Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
بۆنی تەقینەوە  … کازم بیتوێنی

بۆنی تەقینەوە … کازم بیتوێنی

Closed
by October 1, 2013 گشتی

 

 

 

 

بە سەرنجدانێکی کەمێک وورد و بە لێکدانەوەیەکی جددیی ڕەوشی سیاسی و ئەمنی ناوەخۆی کوردستان و و ناوچەکە، ئەوە ڕۆشن دەبێت کە ئەوکردەی تەقینەوەیەی دوێنێی بەردەم ئاسایشی هەولێر، بۆنی کردەیەکی واقیعی و سروشتی لێوە نەدەهات کە  دوژمنانی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان دابێت! بە پێچەوانەوە ئامانجەکانی پشت تەقینەوەکە دەکرێ سەرەکیترینیان بریتی بێت لە ڕێگرتن لە  پێشکەوتنی ” تەنانەت” ئەو پرۆسە نیوەناچڵەی دیموکراتی لە کوردستاندا و هەڵبەت ئەنجامدەرانیشی  ئەوانەن کە بوون و مان و قودرەتی ڕەهایان بەندە بە مانەوەی ئەو ڕەوشە باوە ناتەندروستەی ئێستا وەکو خۆی کەلە سایەیدا حاکمی موتڵەق بۆ خۆیانن! ڕووداوەکە واوێدەچێت کە  تەنیا  بەهانەیەکی دەسەڵاتداران بێت بۆ ئەوەی بەناوی بەرگری لە ئارامی و ئاسایش تفەنگەکانیان لە دەستیاندا بمێنێ و چاوترسێنی هەموو ئەو دەنگ و ڕەنگ و لایەنانەی پێ بکەن کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نیشانیدا بەرەو نفوزی بەرفرەتر پێهەڵدەگرن! 

کاتێک ڕووداوێک یان هەر کردەیەکی تیرۆرستی ڕوودەدات، مرۆڤ پێش ئەوەی بپەرژێتە سەر زانینی ڕاددەی تەلەفات و خەسارەتی گیانی و ماڵییەکەی، دەیەوێت بزانێت کێ ئەو کردەیەی ئەنجام داوە! ئاشکرایە ئەو ئەو ڕووداوە ” بەناو تیرۆرستییەی” بەردەم ئاسایشی هەولێر، دوای بڵاوبونەوەی زانیاری وورد لە سایتی ویکیلیکس و بەتایبەتیش ڕاپۆرتەکەی دوو هەفتە پێشی گۆڤاری نیۆرکەری ئەمریکی دێت کە تێیدا باس لە قودرەت و نفوزی ” قاسمی سلیمانی” سەرۆکی سوپای قودسی ئێرانی ( لقی چالاکیەکانی دەرەوەی ووڵاتی سوپای پاسداران)  دەکات بەسەر دەسەڵاتدارانی عێڕاق و هەرێمی کوردستانەوە! بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە هیچ کام لە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و عێڕاق ناتوانن بێ فەرمانی ئەو ئاغا پاسدارەی ئێران بکەن  بە پێچەوانەوە ” بە گوتەی بەرپرسێکی کورد” ئاغای سولیمانی  بۆمب و نائارامیمان بۆ دەنێرێت!

 بە پێی هەندێک ڕاپۆرتی کۆن و نوێ لەبارەی کێشمەکێشمەکان لە عێراق و ناوچەکەدا، ئێران هەمیشە هەوڵی داوە خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت بۆ مەبەستی ناردنی کۆمەکی ماددی و لۆجستی، پێشتر بۆ شیعەکانی باشوری عێراق و لە ئێستاشدا بۆ هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا! لەو سۆنگەیەوەو  لە ساتی یەکەمی خوێندنەوەی هەواڵی ڕووداوەکەی هەولێر، من شکم بۆ ئەوە چوو کە دەبێ لایەنی  ئەنجامدەری کردە تیرۆرستییەکە برتیی بێت لە سوپای قودسی ئێرانی وەک پەلامارێکی هۆشیاریدەر تا لەلایەک نفوز و توانایی خۆی نیشانی ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی هەرێم بدات و لەلایەکی دیکەشەوە پارتی مەجبور بکات کە هەم دەروازە سنورییەکانیان بۆ ئاوەڵا بکات، هەم پاشەکشەیەکی خشکەیش بکات لەو خەتی بەناو سوننەی تورکیا و هەندێ لە ووڵاتانی عەرەبی و بەرەی ئەلنوسرەی سەر بە ئەلقاعیدە!

 من پێموابوو کە دەبێ پارتی بە هۆی هەژموونی تورکیا بەسەریدا، نەچووبێتە ژێر باری داواکارییەکانی سوپای قودس و  لە بەرامبەریشدا ئەو سوپایە دەستی دابێتە کردەیەکی تیرۆرستی لەو چەشنە! لێ هەر زوو لە ڕێی  زیاتر ڕۆشن بوونەوەی چۆنیەتی ئەنجامدانی کردەکەو هەروەها لە ڕێی هەواڵەکانەوە ئاماژە درا بەوەی کە کردەکە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و ووڵاتی شامەوە ئەنجامدراوە.  

بۆ من جێگای گۆمانێکی گەورەیە کە باوەڕ بەوە بکەم ئەو کردەیەی بەردەم ئاسایشی هەولێر لەلایەن ڕێکخراوێکەوە ئەنجامدرا بێت کە سەر بە ئەلقاعیدە بێت! چونکە ئەگەر لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە، ڕێکخراوی ئەلقایدە و گروپەکانی سەر بەو ڕیکخراوە،  بەهۆی هاوکاریکردنی هێزەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا،  دژی هەرێمی کوردستان  بووبن و لە شوباتی ٢٠٠٦ ئەو تەقینەوە خوێناویانەیان لە هەولێردا ئەنجامدا ئەوا دوابەدوای ئالوگۆڕی ناوچەکەو بە تایبەتیش دوابەدوای شەڕی سوریا سەرنجی ئەلقاعیدەو گروپەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان نەماوە ! بە واتایەکی دیکە لەو کاتەوەی پارتی ” کە دەسەڵاتداری شاری هەولێرە” !  کەوتۆتە ناو بەرەی دژ بە ڕژێمی ئەسەدەوە و بەشێوەیەک لە شێوەکان هاوکاری تورکیا و لەڕێی ئەویشەوە ” ناڕاستەوخۆ” هاوکاری  بەرەی ئەلنوسرەی سەربە ئەلقاعیدە دەکات لەو ململانێیەدا،  ناکرێت و نابێت چاکەی بە خراپە وەڵام بدرێتەوەو ژێر دەسەڵاتدارێتی پارتی نائارام بکرێت و گومان لە مونەزەمی پارتی بکرێت لە بەڕێوەبردنی ئەمنیدا! مەنتیقی نییە کە ئەلقاعیدە لەلایەک شەڕی ”  پەیەدە ” و کوردەکانی سوریا بکات و لەهەمان کاتیشدا پەلاماری ئەو بەشە لە هەرێمێک بدات کە لێیەوە گەمارۆی ماددی و لۆجستی و ئابوری خراوەتە سەر دوژمنەکەیان !  واتا لە سیاسەتدا هەمیشە مەنتیقی دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە،  زاڵ بووە نەک ئەو مەنتیقە نامەنتیقەی کە دوژمنەکەی و دوژمنی دوژمنەکەشی  هەر پێ دوژمن بێت و پەلاماریان بدات!   

کردەکە وا پێدەچێت یان سیناریۆیەکی پارتی خۆی بێت بۆ ئەوەی بە بەهانەی هەبوونی مەترسییەوە چەک و چەکدار هەر ئامادەگیان هەبێت یاخود دەبێت هەوڵی ”  گروپێکی خۆیی و دەستڕۆیشتو و لە خۆڕادیو ”  بووبێت بۆ چوونە ناو ئاسایشی گشتی بۆ مەبەستێکی دیاریکراو!  ئەگەرنا هیچ گروپێکی تیرۆرستی نایەوێت بە شەش کەسەوە شەڕی سەدان کارمەند و ئاسایش بکات کە ئەنجامەکەی ئاشکرایە کوژرانی خۆیانی بە دوادا دێت.

گومانی تێدا نییە کە بە درێژایی بیستوسێ ساڵی دەسەڵاتدارێتی کوردی لە کوردستانی عێڕاقدا، هەمیشە سات و سەوداو مامەڵەی سیاسی و ئەمنی دەسەڵاتداران لەگەڵ هێزە دەوڵەتی و هەواڵگریەکانی ناوچەکە و جیهان  لە خەڵک شاردراوەتەوە و نەهێڵدراوە خەڵک دۆست و دوژمنی ڕاستەقینەی خۆی بناسێت. هەمیشە دوژمنەکانمان بەوپەڕی ڕێزە وەک دۆست نیشان دراون و زۆربەی دۆستەکانیشمان کە خەڵکی خەمخۆری ووڵاتەکە بوون وەک دوژمن وێنا کراون. 

هێندە هەیە دەسەڵاتە تاکڕەوەکان لەپێناو مانەوەیاندا، سیناریۆی ترسناکی جیاجیای نائەمنی ئەوتۆ دەخوڵقێنن تا خەڵک دوچاری مەترسی و دڵەڕاوکێ بن و ڕازی بن بە واقیعی حاڵ و ئەوانیش دەست کراوەتر بن لە پیشاندانی بەهانەی بون و مانەوەیان. بۆیە هەقە خەڵک چیدی بیدەنگ نەبێت لەوەی بە کاڵفام و بێئاگا تەماشا بکرێن، پێویستە فشار بخرێتە سەر دەسەڵات تا هۆکاری ڕاستەقینەی ئەو ڕووداوە ئاشکرا دەکات، کێن ئەنجامدەرانی و ئامانجەکانی پشت ئەو کردەیە کە سەرجەم خەڵکی خستۆتە دڵەڕاوکێوە چین؟! تا ئیدی خەڵک دوژمنی ڕاستەقینەی خۆیان بناسن.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.