هەولێرێکی بەجێماو لە رابردوودا!
سڵاو ئەی کۆڵانە تەنگەبەرەکان
سڵاو ئەی ئەو ئاسمانەی لە ئاگری شەڕ دەربازت نەدەبوو
سڵاو ئەی گەڕەکە بێئومێدەکان کە مەحاڵە لە یادەوەری دەرچوون
سڵاو منداڵییە هاروهاجەکان
یادتان بەخێر ئەی ئەو منداڵانەی بە مۆری خودایی
لە کەلێنی پەنجەکانی گەرەک بەربوونەوە
یادتان بەخێر ئەی ئەو منداڵانەی
بە بیرە فرچکدراوەکان لە سێبەری گەڕەکەکان جیابوونەوەی خۆتان راگەیاند !
سڵاو ئەی تۆپە لاستیکەکەکان
تەنەکە خۆڵەکانی بێزاری شار
یادتان بەخێر ئەی مانگا خێر لە خۆ نەدیوەکان
بەدەم ئازاری ئێوارانەوە بەسەر پشتی تولە رێیەکانی گەڕەکەوە گوزەرتان دەکردو
بۆرەتان دەهات !
سڵاو
ئەی کەرو عەرەبانەکانی رێگا خۆڵاوییەکانی باداوەو بنەسڵاوە ..
ماسییە بۆندارەکانی سەر پردەکە
سیانە بۆندارەکەی کەندی سەیداوە
یادتان بەخێر
قەیماغەکانی ماڵە عەرەبەکان و گامێشەوانەکان
یادتان بەخێر
ئەو دارانەی لە نیازماندا بوون
لە نەورۆزدا بەو سەوزییەوە بتانکەین بە خۆڵەمێشی رق و تۆلەسەندنەوە
سڵاو ئەی ماڵە دەروێشەکانی ئەوبەر نزیک لە سێتاقان
دەف و زەرگەکانی پشتتان مەحاڵە لەو تاریکییەی ساڵدا بسڕێنەوە!
سڵاو ئەی ئەوانەی تەرمەکانیان بەسەر شانانەوە تێدەپەڕین
یادتان بەخێر
ئەی هەڵماتێنە ئاسنین و شووشەییەکانی ناو لەپی عەسکەرە فیرارەکان
سڵاو ئەی بەجێماو لە رابردوو!
ئەی بریندار بۆ هەتا هەتایە !
30/10/2013
ئوسترالیا
شێروان عومەر