Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
کاپیتالیزم وەکو ئاین

کاپیتالیزم وەکو ئاین

Closed

 

 

 

 

     دەکرێ دین لە کاپیتالزمدا ببینرێ . لە کۆتایدا ؛ ئەم قسەیە ئەوە دەگەینێ کە کاپیتالیزم لە بناغەدا لە خزمەتی ڕازی کردن وەڵامدانەوەی هەمان :- نیگەرانی ، ئازارچێژی ، دوودڵیە کە بە فەرمی لەلایەن  ئاین وەڵام دراوەتەوە . بەڵگە لەسەر ستراکتۆری ئاینی کاپیتالیزم – نەک تەنیا وەکو ” هەڵ و مەرجی ئاینیانەی ‌هەڵچنراو ” کە  ماکس ویبەر بۆی چووبوو، بەڵکو لە بناغەدا وەک دیاردەیەکی ئاینی  کە تا ئەمڕۆش دەستخەرۆی جەدەلێکی بێ سنوری یونیڤێرسال دەکا . دەربارەی ئەو بۆچوونەی باس کرا ، لەو شوێنەی کە ئێستا لێی وەستاوین ڕەنگە نەتوانین وێنەیەکی ڕوونی بۆ بکێشین ، لە گەڵ ئەوەشدا ڕایەکی پێشڕەوتر، زاڵ ، لە دوایدا مومکین دەبێ .

چوار لە تایبتەمەندیە ئاینیەکانی ستراکچەری کاپیتالیزم کە لە ئێستادا دەکرێ بناسرێتەوە بریتیە : یەکەم ، کاپیتالیزم عیبادەتێکی بێ گەردی ئاینیەو ڕەنگە لە هەموو ئەوانەی ڕابردوو توندەڕەوتر بێت . لە نێو کاپیتالیزمدا هەموو شتێک تەنیا بە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ بە عیبادەت مانا پەیدا دەکات ؛ ئەو ئیمانێکی تایبەت ، لاهوتێکی دیاری کراو ناناسێ ، هەر لەو هەڵوێستەشیدایە کە مەزهەبی بەرژەوەند خوازی ڕەنگێکی ئاینی تایبەت بە خۆی وەردەگرێ . 

ئەم بەرجەستە کردنەی عیبادەت پەیوەست دەبێت بە دووەم تایبەتەمندی کاپیتالیزم : مانەوەی هەمیشەیی عیبادەت. کاپیتالیزم شادی گێڕانی عیبادەتە ، بێ هودنە و بێ شوکرخوازی . لێرە ڕۆژانی هەفتە نیە ، ڕۆژێک نیە کە نەبێتە ڕۆژی پشو، لە توێ ی هەستێکی ترسناکی نیشاندانی هەموو موقەدەسە بە سامەکان و- ئەو توانا توندرەوەی تاعەت کردن . 

سێ یەم ، ئەو عیبادەتە سەرزنشت و گوناحی لێ بەرهەم دێت . لەوانەیە کاپیتالیزم یەکەم کەیسی گوناحکاری وسەرزنشت بێت ، نەک عیبادەی تۆبەکاری . لێرەوەیە ئەو سیستەمە ئاینیە وەستاوە ، لە نێو داڕمانی بزوتنەوەیەکی گەورەدا . هەست کردنێکی گەورە بە گوناحکاری ، کە خۆی لە خۆیدا نازانێ چۆن تۆبە بکات ، دێ مشت لە عیبادەت دەدا نەک بۆ ئەوەی تۆبە لەو گوناحە بکات ، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەم گوناحە یونیڤێرساڵ بکا، تا لە بێداری جێگیری کا و لە کۆتایشدا و لەسەرووی هەموو شتێکەوە خوداوەندیش بکا بە برا بەشی ئەم گوناحە ، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بیکا بە خاوەنی بەرژەوەند لە تۆبەکردن . 

ئەو تۆبە کردنە لە دوایشدا نە لە خودی عیبادەتیش چاوەڕوان ناکرێ ، نە لە چاکسازی ئەو ئاینە کە پێویستە درێژە بە پەیوەست بوونی خۆی بە شتێکی یەقین بدا ، هەروەها نە لە ئینکاری کردنی دەبێت . لە کڕۆکی ئەم بزوتنەوە ئاینەدایە  کە کاپیتالیزم جێکەوتەبووەو تا کۆتایی خۆی بەسەر ڕێڕەوەکەی باردەکا ، تا سەرەنجام ڕژاندنی تەواوی گوناحەکە بەسەر خوداوەندو بەسەر بەدیهێنانی جیهانێک لە بێ ئومێدی کە هێشتا تەنیا هیوای بۆی هەیە .

 زەبەلاحی مێژوویی کاپیتالیزم لەوەدایە : ئاین چیتر ڕیفۆرم کردنی  وجود نیە ، بەڵکو وێران کردنیەتی . لە تەشەنەی ئەم بێ ئومێدیەی ئاین لە ڕاڤە کردنی جیهاندا ، چاک بوونەوە چاوەڕوان دەکرێ . بەخشندەیی خوداوەند کەوت ، بەڵام خوا نەمرد ، بەڵکو وێنەکەی لە چارەنووسی ئادەمیزاد کێشرا . ئەم گواستنەوەیە بەنێو ماڵی نائومێدی بۆ پیاوی  سەر  زەوی لە تەنیایەکی ڕەهای ڕێگاکەیدا ، ڕۆحی گەلە کە نیتچە باسی لێ دەکا . ئەو ئادەمیزادە ، ئەو سوپەرمانەیە ، کە یەکەم کەسە زیرەکانە پەی بە ئاینی کاپیتالیزم دەبا .

 چوارەم تایبەتمەندی { بونیادی ئاینی کاپیتالیزم} ئەوەیە کە خوداوەندەکەی پێویستە لەسەری خۆی بشارێتەوەو تەنیا لە کاتی لوتکەی شکانەوەی خەتاباری بەسەریدا بێتە گۆ . ئەم عیبادەتە شادی بۆ دەکرێت بەر لە باڵغ بوونی خوداوەند ، لە کاتێکدا هەموو وێنەیەک ، هەر بیرکردنەوەیەک لەو ، برینداری نهێنیەکانی باڵغ بوونی دەکا.

تیۆری فڕۆیدیش پەیوەندیدارە بەم ڕۆڵە ڕۆحیەی ئەم عیبادەتە . بە شێوەیەکی تەواو بیردۆزێکی کاپیتاڵیستانەیە . چەپاندن ، خەیاڵی خراپەکاری لە خواری خوارەوەدا هێشتا بەراوردکاریەکی بریقەدارە بە کاپیتاڵیزم ، کە دۆزەخی نائاگایی باجەکەی دەدا .

ئەم جۆرە لە کاپیتالیست ، بیرکردنەوە ئاینیە ، بە شێوەیەکی جوان خۆی لە فەلسەفەی نیتچە بەیان دەکا . بیردۆزەی سوپەرمان سامی بازهەڵدانەکانی لە دەست دەدا نەک لە بەر گۆڕینی : ڕێگا ، بێ ئیمانی ، پاکیزەیی ، یان تۆبەکاری وەک هەمیشە  دەردەکەوێ . بەڵکو ، لەکۆتایدا لەت و پەت دەبێ و چیتر هەڵکشان درێژەی نابێ . بۆیە لە ڕوانگەی (( سروشت ناتوانێ تەکان بدات )) فراوان بوون لە گەڵ بیردۆزی گەشەسەندن بواری بەراوردیان نییە . سوپەرمان ئەو کەسەیە کە گەیشتووە ، گۆڕانکاری بەسەر نەهاتووە و دۆش داماو وەستاوە لە توێ ی ئاسمانەکان و- پیاوی مێژووییدا .

نیتچە حوکمی پێش وەختەی دا : ئەو تێک شکانە واڵایەی ئاسمانەکاندا لە ڕێگەی ڕوولەسەری مرۆڤایەتیکردنەوە ، سەرزەنشتکردنی ئاینەو دەمێنێتەوە . هەروەها بە هەمان شێوە مارکسیش ووتی کاپیتالیزمی  بێ دڵ دەبێ بە سۆشیالیزم ، لە گەڵ بەرژەوەندو و بەرژوەندی تێکەڵاو کە هەردوکیان ئەرکەکانی سەرزەنشت کردنن ( نەک ناڕۆشنی ئەهریمەنانەی خودی ئەو کۆنسێپتە ).

کاپیتالیزم خۆی بە تەواوی ، بێ دۆگما ئاینێکی عیبادەتە . پێویستە ئەوە نیشان بدرێ ، کە کاپیتالیزم خۆی لە ڕێگەی مشەخۆری لە سەر ئاینی مەسیحی گەشەی کرد نەک تەنیا لە سەر مەزهەبی کالڤینی بەتەنیا ، گەشەی کرد لەسەر پاشماوەی بزوتنەوەی ئەرسەدۆکسی مەسیحی بە جۆرێک لە کۆتایدا کە مێژووەکەی لە بناغەدا دەبێتە مێژووی کرمە مشەخۆرەکانی کاپیتالیزم . بە دەستێک بەراوردی ئایکۆنی پیرۆزی ئاینە جیاوازو ڕەنگاوڕەنگەکان بکە بە دەستەکەی تریش پارەی وڵاتی جیاواز لە دەست بگرە : دەبینی ئەو ڕۆحانیەتەی لە نێو نیگارو ئارایشی سەر کاغەزی پارەکانە ، وا قسە دەکا !

 

تێبینی /

یەکەم / ئەم نووسینە  Chad Kaautzer لە زمانی ئەڵمانیەوە وەریگێڕاوە بۆ ئینگلیزی . ئەم نوسینەی واڵتەربنیامین نووسینێکی سەربەخۆ نیە ، بەڵکو وەکو وەرگێڕە ئینگلیزیەکە ئاماژەی پێدەدا ئەمە پەرەگرافی74 لە بەشی شەشی ژۆرناڵە کۆکراوەکانی بنیامنینە کە بە زمانی ئەڵمانی بە نێوی Gesammelte Schriften بڵاوبۆتەوە . 

دووەم / لە دەقە ئینگیزیەکە کە سەرچاوەی منە ، واڵتر بنیامین لەسەرەتا دەڵێ ” سێ لە تایبتەمەندیە ..” بەڵام ، لە درێژەی نووسینەکەی چوار تایبتەمەندی باس دەکا ، وای بۆ دەچم پەیوەندی بە ئیشکالێکی وەرگێڕانە ئینگلیزیەکەی هەبێت بۆیە ئەوەی سەرەتاشم گۆڕیوە بە چوار .

 

 

 

نووسینی : واڵتر بنیامین …

   وەرگێڕانی : ڕزگارعومەر

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.