ریدا هه‌ڵده‌کرێ‌.

ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تاڵه‌ی ئێمه‌ تێدا ده‌ژییان، به‌ نێو چرکه‌ سه‌خه‌ته‌کانیدا به‌ر‌ تاریکیی ده‌که‌وتین، به‌ ترسی هه‌رزه‌کارێک له‌ دونیای ده‌ره‌وه‌ ڕێی خۆمان ده‌دۆزییه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و وه‌ختانه‌ش بوو که‌ جیهاد دڵپاک و عه‌لی که‌ریم و زه‌نگه‌نه‌‌ و هاوڕێیانیان فرمێسکه‌ ڕاستیه‌کانی ژیانیان ده‌گواسته‌وه‌‌ نێو ده‌قه‌کان، ئازاره‌کانی ئێمه‌یان ده‌برده‌ سه‌ر سه‌کۆی شانۆ و ته‌له‌فیزیۆن و به‌ ئێمه‌یان ده‌گوت: ئێوه‌ مه‌گه‌رێین، پێبکه‌نن. ئێمه‌ بۆیه‌ له‌سه‌ر شانۆین تا ئێوه‌ شادبن، ئێمه‌ که‌ ده‌چینه‌ نێو دونیای سامناکی ئه‌و ده‌قانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئێوه دووربن له‌ مه‌ترسی، ئه‌و ساته‌ی ئێمه‌‌ خۆمان له‌ قه‌ره‌ی ڕه‌شه‌با ده‌ده‌ین تا ئێوه‌ شنه‌ی پاک هه‌ڵمژن، ئه‌گه‌ر ئێمه‌‌ هه‌رده‌م سه‌رخۆش بووین بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئێوه‌ ته‌واو هۆشتان به‌خۆتان بێت.

ده‌بێ چه‌نده‌ ژیانت خۆش ویستبێت وه‌ها توانیت ئه‌و هه‌موو وزه‌ییه‌ی پێ ببه‌خشی، تۆ نه‌تهێشت دونیا خامۆش بێت، هه‌موو چرکه‌یه‌کت له‌ سه‌ر شانۆ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌، له‌ دوای تۆش بازنه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌زرینگێنه‌وه‌ له‌ گوێمان و ئاوازێکی نه‌رم بۆ ژیانی داهاتووی ئێمه‌ ده‌ژنێ.

با سه‌ردانی‌ ماڵه‌‌ هه‌ژاره‌کانی شورجه‌ بکه‌ین، بچینه‌ نێو کۆڵانه‌ ته‌سکه‌کانی ئیمام قاسم، بۆ سه‌ر گردی ته‌په‌ی مه‌لا عبدوڵا و له‌وێ ده‌سته‌سڕێکی گوڵگوڵیی پڕ ره‌نگ هه‌ڵبڕین و ڕاوه‌شێنین بۆ کاک جیهاد و بڵێین ماڵئاوا ئازیز، سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و چرکه‌ جوانانه‌ی له‌ خۆت داتبڕی و خه‌ونت پێمان به‌خشی.

 

”که‌شتی چادر” هه‌ڵبه‌ستێکی ولیام بلێیک 

پێشکه‌شه به‌ هونه‌رمه‌ند‌‌‌ 

 

که‌شتی چادر

له‌سه‌ر ئه‌و که‌ناره‌ وه‌ستاوم

به‌ نێو شنه‌ی به‌ره‌به‌یاندا که‌شتییه‌ک 

به‌ره‌و ئۆقیانوس تێده‌په‌ڕێ

ئا ئه‌وه‌یه‌ جوانیی، ئه‌وه‌تانێ ژیان

هه‌ر ته‌ماشای ده‌که‌م هه‌تا 

له‌ئاسۆدا وون ده‌بێ

 

یه‌کێک له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ ده‌ڵێ:

”ڕۆیشت”

ڕۆیشت؟ بۆ کوێ؟

هه‌ر له‌به‌رچاوم ڕۆیشت…

 

کۆڵه‌گه‌که‌ی هێشتا به‌رزه‌

هێزی ئه‌وه‌ی هه‌ر ماوه‌ بنیاده‌م هه‌ڵگرێ

وونبوونی ته‌واوی ئه‌و

 له‌به‌رچاوی منه‌‌ نه‌ک هی خۆی

ئه‌و کاته‌شی که‌سێک له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ ده‌ڵێ:

”ڕۆیشت”

که‌سانی تر له‌ ئاسۆوه‌ ده‌یبینن که‌

به‌ره‌و ئه‌وان دێت و هه‌ر به‌رزه‌ 

ئیتر به‌ شادییه‌وه‌ هاوار ده‌که‌ن:

”ئه‌وه‌تا”

ئا ئه‌وه‌یه‌ مردن.

 

 

بەیان سەلمان

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.